تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئازادی
الحریة
ئازادی
بەگشتی، ئازادی دۆخێکە کە تێیدا هیچ شتێک پابەند و دەربەستی شتی دیکە نەبێ و بتوانێ لە گەردووندا جێبەجێ بکرێت. لە پێوەند لەگەڵ مرۆڤدا، ئازادی، دۆخێکە کە تێیدا هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئیرادەی تاک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بەڵام ئەم پێناسە زۆر گشتی و ڕەهایە چونکە ئازادی بە مانای ڕەها بۆ هیچ بوونەوەڕێک لە جیهان نایەتە بەرهەم کەواتە هەرکاتێک باس لە ئازادی ئەکەین، ئەبێ ڕێژەیەک لەم چەمکە لە بەرچاو بگرین. لە پێوەندی مرۆڤەوە، ئازادی ئەبێ لە دوو سۆنگەوە شی بکرێتەوە: یەکەم، هۆی ئازادی (واتە ئازادبوون لە چی؟) دووهەم، لایەنی ئازادی (واتە ئازادی بۆ چی؟) . یەکێک لە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ئازادی، دابڕان لە دۆخێک یان جۆرە پەیوەندییەکە کە ‍‍حەزی پێ ناکەین. بەڵام ئەو کۆتوبەندانەی کە بە ڕەزا و ڕەحمەتی خۆمان قبووڵی ئەکەین، دژی ئازادی لە ئەژمار نایەت. ئەو کەسەی کە لە بەندیخانە ڕزگار ئەبێت، بە "ئازاد" بوونی خۆی خۆشحاڵە بەڵام ڕەنگە هیچ عاشقێک حەز نەکا لە کۆت و داوی عەشقەکەی ڕزگار بێت یان هیچ دایکێک لە باوەشی منداڵەکەی. کەواتە ئازادی هەمیشە لە پێوەندی لەگەڵ شتێک یان دۆخێک پێناسە دەکرێت کە بە زۆرەملی داسەپابێت یان بۆ تاک ناخۆش بێت. چونکە ئەو کەسەی کە ئەرکێک بە حەزی خۆی ئەنجام دەدات نەک لە بەر ترسی سزادان، لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ئازادە. بۆ وێنە ئەوەیکە نەهێڵیت کەسانێک ئازار بگەیێنن بە کەسانی دیکە، شتێکی بەڕێوجێیە. هەروا کە بە یاسایەکی پەسندکراو هیچکەس لەگەڵ بەربەستە قانوونییەکان دژایەتی ناکا و لەناوچوونی یاسا، ئازادی لە ئەژمار نایەت بەڵکوو ئاژاوە و بشێوی بەدواوە ئەبێت.
باسی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ماوەیەکی زۆر نییە لە کۆمەڵگەی مرۆڤ هاتۆتە ئاراوە و زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە فیکرییەکانی ئەم چەن سەدەی دوایی ئەورووپا و بەگشتی سەردەمی ئەندێشەی مۆدێرنە لەم ناوچەدا. لەمەوبەر، لە باسە فەلسەفییەکان (چ ئیسلام چ خاچپەرستەکان)، باسکردن لە جەبر و ئیختیار، وەک ململانێی ئیرادەی خواوەند و ئیرادەی مرۆڤ و نیسبەتی ئەم دووانە لەگەڵ یەکتر لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی خێر و شەڕ دەهاتە ئاراوە. بەڵام ئەندێشەی نوێی ئەورووپا لە جیاتی لێکدانەوەی ڕێژە و پێوەندیی مرۆڤ و خوا، زیاتر خۆی بە پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ، واتە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵ کردووە و کێشەی ئازادی تاک لە بەرانبەر کۆمەڵ ئەهێنێتە ئاراوە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاک لەگەڵ دەوڵەت و پێوەندییەکانیان یەکێک لە دۆزە فیکرییەکانی ئەم 3-2 سەدەی دوایی بووە. لە ئەورووپا، پاش ڕاپەڕینی ئەندێشەی سیاسی ڕێنیسانس، پێناسەگەلی جۆراوجۆر بۆ ئازادی کراوە. بۆ وێنە "ئازادی" بە زەمینە و دەرفەتێک زانراوە کە بۆ پەرەسەندنی تواناییەکانی تاک ڕێز دادەنێت. لایەنگرانی ڕژێمە توتالیتارییەکان کە لەگەڵ چەمکە زیندووەکانی ئازادی لە هەناوی دیموکراسییەکاندا دژایەتی دەکەن، خۆیان لەپشتی ئەم پێناسەوە حەشار داوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕەهەندێک زیاتر لە ڕەهەندی سیاسی بۆ ئازادی قایل دەبن. بەڵام بیرمەندانێک وەک «تامس هابس» و «جۆن ئوستوارت میل» ئازاد ییان بە مانا ناسراوەکەی پێناسە کردووە. «هابس» دەڵێ: مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە ئەگەر ویستی کارێک بکا و هێزی بەو کارە بشکێ هیچ شتێک لەبەردەمیا ڕێگر نەبێت. (کتێبی لیڤیاتان). لە لایەکی دیکەوە ترادیسیۆنی فیکریی ڕۆژئاوا، ئازادی بە شێوازی ژینی هاوکووف لەگەڵ عەقڵ و یاسای ئەخلاقی لە قەڵەم دەدات. «ئپیکتۆس»، فەیلەسوفی ڕەواقی ڕۆما دەڵێ: هیچ مرۆڤێکی بەدکار ئازاد نییە. «کارلایل»، فەیلەسوفی ئینگلیزی دەڵێ: ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤ، دۆزینەوەی ڕێگەی ڕاستە و هەنگاونان لەو ڕێگەدایە.
بەگشتی لەم چاخەدا ئازادی سیاسی، ئەستوونی دیموکراسی لەژمار دێت و پێشێلکردنی ئەو ئازادییە سەرەکییانەی کە لە یاسا بنچینەییەکان بە تەرزێکی ئاشکرا بە خەڵک دراوە، پێشێلکردنی بنەڕەتی سەروەری گەلە و تاوانێک بەدژی سەروەری یاسا لەئەژمار دێت. بەڵام ئەو ئازادییانەی کە لە قانوندا ناوبردە کراوە، هەمیشە سنووری ئازادی هەرکەسێک ئەبەستێتەوە بە سنووری ئازادی کەسانی دیکەوە. بەم پێیە، ئەگەرچی وشەی ئازادی هەمیشە بە حەز و تاو بە زاردا دێت، خۆبەخۆ شتێکی پەسند نییە بەڵکوو دەبێ هەمیشە لە بیرمان بێ کە "ئازادی بۆ چی؟ و ئازادبوون لە چی؟" داوا ئەکرێ.
ئازادی
آزادی، ویل شدن.
ئازادی
بەرەڵابوون. [ڕزگاربوون، سەربەستی]
ئازادی
حرار، عتق، عثق، عتاق، طلاق، سراح، حریە.
ئازادی
آزادی
ئازادی
[[ پهـ: ئازاتیهـ ]]
«حمسـ.» بەندە و عەبد نەبوون، جڵەو بە دەست خۆوەبوون، ژێردەستەی کەس نەبوون * ڕزگاری. «بکـ.» ئازاهی. □ ئازادیی، سەربەخۆیی و میری و گەورەیی، داوا دەکەین بە زار و زمان و ددان و لێو «سەیفی قازی».
ئازادی
سەربەستی، سەربەخۆیی، ئازاسەری، تەرخانی، بسەرخوەیی، پایدۆسی، لە ژێر دەستی دوژمنان ڕزگاری هاتن._ پەرست: ئازادی خوواز._ پەرستی: ئازادی خووازی
ئازادی خوواز
ئازادی سیاسی
بریتییە لە مافی هاتنە مەیدان و هاوبەشێتی تاکی کۆمەڵگە بۆ ئیدارەی وەڵات، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی هەڵبژاردنی نوێنەران. ئازادی سیاسی یەکێک لە مەرجەکانی سیستەمی دیموکراسی* لە ئەژمار دێت. بە باوەڕی «مۆنتسکیو»، ئازادی سیاسی بریتییە لە ئەرخەیانی فیکری هەر کەسێک بەگوێرەی سەلامەتی دەروونی خۆی. بۆ گەیشتن بەم ئازادییەش پێویست دەکات بە جۆڕێک حکوومەت دابمەزرێت کە هیچ کەس لە کەسێکی دیکە ترسی نەبێت.
ئازادی سیاسی
آزادی سیاسی
ئازادی سیاسی
Political Freedom
ئازادی چاپەمەنی
بەپێی ئەم بنەمایە، هەرکەسێک مافی بڵاوکردنەوەی بیروڕا و بۆچوون و هەواڵەکانی هەیە لەڕێگەی نووسراوەوە یا چاپەمەنییەکانەوە بێئەوەی بۆ بڵاوکردنەوەیان پێویستی بە ئیجازە بێت یان ناچار بە سانسۆڕ*کردن بێت.
ئازادی چاپەمەنی
آزادی مطبوعات
ئازادی چاپەمەنی
Freedom of the Press
ئازادیخوا
آزادیخواه
ئازادیخوا
داواکاری سەربەستی، ڕزگایخواز
ئازادیخوا
«نفا.» تمـ: ئازادیخواز.
ئازادیخواز
آزادیخواه
ئازادیخواز
[[ ئازادی + خواز «خواستن» ]]
«نفا.» ئەو کەسەی ئازادی دەوێ، ئەوەی بۆ ئازادی وڵات یا میللەت یا بیروباوەڕی «ئازادی گشتی» خەبات دەکا: ئازادیخوازان لە پێناو ئازادی نەتەوەی کوردا بە گژ ئیمپڕیالێزم و نۆکەرەکانیدا دەچن.
ئازادیخوازانە
[[ ئازادی + خوازی + ئانە] ]
١- «ستـ.» هەر کار و کردەوە و شتێکی پێوەندی بە ئازادیخوازییەوە هەبێ: خەباتی ئازادیخوازانەی میللەتان، مەقالەی ئازادیخوازانەکانی ڕۆژنامەی «نوور» بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد. ٢-[ ئازادیخواز + ئانە]، «بنتـ.» وەکوو ئازادیخوازان، بە شێوەی ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێ: ئازادیخوازانە بیر لە مەسەلەکە بکەوە. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر «سفەت» بێ لە وشەی «ئازادیخوازی» وەردەگیرێ و لە جوملەدا پاش ناو دێت و لە ئەسڵا دەبێتە «ئازادیخوازیانە» بەڵام دەنگی «ی» ەکە لەبەر قورسی دەکەوێ. بەڵام ئەگەر «بەند = قید» بێ لە وشەی «ئازادیخواز» دادەتاشرێ و هەمیشە پێش ناو دەکەوێ.
ئازادیخوازی
«حمسـ.» خەبات کردن لە پێناو سەربەستیدا، لایەنی ئازادی گرتن.
ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
بە کۆمەڵێک مێتۆد و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەگوترێ کە ئامانجیان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری ئازادییە بۆ تاکەکەس. بە لایەنگرانی وەها مەرامێک دەڵێن ئازادیخواز (لیبڕاڵ). ئازادیخوازی لەسەرەتادا لەگەڵ ناوی هەندێ حیزبی ئەورووپایی ئاوێتە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئەم زاراوە مانایەکی بەربڵاوتری لەخۆگرتووە و زیاتر نیشاندەری لایەنێک یا سۆنگەیەکی فیکرییە کە خاوەنی ئەم چەن پرەنسیپانەیە:
١) بەهەند گرتنی دەربڕینی ئازادانەی فیکری تاک، ٢) بڕواهێنان بەوەیکە دەربڕینی ئازادنەی فیکر بۆ تاک و کۆمەڵ بەسوودە. ٣) پشتیوانی کردن لەو دامودەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ڕێگە بۆ دەربڕینی ئازادانەی فیکر خۆش دەکەن.
ئازادیخوازی وەکوو سیستەمێکی تێکچنراو کە پڕ بووە لە ئامانج و ئایدیالی کردەیی، لە سەدەکانی 17و18 لە بەریتانیا سەری هەڵدا. پاشان لە وەڵاتانی دیکەش، حیزب و تیۆریگەلی ئازادیخواز هاتنەکایەوە کە ئەمانیش یان بۆ خۆیان گەشەیان کرد یا لاساییکەرەوەی نموونەکەی بەریتانیا بوون.
ئەندێشە و ئاکاری ئازادیخوازانە لەپێشدا لەسەر دوو زەمینە جەخت دەکات: یەکەم، وەڕەزبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازی دیکەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دووهەم، دەربڕینی ئازادانەی ئەندێشەی تاک.
هەوڵی تیۆری و سیاسەتی ئازادیخوازەکان ئەمە بووە کە ئەم دوو بنەڕەتە پێکەوە سازگار بکەن. هەوڵی لیبرالیزم لەپێشدا ئەوە بوو کە لە گەمارۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕزگار بین و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی، ئازادی و چاوپۆشی ئایینی بووە. ئازایخوازە ئەورووپییەکان لە باری ئایینییەوە یا بێباوەر بوون یا گوماندار یان دژ بە ئایین. هەموو ڕێبەرانی گەورەی جووڵانەوەی ڕۆشنبیری نوێ لەم تاقمە بوون و لە بەرانبەر دەسەڵاتی ملهوڕانەی قەشەکان ڕاوەستاون و لایەنگرییان لە "حکوومەتی عەقڵ " کردووە.
لیبراڵەکان، لایەنگری چاودێری کردنی دەسەڵاتی گشتین بە سەر کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە لە بەستێنی سیاسەت و کاروباری مەدەنی خوازیاری حکوومەتی قانوون و لە بەستێنی ئابووریشدا لە بازاڕی ئازادی ئابووری لایەنگری دەکەن. ئازادیخوازان، خوازیاری زامنکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتن و پشتیوانی خۆیان لە ئازادییە ناوچەیی و گرووپییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی لیبرالیزم، لایەنگری کردن لە ئازادی چالاکانەیە واتە ئەوەیکە تاک، دەرفەتی پەروەردەکردنی توانێیی و دەربڕینی ئازادانەی بیروبڕواکانی خۆی بۆ بڕەخسێ و لەم ڕێگەوە قازانج بگەێنێ بە کۆمەڵگە. بۆیە لیبراڵەکان لەسەر یەکسانی ماف و ئازادییەکان و نەمانی پاوانخوازی و ئیمتیازاتی سەرمایەداران ئەدوێن و لایەنگری لە چەسپاندنی یاسا بە سەر هەموو بنەمایەکی عەقڵیدا دەکەن. بەم پێیە ئازادیخوازان، بەگشتی پێشکەوتنخواز لە ئەژمار دێن چونکە لایەنگری پێشکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و پیشەسازییەکان بوون.
لیبراڵیزم، چ لە باری تیۆری و چ وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی، لە بەرایی" شۆڕشی مەزن"ی بەریتانیا لە ساڵی 1688 بە دژی جەیمزی دووهەم، تا ساڵی 1867 کە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە قانوون، بە تەواوەتی گەشەی کرد. ئەم ڕێبازە، لەسەرەتادا لە گوێن جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیستبداد، تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی یاسا و ئازادییەکانی تاک خەباتی ئەکرد. پاش ئەم قۆناخە، کەمتاکورتێک، ئەبێتە تیۆرییەکی ڕێکوپێکی ئابووری و سیاسی. ئازادیخوازی، هاوکات لە ئەورووپا ـــ بێجگە لە بەریتانیاــــ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیچمی گرت. بەڵام زاراوەی لیبراڵیزمی کلاسیک تەنیا بۆ لیبراڵیزمی بەریتانی بەکار دەبرێت.
لیبراڵیزمی بەریتانی لەپێشدا ڕووکاری ئازادیخوازی و چاوپۆشی ئایینی و چەسپاندنی یاسا و مافە سیاسییەکانی لەخۆ گرتبوو. شۆڕشی 1688 کە یەکەم شۆڕشی لیبراڵی مێژووە، ئەو ئازادییانەی کە لەماوەی یەک سەدە بە دەست هاتبوون، مسۆگەری کرد و ڕواڵەتێکی قانوونی پێ بەخشی. ئەو لیبراڵیزمەی کە لە 1689 بانگەشەی بۆ ئەکرا، لە بنەڕەتدا لایەنێکی ڕەخنەگرانە و نەرێیانەی هەبووە و لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەنبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و بە تایبەت پاشا، پشتیوانی دەکرد. زۆرترین ئامانجیشی سیاسی بووە وەکوو لەوەی ئابووری بێت. لەم میانەدا گرینگترین ئامانجە سیاسییەکانی بریتی بوو لە: ئازادی بیروبڕوا و مافی نەیاریی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا و جیاکردنەوەی هێزەکان*. هەر لەم ساڵانەدا هەندێ ئازادی مەدەنی وەکوو تەبایی ئایینی و ئازادی ڕۆژنامەکان دەستەبەر کراوە. کتێبی دووهەمی «جۆن لاک» بە ناوی" دەربارەی حکوومەت" و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، گەورەترین یادگارییەکانی ئەم قۆناخەی لیبراڵیزمن.
لیبراڵیزمی ئابووری: پاش قۆناخی یەکەم کە قۆناخی بە سەمەر گەیشتنی ئازادییە سیاسییەکان بوو، قۆناخێکی نوێ دەست پێئەکا کە تێیدا تیۆری لیبراڵیزمی ئابووری وەکوو تەواوکەری لیبراڵیزمی سیاسی ناوبردە ئەکرێ. ئابووریناسانی لیبراڵیزمی بەریتانی، بە ڕێبەرایەتی «ئادام سمیت»، بە تواناترین گرووپێک بوون کە تیۆری (لیبراڵیزمی ئابووری)یان هێنایە ئاراوە. بە باوەڕی ئەمانە، میکانیزمی خۆبەخۆی بازاڕی ئابووری، کە پەیڕەوی قانوونیخوازە و ڕووخستنە (عرچه و تقاچا)، باشترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتنی کاری ئابووری و هیچ لایەنێک، چ پاوانخوازانی ئازاد و چ دەوڵەت، نابێ دەستێوەردانی تێدا بکا. بەڕای ئەوان، هاوبەشێتی دڵخوازانەی کەسەکان و هاوکاریی نێوانیان بەپێی میکانیزمی بازاڕی ئازاد، کارێک دەکات کە سوود بە هەموان بگات. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوە کە لیبڕاڵیزمی سیاسی بەهێز ببێ و وەکوو تیۆرییەکی هەمەلایەن و بەڕێوجێی ئابووری بڕازێتەوە. تیۆری «ئادام سمیت»، سیستەمێکی ئازاد و غەیرە شەخسی نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە مرۆڤی هان ئەدا، هێز و داراییەکانی بە قازانجی خۆی و کەسانی دیکە بخاتەگەڕ.
لیبراڵیزمی نوێ: بەڵام بازاڕی ئازادی ئابووری و سوودپەرەستی لەڕادەبەدەری خەڵک نەوەکوو ئاواتەکانی ڕێبەڕانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی بەدی نەهێنا، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە باری بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە شوێنەواڕێکی دزێوی لەدوا خۆی بەجێهێشت کە گرینگترینیان لە دایکبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی هەژار لە کارخانەکان بوو (بڕوانە سۆشیالیزم) .
ئینجا تەوژمی هێزە کۆمەڵایەتییە تازە پێگەیشتووەکان وایکرد لە لیبڕاڵەکان کە بە لیبڕاڵیزمی توندرەودا بچنەوە و سنووڕێکیش بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە مەڕ دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان، دیاری بکەن. چڵەپۆپەی جووڵانەوەی لیبراڵیزمی ئابووری، ناوەڕاستی سەدەی 19 بوو کاتێک کە تەنانەت لیبراڵەکان لەگەڵ داڕشتنی یاسای ئیش و کاریشدا دژایەتییان دەکرد. بەڵام لەمەودوا زۆربەی ڕێسا کۆنتڕۆڵکەرەکانی دەوڵەت، وەکوو قەرارە تەندروستییەکان و بیمە و یەکیەتی کرێکارانیان بۆ قازانجی گشتی پەسند کرد. لیبراڵیزم سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕاپەڕینێک بوو بە دژی کلێسە و ئیستبداد بەڵام ئیستا بەشێک لە ترادیسیۆنی فیکری کۆنەپارێزیی* ڕۆژاوایی لە ئەژمار دێت و دوو حیزبی گەورەی ئەمریکای خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. لە هەمانکاتدا لەسەر جووڵانەوەی سۆسیال دیموکراتیش کاریگەریی داناوە.
لەبەرئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حیزبێکی بەهێزی چەپی لە مەیداندا نییە، لیبڕاڵ بە سیاسەتمەدارێک دەگوترێ کە خاوەنی فیکرەیەکی نزیک بە چەپییەکان و لایەنگری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئابووری بێت.
ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
لیبرالیسم + آزادیخواهی
ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
سەرچاوە: فەرهەنگی خاڵ
ئازادیخواە
ئازادییە مەدەنییەکان
بەو ئازادییە کەسەکی و کۆمەڵایەتییانە دەگوترێ کە دەستی بە سەر پێوەندییە مەدەنییەکانی تاکدا گرتووە و یاساش لە بەرانبەر هەرچەشنە دەستێوەردانێکیان ڕادەوەستێ، مەگەر ئەوەیکە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناکۆک بێت. ئازادییە مەدەنییەکان لە زاراوەی یاساییدا پێی دەگوترێ"مافەکانی تاک".
ئازادی مەدەنی، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەندێشەی سیاسی دیموکراتیکی نوێیە و لە ماناێیکی بەربڵاودا بریتییە لە: ئازادی تاک بۆ ئەنجامی هەر کردەێیکی کەسی و هەبوونی ماڵ و دارایی و سوود لێوەرگرتنیان و ئازادی بڕوای ئایینی و پەرەستشی ئازاد و ئازادی بیروباوەڕ. لە سیستەمێکی یاسامەنددا قانوون لە بەرانبەر دەسدرێژکردنی دەوڵەت یا هەرکەسێکی دیکە بۆ سەر ئەم ئازادییانە دەوەستێ و پشگیرییان لێ دەکات. هەندێ لە پێناسەکان، مانای ئازادی تاک تەنیا بە پاراستنی تاک و بڕوا و داراییەکانی لە بەرانبەر دەسکاری خۆخوازانەی حکوومەت دەبەستنەوە.
هەندێ جار ئازادییە مەدەنییەکان بە بژاردە ناوبردە دەکەن، وەکوو ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و بڵاوکردنەوە و سازدانی ڕێکخراوە و کۆبوونەوە بێ مەترسی یان سزادانی دەوڵەت. کاتێک ئەم ئازادییانە بە بژاردن بێتە ئاراوە، ڕیزکردنییان بەپێی کۆمەڵگەکان جیاواز دەردێ و ناکری لیستێکی هاوشێوە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان تۆمار بکرێت. بەڵام لە باری سیاسییەوە، ئازادی بیروڕا و مەرام و کۆمەڵ و ڕادەربڕین، لە جوملەی ئەو ئازادییە سەرەکییەکانەن کە تەواوی دەستوورە دیموکراتییەکان لەسەری کۆکن.
ئازادییە مەدەنییەکان
آزادیهای مدنی
ئازادییە مەدەنییەکان
Civil liberties
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
کنوێنسیون اروپایی حمایت از حقوق بشر و آزادی های اساسی
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
European Convention for the Protection of Human Rights and Fundamental Freedoms
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.