تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕیالیزمی سۆشیالیستی
ستاتیکای (جوا نیناسی) یەکیەتی کۆمارییەکانی سۆڤییەت کە لەنێوان ساڵەکانی 1930 تا 1956 ڕەواجی پێدرا. ناوی سیاسەت و تیۆری ڕەسمی حکوومەتی سۆڤییەتە لەمەڕ داهێنانی هونەری. ئەم ڕێبازە لە لایەن ماکسیم گورکی و سیاسەتمەدارانێکی وەکوو بوخارین و ژادنۆف لە ساڵی 1934 لە کۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت هاتە ئاراوە بەڵام هیچ کاتێک پێناسەیەکی ڕێکوپێکی لێنەکراوە. مەبەست لە داهێنانی ئەم سیاسەتە ڕاکێشکردنی شێوازی ڕیالیستی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بوو بۆ هونەر و ئەدەب و شانۆ بەرەو لایەنێکی پۆزەتیڤ.
ڕیالیزمی سۆشیالیستی، شەرعییەتی خۆی لە بیرۆکەکەی لینین لەمەڕ partinost (لایەنگری) و ئەدەب، لەگوێن ڕەنگدانەوەی واقیع لای مارکس و ئینگڵس وەردەگرێ. ئەم دوو بیرمەندە وێڕای ئەوەی بۆ ئەدەب ڕۆڵێکی ئایدیۆلۆجیک قاییل دەبن، لەسەر پێوەندی نێوان ئەدەب و ئابوور جەخت دەکەن. ئەم ڕێبازە لەسەردەمی ستالین (بڕوانە ستالین خوازی) بە شێوەیەکی بەربڵاو پیادەکرێ و هونەری سۆڤییەتی بەرەو داڕمان و تێکشکان برد. بە تێکشکان و ڕۆچوونی ستالینیزم، ڕیالیزمی سۆشیالیستیش کەوتە بەر ڕەخنە و لەناوچوو.
کاریزما
1ـــ بەهرەیەکی مەعنەوی، ودم یا توانستێک کە وادەزانی لە لایەن یەزدانەوە بە کەسێک کەرەم کرابێت تاکوو بەو پێیە هەندێ کاری سەیر و سەمەرە ئەنجام بدات. 2ـــ توانستێکی تایبەتی کە بەهرەدارەکەی پێی وایە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جەماوەر لە پشتیوانییەکی پڕسۆزی ئەوان بەهرەوەرە.
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا بە واتای «یارمەتی خواوەندی» یە. ماکس ڤێبەر، کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی (1864ــــ 1920) ئەم وشەی لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بەکارهێناوە و مەبەستی لەم زاراوە،«گەوهەرێکی تایبەت» بووە کە بە کەسێک یا شتێک حاڵەتێکی بێوێنە و سەیروسەمەرە دەبەخشێ. ڤێبەر لە نێوان کاریزمای تاکەکەسی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخسێکی تایبەت و کاریزمای مەقام، کە دەگەڕێتەوە بۆ پلەوپایە و مەقامێک، جیاوازی قاییل دەبێت. ئەو چەمکی کاریزمای لە بەستێنی تیۆری گشتی دەسەڵاتدا بەکارهێنا و بەم پێیە سێ جۆر ڕەوایی (مشروعیت) ی ناوبردە کرد: سوننەتی، کاریزمایی و قانوونی ـــ عەقڵانی. ڤێبەر لەم دابەشکارییە بۆ شرۆڤەی پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کەڵکی وەرگرت.
ئەو پێی وابوو هەرکاتێک کۆمەڵگە و ئایینەکان لە ژێر فرمانی ئەو سوننەتانەدا بن کە پیرۆزییەکەیان لە ڕابردوو گرتبێت، تەنیا هێزێک کە توانایی ململانێی هەبێت، ڕێبەرێکی کاریزمایە کە شەرعییەتی خۆی لە بەهرە شەخسییەکانی وەرگرتبێت. کۆمەڵناسەکان ئەم زاراوەیان لە باری سیاسییەوە بۆ کەسایەتیگەلێکی وەک نکرۆمە لە غانا، سۆکارنۆ لە ئەندونیزیا و نیهرۆ لە هیندستان بەکار بردووە و پێیانوایە کە بەهرەی شەخسی ئەوان بۆتە سەرچاوەی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکانیان. بەڵام ئەم زاراوە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بۆ هەموو دیاردە و کەسانێک بەکار دەچێت کە بە هۆی تواناییەکی تایبەت و سەیرەوە، لەگەڵ ڕەشەگەل و جڤاک جیاوازییان هەیە.
کۆمۆنیزمی زانستی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1962، لە لایەن میخاییل سۆسلۆف، بیر داڕێژی پایەبەرزی سۆڤیەت لە کۆنگرەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیک چێ کراوە. بە باوەڕی کۆمۆنیستەکان، کۆمۆنیزمی زانستی بریتییە لە: زانستی ململانێی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆشیالیستی و یاسامەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی زانستی خۆی بە چۆنیەتی هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە ئاستی جیهان و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی سەرقاڵ دەکات کە یەکەمین قۆناغەکەی، سۆشیالیستی لە قەڵەم دەدرێت. لەم ڕووەوە کۆمۆنیزمی زانستی، دەرەنجامی سیاسی کۆی ئەو ئایدیۆلۆژیەیە کە سەرەتا بە مەتریالیزمی دایەلیکتیک دەست پێدەکا و پاشان «مەتریالیزمی مێژوویی» و «ئابووری سیاسی» بەدوا خۆیدا دەهێنێت.
ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
بە کۆمەڵێک مێتۆد و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەگوترێ کە ئامانجیان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری ئازادییە بۆ تاکەکەس. بە لایەنگرانی وەها مەرامێک دەڵێن ئازادیخواز (لیبڕاڵ). ئازادیخوازی لەسەرەتادا لەگەڵ ناوی هەندێ حیزبی ئەورووپایی ئاوێتە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئەم زاراوە مانایەکی بەربڵاوتری لەخۆگرتووە و زیاتر نیشاندەری لایەنێک یا سۆنگەیەکی فیکرییە کە خاوەنی ئەم چەن پرەنسیپانەیە:
١) بەهەند گرتنی دەربڕینی ئازادانەی فیکری تاک، ٢) بڕواهێنان بەوەیکە دەربڕینی ئازادنەی فیکر بۆ تاک و کۆمەڵ بەسوودە. ٣) پشتیوانی کردن لەو دامودەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ڕێگە بۆ دەربڕینی ئازادانەی فیکر خۆش دەکەن.
ئازادیخوازی وەکوو سیستەمێکی تێکچنراو کە پڕ بووە لە ئامانج و ئایدیالی کردەیی، لە سەدەکانی 17و18 لە بەریتانیا سەری هەڵدا. پاشان لە وەڵاتانی دیکەش، حیزب و تیۆریگەلی ئازادیخواز هاتنەکایەوە کە ئەمانیش یان بۆ خۆیان گەشەیان کرد یا لاساییکەرەوەی نموونەکەی بەریتانیا بوون.
ئەندێشە و ئاکاری ئازادیخوازانە لەپێشدا لەسەر دوو زەمینە جەخت دەکات: یەکەم، وەڕەزبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازی دیکەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دووهەم، دەربڕینی ئازادانەی ئەندێشەی تاک.
هەوڵی تیۆری و سیاسەتی ئازادیخوازەکان ئەمە بووە کە ئەم دوو بنەڕەتە پێکەوە سازگار بکەن. هەوڵی لیبرالیزم لەپێشدا ئەوە بوو کە لە گەمارۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕزگار بین و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی، ئازادی و چاوپۆشی ئایینی بووە. ئازایخوازە ئەورووپییەکان لە باری ئایینییەوە یا بێباوەر بوون یا گوماندار یان دژ بە ئایین. هەموو ڕێبەرانی گەورەی جووڵانەوەی ڕۆشنبیری نوێ لەم تاقمە بوون و لە بەرانبەر دەسەڵاتی ملهوڕانەی قەشەکان ڕاوەستاون و لایەنگرییان لە "حکوومەتی عەقڵ " کردووە.
لیبراڵەکان، لایەنگری چاودێری کردنی دەسەڵاتی گشتین بە سەر کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە لە بەستێنی سیاسەت و کاروباری مەدەنی خوازیاری حکوومەتی قانوون و لە بەستێنی ئابووریشدا لە بازاڕی ئازادی ئابووری لایەنگری دەکەن. ئازادیخوازان، خوازیاری زامنکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتن و پشتیوانی خۆیان لە ئازادییە ناوچەیی و گرووپییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی لیبرالیزم، لایەنگری کردن لە ئازادی چالاکانەیە واتە ئەوەیکە تاک، دەرفەتی پەروەردەکردنی توانێیی و دەربڕینی ئازادانەی بیروبڕواکانی خۆی بۆ بڕەخسێ و لەم ڕێگەوە قازانج بگەێنێ بە کۆمەڵگە. بۆیە لیبراڵەکان لەسەر یەکسانی ماف و ئازادییەکان و نەمانی پاوانخوازی و ئیمتیازاتی سەرمایەداران ئەدوێن و لایەنگری لە چەسپاندنی یاسا بە سەر هەموو بنەمایەکی عەقڵیدا دەکەن. بەم پێیە ئازادیخوازان، بەگشتی پێشکەوتنخواز لە ئەژمار دێن چونکە لایەنگری پێشکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و پیشەسازییەکان بوون.
لیبراڵیزم، چ لە باری تیۆری و چ وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی، لە بەرایی" شۆڕشی مەزن"ی بەریتانیا لە ساڵی 1688 بە دژی جەیمزی دووهەم، تا ساڵی 1867 کە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە قانوون، بە تەواوەتی گەشەی کرد. ئەم ڕێبازە، لەسەرەتادا لە گوێن جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیستبداد، تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی یاسا و ئازادییەکانی تاک خەباتی ئەکرد. پاش ئەم قۆناخە، کەمتاکورتێک، ئەبێتە تیۆرییەکی ڕێکوپێکی ئابووری و سیاسی. ئازادیخوازی، هاوکات لە ئەورووپا ـــ بێجگە لە بەریتانیاــــ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیچمی گرت. بەڵام زاراوەی لیبراڵیزمی کلاسیک تەنیا بۆ لیبراڵیزمی بەریتانی بەکار دەبرێت.
لیبراڵیزمی بەریتانی لەپێشدا ڕووکاری ئازادیخوازی و چاوپۆشی ئایینی و چەسپاندنی یاسا و مافە سیاسییەکانی لەخۆ گرتبوو. شۆڕشی 1688 کە یەکەم شۆڕشی لیبراڵی مێژووە، ئەو ئازادییانەی کە لەماوەی یەک سەدە بە دەست هاتبوون، مسۆگەری کرد و ڕواڵەتێکی قانوونی پێ بەخشی. ئەو لیبراڵیزمەی کە لە 1689 بانگەشەی بۆ ئەکرا، لە بنەڕەتدا لایەنێکی ڕەخنەگرانە و نەرێیانەی هەبووە و لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەنبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و بە تایبەت پاشا، پشتیوانی دەکرد. زۆرترین ئامانجیشی سیاسی بووە وەکوو لەوەی ئابووری بێت. لەم میانەدا گرینگترین ئامانجە سیاسییەکانی بریتی بوو لە: ئازادی بیروبڕوا و مافی نەیاریی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا و جیاکردنەوەی هێزەکان*. هەر لەم ساڵانەدا هەندێ ئازادی مەدەنی وەکوو تەبایی ئایینی و ئازادی ڕۆژنامەکان دەستەبەر کراوە. کتێبی دووهەمی «جۆن لاک» بە ناوی" دەربارەی حکوومەت" و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، گەورەترین یادگارییەکانی ئەم قۆناخەی لیبراڵیزمن.
لیبراڵیزمی ئابووری: پاش قۆناخی یەکەم کە قۆناخی بە سەمەر گەیشتنی ئازادییە سیاسییەکان بوو، قۆناخێکی نوێ دەست پێئەکا کە تێیدا تیۆری لیبراڵیزمی ئابووری وەکوو تەواوکەری لیبراڵیزمی سیاسی ناوبردە ئەکرێ. ئابووریناسانی لیبراڵیزمی بەریتانی، بە ڕێبەرایەتی «ئادام سمیت»، بە تواناترین گرووپێک بوون کە تیۆری (لیبراڵیزمی ئابووری)یان هێنایە ئاراوە. بە باوەڕی ئەمانە، میکانیزمی خۆبەخۆی بازاڕی ئابووری، کە پەیڕەوی قانوونیخوازە و ڕووخستنە (عرچه و تقاچا)، باشترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتنی کاری ئابووری و هیچ لایەنێک، چ پاوانخوازانی ئازاد و چ دەوڵەت، نابێ دەستێوەردانی تێدا بکا. بەڕای ئەوان، هاوبەشێتی دڵخوازانەی کەسەکان و هاوکاریی نێوانیان بەپێی میکانیزمی بازاڕی ئازاد، کارێک دەکات کە سوود بە هەموان بگات. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوە کە لیبڕاڵیزمی سیاسی بەهێز ببێ و وەکوو تیۆرییەکی هەمەلایەن و بەڕێوجێی ئابووری بڕازێتەوە. تیۆری «ئادام سمیت»، سیستەمێکی ئازاد و غەیرە شەخسی نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە مرۆڤی هان ئەدا، هێز و داراییەکانی بە قازانجی خۆی و کەسانی دیکە بخاتەگەڕ.
لیبراڵیزمی نوێ: بەڵام بازاڕی ئازادی ئابووری و سوودپەرەستی لەڕادەبەدەری خەڵک نەوەکوو ئاواتەکانی ڕێبەڕانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی بەدی نەهێنا، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە باری بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە شوێنەواڕێکی دزێوی لەدوا خۆی بەجێهێشت کە گرینگترینیان لە دایکبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی هەژار لە کارخانەکان بوو (بڕوانە سۆشیالیزم) .
ئینجا تەوژمی هێزە کۆمەڵایەتییە تازە پێگەیشتووەکان وایکرد لە لیبڕاڵەکان کە بە لیبڕاڵیزمی توندرەودا بچنەوە و سنووڕێکیش بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە مەڕ دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان، دیاری بکەن. چڵەپۆپەی جووڵانەوەی لیبراڵیزمی ئابووری، ناوەڕاستی سەدەی 19 بوو کاتێک کە تەنانەت لیبراڵەکان لەگەڵ داڕشتنی یاسای ئیش و کاریشدا دژایەتییان دەکرد. بەڵام لەمەودوا زۆربەی ڕێسا کۆنتڕۆڵکەرەکانی دەوڵەت، وەکوو قەرارە تەندروستییەکان و بیمە و یەکیەتی کرێکارانیان بۆ قازانجی گشتی پەسند کرد. لیبراڵیزم سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕاپەڕینێک بوو بە دژی کلێسە و ئیستبداد بەڵام ئیستا بەشێک لە ترادیسیۆنی فیکری کۆنەپارێزیی* ڕۆژاوایی لە ئەژمار دێت و دوو حیزبی گەورەی ئەمریکای خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. لە هەمانکاتدا لەسەر جووڵانەوەی سۆسیال دیموکراتیش کاریگەریی داناوە.
لەبەرئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حیزبێکی بەهێزی چەپی لە مەیداندا نییە، لیبڕاڵ بە سیاسەتمەدارێک دەگوترێ کە خاوەنی فیکرەیەکی نزیک بە چەپییەکان و لایەنگری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئابووری بێت.
ئیمپریاڵیزم
بەگشتی واتایەکە بۆ دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی بەستێنی حکوومەتەکەی خۆی، دەست درێژ ئەکا بۆ وەڵاتانی دیکە و خەڵکی ئەم وەڵاتانە ئەکێشێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و سەرچاوە ئابووری و ئینسانییەکانیشی ئەڕووتێنێتەوە. ئیمپریاڵیزم بە مانای ئیمپراتۆری* هەر لەسەرەتای مێژووەوە بووە.
لە زاراوەدا، ئەم وشە ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆری کە لە 1890 بەملاوە لە لایەن لایەنگرانی «ژوزێف چیمبەرلێن»، سیاسەتمەداری ئیستعمارخوازی بەریتانیا، هاتە ئاراوە. ئەم کابرایە، دەیەویست پەرە بدا بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا.
زاراوەی ئیمپریاڵیزم، خێرا چووە ناو زمانەکانی دیکەشەوە. ئەم وشە بوو بە بیانوویەک بۆ خاڵیکردنەوەی ڕق و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتە ئەورووپییەکانی ئەو سەردەمە. ئەم کێشمەکێشانە لە 1880 تا 1914، وەها بە سەر سیاسەتی نێونەتەوەییدا باڵی کێشا، کە ئەم قۆناخە بە «چاخی ئیمپریالیزم» ناوبردە کرا. لەم ناوەدا بەریتانیا و ئیمپریالیستە ئەوروپییەکانیش، بە ناوی پەرەسەندنی شارستانیەت و بەشکردنی دەسکەوتەکانیان بە سەر خەڵکانی ڕەگەز - ناپاک، درێژەیان بەم ئاکارە دا. دوای شەڕی جیهانی یەکەم، ئایدیۆلۆجیای ئیمپریاڵیزم لە قەبارەی فاشیزم و نازیسم دا گەیشتە لووتکەی خۆی.
یەکەمین ڕەخنەی تیۆریک لە ئیمپریاڵیزمی نوێ، لە لایەن «ج.ا.هابسۆن»، ئابووریناسی بەریتانی، لە کتێبێک بە ناوی ئیمپریاڵیزم (1902) بڵاو کرایەوە. لەم کتێبەدا بۆ یەکەم جار، بە ڕوانگەیەکی ئابوورییەوە سەیری ئەم دیاردە کرا. «لینین»، لەم ڕوانگەوە کتێبی ئیمپریاڵیزم، دواقۆناخی سەرمایەداری (1915) بڵاو کردەوە. دواتر ئەم ڕێبازە بە ناوی تیۆری ئابووری دەربارەی ئیمپریاڵیزم، ناوبانگی دەرکرد. تیۆری «لینین» جگە لەوەیکە ماهییەتی ئیمپریاڵیزم شی دەکاتەوە، تیۆرییەکە لە بارەی سەرچاوەی شەڕ ــ شەڕی ئیمپریاڵیستی ـــ کە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەدارییە. (بڕوانە لێنینیزم)
ئینتەرناسیۆنالیزم
ئەم زاراوە مانایەکی مژاوی هەیە و لە زۆر شوێندا بەکار هاتووە. بەڵام مانا گشتییەکەی ئەو بڕوا و سیاسەتانە لەخۆئەگرێ کە جەخت ئەکا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەکان و لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شەڕەنگێزدا دژایەتی دەکات. ئینتەرناسیۆناڵیستەکان دەخوازن ئەگەر نێوان دەوڵەتەکان هاوکاری ئاشتیخوازانە لە ئارادا نەبێت، لانیکەم لەنێوان نەتەوەکاندا ببێت.
بەم پێیە ئینتەرناسیۆنالیزم، بریتییە لەوەیکە هەر تاکێک گرێدراوی کۆمەڵگەیەکی جیهانییە و ئەو نەتەوەش کە ئاخێزگەی لە ئەژمار دێت، دەبێ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەیوەست بێت… ئەم ڕێبازە لەگەڵ «جیهان نیشتمانی»دا یەک ناگرێتەوە چونکە ئینتەرناسیۆنالیزم ناخوازێ تاک لە نەتەوە یان دەوڵەتەکەی خۆی دابڕێ بەڵکوو دەخوازێ پێوەندییەکی زۆرتر لەنێوان تاک و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا بکرێتەوە.
ناسیۆنالیزمی نەرمڕەو لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالیزمدا وانییە هەڵنەکەن بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەو دژییەتی. بۆ وێنە نازیسم و فاشیزم بە ڕێبازی نەژادپەرستی و خۆبەزلزانی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا بوونە دوژمنانی سەرسەختی ئینتەرناسیۆنالیزم.
مارکسیزم بۆچوونێکی تایبەتی لە ئینتەرناسیۆنالیزم بڵاو کردۆتەوە. بەڕای «مارکس»، بۆرژوازی بە یارمەتی مەکینە و دانوستانی جیهانی ئازاد، سنوورە نەتەوەییەکانی بەزاندووە و سیستەمێکی ئابووری جیهانی پێکهێناوە کە لەنێو چینی هەژاران بە تایبەت پرۆلتاریای وەڵاتان، یەکگرتووییەکی جیهانی ساز کردووە کە لە زاراوەدا پێی دەگوترێ «ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتاری». ئەم ڕەوتە شۆڕشێکی سەرانسەری لە جیهاندا بەدژی بورژوازی پێک دێنێت کە سەرەنجام کۆمەڵگەیەکی سوسیاڵیستی جیهانی دائەمەزرێنێ. بۆیە مارکسییەکان بڕوایان هەیە بە یەکگرتنی هەژارانی جیهان و دروشمە بەناوبانگەکەشیان ئەمەیە: «زەحمەتکێشانی جیهان، یەک بگرن! یەک بگرن!»
دوای پێکهاتنی یەکیەتی سۆڤییەت، بە تایبەت لەسەردەمی «ستالین»دا ئەم وەڵاتە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ناوەندی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییە. «ستالین»، لە شرۆڤەیەکی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییدا ئەم ڕێبازە بە هەڵقوڵاوی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانی (بڕوانە ستالینخوازی) .
ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلتاریی: بڕوانە ئینتەرناسیۆنالیزم.
ئەکتیویزم -چالاکیی سیاسی
ئەم زاراوە بە دوو مانا لێکدراوەتەوە، یەکەم بە مانایەکی ئەڵمانی کە زیاتر لە بەستێنی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا گونجاوە. دووهەم بە واتایەکی بەربڵاو کە بە مانای تێهەڵچوونێکی گەرموگوڕە لە کردەوە و چالاکیی سیاسی. ئەم واتایە دەلالەت دەکات لەسەر ڕۆڵی گرینگی چالاکوانان وەکوو کاکڵی ئازای حیزبە سیاسییەکان. هەروەها لە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان بە تایبەت لە سیاسەتی حیزبی بونیادگەرادا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ. لە شێوازە توندڕەوەکەیدا بۆ پاساودانی تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ یان بۆ لە دۆخدانی زەبر و زەنگ بو گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بە کار هاتووە. لە سیاسەتی باڵی چەپدا جاری وا هەیە کە خەباتکار بە مانای چالاک بە کار دەبرێت بەڵام مەبەست، ڕادەی بونیادگەرێتی ئەوکەسەیە لە سیاسەتدا. ئەم خاڵە بە تایبەت لە بارەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان پێش گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بەرچاوە.
ببابۆفیزم
بزاڤێکی شۆڕشگێڕی فەرەنسی لە سەدەی هەژدە بەمەبەستی دامەزرێنی «کۆماری یەکسانی». ئەم جووڵانەوە ناوەکەی لە ڕێبەری خۆی بە ناوی «فرانسوا نۆئێل بابۆف» (1765-97) وەرگرتووە. «بابۆف» و هاوڕێیانی لە 1796«نەخشەی یەکسانی»یان بۆ ڕووخانی حکوومەت، داڕشت کە ئەمە چڵەپۆپەی بزاڤەکە بوو، بەڵام پیلانەکە سڕی ئاشکرا بوو، لە 1797 سەری «بابۆف» یان بە گیوتێن لێک جودا کردەوە. لایەنگرانی «بابۆف»، بوونە میراتگری ئایدیۆلۆجیای مەتریاڵیزمی سەدەی هەژدەی فەرەنسە و ئەندێشە شۆڕشگێڕییەکانی ئەو سەردەمە و نوێنەری توندڕەوترین ڕێبازەکانی شۆڕشی فەرەنسە.
«بابۆفیزم» یەکەمین تەقەلا بۆ کردنی سۆشیالیزم بە تیۆری جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بوو. بابۆفییەکان بۆ«کۆماری یەکسانی» خۆیان، سیستەمێکی تێروتۆخی یاسا و ڕێسێ یان بۆ باشترکردنی وەزعی هەژاران و زاڵبوون بە سەر ململانێی هێزەکانی دژە شۆڕش، پێشبینی کردبوو. ئەندێشەی پیادەکردنی«دیکتاتۆری ڕەنجدەران» (بڕوانە دیکتاتۆری پرۆلتاریا) دوای سەرکەوتنی شۆڕش، هەر لە لایەن ئەم گرووپەوە ئاڕاستە کرا.
بلانکیزم
ڕێبازی سیاسی و بۆچوونەکانی «لۆیی ئاگۆست بلانکی» (81-1805)، بیرمەند و خەباتکار و شۆڕشگێری فەرەنسی. بلانکی لە شۆڕشەکانی 1830و1848 و لە دامەزراندنی «کۆمۆنی پاریس» (1871) بەشداریی کردووە و نیوەی تەمەنی خۆی لە بەندیخانەدا بووە. بۆچوونە شۆڕشگێرییەکانی «بلانکی» لەژێر کاریگەری بابۆفیزم* بیچمی گرت و دزەی کردە نێو مارکسیزمەوە. ئەو هەندێ زاراوەی مارکسی وەک دیکتاتۆری پرۆلتاری، داهێناوە. بەرهەمی بەناوبانگی «بلانکی»، کتێبی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی یە (1869) .
بلانکی، ماتریالیست و ڕاسیۆنال (عەقڵخواز) بووە و بڕوای بە پێشکەوتنی بێکوتایی مێژوو بووە. بەڕای ئەو مێژوو لە قۆناخی تاکییەتی ڕەهاوە کە هی سەردەمی مرۆڤی وەحشییە، بەرەو کۆمۆنیزم ــ کۆمەڵگەی داهاتوو کە تاجی سەری شارستانییەتە ــ لە جووڵەدایە. بلانکی بە سەختی لەگەڵ دژبەرە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەستەو یەخە دەبێ و بۆ ڕووخانی ئەم سیستەمە پیلان و شێوازی ئانارشیستی پێشنیاز دەکات. بلانکیزم، دزەی کردە ناو شۆڕشی وەڵاتانی دیکە، وەکوو سۆڤیەت و مارکس و لینین، ستایشی خەباتەکەیان کردوە.
بولشویزم
ئەم زاراوە ناوی ئایدیۆلۆجی حیزبی بولشویک، بە ڕێبەرایەتی «لینین» بوو کە «شۆڕشی سۆڤیەت»ی لە ئۆکتۆبەری 1917 بە ئەنجام گەیاند و یەکییەتی سۆڤیەتی دامەزراند. چۆنیەتی پێکهاتنی بولشویزم ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیە کە لە کۆنگرەی حیزبی نهێنی سۆسیال دیموکراتی سۆڤیەت لەسەر ئەندامەتی لە حیزبەکەدا ڕووی دا، کە ئەمەش بوو بەهۆی شەقاربوونی حیزب و لادان و جیابوونەوەی دوو گرووپی بولشویک (بە مانای زۆرینە) بە ڕێبەرایەتی «لینین» و «مەنشویک» (بەمانای کەمینە) بە ڕێبەرایەتی «مارتۆف». «لینین» لە ساڵی 1909 ئەم ناوەی لە گرووپەکەی خۆی نا و لە 1912 حیزبەکەیان دامەزراند. لە ساڵی 1918 ئەم ناوەیان بە «حیزبی کۆمۆنیستی سەرانسەری سۆڤیەت» گۆڕی و پاشان لە ساڵی 1953 دیسانەوە بە«حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت» ناوداریان کرد.
تایبەتمەندییەکانی بولشویزم، بریتی بوو لە: یەکەم، لایەنگری لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی. دووهەم، هەبوونی ڕێکخراوەیەکی ناوەندیخوازی حیزبی. سێهەم، شۆڕشگێڕی و خەبات لەگەڵ ڕیفۆرمخوازی و حیزبەکانی دیکە.
بولشویزم، وەک ئایدیۆلۆجیایەکی شۆڕشگێڕانە، ئاوێتەیەکە لە مارکسیزمی ڕۆژاوایی لەگەڵ ترادسیۆنی جڤاتیخوازی سۆڤیەت. دوای بە دەسهێنانی دەسەڵات لە 1917 بەملاوە، هاوتەریب لەگەڵ حکوومەتی ڕەهای سۆڤیەت، تیۆر و کردەوە لەسەر پرەنسیپەکانی لێنینیزم چەقی بەست. ڕۆڵی مێژوویی بولشویزم لەم ڕاستییەدا بوو کە لە لایەکەوە پێوەندی خۆی لەگەڵ مارکسیزم بپارێزێ و لە لایەکی دیکەشەوە، دەس هەڵگرێ لەم بیرۆکەی مارکس، کە گوتبووی: «ئازادی چینی کرێکار تەنیا بەدەست خۆیان مەیسەر ئەبێ» و لەجیاتی ئەوە، ئەندێشەی تکاچۆف پەسند بکەن کە دەڵێ: شۆڕشی کۆمەڵایەتی، تەنیا بە هێنانی وشیاری چینایەتی بۆ ناو کرێکاران لە دەرەوەی چینەکەیان و لە لایەن شۆڕشگێڕانی لێهاتووی سەر بە ڕۆشنبیرانی سۆشیالیستییەوە پیادە دەکرێت.
لێکۆڵەرانی ئەورووپی تا 1945، بولشویزمیان بە توندڕەوترین لقی جووڵانەوەی چەپ لە قەڵەم داوە، بەڵام لەوەدوا زۆربەیان، بە سیمایەکی توتالیتار تەعبیریان لێکردووە.
تامیزم
ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ «توماس ئاکوینیاس» (1273-1225) فەیلەسوفی بەناوبانگ و کەسایەتی پیرۆزی کلێسەی کاتۆلیکی ڕووم.
ئەم قوتابخانە پێی وایە کە: مرۆڤ بوونەوەڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئامانجی دەوڵەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەیە و سەرچاوەی حکوومەت ئەگەڕێتەوە بۆ خوا. لە پێوەندی تاک و دەوڵەتدا حکوومەت نابێ بە هاووەڵاتیانی خۆی ستەم ڕەوا بینێت. باشترین شێوازی حکوومەت پاشایەتییە بە مەرجی چەقبەستنی یاسا و پیادەکردنی.
ترۆتسکیزم
لقێکە لە ڕێبازی کۆمۆنیستی کە لە لایەن لیۆن ترۆتسکی (1940-1879 ) شۆڕشگێری بە ناوبانگی سۆڤیەت و چالاکوانی شۆڕشی 1917 سۆڤیەت، هاتە ئاراوە.
لایەنگرانی ترۆتسکی بە سەرۆ وەرگرتن لە ئەندێشەکانی مارکس و ئنگڵس و لینین، هەروەها ئەزموونەکانی شۆڕشی سۆڤیەت کە ترۆتسکی تێیدا دەوڕێکی باڵای هەبووە، خۆیان بە مارکسیە شۆڕشگێڕەکان ناوبردە ئەکرد. ئەمانە دەیانویست سەرمایەداری بە شۆڕشێکی کرێکاری بڕووخێت. لە دیکتاتۆری پڕۆلتاریا پشتیوانی دەکەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی کە تێیدا چینی چەوسێنەر بێدەست بکرێ و دەسەڵات بکەوێتە دەس چینی ڕەنجدەران و کۆمەڵگە بە شێوازی سیستەمی فرە حیزبی ئیدارە بکرێ.
ترۆتسکی، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1906 لە وتاڕێکدا بە ناوی «شۆڕشی ئێمە» تیۆرییەکەی خۆی دەربارەی شۆڕشی هەمیشەیی ئاڕاستە کرد. لەم ڕێبازەدا ئەم فیکرەی هێنایە ئاراوە کە شۆڕش ڕووداوێکی کتوپڕ نییە بەڵکوو لە زنجیرە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچێ کە وەک وەرچەرخانێکی بێڕاوەستان بۆ بزووتنەوەی کرێکاری دەرفەتێک ئەڕەخسێنێ تاکوو سەربەخۆ لە هێزە بەرهەمهێنەکانی خۆی شۆڕشەکە دەست پێدەکا و بەرەو پێشی دەبات.
لە بەرانبەر تیۆری «شۆڕشی هەمیشەیی» ترۆتسکیدا تیۆری ستالین دەربارەی «سۆشیالیزم لە وەڵاتێکدا» هاتە ئاراوە. لە بەردەوامی ئەم ڕێبازە، ترۆتسکی لە چەن وتارێکی بەناوبانگ لەژێر سەردێڕی«ڕێگەی نوێ»، شەڕی خۆی بەدژی بورۆکراسییەت دەسپێکرد. ئەو ڕەخنەی گرت لەوەیکە بڕیارەکانی حیزب تەنیا لە لایەن چەن کادێرێکی پایەبەرزی حیزبەوە دەردەکرێت و ئەندامانی ئاستی خوارەوەی حیزبەکە تەنیا لێی ئاگەدار ئەبن. ترۆتسکی لە کۆتایی ساڵی 1923 ئەمەی ڕەتکردەوە کە بورۆکراسییەت تەنیا«ئیدارە گەرێتی» و پاشماوەی بارودۆخی ڕابردوو نییە بەڵکوو لاگیرییەکی سەرەکییە کە ڕەنگە ببێتە دژە شۆڕشێک.
«ترۆتسکی» پێشنیازی کرد کە حیزبایەتی، دیموکراتیزە بکرێت. ناوەندی چالاکی لەسەرەوە ڕادەستی خوارەوە بکرێت. ئەو پێی وابوو کە بەدیهێنانی دیموکراسی دەروون حیزبی تاکە ڕێگەی زاڵبوونە بە سەر نەستی لاگەیی کادررەکان. ئەو لە کتێبی «ئەو شۆڕشەی کە خەیانەتی پێکرا» دەڵێ: «یەکییەتی سۆڤیەت لەگوێن وەڵاتێکی کرێکاریی، هەڵقوڵاوی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917یە کە بەدەوڵەتیکردنی کەرەستەی بەرهەمهێنان، بۆتە هۆی گەشەی خێرای ئابووری. بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ستالینیزم، دەوڵەت بە تەواوی تووشی وەرچەرخان بووە و لەجیاتی ئەوەی ببێتە کەرەستەیەک و بە دەست چینی کرێکارەوە بێت، بۆتە داردەستێک بۆ چەوساندنەوەی کرێکار» .
بە ڕای «ترۆتسکی»، «پڕۆسەی شۆڕشگێڕیی ئەبێ بە دژی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و خنکانی سیاسی بێت. سێندیکا و ئەنجومەنی کارگەکان ئەبێ ئازادی خۆیان وەدەست بێنن. حیزبەکان تا ئەو شوێنەی کە بڕوایان بە سۆشیالیزم بێت، یاسامەند بکرێن، ئابووری بکەوێتە خزمەت بەرهەمهێن و ئەنجومەنی کارگەکان بە سەر بەرهەمهێناندا چاودێری بکەن و …»
لەم دەساڵەی دواییدا ڕێبازی ترۆتسکی لە هەندێ بابەتەوە بووە جێگای هیوایەت بۆ لایەنگرانی«چەپی نوێ» کە مەیلێکیان بە کومۆنیزمی سۆڤیەت و مائۆئیزم نەبوو. بۆیە لە شۆڕشەکانی مانگی مای 1968 لە فەرەنسەدا دەوری گێڕا. لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیش بەناوی ئەڵتەرناتیڤی چەپی «شۆڕشگێڕی ــ مارکسیستی» سەری هەڵدا.
ترۆتسکی لە ساڵی 1940 کوژرا و لایەنگرەکانیشی تەنیا لە وەڵاتی سەیلان، توانییان ببنە هێزێکی سیاسی.
تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
تیرۆریزم
وشەی تیرۆر لە ڕەگی لاتینی (terrere) بە مانای ترس و تۆقاندنە. ئەم وشە یەکەم جار (ساڵی 1796) لە «فەرهەنگی زانستی فەرەنسە»، هاتووە و تیرۆریزمی بەم شێوە مانا کردۆتەوە: «ڕژێم یان سیستەمی تۆقێنەر». فەرهەنگی زاراوەی سیاسی دالۆز (dalloz) تیرۆریزم بە کردارێکی سیاسی شەڕەنگێزانەی جەماعەت یان کەمینەیەکی ڕێکخراو بە دژی کەسان یان دارایی یان دامودەزگەیەک لە قەڵەم دەدا کە بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێکی وەک، سەربەخۆبوون لە دەوڵەتێک، ڕووخانی ڕژێمی دەسەڵاتدار یان خەبات بەدژی هەندێ ڕووکاری سیاسی دەوڵەتێک ڕوو دەدات.
فەرهەنگی زاراوەی سەربازی (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) تیرۆریزم، بەم جۆرە پێناسە دەکات:
دەسبەکاربوون بۆ شەڕەنگێزی نایاسایی یان هەڕەشە بۆ ئەنجامدانی وەها کردارێک بەمەبەستی ترساندن و سەرکوتکردن یا تۆقاندنی حکوومەت یا کۆمەڵگەکان، بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە بەگشتی سیاسی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایی بێت.
پاش تەنینەوەی قۆناخی تیرۆر و تۆقاندن لە فەرەنسە (سێپتەمبەری 1973 تاکوو ژووئییەی 1974) تیرۆریزم، بووە بەشێک لە زاراوەی سیاسی ئەورووپا و بە درێژایی زەمەن مانا و کارلێکی جیاوازی بەخۆوەبینی و هەندێ جار مانای دژبەیەکی لێکەوتۆتەوە. بۆیە ئەو کەسەی کە بە باوەڕی هەندێک «تیرۆریست» لە قەڵەم ئەدرا، بەڕای هەندێکی دیکە «جەنگاوەری ڕێگەی ئازادی» پێناسە دەکرا. واتە پێناسەکردنی ئەم چەمکە پەیوەست بوو بە گۆشە نیگا و ئایدیۆلۆجی ئەو کەسەی کە شرۆڤەی دەکرد.
تایبەتمەندییەکانی تیرۆریزم:
1ــ لەگەڵ شەڕەنگێزی فیزیکی ئاوێتەیە بۆ ترساندن و تۆقاندن.
2ــ چاوەڕوان نەکراوە و کتوپڕ ڕوو دەدات.
3ــ بە ئامانج و پاڵنەری سیاسیەوە ڕوو دەدات.
4ــ لە دەرەوەی سنووری ڕەسمی شەڕی نێوان دوو گرووپی شەڕخواز ڕوو دەدات.
تیرۆر بەگشتی لە هەلومەرجێکدا ڕوو دەدات کە تێیدا دەسەڵات بە شێوەیەکی یەکسان و بەرانبەر دابەش نەکرابێت. لەم کەشوهەوادا لایەنێک هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە دەستەوەیە و لایەنەکەی تریش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکووڕییە هەڵدەستێ بە تیرۆر کردن. ئەم دیاردە لە وەڵاتانی ئیستبدادی شتێکی بەرچاوە. لە وەڵاتانی دیموکراتیشدا جاری وا هەیە کۆجێیی دەسەڵات لە دەستی هەندێ لە گرووپەکانی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی ئەوەی گرووپی نەیار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست بدەنە تیرۆر.
تیرۆریزم لە بنەڕەتدا لە مەسەلە ئەخلاقییەکان ڕیشەی داکوتاوە، کەواتە پێناسەکردنی ئەم دیاردە دژوارە. چونکە هەندێ لە پۆلێن بەندییەکانی«شەڕەنگێزی سیاسی» پاساو ئەدرێن و هەندێکیشیان بێپاساون. کەواتە بۆ شرۆڤەی چەمکی تیرۆریزم و گەیشتن بە پێناسەیەکی جیهانی، ئەبێ پاڵنەری تاکەکەسی و ئاخێزگەی کۆمەڵایەتی و ئامانجی سیاسی لە بەر چاو بگیرآ.
هەندێ کەس بە سانایی کردەوەیەک بە تیرۆریستی ناوبردە دەکەن کەچی هەندێکیتر هەمان کردەوە هیچکات بە تیرۆریستی لە قەڵەم نادەن. بەڕای هەندێک ڕێکخراوەی ئازادیخوازی فەلەستین (PLO) ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی ناڕەوایە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی کردەوەی شەڕەنگێزانە. بەپێچەوانەوە هەندێ لە وەڵاتان ئەم ڕێکخراوە بە تیرۆریستی لە قەڵەم نادەن و بە نوێنەری قانوونی و ڕاستەقینەی گەلی زۆرلێکراوی فەلەستین پێناسەی ئەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕووی کردۆتە کردەوەی شەڕەنگێزانە. لەم ساڵانەی دواییدا وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی داوە بەپێی سیاسەتەکانی خۆی لیستی گرووپە تیرۆریستیەکانی جیهان ناوبردە بکات و بەم جۆرە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەخوازێت بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، وەڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ خۆیدا هاوئاهەنگ بکات.
تیرۆریزم لق و پۆپ و شێوازی جۆراوجۆری لێبۆتەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
1ــ تیرۆریزمی پێشێلکاری مافی گشتی. وەک کردەوەکانی مافیا لە ئیتاڵیا و تیرۆریزمی مادە سڕکەرەکان لە ئەمریکای لاتین.
2ــ تیرۆریزمی پەراوێزی. ئەم جۆرە وەبیر هێنەرەوەی تیۆرییە پارتیزانییەکانی چێگوارایە بەمەبەستی ڕاکێشکردنی ڕەشەگەل لەڕێی کردەوەی تیرۆریستی وەک بۆمب تەقاندنەوە.
3ــ تیرۆریزمی سیاسی. بریتییە لە کوشت و کوشتاری زنجیرەیی و هەڕەشە و ترساندنی کەسان و گرووپ و کۆمەڵگە یان دەوڵەتەکان بۆ بڕیاردان لە بەرانبەر خواستی سیاسی تیرۆریستەکان.
4ــ تیرۆریزمی گریلایی. لە پڕۆسەی شۆڕش یان شەڕی ئازادیخوازی بەمەبەستی ڕاکێشانی هەستی جڤات بۆ لای خۆی.
5ــ تیرۆریزمی ئایینی. لەگەڵ تیرۆریزمی سیاسی نزیکایەتی هەیە بەڵام بە شەڕەنگێزییەکی بەرفراوانترەوە.
6ــ تیرۆریزم بە پاڵنەری شەخسییەوە. وەک جووڵانەوەکانی گیاخۆری، ژینگەیی و بەراویتن (سک لە باربردن) . ئەم جۆرە تیرۆرە لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بەرچاوە.
7ــ تیرۆریزمی دەوڵەتی. ڕیشەی ئەم جۆرە تیرۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری مارکسیەت کە بە پشتبەستن بە پۆلیسی نهێنی و کردەوەی سەرکوتکارانە، ئامانجەکانی خۆی دەپێکێ. بۆ وێنە سوارچاکانی مەرگ لە ڕژێمەکانی ئەمریکای لاتین کە دەستیان دابووە کوشتن و بڕینی نەیاران.
ئەمڕۆکە تیرۆریزمی دەوڵەتی بریتیە لە شێوازێکی تیرۆر کە دەوڵەتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، ستراتیجی تایبەتی بۆ دادەڕێژێ. بۆ وێنە پشتیوانی سیاسی و ئابووری لە کاتێکدا کە شەڕی چەکداری نەتوانێ ئامانجەکان بپێکێ.
8ــ تیرۆریزمی نێونەتەوەیی. وەک هاوکاری بزووتنەوە تیرۆریستییەکانی ساڵەکانی 1960 (لەنێوان ڕووس و کووبا) لەسەردەمی شەڕی سارد.
9ــ تیرۆریزمی ئەنفۆرماتیک. شێواندنی تۆڕی ئەنفۆڕماتیکی وەڵاتێک بەمەبەستی خستنە ژێر گوشار یان بەیەکادانی دەوڵەتێک. ئەم جۆرە تیرۆرە بە چەند شێوە ڕوو دەدات کە بریتین لە:
1ــ هێرشبردن بۆ سەر بنکە و دامودەزگەی ئەنفۆرماتیکی لەڕێگەی تەقاندنەوە یا ئاگرتێبەردان.
2ــ هێرشی سینتاکسی. لەڕێی ناردنی ڤایرۆس.
3ــ هێرشی مانایی. لەڕێگەی شێواندنی پلانە کۆمپیتەرییەکان.
10ــ سۆپەرتیرۆریزم. ئەم تیرۆرە بە کەڵکوەرگرتن لە مادەی کیمیاوی و بایەلۆجی و ڕادیۆلۆجی و ناوەکی ڕوو دەدات.
11ــ گەورە تیرۆریزم. لەم جۆرە تیرۆریزمە کە ڕووداوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001 (تەقاندنەوەی تاوەرە ئەفسانەییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی) وەک نموونەیەکی بەناوبانگ لە ئەژمار دێت، تیرۆریستەکان بە تەقاندنەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و بە هاندەری سیاسی، دەست ئەدەنە کوشتنی ئینسانی بێتاوان بۆ تۆقاندنی هەموو جیهان.
هەر لەم جۆرە تیرۆرە لە لایەن گرووپی تیرۆریستی ئەلقائیدە*لە کوردستانیش بە ئەنجام گەیشتووە کە دەکرێ بە تەقاندنەوەکەی جێژنی قوربانی 2003 ئاماژە بدرێ کە سەدان کەس کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
12ــ سایبر تیرۆریزم (تیرۆریزمی کۆمپیتۆری)، کەڵکوەرگرتن لەسەرچاوە کۆمپیتۆریەکان و تەکنۆلۆجی زانیاری بەمەبەستی تۆقاندن یا پێملکردنی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و …
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تیرۆریزم
ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵەکانی خۆی لە ساڵی 1972 بۆ پێناسەکردنی تیرۆریزم دەست پێکردووە و سەرەنجام لە ساڵی 1979 گوزارشتی خۆی بێئەوەی ئەم دیاردەی پێناسە کردبێت، پێشکەش بە کۆمەڵی گشتی کرد. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1989 بەپێی بڕیارنامەیەک، بە تەئکید بیروڕای خۆی لە بابەت مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی هەموو گەلانی زۆرلێکراو لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە نژادپەرست و ئیستیعمارییەکان ڕاگەیاند و هەوڵی ئەو ڕاپەڕینە ڕزگاریخوازانەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێت، بە قانوونی و ڕەوا ناوبردە کرد. کۆمەڵی گشتی هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە هەر کوێ و لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت مەحکووم کرد و ئەم جۆرە کردەوانەی، تاوانبارانە و بێپاساو لە قەڵەم دا.
بڕیارنامەی 1368: ڕۆژێک دوای ڕووداوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا لەسەر مافی بەرگری ڕەوای تاکەکەسی و کۆمەڵەکی بەپێی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، تەئکید کراوە. بەم پێیە ناسینی تیرۆریزم ئەو مافەی دەدا بە دەوڵەتێک مادام بەر شاڵاوی تیرۆر کەوتبێ، بەپێی مادەی 51 مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ داکۆکیکردن لە خۆی دەست بداتە هێزی سەربازی.
بڕیارنامەی 1373: لەم بڕیارنامە کە هەموو 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بە دەنگییەوە هاتن، ڕاگەیەندرا کە «تەواوی کردەوە تیرۆریستییە نێونەتەوەییەکان بۆ وێنە 11ی سێپتەمبەر، مەترسییەکە بۆ ئاسایش و هێمنایەتی نێونەتەوەیی» .
ئەم بڕیارنامە لە باری بەرفرەوانییەوە، گرینگترین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە ئەژمار دێت کە سەرچاوەی دارایی و بنیاتی ئابووریش دەداتە بەر مەدی نەزەر و داوا لە دەوڵەتان دەکات کە لەبەر پێوەندی توندوتۆڵی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی لەگەڵ جەنایەتە داڕیژراوە بان ــ نەتەوەییەکان، بۆ وێنە قاچاخی مادە سڕکەرەکان، قاچاخی چەک و تەقەمەنی و ڕاگواستنی نایاسایی مادەی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆجی، هەوڵ و تێکۆشانەکانی خۆیان بخەنە ڕیزی یەکترەوە.
خزمخوازی + خزم خزمینە
نێپوتیزم یا خزمخوازی و خزم خزمینە، لە وشەی ئیتالی nepotismo بە واتای «لایەنگری لە ئامۆزاکان» وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە هێنانەسەرکاری خزم و عەشیرە بۆ کاروباری گشتی یان مافی تایبەت قاییل بوون بۆ ئەوان و پشتگیریکردنیان بۆ بەخشینی پلە و پایەی ئیداری و سیاسی. ئەم ئاکارە زەمینە بۆ گەندەڵی سیاسی خۆش دەکات.
دۆگماتیزم
ئەم زاراوە لە وشەی یۆنانی (dogma) بە مانای بیروباوەڕی وشک و بنبڕاو وەرگیراوە کە یەکەمجار لە لایەن فەیلەسووفانی گوماندار، بۆ وێنە «زێنوون» ، هاتە ناو فەلسەفەی یۆنانەوە. لە زاراوەی سیاسیدا بە شێوازێک دەڵێن کە لایەنگرانی، لە کاتی باس و گفتوگۆدا بە دەربەستی بەڵگەهێنانەوە نین و بیروباوەڕی پێشووی خۆیان بەبێ هیچ ڕەخنەیەک پەسند دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر ئەندێشە و هزری خۆیاندا ناهێنن. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە، بڕواکانی خۆیان بە شتێکی موتڵەق و نەگۆڕ و بەدەر لە گومان و دڕدونگی دەزانن.
دۆگماتییەکان، گرنگی بە هەلومەرج و شوێنکات نادەن و شێوازێکی دژە دایەلیکتیکی دەگرنەبەر و بە چاوێکی کوێرانەوە پەیڕەوی لە ڕێسا و مەرامە وشکەکانی ڕابردوو دەکەن.
ئەمڕۆ دۆگماتیک بەو کەسانە دەڵێن کە ئامادە نین تیۆری و بیرۆکەی نۆێ پەسند بکەن و گوێ نادەنە ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە سەر بوارەکانی ژیاندا هاتووە. بەگشتی ئەم زاراوە وەکوو ئاوەڵناوێک بۆ قوتابخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەکار دێت.
دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.
زایۆنیزم
ڕێبازێک کە پەرەی دا بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنیستی لە خاکی فەلەستین. پاش وێرانکردنی ئۆرشەلیم لە ساڵی 70ی زایینی لە لایەن ڕوومییەکان، جوولەکانی ئەم وەڵاتە بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەوە. بەم حاڵەش یەکییەتی ئایینی و کەلتووری لە نێوانیان نەپسا و لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا نەتوانەوە. بە درێژایی مێژوو لە لایەن خاچپەرستەکانەوە وەک کەمینەیەک سەیریان دەکرا و زۆر جاریش تووشی ئازار و ئەشکنجە دەبوون. بۆیە هەر ئارەزووی گەڕانەوە بۆ «ئەرزی مەوعوود» یان لە دڵدا مابۆوە.
لە سەدەکانی 16 و 17 هەندێ لە جوولەکەکان، هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین. بزووتنەوەی زایۆنیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ناوەندیەوە دەستی پێکرد و ناوەکەی خۆشی لە دۆڵێکی فەلەستین بە ناوی «زایۆن» وەرگرتووە. لە ساڵی 1897 ڕۆژنامەنووسێکی نەمسایی بە ناوی تیۆدۆر هێرتزێل، یەکەمین کۆنگرەی زایۆنیستەکانی لە بازێلی سویسڕا بەڕێوە برد و داوای کرد هەموو جوولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین.
ئەگەرچی عوسمانییەکان بەم کارە ڕازی نەبوون، بەڵام دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەریتانیاییەکان بەم کارە هەستان و سەرەتا لە ساڵی 1903 حکوومەتی بەریتانیا، پێشنیازی کرد کە بەشێک لە خاکی ئۆگاندا بۆ نیشتەجێکردنی جوولەکان تەرخان بکرێت کەچی زایۆنیستەکان ڕازی نەبوون.
بەیاننامەی بالفۆر کە لە ساڵی 1917، لە لایەن ئارتۆر جەیمز بالفۆر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاو کرایەوە، بەریتانیای بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنی لە خاکی فەلەستین پێمل کرد. لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، بزوتنەوەی زایۆن، پەنابەرە جوولەکەکانی لە شار و دێهاتەکانی فەلەستین جێگیر کرد و هەندێ دامودەزگەی سەربەخۆی لەوێ دامەزراند. حەشیمەتی جوولەکەکان کە لە ساڵی 1925 زیاتر لە 108 هەزار کەس بوون، لە ساڵی 1933 گەیشتە 220 هەزار کەس. لە میانەی دوو شەڕی جیهانی و بە تایبەت شەڕی دووهەم، بە هۆی سیاسەتی دژ بە جوولەکەی نازیسم، جوولەکەکان دەستەدەستە بەرەو فەلەستین گلۆر بوونەوە و خۆیان گەیاندەوە ئەم سەرزەمینە.
زۆربەی عەرەبە فەلەستینییەکان هەر لە سەرەتاوە، زایۆنیستەکانیان وەک مەترسییەک لەقەڵەم دا و کەوتنە جموجووڵ بۆ سەرکوتکردنیان. ئەم مەسەلە بووە هۆی دامەزرانی سپای خوفییەی جوولەکەکان لە ساڵی 1920 کە بە ناوی هاگانا بە مانای بەرگری ناوی دەرکرد. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دابەشبوونی فەلەستین و دامەزرانی دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان ڕازی بوو. بەرەبەرە زەمینە بۆ شەڕی گەورەی جوولەکە و عەرەبان خۆش بوو. لەم شەڕەدا جوولەکەکان بە زۆری سەرکەوتنیان بەدەس ئەهێنا و خاکێکی زۆرتریان داگیر ئەکرد. لە شەڕەکانی دواتریش (1956،1967،1973) دەوڵەتانی عەرەبیش هاتنە مەیدانی شەڕەکە و ماڵ وێرانی و ئاوارەییەکی زۆری لێکەوتەوە. «ڕێکخراوەی ئازادی فەلەستین» و چەندین گرووپی گریلایی دژ بە جوولەکەکان دامەزرا کە تا ئێستاش ئەم ناوچە ڕواڵەتی ئاشتی و ئارامی بەخۆوە نەدیوەتەوە.
سوسیال فاشیزم
ئەم زاراوە لە لایەن کۆمۆنیستە نەیارەکانی مۆسکۆ بە ڕۆڵی یەکیەتی سۆڤیەت لەو وەڵاتە دەگوترا. بەڵگەی لایەنگرانی ئەم ڕوانگە ئەوە بوو کە بە گۆڕانی سۆڤیەت لە دۆخی سۆشیالیزمەوە بۆ هێزێکی سۆسیال ئیمپریالیستی چینێکی بورژوا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی فاشیزم لەم وەڵاتەدا.
سکولاستیکیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی scholastica بە واتای «وانە قوتابخانەییەکان» وەرگیراوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست باس و گفتوگۆ زانستی و فەلسەفیەکان پتر لە ناو قوتابخانە و کلێسا و پەرستگەکان ئەنجام دەدران هەر بۆیە باسە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بە زانستی سکولاستیک ناوبانگیان دەرکردبوو. لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە ئیمانیان بەلاوە گرنگتر بوو لە ئەقڵ و ئاوەز و پێیان وابوو کە دەبێ لە پێشدا بڕوا و ئیمانمان هەبێ ئینجا بابەتەکان بفامێنین. بەڕای ئەمان، ئایین لە لایەن خوداوە بە مرۆڤ عەتا کراوە و ئەقڵ ناتوانێ لە بەرانبەریدا ملهوڕیی بکات و ڕەتی بکاتەوە. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆییەکی فیکریدا نەیارن و تەنیا بە نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز و بنەما فیکریەکانی ئایینی مەسیح پشت ئەبەستن.
ئەم فەلسەفە ئەگەرچی پشتی بە ئایینی مەسیح بەستبوو، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن و لە ژێر کاریگەریی نیشتمانی خەیاڵی و ئایدیالی پلاتۆدا بوو. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە ئەورووپا و پەیدابوونی هزرڤانان و بیرمەندانێک کە بنەماکانی سکولاستیکیان خستەبەر گومان، هەندێ ڕیفۆرم بە سەر ئایینی مەسیحدا هات و ڕێگە بەم قوتابخانە لێژ کراو و جێگەی خۆی دا بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزم.
سکۆلاریزم
سکولار لە ڕیشەی لاتینی saeculum بە مانای کاروباری ئەم دنیا وەرگیراوە واتە جیهانپەرستی، ئەو شتەی کە پێوەندی بەم جیهانە خاکییەوە هەبێت. لە زاراوەی سیاسی و فەلسەفیدا بریتییە لە بڕواهێنان بە ڕاگواستنی سەرچاوە لە دەزگە ئایینیەکانەوە بۆ کەسان یا ڕێکخراوەی نائایینی. واتە گوێ بە ئایین نەدان و لە ئایین دابڕان، جیاکردنەوەی ئایین لە کاروباری حکوومەت و جیهان بە تایبەتی پەروەردە و فێرکردنی قوتابیان. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەو شتەی کە لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا ڕەسەن لە ئەژمار دێت، سیاسەتە نەک ئایین، چونکە ئایین شتێکی تاکەکەسی و شەخسییە. سکۆلاریزم بە واتای دنیاپەرستی و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک جگە لە دنیا و بە ئەسڵ دانانی دنیا ڕاڤە دەکرێت کەوابوو ڕەتکردنەوەی ئایینیش دەگرێتەوە.
بیرۆکەی پێویستی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشمەکێش و ناکۆکییانەی کە لە تێکەڵکردنی شتە ڕۆحی و دەروونییەکان لەگەڵ شتە دنیایی و مادییەکان هاتبووە ئاراوە. ئەمیش سەرەتا لە کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و ڕۆما خۆی نیشان دا. ئەمان بۆ پاساوی بیر و بۆچوونەکەیان پشتیان بەم گوتەیەی عیسێ پێغەمبەر بەستبوو کە دەڵێ: «ماڵی قەیسەر بۆ قەیسەر و ماڵی مەسیح بۆ مەسیح» واتە عیسێ بە دینی خۆی و مووسێ بە دینی خۆی!
لە سەدەکانی پاش چاخی ڕۆشنگەری و پاش سەرهەڵدانی فەلسەفەکانی لیبرالیزم و دیموکراسی، ئەندێشەی جیاوازی ئایین لە سیاسەت بە کردەوە پیادە کرا تا ڕادەیەک کە ئەمێستا ئەم بیرۆکە وەک بەشێکی سەرەکی دەستووری بنچینەیی وەڵاتانی ڕۆژاوایی لێ دەرهاتووە.
سۆسیال ئیمپریالیزم
یەکەم جار، لێنین، ئەم زاراوەی لە ساڵی 1916 بۆ بەرپەرچدانەوەی کائۆتسکی و ڕێبەرانی دیکەی سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا بەکار هێناوە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە زمان لایەنگری سۆشیالیزمە و بە کردەوەش، سیاسەتی ئیمپریالیستی پیادە دەکات.
دوابەدوای دەرکەوتنی ناکۆکی و کێشەی ئایدیۆلۆجیکی لە نێوان چین و سۆڤیەت، چینییەکان ئەم زاراوەیان وەک ناتۆرە، بە سۆڤیەتیەکانەوە لکاند. ئەوان پێیان وابوو کە سۆڤیەتیش زلهێزێکی ئیمپریالیستیە کە دەخوازێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم، وێڕای دەسەڵاتدارییەتی بە سەر وەڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەریان داسەپێنێ و لە سەرچاوە سرووشتی و مرۆڤییەکانی ئەم وەڵاتانە کەڵک وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، چینییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە سۆڤیەتیش وەڵاتێکی ئیمپریالیستیە بەس تەنیا جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئابوورییەکەی کە لەبری ئەوەی سەرمایەداری تایبەتی بێت، سەرمایەداری دەوڵەتییە. لایەنگرانی سۆسیال ئیمپریالیزم، ئیمپریالیزمی تازەپێگەیشتووی سۆڤیەتیان، لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژاوا بە مەترسیدارتر دەزانی.
سۆسیال داروینیزم
لە میانەی سەدەی 19 بۆچوونە ژینگەناسییەکانی چارلز داروین لە سەر تیۆرییە سیاسیەکان کاریگەرییان دانا. گریمانەکانی داروین لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ململانێ تەئکیدیان دەکرد و پێوەبوون کۆنترۆڵی سیاسی لە لایەن کەمینەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابووری سەرمایەداری پاساو بدەن.
سپێنسر و گراهام سامنر، وەک پێشەنگی سوسیال داروینیزم، شەڕی مان و نەمان یان لە دۆخ دەدا (واتە کردوکۆشی گیانلەبەران بۆ زاڵبوون بەسەر دوژمن و بارودۆخی وادا کە بیانخاتە مەترسی لەناوچوونەوە) بەڵام لە لایەکی دیکەوە بیرمەندانێکی وەک پارسۆنز و گامپلۆڤیچ و سیاسەتمەدارانێکی وەک بیسمارک، چەمبرلێن و ڕۆزڤێڵت جیاوازی ڕەگەزی و زایەند و پەرەسەندنی ئیستیعمار و شەڕیان بەهەند دەگرت و بە هۆکاری ململانێ و کێشمەکێشی نێوان نەتەوە و گرووپەکانیان دەزانی.