تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کا.گێ.بێ
سەردێڕی کورتکراوەی دەستەواژەی ڕووسی Komitet Gosudarstvennoi Bezopasnosti بە واتای کۆمیتەی ئاسایشی دەوڵەتییە لە سۆڤیەت کە لە ساڵی 1945 دامەزرا بە مەبەستی پاراستنی دەسکەوتەکانی سۆشیالیزم و لەناوبردنی نەیارانی ناوخۆیی، پاراستنی سنوورەکانی وەڵات، کۆنترۆڵی بیرۆکراسی و چاودێریی بەسەر هێزە سەربازییەکاندا. جگە لەمانەش، کا.گێ.بێ، لەناو وەڵاتانی دەرەوە بە تایبەت وەڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەی پەیمانی وارشەو سیخوڕیی دەکرد تاکوو هەژمۆنی خۆی زیاتر بسەپێنێت. کا.گێ.بێ، هەروەک دەزگە ئاسایشییەکانی بەرلە خۆی، نموونەی بێڕەحمی و دڵڕەقی و توندوتیژی بوو لە بەرانبەر شارۆمەندانی ڕووسیدا.
پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت و کۆدەتای 19/8/1991، ئەم ڕێکخراوە ترسناکە لێک هەڵوەشا و لە ساڵی 1992 بەملاوە ڕێکخراوەیەکی بچووکتر بە ناوی بەشی هەواڵگری ناوەندی کۆماری ڕووسیا، جێگەی گرتەوە.
دەوڵەتی کاتی
دەوڵەت یا حکوومەتێک کە لە بەرزەخێکی سیاسی واتە لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵات لە سیستەمێکی سیاسیەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی دیکە دروست دەبێ و تا پەسندکردنی دەستووری بنچینەیی نوێ و دانانی دامودەزگەی تازەی سیاسی، کاروباری وەڵات لە ئەستۆ دەگرێ. (بۆ نموونە گۆڕینی سیستەمی بەعسی عێراق بە سیستەمی کۆماری فیدراڵی لە ساڵی 2005 لەم وەڵاتە یان گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979). ڕەنگە دەوڵەتی کاتی لە دەرەوەی وەڵات بنیات بنرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو وەڵاتە داگیرکرابێت یا سەرقاڵی شەڕ و شۆڕش بێت. ئەم جۆرە دەوڵەتە هەروەها بە دەوڵەتی ئازاد* ناوبردە دەکرێت.
سۆسیال کاتۆلیسیزم
بریتیە لە بزاوتێکی فیکری کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە دەستی پێکردووە. ئەم ڕێبازە خەباتی خۆی بە دژی سنعاتیبوون بە شێوازی لیبرالیستی و هاوڕێ لەگەڵ قوتابخانەی تاکگەرایانە هێورتر کردووە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە وێڕای بایەخدانان بە باوەڕە ئایینیەکانی خۆیان، بە بنەمای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیش بڕوایان هەیە. ئەو کاتۆلیکانەی کە خۆیان بە سۆسیال دەزانن، لە سەدەی نۆزدەوە بە دژی تاکگەرێتی بێسەروبەری کۆمەڵگەی لیبرالی و ئابووری لیبرالی دەست بەکار بوون. ئەم بزاوتە خەباتی خۆی کێشاوەتە ناو کۆمەڵە کرێکارییەکان و بە شێوازی تیۆریک درێژە بە خەبات بەدژی تاکگەرێتی و بێباوەڕی دەدات.
مەک کارتیزم
ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ جۆزف مەک کارتی (1957ــ1909) سیناتۆری ئەمریکایی کە لە ساڵی 1946 خۆی بۆ ویلایەتی ویسکانسین پاڵاوتبوو. مەک کارتی نوێنەری ئەندێشەی توندڕەوانەی ئەمریکایی بوو بەدژی لیبراڵەکانی ئەم وەڵاتە و هەندێ لە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی بە لایەنگری لە کۆمۆنیزم تۆمەتبار کرد و ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیریشی هەر بەم تۆمەتەوە کێشایە ژێر لێپرسینەوە و گوشار. قۆناغی گەشەی مەک کارتیزم، سەردەمی شەڕی سارد بوو کە بە «شەڕی پیرۆز» بەدژی کۆمۆنیزم ناوی دەرکرد.
ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی کار
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1919 وەکوو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ، بەڵام لەژێر چاوەدێری «کۆمەڵی نەتەوەکان» بەمەبەستی باشترکردنی هەلومەرجی ئیشوکار و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و پێشخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جیهان دامەزرا. لە ساڵی 1946 «ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان»، ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوەی لەسەر ئەو بابەتانەی ئاماژەی پێ درا بە ڕەسمی ناساند و لەوە بەدوا وەکوو یەکێک لە دەزگە پسپۆڕییەکان ناونووس کرا.
ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوە بەوردی بریتیە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی کار، وەکوو ئاستی مووچە و هەقدەست و ماوەی کارکردن و بیمەی بێکاری، تەندروستی شوێنی کار، مەرجەکانی کارکردنی ژنان و مێرمنداڵان، پێشبینی سەردەمی پیری و نەخۆشی و پشتیوانیکردن لەو کرێکارانەی کە لە هەندەران ئیش دەکەن. ناوەندی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ ــە. 10 وەڵاتی (ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتالیا، چین، ژاپۆن، سۆڤیەت، فرەنسا، کەنەدا و هێندستان) بەهۆی پێشکەوتن لە پیشەسازیدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتین و 38 ئەندامەکەی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵدەبژێرن.
کابینە
بە واتای ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگە و سکرتاریەتە و بە گوێرەی پێویست لە هەر سێ حاڵەتدا بەکاردێت بەڵام پتر بۆ ئەنجومەنی وەزیران و هەندێ جاریش لەجیاتی حکومەت بەکاردەبرێت. ماهییەتی کابینە لە وەڵاتاندا جیاوازە. لە بریتانیا ئەندامانی کابینە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە هەڵدەبژێردێن کە لە بەرانبەر مەجلیسی عەوامدا بەرپرسیارن. لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەندامانی کابینە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە هەڵدەبژێردرێن و هەموان لە بەرانبەر ئەودا بەرپرسیارن. سەرۆکی کابینە بە سەرەک وەزیران، ڕاوێژکار و سەرۆکی دەوڵەت ناوی دەرکردووە.
کارتل
ئەم زاراوە لە ڕیشەی cartello ئیتالیایی بە مانای هێماکردن و شەڕفرۆشتن و خەبات و هاوپەیمانی خاوەن بەشە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازییەک بەکار براوە. کارتل لە وەڵاتانی سەرمایەداری بۆ چالاکی ناڕەوای بازرگانی بە مەبەستی ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی کاڵایە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی بەرهەمهێنان. کارتلەکان هەندێ جار بە پشکبەندی کردنی بەرهەمهێنان یا بە کەمکردنەوەی خستنەڕووی کاڵایەکی تایبەتی بۆ فرۆشتن، دەبنە هۆی زیادکردنی نرخی ئەو کاڵایە لە بازاڕدا یا بە نزمکردنەوەی بە ئەنقەستی نرخەکان، ڕکابەرانی خۆیان لە گۆڕەپانەکە وەدەردەنێن و پاش تێکشکاندنی ئەوان ئینجا نرخەکان بەرز دەکەنەوە.
کارتلەکان تەنها لەسەر ئاستێکی نەتەوەییدا کارناکەن بەڵکوو هەندێ جار چەندین کۆمپانیای گەورەی هاوچەشن لە وەڵاتانی جۆراوجۆر یەکدەگرن و کۆنترۆڵی بەرهەم و بەرز و نزم کردنەوەی نرخی یەک یا چەند کاڵا لە بازاڕەکانی جیهاندا دەکەن. نموونەی کۆنترین کارتلی جیهان (1896) یەکیەتی نێوان کۆمپانیاکانی ئالکۆ (ئەمریکا) و ئالاگ (سویسرا) یە کە تەکنۆلۆژی ئەلمینیۆم یان بەدەستەوە گرتووە.
کاریزما
1ـــ بەهرەیەکی مەعنەوی، ودم یا توانستێک کە وادەزانی لە لایەن یەزدانەوە بە کەسێک کەرەم کرابێت تاکوو بەو پێیە هەندێ کاری سەیر و سەمەرە ئەنجام بدات. 2ـــ توانستێکی تایبەتی کە بەهرەدارەکەی پێی وایە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جەماوەر لە پشتیوانییەکی پڕسۆزی ئەوان بەهرەوەرە.
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا بە واتای «یارمەتی خواوەندی» یە. ماکس ڤێبەر، کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی (1864ــــ 1920) ئەم وشەی لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بەکارهێناوە و مەبەستی لەم زاراوە،«گەوهەرێکی تایبەت» بووە کە بە کەسێک یا شتێک حاڵەتێکی بێوێنە و سەیروسەمەرە دەبەخشێ. ڤێبەر لە نێوان کاریزمای تاکەکەسی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخسێکی تایبەت و کاریزمای مەقام، کە دەگەڕێتەوە بۆ پلەوپایە و مەقامێک، جیاوازی قاییل دەبێت. ئەو چەمکی کاریزمای لە بەستێنی تیۆری گشتی دەسەڵاتدا بەکارهێنا و بەم پێیە سێ جۆر ڕەوایی (مشروعیت) ی ناوبردە کرد: سوننەتی، کاریزمایی و قانوونی ـــ عەقڵانی. ڤێبەر لەم دابەشکارییە بۆ شرۆڤەی پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کەڵکی وەرگرت.
ئەو پێی وابوو هەرکاتێک کۆمەڵگە و ئایینەکان لە ژێر فرمانی ئەو سوننەتانەدا بن کە پیرۆزییەکەیان لە ڕابردوو گرتبێت، تەنیا هێزێک کە توانایی ململانێی هەبێت، ڕێبەرێکی کاریزمایە کە شەرعییەتی خۆی لە بەهرە شەخسییەکانی وەرگرتبێت. کۆمەڵناسەکان ئەم زاراوەیان لە باری سیاسییەوە بۆ کەسایەتیگەلێکی وەک نکرۆمە لە غانا، سۆکارنۆ لە ئەندونیزیا و نیهرۆ لە هیندستان بەکار بردووە و پێیانوایە کە بەهرەی شەخسی ئەوان بۆتە سەرچاوەی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکانیان. بەڵام ئەم زاراوە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بۆ هەموو دیاردە و کەسانێک بەکار دەچێت کە بە هۆی تواناییەکی تایبەت و سەیرەوە، لەگەڵ ڕەشەگەل و جڤاک جیاوازییان هەیە.
کارەسات
بە واتای گەردەلوولی جیهانی و ژێروژوور بوونی بارودۆخی گۆی زەوی یا هەر ڕووداو و پێشهاتێکە کە ڕەوشی زەوی یا دامودەزگەی جیهانی مرۆیی تێکوپێک بدات. ئەم زاراوە بۆ ئەو ڕووداو و پێشهاتە گەورانە بەکاردێت کە بارودۆخی ئاسایی سروشت لەسەر گۆی زەوی بگۆڕێت (بڕوانە زستانی ئەتۆمی). لە زاراوەی سیاسیدا بە واتای گۆڕانکاری توندی سیاسی و کۆمەڵایەتی مانا کراوەتەوە.
کاسترۆئیزم
کاسترۆئیزم، ئاوێتەیەکە لە ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی ئەمریکای لاتین و ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیزم کە لە ساڵی 1959 لە لایەن فیدل کاسترۆ ڕێبەری کووبا هاتۆتە ئاراوە. کاسترۆ لەو ساڵەدا پاش سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی دیکتاتۆری باتیستا، توانی شۆڕشی کووبا بگەیەنێتە ئەنجام. بزاوتی شۆڕشگێڕانەی کووبا کە لە ساڵی 1953 دەستی پێکرد، لە سەرەتاوە هیچ ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێکی ڕوون و ئاشکرای نەبوو. لە ساڵی 1961، کاسترۆ ڕووی کردە مارکسیزم ـــ لینینیزم و بزاڤی چەکداریی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا تێکەڵ کرد و ئەوەش بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی کووبا بەڵام کاسترۆ هەندێ لایەنی شۆڕشی کووبای بە زیندوویی ڕاگرت و بەم جۆرە ڕواڵەتێکی تایبەتی بە کاسترۆئیزم بەخشی.
دوابەدوای شۆڕشی کووبا، کاسترۆ پێوەندیەکی گەرمی دیپلۆماسی لەگەڵ یەکیەتی سۆڤیەت کردەوە و کووبا لە باری ئابوورییەوە کەوتە دوای وەڵاتانی کۆمۆنیستییەوە. لە ساڵی 1961، دەوڵەتی ئایزنهاور (سەرکۆماری ئەمریکا)، گەمارۆی ئابووری بەسەر ئەم وەڵاتە داسەپاند و پێوەندی سیاسی و ئابووری لێ قەدەغە کرد. کاسترۆ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی کووبا هەزاران کەس لە نەیارانی خۆی خستە بەندیخانە و لە سێدارەی دان. ئینجا حکوومەتێکی سۆشیالیستی تاکحیزبی پاوەجێ کرد. کاسترۆ لە نێوان بزاوتە سەربەخۆکانی ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، کەسایەتییەکی تەنیا و گۆشەگیرە. ئەگەرچی ئەو هەوڵی زۆری دا تاکوو بزاوتە کۆمۆنیستیەکەی بکێشێتە ناو نەتەوەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین بەڵام دەوڵەتی کەنەدی ئەم هەوڵانەی لەبار برد. لە ساڵی 1963، چواردە وەڵاتی ئەمریکای لاتین پێوەندی دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ کووبادا پچڕاند و ڕژێمی کاسترۆ پتر گۆشەگیر بوو. دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989، پێوەندی دیپلۆماسی ڕژێمی کاسترۆ لەگەڵ ئەم وەڵاتە کۆتایی پێهات و ئەمەش بووە هۆی زیانێکی زۆر بە ئابووری کووبا.
کاپیتۆلاسیۆن
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی capitulare وەرگیراوە و بە مانای پەیمان و گرێبەست و ڕێککەوتن هاتووە کە لە نێوان دەوڵەتاندا دەبەسترێ. بەپێی ئەم پەیمانە ئەگەر هاووەڵاتیانی بێگانە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی دیکەدا تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێ بکەونە ژێر پارێزگاریی یاساکانی وەڵاتی خۆیان و لە لایەن کۆنسولێک کە نوێنەری ئەو دەوڵەتەیە بۆ دادگە بانگهێشت بکرێن. ئەم جۆرە پەیماننامانە پتر لە لایەن دەوڵەتانی ئەورووپییەوە بەسەر دەوڵەتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دائەسەپا. لە ڕاستیدا بیانووی ئەم وەڵاتانە ئەوە بوو کە هاووەڵاتیانی ئەوان لە ڕووی دادوەرییەوە پارێزراو نین و لە لایەن بەرپرسانی ئەو وەڵاتانەوە ناپارێزرێن. بەڵام ئەوان بەم بیانووە دەیانویست بگەنە ئامانجە کۆلۆنیالیستیەکانی خۆیان. لەم سەردەمەدا کاپیتۆلاسیۆن گرنگی خۆی لە دەست داوە و لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دژایەتی دەکرێ و وەڵاتانێکی وەک ژاپۆن، تورکیا، میسر و ئێران و چین پووچەڵیان کردۆتەوە.
کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کورد)
ئەم کۆمەڵە لە ڕێکەوتی 16/9/1942 (بەرانبەر بە 25ی خەرمانانی 1321ک.ه) لە شاری مەهاباد لە لایەن چەند کوردێکەوە بە مەبەستی برەوپێدانی بیروباوەڕی نەتەوایەتی لەناو جەماوەری کوردی دامەزرا. هەندێک لەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەم ڕێکخستنەدا بریتین لە: ڕەحمان عەلەوی، محەمەدئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوازادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فرووهەر (زەڕگەری)، عەبدوڕەحمان ئیمامی، قاسم قادری، میرعەبدولڵا داودی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهوو، میرحاج (کوردستانی عێراق) و قادر مودەڕسی. لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە 100 کەس. هەموو کوردێک دەیتوانی لە کۆمەڵەدا ببتە ئەندام. هەرکەس ببوایە بە ئەندام، لە دیدارێکی نهێنی و بە ئامادەبوونی سێ کەس لە ئەندامانی دامەزرانەر، حەوت جار سوێندی بە قورئان دەخوارد کە بەم شەش خاڵەی خوارەوە وەفادار بمێنێت.
1ـــ بە نەتەوەی کورد خەیانەت نەکات.
2ـــ هەوڵ بدات بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان.
3ـــ هیچ نهێنیەک نەدرکێنی چ بە زمان چ بە نووسین.
4ـــ تا دوایین ڕۆژی ژیانی هەر ئەندام بێت.
5ــــ هەموو پیاوێکی کورد بە برا و هەموو ژنێکی کورد بە خوشکی خۆی بزانێت.
6ـــ بێ ئیجازەی کۆمەڵە لە هیچ پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکەدا نەبێتە ئەندام.
لە مانگی گوڵانی 1943 ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە ئامادەبوونی سەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە، لە سەر کێوی خواپەرست، لە نزیک مەهاباد، هەڵبژێردران. بەڵام کەسێک بەناوی سەرۆک یا سکرتێر دیاری نەکرا بەڵکوو کۆمیتەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوون لە ڕەحمانی زەبیحی، ڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار موکریانی) و محەمەد یاهوو، وەک دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشان کران. لە مانگی ڕەزبەری 1944 قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف. کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی هیوا (کوردستانی باشوور) و خۆیبوون (کوردستانی باکوور) پێوەندی بووە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا. پاش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی 16/8/1945 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵەی ژ.کاف لەناو ئەو حیزبەدا توایەوە.
ئازادییە مەدەنییەکان
بەو ئازادییە کەسەکی و کۆمەڵایەتییانە دەگوترێ کە دەستی بە سەر پێوەندییە مەدەنییەکانی تاکدا گرتووە و یاساش لە بەرانبەر هەرچەشنە دەستێوەردانێکیان ڕادەوەستێ، مەگەر ئەوەیکە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناکۆک بێت. ئازادییە مەدەنییەکان لە زاراوەی یاساییدا پێی دەگوترێ"مافەکانی تاک".
ئازادی مەدەنی، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەندێشەی سیاسی دیموکراتیکی نوێیە و لە ماناێیکی بەربڵاودا بریتییە لە: ئازادی تاک بۆ ئەنجامی هەر کردەێیکی کەسی و هەبوونی ماڵ و دارایی و سوود لێوەرگرتنیان و ئازادی بڕوای ئایینی و پەرەستشی ئازاد و ئازادی بیروباوەڕ. لە سیستەمێکی یاسامەنددا قانوون لە بەرانبەر دەسدرێژکردنی دەوڵەت یا هەرکەسێکی دیکە بۆ سەر ئەم ئازادییانە دەوەستێ و پشگیرییان لێ دەکات. هەندێ لە پێناسەکان، مانای ئازادی تاک تەنیا بە پاراستنی تاک و بڕوا و داراییەکانی لە بەرانبەر دەسکاری خۆخوازانەی حکوومەت دەبەستنەوە.
هەندێ جار ئازادییە مەدەنییەکان بە بژاردە ناوبردە دەکەن، وەکوو ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و بڵاوکردنەوە و سازدانی ڕێکخراوە و کۆبوونەوە بێ مەترسی یان سزادانی دەوڵەت. کاتێک ئەم ئازادییانە بە بژاردن بێتە ئاراوە، ڕیزکردنییان بەپێی کۆمەڵگەکان جیاواز دەردێ و ناکری لیستێکی هاوشێوە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان تۆمار بکرێت. بەڵام لە باری سیاسییەوە، ئازادی بیروڕا و مەرام و کۆمەڵ و ڕادەربڕین، لە جوملەی ئەو ئازادییە سەرەکییەکانەن کە تەواوی دەستوورە دیموکراتییەکان لەسەری کۆکن.
ئەنجومەنی جیهانی کلێسەکان
ئەم ئەنجومەنە پێکهاتووە لە کلێسەکانی پرۆتیستان و ئۆرتۆدۆکس کە لە ساڵی 1948 دامەزراوە و دوایی دامەزرانی ئەنجومەنی ڤاتیکانی2 (1969)، ئەندامانی کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆماش هاتنە ناو ڕیزی ئەم ئەنجومەنەوە. ئەنجومەن لە بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان دەکۆڵێتەوە و سەرنجێکی تایبەتیش دەداتە کێشەی وەڵاتانی جیهانی سێهەم. ئەم پێکهاتە بە دژی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ئاپارتایدە.
ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس
ئەم ئەنجومەنە لە 25/5/1981 بە ئەندامەتی وەڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ویلایەتی میرنشینی عەرەبی، عەممان و عەرەبستان لە ئەبوزەبی دامەزرا. ئامانجی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە، پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەندامەکانیەتی. نووسینگەی ئەنجومەن لە ڕیاز، پێتەختی عەرەبستانە. ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ساڵی 1994 بڕیاری دەرکرد کە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئیسراییل لا بچێت. ئەم گەمارۆیە کە ئیجازەی مامەڵە و دانوستانی لەگەڵ کۆمپانییەکانی سەربەم وەڵاتە، نەدەدا لە ساڵی 1947 لە لایەن یەکیەتی عەرەب دەرکرابوو.
جاڕنامەی ئیسلامی مافەکانی مرۆڤ
جاڕنامەی ئیسلامی مافی مرۆڤ لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لە ساڵی 1990 لە قاهیرە پەسند کرا. ئەم جاڕنامە بەپێی سەرمەشقەکانی ئایینی ئیسلام، مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاکی خستۆتە بەرچاو و هەوڵ دەدات تاڕادەیەک خوێندنەوەیەکی هاوشێوە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی نائایینی و سەر زەمینییەوە بدا بەدەستەوە.
جاڕنامەی سەربەخۆیی وەڵاتە داگیرکراوەکان
لە ڕێکەوتی 14دێسەمبری 1960 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆڵۆنیایی و داگیرکراو (جاڕنامەی کۆتایی داگیرکاری) کە لە لایەن 43 وەڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی ئامادە کرابوو بە کۆی 90 دەنگی ئەرێنی و 99 دەنگی یپارێزکەر و بێ هچ دەنگێکی نەیار، پەسندی کرد. لەم جاڕنامەدا ڕوون کراوەتەوە: ژێردەستەبوون، وەبەرهێنان، یا خستنە ژێر ڕکێفی جەماوەرێک لە لایەن حکوومەتێکی بێگانە، پێشێلکەریی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەژمار دێت و ڕێگڕێکە لەبەردەم ئاشتی و هاریکاریی نێودەوڵەتیدا.
بۆ نەهێشتنەوەی ئەم بەربەستانە، کۆمەڵی گشتی «داواکاری کۆتایی هێنانی خێرای داگیرکارییە و دەخوازێت، بێ هیچ مەرجێک سەربەخۆیی وەڵاتانی داگیرکراو لەژێر دەسەڵاتی بێگانە» ڕاگەیەندرێت.
ئەم جاڕنامە لەسەر ئەوە جەخت دەکات کە نەبوونی ئامادەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وەڵاتانە نابێت ڕێگر بێت بۆ دواخستنی پڕۆسەی سەربەخویی.
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێسانامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەم جاڕنامە بریتیەلە ئامانج و پرەنسیپ و یاسا و ڕێساکانی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە یەک پێشەکی، 111 بەند و یەک پاشەکی حەفتا بەندی کە پەیوەستە بە دادگەی نێونەتەوەیی داد. جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 24/10/1945 لەپاش پەسندکردنی دەوڵەتانی چین، فرەنسا، بریتانیا، سۆڤیەتی پێشوو، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆرینەی وەڵاتانی ئەندام، گەیشتە قۆناخی جێبەجێکردن.
جیاکردنەوەی هێزەکان
ئەم زاراوە دەلالەت دەکا بە سەر دابەشکردنی دەسەڵات لە بەینی دەزگە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت کە لە ئەنجامدا هەر دەزگەیەک خۆی بە ئەرک و تەوزیمێکی جیاوازەوە سەرقاڵ دەکا و لەم بەستێنەشدا کەمتاکورتێک بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە دەزگەکانی دیکە ئیش دەکات. لە ڕاستیدا ئەم بیرۆکە بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی زۆرداری و ملهوڕیی ئاڕاستە کراوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکوومەت لە شوێنێکدا چەق نەبەستێ و کۆ نەبێتەوە. سەرچاوەی ئەم بیرۆکە ئەگاتەوە بۆ ئەرەستوو بەڵام بە شێوەی نوێ و ئەمێستایی ئەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفانی سیاسی سەدەکانی 17و18ی ئەورووپا، بە تایبەت «جۆن لاک» لە بەریتانیا و مۆنتسکیڤ لە فەرەنسە. نەریتی هەڵوەشاندنی هێزەکان لە حکوومەتدا بە سێ هێزی ڕاپەڕاندن، یاسادانان و دادوەری بووە.
لەم بارەوە شرۆڤە و پرسی جیاوز لە ئارادایە کە بریتین لە: ئەو ئەرک و تەوزیمانەی کە ئەبێ بە وردی لێک جیا بکرێنەوە کامانەن؟ ڕادەی سەربەخۆیی پێویست چەندەیە؟ تا چ ڕادەیەک چاودێری دەزگەکان بە سەر کاری یەکتردا ئەگونجێت؟ و ئەم بابەتەش کە ئایا دەرەئەنجامی جیاکردنەوەی هێزەکان، هاوتەرازیی دەزگە جیاوازەکان دابین دەکات؟
بنەمای جیاکردنەوەی هێزەکان، بۆ یەکەم جار بە لەبەر چاوگرتنی بیرۆکەی مۆنتسکیڤ لە دەستووری بنچینەیی ئەمریکادا هاتە ئاراوە. ئەم دەستوورە هێزی ڕاپەڕاندنی سپاردە سەرکۆمار و هێزی یاسادانانیشی بە کۆنگرێس بەخشی. دوای شۆڕشی فەرەنسە و بە لەبەرچاوگرتنی دەستووری بنچینەیی ئەمریکا، ئەم بنەڕەتە لە دەستووری فەرەنسەشدا پەسندکرا و ئینجا ئەم فیکرە زۆربەی وەڵاتانی دیکەی جیهانی گرتەوە.
داگیرکاریی (ئیستیعمار)
ئەم وشە بە مانای حەز بە ئاوەدان کردنەوەیە بە چەشنێک کە تاقمێک لە خەڵکی وەڵاتێک بچنە وەڵاتێکی دیکە و دەست بدەنە ئاوەدانکردنەوەی ئەو جێیە. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای زاڵبوونی سیاسی، سەربازی، ئابووری یا کەلتووری وەڵاتێکی بەهێزە بە سەر وەڵات یا نەتەوەیەکی بێدەسەڵاتدا. چەمکی ئیستیعمار، ئەمڕۆکە لەگەڵ چەمکی ئیمپریالیزم لە باری ماناییەوە هاوڕەگەزیان لێ دەرهاتووە و لە بنەڕەتدا ئیستیعمار کردارێکی ئیمپریالیستی ناونووس دەکرێت واتە دەسەڵاتێک کە دەیهەوێ لە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی تێپەڕ ببێ و وەڵاتان و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر سوڵتەی خۆیەوە. بەم بۆنەوە دوو زاراوەی «ئیستیعماری سوور» و «ئیستیعماری ڕەش» هاتونە ئاراوە کە یەکەمیان، سیاسەتی داگیرکارییانەی یەکیەتی سۆڤیەت بووە و دووهەمیش، هێزە ئیمپریالیستیەکانی ڕۆژاوا. هەر بەم قیاسە، پاکستانیەکان لەبارەی «کەشمیر»ەوە ڕوویانکردۆتە «ئیمپریالیزمی قاوەیی» .
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم سەندوقە لە ساڵی 1976 بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ژنان دامەزرا بەڵام دواتر لە ساڵی 1985 ناوی گۆڕا بە سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سەندوقە بە ژنانی دەستەنگ و کەمداهاتی وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن یارمەتی دەگەیەنێت و ناوەندەکەشی لە شاری نیۆیۆرکی سەر بە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
سەندیکالیزم
سەندیکالیزم لە وشەی لاتینی syndicus بە واتای یەکێتی وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بزاڤێکی کرێکاری بوو کە لە 1890 لە فرەنسی سەری هەڵدا بە مەبەستی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵ و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتەوە بۆ یەکێتیە پیشەییەکان. سەندیکالیزم، سیاسەت وەلادەنێت و بۆ خەباتی چینایەتیش وەک «کردەوەیەکی پیشەسازییانە» دەڕوانێ و بە شتێکی کارامەی دەزانێ. سەندیکالیستەکان بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و یەکگرتنی کرێکارانیان بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن لە هەر چالاکییەکی پیشەیی دەزانی.
سەندیکالیزم لە 1907 لە بەریتانیا بڕەوی پەیدا کرد. بزاڤی کرێکاری توندڕەوی بەریتانیا، بەم دروشمە دەیهەویست خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە چنگی خاوەنداران دەرکێشێ و ڕادەستی یەکێتییەکانی بکات.
سەندیکالیزم بزاڤێکە بە دژی سەرمایەداری کە داواکاری خودموختارییە بۆ گروپە کرێکارییەکان و لە هەر چالاکییەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری پشتگیری دەکات. کەواتە سەندیکالیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان کە دەیانهەوێت لە ڕێی پەرلەمان یا شۆڕش دەست بگرن بە سەر حکوومەتدا جیاوازییان هەیە. سەندیکالیستەکان وەک ئانارشیستەکان، دەوڵەت بە ستەمکار دەزانن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کاری تێکدەرانە و مانگرتنی گشتی و ئاژاوە ئەنجام دەدەن. بە گشتی ئەم ڕێبازە، کرێکاران بە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگە دەزانێ و دەبێ کرێکارانی هەر پیشەیەک سەندیکای تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە دەستەوە بگرن و دەست وەردەنە هەموو کاروبارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نییە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشی 1917 لە سۆڤیەت، سەندیکالیزم بڕەوی نەما و لایەنگرەکانی، یان ڕوویانکردە کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانەی سۆڤیەت یان کەوتنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دیموکراسی ڕۆژاوا بۆ بڕەو پێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێی بڵاوبوونەوە لە یەکیەتی پیشەسازی و چالاکی پەرلەمانی.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
فێڤرالیستەکان
ئەم زاراوە لە وەڵاتانی کۆمۆنیستیدا بەو گرووپە دەگوترێ کە لایەنگری ڕۆژاوا بووە و خۆی بە لایەنگری «شۆڕشی فێورییە» دەزانی و «شۆڕشی سۆشیالیستی» و دەسکەوتەکانی ڕەت دەکردەوە. لە ساڵی 1917 دوو گۆڕانکاری لە سۆڤیەت، ڕووی دا: یەکەمیان، «شۆڕشی فێورییە» بووە و دووهەم، «شۆڕشی ئۆکتۆبەر». کۆمۆنیستەکان شۆڕشی فێورییە بە «شۆڕشی بورژوا دیموکراتیک» دەزانن و شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بە «شۆڕشی سۆشیالیستی» لە قەڵەم دەدەن.
مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
مافەکانی مرۆڤ
مافی مرۆڤ، شێوازێکی نوێیە لە تیۆری مافی سروشتی کە یەکەم جار جان لاک (1632-1704) فەیلەسوفی ئینگلیزی، تیشکی خستە سەر و دواتر بە ناوی مافی مرۆڤ لە قەڵەم درا. مافی مرۆڤ بە کۆمەڵە مافێک دەگوترێ کە مرۆڤەکان بە حوکمی مرۆڤ بوونیان ــ نەک لە بەر یاسا ــ دەبێ لێی بەهرەوەر بن.
یەکەمین قەرار و بڕیاری نێو نەتەوەیی بۆ داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ، بۆ پشتیوانی کردن لە مافی خەڵکانی دەرەکی لە بەرانبەر ئازاردانی مەقاماتی خۆجێیی بوو. بە درێژایی سەدەی 19 زۆربەی دادگە نێونەتەوەییەکان، نیمچە قانوونێکیان بۆ ڕەفتار کردن لەگەڵ خەڵکانی بێگانە پەسند کردلە پاش شەڕی جیهانی یەکەم، زنجیرە پەیماننامەیەک لە نێوان دەوڵەتە ئەورووپییەکان واژۆ کرا کە چەند وەڵاتی ئەورووپی بە پشتیوانی کردن لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و نەژادییەکانی پێمل دەکرد و کۆمەڵی نەتەوەکانیش بە سەر ئەم بڕیارەدا چاودێری دەکرد.
یاسا نێونەتەوەییەکان بە گشتی گوێ نادەنە پێوەندی دەوڵەت و شارۆمەندەکانییەوە بەڵام ئەگەر بێتو ئەم پێوەندییە دوور بێ لە بنەمای مرۆڤی و دژ بە عەدالەت ڕاوەستێ و ویژدانی مرۆڤ بهەژێنێ، ئەوا ناچار دەبێت خۆی تێهەڵقوتێنێ. بۆ وێنە پاش سەدەی 19 بازرگانی کردن بە کۆیلە بە تەواوی مەحکووم کرا و دوای کوشتاری بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکان بە دەس عوسمانی، وەڵاتانی ئەورووپی کەوتنە هەوڵ ودەوڵێکی زۆرەوە بەڵام ئەو شتەی کە داکۆکی نێونەتەوەیی لە مافی مرۆڤ بەربڵاو کرد، جەنایەت و کوشتوکوشتاری کەمینە و دانیشتووانی وەڵاتە داگیرکراوەکان بە دەس ڕژێمی نازییەوە بوو.
لە کۆنفەرانسی سان فڕانسیسکۆ (1945) کە بۆ دەرکردنی بەیاننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ساز درابوو زۆرێک لە وەفدە نوێنەرایەتیەکان، پێداگرییان کرد کە لە بابەت مافی مرۆڤ و بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هەندێ پێشنیاز بکرێت بەڵام لە بەر ئاستەنگی و گرینگی بابەتەکە ئەم کارە نەکرا و تەنیا لە چەند شوێنی بەیاننامە کە بە زاراوەی مافی مرۆڤ ئاماژە کرا.
بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ: کۆمیسیۆن، بەیاننامەکەی لە مانگی ژووەنی 1948 ئامادە کرد و کۆنگرەی گشتی لە دانیشتنی 10ی دیسەمبەری 1948 بە تێکڕای دەنگ پەسندی کرد. (6 ئەندامی بلۆکی سۆڤیەت و عەرەبستانی سەعودی و ئەفریقای باشور لە دەنگدان خۆیان پاراست) کۆنگرە ئەم بەیاننامەی وەک «پەیمانێکی هاوبەش بۆ هەموو گەل و نەتەوەکان» ڕاگەیاند و هاوکات دەبوا هەموان «بە فێرکردن و پەروەردە بۆ ڕێزدانان بەم ماف و ئازادییانە تێبکۆشن و بە هەنگاونانی کاوەخۆ لە ئاستی نێونەتەوەیی، ناساندن و پاراستنی لە سەرانسەری جیهاندا مسۆگەر بکەن».
بەیاننامەکە جگە لە پرەنسیپی مافە سیاسی و مەدەنییە پەسندکراوەکان لە دەستوورە بنچینەیی و دیموکراتیکەکان، چەندین مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریشی تیا گونجاوە. یەکەمین بابەت لەم مافانە، بریتییە لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و ئاسایشی تاک، پاراستنی تاک لە بەرانبەر زیندانی کردنی نایاسایی و ناردنە تاراوگە، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی دادپەروەرانە و ئازاد و سەربەخۆ و بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و ویژدان و ئایین و ئازادی کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە. لە بەیاننامەکەدا چەند مافێکی نوێ گونجاوە کە بریتییە لە: مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، مافی ئیشوکار، مافی پەروەردە، مافی هاوبەشێتی لە ژیانی کەلتووری کۆمەڵگە و مافی بەهرەمەندی لە هونەر و پیشکەوتنی زانست و بەرهەمەکانی.
پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە ئەورووپا: داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ تەنیا لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە و ئێستا چەند ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی ئەم ئەرکە بە ئەنجام دەگەێینن. بۆ وێنە «ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی» یان «پەیماننامەی ئەورووپایی مافی مرۆڤ» سەر بە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا. لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافی مرۆڤ» بۆ پیادەکردنی ئەم پەیماننامە دامەزرا و هەموو کەسێک، بۆی هەیە لە دەوڵەتی خۆی، داد بۆ ئەم دادگەیە بەرێت و شکات بکات. بەم پێیە بۆ پشتیوانی ڕاستەوخۆی نێونەتەوەیی لە مافی مرۆڤ، ئەم هەنگاوانە نراوە.
دەقی بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ
لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرواری 10ی دیسەمبەری 1948 دا پەسند کرا و ئەم ڕێکخراوە لە هەموو ئەندامان داوای کرد بەیاننامەکە بڵاو بکەنەوە و بە تایبەت بۆ شیکردنەوە لە ناو قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان، کارئاسانی بکرێت. بنەڕەتی ئەم بەیاننامە لە پێشەکی دەستووری بنچینەیی 1791 فەرەنسەدا هاتووە. بەیاننامە کە بریتییە لە یەک پێشەکی و30 مادە کە بەم پێیەی خوارەوەیە:
پیشەکی
لەبەر ئەوەی کە ویژدانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵی مرۆڤ و مافی یەکسان و نەگۆڕی ئەم جڤاتە بنەمای ئازادی و عەدالەت و ئاشتییە لە جیهاندا؛
لەبەر ئەوەی کە بێئاگایی و سووکایەتی کردن بە مافی مرۆڤ ئاکامێکی دڕندانەی وای لێکەوتۆتەوە کە ویژدانی مرۆڤی هەژاندووە و بەدیهاتنی جیهانێک کە تێیدا کۆمەڵی مرۆڤ بۆ دەربڕینی بیروڕا ئازادبن و دوور بن لە مەترسی و هەژاریی، گەورەترین ئاواتی مرۆڤ ڕاگەێیندراوە؛
لەبەر ئەوەی کە پێویستە بە پیادەکردنی یاسا لە مافی مرۆڤ پارێزگاری بکرێت تاکوو مرۆڤ وەک دوایین ڕێگە چارە ناچار نەبێت بە دژی ستەمکاری ڕاپەڕێت؛
لەبەر ئەوەی کە پێویسە تەواوی گەلانی جیهان بۆ پەرەدان بە پێوەندی دۆستانە گاڵ بدرێن؛
لەبەرئەوەی کە گەلانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیان کردبۆوە کە بڕوایەکی قایمیان بە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ و کەرامەت و بایەخی تاک و یەکسانی مافی ژن و پیاو هەیە و بڕیارێکی شێلگیرانەیان داوە کە بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی یارمەتی بگەیەنن و لە ژینگەیەکی ئازادانەتر ژیانێکی باشتر بەدی بێنن؛
لە بەرئەوەی کە دەوڵەتانی ئەندام پەیمانیان داوە کە بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێزی جیهانی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان دابین بکەن؛
سەرەنجام، لە بەر ئەوەی کە باش لەم ماف و ئازادییانە تێبگەین چونکە بۆ وەفاداری بەم پەیمانە گرنگایەتییەکی زۆری هەیە:
کۆنگرەی گشتی ئەم بەیاننامە جیهانییەی مافی مرۆڤ وەک ئاواتی هاوبەشی هەموو گەلانی ئەم سەرزەمینە ڕادەگەێینێ تا هەموو کەس و هەموو بەشێکی کۆمەڵ ڕێزی بۆ دابنێ و بە ڕاهێنان و پەروەردە ئەم ماف و ئازادییانە پەرە بدەن و بە هاوبیری نەتەوەیی و نێونەتەوەیی هەوڵ بدەن بۆ ناساندن و پیادەکردنیان، چ لە نێوان ئەندامان و چ لە دەرەوەی ئەنداماندا.
1
تێکڕای کۆمەڵی مرۆڤ، ئازاد لە دایک دەبن و لە ئاست شەرەف و ماف، پێکەوە یەکسانن. هەموویان خاوەنی عەقڵ و ویژدانن و دەبێ لەگەڵ یەکتردا هەڵسوکەوتی برایانەیان هەبێت.
2
1ــ هەر کەسێک بۆی هەیە بێ هیچ جیاوازییەک بە تایبەت لە بواری ڕەگەز، ڕەنگ، زایەند، ئایین و بڕوای سیاسی یان هەر مەرامێکی دیکە، هەروەها نەتەوە و پێگەی کۆمەڵایەتی ودارایی و زێد و خاک لە تەواوی ئەو ماف و ئازادییانەی لەم بەیاننامەدا ناوبردەکراون، بەهرەمەند بێت.
2ــ هەمدیسان، نابێ لەسەر دۆخی سیاسی و دادپەروەری و نێونەتەوەیی وەڵاتێک، دەرحەق بە کەسێک، هیچ بێعەدالەتییەک ڕووبدا، جا چ ئەم وەڵاتە سەربەخۆ بێت یا بندەست، چ خاوەنی دەسەڵاتێکی سنووردار یا نائازاد بێت.
3
هەرکەسێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسی هەیە.
4
نابێ هیچ کەس بە کۆیلەیی وەمێنێت و کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بە هەر شێوازێک بێت، قەدەغەیە.
5
نابێ هیچ کەس ئەشکەنجە و ئازار بدرێت یان لەگەڵیا ڕەفتارێکی ستەمکارانە و دژە مرۆڤانە و سووکایەتی ئامێز بکرێت.
6
کەسایەتی یاسایی هەرکەس، وەک مرۆڤێک لە هەموو شوێنێک لە بەرانبەر یاسادا بە ڕەسمییەت بناسرێت.
7
هەموو کەس لە بەرانبەر یاسادا یەکسانە و مافی ئەوەی هەیە کە یاسا بە چاوێک سەیری بکات و بە عەدالەت لەگەڵیا ڕەفتار بکرێت. مافی ئەوەشی هەیە کە لە بەرانبەر هەر چەشنە بێعەدالەتییەک کە ئەم بڕیارە پووچەڵ بکاتەوە، ڕاوەستێ و لە ئاستی هەر پاڵنەرێک کە ئەم دۆخە تێکبدات، یاسا پشتگیری یەکسانی لێ بکات.
8
لە بەرانبەر ئەو کردەوانەی کە مافە سەرەکییەکانی تاک ئەخەنە مەترسییەوە ــ ئەو مافانەی کە دەستووری بنچینەیی یان یاسایەکی دیکە پێی بەخشیبێت ـــ هەر کەس مافی ئەوەی هەیە پەنا بەرێتە بەر دادگەیەکی نەتەوەیی ئاشتیخواز.
9
نابێت هیچ کەس لەخۆوە دەسبەسەرێت و بخرێتە بەندیخانە یان تاراوگەوە.
10
هەر کەس بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک، مافی ئەوەی هەیە سکاڵا بەرێت بۆ دادگەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن و لەوێش بە شێوەیەکی ئاشکرا و دادپەروەرانە، ماف و داواکانی تاوتوێ بکرێن یان بە هەر شتێک تۆمەتبار کرابێت، لە سەری بڕیار بدرێت.
11
1ــ هەرکەسێک تۆمەتی کەتنێکی لێدرابێ، پێش وەخت، «بێ تاوان» لە ئەژمار دێت مەگەر ئەوەی کە لە ڕەوتێکی دادپەروەرانەی گشتیدا کە ئەویش دەبێ هەموو بوارێک بۆ زامنکردنی پاراستنی ئەو کەسە ڕەخسابێت، لە باری یاساییەوە سڕی ئاشکرا بێ و پاشان تاوانبار لە قەڵەم بدرێت.
2ــ هیچ کەس لەبەر ئەنجامدان یا نەکردنی کردەوەیەک کە لە کاتی تێوەگلاندا بەپێی مافی نەتەوەیی یا نێونەتەوەیی، تاوان لە ئەژمار نەهاتووە، نابێ سزا بدرێت. هەروەها نابێ لە سزای کاتی تێوەگلانییەوە زیاتر سزا بدرێت.
12
کەس بۆی نییە سەر بکێشێتە ناو ژیانی تایبەتی و کاروباری خێزان و شوێنی حەوانەوە یان نووسراوەکانییەوە یان ناوبانگ و شەرەف و ئابڕووی بکەوێتە مەترسییەوە. یاسا دەبێ لە هەرکەسێک کە بەرەورووی ئەم جۆرە مەترسیانە بووبێتەوە پشتیوانی بکات.
13
1ــ هەرکەس بۆی هەیە لە ناو هەر وەڵاتێکدا بە ئارەزووی خۆی هاتووچۆ بکا و شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی هەڵبژێرێ.
2ــ هەر کەس مافی ئەوەی هەیە هەر وەڵاتێک تەنانەت وەڵاتەکەی خۆشی بەجێ بهێڵێ یان بگەڕێتەوە وەڵاتەکەی خۆی.
14
1ــ لە بەرانبەر ئەشکنجە و ئازار و ڕاوناندا، هەرکەسێ مافی ئەوەی هەیە کە پەنایەک بدۆزێتەوە و پەنا بباتە وەڵاتێکی دیکە.
2ــ لە کاتێکدا کە ڕاونان لە واقیعدا لە سەر تاوانێکی گشتی و ناسیاسییە یان لە سەر کردارێکی دژ بە بنەما و ئارمانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، ناکرێ لەم مافە کەڵک وەرگیرێ.
15
1ــ هەرکەسێک مافی ئەوەی هەیە کە خاوەنی مافی شارۆمەندی وەڵاتێک بێت.
2ــ ناکرێ کەس لەخۆوە لە مافی شارۆمەندی خۆی یان لە مافی گۆڕینی ڕەگەزنامەی نەتەوەیی بێبەش بکرێت.
16
1ــ ژن و پیاوی باڵغ مافی ئەوەیان هەیە کە بێ هیچ سنوورێکی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی و شارۆمەندی، پێکەوە زەماوەند بکەن و خێزان پێک بهێنن. لە تەواوی ژیانی هاوبەش و تەنانەت لە کاتی جیابوونەوەشدا ژن و پیاو لە هەموو کار و بارێکی زەماوەندا مافی یەکسانیان هەیە.
2ــ زەماوەند دەبێ ئازادانە و بە ڕەزامەندی ژن و پیاو سەر بگرێ.
3ــ خێزان ئەستوونێکی سروشتی و سەرەکی کۆمەڵگەیە و دەبێ دەوڵەت و کۆمەڵگە پشتگیری لێ بکەن.
17
1ــ هەرکەس بە تەنیایی یان بە کۆمەڵەکی مافی خاوەندارییەتی هەیە.
2ــ ناکرێ بەبێ هۆ مافی خاوەندارییەتی لە کەسێک زەوت بکرێت.
18
هەرکەسێک مافی ئەوەی هەیە لە ئازادی ئەندێشە و ویژدان و ئایین بەهرەوەر بێت. ئەم مافە هەروەها ئازادی گۆڕینی ئایین و مەرام و ڕادەربڕین، پەروەردە و مەراسیمی ئایینیش دەستەبەر دەکات. هەرکەس دەتوانێ لەم مافانە بە شێوەی تاکەکەسی یان کۆمەڵەکی، بەهرەمەند بێت.
19
هەرکەس مافی ئازادی باوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و ئەمەش بریتییە لە بیروڕای ئازایانە و وەرگرتنی زانیاری و فیکر و دەربڕینیان بە هەر چەشنێکی مومکین بێ ڕەچاوخستنی سنوورەکان.
20
1ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاشتی خوازانە بە ئازادی ڕێکبخات.
2ــ نابێ هیچکەس بە زۆرەملی ناچار بە بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەک بکرێت.
21
1ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە ئیدارەی گشتی وەڵاتەکەیدا ڕاستەوخۆ یان بە هۆی نوێنەرانێک کە ئازادانە هەڵبژێردرابن، بەشداری بکات.
2ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە هەلومەرجێکی یەکساندا پلە ومەنسەبە گشتییەکانی وەڵاتەکەی خۆی بەدەستەوە بگرێت.
3ــ ئیرادەی گشتی، بنیاد و بنەمای دەسەڵاتی حکوومەتە. ئەم ئیرادە دەبێ لە ڕێی هەڵبژاردنێکی بێغەش و ڕاست و ڕەوا بەرێوە بچێت. هەڵبژاردن دەبێ گشتی و یەکسان بێت و بە دەنگی نهێنی یا بە چەشنێکی وا کە ئازادی دەنگدان دەستەبەر بکات بە ئەنجام بگات.
22
هەرکەس وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە، مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە و دەتوانێ لە ڕێی هاریکاری نەتەوەیی و نێونەتەوەیی، مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریش کە بۆ پێگە و گەشەی ئازادانەی کەسایەتی ئەو پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهات و سەرچاوەکانی هەر وەڵاتێک بە دەسبێنێت.
23
1ــ هەرکەس مافی هەیە کار بکات، پیشەی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دڵخۆشکەر بۆ کارەکەی بێت و لە کاتی بێکاریدا پشتگیری لێ بکرێت.
2ــ هەموان مافی ئەوەیان هەیە کە بە عەدالەت، لە بەرانبەر کاری یەکساندا مووچە و پاداشی یەکسان وەرگرن.
3ــ هەرکەسێک کار بکات مافی ئەوەی هەیە بە ڕەزامەندی و ئینسافەوە مووچەکەی پێبدرێ تاکوو ژیانی خۆی و خێزانەکەی بە سەربەرزی و شەرەفەوە بەرێوە ببات و بۆ فراژبوونی ژیانی، لە کاتی پێویست یارمەتی بدرێت.
24
هەرکەسێک مافی حەسانەوە و ئاسوودەیی و گەشتوگوزاری هەیە. دەبێ کاتوساتی ئیشکردنەکەی بەڕێوشوێن بێت و لە کاتی پشوودانیش نانبڕاو نەبێت.
25
1ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە ئاستی ژیان و تەندروستی و بەهرەداری خۆی و خێزانەکەی لە بواری خواردەمەنی و ماڵ و چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بباتە سەرەوە. دیسانەوە مافی ئەوەی هەیە کە لە کاتی بێکاری و نەخۆشی و پەککەوتن و بێوەکەوتنەوە و پیری یان هەر حاڵەتێکی دیکە کە مرۆڤ خۆی دەستی تیانەبووبێت و مەعاشەکەی لە دەست بات، لە ژیانێکی ئابڕوومەندانە بەهرەمەند بێت.
2ــ دایکان و منداڵان مافی ئەوەیان هەیە لە یارمەتی و چاودێری تایبەت بەهرەوەر بن. منداڵان، چ ئەوانەی کە بە شەرعی لە دایک بووبێتن و چ ئەوانەش کە حەرامزا بن، مافی ئەوەیان هەیە کە بە یەک چاو سەیر بکرێن.
26
1ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە پەروەردە بەهرەمەند بێت. پەروەردە دەبێ لانیکەم تا قۆناغی سەرەتایی خۆڕایی و حەتمی بێت. فێرکاری پیشەیی دەبێ گشتگیر بکرێ و دەرگەکانی خوێندنی باڵاش بۆ هەموان ئاوەڵا بێ تاکوو هەرکەس بەپێی توانستی خۆی لێی بەهرەوەر بێت.
2ــ پەروەردە دەبێ جۆرێ ڕاپێچ کرێت کە کەسایەتی مرۆڤی هەمووکەس ببووژێنێ و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بەپێزتر بکات. پەروەردە دەبێ فاماندنی قووڵ و لێبوردن و ڕێزدانان بۆ بیر و بڕوای نەیار و تەبایی نێونەتەوەیی و ڕەگەزیی و ئایینزایی و هەروەها پەرەدان بە چالاکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشەوە.
3ــ دایک و باوک، لە هەڵبژاردنی جۆری پەروەردەی مناڵەکانی خۆیان بە نیسبەت کەسانی دیکە، لە پێش دیکەن و مافی لە پێشتریان هەیە.
27
1ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە کە لە ژیانی کەلتووری کۆمەڵگەدا بەشدار بێت و لە بواری هونەری و پێشکەوتنی زانستی و قازانجەکانی بەهرەوەر بێت.
2ــ هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە پشتگیری مادیی و مەعنەویی ئاسەوارە زانستی و کەلتووری و هونەرییەکانی خۆی بەهرەمەند بێت.
28
هەرکەس بۆی هەیە خوازیاری چەسپاندنی نەزمێکی وابێت کە لە باری کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەییەوە، ئەو ماف و ئازادییانەی کە لەم بەیاننامەدا هاتوون، دەستەبەر بکرێت و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکات.
29
1ــ هەمووکەس لە کۆمەڵگە دا ئەرکی لە ئەستۆیە تاکوو گەشەی ئازادانە و بووژانەوەی کەسایەتی بۆ ئاسان بکرێت.
2ــ هەرکەس بۆ پیادەکردنی ماف و بەهرەمەندی لە ئازادییەکانی، تەنیا خۆی پابەند بەو سنووربەندییە یاساییە دەزانێت کە بۆ ناسین و پیادەکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکانی دیکە و بۆ بەڕێوەچوونی خواستە ئەخلاقییەکان و تەکوزی کۆمەڵایەتی و بەهرەداری گشتی لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا قەراریان لە سەر دراوە.
3ــ هیچ بەندێکی ئەم ماف و ئازادییانە، نابێ دژ بە ئامانج و بنەماکانی کۆمەڵی نەتەوەیەکگرتووەکان پیادە بکرێت.
30
هیچکام لە قەرار و بڕیارەکانی ئەم بەیاننامە نابێ جۆرێک لێکبدرێتەوە کە بۆ دەوڵەت یان گرووپ یان کەسێک، ئەم مافە قاییل بکات کە بەو پێیە هەرکام لە ماف و ئازادییەکانی نابراو لەم بەیاننامە، پووچەڵ بکا یان لەم ڕێگەوە هەنگاو بنێ.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
هاوسەنگی هێزەکان
تیۆری هاوسەنگی هێزەکان لە سەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە کە دەسەڵاتی هەر گرووپێک لە وەڵاتانی ئەورووپا دەبێ لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی گرووپەکانی دیکە هاوسەنگ بێت تاکوو هیچکامیان نەتوانن بەسەر ئەویدی دا زاڵ بن و بەمجۆرە ئاشتی و ئاسایش مسۆگەر بکرێت. پاراستنی ئەم سیاسەتە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بوو لە میانەی ئاشتی درێژخایەن لە 1871 تا 1914 لە نێوان گرووپی وەڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و ئیتالیا و وەڵاتانی بریتانیا، فرەنسی و سۆڤیەت. پاش جەنگی جیهانی یەکەم تیۆری هاوسەنگی هێزەکان هاتە ناو مێژووی دیپلۆماسی و بریتانیا تا ساڵی 1939 لە بەرانبەر بەهێزترین وەڵاتی ئەورووپا واتە ئەڵمانیا، سیاسەتێکی نەرمڕەوانەی گرتەبەر. لە ساڵی 1945 بەملاوە هیچ هەوڵێک لە لایەن ئەم وەڵاتە بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێزەکان بە ئەنجام نەگەیشتووە بەڵام دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێستا زاراوەی هاوسەنگی هێزەکان لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا پتر بۆ دەسەڵاتی چەکداری و ئابووری زلهێزەکان لە ئاستی جیهانی یا ناوچەییدا دێتە ئاراوە. بۆ نموونە وەڵاتی هێندستان لە نیمچەکیشوەر و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە مەبەستی لایەنگرانی چەکداماڵین گشتاندنی ئەم سیاسەتەیە لە هەموو جیهاندا بە چەشنێک کە هیچ دەوڵەتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ وەڵاتێکی دیکە.
پاشکۆ - لکاندن
لکاندنی وەڵاتێکی بێخاوەن یان دەمدانی خاکی وەڵاتێک بە خاکی وەڵاتێکی دیکەوە. ئەم ڕەوتە بە تەرزێکی یەکلایەنە دیتە ئەنجام یان لانیکەم ئەو دەوڵەتەی کە بەشێک لە خاکەکەی لە دەست دەدات، بەم کارە خۆشحاڵ نییە. لکاندن، مافی فەرمانڕەوایی دەبەخشێ بە دەوڵەتی لکێنەر و خەڵکی خاکە دەمدراوەکەش دەبنە شارۆمەندی ئەو دەوڵەتە. کڕین یا بە کرێگرتنی وەڵاتێکی دیکە، لەگوێن مامەڵەیەکی دوولایەنە، پاشکۆ لە ئەژمار نایەت. لکاندنی نەمسا و ناوچەی سودەت بە ئەڵمانیای پێش شەڕی جیهانی دووهەم، دوو نموونەی گرینگی پاشکۆ ناونووس دەکرێن.
پڕۆلتاریا - چینی کرێکار
بە زمانی لاتینی لە وشەی proles بە مانای منداڵ وەرگیراوە. ئەم زاراوە یەکەم جار لە سەدەی شەشەمی پ.ز، لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووم بەکار هێنرا. لەو سەردەمەدا پڕۆلتاریا بە کەسانێک دەگوترێ کە ماف و مووچە و مڵکیان نەبووە بەڵکوو تەنیا ئەرکیان ئەوە بوو کە منداڵەکانیان بنێرنە خزمەت دەوڵەت. بەپێی یاسا دەبوایە خاوەن مڵک و چینەکانی دیکە، یان بە سەرانە و باج یان بە چوون بۆ سەربازی خزمەتیان بە دەوڵەت بکردایە، ئەوانەش کە شتێکیان نەبوو دەبوایە منداڵەکانی خۆیان بناردبا خزمەت دەوڵەت.
ئەم زاراوە لە سەدەی 2ی زایینی دا بزر بوو. لە ساڵی 1838 لە لایەن سیسمۆندی (ئابوورناسی سویسی)، جارێکی دیکە زیندوو کراوە و دەرحەق بەو کەسانە بەکار هێنرا کە«هیچ بەشێکیان بە دارایی و سامانی کۆمەڵگەوە نییە و بۆ ژیانی سادە و ساکار و داهاتووشیان دواڕۆژێکی ڕوون بەدی نەدەکرا» .
ئەم زاراوە زیاتر لەگەڵ ناوی مارکسدا گونجاوە. مارکس لە کتێبی ڕەخنە لە فەلسەفەی «حەق»ی هێگل (1843)، پڕۆلتاریا بە«چینێکی دەستوپێسپی» پێناسە دەکا و مانیفیستی کۆمۆنیست (1848) بەم دەستەواژە پڕ تەنتەنەوە دەست پێدەکات:
«مێژووی هەموو کۆمەڵگە ئینسانییەکان لە ئێستە و ڕابردوودا مێژووی شەڕی چینەکان بووە و سەردەمی بورژوازی، کێشمەکێشی چینەکانی خاو کردۆتەوە و کۆمەڵگەی بە دوو چینی گەورەی دژبەیەک (دوژمن) واتە بورژوازی و پڕۆلتاریا دابەش کردووە» . دیسانەوە لە هەمان شوێندا دەڵێ: «مەبەست لە پڕۆلتاریا، ئەو چینە کرێکارە نوێباوەیە کە خاوەنی هیچ ئامێرێکی بەرهەمهێن نییە و وزە و هێزی خۆی بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی دەفرۆشێت» .
زاراوەی پڕۆلتاریا، لە ڕاپەڕینی کۆمۆنیستی سەدەی بیستەم و هەروەها لەنێوان هەندێ لە هونەرمەندان و ڕۆناکبیرانی لایەنگری «کەلتووری پڕۆلتاریایی» لە ئەڵمانیا و سۆڤیەتدا چەمکێکی سەرنج ڕاکێشی لێدەرهات و لە بابەت گرنگایەتی و دەوری سەرەکی لە شۆڕشدا جەختی لەسەر کراوە. دەوری مێژوویی پڕۆلتاریا، لە گوتاری مارکسیزم* ئەوەیە کە بەپێی ڕەوتی بەپڕۆلتاریایی بوونی چینی مامناوەندی و جووتیاران ــ بە لەدەستدانی سەروەت و دارایییەکەیان ــ ئەم چینە دەبێتە زۆرینەی کۆمەڵگە و ئینجا دەبێ شۆڕشی سۆشیالیستی بە ئەنجام بگات.
دیکتاتۆری پرۆلتاریا: ڕابردن و هەنگاونان بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و توێژ، قۆناخ بە قۆناخ بە ئەنجام ناگات. یەکەم قۆناخ، شۆڕشی کرێکارییە، ئینجا بەدیهاتنی پرۆلتاریا وەک چینی دەسەڵاتدار یان چینی حاکم. پاش سەرهەڵدانی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلتاریا، دیکتاتۆری پرۆلتاریا پەیدا ئەبێ تاکوو دەوڵەت لەناو بچێ و لەبری حکوومەتکردن بە سەر ئینسانەکان، ئیدارەکردنی شتەکان بێتە کایەوە.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لەباری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن (بڕوانە مافی مرۆڤ). پەیماننامەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و سیاسی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پیادەکردن و بەرزڕاگرتنیان. ئەم پەیماننامە 53 مادە لەخۆ دەگرێ و گرنگترین مافەکانی بریتین لە: مافی ژیان و ئاسایش، ئازادی بزووتنەوە، ئازادی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ئازادی بیروڕا و ئایین و ئەندێشە و سڕینەوەی کۆیلایەتی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و قەدەخەکردنی ئەشکەنجە. ڕەشنووسی ئەم پەیماننامە، سەرەتا لە ساڵی 1954 لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کرا و لە ساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتی پەسند کرا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1976 بە کۆی 35 دەنگ تەوزیم کرا و وەک یاسایەک بڕاوەتەوە.