تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سکۆلاریزم
سکولار لە ڕیشەی لاتینی saeculum بە مانای کاروباری ئەم دنیا وەرگیراوە واتە جیهانپەرستی، ئەو شتەی کە پێوەندی بەم جیهانە خاکییەوە هەبێت. لە زاراوەی سیاسی و فەلسەفیدا بریتییە لە بڕواهێنان بە ڕاگواستنی سەرچاوە لە دەزگە ئایینیەکانەوە بۆ کەسان یا ڕێکخراوەی نائایینی. واتە گوێ بە ئایین نەدان و لە ئایین دابڕان، جیاکردنەوەی ئایین لە کاروباری حکوومەت و جیهان بە تایبەتی پەروەردە و فێرکردنی قوتابیان. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەو شتەی کە لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا ڕەسەن لە ئەژمار دێت، سیاسەتە نەک ئایین، چونکە ئایین شتێکی تاکەکەسی و شەخسییە. سکۆلاریزم بە واتای دنیاپەرستی و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک جگە لە دنیا و بە ئەسڵ دانانی دنیا ڕاڤە دەکرێت کەوابوو ڕەتکردنەوەی ئایینیش دەگرێتەوە.
بیرۆکەی پێویستی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشمەکێش و ناکۆکییانەی کە لە تێکەڵکردنی شتە ڕۆحی و دەروونییەکان لەگەڵ شتە دنیایی و مادییەکان هاتبووە ئاراوە. ئەمیش سەرەتا لە کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و ڕۆما خۆی نیشان دا. ئەمان بۆ پاساوی بیر و بۆچوونەکەیان پشتیان بەم گوتەیەی عیسێ پێغەمبەر بەستبوو کە دەڵێ: «ماڵی قەیسەر بۆ قەیسەر و ماڵی مەسیح بۆ مەسیح» واتە عیسێ بە دینی خۆی و مووسێ بە دینی خۆی!
لە سەدەکانی پاش چاخی ڕۆشنگەری و پاش سەرهەڵدانی فەلسەفەکانی لیبرالیزم و دیموکراسی، ئەندێشەی جیاوازی ئایین لە سیاسەت بە کردەوە پیادە کرا تا ڕادەیەک کە ئەمێستا ئەم بیرۆکە وەک بەشێکی سەرەکی دەستووری بنچینەیی وەڵاتانی ڕۆژاوایی لێ دەرهاتووە.
سۆسیال ئیمپریالیزم
یەکەم جار، لێنین، ئەم زاراوەی لە ساڵی 1916 بۆ بەرپەرچدانەوەی کائۆتسکی و ڕێبەرانی دیکەی سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا بەکار هێناوە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە زمان لایەنگری سۆشیالیزمە و بە کردەوەش، سیاسەتی ئیمپریالیستی پیادە دەکات.
دوابەدوای دەرکەوتنی ناکۆکی و کێشەی ئایدیۆلۆجیکی لە نێوان چین و سۆڤیەت، چینییەکان ئەم زاراوەیان وەک ناتۆرە، بە سۆڤیەتیەکانەوە لکاند. ئەوان پێیان وابوو کە سۆڤیەتیش زلهێزێکی ئیمپریالیستیە کە دەخوازێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم، وێڕای دەسەڵاتدارییەتی بە سەر وەڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەریان داسەپێنێ و لە سەرچاوە سرووشتی و مرۆڤییەکانی ئەم وەڵاتانە کەڵک وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، چینییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە سۆڤیەتیش وەڵاتێکی ئیمپریالیستیە بەس تەنیا جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئابوورییەکەی کە لەبری ئەوەی سەرمایەداری تایبەتی بێت، سەرمایەداری دەوڵەتییە. لایەنگرانی سۆسیال ئیمپریالیزم، ئیمپریالیزمی تازەپێگەیشتووی سۆڤیەتیان، لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژاوا بە مەترسیدارتر دەزانی.
سۆسیال داروینیزم
لە میانەی سەدەی 19 بۆچوونە ژینگەناسییەکانی چارلز داروین لە سەر تیۆرییە سیاسیەکان کاریگەرییان دانا. گریمانەکانی داروین لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ململانێ تەئکیدیان دەکرد و پێوەبوون کۆنترۆڵی سیاسی لە لایەن کەمینەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابووری سەرمایەداری پاساو بدەن.
سپێنسر و گراهام سامنر، وەک پێشەنگی سوسیال داروینیزم، شەڕی مان و نەمان یان لە دۆخ دەدا (واتە کردوکۆشی گیانلەبەران بۆ زاڵبوون بەسەر دوژمن و بارودۆخی وادا کە بیانخاتە مەترسی لەناوچوونەوە) بەڵام لە لایەکی دیکەوە بیرمەندانێکی وەک پارسۆنز و گامپلۆڤیچ و سیاسەتمەدارانێکی وەک بیسمارک، چەمبرلێن و ڕۆزڤێڵت جیاوازی ڕەگەزی و زایەند و پەرەسەندنی ئیستیعمار و شەڕیان بەهەند دەگرت و بە هۆکاری ململانێ و کێشمەکێشی نێوان نەتەوە و گرووپەکانیان دەزانی.
سۆسیال کاتۆلیسیزم
بریتیە لە بزاوتێکی فیکری کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە دەستی پێکردووە. ئەم ڕێبازە خەباتی خۆی بە دژی سنعاتیبوون بە شێوازی لیبرالیستی و هاوڕێ لەگەڵ قوتابخانەی تاکگەرایانە هێورتر کردووە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە وێڕای بایەخدانان بە باوەڕە ئایینیەکانی خۆیان، بە بنەمای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیش بڕوایان هەیە. ئەو کاتۆلیکانەی کە خۆیان بە سۆسیال دەزانن، لە سەدەی نۆزدەوە بە دژی تاکگەرێتی بێسەروبەری کۆمەڵگەی لیبرالی و ئابووری لیبرالی دەست بەکار بوون. ئەم بزاوتە خەباتی خۆی کێشاوەتە ناو کۆمەڵە کرێکارییەکان و بە شێوازی تیۆریک درێژە بە خەبات بەدژی تاکگەرێتی و بێباوەڕی دەدات.
سۆشیالیزم
سۆشیالیزم لە ڕیشەی لاتینی sociare بە واتای یەکگرتن و پەیوەست بوون پێکەوە، وەرگیراوە. سۆشیالیزم مانای زۆری هەیە بەڵام واتای گشتی زاراوەکە بریتیە لە: «تیۆری یان سیاسەتێک کە ئامانجەکەی خاوەندارەتی کردن یا چاودێری کۆمەڵگەیە بە سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (سەرمایە، خاک، دارایی، تەکنۆلۆجی) و وەگەڕخستنی ئەم شتانە بە قازانجی هەموان». بەم حاڵەش مانایەکی یەکلاکراو بۆ ئەم زاراوە لە ئارادا نییە چونکە چەمکی «خاوەنداریەتی و چاودێری گشتی» وەک هەویرێکن کە ئاو زۆر ئەکێشن. گرنگترین ڕەگەزی هاوبەشی تیۆرییە سۆشیالیستیەکان جەخت کردنە لە سەر باڵادەستیی کۆمەڵگە و قازانجی گشتی بە سەر تاک و قازانجی تاکدا. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سۆشیالیزم هەڵبڕینی دەنگە بە دژی تاک باوەڕی و لیبرالیزمی ئابووری هاوچەرخ.
ئەگەرچی وشەی سۆشیالیزم وشەیەکی نوێیە و بەرهەمی ڕووداوەکانی سەدەی هەژدەیە بەڵام هەندێک پێیانوایە کە پێشینەی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی ئەشکەوتنشینی مرۆڤ کە ئەودەم مرۆڤ ناچار بوو بە شێوەی کۆمەڵەکی بژی. بەم جۆرە سۆشیالیزمە دەگوترێ «سۆشیالیزمی سرووشتی».
بەکارهێنانی وشەی سۆشیالیزم دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازییەک کە لە نێوان شۆڕشی سیاسی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرچاو دەکەوێت کە مێژووی ئەم جیاوازییەش لە سەرەتاکانی 1800 بەملاوە دەست پێدەکات. زاراوەی سۆشیالیزم یەکەم جار لە فێوریەی 1832 لە ڕۆژنامەی سەن سیمۆن بڵاو کراوەتەوە. هەندێ لە نووسەران لە سەر ئەم باوەڕەن کە شکستهێنانی شۆڕشی مەزنی فرەنسی و ڕۆچوون بە هەناوی دیکتاتۆری ناپیلیۆندا دەرەنجامی ئەم ڕاستیە بوو کە شۆڕشەکە تەنیا شۆڕشێکی سیاسی بووە و لە ڕووکاری دامودەزگەی دەوڵەتییدا قەتیس ماوە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی (بە مانا سۆشیالیستیەکەی) لە ئەندێشە و شێوە ژیانی جەماوەر لە ئارادا نەبووە. ئەم شرۆڤە دەگەڕێتەوە بۆ مارکس کە پێی وابوو شۆڕشی فرەنسی کردەیەکی سیاسی بۆرژوازانە بووە.
خاڵێکی گرنگ کە دەبێ ڕوون بکرێتەوە ئەمەیە کە شتێکی تۆکمە و یەکدەست بە ناوی سۆشیالیزم لە ئارادا نییە، بەڵکوو دەبێ باس لە سۆسیالیزمی جۆراوجۆر بکرێت کە زۆربەیان لەگەڵ ئایدیۆلۆجیاکانی دیکە تێهەڵکێش بوون. لەم بابەتەوە دوکترینێکی سەربەخۆ لە ئارادا نییە و دەبێ بە شێنەیی لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکرێت چونکە هەڵوێستی زاڵی مارکسیزم لە مێژووی بزاوتی سوسیالیستیدا بۆتە هۆی ئەوە کە زۆرجار سۆشیالیزم بە چاوی مارکسیزم سەیر بکرێت. مارکسیزم، سۆشیالیزمی حەقیقی نییە بەڵکوو یەکێکە لە ڕەگەزەکانی سۆشیالیزم.
زۆربەی لێکۆڵەرانی سۆشیالیزم، یەکسانی، بە بایەخی سەرەکی سۆشیالیزم ناوبردە دەکەن و گوتراوە کە هەر سۆشیالیستیک دەبێ زیاد لە هەموو شتێک یەکسانخواز بێت کەچی بە پێچەوانەوە هیچ باسێک لە ئازادی نەکراوە. لەم ڕووەوە داکۆکیکردنی لەڕادەبەدەر لە یەکسانی، بە واتای ڕەتکردنەوەی ئیمکانی ئازادی لێک دراوەتەوە. بۆیە دەڵێن سۆسیالیستەکان ناتوانن لایەنگری لە ئازادی بکەن.
هەندێ جار گومان دەکرێت کە هەموو سۆسیالیستەکان دەوڵەتخواز بن و بە جۆرێکی جیاواز لە چەمکی دەوڵەت تێگەیشتبن کەچی ئەمانە هەڵەیە. وێناکردنی سۆشیالیزمی لایەنگری دەوڵەت، هاوواتای کۆمەڵخوازی دێتەوە. کۆمەڵخوازی تەنیا مێتودێک نییە بۆ هەڵکشانی سۆشیالیزم بەڵکوو خاوەنی ستراتیجی بەهێزە کە زۆربەی سۆسیالیستەکان ڕەتیان کردۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی مارکسیزم لەگوێن ڕێبازێکی دەوڵەتخواز سەیر کراوە و وەک نموونەیەکی ئایدیالی دەوڵەتی سۆشیالیستی ناوەندخواز سەیر دەکرێت کەچی لە نووسراوەکانی مارکس و ئینگڵس، ڕوانگەیەکی پۆزەتیڤ دەربارەی دەوڵەت بەدی ناکرێت و ئەوەی کە دیارە شرۆڤەیەکی یەکجار نیگەتیڤە.
سەرهەڵدانی مارکسیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە ئەندێشەی سۆشیالیستیدا چونکە لەم قۆناغە بەدواوە، کەمتاکورتێک هەموو بزاوتە سۆشیالیستیەکان کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم ئایدیۆلوجیاوە. مارکسیزم، خۆی بە «سۆشیالیزمی زانستی» پێناسە کرد چونکە بناغەی ڕێبازەکەی لە سەر شیکاریی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و دۆزینەوەی «یاسا جەبرییەکانی» مێژوو دانابوو.
سەرهەڵدانی بولشویزم لە سۆڤیەت و سەرکەوتنی لە 1917 قۆناغێکی دیکەی مێژووی وەرچەرخانی سۆشیالیزمە چونکە لە دوای ئەم قۆناغە بوو (لە 1920) بزاڤی سۆشیالیستی بە دوو لقی سەرەکی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دابەش کرا. تایبەتمەندی کۆمۆنیزم، جەخت کردن بوو لە سەر ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم و بەدیهاتنی سۆشیالیزم کەچی سۆسیالیستەکان هێدی هێدی لە خەسڵەتی شۆڕشگێڕانە و زانستیانەی مارکسیزمەوە بایانداوە بەرەو خەسڵەتی ئەخلاقی سۆشیالیزم و نەریتەکانی دیموکراسی ڕۆژاوایی. بەم جۆرە، بزاوتی سۆشیالیستی دوو باڵی شۆڕشگێڕانە و ڕیفۆرمخوازی لێ جیابۆوە و ڕیفۆرمخوازەکانیش، دواتر بە «سۆسیال دیموکرات» ناویان دەرکرد. هەنووکە، پێناسەی «سۆسیالیست» بە دەگمەن بۆ کۆمۆنیستەکان بەکار دەبرێت.
سۆشیالیزم لەگەڵ هەر چەشنە پێناسەیەکی بنبڕکراودا نەیارە، چونکە بەپێی بۆچوونی مارکس شێوازی سۆشیالیزم پێوەندی هەیە بە هەلوومەرجی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە. کەواتە ڕەنگە سۆشیالیزم دەوڵەتی بێت یان لایەنگری ئازادی تاکەکەس، مارکسی بێت یان لیبرال، شۆڕشگێڕ بێت یا لایەنگری ئینتەرناسیۆنال. بەڵام لەسەر ئامانجەکانی سۆشیالیزم ڕێککەوتنێک هەیە ئەویش بریتیە لە کۆمەڵگەیەکی بەدەر لە چینایەتی لە سەر بناغەی خۆماڵیکردنی دارایی و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان. خەونی جیهانگیربوونی برایەتی، مرۆڤایەتی و ئازادی لە نێوان هەموو قوتابخانە فیکرییەکانی سۆشیالیزمدا هاوبەشە.
خاڵێکی جیاواز کە دەکرێ ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە سۆسیال دیموکراسی، تێدەکۆشێ بە شێوازێکی دیموکراتیانە دەست بە سەر دەوڵەتدا بگرێت بەڵام سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە لە شوێن سڕینەوەی دەوڵەتی هەنووکە و دامەزرانی دەوڵەتێکی نوێیە لە ڕێی دیکتاتۆری پرۆلتاریا (مارکسیزم، لینینیزم، کۆمۆنیزم).
بێگومان تیۆری و ئاریشە گرنگەکان، بەپێی زەمەن و لە وەڵاتێکەوە بۆ وەڵاتێکی دیکە جیاوازییان هەیە. سۆشیالیزم لە ڕاستیدا بزاڤێکە بۆ بڕەوپێدانی خۆشبەختی و خۆشبژیوی هەموو کەسێک. ئەم بزاوتە بە شوێن «گەورەترین شادی و خۆشحاڵی بۆ زۆرترین ڕادەی خەڵک»ـە، نەک بۆ بوونەوەرێکی میتافیزیکی وەک دەوڵەت کە تەنیا بۆ بەدیهاتنی خواستی هەندێ کەس هاتبێتە کایەوە.
دوای هەندێ گۆڕان بە سەر بنەماکانی سۆشیالیزم، واتاکانی سۆشیالیزمیش گۆڕانی بە سەردا هاتووە و چەندەها لقی جۆراوجۆری لێ بۆتەوە. بە گوتەی گریفیس نووسەری بریتانیایی، نزیکەی 261 جۆری سۆشیالیزم هاتۆتە ئاراوە کە هەرکامیان پێناسەی خۆی هەیە بەڵام وەک ئاماژەی پێدرا ڕەگەزی هاوبەشی تیۆرییە سۆشیالیستیەکان داکۆکی کردنە لە سەر باڵادەستیی کۆمەڵگە و قازانجی گشتی بە سەر تاک و قازانجی تاکەکەسدا. نموونەکانی ئەم سۆشیالیزمانە بریتین لە: سۆشیالیزمی پەرەسەندووانە، سۆشیالیزمی زانستی، سۆشیالیزمی فابیان، سۆشیالیزمی پیشەیی، سۆشیالیزمی مارکسی، سۆشیالیزمی لیبرال، سۆشیالیزمی پەرلەمانی و...
سێکتاریزم/تیرەگەری
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی secta بە مانای تیرە و گرووپی بچووک وەرگیراوە. لە کەلتووری کۆمۆنیستەکان بە واتای دابڕان لە جەماوەر و گۆشەگیرییە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بە حەز و ئارەزوویەکی تایبەتەوە بیر لە بابەتە ئایینی و فەلسەفیەکانی خۆیان دەکەنەوە و گرنگی بە بابەتە گرنگەکانی کۆمەڵگە نادەن.
بە گشتی سێکتاریزم بۆ تیرەگەری و عەشیرەگەری لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەکاندا بەکاردێت کە پتر لە ناو حیزب و گرووپە چەپیەکاندا باوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم گرووپانە لق و پۆپی جۆراوجۆریان لێ ببێتەوە. تیرەگەری لە ناو حیزبە سیاسیەکان هەمیشە ناگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروڕا بەڵکوو هەندێ جار لە ناکۆکی و ململانێی تایبەتی و زێدەخوازی ڕامیارییەوە سەرچاوە دەگرێ.
سەندیکالیزم
سەندیکالیزم لە وشەی لاتینی syndicus بە واتای یەکێتی وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بزاڤێکی کرێکاری بوو کە لە 1890 لە فرەنسی سەری هەڵدا بە مەبەستی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵ و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتەوە بۆ یەکێتیە پیشەییەکان. سەندیکالیزم، سیاسەت وەلادەنێت و بۆ خەباتی چینایەتیش وەک «کردەوەیەکی پیشەسازییانە» دەڕوانێ و بە شتێکی کارامەی دەزانێ. سەندیکالیستەکان بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و یەکگرتنی کرێکارانیان بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن لە هەر چالاکییەکی پیشەیی دەزانی.
سەندیکالیزم لە 1907 لە بەریتانیا بڕەوی پەیدا کرد. بزاڤی کرێکاری توندڕەوی بەریتانیا، بەم دروشمە دەیهەویست خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە چنگی خاوەنداران دەرکێشێ و ڕادەستی یەکێتییەکانی بکات.
سەندیکالیزم بزاڤێکە بە دژی سەرمایەداری کە داواکاری خودموختارییە بۆ گروپە کرێکارییەکان و لە هەر چالاکییەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری پشتگیری دەکات. کەواتە سەندیکالیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان کە دەیانهەوێت لە ڕێی پەرلەمان یا شۆڕش دەست بگرن بە سەر حکوومەتدا جیاوازییان هەیە. سەندیکالیستەکان وەک ئانارشیستەکان، دەوڵەت بە ستەمکار دەزانن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کاری تێکدەرانە و مانگرتنی گشتی و ئاژاوە ئەنجام دەدەن. بە گشتی ئەم ڕێبازە، کرێکاران بە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگە دەزانێ و دەبێ کرێکارانی هەر پیشەیەک سەندیکای تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە دەستەوە بگرن و دەست وەردەنە هەموو کاروبارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نییە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشی 1917 لە سۆڤیەت، سەندیکالیزم بڕەوی نەما و لایەنگرەکانی، یان ڕوویانکردە کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانەی سۆڤیەت یان کەوتنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دیموکراسی ڕۆژاوا بۆ بڕەو پێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێی بڵاوبوونەوە لە یەکیەتی پیشەسازی و چالاکی پەرلەمانی.
شۆڤینیزم
نەتەوەپەرستی توندڕەوانە و ناماقووڵ کە تێکەڵ بە ڕق و کین بێت بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکە. وشەکە لە ناوی نیکۆلا شۆڤێن، کە سەربازێکی فەرەنسی و فیداییەکی ناپلیۆن بووە، وەرگیراوە. پاشان بۆ ئەو کەسانە بە کار هاتووە کە بە حەز و ئارەزوویەکی بێپایان وەڵاتی خۆیان خۆش ویستووە. لە ڕاستیدا شۆڤینیزم فیکرەیەکی دواکەوتووانەیە کە مەبەستەکەی شانازی کردن بە گەلی خۆت و سووکایەتی کردن بە گەلانی دیکە و بەکۆیلەکردنی نەتەوەکانی دیکە. سیاسەتی ڕەگەزپەرستی هیتلەر و فاشیستەکان لەسەر بنەماکانی شۆڤینیزم بنیاد نرابوون. ئەمڕۆش هەندێ دەوڵەت و گرووپی کۆنەپەرست، بە کەڵک وەرگرتن لە شۆڤینیزم، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن. مامۆستا شوکور مستەفا، بلیمەتی گەورەی کورد، لەمەڕ ئەم زاراوە چەند ڕستەیەکی بەنرخی گوتووە کە لێرەدا دەیهێنمەوە:
«بەڕاستی، مەسەلەی نەژاد و ڕەگەزان مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی فرە توند و تیژە. بیرمەندانی کۆنەپەرستی دنیای سەرمایەداری دە هەڵپەی ئەوەدا بوون کە بە هۆی ڕامانەی نەژادییەوە، دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر گەلاندا سەپاندن پاساو بدەن. ئەمانە پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گۆیا یەژێ، هەندێ لە تیرەی مرۆڤ لە هەندێکی دیکەیان ڕەسەنتر و باشترن. هەروەها لافی ئەویشیانە لێداوە کە ئەورووپا هەمیشە بنیادەمەکانی لەگەڵ بنیادەمەکانی ئاسیا و ئەفریقیادا جیاوازن. شۆڤینیستانی عارەب و عەجەم و تورک هەر لە هەڕوگیڤی ئەوەدان، نەتەوە بەزۆر لکێندراوەکانیان، وەک وە نموونە، کورد، گۆیە بەچکەی جنۆکەن، لە دێو و درنجن و ئیتر لەم قسە قۆڕەیلەوە بێ بدەن. بەڵام ئەمڕو زانست ئەم قسە بێتامانەی سەر لەبەر پووچاندووەتەوە و کەم کەس باوەڕیان پێ دەکەن».
فابیانیزم
زاراوەی فابیانیزم لە ناوی فابیۆس سەرکردەی ڕۆمی وەرگیراوە کە دوو سەدە پێش زایین ژیاوە و توانی بە زیرەکی و لەسەرخۆ، شکست بهێنێ بە هانیباڵی دوژمنی. لە زاراوەی سیاسیدا ناوی بزاڤێکی سۆشیالیستییە کە لە بریتانیا سەری هەڵدا و لایەنگرەکانی لە 1884 لە «کۆمەڵەی فابیان» کۆ بوونەوە و توانی سەرنجی هەموو ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە (بۆ وێنە جۆرج بیرنارد شاو و گراهام والاس) بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. بەگشتی ئەم ڕێبازە پێیوایە کە سۆشیالیزمی جیهانی دەبێت بە ئارامی و بەکاوەخۆ و بە شێوەیەکی زانستییانە لەسەر بیر و هزری جەماوەر کاریگەریی دابنێت. کۆمەڵەی فابیان لەسەر ئەم باوەڕەن کە دەکرێت لە ڕێگەی ئاشتیانە و گونجاو لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و کاریگەریی لەسەر بیروبۆچوونی بەرپرسان، کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بنیاد بنرێت. پاش دامەزرانی حیزبی کرێکاری بریتانیا کۆمەڵەی فابیان چوونە ڕیزی ئەم حیزبەوە بەڵام سەربەخۆیی خۆیان پاراست و دواتریش وەک گرووپێکی ڕۆشنبیر دەستیان دایە توێژینەوە و ڕاگەیاندن لەناو حیزبدا. ئەم گرووپە چەند وتارێکیان بەدژی فەلسەفەی مارکس بڵاوکردەوە و لەم بارەوە بەم شێوە بیریان دەکردەوە:
1ـــ چاکسازی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی خۆڕسک، کامڵبوونی سرووشتی بەدی دەهێنا و بارودۆخی ئابووری کرێکاری بەرەو باشتربوون دەبرد و پێویستی بە شۆڕش و توندوتیژی نەدەکرد.
2ـــ بۆ پێشڤەبردنی کۆمەڵایەتی، ململانێی چینایەتی پێویست نەبوو.
فاشیزم
فاشیزم لە سەرەتادا بە مانای سێندیکالیزمی دەوڵەتی واتە ڕێکخستنی ئابووری کۆمەڵگە لە سەرەوە بەدەستی دەوڵەت و پشتگیری لە موڵکداریەتی تایبەتی لێکدراوەتەوە بەڵام دواتر مانایەکی بەرفرەوانتر لەخۆ دەگرێ و بۆ پێناسەکردنی جۆرێک لە ڕژێمی سیاسی تۆتالیتەر بەکار براوە. فاشیزم لە گوێن لاگیرییەکی گشتی لە سیاسەتدا دەربارەی ئەو بزاوتە توندڕەوانە (ڕاستی دەسەڵاتخواز، دژی سەرمایەداری مەزن، دژی دیموکراسییەت و لیبراڵ، دژی مۆدێرنیتی و سۆشیالیزم و دژی ئانارشیزم و مارکسیزم) بەکاربراوە کە سەرەنجامەکەیان بە دامەزرانی سیستەمێکی دەسەڵاتخواز دەبڕایەوە.
فاشیزم بە مانا مێژووییەکەی، وەک ئەو شتەی کە لە نێوان دوو شەڕی جیهانی کە زۆربەی وەڵاتە ئەورووپییەکانی تەنییەوە، ئاوێتەیەکە لە ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیمپریالیزم، دژایەتی لەگەڵ نەریتی عەقڵی و ڕووناکبیری، پراگماتیزم، ستایشی دەوڵەت و نەژادپەرستی.
ئەم زاراوە بەگشتی بۆ پێناسە کردنی جۆرێک ئایدیۆلۆجی و بزاوتی نەتەوەپەرستانە و دەسەڵاتخوازانەی ئەو ڕژێمانە بەکاردەبرێت کە لە ساڵەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانی تاکوو شکستهێنانی ئەڵمانیا لە ساڵی 1945 بەسەر ئەورووپادا فەرمانڕەواییان دەکرد. مانای تایبەتی فاشیزم دەگەڕێتەوە بۆ «بزاوتی فاشیستی» کە لە ساڵی 1919، مۆسۆلینی لە ئیتالیا بە دەسەڵات گەیاند (1922ــ 1945). وشەکە لە زمانی ئیتالیایی بە مانای چەند مێڵەیە کە بەدەوری کلکە تەوڕێک لە بەردەم کونسوولی ڕۆمیدا بە نیشانەی دەسەڵاتی دەوڵەت نومایش دەکرا. لە لایەکی دیکەوە «فاشیست» لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بۆ سووکایەتی بە نەیاران و سۆسیال دیموکراتەکان لەگوێن زاراوەیەکی سووکایەتیئامێز بەکاربراوە تاکوو ببێتە هاندەرێک بۆ ڕێکخستنی بەرەی دژە فاشیست.
فاشیزم، بەرهەمی قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە ئەورووپا هاتە ئاراوە. ئەم ئایدیۆلۆجیایە خۆبەخۆ هیچ جۆرە سیستەمێکی تێک تەنراوی فیکری ساز نەکرد بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هەمان بنەمای نەتەوەیی ئەو وەڵاتانە بوو کە تێیدا پەرەی سەند. ئامانجی فاشیزم، هێنانە کایەی دەوڵەتێکی بەهێزە کە تێیدا تەنیا حیزبێک ــ حیزبی فاشیست ــ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات و سەرۆکێکی کاریزماش بە قەوارەیەکی دیکتاتۆرییەوە بەسەریا حکوومەت بکات. خاڵی هاوبەشی هەموو بزاوتێکی فاشیستی، پەرستشی زۆرداری و بەپیرۆزکردنی شەڕ و گەیشتن بە دەسەڵاتە. فاشییەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیا، بە تەواوەتی لە پرۆپاگەندەی مێگەل پەروەر و تیرۆر کەڵکیان وەردەگرت بەڵام هەر کە دەستیان بە دەسەڵات گەیشت ئینجا لە دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی نەیاران و سیستەمی قانوونی سوودیان وەرگرت.
بنەما سەرەکییەکانی فاشیزم لە لایەن مۆسۆلینی (1883-1945) لە بەرگی چواردەهەمی ئینسکلۆپیدیای ئیتالیا، لە ساڵی 1932 بەمجۆرە لێک دراوەتەوە:
1ــ فاشیزم، بڕوای نییە بە ئاشتی هەمیشەیی و سوودێکیش لەم شتەدا نابینێت. ئاشتی ئەفسانەیەکی زیانبارە.
2ــ فاشیزم، لەگەڵ مارکسیزم و شێوازەکانی دیکەی ئەندێشەی سۆشیالیستیدا نەیارە.
بۆ لێکدانەوەی فاشیزم، شرۆڤەی نائایدیۆلۆجیکی ئاڕاستە کراوە کە لە پێنج سەرباسدا گونجاوە: مارکسی، سایکۆلۆجیکی، ئایینی و ئەخلاقی، مێژوویی و کۆمەڵناسی و سەرەنجام سیاسی.
لە ڕوانگەی مارکسییەوە، فاشیزم، بەپێی ڕێسا ئابوورییەکان و لۆژیکی سەرمایەداری لێک دەدرێتەوە. بە واتایەکی دیکە فاشیزم بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری پاوانخواز.
لە ڕوانگەی سایکۆلۆجییەوە، شیکردنەوەی دیاردەی فاشیزم پێویستی بە ڕوونکردنەوەی لاسەنگییەکانی قۆناغی منداڵی کەسایەتییەکان هەیە. چونکە لەم سەروبەندەدایە کە ستراکتوری ئەندێشەی منداڵ بە قووڵی بیچم دەبەستێ.
لە ڕوانگەی ئایینی و ئەخلاقییەوە سەرهەڵدانی فاشیزم، هێمایەکە بۆ قەیرانی ئەخلاقی و ئایینی لە شارستانەتیی ڕۆژاوادا. لایەنگرانی ئەم ڕامانە نائایدیۆلۆجیەی فاشیزم، پێیانوایە کە حکوومەتی ئیستبدادی و فاشیزم تەنیا لە نێو خەڵکانی گەندەڵ و گەنیودا دەوام دەهێنێت.
لە ڕوانگەی مێژوویی و کۆمەڵناسییەوە فاشیزم، بەرهەمی پەرەسەندنی خێرای مودێرنیتی یان شێوازێکی تایبەتی پیشەسازیبوونی هەندێ لە وەڵاتان بووە.
دوایین بۆچوون دەربارەی فاشیزم، لە ڕوانگەی سیاسییەوە شیکراوەتەوە کە ئەویش شێوازی بەڵگاندنی فاشیستەکان دەخاتە ڕوو. بەمپێیە فاشیستەکان بەم قەناعەتە گەیشتبوون کە دیموکراسی پەرلەمانی تووشی شکست بووە. فاشیزم، جگە لەوەی فەلسەفە یا ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی بێت، شێوازێکی دەسەڵاتدارییە کە لەسەر سێ بنەمای حکوومەتی تاکەکەسی، دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت و ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوانە بنیاد نراوە. لەم جۆرە حکوومەتانەدا دەوڵەت بە پشت بەستن بە دەسەڵاتی سەربازی و گرووپی فشاری سیاسی و ئامرازەکانی پرۆپاگەندە، ئازادییەکانی تاک سنووردار دەکات و هەموو بزووتنەوەیەکی بەرهەڵستکارانە سەرکوت دەکات.
فاشیزم لە سەرەتادا وەک هێزێکی نیگەتیڤ لە ئەورووپا خۆی نیشان دا. فاشییەت زۆربەی ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەکان بەدژی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە دەزانێ. لەم سۆنگەوە کە فاشییەکان ڕایانگەیاندووە ئەو چارەسەرییانەی بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانی کۆمەڵگە پێشنیازیان کردووە، بۆ قازانجی نەتەوە بووە، دەکرێ ئەمانە وەک ناسیۆنالیست بە مانای خودی زاراوەی ناسیۆنالیزم لە قەڵەم بدرێن. بەم حاڵەش ئەو ناسیۆنالیزمەی کە فاشیزمی بەدیهێناوە جیاواز بووە.
فاشیزم، هێزێک دروستی دەکات لە خۆی ڕادەبینێت تەواوی کۆمەڵگە بخاتە دوای دروشمەکانی خۆی، لە هەستکردن بە هێزەوە سەرچاوە دەگرێت، هێزێک بە شێوەیەک لە غرووری خۆیدا نوقمە کە پێی وایە پێویستی بە هیچ جۆرە ژیانێک لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا نییە. لەم ڕوانگەوە فاشییەت، لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت، هاوڕێی سێ دەرکەوتەی سەرەکییە کە بریتین لە:
1ــ دیاردەی مێگەل دروستکردن.
2ــ دروستکردنی کەمایەتییەکی گوناهبار.
3ــ مۆنۆپۆلکردنی ڕاگەیاندن.
فۆرمالیزم/ڕووکەش پەرستی
ئەم زاراوە کە بە باوەڕی مارکسیەکان لە بەرانبەر ڕیالیستی سۆشیالیستیدا بەکار براوە، ئاماژەیە بۆ سەرنجی لەڕادەبەدەر بە شکڵ و شێواز یا بڕوایەکی قووڵ بە پاراستنی ڕواڵەتی شتەکان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. فۆرمالیزم یا ڕووکەش پەرستی، شێوازی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە ڕواڵەتی ڕووداوەکان و لایەنی تەشریفاتی کارەکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تا کێشە و بابەتەکان لە ڕووی ڕواڵەت و نەریتەوە بە شێوازێکی لەبار و گونجاو بخەنە بەرچاو.
لە بواری سیاسییەوە فۆرماڵیست بەو کەسانە دەگوترێ کە بایەخ بە ناوەرۆکی بابەتەکان نادەن و ڕواڵەتپارێزی و تەشریفاتی کارگێڕیی و یاسایی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. زاراوەی فۆرمالیزم، هەنووکە پتر لە کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت و بە تایبەت زاراوەیەکی ئەدەبی لە ئەژماردێت.
فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
فێدراڵیزم
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی foedus بە واتای «یەکگرتن» وەرگیراوە و لە زاراوەی سیاسیدا پێناسەی جۆراوجۆری لەسەر کراوە بەڵام بەکورتی دەتوانین بەم چەشنە پێناسەی بکەین:
ڕێکخستنێکی سیاسی و دەستووریی ناوخۆییە کە بەو پێیە دەوڵەتانی ئەندام یا هەرێمەکان، بەشێک لە حاکمییەت (سەروەریی) خۆیان بە مەبەستی دامەزرانی وەڵاتێکی بەهێز دەسپێرنە یەکەیەکی ناوەندی و بەمجۆرە دەبنە پەیڕەوی دەوڵەتی فێدرال. ئەم ڕێکخستنەش دوو ڕەهەند لەخۆ دەگرێ: ڕەهەندی دەرەکی کە دەوڵەتی فێدراڵی وەک یەک دەوڵەت لە بواری سەروەری دەرەکیدا بە دیاردەکەوێت و ڕەهەندی ناوخۆیی کە بریتییە لە چەند کیانێکی دەستووری و حکوومەتی فیدراڵیش لە پراکتیزەکردنی سەروەری ناوخۆییدا بەشداری دەکات.
لە پێناسەیەکی دیکەدا فێدراڵیزم، بریتییە لە یەکگرتن و ڕێکخستنێکی سیاسی کە بەو پێیە کۆمەڵێک یەکەی سیاسی لێک جودای ناو سیستەمێکی گردوکۆ، پێکەوە گرێ دەدا و بە هەرکامێک لەو یەکە سیاسییانە مەجال دەدات، یەکپارچەیی و هەمەگییەتی خۆیان بپارێزن. هەروەها دەکرێ فێدراڵیزم بە دابەش کردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای یاسا لە ڕێگەی سیستەمێک کە ئۆتۆنۆمی و سەروەریی هاوبەش گرێبەست دەکات، پێناسە بکرێت.
لە سیستەمی فێدراڵیدا ڕێبازە سەرەکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ دائەڕێژرێن پاشان جێبەجێ دەکرێن تاکوو هەموو ئەندامانی گۆمەڵگا لە دەرکردنی بڕیارەکان و پیادەکردنیان، بەشدار بن. «دامەزرانەرانی وەڵاتە یەکگرتووەکان» کە دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتەیان لە ساڵی 1787 پێشنیاز کرد، ئەم شێوازەیان لە فیدراسیۆن داهێنا. تا ئەو کاتە پێناسەی پەسندکراوی فێدراڵیزم، هەمان پێناسەیەک بوو کە ئیمڕۆکە پێی دەگوترێ کۆنفدراسیۆن. دواتر چوارچێوەی ئەم سیستەمە هەموو بەشەکانی دیکەی ئەم وەڵاتە پان و بەرینەی گرتەوە و بەپێی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە دواتر هاتەدی، ئەو سیستەمە فێدرالییە پێکهات کە ئێستا پەنجا ئەیالەتی لەخۆ گرتووە. سیستەمی فیدراڵی، وەک فۆرمێکی سیاسی گونجاو بەرەبەرە لە هەندێ لە وەڵاتانی دیکەش هاتە ئاراوە. ئەم سیستەمە لە ساڵی 1848 لە سویسرا و لە ساڵی 1867 لە کەنەدا و دواتریش لە 1897 لە ئوسترالیا پیادە کراوە.
ئیمڕۆکە فێدرالیزم شێوازێکی باوە بۆ ڕێکخستنی سیاسی. لە ساڵی 1993 بەملاوە، لانیکەم 19 وەڵات بە شێوەی فێدرالی ئیدارە دەکرێ و 21 وەڵاتی دیکەش لە بنەماکانی فێدراڵی کەڵکیان وەرگرتووە و بەرەو سڕینەوەی چەقی سیاسی و لابردنی ناوەندێتی ئیداری هەنگاویان ناوە. لەم ڕووەوە فێدراڵیزم وەک «دایکی دیموکراسی» لە قەڵەم دراوە. بەپێی ئەو ئەزموونانەی کە لە ئارادایە سیستەمی فێدراڵی بە دوو جۆر دروست دەبێ کە بریتین لە:
1ـــ فێدراڵی بەکۆمبوون یا پێکەوە لکان. لەم شێوازەدا چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ یەک دەگرن یا پێکەوە دەلکێن و یەک دەوڵەت لە سەرووی دەوڵەتانی ئەندامەوە درووست دەکەن. نموونەی ئەم شێوازە فێدراڵییە، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سویسرا، کەنەدا و ئەفریقای باشوورییە.
2ـــ فێدراڵی بە دابەشبوون. لەم شێوازەدا دەوڵەتی ئاسایی یا یەکبوو، بەسەر چەند دەوڵەت یا هەرێمێک دابەش دەکرێت و دەبێتە دەوڵەتێکی لێکدراو. بۆ نموونە وەڵاتانی یەکیەتی سۆڤیەتی (پێشوو)، بەرازیل، ئەرجەنتین، مەکزیک، هێندستان و مالیزیا.
دەوڵەتی فێدراڵی، جگە لەو شێوازە گشتییانەی کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی دەوڵەت، بەم دوو شێوازەی خوارەوەش کۆتایی پێ دێت:
1ـــ جیابوونەوەی هەر یەک لە هەرێمەکان و بوونیان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
2ـــ گۆڕینی دەوڵەتی فێدراڵی بە دەوڵەتێکی یەکبووی سادە.
بنەماکانی سیستەمی فێدراڵی، لەم شەش خاڵەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبێت:
1ـــ دەسەڵات لە نێوان هەرێمەکان و حکوومەتی یەکگرتوو دابەش دەبێت.
2ـــ بەرەو دیموکراسی دەڕۆن.
3ـــ لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشکراوە ڕەفتار دەکەن.
4ـــ دەستووری نووسراویان هەیە.
5ـــ سەقامگیریی یەکەکانی دەسەڵات بەپێی دەستوور لە حکوومەتدا پاوەجێ دەبێت.
6ـــ دەستوور، باڵادەستە و دادگەی دەستووریش پێویستە.
لە سیستەمی فێدراڵیدا دادگەیەکی باڵا بۆ شرۆڤە و لیکدانەوەی یاساکان و چارەسەرکردنی کێشەی هەرێمەکان لە دەوڵەتی ناوەندیدا دابین کراوە. لەم دەوڵەت - وەڵاتەدا گۆڕینی دەستووری بنچینەیی، دەبێ بە ڕەزامەندی زۆرینەی هەرێمەکان بە ئەنجام بگات. ئەم سیستەمە لەو وەڵاتانەی کە خاوەنی نەتەوە و زمان و ئایینی جیاوازن، لەگوێن باشترین سیستەمی فەرمانڕەوایی و حکوومەتداری لە ئەژمار دێت. پانتایی و ڕووبەری خاکی وەڵاتەکانیش لە ڕێکخستنی دەوڵەت - وەڵاتی فێدراڵیدا دەور دەبینێت. بۆ وێنە وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، بەرازیل و هیندستان خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بەڵام ئەم هۆکارە بۆ گشتاندن نابێت، چونکوو وەڵاتانێکی بچووکی وەک نەمسا و سویسرا کە بە شێوەی فێدراڵی ئیدارە دەکرێت، ناگرێتەوە.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
قەیرانی سۆشیالیزم
ئەم زاراوە داتاشراوی لایەنگرانی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە: یەکەم، پێشبینی مارکسییەکان لەهەمبەر ڕووخانی سەرمایەداری لە هەناوی خۆیدا نەهاتە دی و لە ڕاستیدا وەڵاتانی سەرمایەداری ڕەوتی پێشکەوتنی گەشاوەی ئابووری و پیشەسازی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە و بوونەتە مەکۆی شارستانەتیی پێشکەوتن خواز. دووهەم، وەڵاتانی سۆشیالیستی نەک هەر نەیانتوانیوە گەشە بدەن بە ئابووری خۆیان بەڵکوو پێویستییان، بە مادەی خۆراکی و تەکنۆلۆژی وەڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژاوا هەر بەردەوامە. هەندێکیش دوابەدوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ساڵی 1989 ئەورووپای ڕوژهەڵات و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت (لە ساڵی 1991)، مەرگی ناوەختی کۆمۆنیزمیان هێنایە ئاراوە.
لاییسیزم
لەم چاخەدا بریتییە لەو ڕێبازەی کە خوازیاری دەرهاویشتنی بن بونیاد و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانە لە ژێر دەسەڵاتی ئاییندا. ئەم ڕێبازە بزاوتێک بوو بۆ خەبات لە بەرانبەر زۆرداری و تەنگ پێهەڵچنینی ئایین و ڕاوەستان بەدژی پشکنینی بڕوا لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا لە سەردەمی ڕینسانسدا. واتای لاییک لەو سەردەمەدا پەیوەست بوو بە پێکهاتەی کڵێسە و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. کۆمەڵگەی مەسیحی بە دوو چینی کلێرک clerk و لاییک دابەش کرابوو: لاییکەکان بریتی بوون لە مەسیحی ئاسایی و کلێرکەکانیش پێکهاتبوون لە کڵێسەییەکان یاخود کارمەندانی کڵێسە. ئەم کارمەندانە لە لایەن کڵێسەوە کاروباری ئیداری و پەروەردەیی و کولتوورییان پێ دەسپێردراو مووچەی خۆیان وەردەگرت.
لۆترانیزم
ڕێبازێکی ئایینی پرۆتستانە کە دەدرێتە پاڵ مارتین لۆتر (1546ــ 1483)، بنیادنەری بزووتنەوەی «ڕیفۆرمی ئایینی» ئەڵمانیا. ڕێبازی لۆتر لەسەر دوو ئەستوون ڕاوەستاوە: یەکەم، تەنیا بەڵگەی بڕواپێکراو کتێبی پیرۆزە واتە ئینجیل. دووهەم، پاکبوونەوە لە گوناح، تەنیا بە هۆی ئیمان و کاری چاکە مەیسەر دەبێت. لۆتر بۆ نزیکایەتی و پێوەندی مرۆڤ بە خواوەند بڕوای بە پێوەندی قەشە و کڵێسە نەبوو. ئەو لە ساڵی 1520 جاڕنامەکەی پاپای کە تێیدا هەڕەشەی وەدەرنان لە کڵێسەی لێکرابوو، سووتاند. لۆتر لایەنگری ئازادی تاکەکەسی و ئازادی ئایینی و بیروڕا بوو. ئەو بەکارهێنانی زەبروزەنگی بۆ بەهێزکزدنی ئایینی بە ناڕەوا دەزانی و بیروباوەڕی بە حاڵەتێکی دەروونی لە قەڵەم دەدا. هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆر وەدووی کەوتن و ڕێبازی لۆترانیزمیان بنیاد نا. ئەم ڕێبازە بە هۆی جیاوازی و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە شێوازەکانی ئایینزای کاسۆلیک، بە پرۆتستان ناوبانگیان دەرکرد. پرۆتستانەکان کە بەزۆری لە ڕۆژئاوای ئەورووپا دەژین بیروباوەڕ و ڕەحمەتی خوداوەند بە هۆکاری ڕزگاربوون دەزانن و زۆر پابەندی بیروڕا و ئازادی ئایینن.
لێنینیزم
لێنینیزم، قوتابخانەیەکی سیاسییە کە لە ناوی ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ لینین (1924ـــ 1870) ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 سۆڤیەت وەرگیراوە. لێنینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی، پاش مەرگی لینین داهات و ئەویش شێوازێکی تایبەتی مارکسیزمە کە لە سۆڤیەت پیادەکرا.
ئەم قوتابخانە باوەڕی بە چاکسازی فەلسەفەی مارکسیزم هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بە پابەندی بنەماکانی ئەو فەلسەفە دەهێڵێتەوە. لێنینیزم، کۆمەڵێک نووسراوەی دەستچێنکراوی لینین بوو کە لە پاش هەندێ گۆڕان و چاکسازی بەسەر بنەماکانی مارکسیزمدا هاتە ئاراوە و هەندێ خاڵی پێ زیادکرا و هەندێ خاڵیشی لێ سڕایەوە تاکوو لەگەڵ ڕەوشی ڕووسیادا بگونجێ. لە ڕاستیدا داهێنەری لێنینیزم، ستالین بوو کە کۆمەڵێک لە گوتارەکانی لێنینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاتی نووسینیان، لە 9 بابەتدا بە ناوی «بنەماکانی لینینیزم» کۆ کردەوە. لەم کۆکردنەوەدا هەندێ لە ئەندێشەکانی لینین دابڕا یان بە کورتوکوێری بڵاوکرایەوە. ترۆتسکی لە بەرانبەر ئەم کارەی ستالین دەنگی هەڵبڕی و ڕایگەیاند: «لینینیزمی ستالین» جگە لە کۆگایەک خەوشوخۆڵی فیکری و کورتبینی و کەمتەرخەمی، هیچی دیکە نییە. کەواتە ئەو لینینیزمەی کە ستالین دایهێنا، بوو بە تێوری ڕەسمی یەکیەتی سۆڤیەت. لە بەرانبەردا ئەو شرۆڤە و لێکدانەوەی کە لە لایەن کەسانێکی وەک ترۆتسکی و بوخارین لە سەر بیروڕای لینین بە ئەنجام گەیشت، بە دەسکیسی ستالین تووشی شکستی سیاسی هاتن. دواتر، ڕێژەی وەفاداری لینینیزم، نەک هەر بە ئەندێشەکانی مارکس بەڵکوو بە نیسبەت ئەندێشەکانی لینینیش، بووە هۆی مشتومڕ لە نێوان مارکسییەکاندا.
لە باری مێژووییەوە، وشەی لینینیزم، یەکەم جار لە لایەن مارتۆف، ڕێبەری منشڤیکەکان لە ساڵی 1904 بەکار برا کە ئەویش بۆ ڕەخنە لە تیۆری لینین بوو لەمەڕ ڕێکخستنی حیزبی پێشڕەو.
لێنینیزم، لەگەڵ بولشویزم لە سەرچاوەیەک ئاودەخۆنەوە و لەباری سیاسییەوە بەهێزترین لقی مارکسیزم لە ئەژماردێت کە بە کۆمۆنیزم ناوبانگی دەرکردووە. کۆمۆنیستەکان، خۆیان بە «مارکسیزم ـــ لینینیزم» ناوبردە دەکەن.
بیروبۆچوونەکانی لێنین لە سەردەمی پێش شۆڕشی ڕووسیا لەگەڵ سەردەمی پاش شۆڕشدا جیاوازن. بەر لە شۆڕش، لێنین بە پەیڕەو کردنی مارکس، باوەڕی بە ڕەوتی مێژوویی دایەلیکتیک هەبوو چونکە ڕووسیا هێشتا ئامادە نەبوو بۆ شۆڕشێکی کرێکاری و نەگەیشتبووە قۆناغی پرۆلتاریا. لەبەرئەوە، سەرەتا دەبوو لەو وەڵاتەدا شۆڕشێکی بۆرژوایی ڕووبدات (وەک شۆڕشی فرەنسا) و ڕژێمی تاکڕەو و دیکتاتۆری تیزاری، جێگەی خۆی بدات بە ڕژێمێکی دیموکراتی و یاسایی و حکوومەتی چینی میانە.
لێنین، مارکسییەکی دەمارگرتوو بووە و لەگەڵ هەرچەشنە پێداچوونەوەیەک بە بنەما و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزمدا دژایەتی کردووە. ئەگەرچی ئەو شتەی کە لینین بە مارکسیزمی زیاد کردوووە، لەبواری تیۆرییەوە نایەتە بەرچاو بەڵام لێنینیزم هەڵگری وەرچەرخانێکی گرینگە لە مارکسیزمدا ئەویش گەڕانەوەیە لە دیترمینیزمی ئابووری بۆ ئیرادەگەرێتی. بەپێی دیترمینیزمی ئابووری ــ کە یەکێک لە تیۆرییەکانی مارکسە ــ سیاسەتی دەوڵەتەکان و ڕووداوە مێژووییەکان، بەگشتی هۆکاری ئابوورییان هەیە و بەرهەمی هێزە جەبرییە ئابوورییەکانن. لەم گۆڕانە فیکرییەدا لینین، لە جیاتی ئەوەی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی کرێکاری بە پاشکۆیەکی ڕەهای شێوازی بەرهەمهێنان و دۆخی ئابووری بزانێت، هۆکاری دەروونی و زەینی واتە «ئیرادەی شۆڕشگێڕانە» و ڕێکخستنی بوێرانە، بە پاڵنەری سەرەکی بۆ چوونە ناو ڕەوتی مێژوو دەزانێت. لێنین پێی وابوو کە بێ تیۆری شۆڕش هیچ کارێکی شۆڕشگێڕانە بە ئەنجام ناگات.
لێنین تیۆرییەکی تایبەتی دەربارەی ئیمپریالیزم ئاڕاستە کرد کە بەرفرەوان کردنی مارکسیزم بوو لە بواری شیکردنەوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی سەرمایەداریدا. ئەو ئیمپریالیزمی بە دوایین قۆناغی «سەرمایەداری پاوانخواز» دەزانی کە لە سەرەمەرگی خۆیدا بوو. ئەم تیۆرییە بوو بە بنەمایەک بۆ دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردووگای سۆشیالیزم و ئیمپریالیزم کە لە قۆناغی شەڕی سارد زۆر دەنگی دایەوە. بەپێی ئەم دابەشکارییە، سەرکەوتنی بەرەی سۆشیالیزم بەسەر ئیمپریالیزم، لەباری مێژووییەوە نکوڵی لێناکرێ چونکە ئیمپریالیزم بەرەو مەرگ گلۆر بۆتەوە.
لینین کاریگەریی زۆری لەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی (بە تایبەت مارکسیستی) دانا. تاکوو بەر لە شۆڕشی 1917، مارکسییەکان هەمیشە بە دەوری یەک حیزب کۆ دەبوونەوە کە ئەویش بە «حیزبی سۆشیال دیموکرات» ناوبانگی دەرکردبوو. بەڵام لینین لەپاش دامەزراندنی ئینتەرناسیۆنالی سێهەم (بڕوانە کۆمینترن) ئەم حیزبانەی بە دوو حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیست دابەش کرد. وردە ـــ وردە ڕێوشوێنی لینین سنووری وەڵاتەکەی بەزاند و زۆربەی وەڵاتانی جیهانی گرتەوە. نووکە، ئەگەرچی لە ساڵی 1990 سیستەمی کۆمۆنیستی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو لێک هەڵوەشایەوە، بەڵام لە چەند وەڵاتێکی وەک چین و کووبا، ئەم ڕێبازە لە باو نەکەوتووە و هێشتا هەر ئەم وەڵاتانەی پێ ئیدارە دەکرێ.
مائۆئیزم
بریتییە لە بیرو بۆچوونەکانی مائۆتسە توونگ (1976 ـــ 1893) بنیادنەری حیزبی کۆمۆنیستی چین و ڕێبەری سیاسی ئەم وەڵاتە. مائۆئیزم لە چین، بە ڕێبازی مارکسیزیم ـــ لینینیزم دەگوترێ. مائۆئیزم وەک ستالینیزم، دەستکاری پرەنسیپەکانی قوتابخانەی مارکسیزم ناکات بەڵکوو پتر بە چۆنییەتی پراکتیزەکردنەوە سەرقاڵ دەبێ و پشت بە شۆڕشی جووتیاریی و سەقامگیرکردنی سیستەمی سۆشیالیستی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان دەبەستێ. هەر بۆیە مائۆئیزم لەو وەڵاتانەی کە هاوشێوەی چین ڕەفتار دەکەن گەشەی کردووە.
ئەو شتەی کە مائۆ و کۆمۆنیستەکانی چین بە کۆمۆنیزمیان زیاد کرد، بریتییە لە گواستنەوەی ناوەندی خەبات لە شارەکانەوە بەرەو گوندەکان و لە کرێکارانی شارەوە بۆ جووتیاران. لە بواری سیاسەتی ناوخۆیشدا مائۆئیزم، داهێنانێکی تازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە ئامانجەکەی گۆڕینی کۆمەڵگەی دواکەوتووی چین بوو کە تایبەتمەندییە گرنگەکانی بریتین لە: چاکسازی خاوەنداریەتی زەوی، بە هەرەوەز کردنی کشتوکاڵ، بەرنامەی «هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە» و «شۆڕشی کولتووری».
هەروەک چۆن لینینیزم، پێداچوونەوەی مارکسیزم و گونجاندنی بوو لەگەڵ بارودۆخی پرۆلتاریای لاوازی پیشەسازی ئەو سەردەمەی ڕووسیا، مائۆئیزمیش پێداچوونەوەی مارکسیزم ـــ لینینیزمە بۆ گونجاندنی ئایدیۆلۆجیای شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ڕەوشی ئەو وەڵاتانەی کە پرۆلتاریای پیشەسازیی زۆر لاوازیان هەیە.
مائۆئیزم، پاش سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان چین و سۆڤیەت وەک ڕێبازێکی توندڕەو لە باڵی چەپ جیا بووەوە و خۆی بە ڕێبازێکی بەپێزتر و لەبارتر دەزانی بۆ وەڵاتانی جیهانی سێهەم و لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە. بزاڤە چەپییەکانی ئەمریکای لاتین، پتر لە ژێر کاریگەریی مائۆئیزمدا بوون بەڵام تەنها لە نیکاراگوێ توانییان سەرکەوتن بەدەست بهێنن هەرچەندە حکومەتی مارکسیستی نیکاراگواش تەنها دە ساڵ جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو.
مائۆ چەند وانەیەکی لە شۆڕشی سۆڤیەت وەرگرت کە لەگەڵ کەشی ناوخۆی چین سازگار بوو بۆ وێنە، پلاندانانی ئابووری و دەست گرتن بە سەر پیشەسازییە مەزنەکاندا. لە بواری ئایدیۆلۆجییەوە، سەرەتا سەر لە ڕەهنی مۆسکۆ بوو بەڵام دواتر کە خۆی «ڕێگای چینی بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم» دۆزییەوە، ئیتر بە دەربەستی مۆسکۆ نەمایەوە. مائۆییەکان پێیان وابوو کە شۆڕش نابێ کۆتایی پێ بێت بەڵکوو دەبێ هەمیشە لە حاڵی جووڵە و بزووتنەوەدا بێت. لەم ڕوانگەوە خەبات، چ لە قەبارەی چینایەتیدا و چ بە شێوازی شەڕ لەگەڵ خەمساردی شۆڕشگێڕانە، پێویستە هەر دەوامەی بێت. بەم بۆنەوە لە ساڵی 1966 دەستیان دایە شۆڕشی کولتووری و مائۆ بە پشتبەستن بە گەنج و لاوانی شۆڕشگێڕ و سپای خەڵکی، داوای لە جەماوەر کرد لە بەرانبەر خۆبەزلزانی و خەمساردی ڕاپەڕن و خەبات بکەن.
مارکسیزم
تیۆرییەک دەربارەی چۆنییەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ـــ مێژوویی مرۆڤ و یاساکانی زاڵ بەسەریا کە لە لایەن کارل مارکس (1883ـــ 1818) فەیلەسوف، کۆمەڵناس و ئابووریزانی ئەڵمانی و هاوڕێکەی ، فرێدریک ئەنگڵس (1895ـــ 1825) دانراوە. ئەم دوو بیرمەندە بە ئاوێتەکردنێکی ئاڵۆزی فەلسەفەی ئەڵمانی و ئابووری سیاسی ئینگلیزی، بنەمای ئەندێشەیەکیان دانا کە ئەم دوو پێناسە لەخۆ دەگرێ:
یەکەم، تیۆرییەکی گشتی دەربارەی مێژووی مرۆڤ و قایلبوون بە دەوری چارەنوسسازی «فۆرماسیۆنی ئابووری» یان شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە مێژوودا.
دووهەم، تیۆرییەکی تایبەت دەربارەی گەشە و پەرەسەندن، بەرهەمهێنانەوە و ئاڵووێرکردنی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانە کە پرۆلتاریا لەگوێن چینێکی جنگن بە هۆکارێکی مێژوویی و چالاک دەزانێ بۆ گەیشتن بە کۆمۆنیزم.
گومانێکی تێدا نییە کە مارکسیزم، یەکێک لە بزووتنەوە فیکرییە هەرە سەرەکییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم بووە و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر ئەندێشە و مێژووی ڕۆژاوایی و جیهان داناوە. بەگشتی مارکسیزم، بە مانا جۆراوجۆرەکانییەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کرژکردنەوە و توندڕەوکردنی پانتای فیکری سەدەی بیستەم لەسەر ئاستی جیهانی دانا بەڵام لە باری مانایی جەوهەریی مارکسیزم، لە نێوان مارکسییەکان جیاوازی بیروڕا هەیە. هەربۆیە بە درێژایی سەدەی بیستەم، چەندەها ڕێبازی مارکسی هاتە ئاراوە کە بەزۆری لە مەبەستەکانی مارکسیش ئەولاتر کەوتن. نموونەی ئەم ڕێبازانە بریتین لە: مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس، ماکسیزمی شۆڕشگێڕ، مارکسیزمی ڕووسی، مارکسیزمی فەلسەفی، مارکسیزمی ڕەخنەگرانە مارکسیزمی ئیگزیستانسیالیست و… کەواتە مارکسیزم، زۆر بەرفرەوانترە لە ئەندێشەکانی مارکس. لەڕاستیدا گرنگترین قوتابخانە مارکسییەکانی سەدەی بیستەم، بەرهەمی ئاوێتەبوونی ڕەهەندێک لە ئەندێشەکانی مارکس و ڕەهەندەێک لە ئەندێشەی بیرمەندانێکی دیکەیە. بۆ وێنە، ئاوێتەبوونی ئەندێشەکانی مارکس لەگەڵ تیۆرییەکانی داروین، سپینۆزا، هێگل، کانت و فرۆید.
ئەندێشەکانی مارکس لە هەناوی بزاوتی کرێکاری و سۆشیالیستی سەدەی نۆزدەدا بوو بە هێزێکی سیاسی گرینگ لە ڕۆژئاوا. ئەم بیروڕایە لە ڕاستیدا لایەنێکی کۆنباوی سۆشیال دیموکراسی ئەڵمانیا بوو کە لەسەر بزاوتی سۆشیالیستی و کرێکاری سەدەی نۆزدە کاریگەری دانا. بیرۆکەی سەرەکی لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، بۆ وێنە مارکس، ئەمە بوو کە ناکرێ دیموکراسی ببەستینەوە بە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە، بەڵکوو دەبێ بزاوتە کرێکارییەکانیش لەم ڕەوتەدا بەشدار بن چونکوو هاوبەشێتی ئەوان لە ژیانی سیاسی و ناسینی مافەکانیان، دیموکراسی بۆ هەمیشە مسۆگەر دەکات. مارکس لە تیۆرییەکانی خۆیدا بەڕوونی هۆیەکانی سەرهەڵدان و ڕۆچوونی هەریەک لە قۆناغە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکات و ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری بەدەستی چینی ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان (پرۆلتاریا) بە حەتمییەتێک دەزانێ. لە ڕوانگەی مارکسەوە سەرهەڵدانی دایەلیکتیکە مادی و ئابوورییەکان بەبێ جەنگی چینایەتی بەدی نایەت و فراژووتنی شارستانەتی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، بەبێ ململانێی توندوتیژی چینایەتی نایەتە بەرهەم و دەوری ڕاستەقینەی کرێکارانی لە بواری بووژاندنەوەی جیهانی بەدەر لە چینایەتی خستەڕوو.
لە نێوان تیۆرییەکانی فەلسەفەی مارکس ئەوەی کە زیاتر سەرنج ڕادەکێشێ، تیۆری مەتریالیزمی دایەلیکتیکە. مارکس لەم بیردۆزەدا تیۆری و کردەوە پێکەوە گرێدەدا و تێگەیشتنی ئەو لەم بوارەدا دیدێکی وردبینانەیە بۆ توێژینەوە لە پرسەکانی جیهان و ئەو شتانەی کە لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرهەڵئەدەن. مەتریالیزمی دایەلیکتیک، بۆ هەر دیاردەیەک باوەڕی بە سێ فاکتەری کاریگەر هەیە بە ناوی تێز (These)، ئانتی تێز (Antithese) و سەنتێز (Synthese). بۆ وێنە لە ڕوانگەی ئەو، سەرمایەداری، تێزە، کرێکار، ئاتنی تێزە و سۆشیالیزم، سەنتێزە.
مارکس، لە بەرانبەر ئایدیالیزمی دایەلیکتیکی هێگلدا «مەتریالیزمی دایەلیکتیکی» داهێنا. هەڵبەت مارکس لەبری ئایدیالیزمی هێگل، هێزی ئابووری بە بنەما و بنیچەی ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤ دادەنێ. ئەو جگە لەوەی لەژێر کاریگەری فەلسەفەی هێگلدا بووە، تیۆرییە سۆشیالیستیەکانی فرەنساشی بەردڵ کەوتووە و لە شۆڕشی مەزنی ئەو وەڵاتە و تیۆرییە ئابوورییەکانی ڕیکاردۆش سوودی وەرگرتووە. بەڕای مارکس، مێژووی مرۆڤ، پرۆسەیەکی«سرووشتی» یە کە ڕەگوڕیشەکەی لە ناو پێداویستیە مادییەکانی مرۆڤدایە. ئەم گوزارە، بیرۆکەی سەرەکی«مەتریالیزمی مێژوویی»ـە کە مارکس و ئەنگڵس ئەم بۆچوونە بە هاوشانی داروینیزمی ژینگەیی لە قەڵەم دەدەن. لەم بارەوە ئەنگڵس پێی وایە کە مارکس یاساکانی گوورانی سەرمایەداری، هەروەک بەشێک لە گەشەی کۆمەڵایەتی خستۆتە ڕوو.
مارکس پێی وابوو کە سەرجەم شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە هەر چاخێکدا دەبێتە ژێرخانێک بۆ سەرخانە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکان. مەبەست لە شێوازی بەرهەمهێنان بریتیە لە چۆنیەتی ڕێکخستن بۆ وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی و ئامراز و کەرەستەکانی پێویست بۆ ئەم کارە. بەڵام لە هەر چاخێکدا سەرەنجام هێزە بەهەرمهێنەکان دەکەونەوە پێش شێوازی بەرهەمهێنان و ئینجا ناتەبایی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات. لە سەردەمی سەرمایەداریشدا کاتێک هێزە بەرهەمهێنەکان گەیشتنە باڵاترین ئاستی گەشە و نەشەی خۆیان، پێوەندییەکی نوێ دێتە کایەوە و پاشان کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە ئاکامی کۆمەڵێک شۆڕش و وەرچەرخان دەڕووخێ. ئینجا زەمینەی لەدایکبوونی پێکهاتەیەکی مێژوویی نوێباو بە ناوی سۆشیالیزم ئامادە دەبێت.
مارکس لە دوایین پلانەکەی لەمەڕ سیستەمی خاوەندارێتی، باس لە سێ قۆناغی دیاریکراو دەکات: یەکەم، قۆناغی بەدەر لە چینایەتی سەرەتایی کە تێیدا هیچ جۆرە خاوەنداریەتیەکی تایبەتی لە ئارادا نەبووە و کۆمەڵگە بە شێوەی ڕاوچییەتی بەڕێچووە (کۆمۆنی سەرەتایی). دووهەم، قۆناغی چینایەتی کە بەرە ــ بەرە چینی جۆراوجۆر لەسەر بنەمای چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە زەوی پێکهاتن. کۆمەڵگە لێرەدا بە چوار چینی تایبەت دابەش دەکرێت: (1) کۆمەڵگەی کەونارا کە هەمان سیستەمی کۆیلەدارییە (بۆ وێنە لە ڕۆمای کۆندا). (2) کۆمەڵگە ئاسیاییەکان کە لە وەڵاتانی ئاسیایی لەسەر بنەمای کۆجێیی دەسەڵات لە دەستی ئیمپراتۆر یان فەرمانڕەوا بەڕێوە چووە. (3) کۆمەڵگە دەرەبەگایەتییەکان کە بە پێچەوانەی وەڵاتانی ئاسیایی، کۆجێیی دەسەڵات لە ئارادا نەبووە بەڵکوو دەسەڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لایەن میرنشینەکانەوە بەڕێوە چووە. (4) کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە لە هەناوی سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە بەدی هات، لەم کۆمەڵگەیەدا گرنگترین جۆری خاوەندارێتی لە کۆمپانیا پیشەسازییەکاندا بەرچاو دەکەوێ و کەرەستەی بەرهەمهێنانیش تەکنۆلۆجی نوێیە.
سێهەم، قۆناغی بەدەر لە چینایەتی کۆمۆنیستی کە بە باوەڕی مارکس لە ناخی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە لەدایک دەبێ کە ئەویش لە ڕاستیدا بەرهەمی ناتەبایی نێوان خەسڵەتی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی تایبەتییە.
مارکس بۆ ڕاگواستن لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بەرەو سۆشیالیزم، باس لە قۆناغێکی میانە بە ناوی «دیکتاتۆری پرۆلتاریا» دەکات کە تێیدا چینی کرێکار، دوای دامەزرانی دیکتاتۆریەتی خۆی، چینەکانی دیکە وەلا دەنێ و بە پیادەکردنی سیستەمی سۆشیالیستی، هەموو خەڵکانی کۆمەڵگە دەبنە «کرێکار» و ئینجا جیاوازییەک لە نێوان کاری دەستی و فیکری و شار و دێهات نامێنێت. ئەم بەشە لە بۆچوونەکانی مارکس، چەندین جار لە لایەن لایەنگرانییەوە پێداچوونەوەی بەسەردا کراوە تەنانەت لە کۆنگرەی 22 ی حیزبی کۆمۆنیستی فرەنسا، مەسەلەی «دیکتاتۆری پرۆلتاریا» ڕەت کرایەوە. تاکوو پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت و ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1991، سێ ــ یەکی حەشیمەتی جیهان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە سیاسیانەدا بوون کە سەرلەڕەهنی ئەندێشەکانی مارکس بوون. کاردانەوەی مارکس، جیاواز لە جیهانی ئەندێشە، بەستێنی کۆمەڵناسی و فەلسەفە و ئابووری و تیۆری کولتووریشی گرتۆتەوە.