تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیستبدادی زۆرینە
ئەم زاراوە لە لایەن «جان ئوستوارت میل»، لە وتاڕێکدا بە ناوی دەربارەی ئازادی هاتۆتە ئاراوە، بەڵام ڕەنگدانەوەیەک بوو لەمەڕ نیگەرانییەکی گشتگیری هەندێک لە بیرمەندانی سیاسی و ئازادیخوازی سەدەی نۆزدە. ئەم نیگەرانییە، بە تایبەت لە بەرهەمەکانی دۆتۆکویل (1859-1805) زیاتر بەرچاو دەکەوێت. باسەکە ئەمەیە کە بەهاکانی ئازادیخوازی بە تایبەت بەهاکانی ئازادی بیروڕا و هەڵبژاردنی شێوازێکی تایبەتی ژیان، ئەگەرچی نامۆش بن، بەو مەرجە زیان بە کەس نەگەێینێت لەو دیموکراسییانەی پابەندە بە ئازادی زۆرینەدا ئەکەوێتە مەترسییەوە. بەڕای «میل»، زۆرینەیەک کە بریتی بێت لە چینی کرێکاری نەخوێندەوار، چونکە لە بەرانبەر مەرام و ڕەفتاری جیاوازی کەسانی دیکە تووشی کەمتاقەتی دەبێت ڕەنگە، بە شێوەیەکی ناڕەسمی دەست بداتە ئازاردانی هەرکەسێک کە لە خۆی نەچێت.
«دۆتۆکویل»، بڕوای بە دیموکراسی سنووردار بوو بەڵام بەو ڕادە بۆ بەربەستکردنی مافی دەوڵەت لە چاودێریکردنی ئازادی تاک، ڕازی نەبوو. ئەو دەڵێ: بۆ ئەوەیکە بەگشتی مرۆڤێکی ئاسایی و مامناوەندی دروست ببێت، لەڕێگەی عەداڵەتخوازی و دیموکراسی زۆرینە، گوشاری زۆر دێتە سەر کۆمەڵگە. جگە لەوەش، ڕەشەگەلی نەخوێندەوار و بێ پەروەردە ئامادەی چەوساندنەوەن و خەڵکانی چەواشەکار و گەندەڵ، دەستیان دەکەن بە زاخاودا و چەواشەیان دەکەن. «دۆتۆکویل» لەم بابەتەوە تەنیا نەبوو، چونکە ڕۆژنامەنووسانی لایەنگری حکوومەتی فیدڕاڵ و پلان دانەرانی دەستووری بنچینەیی ئەمریکا گوتبوویان کە دەبێ ئاستی هەڵبژاردنەکان جیاواز بێت تاکوو سەرۆککۆمار و سێنات نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕەشەگەلەوە.
«کۆرێن هازر»، لە کتێبی سیستەمی سیاسی کۆمەڵگەی «ڕەشۆکی»دا دەڵێ: دیکتاتۆرییەتێکی وەیشووم وەکوو نازیسم* ئیتر نابێ سەرهەڵبدات، مەگەر ئەوەیکە ستراکتوری کۆمەڵایەتی نەهێڵێت دەستی نوخبە سیاسییەکان بگاتە هەست و سۆزی ڕەشەگەل. لە زۆر لایەنەوە ئیستبدادی زۆرینە ڕێگڕێکە لە بەردەم دیموکراسی ئازاد لە ڕۆژاوادا.
ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
ئینتیفازە
وشەکە عەرەبییە و لە ڕیشەی «نفچ» بە واتای لەرینەوە وەرگیراوە، بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ڕاپەڕینی گشتی خەڵکی فەلەستین کە لە دێسەمبەری 1987 دەستی پێکردووە و بە شۆڕشی «بەردە ــ وردکە»ش ناوی دەرکردووە. ڕۆژی 8 دێسەمبەر 1987، چوار کەس لە کرێکارە فەلەستینییەکان لە شاری غەززە کەوتنە بەر هێرشی زرێپۆشەکانی ئیسراییل و گیانییان لەدەست دا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوە کە جەماوەری ئەم شارە، مان بگرن و مانگرتنەکەش ناوچەکانی دیکەشی تەنییەوە. ئینتیفازە چەند ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە بریتین لە:
1ــ هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی گرتوەتەوە و ڕەهەندی ئیسلامی بوونەکەشی بەرجەستەیە. 2ـــ چەکی دەستی خەڵک، «بەرد» ە کە لە فەلەستینی داگیرکراودا بەزۆری دەست دەکەوێت. 3ـــ هێشتنەوەی ئینتیفازە. (چونکە جەماوەری فەلەستین بەو قەناعەتە گەیشتوون کە نە ڕێبەری وەڵاتانی عەرەبی و نە کەسی دیکە ناتوانن کێشەی ئەوان چارەسەر بکەن، بەڵکوو دەبێ هەر خۆیان هەوڵ بدەن و نەسرەون تا سەردەکەون.) 4ـــ سەربەخۆیی و بێنیازی ئینتیفازە لە وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. 5ـــ ئەم ڕاپەڕینە جووڵانەوەیەکی وشیارانەیە کە لە لایەن لاوانی خەباتکار و شۆڕشگێڕی فەلەستینی دەستی پێکرد. 6ـــ دەوری ڕێکخراوەگەلێکی وەک حەماس*، ئیخوانولموسلمین* و جەهاد لەباری چەکدارییەوە زۆر گرنگە.
ئینتەرناسیۆنال
ئەم زاراوە لە ڕەوتێکی میژووییدا بە چوار هاوپەیمانییەتی دەگوترێ کە لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سوسیالیستییە کرێکارییەکاندا بەمەبەستی گەیشتن بە یەکدەنگییەکی جیهانی و پێشخستنی بزاڤی کرێکاری بەستراوە. ئەم چوار هاوپەیمانییە بریتیە لە:
ئینتەرناسیۆنالی یەکەم، یان یەکیەتی نێونەتەوەیی کرێکاران کە لە ساڵی 1864 بە هەوڵ و تێکۆشانی «کاڕۆل مارکس» لە لەندەن دامەزرا. لە 1872 دوو لقی لێ جیا بۆوە کە بە لایەنگرانی«مارکس» و گرووپی سەر بە ئانارشیزمی «میکاییل باکۆنین»، ناویان دەرکرد کەچی لە ساڵی 1876، لە بەر ململانێی ئایدیۆلۆژیک کۆتاییی پێ هات.
ئینتەرناسیۆنالی دووهەم: لە ساڵی 1889 لە پاریس دامەزرا، بەڵام نەیتوانی خۆی لە قەیرانی حیزبی سۆسیالیست و نەتەوەخواز بۆ بەرگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی، دەرباز بکات. ئەم هاوپەیمانییەتییە لە 1923 لە نەبوونی کۆمۆنیستەکان (کە ئەودەم ئینتەرناسیۆناڵی سێهەمیان دامەزراندبوو) دیسانەوە پێکهاتەوە و دواتر ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست*یان پێکهانی.
ئینتەرناسیۆنالی سێهەم: لە ساڵی 1919 لە مۆسکۆ دامەزرا، بەڵام هەر خێرا ئاشکرابوو کە دەرگەکانی تەنیا بەرەو ڕووی حیزبە کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت ئاوەڵایە. ئینجا ناوی کۆمینتێرن* و پاشان کۆمینفۆرم*ی بەخۆوە گرت.
ئینتەرناسیۆنالی چوارەم: لە ساڵی 1938 لە لایەن دارودەستەی ترۆتسکی دامەزرا کە ئێستەش چالاکی هەیە.
ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست
لە ساڵی 1923 لە پاشماوەی حیزبە سوسیال دیموکراتەکانی ئەندامی ئینتەرناسیۆنالی دووهەم، سەر لە نوێ دامەزرایەوە کەچی پاش گەیشتن بە دەسەڵات لە ئەورووپادا ئەمانیش دەستیان لە کار کێشایەوە. ئینجا ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951 لە فرانکفۆرت دامەزرا، بەڵام ناوەندەکەی لەندەن بوو کە نزیکەی پەنجا حیزبی سۆشیالیستی نەرمڕەو و لایەنگری پەرلەمان و ڕیفۆرمخواز و دیموکراسیخواز تێیدا بوون بە ئەندام.
ئینتەرناسیۆنالیزم
ئەم زاراوە مانایەکی مژاوی هەیە و لە زۆر شوێندا بەکار هاتووە. بەڵام مانا گشتییەکەی ئەو بڕوا و سیاسەتانە لەخۆئەگرێ کە جەخت ئەکا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەکان و لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شەڕەنگێزدا دژایەتی دەکات. ئینتەرناسیۆناڵیستەکان دەخوازن ئەگەر نێوان دەوڵەتەکان هاوکاری ئاشتیخوازانە لە ئارادا نەبێت، لانیکەم لەنێوان نەتەوەکاندا ببێت.
بەم پێیە ئینتەرناسیۆنالیزم، بریتییە لەوەیکە هەر تاکێک گرێدراوی کۆمەڵگەیەکی جیهانییە و ئەو نەتەوەش کە ئاخێزگەی لە ئەژمار دێت، دەبێ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەیوەست بێت… ئەم ڕێبازە لەگەڵ «جیهان نیشتمانی»دا یەک ناگرێتەوە چونکە ئینتەرناسیۆنالیزم ناخوازێ تاک لە نەتەوە یان دەوڵەتەکەی خۆی دابڕێ بەڵکوو دەخوازێ پێوەندییەکی زۆرتر لەنێوان تاک و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا بکرێتەوە.
ناسیۆنالیزمی نەرمڕەو لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالیزمدا وانییە هەڵنەکەن بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەو دژییەتی. بۆ وێنە نازیسم و فاشیزم بە ڕێبازی نەژادپەرستی و خۆبەزلزانی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا بوونە دوژمنانی سەرسەختی ئینتەرناسیۆنالیزم.
مارکسیزم بۆچوونێکی تایبەتی لە ئینتەرناسیۆنالیزم بڵاو کردۆتەوە. بەڕای «مارکس»، بۆرژوازی بە یارمەتی مەکینە و دانوستانی جیهانی ئازاد، سنوورە نەتەوەییەکانی بەزاندووە و سیستەمێکی ئابووری جیهانی پێکهێناوە کە لەنێو چینی هەژاران بە تایبەت پرۆلتاریای وەڵاتان، یەکگرتووییەکی جیهانی ساز کردووە کە لە زاراوەدا پێی دەگوترێ «ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتاری». ئەم ڕەوتە شۆڕشێکی سەرانسەری لە جیهاندا بەدژی بورژوازی پێک دێنێت کە سەرەنجام کۆمەڵگەیەکی سوسیاڵیستی جیهانی دائەمەزرێنێ. بۆیە مارکسییەکان بڕوایان هەیە بە یەکگرتنی هەژارانی جیهان و دروشمە بەناوبانگەکەشیان ئەمەیە: «زەحمەتکێشانی جیهان، یەک بگرن! یەک بگرن!»
دوای پێکهاتنی یەکیەتی سۆڤییەت، بە تایبەت لەسەردەمی «ستالین»دا ئەم وەڵاتە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ناوەندی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییە. «ستالین»، لە شرۆڤەیەکی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییدا ئەم ڕێبازە بە هەڵقوڵاوی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانی (بڕوانە ستالینخوازی) .
ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلتاریی: بڕوانە ئینتەرناسیۆنالیزم.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
جیهانبینی
ڕەگی ئەم وشە ئەڵمانییە و بە مانای«روانین بۆ جیهان»ــە. لە فەرهەنگی فەلسەفی ئەڵمانیدا بە مانای وێنایەکی گشتییە لە جیهان و بە پێگە و هەڵوێستی ئینسان لەناو خۆیدا لێکدراوەتەوە. جیهانبینی ڕوانین و تەفسیرێکی تایبەت لە گەردوون و ژیان دەدا بەدەستەوە.
لە زاراوەدا بریتییە لە دەزگەی تیۆری و مەفهوومی و وێناندنی جیهان. بە مانایەکی بەربڵاو هەموو تیۆرییەکانی ئینسان لە بارەی جیهانی دەوروبەر، هەر لە تیۆری و بیرۆکە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانەوە بگرە هەتا ئەخلاق و هونەر و زانستە سرووشتییەکان دەگرێتەوە. بەڵام مانا جەوهەری و کاکڵەکەی بریتیە لە تیۆری و بیر و بڕوای فەلسەفی.
بەگشتی جیهانبینی، سێ ڕێچکەی لێ بۆتەوە:
ـــ جیهانبینی زانستی
ـــ جیهانبینی فەلسەفی
ـــ جیهانبینی ئایینی
خزمخوازی + خزم خزمینە
نێپوتیزم یا خزمخوازی و خزم خزمینە، لە وشەی ئیتالی nepotismo بە واتای «لایەنگری لە ئامۆزاکان» وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە هێنانەسەرکاری خزم و عەشیرە بۆ کاروباری گشتی یان مافی تایبەت قاییل بوون بۆ ئەوان و پشتگیریکردنیان بۆ بەخشینی پلە و پایەی ئیداری و سیاسی. ئەم ئاکارە زەمینە بۆ گەندەڵی سیاسی خۆش دەکات.
خەباتی چینایەتی
بە باوەڕی مارکسییەکان خەباتێکە کە بەشێوازی جۆراوجۆر و لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجیک، لەنێوان دوو چینی زۆردار و زۆرلێکراو لە گۆڕێ دایە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو چینە خەسڵەتێکی شەڕەنگێزانەیان هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە هەر شۆڕشێک کە هەڵگری خەباتی چینایەتی نەبێت، پووچەڵە. مارکس و ئنگڵس لە بەیاننامەکەی حیزبی کۆمۆنیست دەڵێن: «مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵگە ئینسانییانەی کە تا ئیستا سەریان هەڵداوە، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە. مرۆڤی سەربەست و کۆیلە، پیاوماقووڵ و ڕەشۆکی، ئاغا و ڕەعیەت، کرێکار و خاوەنکار، خۆلاسە، ستەمکار و ستەملێکراو هەمیشەی خوایی لە بەرانبەر یەکتردا وەستاون و تووشی شەڕ هاتوون» . خەباتی چینایەتی دەکرێ شێوازی قانوونی یا ناقانوونی، ئاشتیئامێز یان شەڕەنگێزانە بە خۆیەوە بگرێت. بەپێی ڕێبازی مەتریالیزمی مێژوویی، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی ئینسانی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی بەدی نەهاتووە، لەنێوان هەموو چینەکان کێشمەکێش و مشتومڕ بەردەوام دەبێت.
داروینیزمی کۆمەڵایەتی
تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییە کە لە لایەن چارلز داروین (1809ــ1882) ئاڕاستە کرا و باس لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سروشتی«جۆرەکان» دەکات. ناوبراو لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەرچاوەی ڕەگەزەکان، بۆ سەلماندنی بونیادی گەشەی بوونەوەرە زیندووەکان، بەپێی هەندێ بەڵگە پێی وابوو کە بوونەوەرەکان لەژێر کاریگەریی هەلوومەرجێکی دیاریکراودا گۆڕانیان بەسەرا دێت. بۆ نموونە مرۆڤی بە بەرهەمی فراژووتن و گەشەکردنی ڕەگەزێکی مەیموون دادەنا.
بنیاتی ئەم تیۆرییە لە باری مێژوویییەوە، پابەندی بنەمای «خەبات لە پێناو ژیان» دایە. ئەم ڕەوتە لە سروشتەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو ڕەگەز و نەتەوەکان. لەم جەنگەدا «شیاوترینەکان»، واتە «بەهێزەکان» دەمێننەوە. ئەم تیۆرییە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیست، بووە بنەمایەکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ململانێی زلهێزەکان و دەسپێکێک بۆ شەڕی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزم. ئەم تیۆرییە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی* ئاوێتە بووە بۆ نموونە لەسەر کەسایەتی هیتلەر، پێش ساڵی 1914 کاریگەریی دانا و دواتر بەشێک لە فەلسەفەی نازیسمی پێک هێنا.
دوکترینی ئایزەنهاوەر
بە کۆمەڵە پێشنیارەکانی دووایت ئایزەنهاوەر، سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (60ــ 1952) دەگوترێ کە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژانوییەی 1957، خستییە بەردەم کۆنگرێس و بەو پێیە:
1) ئەمریکا بۆی هەیە بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی «وەڵاتانێک کە لە دەرەوە دەکەونە بەر هەڕەشەی کۆمۆنیزم یان لەناوەوە تووشی ململانآ و گێڕەشێوێنی دەبن» ، مادامێکی ئەو وەڵاتانە بخوازن، بە یارمەتی هێزە چەکدارەکانی خۆی پشتیان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
2) ئەمریکا دەبێ بۆ پەرەسەندنی ئابووری ئەم وەڵاتانە هەنگاو بنێ.
3) ئەمریکا دەبێ بەو وەڵاتانەی کە خوازیاری هاوکاری سەربازی بن، یارمەتی بگەیەنێت.
ئەو هەرێمانەی کە دوکترینەکەی تیا بەڕێوە دەچوو، هەر لە لیبی لە ڕۆژاواوە تا پاکستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە باکوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە باشووری دەگرتەوە. نموونەی پیادەبوونی ئەم دوکترینە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لوبنان بوو لە ساڵی 1958، بەهۆی قەیرانی کەناڵی سۆئێز.
دوکترینی برێژنیف
ئەم زاراوە لە دەرەوەی سۆڤیەت دانراوە و ناوەکەی دیکەی «دوکترینی حاکمییەتی سنووردار»ە. بەڵام بەگشتی بە ڕێبازەکانی لیئۆنید برێژنیف، ڕێبەری یەکییەتی کۆمارییەکانی سۆڤیەت (1982ــ1964) لە بەرانبەر وەڵاتانی ئەقماری دەگوترا. بەپێی ئەم ڕێبازە، هەرکاتێک سۆشیالیزم لە وەڵاتێک بکەوێتە مەترسییەوە، وەڵاتە سۆسیالیستەکان بۆیان هەیە لە پێناو پاراستنیدا دەست وەردەنە ئەو وەڵاتەوە. دوکترینی برێژنێف، دەستی وەڵاتانی سۆشیالیستی ئەبەستەوە بۆ ئەوەی نەتوانن مافی چارەی خۆنووسین و حاکمییەتی نەتەوەیی بەدەست بێنن.
دوکترینی بۆشی دووهەم
بریتییە لە کۆمەڵێک بیرۆکە و پەرچەکردار کە لە لایەن جۆرج دەبلیۆ بۆش، چل و سێهەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ئاست مەسەلە جیهانییەکان ئاڕاستە کرا. بۆش لە کاتێکدا بە دەسەڵات گەیشت کە نزیکەی 10 ساڵ بوو شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت کۆتایی پێهاتبوو. لەم سەروبەندەدا ئەمریکا دەیویست بەو هەلەی کە بۆی ڕەخساوە، دەسەڵات و هێزی سیاسی و سەربازی خۆی لە جیهاندا پاوەجێ بکات تاکوو ببێتە یەکەم هێزی جیهان. کارەساتە تیرۆریستییەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001، کارێکی وایکرد کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا شێلگیرانەتر بیر لە ئارمانجەکانی ویلسۆن بکەنەوە و هەنگاوی بۆ بنێن.
ئەمێستە یەکەم کارەکانی ئەمریکا، بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی کە لە ڕوانگەی واشینتۆنەوە بە دەوڵەتانی لاسار (Rouge states) لە قەڵەم دراون و تیۆری پێکدادانی شارستانییەتەکان کە لە لایەن سامۆئێل هەنتینگتۆن، هاتبووە ئاراوە وەکوو پاڵنەڕێکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ئەم ستراتیجیە ناونووس دەکرێت.
دوکترینی بۆش، لە ئاست وەڵاتانی جیهانیش خۆی نیشان داوە. بۆ وێنە وەڵاتی سۆڤیەتی ــ وەکوو ڕەقیبێکی دێرینی خۆی ــ خانەنشین کردووە و بە هاوپەیمانییەتی لە ڕێکخراوەی ناتۆ*، وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بەلای خۆیدا کێشاوە.
ئەم ڕێبازە، لەمەڕ سێ وەڵاتی ئێران و عێراق (پێش ڕووخانی سەدام) و کوریای باشووری، سیاسەتێکی توندی بەڕێوە بردووە و لە ژانوییەی 2002، ئەم سێ وەڵاتە لە ڕیزی تەوەری شەیتانی (Axis of Evil) ناوبردە کراوە. هەر بەپێی ئەم دوکترینە بوو کە ئەمریکا لە دوای یازدەی سێپتەمبەر و بە ناوی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم، هێرشی بردە سەر دوو وەڵاتی ئەفغانستان (ئۆکتۆبەری 2001) و عێراق ( 20ی مارسی 2003) و توانی ڕژێمەکانی تاڵیبان و بەعس بڕووخێنێ.
دوکترینی بۆشی یەکەم
ئەم زاراوە کە دواتر لەگەڵ دەستەواژەی «سیستەمی نوێی جیهانی» * بە یەک مانا لێکدراونەوە، بریتییە لە کۆمەڵێک بیرۆکەی مژاویی. کەچی بەم حاڵە، زنجیرە ڕووداوێک کە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە، بیرمەندان و زانایانی والێکردووە کە ئەم ڕووداوانە لە قەبارەی «سیستەمی نوێی نێونەتەوەیی» دا شرۆڤە بکەن. ڕووداوەکانی جیهانی کۆمۆنیستی و دواتر گۆڕانی ڕژێمەکانی ئەورووپای خۆرهەڵات، ڕووخانی دیواری بەرلین، کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و هێرشی ئەمریکا بۆ پاناما و شەڕی کوەیت، لە جوملەی ئەم ڕووداوانە لە ئەژمار دێن. لە ڕێکەوتی 11ی سیپتەمبەری 1990، جۆرج بۆشی یەکەم، سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای هێرشی عێراق بە کوەیت و داگیرکردنی ئەم وەڵاتە (ئاگۆستی 1990)، لە وتارێکیدا لە بەردەم نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا، بەم شێوە سیستەمی نوێی جیهانی پێناسە کرد:
«جیهانێکی تەواو جیاواز لەو جیهانەی کە ناسیومانە. جیهانێک کە دەبێ تێیدا باڵادەستیی و حاکمییەتی قانوون لەبری قانوونی جەنگەڵ، سەروەر بێت. ئەو جیهانەی کە تێیدا وەڵاتەکان، بەرپرسیارییەتی هاوبەش لە بەرانبەر ئازادی و عەداڵەت بە ڕەسمییەت بناسن و دەسەڵاتداران ڕێز دابنێن بۆ مافی بێدەسەڵاتەکان» .
دوکترینی مۆنرۆ
ئەم زاراوە باس دەکات لە سیاسەتەکانی جەیمز مۆنرۆ کە لە نێوان ساڵەکانی (1817-1825) سەرکۆماری ئەمریکا بووە. مۆنرۆ لە 2ی دێسەمبەری 1823 لە پەیڤێکی خۆیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وەڵاتانی ئەوروپی مافی ئەوەیان نییە لە کاروباری ئەمریکییەکان دەستێوەردان بکەن و لە بەرانبەریشدا ئەمریکییەکان نابێت دەستوەردەنە کاروباری ئەوروپییەکان. ئەم دوکترینە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو کە بریتین لە:
1ــ کیشوەری ئەمریکا نابێ بکەوێتە مەترسیی پەیوەستبوون بە خاکی هیچ وەڵاتێکی ئەوروپییەوە.
2ــ وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ پەرەپێدانی سیستەمە سیاسییەکانی ئەورووپا، لە هەر بستە زەمینێکی وەڵاتەکەدا بە مەترسییەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی خۆی دەزانێ.
3ــ ئەمریکا هیچ دەستێوەردانێک ناکات لە موستەعمەراتی ئەورووپادا.
4ــ ئەمریکا لە شەڕی وەڵاتانی ئەوروپی کە لەسەر بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەڵدەگیرسێ خۆی تێ هەڵناقورتێنێ.
ئەم سیاسەتە لە بەرایی سەدەی بیستەمدا بەم ئەنجامە گەیشت کە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتە ژەندەرمەی ئەمریکای باکووری و باشووری کە ئەمەش بووە هۆی کێشە و هەرا لەنێوان وەڵاتانی ئەمریکای لاتین لەگەڵ ئەو وەڵاتەدا. بە باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی سیاسەتی مۆنرۆ، ئێستەکەش وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەژمار دێت.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
زۆرینە
هەر وەڵاتێک، پێکهاتووە لە چەنن گرووپی جیاوازی خەڵک. گرووپێک کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی لە خۆ گرتبێت، پێی دەگوترێ زۆرینە. کۆمەڵگە مرۆڤیەکان لە لایەنی جۆراوجۆرەوە (سیاسی، ئابووری، ئایینی و زمانی و…) بە زۆرینە و کەمینە دابەش دەکرێن.
لە سیستەمی پەرلەمانی نوێدا بنەڕەتی «حکوومەتی زۆرینە» وەک بنەمای بڕیاردانی یاسایی پەسند کراوە. واتە هەر بابەتێک کە زیاتر لە پەنجا لە سەدی دەنگەکان بێنێت، یاساییە و دەبێ بەڕێوەبچێت. ئەگەریش بەڕێوە نەچوو، یاسا فەشەل ئەهێنێت. چونکە مەفرووزە کە بڕیاری زۆرینە، بڕیارێکی عەقڵی و ڕاستە و ڕەنگدانەوەی «ئیرادەی گشتی» یە. بەڵام واش نییە کە «زۆرینە» هەمیشە نەگۆڕ بێت چونکە ڕەگەزەکانی دەگۆڕێن و هیچ زۆرینەیەکیش بۆی نییە کە خۆی بە خاوەن حەقێکی پاوانخوازانە بزانێ و هەمیشە سەروەر بێت.
هەبوونی ئازادی بیر و ڕا و کۆبوونەوە و لێبوردەیی سیاسی و ئایینی لەم سیستەمانەدا و سنوورداری خولەکانی پەرلەمان، بۆ ئەوەیە کە دەرفەت بدرێتە کەمینە سیاسییەکان تاکوو بە تەبلیغی ڕێبازەکانیان، بتوانن هاوڕایەتی کەسانی تریش بە دەس بێنن و لە کەمینەوە ببنە زۆرینە و سەرەنجام فیکرە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان پیادە بکەن. بەم پێیە ڕەنگامەیی حیزب و گروپە سیاسیەکان و ئازادی کۆبوونەوە و تەبلیغ، یەکێک لە ئەستوونەکانی سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینەیە (بڕوانە ئازادیخوازی). زۆرینەی تەواو، کاتێک دێتە کایەوە کە لانیکەم نیوە لەسەر یەکی دەنگەکانی وەدەست هێنابێ.
زۆرینەی ڕێژەیی، ئەوەیە کە هەندێ لە دەنگەکان لەوانی دیکە زیاتر بێت، بێئەوەی زۆرینەی موتڵەق بەدەس هاتبێ. (بۆ وێنە، ڕێژەی 40% بە سەر 30% یان 20 % )
زیندانیی سیاسی
لە سیستەمە یاساییەکاندا زیندانی سیاسی بە کەسێک دەگوترێ کە بە هۆی بەزاندنی سنوورە یاساییەکانی دیاریکراو بۆ ئازادییە سیاسیەکان ــ کە لە دەستووری بنچینەییدا دیاری کراوە ــ هەروا خستنە ژێر پێی سنووری دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەت، بڕیاری زیندانی کردنی بۆ دەرئەچێ. گەورەترین تاوانی سیاسی کە لە یاساکانی سزاداندا بە «تاوانی باڵا» ناوبردە کراوە، پیلان گێڕان بە دژی یەکپارچەیی خاکی وەڵات و شەڕی چەکداری بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێمی سیاسی وەڵاتێکە.
لە لایەکی دیکەوە، دیلکردنی هەر تاکێک بە هۆی ئەو تاوانانەی سەرەوە، بە پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دادەنرێ چونکە ئەم جاڕنامە لە بەندی نۆزدەهەمدا دەڵێ: هەموو کەسێک مافی ئازادی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و ئەم مافەش بریتییە لەوەی کە بە هۆی بیر و باوەڕیەوە تووشی ترس و خۆف نەبێت و لە پێناو وەرگرتنی زانیاری و ئەندێشە و بڵاوکردنەوەیان، بە ئامرازی گونجاو بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەربەستێک، ئازاد بێت (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ).
ئەو کەسانەی کە لە ڕوانگەی ڕێکخراوە مرۆڤپارێزەکانەوە بە زیندانی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن، زۆربەی دەوڵەتان بە تێکدەر و تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و ناحەز ناونووسیان دەکەن و ئەندامبوونیان لە گرووپە نایاساییەکان دژ بەو پێناسەیە دەزانن کە بۆ زیندانی سیاسی کراوە.
لە یاساکانی سزادان، زۆرینە تاوانی سیاسی لە تاوانە ئاساییەکان جیا دەکەنەوە و بۆ تاوانبارانی سیاسی هەندێ مەرج و ئاسانکاری تایبەت لە بەرچاو دەگرن. بۆ وێنە ئامادەبوونی «ئەنجومەنی چاودێران» و مافی جیاکردنەوەی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئاسایی لە ناو بەندیخانەکاندا.
ستالینخوازی
بە سەرجەم سیاسەت و شێوازی حکوومەتی ژۆزێف ستالین (1879-1953)، سەرەک وەزیر و فەرماندەی گشتیی هێزەکان و سکرتێری حیزبی کۆمۆنیست و دیکتاتۆری یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو دەگوترێ. ئەم زاراوە، ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو شێوازی پیادەکردنی «مارکسیزم ـــــ لێنینیزم» ـــە لە سەردەمی حکوومەتی ستالین و هەندێ شرۆڤەی ئەم تیۆرییانە و ڕادەی سازدانیان لەگەڵ واقیعدا. ئەم شێوازانە بریتی بوون لە تیرۆریزم و بوروکراتیزم و ملدانی زۆرەکی بە دەستوورە ڕەهاکانی ستالین لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا جا چ لە سۆڤیەت بێ و چ لە نێوان حیزبەکان یان وەڵاتە کۆمۆنیستەکانی جیهان.
ستالینخوازی، لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە ستالین ڕەقیبەکانی خۆی بەتایبەت ترۆتسکی (بڕوانە ترۆتسکیزم) لە مەیدان بەدەر کرد و بوو بە جێنشینیی لێنین (1924). سیاسەتی ستالین ناسراو بە (سۆشیالیزم لە یەک وەڵاتدا) بریتی بوو لە هاوبەشێتی زۆرەملەیی کشت وکاڵ و پیشەسازی کردنی خێرای یەکییەتی سۆڤیەت. ستالین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، خەڵکی خستەژێر کۆنترۆڵێکی پۆلیسی و لەم ڕێگەوە شێوازێکی بێڕەحمانەی زۆری بەکارهێنا و پۆلیسی نهێنی (کاگا با) و نەریتی ڕژێمە تۆتالیتەرەکانی لەگەڵ تاکپەرستی تێکەڵ کرد.
فڕوفیشاڵی ستالینپەرستانە وایکرد، ئەو وەک فەرمانڕەوایەکی خێرخواز بناسرێت کە بە بلیمەتی و ئاوەزمەندییەوە توانیویەتی گەلانی خۆشبەخت و ئاسوودەی وەڵاتەکەی لە فیتنەی «کاپیتالیزم» (بڕوانە سەرمایەداری)، ڕزگار بکات. تەواوی دەزگە تەبلیغاتییەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت و سەرچاوەکانی هەواڵ و ئەمنیی و «ڕیالیزمی سۆشیالیستی» * لە ئەدەب و تەنانەت دەسکاریکردنی مێژووشی خستبووە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فیکرە لە ناوخۆ و دەرەوەدا. سەرکەوتنی سۆڤیەت لە شەڕی جیهانی دووهەم و بەربڵاوکردنی دەسەڵاتی خۆی لە پاش ئەم شەڕە، بە مانای سەرکەوتنی مێژوویی و بە مورادگەیشتنی ستالینیزم لە جیهاندا لە ئەژمار دەهات.
کۆمۆنیستەکان تا ئەو کاتەی ستالین مابوو، ئەویان بە گەورەترین شرۆڤەگەری مارکسیزم و باڵاترین سەرچاوەی تیۆری بزووتنەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم لە قەڵەم دەدا بەڵام پاش مەرگی لە کۆنگرەی بیستەمدا خرۆشچۆف، سکرتێری گشتی حیزبی کۆمۆنیست بیلانێکی لە تاوانەکانی ستالین بڵاوکردەوە و لە کۆنگرەی بیستودوهەم ئەم تاوانانە زیاتر لێکدرانەوە. ئینجا ستالینیزم بە سەرپێچی کردن لە فەرمانەکانی لینین زانرا و بە تاوانبار دەرچوو. لەمەودوا ناوهێنانی ستالین و بیروڕاکانی لە باو کەوت و ستالینیزم، بە زوڵم و زۆر و تاکپەرستی و دیکتاتۆرییەت و ڕژێمی پۆلیسی لێک درایەوە.
لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی بە دژی کۆمۆنیزم، حیزبی کۆمۆنیستی یۆگۆسلاڤیا یەکەم حیزبێک بوو کە بە دژی ستالینیزم و پێدرێژیی ستەمکارانەی سۆڤیەت بۆ سەر حیزب و وەڵاتە کۆمۆنیستەکان، ڕاپەڕی و ئەم کارەی بە لادان لە مارکسیزم - لێنینیزم لە قەڵەم دا.
یەکێک لە بەناوبانگترین شرۆڤەکانی ستالین کە لە تیۆرییەکانی مارکسیست ــ لێنینیست کردبووی، تیۆری «دەوڵەتی سەرەمەرگ» و «ئینتەرناسیۆنالیزم» بوو. ئەو لە وەڵامی ئەو کەسانەی بە ڕەخنە گرتن لە مارکسیزم پاش نەهێشتنەوەی چینی چەوساوە، (بە بڕوای ستالین ئەم چینە لە سۆڤیەت نەمابوو) مەسەلەی لەناوچوونی دەوڵەتیان باس دەکرد دەڵێ: دەوڵەت بە لاوازکردن، تووشی مەرگی کاوەخۆ نابێت بەڵکوو زیاتر، بە بەهێزبوونی دەفەوتێ. لە بابەت ئینتەرناسیۆنالیزمیش دەڵێ: «ئینتەرناسیۆنال، کەسێکە بە گیان و بەدڵ بۆ پاراستنی یەکییەتی سۆڤیەت لە خۆی ببورێ … چونکە هەرکەس گومان بکات کە بێ یەکییەتی سۆڤیەت دەتوانێ لە خەبات و شۆڕشی جیهانی داکۆکی بکات، لە ڕاستیدا بە دژی شۆڕش وەستاوە و دەکەوێتە ناو بازنەی دوژمنانی شۆڕشەوە». بەم پێیە ستالین، ستراتیجی و تەکتیکی حیزبە کۆمۆنیستەکانی بە شێوازێکی ڕەها دەبەستەوە بە سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەت. بەڵام ئەم تیۆرییە لە پاش مەرگی ستالین تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتکراوە و بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی پڕۆسەی ستالینسڕینەوە، کە بە گوزارشە پەنامەکیەکەی خرۆشچۆف (1965) دەستی پێکرد و تێیدا پەرستشی تاک مەحکووم کرابوو، باڵادەستی و مەرجەعییەتی سۆڤیەت لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم، تووشی نسکۆ هات. ئینجا، شەڕی ئایدیۆلۆجیکی چین و سۆڤیەت و لە پاشان، لادانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا - کە لەگەڵ حیزبە کۆمۆنیستەکانی فەرەنسە و ئیتالیا و ئیسپانیا، بەرەیەکی نوێیان بە ناوی «کۆمۆنیزمی ئەورووپی» پێکهێنابوو - لانیکەم، سێ بەرەی تری لێ جیا بۆوە. هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ستالینیزم لە مارکسیزم ـــ لینینیزم و سڕینەوەی شێوازی ستالینی پاش بێدەس مانەوەی خرۆشچۆف لە دەسەڵات لە سۆڤیەتدا هەرەسی هێنا کەچی فەرمانڕەوایانی دواتر، بێئەوەی ناوێک لە ستالین بێنن، هەندێ دەزگە و دۆگمای ستالینییان لەو وەڵاتەدا زیندوو هێشتەوە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن هەندێ دەزگەی ناحکومەتییەوە، سەرلەنوێ لایەنگری لە ستالین ـــ وەک ڕێبەڕێکی بەتوانا بۆ ئیدارەی حکوومەتی سۆڤیەت ـــ سەری هەڵداوە، تا ئەو ڕادەی کە چەندەها پەیکەری ستالین، نوێ کراوەتەوە و لە مۆزەخانەی تایبەت ڕێزی لێدەگیرێت.