تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاسایش
١ـ زامنکردنی هێمنایەتی و ئۆقرەیی لەڕێگەی بەڵێنە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ. ٢ـ خۆپاراستن لە مەترسی دەستدرێژی کردن بۆ ئازادی و مافە ڕەواکان. ٣ـ ئەرخەیانی و هەبوونی متمانە لە مەڕ ئاسایشی جەستە و گیان و ماڵ و شەرەف و نامووس. لە زاراوەی سیاسی و مافەکاندا بەم شێوازانەی خوارەوە بە کار براوە:
ئاسایشی تاک، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
ئاسایشی تاک
حاڵەتێکە تاک تێیدا لەوە ناترسێ گیان و ماڵ و ئابڕووی لەدەست بدات، بە جۆڕێک کە نەتوانێ بژی.
ئاسایشی نێونەتەوەیی
حاڵەتێکە کە تێیدا هاوکێشە لەنێوان دەسەڵاتەکان بەرقەرارە و کەس دەستدرێژی ناکا بۆ هەرێمی ئەویتر. هەرکاتێک یەکێک لە دەوڵەتەکان ئەم کارەی کرد، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی نەیارەوە «ئاسایشی نێونەتەوەیی کەوتۆتە مەترسییەوە» هەرکاتێکیش ئەم شتە ڕووی دا، مانای وایە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە.
ئاسایشی نەتەوەیی
حاڵەتێکە کە نەتەوەیەک، لەوە ناترسێ بەشێک لە حەشیمەت یان دارایی یان خاکی وەڵاتەکەی لە دەست بچێت. یاسا نێونەتەوەییەکان ئەمڕۆکە کارێکی وایان کردووە کە سنووری ماف و ئازادی دەوڵەتەکان دیاری بکرێ و نەهێڵێ وەڵاتەکان دەستدرێژی بکەن بۆ سەر یەکتر. بەڵام دەزگەیەک کە بتوانێ وەکوو یاسای ناوخۆیی زامنکەری بە حەقدار گەیشتنی مافەکان بێت، لە ئارادا نییە. ئێستە، کەم و زۆر لە هەموو وەڵاتەکان جۆرێک پۆلیسی سیاسی یان ئاسایش لە کاردایە کە ئامانجیان بەرگری کردنە لە دزەکردنی سیخوڕ و کەسانی مەترسیدار بۆ ناو وەڵات.
جا هەرچی ڕژێمەکە زیاتر توتالیتار بێت، ئەوا دەسەڵاتی پۆلیسی سیاسی و ڕادەی زەبر و زەنگ زیاتر دەبێت. ئەم جۆرە ڕژێمانە چونکە دەرفەتی نەیاریکردنی ئاشکرا و یاسایی بە کەس نادەن، نەیاران یا دوژمنانی خۆیان بە بیانووی «دوژمنانی ئاسایشی نەتەوەیی» سەرکوت ئەکەن.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی
کاتێک کۆمەڵ ئەرخەیان بێت لە هەڕەشەیەک کە دەرەنجامی کردەوەیەکی نایاسایی دەوڵەت یان دەزگە یان تاکێک دەرحەق بە تەواوی کۆمەڵگە بێت. لە سیستەمی مافەکانی نوێدا، پێویستە کە یاسا، بە پەسندکردنی قانوون و بە ڕەسمییەت ناسینی مافەکانی تاک و سزادانی تاوانباران، ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێ (بڕوانە ئازادییەمەدەنییەکان) . دادگە و پۆلیسیش بەڕێوەبەری یاسایە و تاک و کۆمەڵگە لە بەرانبەر شکستهێنان بە یاسا و بێ قانوونی دەپارێزن.
ئاسایشی گشتی
بنەڕەتی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەیییە کە هەوڵ و دەوڵی هاوتەریبی وەڵاتان بە تایبەت هەوڵی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، زامنیەتی.
ئایدیۆلۆجی
لە زمانی فەرەنسەدا بریتییە لە idee بە مانای وێنە (تێور) و ئەندێشە logie بە مانای ناسین. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا کردە و بیر بە یەک ئەندازە گرنگییان هەیە. ئایدیۆلۆجی سیستەمێکی ئەندێشەیە کە هەم دەخوازێ جیهان شرۆڤە بکات و هەم ئاڵوگۆڕی تیا بەدی بێنێت. بە واتایەکی دیکە هەر ئایدیۆلۆجیایەک شێوازێکی خەیاڵی لە کۆمەڵگە ئەدا بەدەستەوە و لە لایەنگرانی خۆی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەو شێوازە تۆمار بکەن.
ئەم زاراوە یەکەم جار لەسەردەمی شۆڕشی فەڕەنسە و لە لایەن «دێستۆت دۆتراسی» (1754-1836) بیرمەندی فەرەنسی، لە ساڵەکانی 1796 و 98 بەکار برا. بۆ ئەم زاراوە چوار مەبەست ناوبردە کراوە: یەکەم، مەبەستی تراسی بوو کە بە مانای«ئەندێشەناسی» یان «زانستی ئەندێشەکان» شرۆڤەی کردبوو. دووهەم، شێوازێکی پابەندی بە کۆماریخوازی لیبڕاڵ. سێهەم، مانایەکی سووکایەتی ئامێز بە مانای ئیفلیجیی فیکری و ڕەفتاری و هەروەها جۆڕێک لە ڕادیکاڵیزمی ترسناک و سەرەنجام، مەبەستێکی کەم بایەخ یا ڕەنگە ڕازاوە، ئەویش بە مانای «دوکتۆرینی سیاسی» .
«تراسی»، وەکوو زۆربەی فەیلەسوفانی فەرەنسی چاخی ڕۆشنگەری پێی وابوو کە ئەبێ لەگەڵ هەموو ئەزموونە مرۆییەکان ــ کە زۆربەیان پێشتر لە بەستێنی زانستی خواناسی و یەزدانپەرستیدا شرۆڤە دەکران ــ بە شێوەیەکی عەقڵانی هەڵسوکەوت بکرێت. بیرۆکە گەردونییەکان ڕەت بکرێنەوە و هەموویان بکرێن بە «هەست». بەڕای «تراسی»، ئایدیۆلۆجی، تیۆری تیۆرییەکان بوو.
هەندێ مێژوونووسی فەلسەفە، سەدەی نۆزدەیان بە «سەردەمی ئایدیۆلۆجی» ناوبردە کردووە. هۆی ئەم ناولێنانەش پەرێشانی ئەندێشەگەلێکن کە دەکرێ بە «ئایدیۆلۆجیک» پێناسە بکرێن چونکە لەناویاندا جەختکردن لەسەر کردە بەهێزتر بووە لە یاریکردن بە تیۆری فەلسەفی.
ئایدیۆلۆجی، جاری وا هەیە مانایەکی پوختە لەخۆ دەگرێ و هەندێ جاریش مانایەکی ناپوختی هەیە. بە واتا ناپوختەکەی، بریتییە لە هەر جۆرە تیۆرییەک کە لەسەر کردە چەق ئەبەستێ یان هەر تەقەڵایەک بۆ نزیککەوتنەوە لە کێشە سیاسییە کان لەژێر تیشکی دەزگەیەکی ئایدیۆلۆجیدا. بەڵام مانا پوختەکەی هەمان شرۆڤەی «تراسی »یە کە پێنج تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێ: (١) ئایدیۆلۆجی، تیۆرییەکی تۆخە لە بارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە. (٢) بۆ ڕێکخراوەی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی، تیۆری و پڕۆگرامێکی گشتی ئاڕاستە دەکات. (٣) گەیشتن بەم پڕۆگرامە هەڵگری خەباتێکی تایبەتە. (٤) بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، نەوەک خەڵک دنە بدات، بەڵکوو بە شوێن خڕکردنەوەی لایەنگری وەفادارە و حەزیش بە «سەرسپوردە» دەکات. (٥) زیاتر بە شوێن ڕەشەگەلەوەیە بەڵام لە ڕێبەرایەتی کردنی ڕۆشنبیرانیشدا ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێت.
بەپێی ئەم پێودانگانە ئەکرێ سیستەمگەلی جۆراوجۆری فیکری بە ئایدیۆلۆجی لە قەڵەم بدرێ. لە «زانستی ئەندێشەکان»ی «تراسی» یەوە بگرە تا پۆزیتۆڤیزمی فەیلەسوفی فەرەنسی، «ئۆگۆست کۆنت»، «کۆمۆنیزم»، جۆرەکانی «سۆشیالیزم»، «فاشیزم»، «نازیسم» و هەندێ لە ڕێبازەکانی «ناسیۆنالیزم». ئەوەیکە تەواوی ئەم سیستەمە فیکرییانە، ئەگەڕێنەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بیست، مانای وایە کە هیچکامیان کۆنتر لە خودی وشەی ئایدیۆلۆجی نین و هی سەردەمانێکن کە ئیمانی سەرزەمینی، چۆتە جێی ئیمانی ئایینی و ئاسمانی و کرداری کۆمەڵایەتی و سیاسیش چۆتە جێی بیرۆکەی فەلسەفی.
«مارکس» لە هەندێ لە وتارەکانی تافی لاوییدا بە تایبەت لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی، ئایدیۆلۆجی بە واتایەکی دزێو و جنێوئامێز بە کار دەبات. «مارکس» لەم کتێبەدا ئایدیۆلۆجی بە مانای "زڕە وشیاری" یان «وشیاری درۆ» لێک دەداتەوە. بەم پێیە ئایدیۆلۆجی، کۆپلە مەرامێکە کە خەڵک خۆیانی پێ فریو دەدەن و وێنایەکی ناڕاستی جیهان دەئاخنێتە مێشکیانەوە. بە باوەڕی مارکس ئایدیۆلۆجی، ڕوانگەیەکە کە خەڵک بەو پێیە جیهان مانا دەکەنەوە ئەگەرچی پێوەندییەکیشی بە واقیعەکانەوە نەبێت. هەر ئایدیۆلۆجیایەک، جیهانبینیەک ناونووس دەکرێت کە تەنیا بەرژەوەندی و خواستەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات، لەبەر ئەوە، پێوەندی لەگەڵ واقیعی جیهان و ڕەوتی هەقیقی مێژوو ڕێژەیییە و پابەندە بەو قۆناخە کۆمەڵایەتی ــ مێژوویییەی کە ئایدیۆلۆجی تیا لە دایک دەبێت. کەواتە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی لە هەر قۆناخێکی مێژووییدا هەڵگری ئایدیۆلۆجی یان«جیهانبینی» * تایبەتی خۆیەتی. هەڵبەت «مارکس» وا نەبووە کە هەمیشە ئایدیۆلۆجی بە مانا دزێوەکەی لێک بداتەوە جاری واش بووە جۆڕێک شرۆڤەی کردووە کە بتوانێ هەڵگری هەقیقەتیش بێت.
مارکسییەکانی سەدەی بیستەم کە مانا دزێوەکەی ئایدیۆلۆجیان پشتگوێ خستووە، بۆ مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجی ئەڕوانن و بە «ئایدیۆلۆژی چینی کرێکار» ناوبردەی دەکەن کە بە باوەڕی ئەوان هەڵگری هەقیقەتە ئەزەلی و ئەبەدییەکانی مرۆڤ و جیهان و مێژوون.
لە هەندێ لە وەڵاتانی کۆمۆنیستی دا «ئەنستیتۆی ئایدیۆلۆجییایی» بەرپاکراون و بە فەیلەسوفە حیزبییەکانیش ئەڵێن«ئایدیۆلۆگ» *. مارکسیزم ــ لێنینیزم نموونەیەکی تۆخی ئایدیۆلۆجییە.
کاتێک هەنگاو دەنێینە سەدەی بیستەوە جەمسەری ئایدیۆلۆجی لە قوتابخانەی مارکسیزم ئاڵۆزتر ئەبێت. بە هاتنە مەیدانی بیرمەندانێکی وەکوو «لۆکاچ»، مەتریاڵیزمی دایەلیکتیک لە گوێن ئایدیۆلۆجییایەک پەسند دەکرێ. «لۆکاچ» پێی وایە، ئایدیۆلۆجی زۆر زیاتر و قووڵتر لەو شتەی کە «لینین» بیری لێ دەکردەوە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ڕیشەی داکوتاوە. «گرامشی» ، وردبینانەتر لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆجی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە باوەڕی ئەو هەژمۆنی* سەرمایەداری تەنیا لەسەر زۆر و ستەم ڕانەوەستاوە بەڵکوو بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لەسەر ڕێبەرایەتی کردنی ئەندێشەکان لەنگەری گرتووە. ئایدیۆلۆجیای چینی دەسەڵاتدار، لە مێشکی شارۆمەندی مامناوەندیدا دەبێتە شتێکی ڕەشۆکییانە و پەسند دەکرێت. دەسەڵات تەنیا یاسایەکی وشک و تۆسن یان ستەمکاریی نییە بەڵکوو حاکمییەتی زمان و ئەخلاق و کەلتوور و عەقڵی گشتی و عەقڵی سەلیمە. ڕەشەگەل بە دەروونی کردنی هەژمۆنی* ئایدیاڵەکان، سەرکوت دەکرێن.
«مانهایم»، یەکێکی دیکە لەو بیرمەندانەیە کە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم (1945)، لەسەر ئایدیۆلۆجی تێفکرینی بووە و لە ڕاستیدا ڕێگەی بۆ قۆناخێکی دیکەی ئەم چەمکە خۆش کرد کە دواتر بە ناوی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» لە قەڵەم درا. کۆتایی پێهاتنی ئایدیۆلۆجی بریتی بوو لە تێکەڵبوونی بە کاوەخۆی ئایدیۆلۆجی و چالاکی سیاسی لە لقە ئەکادمییەکانی کۆمەڵناسی. قوتابخانەی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» بەرهەمی "شەڕی سارد"* بوو کە لە هەشتاکانەوە وەکوو زریانێک هەڵوەشانەوەی کۆمۆنیزم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و گەڕانەوە بۆ ئابووری بازاڕی ئازادی بە دوا خۆیدا هێنابوو. کۆتایی ئایدیۆلۆجی هاوکات بوو لەگەڵ بە قارەمانبوونی «کۆمەڵناسی» بە تایبەت کۆمەڵناسی ئەمەریکی چوونکە جیهانی بەوە دڵخۆش کردبوو کە سەردەمی خورافە بەسەرچووە و دەبێ زانست بایەخدار بێت. ئەم نمایەندە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەندێشەکانی «تراسی». چونکە ئەویش پێی وابوو کە ئایدیۆلۆجی زانستی سڕینەوەی خۆرافاتە. کەچی لە کۆمەڵناسی 1950 بەملاوە ئایدیۆلۆجی خۆرافەیەک بوو کە پێویستی بە سڕینەوە نەبوو.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی تیۆری کۆتایی ئایدیۆلۆجی، نەیانتوانیبوو بە جێی ئایدیۆلۆجی، ئەڵتەرناتیڤێک پێشنیاز بکەن. بەم بۆنەوە «مەک ئینتایەر»، بە هۆشمەندییەوە گوتی: لە ڕاستیدا کۆتایی ئایدیۆلۆجی، بێئەوەی کە بە هەقیقەت کۆتایی هاتن بە ئایدیۆلۆجی بێت، خۆی ئایدیۆلۆجییا و تەشکێک لە لیبڕاڵیزمی پراگماتیکی لە ئەژمار دەهات.
ئەمێستەگوڵۆڵەی ئایدیۆلۆجی زۆر ئاڵۆزە و کەوتۆتە لێژییەوە. یەکێک لەو جەمسەرانەی کە ئێستەش نەکراوەیە، دژایەتی نێوان هەقیقەت و ئایدیۆلۆجییە. کاری ئایدیۆلۆجیا بە بەڵگاندن سەر ناگرێ بەڵکوو زیاتر کاری داکۆکیکردن و جەختکردن و ئەرەمانی (تجویز)یە.
ئایدیۆلۆگ
بە مانای کەسێک کە لە ئایدیۆلۆجیایەک سەردەرچوو بێت و لەم بارەوە بۆ خەڵکانی دیکە سەرچاوە بێت.
ئیستبداد- ڕەهاگەرایی
سیستەمێکی سیاسییە کە ئەم تایبەتمەندییانەی لەخۆ گرتبێت:
١) دەسەڵاتێکی دەوڵەتی کە هیچ سنووڕێکی یاسایی یان نەریتی بۆ حکوومەتکردن نەبێت.
٢) فرەوانبوونی بەستێنی حاکمییەتی ملهوڕانە (هەڵبەت ئەم دۆخە پێویستی بە دامودەزگەیەکی ناوەندگەرا هەیە.)
ئیستبداد، ئۆتۆکراسی و دێسپۆتیزم* سێ چەمکی هاوواتان بەڵام بە تەواوەتی یەک ناگرنەوە، وەکو چۆن توتالیتاریزم جۆڕێکە لە ئیستبداد بەڵام هەموو ئیستبدادێک تۆتالیتار نییە.
حکوومەتی شارستانییەتە کۆنەکانی ئاشوور و بابل و میسر و ئێران و… سەرجەم ئیستبدادی بوون. تەنیا یۆنان و ڕۆم نەبێت کە دیکتاتۆری کاتییان هەبووە. (بڕوانە دیکتاتۆری)
لە سەدەی 16 بەدواوە ئیستبداد لە ئەورووپا ڕووکارێکی تازەی لەخۆگرت. ئەویش لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان و پادشاکان لە بەرانبەر دەسەڵاتی پاپا قوت بوونەوە و ئیستبدادی پاتشایی (لەسەر بنیاتێکی ڕەهای دەسەڵات بۆ پاشا) وەکوو ئاواتێکی سیاسی لێهات و ئەم دەوڵەتانەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێکخست. بۆ وێنە ئەم گوزارەی «لۆیی چواردەهەم» کە گوتی: «من دەوڵەتم» نموونەیەکە لە ئیستبدادی پاشایی کلاسیک.
ئیستبداد لە سەدەکانی 17و18 لە باری تیۆرییەوە، لەسەر بنیاتی دەسەڵاتی بێسنووری پاشا، گەشەی کردووە و هیچ شتێک تەنانەت «مافی سروشتی» * خەڵکیش ئەم سنوورەی نەبەزاندووە. لە سەدەی هەژدەیەم، شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەڕەنسە بە دژی ئیستبداد ڕاپەڕین و ئەم خەباتە لە ماوەی سەدەکانی 19و20 بوو بەهۆی سەرهەڵدانی چەن دەوڵەتێکی یاسایی لەسەرانسەری جیهاندا. هەمان کات (سەدەی بیستەم) جۆرە ئیستبدادێکی تازە سەری هەڵدا کە پێی دەگوترێ، توتالیتاریزم. سیستەمە ئیستبدادییەکان لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، لە چەشنی حکوومەتێکی لاسار بووە. (بڕوانە دێسپۆتیزم)
ئەنجومەنی ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێکە لە شەش ڕوکنی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەرکی سەرەکی ئەنجومەن پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە. ئەم ئەنجومەنە 15 ئەندامی هەیە کە پێنج لەم ئەندامانە (ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فرەنسێ و چین) وەکوو ئەندامی هەمیشەیی لە ئەژمار دێن. 10 ئەندامی کاتی ئەنجومەن، لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوە بۆ ماوەی 2 ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاودەنگن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام، دەنگی پێ بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن، ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
بزووتنەوەی بێلایەن
بریتیە لەو وەڵاتانەی کە نەبوونە ئەندامی دوو پەیمانی سەربازی ناتۆ و وارشەو و لە پەیمانە ناوچەیییەکانی وەکوو سیتۆ و سێنتۆ بەشدارییان نەکردووە و لە سیاسەتی دەرەکیدا لە سیاسەتی بێلایەن (سیاسەتی سەربەخۆ لە دوو بلۆکەکە) پێڕەوی دەکەن. زۆربەی ئەم وەڵاتانە کە هەموویان سەر بە جیهانی سێهەمن، لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجییەوە لەگەڵ دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات*و بلۆکی ڕۆژاوا* جیاوازییان هەیە و هەرکامیان بانگەشەی مێتۆد و ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت دەکەن. لە ڕاستیدا ئەو شتەی کە ئەم وەڵاتانە لە یەک نزیک دەخاتەوە، بە پێچەوانەی دوو بلۆکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، یەکیەتی سیاسی و ئابووری و سەربازی نییە بەڵکوو ڕاوەستان و خۆڕاگرتنە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەو زلهێزانەی کە بوونەتە مەترسییەک بۆ سەربەخۆیی سیاسی ئەوان. بە واتایەکی دیکە هۆکاری کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکتر، بەپێی هاوسانی و یەکگرتوویی نییە بەڵکوو لەسەر بنەمای «نە» گوتنە بە وەڵاتانی دەسەڵاتخواز کە بۆ ئەوان جێگەی مەترسی و هەڕەشەن.
بزووتنەوەی بێلایەن لەپاش شەڕی جیهانی دووهەم و دوای تەشەنەی شەڕی سارد* سەری هەڵدا. پێشەنگاوی ئەم بزاڤە، هێندستان و یۆگسلاڤیا بوون. پاشان میسر و ئەندونیسیا و سەرەنجام زۆربەی ئەو وەڵاتانەی کە تازە سەربەخۆییان بە دەست هێنابوو هاتنە ڕیزی بزاڤەکەوە. سەرۆکی ئەم وەڵاتانە لە دوو کۆنگرەی گەورە واتە «کۆنفرانسی باندۆنگ 1955 و کۆنفرانسی بلگراد 1961» کۆبوونەوە و ئامانجەکانی خۆیان بەم شێوە دیاری کرد:
ـــ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کرژیی سیاسی و کێشمەکێش لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا.
ـــ هاندان بۆ بەکاربردنی شێوازی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێونەتەوەییەکان.
- جێگیرکردنی پێوەندی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای یەکسانی مافی نەتەوەکان و ڕێزدانان بۆ یەکپارچەیی و حاکمییەتی نەتەوەیی.
ـــ بەرفرەوانکردنی هاریکاریی نێودەوڵەتی.
ـــ دژایەتی لەگەڵ داگیرکاریی و پاکتاوی ڕەگەزی.
ـــ لایەنگری لە ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاشتی خوازانە.
ـــ داکۆکیکردن لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بنەمای مافە نێونەتەوەییەکان.
ـــ دەسدرێژی نەکردن و خۆ تێهەڵنەقورتاندن لە کاروباری ناوەکی وەڵاتێکی دیکە.
ـــ بەشداری نەکردن لە یەکیەتی نێونەتەوەیی سەربازی.
ئەم گرووپە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بارستاییەکی فرەوانیان هەیە بەڵام دواکەوتوویی و لاوازی ئابووری و سەربازی ئەم وەڵاتانە، بۆتە هۆی ئاستەنگی لە بەرانبەر زلهێزەکاندا. بەم بۆنەوە زۆربەیان لەنێوان دوو بلۆکەکەدا کەوتبوونە هەلاجان.
لە کۆنفرانسی 1979 لە بێلگراد 85 وەڵات وەکوو ئەندامی سەرەکی و10 وەڵات وەکوو چاودێر و 8 وەڵاتیش وەکوو میوان بەشدارییان تێدا کرد. ژمارەی ئەندامانی ئەم بزاوتە لە کۆنفڕانسی 11/9/2006 لە هاڤانا، پایتەختی کووبا گەیشتە 118 وەڵات.
بێلایەنی
ئەم زاراوە لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم هاتە ئاراوە، مەبەستیشی لە حاڵەتی ئەو دەوڵەتانەیە کە لە باری سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە گێرە و کێشەی دەوڵەتانی کۆمۆنیست و لایەنگرانی ڕۆژاوا، بە هیچکام لەم دوو لایەنەوە نەبەسرانەوە. ئەم سیاسەتە ئامرازێکە کە بەو پێیە وەڵاتێک ئەتوانێ خۆی لە قەیرانی ئایدیۆلۆژیکی نێوان وەڵاتانی دیکە دەربهاوێژێ.
مەبەست لە بێلایەنی بۆ هەر وەڵاتێک لە بواری جوگرافییەوە، واتایەکی جیاواز لەخۆ دەگرێ. بێلایەنی لە لایەکەوە بە مانای گۆشەگیری و دوورەپەرێزی تەواوە و لە لایەکی دیکەەوە بە «بزووتنەوەی بێلایەن* non-alignment» لە بەرانبەر دوو لایەن و بەشداری چالاک و پۆزەتیڤ بۆ دابەزاندنی قەیرانی نێو نەتەوەیی شرۆڤە دەکرێت (بڕوانە بزووتنەوەی بێلایەن) .
پێویستی بێلایەنی، نەچوونە ناو پەیماننامەی سەربازی و وەرنەگرتنی چەک یان یارمەتی سەربازی لە هیچ لایەنێک یان نەدانی بنکە بە هیچ لایەنێکی شەڕە و بەرعۆدەنەبوونی هیچ شتێک لە بەرانبەر خواستی لایەنەکانی تێوەگلاو بە شەڕەوەیە. ئەم شێوازەی بێلایەنی، گرتنەبەری سیاسەتی دەرەکی سەربەخۆیە و بە لایەنگرانی ئەم ڕێبازە دەڵێن وەڵاتانی «بێلایەن». بێلایەنی، ڕواڵەتێکی پۆزەتیڤیشی هەیە کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ ئاشتکردنەوەی دوو لایەن یا ناوبژیوانی لەنێوان دوو گرووپی ڕەقیب و تەقەلا بۆ پاڕاستنی ئاشتی جیهانی لەڕێگەی چەککردنەوە (بڕوانە چەکداماڵین). بەم شێوازە دەگوترێ «بێلایەنی پۆزەتیڤ». وەڵاتی هیند لەسەردەمی نێهرۆ گەورەترین پێڕەوکاری ئەم سیاسەتە بووە لە جیهاندا.
جۆڕێکی دیکە لە بێلایەنی بریتییە لەوەیکە دەوڵەتانی پیلانگێڕ، بەپێی بەرژەوەندی هاوبەشیان لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕێک، وەڵات یا ناوچەیەک لە شەڕەکە دەپارێزن، ئەویش پەیمان ئەبەستێ کە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا خۆ هەڵنەقورتێنێ. ئەم جۆرە بێلایەنییە، چەشنێکی نیگەتیڤە کە لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم لەسەر نەمسا پیادە کرا. دەوڵەتی سۆڤیەت بەو مەرجە هێشتی نەمسا سەربەخۆیی بە دەس بێنێ کە بێلایەن بمێنێتەوە. کۆنترین و بەناوبانگترین وەڵاتی بێلایەن لەم چەشنە، وەڵاتی سویسرایە کە تەنانەت نەبۆتە ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم شێوازە لە سیاسەتی دەرەکی، بۆتە پێشینەیەکی پایەداری ئەم وەڵاتە.
بە بۆچوونی ڕەشەگەل بێلایەنی، بە مانای دوورمانەوە لە شەڕە. ئەم جۆرە بێلایەنییە، بارودۆخی ئەو کەسانەن کە لە ئاشتیدا بە سەر ئەبەن بەڵام دیتران سەرقاڵی شەڕن. لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، بێلایەنی واتایەکی تازەتری لەخۆ گرتووە کە بریتییە لە بارودۆخێکی یاسایی کە ئەرک و مافگەلێکی دیاریکراو پێشنیاز دەکات. واتە بێلایەنی هەڵگری باڕێکی یاسایی و قانوونی نێودەوڵەتییە کە لە دوو کاتی شەڕ یان ئاشتیدا ئەبێ پەیڕەو بکرێت. لەم بارەوە «پاتێر» دەڵێ: ئەم زاراوە بەو جۆرەی کە پێش ساڵی 1945 پێناسە کرابوو لە لایەن هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە مەنشووریان مۆر کردبوو فەشەلی هێنا. «ئیگلتۆن» پێی وایە کە شکاندنی پەیماننامەی بێلایەنی لە شەڕدا بە واتای نەمانی ئەم پەیمانەیە.
بەیاننامەی سێ لایەنەی 1950
بەیاننامەی دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسە و ئەمەریکا لەسەر زامنکردنی دۆخی ئەو کاتەی فەلەستین. بەپێی بەیاننامەکە ئەم سێ دەوڵەتە، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەیکە هەرکاتێک ئیسراییل یان وەڵاتانی عەرەب پێیان خستە ئەودیو سنوور و هێڵەکانی دەسکێشانەوە لە شەڕ، ئەوکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەڕێی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێگەی دیکە، «دەستبەجێ» بێنە مەیدانەوە.
تەبایی + پێکهاتن
پڕۆسەی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی نێونەتەوەیی (دوو وەڵات) بە ناوبژیوانیی لایەنێکی سێهەم کە ڕادەستی کۆمیسیۆنێکی تایبەتی سازش کرابێت و بە ڕەزامەندی هەر دوو لایەن دیاری کرابێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەقیقەت. ئەم کۆمیسیۆنە ملزەمە بە دەرکردنی ڕاپۆرتێک کە تێیدا ڕێچارەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستەبەر بکات. هەڵبەت دوو لایەنی کێشەکە لە باری یاساییەوە بۆیان هەیە پەسندی نەکەن.
جودایی خوازی
خواستی گرووپێکی ئەتنیکی دانیشتووی وەڵاتێک بۆ جیابوونەوە لەژێر دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتێک کە ئەو گرووپە ئەتنیکیە تا ئەو کاتە بەشێک بووە لەو وەڵاتە. ئەغڵەب، ئامانجی جوداییخوازەکان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێیە لە وەڵاتێکی تازە بۆ نەتەوەیەکی تایبەت. سەدەی نۆزدە لە ئەورووپا و سەدەی بیستیش لە ئاسیا و ئەفریقا، بەهۆی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم* و تەنینەوەی وشیاری نەتەوەیی لەناو ئیمپراتۆریەکاندا بزاڤی جودایی خوازی بە زۆری پەرەی سەند و بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەکان و سەرهەڵدانی نەتەوەی نوێ. گرینگترین ڕووداوی لەم چەشنە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریە گەورەکانی فەرەنسە و بەریتانیا و عوسمانی بوو کە لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکا دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو.
هاندەری جوداییخوازی، ڕەنگە جیابوونەوە لە وەڵاتێک بێت و موتوربەبوون بە وەڵاتێکی دیکە. جوداییخوازی، لە یاسای زۆربەی دەوڵەتەکاندا ڕەنگە لە جوملەی تاوانی سیاسی* لە قەڵەم بدرێت و هەندێ جاریش بە واتای خیانەت پێناسە دەکرێ و بەناوی دژبەریی و ناتەبایی حاکمییەتی نەتەوەیی سزای بۆ دیاری دەکرێت.
جیاوازی ڕەگەزایەتی
جیاکردنەوەی هاووەڵاتیان لە یەکتر بە پێودانگی ئەتنیکی و بەربەستکردنی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە بابەت شوێنی ژیان و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزی«باڵادەست» و هەروەها بێبەشکردنیان لە مافی مەدەنی و سیاسی و بێعەداڵەتی و نابەرانبەری لە وەرگرتنی مووچە و پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی. نموونەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، سیاسەتی ئەڵمانیای نازی بوو دەرحەق بە «خەڵکانی نائاریایی» (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
بە ناوبانگترین ڕژێمێک کە بەرێوەبەری ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانە بووە، ڕژێمی ئەفریقای باشووری بووە کە بە ناوی «ئاپارتاید» * لە ساڵی 1948 سیمایەکی یاسایی و ڕەسمی بە خۆوە گرتووە. لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە کە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەر ئەم وەڵاتەدا گرت، ئەم سیاسەتە بەڕێوەچووە. حیزبی«نەتەوەیی» کە لە ساڵی 1948 بە دەسەڵات گەیشت، ڕێساگەلێکی بۆ ئەو خەڵکانەی کە سپی پێست نەبوون پەسند کرد کە هەموو بواڕێکی ژیانی ئەوانی ئەگرتەوە. (بۆ وێنە، بەرگری کردن لە زەماوەندی سپی پێستەکان لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بەربەستکردنی مافی سیاسی و هاتووچۆ و هەڵبژاردنی ماڵ و ئیش و کار و …)
لە ساڵی 1952 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەستی بە پەیجووری کرد و ئەم سیاسەتەی وەک مەترسییەک بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بەڵام دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، ڕێگەی بە کۆمیتەی لێپرسراوی ئەم مەسەلە نەدا. سەرەنجام ئەم ڕژێمە لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە خەباتی بێوچانی خەڵکانی ئەم وەڵاتە بە ڕێبەرایەتی «نیلسۆن مەندێلا» ڕووخێندرا و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزیی کەوتەوە دەست خەڵک.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
حکوومەتی پیران+ پیر مەزنایەتی
حکوومەتێک کە تێیدا کاروباری وەڵات بسپێردرێتە دەست بەساڵاچوانی دنیادیدەی زانا و بەئەزموون. ئەم تیۆرییە لە پێنجسەد ساڵ پێش زایینەوە کەمتاکورتێک لایەنگری خۆی هەبووە چونکە لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، لاوان، بە کاڵفام و شەڕهەڵایسێن دەزانن هەربۆیە پیرانی زانا بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە بە شایستەتر دەزانن.
حیزبایەتی
فاکسیۆن بە مانای حیزبە و ئەم زاراوە لە لایەن جۆرج واشینتۆن لەسەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکا، لەبری حیزب بەکار براوە. فاکسیۆنالیزم بە واتای حیزبخوازییە و بڕوا بەوەی کە بوونی حیزبی سیاسی پێویستە و دەبێ بنەمای حکوومەت و دەوڵەت لەسەر حیزبایەتی دامەزرێت. ئەمڕۆکە حیزبایەتی، بەشێکی جیانەکراوەیە لەناوەڕۆکی حکوومەتە دیموکراسی و پەرلەمانییەکان کەچی فاشیزم و کۆمۆنیزم، حیزبایەتی و فرەحیزبی ڕەت دەکەنەوە چونکە بڕوایان بە سیستەمی تاک حیزبی هەیە.
خ
خەباتی چینایەتی
بە باوەڕی مارکسییەکان خەباتێکە کە بەشێوازی جۆراوجۆر و لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجیک، لەنێوان دوو چینی زۆردار و زۆرلێکراو لە گۆڕێ دایە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو چینە خەسڵەتێکی شەڕەنگێزانەیان هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە هەر شۆڕشێک کە هەڵگری خەباتی چینایەتی نەبێت، پووچەڵە. مارکس و ئنگڵس لە بەیاننامەکەی حیزبی کۆمۆنیست دەڵێن: «مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵگە ئینسانییانەی کە تا ئیستا سەریان هەڵداوە، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە. مرۆڤی سەربەست و کۆیلە، پیاوماقووڵ و ڕەشۆکی، ئاغا و ڕەعیەت، کرێکار و خاوەنکار، خۆلاسە، ستەمکار و ستەملێکراو هەمیشەی خوایی لە بەرانبەر یەکتردا وەستاون و تووشی شەڕ هاتوون» . خەباتی چینایەتی دەکرێ شێوازی قانوونی یا ناقانوونی، ئاشتیئامێز یان شەڕەنگێزانە بە خۆیەوە بگرێت. بەپێی ڕێبازی مەتریالیزمی مێژوویی، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی ئینسانی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی بەدی نەهاتووە، لەنێوان هەموو چینەکان کێشمەکێش و مشتومڕ بەردەوام دەبێت.