تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سروودی نەتەوەیی/نیشتمانی
1ــ سروودێکی ڕەسمییە کە باڵانوێنی ڕۆحی نەتەوە و کەلتوور و دابونەریت و مێژووی وەڵاتێکە.
2ــ ئاوازێکی نیشتمانپەروەرانە و ئایدیالییە کە لە کاتی فەرمیدا بۆ ڕێزگرتن لە وەڵاتێک تۆمار دەکرێت.
ناسینەوەی دووفاکتۆ/نیمچەسەربەخۆ
لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بە مانای پەسندکردنی دەوڵەتێکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکە و کردنەوەی سەری پێوەندی و پابەندی دوولایەنە لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یا بێ سنوور. دووفاکتۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆر دێتە ئاراوە:
1) ناسینەوەی واقیع کە بریتییە لە دان پێدانان بە هەبوونی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بتوانێ بۆ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا. ئەم جۆرە ناسینە، بەری تەسکە چونکە ئاستی پێوەندییەکان لە دۆخێکی نزمدا دەمێنێتەوە و پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا ناکرێتەوە.
2) ناسینەوەی قانوونی de jure کە بریتییە لە ناسینی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانێ لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا و ڕاپەڕاندنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. ئەم جۆرە ناسینە، کۆی پێوەندی دیپلۆماسی و پارێزراویی نوێنەرانی سیاسی لەخۆدەگرێ.
نیمچە دەوڵەت
ئەم زاراوە بەو دەوڵەتانە دەگوترێ کە پێشتر ژێردەستە بووبێتن و لەجوملەی وەڵاتانی کۆڵۆنی لە ئەژمار دەهاتن بەڵام لە ئەنجامی پرۆسەی سڕینەوەی ئیستیعمار، نیمچە سەربەخۆییەکیان بەدەستهێناوە. ئەم دەوڵەتانە خاوەنی هەموو میکانیزمێکی فەرمانڕەوایی و حاکمییەت بوون بەڵام بێ بەهرە بوون لە ئیرادەی سیاسی و دەسەڵات و هێزی ڕێکخراوەیی بۆ پیادەکردنی ئاسایش و خۆش گوزەرانی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ. لە ڕاستیدا نیمچە دەوڵەتەکان، تەنیا بەناو دەوڵەت لە ئەژماردێن. ئەم دەوڵەتانە ئەگەرچی بەپێی ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی لە دوای ساڵی 1945 دامەزراون بەڵام بێتوانا و ناڕەوا و لاوازن.
نیمچەدیموکراسی
ئەم زاراوە بۆ پێناسە کردنی ئەو وەڵاتانە بەکار براوە کە ڕووەو گەشەسەندنن. لە نیمچە دیموکراسیدا ژیانی سیاسی، نە بە تەواوی دیموکراتیە نە تۆتالیتەری. ئەم وەڵاتانە هێشتا هەر لە گێژاوی پرۆسەی مۆدێرنە و هەنگاونان لە سوننەتەوە بۆ مۆدێرنیتەدا مۆنج دەخۆن و کێشمەکێشی ئەم هەلومەرجە، لە جێگیربوونی هەردوو سیستەمەی دیموکراسی و تۆتالیتاریزم بەرگری دەکات. هەروەها پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆنباو و کەلتووری سوننەتی لێک ترازاو بواری دامەزرانی سیستەمی سیاسی مۆدێرن ناڕەخسێنێت. سەرمەشقی ڕێکخستن لەم وەڵاتانەدا بریتییە لە سێ شۆڕشی مێژوویی فرەنسی و شۆڕشی پیشەسازیی و شۆڕشی سۆڤیەت. هەرکامێک لەم شۆڕشانە بە جۆرێک بوونەتە سەرمەشق بۆ پێکهاتەی سیاسی ئەم وەڵاتانە. بۆ وێنە لە شۆڕشی فرەنسا، بیرۆکەی یاسا و حاکمییەتی نەتەوەیی و دیموکراسی وەرگیراوە، لە شۆڕشی پیشەسازیی بیرۆکەی گەشەسەندنی ئابووری و مۆدێرنە و لە شۆڕشی سۆڤیەتیش، دەوڵەتێکی بەزەبر و زاکوون و دەسەڵاتدار بۆتە سەرمەشق و ئایدیالی حکوومەت. هەموو ئەم بیرۆکە و سەرمەشقانە ئاوێتە بووە لەگەڵ پێکهاتەیەکی خۆماڵی بە قەبارەیەکی ئیستبدادی و یەزدانگەرا و باوکسالارەوە.
بە گشتی بۆ پیادەکردنی دیموکراسی لە وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن، چەندین کۆسپ و تەگەرە لە بەردەمدایە کە بریتین لە:
- دەسەڵات و شەوتی پیاوماقووڵان و گەورەپیاوان کە دیموکراسی بەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن.
- هەژمۆنی بەها و بایەخە موتڵەقەکان و بەهێزبوونی نەریتەکان.
- مانەوەی هێزە دەسەڵاتدارە کۆنەکان، بۆ وێنە دەرباری شا و سوڵتان.
- دەزگە بەهێزە ئایینیەکان و هێزی سەربازی.
- نەبوونی چینی مامناوەندی بازرگان و پیشەسازی.
- قووڵبوونی ئاریشە و لەمپەرە ئەتنیکی و ئایینی و کەلتوورییەکان.
سەرەنجامی کۆبوونەوەی ئەم هۆکارە گرنگانە لە وەڵاتانی ڕووەو گەشەسەندن، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی نیمچە دیموکراسییەکی سەقام نەگرتوو کە هەمیشە دەوڵەتەکانیان لە بەینی ئۆتۆکراسی و ئۆلیگارشی و پۆپۆلیزم و تۆتالیتاریزم و دیموکراسیدا لە هەلاجان دەهێڵێتەوە.
نیۆنازیسم
ئەم زاراوە بۆ ئەو گرووپ و حیزب و ڕێکخراوانەی هاوچەرخ بە کار دەبرێت کە هاوشێوەی حیزبی نازی ئەڵمانیا لە ساڵی 1933 هەڵسوکەوت دەکەن. نیۆنازیسم، بزاوتێکی ڕەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستی توندڕەوە کە پاش جەنگی جیهانی دووهەم سەری هەڵداوە و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی 20 بەدواوە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا گەشەی کردووە. تایبەتمەندییەکانی نازیسمی نوێ بریتییە لە: حکومەتێکی ڕاستڕەو و دەسەڵاتخواز، دژی دیموکراسی و لیبرالیزم و فرەدەنگی، دژی کەمینەکان بە تایبەت جوولەکە و ڕەشپێستەکان. سەرچاوەی جیهانبینی ئەم گرووپانە دەگەڕێتەوە بۆ باری نالەباری ئابووری و بەگومان بوون لە حکوومەت و هەندێ جاریش هەستوخواستی ئایینی (کڵێسا) بە چەشنێک کە پێوەندییەکی نزیک هەیە لە نێوان گروپی نیۆنازی و ڕێکخراوە کڵێساییەکان.
وەڵات/نیشتمان
زێدێک لە چوارچێوەی سنوورێکی سیاسی دیاریکراو کە خەڵکانێکی تێدا نیشتەجێ بن و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەڕێوەی ببات. بەو خەڵکانەی کە لەو زێدەدا دەژین نەتەوە دەگوترێ. دەسەڵاتێکیش کە لەو زێدە فەرمانڕەوایی دەکات، بە دەوڵەت ناوبردە دەکرێت. لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سێ چەمکی نیشتمان و نەتەوە و دەوڵەت، پێکەوە یەکەێکی فراژووی سیاسی پێک دەهێنن کە بوونی یەکیان هەبوونی ئەو دووانەی دیکەی بەدواوە دەبێت. کەواتە هەرکام لەم سێ چەمکە دەکرێ لەجیاتی ئەو دووانەی دیکە بەکار ببرێت.
ئازادییە مەدەنییەکان
بەو ئازادییە کەسەکی و کۆمەڵایەتییانە دەگوترێ کە دەستی بە سەر پێوەندییە مەدەنییەکانی تاکدا گرتووە و یاساش لە بەرانبەر هەرچەشنە دەستێوەردانێکیان ڕادەوەستێ، مەگەر ئەوەیکە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناکۆک بێت. ئازادییە مەدەنییەکان لە زاراوەی یاساییدا پێی دەگوترێ"مافەکانی تاک".
ئازادی مەدەنی، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەندێشەی سیاسی دیموکراتیکی نوێیە و لە ماناێیکی بەربڵاودا بریتییە لە: ئازادی تاک بۆ ئەنجامی هەر کردەێیکی کەسی و هەبوونی ماڵ و دارایی و سوود لێوەرگرتنیان و ئازادی بڕوای ئایینی و پەرەستشی ئازاد و ئازادی بیروباوەڕ. لە سیستەمێکی یاسامەنددا قانوون لە بەرانبەر دەسدرێژکردنی دەوڵەت یا هەرکەسێکی دیکە بۆ سەر ئەم ئازادییانە دەوەستێ و پشگیرییان لێ دەکات. هەندێ لە پێناسەکان، مانای ئازادی تاک تەنیا بە پاراستنی تاک و بڕوا و داراییەکانی لە بەرانبەر دەسکاری خۆخوازانەی حکوومەت دەبەستنەوە.
هەندێ جار ئازادییە مەدەنییەکان بە بژاردە ناوبردە دەکەن، وەکوو ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و بڵاوکردنەوە و سازدانی ڕێکخراوە و کۆبوونەوە بێ مەترسی یان سزادانی دەوڵەت. کاتێک ئەم ئازادییانە بە بژاردن بێتە ئاراوە، ڕیزکردنییان بەپێی کۆمەڵگەکان جیاواز دەردێ و ناکری لیستێکی هاوشێوە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان تۆمار بکرێت. بەڵام لە باری سیاسییەوە، ئازادی بیروڕا و مەرام و کۆمەڵ و ڕادەربڕین، لە جوملەی ئەو ئازادییە سەرەکییەکانەن کە تەواوی دەستوورە دیموکراتییەکان لەسەری کۆکن.
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
جیهانیگەری + جیهانیبوون
ئەگەرچی وشەی جیهانی global) - گلۆڤەر (مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە بەڵام زاراوەی (globalization) لە ساڵی 1960 بەدواوە بڕەوی پەیداکردووە. فەرهەنگی وێبستێر، یەکەم فەرهەنگێکی موحتەبەر بوو کە لە ساڵی 1961 ئەم زاراوەی پێناسە کرد. بەم حاڵە بەرفراوانی «جیهانگەری» وەهایە کە گەیشتن بە پێناسەیەکی پڕ پێست و گونجاو دژوار ئەنوێنێ. ئەم پێناسەی ژێرەوە، کۆی پێناسە و بۆچوونی چەن کەسێکی پسپۆڕە لەم بارەوە:
جیهانگەری، بریتییە لە پڕۆسەی پەستاوتنی کات و شوێن کە بەو پێیە خەڵکانی جیهان کەمتاکورتێک بە وشیارییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تێوەگلێن. بە واتایەکی دیکە ڕەوتێکە کە بەو پێیە تاکەکەس و کۆمەڵگە لە پانتایەکی جیهانیدا یەک دەگرنەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا جیهانگەری، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان زیاتر لە جاران پێکەوە گرێ دەدا و تیۆری دیموکراسی تووشی کێشە و قەیرانێکی نوێ دەکات. کاریگەریی جیهانگەری بە سەر دیموکراسی و حاکمییەتی نەتەوەیی لەم پرسیارانەدا خۆی دەردەخات:
ئایا حکوومەتە دیموکراتییەکان، وەک جاران دەسەڵاتیان بە سەر کاروباری ناوخۆی وەڵاتەکەیان ئەشکێ یا ئەوەی شارۆمەندان بە حکوومەتێک دەنگ ئەدەن کە نەتوانێ بڕیارەکان جێبەجێ بکات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست بازاڕی دۆلار و کۆمپانییە فرەنەتەوەییەکان و بانکە نێونەتەوەییەکانەوەیە!
ئایا لەنێوان هاووەڵاتیانی وەڵاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتی نەتەوەیی، وێکچوویی و هاوشێوەیییەک لە ئارادایە؟ (بۆ وێنە سیاسەتی یارمەتیدان یا پاوەجێکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان) .
ئایا دەکرێ دەزگە نێونەتەوەییەکان، بۆ وێنە «سندووقی دراوی نێونەتەوەیی» و«بانکی جیهانی» بە شێوازێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببرێن؟
بەگشتی دوو ڕوانگەی جیاواز لە بابەت جیهانگەری لە ئارادایە: ڕوانگەی یەکەم، نەیارانی ئەم پڕۆسە لە ئەژمار دێن و ڕوانگەی دووهەم لەگەڵیا هاودەنگن. نەیاران پێیان وایە کە جیهانگیری و یەکپارچەبوونی جیهان زیاتر لە ئەفسانە دەچێ و ئەم زاراوە بە پاڵنەری سیاسییەوە داهاتووە. لەم ڕوانگەوە شتێکی ئەوتۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە و جیهانگەری دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم هەلومەرجەی ئێستە زیاتر لە بارودۆخی سەدەی نۆزدە دەچێ بە واتایەکی دیکە ئەم ڕەوتە دەوامەی مێژووە.
لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەدا هەندێکی دیکە دەڵێن جیهانگەری هەموو شتێکی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێکهاتەی دەوڵەت و ماهییەتی سیستەمی ئابووریی وەڵاتانی تووشی وەرچەرخان کردووە. تیۆری دانەری بەناوبانگی ئەم بۆچوونە، کینچی ئۆمایی لە ژاپۆنـە کە پێی وایە: دەوڵەت ــ نەتەوەکان بەرەو تیاچوون دەڕۆن و پێشبینی دەکات لە 30 ساڵی داهاتوودا 100 تا 300 دەوڵەت ــ شار، بەدی بێت. بە باوەڕی ئانتۆنی گیدێنز، تیۆری دووهەم نزیکترە لە واقیع. ئەو دەڵێ جیهانگەری بە تایبەت لە بەستێنی ئابووردا بە گوتەی ئابووری ناسی بەناوبانگ، دانی کواخ، هێدی هێدی بەرەو ئابوورییەکی بێبارست دەڕوا. ئابووریی سووک لە ئاستی جیهانیدا پەیوەستە بە دانوستان و بازرگانیکردن بە زانیاری نەک بازرگانیکردنی کاڵا و شمەک.
گیدێنز، پڕۆسەی جیهانگەری بە بەرهەمی بەیەکادرانی نەزمی هەمیشەیی و شوێن و کات لە قەڵەم دەدا و پێی وایە ئەم ڕەوتە بە مانای ئاڵوگۆڕکردنی هەموو دەزگەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم وەرچەرخانە هەر لە بەستێنی ئابووری ڕوو نادات بەڵکوو لە ئاستی پێوەندییەکاندا دەقەومێ بە چەشنێک کە دەوڵەت و نەتەوە و ژیانی کەسەکی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
د.حسەین عەزیمی، تیۆری داڕێژی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێران دەڵێ: جیهانگەری بە واتای هاوسانبوونەوەیەکی سادەی کەلتوورەکان نییە بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە پێوەندی کەلتوورەکان خێراتر دەبێ و لێکحاڵیبوون و فاماندنی فەرهەنگی نەتەوەکان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەندی مێژوو نیشانی داوە، وادیارە وێکچوویی هەمە لایەنەی فەرهەنگی ڕوو نادات و جیهان کەلتوورێکی تاقانە بە خۆیەوە نابینێت.
داروینیزمی کۆمەڵایەتی
تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییە کە لە لایەن چارلز داروین (1809ــ1882) ئاڕاستە کرا و باس لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سروشتی«جۆرەکان» دەکات. ناوبراو لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەرچاوەی ڕەگەزەکان، بۆ سەلماندنی بونیادی گەشەی بوونەوەرە زیندووەکان، بەپێی هەندێ بەڵگە پێی وابوو کە بوونەوەرەکان لەژێر کاریگەریی هەلوومەرجێکی دیاریکراودا گۆڕانیان بەسەرا دێت. بۆ نموونە مرۆڤی بە بەرهەمی فراژووتن و گەشەکردنی ڕەگەزێکی مەیموون دادەنا.
بنیاتی ئەم تیۆرییە لە باری مێژوویییەوە، پابەندی بنەمای «خەبات لە پێناو ژیان» دایە. ئەم ڕەوتە لە سروشتەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو ڕەگەز و نەتەوەکان. لەم جەنگەدا «شیاوترینەکان»، واتە «بەهێزەکان» دەمێننەوە. ئەم تیۆرییە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیست، بووە بنەمایەکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ململانێی زلهێزەکان و دەسپێکێک بۆ شەڕی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزم. ئەم تیۆرییە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی* ئاوێتە بووە بۆ نموونە لەسەر کەسایەتی هیتلەر، پێش ساڵی 1914 کاریگەریی دانا و دواتر بەشێک لە فەلسەفەی نازیسمی پێک هێنا.
دوکترینی برێژنیف
ئەم زاراوە لە دەرەوەی سۆڤیەت دانراوە و ناوەکەی دیکەی «دوکترینی حاکمییەتی سنووردار»ە. بەڵام بەگشتی بە ڕێبازەکانی لیئۆنید برێژنیف، ڕێبەری یەکییەتی کۆمارییەکانی سۆڤیەت (1982ــ1964) لە بەرانبەر وەڵاتانی ئەقماری دەگوترا. بەپێی ئەم ڕێبازە، هەرکاتێک سۆشیالیزم لە وەڵاتێک بکەوێتە مەترسییەوە، وەڵاتە سۆسیالیستەکان بۆیان هەیە لە پێناو پاراستنیدا دەست وەردەنە ئەو وەڵاتەوە. دوکترینی برێژنێف، دەستی وەڵاتانی سۆشیالیستی ئەبەستەوە بۆ ئەوەی نەتوانن مافی چارەی خۆنووسین و حاکمییەتی نەتەوەیی بەدەست بێنن.
زایۆنیزم
ڕێبازێک کە پەرەی دا بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنیستی لە خاکی فەلەستین. پاش وێرانکردنی ئۆرشەلیم لە ساڵی 70ی زایینی لە لایەن ڕوومییەکان، جوولەکانی ئەم وەڵاتە بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەوە. بەم حاڵەش یەکییەتی ئایینی و کەلتووری لە نێوانیان نەپسا و لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا نەتوانەوە. بە درێژایی مێژوو لە لایەن خاچپەرستەکانەوە وەک کەمینەیەک سەیریان دەکرا و زۆر جاریش تووشی ئازار و ئەشکنجە دەبوون. بۆیە هەر ئارەزووی گەڕانەوە بۆ «ئەرزی مەوعوود» یان لە دڵدا مابۆوە.
لە سەدەکانی 16 و 17 هەندێ لە جوولەکەکان، هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین. بزووتنەوەی زایۆنیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ناوەندیەوە دەستی پێکرد و ناوەکەی خۆشی لە دۆڵێکی فەلەستین بە ناوی «زایۆن» وەرگرتووە. لە ساڵی 1897 ڕۆژنامەنووسێکی نەمسایی بە ناوی تیۆدۆر هێرتزێل، یەکەمین کۆنگرەی زایۆنیستەکانی لە بازێلی سویسڕا بەڕێوە برد و داوای کرد هەموو جوولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین.
ئەگەرچی عوسمانییەکان بەم کارە ڕازی نەبوون، بەڵام دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەریتانیاییەکان بەم کارە هەستان و سەرەتا لە ساڵی 1903 حکوومەتی بەریتانیا، پێشنیازی کرد کە بەشێک لە خاکی ئۆگاندا بۆ نیشتەجێکردنی جوولەکان تەرخان بکرێت کەچی زایۆنیستەکان ڕازی نەبوون.
بەیاننامەی بالفۆر کە لە ساڵی 1917، لە لایەن ئارتۆر جەیمز بالفۆر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاو کرایەوە، بەریتانیای بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنی لە خاکی فەلەستین پێمل کرد. لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، بزوتنەوەی زایۆن، پەنابەرە جوولەکەکانی لە شار و دێهاتەکانی فەلەستین جێگیر کرد و هەندێ دامودەزگەی سەربەخۆی لەوێ دامەزراند. حەشیمەتی جوولەکەکان کە لە ساڵی 1925 زیاتر لە 108 هەزار کەس بوون، لە ساڵی 1933 گەیشتە 220 هەزار کەس. لە میانەی دوو شەڕی جیهانی و بە تایبەت شەڕی دووهەم، بە هۆی سیاسەتی دژ بە جوولەکەی نازیسم، جوولەکەکان دەستەدەستە بەرەو فەلەستین گلۆر بوونەوە و خۆیان گەیاندەوە ئەم سەرزەمینە.
زۆربەی عەرەبە فەلەستینییەکان هەر لە سەرەتاوە، زایۆنیستەکانیان وەک مەترسییەک لەقەڵەم دا و کەوتنە جموجووڵ بۆ سەرکوتکردنیان. ئەم مەسەلە بووە هۆی دامەزرانی سپای خوفییەی جوولەکەکان لە ساڵی 1920 کە بە ناوی هاگانا بە مانای بەرگری ناوی دەرکرد. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دابەشبوونی فەلەستین و دامەزرانی دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان ڕازی بوو. بەرەبەرە زەمینە بۆ شەڕی گەورەی جوولەکە و عەرەبان خۆش بوو. لەم شەڕەدا جوولەکەکان بە زۆری سەرکەوتنیان بەدەس ئەهێنا و خاکێکی زۆرتریان داگیر ئەکرد. لە شەڕەکانی دواتریش (1956،1967،1973) دەوڵەتانی عەرەبیش هاتنە مەیدانی شەڕەکە و ماڵ وێرانی و ئاوارەییەکی زۆری لێکەوتەوە. «ڕێکخراوەی ئازادی فەلەستین» و چەندین گرووپی گریلایی دژ بە جوولەکەکان دامەزرا کە تا ئێستاش ئەم ناوچە ڕواڵەتی ئاشتی و ئارامی بەخۆوە نەدیوەتەوە.
زیندانیی سیاسی
لە سیستەمە یاساییەکاندا زیندانی سیاسی بە کەسێک دەگوترێ کە بە هۆی بەزاندنی سنوورە یاساییەکانی دیاریکراو بۆ ئازادییە سیاسیەکان ــ کە لە دەستووری بنچینەییدا دیاری کراوە ــ هەروا خستنە ژێر پێی سنووری دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەت، بڕیاری زیندانی کردنی بۆ دەرئەچێ. گەورەترین تاوانی سیاسی کە لە یاساکانی سزاداندا بە «تاوانی باڵا» ناوبردە کراوە، پیلان گێڕان بە دژی یەکپارچەیی خاکی وەڵات و شەڕی چەکداری بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێمی سیاسی وەڵاتێکە.
لە لایەکی دیکەوە، دیلکردنی هەر تاکێک بە هۆی ئەو تاوانانەی سەرەوە، بە پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دادەنرێ چونکە ئەم جاڕنامە لە بەندی نۆزدەهەمدا دەڵێ: هەموو کەسێک مافی ئازادی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و ئەم مافەش بریتییە لەوەی کە بە هۆی بیر و باوەڕیەوە تووشی ترس و خۆف نەبێت و لە پێناو وەرگرتنی زانیاری و ئەندێشە و بڵاوکردنەوەیان، بە ئامرازی گونجاو بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەربەستێک، ئازاد بێت (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ).
ئەو کەسانەی کە لە ڕوانگەی ڕێکخراوە مرۆڤپارێزەکانەوە بە زیندانی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن، زۆربەی دەوڵەتان بە تێکدەر و تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و ناحەز ناونووسیان دەکەن و ئەندامبوونیان لە گرووپە نایاساییەکان دژ بەو پێناسەیە دەزانن کە بۆ زیندانی سیاسی کراوە.
لە یاساکانی سزادان، زۆرینە تاوانی سیاسی لە تاوانە ئاساییەکان جیا دەکەنەوە و بۆ تاوانبارانی سیاسی هەندێ مەرج و ئاسانکاری تایبەت لە بەرچاو دەگرن. بۆ وێنە ئامادەبوونی «ئەنجومەنی چاودێران» و مافی جیاکردنەوەی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئاسایی لە ناو بەندیخانەکاندا.
سۆسیال داروینیزم
لە میانەی سەدەی 19 بۆچوونە ژینگەناسییەکانی چارلز داروین لە سەر تیۆرییە سیاسیەکان کاریگەرییان دانا. گریمانەکانی داروین لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ململانێ تەئکیدیان دەکرد و پێوەبوون کۆنترۆڵی سیاسی لە لایەن کەمینەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابووری سەرمایەداری پاساو بدەن.
سپێنسر و گراهام سامنر، وەک پێشەنگی سوسیال داروینیزم، شەڕی مان و نەمان یان لە دۆخ دەدا (واتە کردوکۆشی گیانلەبەران بۆ زاڵبوون بەسەر دوژمن و بارودۆخی وادا کە بیانخاتە مەترسی لەناوچوونەوە) بەڵام لە لایەکی دیکەوە بیرمەندانێکی وەک پارسۆنز و گامپلۆڤیچ و سیاسەتمەدارانێکی وەک بیسمارک، چەمبرلێن و ڕۆزڤێڵت جیاوازی ڕەگەزی و زایەند و پەرەسەندنی ئیستیعمار و شەڕیان بەهەند دەگرت و بە هۆکاری ململانێ و کێشمەکێشی نێوان نەتەوە و گرووپەکانیان دەزانی.
شۆڤینیزم
نەتەوەپەرستی توندڕەوانە و ناماقووڵ کە تێکەڵ بە ڕق و کین بێت بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکە. وشەکە لە ناوی نیکۆلا شۆڤێن، کە سەربازێکی فەرەنسی و فیداییەکی ناپلیۆن بووە، وەرگیراوە. پاشان بۆ ئەو کەسانە بە کار هاتووە کە بە حەز و ئارەزوویەکی بێپایان وەڵاتی خۆیان خۆش ویستووە. لە ڕاستیدا شۆڤینیزم فیکرەیەکی دواکەوتووانەیە کە مەبەستەکەی شانازی کردن بە گەلی خۆت و سووکایەتی کردن بە گەلانی دیکە و بەکۆیلەکردنی نەتەوەکانی دیکە. سیاسەتی ڕەگەزپەرستی هیتلەر و فاشیستەکان لەسەر بنەماکانی شۆڤینیزم بنیاد نرابوون. ئەمڕۆش هەندێ دەوڵەت و گرووپی کۆنەپەرست، بە کەڵک وەرگرتن لە شۆڤینیزم، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن. مامۆستا شوکور مستەفا، بلیمەتی گەورەی کورد، لەمەڕ ئەم زاراوە چەند ڕستەیەکی بەنرخی گوتووە کە لێرەدا دەیهێنمەوە:
«بەڕاستی، مەسەلەی نەژاد و ڕەگەزان مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی فرە توند و تیژە. بیرمەندانی کۆنەپەرستی دنیای سەرمایەداری دە هەڵپەی ئەوەدا بوون کە بە هۆی ڕامانەی نەژادییەوە، دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر گەلاندا سەپاندن پاساو بدەن. ئەمانە پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گۆیا یەژێ، هەندێ لە تیرەی مرۆڤ لە هەندێکی دیکەیان ڕەسەنتر و باشترن. هەروەها لافی ئەویشیانە لێداوە کە ئەورووپا هەمیشە بنیادەمەکانی لەگەڵ بنیادەمەکانی ئاسیا و ئەفریقیادا جیاوازن. شۆڤینیستانی عارەب و عەجەم و تورک هەر لە هەڕوگیڤی ئەوەدان، نەتەوە بەزۆر لکێندراوەکانیان، وەک وە نموونە، کورد، گۆیە بەچکەی جنۆکەن، لە دێو و درنجن و ئیتر لەم قسە قۆڕەیلەوە بێ بدەن. بەڵام ئەمڕو زانست ئەم قسە بێتامانەی سەر لەبەر پووچاندووەتەوە و کەم کەس باوەڕیان پێ دەکەن».
فابیانیزم
زاراوەی فابیانیزم لە ناوی فابیۆس سەرکردەی ڕۆمی وەرگیراوە کە دوو سەدە پێش زایین ژیاوە و توانی بە زیرەکی و لەسەرخۆ، شکست بهێنێ بە هانیباڵی دوژمنی. لە زاراوەی سیاسیدا ناوی بزاڤێکی سۆشیالیستییە کە لە بریتانیا سەری هەڵدا و لایەنگرەکانی لە 1884 لە «کۆمەڵەی فابیان» کۆ بوونەوە و توانی سەرنجی هەموو ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە (بۆ وێنە جۆرج بیرنارد شاو و گراهام والاس) بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. بەگشتی ئەم ڕێبازە پێیوایە کە سۆشیالیزمی جیهانی دەبێت بە ئارامی و بەکاوەخۆ و بە شێوەیەکی زانستییانە لەسەر بیر و هزری جەماوەر کاریگەریی دابنێت. کۆمەڵەی فابیان لەسەر ئەم باوەڕەن کە دەکرێت لە ڕێگەی ئاشتیانە و گونجاو لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و کاریگەریی لەسەر بیروبۆچوونی بەرپرسان، کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بنیاد بنرێت. پاش دامەزرانی حیزبی کرێکاری بریتانیا کۆمەڵەی فابیان چوونە ڕیزی ئەم حیزبەوە بەڵام سەربەخۆیی خۆیان پاراست و دواتریش وەک گرووپێکی ڕۆشنبیر دەستیان دایە توێژینەوە و ڕاگەیاندن لەناو حیزبدا. ئەم گرووپە چەند وتارێکیان بەدژی فەلسەفەی مارکس بڵاوکردەوە و لەم بارەوە بەم شێوە بیریان دەکردەوە:
1ـــ چاکسازی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی خۆڕسک، کامڵبوونی سرووشتی بەدی دەهێنا و بارودۆخی ئابووری کرێکاری بەرەو باشتربوون دەبرد و پێویستی بە شۆڕش و توندوتیژی نەدەکرد.
2ـــ بۆ پێشڤەبردنی کۆمەڵایەتی، ململانێی چینایەتی پێویست نەبوو.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
لۆترانیزم
ڕێبازێکی ئایینی پرۆتستانە کە دەدرێتە پاڵ مارتین لۆتر (1546ــ 1483)، بنیادنەری بزووتنەوەی «ڕیفۆرمی ئایینی» ئەڵمانیا. ڕێبازی لۆتر لەسەر دوو ئەستوون ڕاوەستاوە: یەکەم، تەنیا بەڵگەی بڕواپێکراو کتێبی پیرۆزە واتە ئینجیل. دووهەم، پاکبوونەوە لە گوناح، تەنیا بە هۆی ئیمان و کاری چاکە مەیسەر دەبێت. لۆتر بۆ نزیکایەتی و پێوەندی مرۆڤ بە خواوەند بڕوای بە پێوەندی قەشە و کڵێسە نەبوو. ئەو لە ساڵی 1520 جاڕنامەکەی پاپای کە تێیدا هەڕەشەی وەدەرنان لە کڵێسەی لێکرابوو، سووتاند. لۆتر لایەنگری ئازادی تاکەکەسی و ئازادی ئایینی و بیروڕا بوو. ئەو بەکارهێنانی زەبروزەنگی بۆ بەهێزکزدنی ئایینی بە ناڕەوا دەزانی و بیروباوەڕی بە حاڵەتێکی دەروونی لە قەڵەم دەدا. هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆر وەدووی کەوتن و ڕێبازی لۆترانیزمیان بنیاد نا. ئەم ڕێبازە بە هۆی جیاوازی و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە شێوازەکانی ئایینزای کاسۆلیک، بە پرۆتستان ناوبانگیان دەرکرد. پرۆتستانەکان کە بەزۆری لە ڕۆژئاوای ئەورووپا دەژین بیروباوەڕ و ڕەحمەتی خوداوەند بە هۆکاری ڕزگاربوون دەزانن و زۆر پابەندی بیروڕا و ئازادی ئایینن.
لێنینیزم
لێنینیزم، قوتابخانەیەکی سیاسییە کە لە ناوی ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ لینین (1924ـــ 1870) ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 سۆڤیەت وەرگیراوە. لێنینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی، پاش مەرگی لینین داهات و ئەویش شێوازێکی تایبەتی مارکسیزمە کە لە سۆڤیەت پیادەکرا.
ئەم قوتابخانە باوەڕی بە چاکسازی فەلسەفەی مارکسیزم هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بە پابەندی بنەماکانی ئەو فەلسەفە دەهێڵێتەوە. لێنینیزم، کۆمەڵێک نووسراوەی دەستچێنکراوی لینین بوو کە لە پاش هەندێ گۆڕان و چاکسازی بەسەر بنەماکانی مارکسیزمدا هاتە ئاراوە و هەندێ خاڵی پێ زیادکرا و هەندێ خاڵیشی لێ سڕایەوە تاکوو لەگەڵ ڕەوشی ڕووسیادا بگونجێ. لە ڕاستیدا داهێنەری لێنینیزم، ستالین بوو کە کۆمەڵێک لە گوتارەکانی لێنینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاتی نووسینیان، لە 9 بابەتدا بە ناوی «بنەماکانی لینینیزم» کۆ کردەوە. لەم کۆکردنەوەدا هەندێ لە ئەندێشەکانی لینین دابڕا یان بە کورتوکوێری بڵاوکرایەوە. ترۆتسکی لە بەرانبەر ئەم کارەی ستالین دەنگی هەڵبڕی و ڕایگەیاند: «لینینیزمی ستالین» جگە لە کۆگایەک خەوشوخۆڵی فیکری و کورتبینی و کەمتەرخەمی، هیچی دیکە نییە. کەواتە ئەو لینینیزمەی کە ستالین دایهێنا، بوو بە تێوری ڕەسمی یەکیەتی سۆڤیەت. لە بەرانبەردا ئەو شرۆڤە و لێکدانەوەی کە لە لایەن کەسانێکی وەک ترۆتسکی و بوخارین لە سەر بیروڕای لینین بە ئەنجام گەیشت، بە دەسکیسی ستالین تووشی شکستی سیاسی هاتن. دواتر، ڕێژەی وەفاداری لینینیزم، نەک هەر بە ئەندێشەکانی مارکس بەڵکوو بە نیسبەت ئەندێشەکانی لینینیش، بووە هۆی مشتومڕ لە نێوان مارکسییەکاندا.
لە باری مێژووییەوە، وشەی لینینیزم، یەکەم جار لە لایەن مارتۆف، ڕێبەری منشڤیکەکان لە ساڵی 1904 بەکار برا کە ئەویش بۆ ڕەخنە لە تیۆری لینین بوو لەمەڕ ڕێکخستنی حیزبی پێشڕەو.
لێنینیزم، لەگەڵ بولشویزم لە سەرچاوەیەک ئاودەخۆنەوە و لەباری سیاسییەوە بەهێزترین لقی مارکسیزم لە ئەژماردێت کە بە کۆمۆنیزم ناوبانگی دەرکردووە. کۆمۆنیستەکان، خۆیان بە «مارکسیزم ـــ لینینیزم» ناوبردە دەکەن.
بیروبۆچوونەکانی لێنین لە سەردەمی پێش شۆڕشی ڕووسیا لەگەڵ سەردەمی پاش شۆڕشدا جیاوازن. بەر لە شۆڕش، لێنین بە پەیڕەو کردنی مارکس، باوەڕی بە ڕەوتی مێژوویی دایەلیکتیک هەبوو چونکە ڕووسیا هێشتا ئامادە نەبوو بۆ شۆڕشێکی کرێکاری و نەگەیشتبووە قۆناغی پرۆلتاریا. لەبەرئەوە، سەرەتا دەبوو لەو وەڵاتەدا شۆڕشێکی بۆرژوایی ڕووبدات (وەک شۆڕشی فرەنسا) و ڕژێمی تاکڕەو و دیکتاتۆری تیزاری، جێگەی خۆی بدات بە ڕژێمێکی دیموکراتی و یاسایی و حکوومەتی چینی میانە.
لێنین، مارکسییەکی دەمارگرتوو بووە و لەگەڵ هەرچەشنە پێداچوونەوەیەک بە بنەما و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزمدا دژایەتی کردووە. ئەگەرچی ئەو شتەی کە لینین بە مارکسیزمی زیاد کردوووە، لەبواری تیۆرییەوە نایەتە بەرچاو بەڵام لێنینیزم هەڵگری وەرچەرخانێکی گرینگە لە مارکسیزمدا ئەویش گەڕانەوەیە لە دیترمینیزمی ئابووری بۆ ئیرادەگەرێتی. بەپێی دیترمینیزمی ئابووری ــ کە یەکێک لە تیۆرییەکانی مارکسە ــ سیاسەتی دەوڵەتەکان و ڕووداوە مێژووییەکان، بەگشتی هۆکاری ئابوورییان هەیە و بەرهەمی هێزە جەبرییە ئابوورییەکانن. لەم گۆڕانە فیکرییەدا لینین، لە جیاتی ئەوەی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی کرێکاری بە پاشکۆیەکی ڕەهای شێوازی بەرهەمهێنان و دۆخی ئابووری بزانێت، هۆکاری دەروونی و زەینی واتە «ئیرادەی شۆڕشگێڕانە» و ڕێکخستنی بوێرانە، بە پاڵنەری سەرەکی بۆ چوونە ناو ڕەوتی مێژوو دەزانێت. لێنین پێی وابوو کە بێ تیۆری شۆڕش هیچ کارێکی شۆڕشگێڕانە بە ئەنجام ناگات.
لێنین تیۆرییەکی تایبەتی دەربارەی ئیمپریالیزم ئاڕاستە کرد کە بەرفرەوان کردنی مارکسیزم بوو لە بواری شیکردنەوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی سەرمایەداریدا. ئەو ئیمپریالیزمی بە دوایین قۆناغی «سەرمایەداری پاوانخواز» دەزانی کە لە سەرەمەرگی خۆیدا بوو. ئەم تیۆرییە بوو بە بنەمایەک بۆ دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردووگای سۆشیالیزم و ئیمپریالیزم کە لە قۆناغی شەڕی سارد زۆر دەنگی دایەوە. بەپێی ئەم دابەشکارییە، سەرکەوتنی بەرەی سۆشیالیزم بەسەر ئیمپریالیزم، لەباری مێژووییەوە نکوڵی لێناکرێ چونکە ئیمپریالیزم بەرەو مەرگ گلۆر بۆتەوە.
لینین کاریگەریی زۆری لەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی (بە تایبەت مارکسیستی) دانا. تاکوو بەر لە شۆڕشی 1917، مارکسییەکان هەمیشە بە دەوری یەک حیزب کۆ دەبوونەوە کە ئەویش بە «حیزبی سۆشیال دیموکرات» ناوبانگی دەرکردبوو. بەڵام لینین لەپاش دامەزراندنی ئینتەرناسیۆنالی سێهەم (بڕوانە کۆمینترن) ئەم حیزبانەی بە دوو حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیست دابەش کرد. وردە ـــ وردە ڕێوشوێنی لینین سنووری وەڵاتەکەی بەزاند و زۆربەی وەڵاتانی جیهانی گرتەوە. نووکە، ئەگەرچی لە ساڵی 1990 سیستەمی کۆمۆنیستی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو لێک هەڵوەشایەوە، بەڵام لە چەند وەڵاتێکی وەک چین و کووبا، ئەم ڕێبازە لە باو نەکەوتووە و هێشتا هەر ئەم وەڵاتانەی پێ ئیدارە دەکرێ.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم
ئەم زاراوە لە گەرمەی مشتومڕە ئایدیۆلۆژییەکانی پاش مەرگی لێنین هاتە ئاراوە بۆ وەدەرنانی دوژمنانی ستالین. لە ژێر سەردێڕی ئەم ناوەدا مارکسیزم، بەپێی تێڕوانینی ستالین بۆ تیۆر و کردەوەی لێنین، سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە. ئەم تێڕوانینە شەرعییەتی دەبەخشی بە سیاسەتەکانی ستالین و تا دەهات پێگەکەی وەک سەرچاوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک قایمتر دەکرد. پاش سەردەمی ستالین، ئەم چەمکە بوو بە نیشانەی ڕەوابوونی دەسەڵاتی ڕێبەرانی داهاتوو. هەروەها لە گەڕیانی کێشمەکێشی نێوان جەمسەرەکانی کۆمۆنیزمدا بوو بە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژک بۆ تاوانبارکردنی هەر چەشنە «لادان» ێک لە ڕێباز و باوەڕی مارکسی. لە میانەی مشتومڕی چین و سۆڤیەت، ڕووسەکان چینیان بەوە تاوانبار دەکرد کە لە ڕێبازی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایداوە بەڵام چینییەکان ڕێگەی خۆیان بەرەو ئایدیۆلۆژی «مارکسیزم ـــ لێنینیزم ـــ مائۆئیزم» هەڵبژاردبوو.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم، ئاوەڵناوێک بوو کە پێشتر زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستیەکان بۆ ناوبردەکردنی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەکاریان دەبرد و بەم بۆنەوە خۆیان لەو حیزب و لایەنە مارکسییانەی کە باوەڕیان بە ڕێبازەکانی مارکس لەمەڕ شۆڕشی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری پرۆڵتاریا نەبوو جیا دەکردەوە. ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتدا ئایدیۆلۆژی بزووتنەوەی کرێکاری بوو بەڵام لە کردەوەدا لە هەندێ لە وەڵاتان بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و کۆنەپارێزی چینی دەسەڵاتدار و بۆرۆکراسی دەوڵەتی.
مانیفست
مانیفست لە ڕیشەی لاتینی manifetus بە واتای ڕاگەیاندراو وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ڕاگەیاندراوێک کە لە لایەن کۆمەڵە، گرووپ یان ڕێکخراوەیەک بۆ دەربڕینی بیروبڕوای سیاسی خۆیان بڵاو دەبێتەوە. ڕاگەیاندراوی سەرۆکی وەڵاتان یا کاربەدەستانی باڵا لە پێوەند لەگەڵ ڕووداوی گەورەی سیاسی وەڵاتێک یاخود لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە مانیفست لە قەڵەم دراوە. یەکەمین بەرنامەی کۆمۆنیستەکان کە لە لایەن مارکس و ئەنگڵس لە ساڵی 1848 بڵاو کرایەوە، بە مانیفستی حیزبی کۆمۆنیست ناوبانگی دەرکرد.
پاش مودێرنیزم
لە بەستێنی کردەی سیاسیدا ئەم قوتابخانە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە خەباتی چینی کرێکار بەرەو کوژانەوە دەڕوات و لە هەناوی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا پووکاوەتەوە. بەڕای «دانیال بێل»، کۆمەڵناسی ئەمریکایی قۆناخی پاش مودێرنیزم سەردەمی دژایەتیکردنە لەگەڵ نۆرمەکانی بورژوازی و نەلێکردن لە شوناسی کۆمەڵایەتی، تاکباوەڕی توندڕەوانە، چێژپەرستی کوت و کوێر و یاخیبوون لە کەلتووری نوێخوازی، سیاسەتی دیموکراتیک، ئابووری سەرمایەداری و بەها ئایینییەکان. هەندێ کەس پاش مودێرنیزم ، وەکوو بەرسڤێکی کەلتووری بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سیستەمی سەرمایەداری ناوبردە دەکەن. هەندێکیش بێجگە لە ڕەنگدانەوەی چاخی نەزۆکیی هزری و سیاسی کە دەسکەوتێکی مەزنی نەبووە بە شتێکیان نەزانیوە.
پاش مودێرنیزم، لە ڕاستیدا هەڵبڕینی دەنگێک بوو بە دژی هەموو دەستکەوتەکانی چاخی ڕۆشنگەری، ئەو چاخەی کە زەمینەی شۆڕشی فەرەنسە و حەز و لاگیری زانستی و کۆمەڵایەتی خۆش کرد.
پان جێرمانیزم
بەو تیۆری و گەڵاڵە و پیلانە شەڕخوازە ئەڵمانییانە دگوترآ کە لە بەرایی سەدەی نۆزدە بە ئامانجی یەکگرتنی سیاسی وەڵاتانی ئەڵمانی زمان، هاتە کایەوە. ڕەگ و ڕیشەی فەلسەفی پان جێرمەنیزم ئەگەڕێتەوە بۆ یوهان فیشتە، فەیلەسووفی ئەڵمانی (1814-1762) . فیشتە، لەو سەردەمەی کە هێشتا ئەڵمانیا دابەش ئەکرێ بە میرنشینی بچووک و یەکگرتووییەکی سیاسی لە ئارادا نەبوو، باسی لە «چارەنووسی گەورەی نەتەوە» دەکرد و نەتەوەی ئەڵمانیای بە خاوەن ڕۆحێکی ئاڤرێنەر دەزانی و لە بەرانبەر ئەمەش دا نەتەوە لاتینی یەکانی بە چارەڕەش ناوبردە ئەکرد.
ڕاپەڕینی سیاسی و ڕۆمانتیکی سەدەی نۆزدە کە بنیاتەکەی لەسەر ناسیۆنالیزم بینا کرابوو، بیرۆکەی ڕێبەرایەتی جیهانی ئەڵمانییەکانی بە هێزتر کرد و بیرمەندان و نوسەرانی ئەڵمانی بەرەو داڕشتنی گەڵاڵەی زیندووکردنەوەی ڕایش*، هان دا و سەرەنجام ئەم پلانە بەدەستی بیسمارک بە ئەنجام گەیشت. بەڵام یەکگرتنی یەکجارەکی وەڵاتە ئەلمانی زمانەکان، بە دەستی ئادءڵف هیتلەر بە ئەنجام گەیشت. کەچی ئیمپراتۆرییەتەکەی زۆری نەخایاند و بە شکستهێنانی ئەڵمانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانی (1945) وەڵاتی ئەڵمانیا بە دوو پارچەی (ئەڵمانیای ڕۆژاوا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات) دابەش کرا (بڕوانە دیواری بەرلین) .
پاڵاوتنی ئەتنیکی
تەعبیڕێکی مودێرنە لە دابێژان یا لابردنی پلانمەند یا بەئەنقەستی ئەندامانی گرووپێکی ئەتنیکی لە وەڵاتەکەی خۆیان کە بەشێوەی نامرۆڤانە و زۆرەملی، ڕوودەدات. لە باری تیۆرییەوە، ئەکرێ بڵێین لەگەڵ جینۆساید*یان کوشتاری بە کۆمەڵ کە بە ئامانجی فەوتاندنی بەئەنقەستی نەتەوەیەک ڕوودەدات جیاوازە بەڵام لە واقیعدا ناکرێ ئەم دوانە لێک جیا بکرێنەوە. بۆ وێنە پاکسازی و دابێژانی ئەتنیکی لە لایەن سیربەکان و کرۆواتەکان لەنێوان ساڵەکانی (1992 تا 1996). یان دەرکردنی زۆرەملێی کوردی کەرکووک لە لایەن ڕژێمی سەدام حوسێن بۆ شارە عەرەب نشینەکان و هاوردنی عەرەبان بۆ ئەم شارە بەمەبەستی تێکدانی دیمۆگرافی شارەکە. پاڵاوتنی ئەتنیکی، یەکێکە لە شێوازەکانی شەڕی پاش مودێرن کە تێیدا ناتەبایی نێوان دەوڵەتەکان، جێی خۆی دەدا بە دژبەریی نێوان هێزی میلیشیایی و گرووپی ئەتنیکی. بە گوتەی «ڕابێرت کاپلان»، شەڕی پاش مودێرن و پاڵاوتنی ئەتنیکی و جینۆساید، بەرهەمی دیاردەی دەوڵەت ــ نەتەوە دۆڕاوەکانی دوای شەڕی ساردە. ئەو دەوڵەت ـــ نەتەوانەی کە بە چاوی خۆیان لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی و بە هەرێمکردنی عەشیرەیی ناوچەکان و پەیابوونی لە ڕادەبەدەری نەخۆشی و پەرەسەندنی شەڕیان دیوە.
پشتیوانیی سیاسی
بریتییە لە هەر چەشنە هەوڵ و تەقەلای دەوڵەتێک لە بەردەم دەوڵەتێکی دیکە بەمەبەستی بەدواداچوونی مافی هاووەڵاتیانی خۆی و پشتیوانی کردنیان کە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی بیانی شەڕیان پێ فرۆشتبێتن و دەستدرێژی کرابێتە سەریان.
پێرۆنیزم
لەناوی خووان پێرۆن (1947-1895)، دیکتاتۆری بەناوبانگی ئەرجەنتین لە ساڵەکانی (55-1946) و (74-1973) و هاوسەرەکەی ئێڤا پێرۆن وەرگیراوە کە بریتیە لە پڕۆگرامە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی.
پێرۆن، بە ڕێکخستنی جڤاتەکی چینی کرێکار لە یەکیەتی کرێکاری و میلیشیای کرێکاری بە دژی گرووپی نوخبە و توێژی باڵای مامناوەندی و بە سپاردنی دەسەڵات لە بەستێنی سیاسەتی دەرەوە و هاندانی ئەرجەنتین یەکان بە دژی ئەمریکا و هەروەها بانگەشەی بەدەستەوە گرتنی ڕێبەرایەتی ئەمریکای لاتین، توانی سەرنجی جیهان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ. ئەگەرچی نەیتوانی کێشە ئابوورییەکانی وەڵاتەکەی خۆی چارەسەر بکات بەڵام لە دڵی هەمووان جێی خۆی کردبۆوە.
پاش مەرگی پێرۆن، هاوسەرەکەی وەک سەرۆککۆمار، ڕێبازەکەی درێژە پێدا بەڵام دوای دەرکەوتنی کارنەزانی و گەندەڵبوونی حکوومەتەکەی، لە لایەن ئەرتەشەوە سەرنەگوون کرا و لە باو کەوت.