تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شمشێری دامۆکلێس
دامۆکلێس لە ئەفسانەکانی یۆناندا یەکێک لە دەست و پێوەندە ماستاوکەرەکانی دیۆنیسۆس، پاشای ستەمگەری سیراکۆز بووە کە هەمیشە بەسەر بەختەوەری و مەزنایەتی پاشادا هەڵیگوتووە و ستایشی کردووە. دیۆنیسۆسیش بۆ ئەوەی ئەدەبی بکات و پێی بسەلمێنێ کە بەختەوەرییەکەی ناتوانێ بەردەوام بێت، ڕۆژێک بۆ میواندارییەکی پڕشکۆ لێی دەگێڕێتەوە و شمشێرێکی تیژ و قورسی بە مووی ئەسپ لە ژوور سەرییەوە هەڵدەواسێ کە بە کەمترین جووڵەی دامۆکلێس بە سەر سەریدا دەکەوت و دەیکوشت.
لە زاراوەی سیاسیدا مەبەست لەم زاراوە، ئەوەیە کە هەمیشە مەترسییەکی گەورە و چاوەڕواننەکراو لە کەمیندا هەیە و دەوڵەتی ستەمگەر بۆ بەرگریکردن لە ئازادیخوازی خەڵک، شمشێری دامۆکلێس بەکار دەهێنێ کە هەمان سەرکوت و دەسبەسەری و ئازار و ئەشکەنجەیە تاکوو دەرفەتی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا بە خەڵک نەدات.
شۆڕشی ئیداری
جێبەجێکردنی چاودێریی لە سەرمایەدارانەوە بۆ بەڕێوەبەرانی دەزگە حکومەتی و ناحکومەتییەکان. هەنووکە، زۆربەی کۆمەڵناسان و زانایانی سیاسەت لەسەر ئەم بڕوایەن کە لە سیستەمە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا (سەرمایەداری و سۆشیالیستی) دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە دەست بەڕێوەبەرانی دەزگە ئابووری و ئیداری و سەربازی و بورۆکراتییەکانە بە تایبەت، ئەو توێژە باڵایەی کە چەرخی هەموو دەزگەکان هەڵدەسووڕێنێ. ئەمانە لە ڕاستیدا چینێکی دەسەڵاتداری تازە پێداکەوتوون کە دەبنە خاوەنی بەشی زۆریی داهات و بەرهەمهێنانی وەڵاتەکەیان. ئەم بیرۆکە لە لایەن جەیمز بێرنام کۆمەڵناسی ئەمەریکی، لە کتێبی شۆڕشی ئیداری (1941) لە ئەمریکادا هاتە ئاراوە.
شۆڕشی کەلتووری
راپەڕینی سیاسی و کۆمەڵایەتی چین لە ساڵەکانی 1966 تا 1969 بە ڕێبەرایەتی مائۆتسەدۆن بەدژی بۆروکراسی حیزبی کە ڕێبەرەکەی لیۆشائۆچی بوو. ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە، وەرچەرخانی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەی چین و بەرجەستە کردنەوەی ڕێبەرایەتی مائۆ بوو. بۆ ئەم مەبەستە مائۆ، لاوانی«گاردی سوور» ی بەدژی کادێرانی حیزبی و سەربازی هەڵخڕاند تاکوو هەردووکیان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئامانجی شۆڕشی کەلتووری لە چین، نەک هەر گۆڕینی ستراکتووری دەسەڵات، بەڵکوو گۆڕینی هاندەر و پاڵنەری کردەوەکانی خەڵکی چین لەمەڕ عەدالەت خوازیش بوو. ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن گاردی سوورەوە بەرەورووی شەڕەنگێزی و پەرەستشی مائۆ بۆوە و سەرەنجام بووە هۆی هاتنە مەیدانی تۆڕێک لە ئەرتەش و گاردی سوور. بەڵام خەونەکانی شۆڕشی کەلتووری وەک پڕۆژەی «بازدانی گەورە بۆ پێشەوە» بەتاڵ بۆوە و گاردی سووریش کۆنتڕۆل کرا و ڕاپەڕینەکە لە ساڵی 9-1968 خاو بۆوە و هێمنی کەوتەوە وەڵات. دوایین قۆناغی شۆڕشی کەلتووری لە ساڵی 1971 پاش ڕوخانی لین پیائۆــ وەزیری بەرگری و جێنشینی مائۆ ــ کۆتایی پێ هات.
فراماسۆنری/ماسۆنی
ئەم زاراوە لە وشەی فرانماسۆن وەرگیراوە کە لە زمانی فەرەنسیدا بە واتای وەستای خانوو مانا کراوەتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست کە لە ئەورووپا بیناکردنی کڵێسە شتێکی باو بووە، وەستای خانووەکان لە شارەوانی و دەسەڵاتدارانی ئەوکات داوایان دەکرد زۆردارانی کۆمەڵگەی فیۆدالی بێ شەرت و بەرات کاریان پێ نەکەن و بۆ ئەوەی داواکارییەکەیان بچەسپێنن، ڕێکخراوەیەکیان بە ناوی فراماسۆن (وەستای ئازاد، واتە بەننایەک کە بێ حەقدەست و مووچە کار ناکات) پێکهێنا. لەم ڕێکخراوەدا جگە لە ڕاهێنانی وەستای خانووەکان، هەوڵیان دەدا نهێنییە پیشەییەکانی خۆیان بشارنەوە و کەس تێیان نەگات. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس دروستکردنی کڵێسە کۆتایی پێ هات و فراماسۆنری لەباو کەوت.
ئینجا لە سەدەی 18، کەسانێک کە هیچ پێوەندییەکیان بە وەستای خانوو نەبوو، دەزگەی فراماسۆنیان سەرلەنوێ زیندوو کردەوە کە پێیان وابوو ئەم ڕێکخراوە بۆ پتەوکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و تەبایی و برایەتی دامەزراوە. یەکەم ژووری فراماسۆنری لە ساڵی 1717 لە بریتانیا بە مەبەستی گوێڕایەڵی موتڵەقی فەرمانڕەواکان و پاراستنی نهێنییەکان پێکهات. ئینجا داگیرکەرانی بەریتانی، ڕێکخراوەی فراماسۆنرییان هێنایە خزمەت سیاسەتی داگیرکارانە و پەرەپێدان بە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی خۆیان لە خاکی وەڵاتانی ژێردەست و لە هەرکام لەم وەڵاتانە لقێکی ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند. ڕێبازی سەرەکی فراماسۆنرەکان لە وەڵاتانی ژێردەست و دواکەوتوو بریتی بوو لە دواخستنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هێورکردنەوەی ڕەوتی فراژووتن و بە لاڕێ بردن و لەباربردنی بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
فراماسۆنری دەوڕێکی کاریگەری هەبووە لە هێنانە سەرکاری حکوومەتگەلی دیکتاتۆری لە ژێر لەفافەی دیموکراسی و سەقامگیری ئابووری لە وەڵاتانی دواکەوتوودا. ڕێکخراوەی فراماسۆنری، نزیکەی 6 ملیۆن کەس ئەندامی هەیە کە لەم ڕادە چوار ملیۆن کەس لە وەڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە و یەک ملیۆن لە دوورگەکانی بریتانیا و پاشماوەکەشی لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.
فرانشیز/ مافی دەنگدان فرانشیز/حق رای&Franchise
فرانشیز لە وشەیfranc بە واتای قسەلەڕوو (لەڕوو دانەماو)، کەسێک کە بیروڕای خۆی نەشارێتەوە وەرگیراوە. زاراوەی فرانشیز بە واتای زێدەماف (امتیاز)، مافی ئازادکردن و مافی دەنگدان بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەکار براوە. فرانشیز لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەو یاسایە دەگوترێ کە بەو پێیە کۆیلەی بەردەستی میران، دەیانتوانی بە ئازادی و بێ هیچ گرفتێک لە ژێر ڕکیفیان دەربچن و بۆ هەر جێگەیەک کە دەیانویست بڕۆن. نامەی فرانشیز، لەمەڕ ئازادی کۆیلەکان لە سەدەی یازدە لە ئیتالیای باکوور، ئەڵمانیا و باکووری فرەنسی نەریتێکی باو بووە. دەرەنجامی ئەم ڕەوتە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەگەڵ پێشکەوتنی ئابووری شارەکان لە سەدەی 11و12 ی زایینی. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زاراوەی فرانشیز لە یاساکانی بریتانیا بەکاردەهات کە بریتی بوو لەو زێدەمافە کە پادشا بە یەکێک لە هاووەڵاتیانی خۆی دەبەخشی. ئەم زاراوە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە واتای پارێزراویی بەکاردێت بە تایبەت پاراستنی دیپلۆمات و نوێنەرانی سیاسی وەڵاتەکان و باج و گومرگ: بۆ نموونە فرانشیزی نیشتەجێ بوون (واتە پاراستنی شوێنی ژیانی دیپلۆمات) یا فرانشیزی باج (واتە لێخۆشبوون لە باج) یا فرانشیزی دەنگدان (واتە ئازادی مافی دەنگدان).
فرەجەمسەری
لە دوای سەرهەڵدانی چین و ژاپۆن و ئەورووپای ڕۆژاوا وەک هێزێکی جیهانی و دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا مۆدێلی دوو جەمسەری سیاسەتی جیهانی کە بنەمای سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ساڵەکانی 1950 و 1960 بوو، جێگەی خۆی دا بە مۆدێلێکی دیکە کە بە فرەجەمسەری ناوی دەرکردووە. تاکوو پێش کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، دوو زلهێزی ئەمریکا و سۆڤیەت نەبێ کە خاوەنی هێزی ئەتۆمی بوون، ئەم چەند هێزەی دیکە، زیاتر وەک دەسەڵاتێکی ئابووری و سیاسی ناویان دەرکردبوو ئەمێستا دوای شەڕی سارد و لاوازبوونی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، جیهان بەرەو دۆخێکی تاک جەمسەری مەیل دەکات.
قەیرانی سەرمایەداری
ئەم زاراوە لە لایەن مارکس و زۆرینەی مارکسییەکان بۆ ئاماژە بەو کێشە و ناتەباییانە بەکاربراوە کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران و ئارێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە. بە باوەڕی ئەوان، ناتەبایی سەرەکی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەوەدایە کە بەرهەم و سەمەرەی کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە بەردەستی سەرمایەداری تایبەتی و قازانجی هەرەزۆری ئەم بەرهەمە مەکینەییە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە. ئەم ئارێشە لە نێوان خەسڵەتی کۆمەڵەکی بەرهەمهێنان و شێوازی تایبەتی موڵکداریەتی، قەیرانی سەرەکی سەرمایەداری سازکردووە. دەرەنجامێکی ئەم ئارێشە، دابەزینی توانایی کڕینی بەرهەمەکانە بەهۆی زیادبوونی چینی هەژار کە ئەمەش دەبێتە هۆی زێدەبوونی بەرهەمهێنراو و هەڵکشانی ڕادەی خەڵکی بێکار. دەرەنجامێکی دیکەی قەیرانی سەرمایەداری، خەبات و ململانێی کرێکار و بۆرژوازییە.
لسەفەیر/ئابووری ئازاد
زاراوەیەکی فەرەنسییە کە بە واتای ئازادی ڕەهای ئابووری و دەستدرێژی نەکردنی دەوڵەت بەکار براوە، هەروا ئەم مانایەش دەبەخشێ: «لێگەڕێ مرۆڤ هەرچی دەخوازێ با ئەنجامی بدات». ئەم زاراوە ناونیشانێکی دیکەیە بۆ تیۆری «ئابووری کلاسیک» کە پێیوایە ئەگەر دەوڵەت یا هەر هێزێکی دیکەی خۆسەپێن دەستێوەردانی کاروباری ئابووری نەکەن، گیروگرفتەکان خۆبەخۆ چارەسەردەکرێن و بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچن. ئەم ڕێبازە لە سەرەتای سەدەی 17 دانراوە و کۆمەڵێک لە ئابووریناسانی فەرەنسی کە بە فیزیۆکراتەکان ناسراون پوختەیان کردووە.
مەتریالیزمی کولتووری
ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەیە کە لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە بریتانیا هاتە ئاراوە بەڵام دەرخستنی لایەنەکانی، لەگوێن چەمکێکی تیۆریی کارێکی دژوارە. ئەم زاراوە لە بەستێنی مەتریالیزمدا شرۆڤە دەکرێت چونکە پێی وایە دامودەزگە و دەسکرد و کردەوە کولتوورییەکان، لە چەند ڕەهەندێکەوە لە لایەن پرۆسە مادییەکان دیاری دەکرێن و کولتوور بە کردارێکی مادی لەقەڵەم دەدات.
مەتریالیزمی کولتووری، یەکە مجار لە لایەن ڕایمۆند ویلیامز (1988 ـــ 1921) ڕۆشنبیر و ڕەخنەگری کولتووریی بەریتانی، وەک میتۆدێکی تایبەتی خۆی و زاراوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاڕاستە کرا. مەتریالیزمی کولتووری باوەڕی وایە کە هەر تیۆرییەکی کولتووری (نەک بە تەنیا تیۆری کولتووری مارکسی)، کە قایل بە جیاوازی نێوان «هونەر» و «کۆمەڵگە» یان «ئەدەب» و «پێشینەی کۆمەڵایەتی» بێت، باوەڕی بە تەوەربوونی کولتوور نییە لە کۆمەڵگەدا (واتە شێوازی بەرهەمهێنان، شکڵ و دامودەزگە و چۆنیەتی بەکارهێنانی). لەم ڕوانگەوە نابێ هیچکات، بۆ فۆڕمە کولتوورییەکان وەک دەقێکی ناوازە بڕوانین بەڵکوو دەبێ لە قەبارەی پێوەندی و پرۆسە مێژوویی و مادییەکاندا سەیریان بکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
وشیاری چینایەتی
بەئاگا بوون لەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە تاکەکەس بە ئاخێزگەی خۆی دەزانێ. هۆشیاری چینایەتی کاتێک خۆی نیشان دەدات کە ئەندامانی چینێک بە شێوەیەکی هاوبەش هەست بە ناهومێدی و بەشخوراوی بکەن و لە بەرانبەر چینی سەردەست و شێوازی دەسەڵاتداریدا خەبات بکەن. هۆشیاری چینایەتی لە ڕێبازی مارکسیدا هەم هۆشیار بوونەوەیە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی مرۆ لە لایەن مرۆڤ، هەم بڕیاردانە بۆ مەحفکردنەوەی ئەم چەوساندنەوە. هەروەها بریتییە لەو هۆشیارییەی کە چینێکی ڕەنجدەر بە ئاوەزی دەیفامێت و تێدەگات کە لە بازاڕدا وەک کاڵایەکی سادە مامەڵەی پێدەکرێت و دەبێتە قوربانی خنکانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم هۆشیارییە، چینی ڕەنجدەران دەکاتە چینێکی تایبەت و هۆشیار. ئینجا خەباتی خۆی بۆ سڕینەوە و مەحفکردنەوەی چینەکان دەست پێدەکات.
پاڕادایم - سەرمەشقی فیکری
زاراوەی پارادایم یا سەرمەشقی فیکری لە لایەن «تۆماس کۆڤەن» (1962) بۆ فەلسەفەی زانست ئاڕاستە کراوە مەبەست لەم زاراوە پێمل بوونی گشتیی ستافێکی زانستییە بە ڕێبازێکی تایبەتی زانستەوە. کۆڤەن، بە نووسینی کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان (1970) دەورێکی باڵای لە پەرەسەندنی زانست بە خۆوە بینی. بەڕای کۆڤەن، بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک زانستییە، دوو نەریتی فیکری لە ئارادایە: یەکەم، نەریتی ئەرەستۆیی بە ڕێبازی ئایینزانی و دووهەم، نەریتی گالیلۆیی بە ڕێبازی میکانیکی.
چەمکی پارادایم، بەرهەمهێنی ئەو پێودانگانەیە کە مرۆڤ بەپێی ئەوان ئاریشە و گرفتە فکرییەکانی خۆی هەڵدەبژێرێ و دواتر پێناسەیان دەکات. کەواتە پارادایم، میتۆد و شێوازی پرۆژەی زانستی دیاری دەکات. لە پارادایمی زانستیدا کاتێک شۆڕش بەرپا ئەبێت کە چەن زانا و توێژەری زانستی لە بڕگەیەکی زەمەنی تایبەتدا تووشی چەن بابەتێکی نائاسایی و ناوازە دەبنەوە و تێدەگەن کە ئەم بابەتانە بە پێوانەی پاردایمی پێشوو ناخوێندرێنەوە.
بە کورتی، پارادایم بە واتای کۆمەڵێ گریمانەیە کە لە بوارێکی تایبەت دەبێتە هۆی دروست بوونی تیۆرییەک. بە واتایەکی دیکە، تیۆرییەکی گشتییە کە ئینسان لە بابەت بەستێنێکی گەردوون ئاڕاستەی دەکا و بەپێی ئەو تیۆرییە دەست دەکا بە مووقەڵاشتن و وردەکاری و توێژینەوە لەو بەستێنەدا. لە سیاسەتدا مرۆڤ بەپێی جیهانبینی*یان سەرمەشقی فیکری و پارادایمی زاڵ بەسەر ئەندێشەیدا ئەو بابەتەی کە دەیخوازێت، هەڵیدەبژێرێ و ئەیخاتە مەیدانی ئەزموونەوە.
پۆپۆلیزم - گەلپەروەری
بە مانای ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی مەفهوومی گەل یان خەڵک تا ئاستی چەمکێکی پیرۆز و باوەڕ بەوەیکە ئامانجە سیاسییەکان ئەبێ بەپێی خواست و ئیرادە و هێزی گەل ــ بە جیا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ــ دەستەبەر بکرێن.
پۆپۆلیزم، ئایدیۆلجیای ئەو کۆمەڵگە سیاسیە جڤاتی و داخراوەیە کە تێیدا کۆمەڵگەی مەدەنی پەرەی ستاندووە و بوونەتە مەترسییەک بۆ دۆخی سەقامگرتووی سیاسی. پەرچەکرداری دەوڵەت لە بەرانبەر ئەم مەترسییەدا ئەوەیە کە بێئەوەی بتوانێ کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەواوی سەرکوت بکات دەست دەکا بە هێنانە مەیدانی ڕەشەگەل بۆ لاوازکردن و گۆشەگیرکردنی ئەم کۆمەڵگە مەدەنییە. ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لە ڕاستیدا کۆمەڵگەیەکی قەیراناوی سیاسی داخراو و ناجڤاتییە کە لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بە ئایدیۆلۆژیای پۆپۆلیزم پێناسە دەکرێ.
لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دەوڵەت بە هەموو کەرەستە و هێما شەرعییەکانیەوە لە بەرانبەر بەهێزبوونی گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕادەوەستێ، بەڵام ئەم گرووپانە لەبەر هۆی جۆراوجۆر، بەهێزترن لەوەیکە دەوڵەت بتوانێ بە ئاسانی سەرکوتیان بکات. لە وەها کەشێکدا تیابردنی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەستەمە، بۆیە دەوڵەت بە هەرەوەز، ڕەشەگەل لە خۆی کۆدەکاتەوە.
قەیرانی شەرعیەت و هاوبەشی سیاسی لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا بە تەواوی خۆی دەردەخات. بە هەرەوەزکردنی کۆمەڵ تەنیا دەتوانێ ڕێگەچارەیەکی کاتی بێت بۆ ئەم قەیرانە. لە بواری شەرعییەتی سیاسیەوە ئەگەر حکوومەت بتوانێ هەستی ڕەشەگەل بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ، ڕەنگە تاڕادەیەک ناڕەوابوونی خۆی قەرەبوو بکاتەوە. ڕەشبگیری و هەڵخڕاندنی خەڵکی ساکار، نیشانەی لاوازبوونی حکوومەتە لە بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا. پۆپۆلیزم، ئایدیۆلجیایەکی دیاریکراو و گونجاوی نییە و لە هەر وەڵاتێکدا بە شێوازێک خۆی دەردەخات. ئەم ڕێبازە هەڵگری ئەم تایبەتمەندیانەن:
چەواشەکاری، پیرۆزکردنی کەسایەتی ڕێبەر (کاریزما)، دەمارگرژی، پشبەستن بە ڕەشەگەلی لەخۆبێگانە، نەبوونی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو، ڕیفۆرمخوازی، ناسیۆنالیزم و ئازادی سەندیکا و بزربوونی دیموکراسییەت. پۆپۆلیزم ڕەنگە چەپڕەو بێت یان ڕاستڕەو یا هیچکام بەڵام هەرچی بێت، خەسڵەتی کۆنەپەرستانە و گەڕانەوە بۆ بەهاکانی ڕابردووی هەیە.
ئەندێشەی پۆپۆلیستی، یەکەم جار لە 1860 بەملاوە لەنێوان ڕوناکبیرانی توندڕەوی سۆڤیەت بە سەرهەڵدانی ناردۆنیەکان (گەلپەرستان) هاتە ئاراوە. ئەمانە پێیان وابوو کە سۆڤیەت دەتوانێ بێئەوەیکە قۆناخی سەرمایەداری تێپەڕێنێ، بچێتە قۆناخی سۆشیالیزمەوە.
ڕەنگە گرنگترین نموونەی پۆپۆلیستی لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم، پێرۆن، دیکتاتۆری ئەرجەنتین بێت (بڕوانە پێرۆنیزم) . نزیکترین نموونەی پۆپۆلیزم بە سەردەمی ئێستە، بارودۆخی سیاسی هەشتاکانی سەدەی بیست (1980) ی بەرەی نەتەوەیی فەرەنسەیە بە ڕێبەرایەتی «جان ماری لۆپێن». بەگشتی ئەم شێوازە سیاسییە زیاتر لە وەڵاتانی ئەمریکای لاتین باوە.
هەندێ لە بیرمەندان بۆ وێنە، کۆرن هازێر، وەڵاتەکان بە نیسبەت پۆپۆلیسم وشیار دەکەنەوە و ئەم ڕێبازە بە مەترسییەک بۆ کۆمەڵگە دیموکراتیەکان لە قەڵەم دەدەن.
پەرلەمانتاری
پەرلەمانتاری بە مانای لایەنگری لە حکوومەتی پەرلەمانی، مێتۆدی ئەو وەڵاتانەیە کە تێیدا پەرلەمان لەگوێن هێزی یاسادانەر، ئیش دەکا و هێزی بەڕێوەبەر (ئەنجومەنی وەزیران) لە بەرانبەریدا بەرپرسە و دانانی سەرۆکوەزیر و وەزیران بە پشتبەستن بە دەنگی پەرلەمانەوە مەیسەر دەبێ. هەرکاتێک هێزی یاسادانەر، متمانەی خۆی بە ئەنجومەنی وەزیران لە دەست بدات، ئەو ئەنجومەنە فەشەل دەهێنێ و ئەنجومەنێکی دیکە دادەمەزرێت. لە سیستەمی سەرۆککۆماری * کە تێیدا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، جیاوازییان نییە وەک (وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسە) سەرۆککۆمار بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێ و هێزی یاسادانەر، تەنانەت ئەگەر متمانەشی پێ نەکرابێ ناتوانێ لەسەر کار لایبات. سەرۆککۆمار لە بەرانبەر دەستووری بنچینەیی و ئەو خەڵکەی کە هەڵیانبژاردووە، بەرپرسیارە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پەرلەمانتاری ئەوەیە کە مادامێکی سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی هێزەکانە* (تفکیک قوا)، حکوومەت یان سەرۆککۆمار ناتوانێ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە بەڵام لە سیستەمی کۆنڤانسیۆنیدا دەکری پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە وەک (کۆمارییەکانی سێهەم و چوارەمی فەرەنسە و وەڵاتانی کۆمۆنیستی) .
پەیمانی بەرگرتن لە تاقیکاری ئەتۆمی
پەیمانێک کە لەنێوان بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ژووئییەی 1963 لە مۆسکۆ واژۆ کرا. بەپێی بەندی 1ی پەیمانەکە:
1) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە ئیمزا دەکات، دەبێ خۆ بپارێزێت لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر چەشنە تەقاندنەوەیەکی ناوەکی لە هەر شوێنێکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا لە ئاسمان و زەوی.
2) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە واژۆ دەکات، بۆی نییە ئاسانکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی یان لەم کارەدا بەشداری بکات یا ببێتە هاندەر بۆ ئەم مەبەستە.
بەپێی بەندی 3، ئیمزاکردنی ئەم پەیمانە بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئازادە. تا ساڵی 1965 نزیکەی 100 وەڵات پەیمانەکەیان مۆرکرد بەڵام وەڵاتانی چین و فەرەنسە لە مۆرکردنی ئەم پەیمانە خۆیان پاراست. لە 24/9/1996 لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، پێنج زلهێزی ئەتۆمی جیهان واتە ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، چین و فەرەنسە پەیمانەکەیان مۆر کرد. بەڵام ئەم پەیمانە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن 44 وەڵات کە توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەیە بە ئیمزا نەگات، بە شێوەیەکی جددی پیادە ناکرێت.
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لە باری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن. ئەم پەیماننامە داخوازییەکانی هەموو مرۆڤێکی لەمەڕ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەبەرچاو گرتووە و دەوڵەتەکانی بە مسۆگەرکردنی ئەم مافانە ڕاسپاردووە. ئەم پەیمانە 31 مادە لەخۆ دەگرێ کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بە مافی خودموختاری، کار و پشوودان، مافی مانگرتن و دامەزراندنی ڕێکخراوە، ڕزگاربوون لە هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی، پەروەردە و باشترکردنی باری ژیان و گوزەران.
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ داڕشتنی ئەم پەیمانە لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجام گەیشت و لە ساڵی 1954 بە کۆمەڵی گشتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندرا. بەڵام تاساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە پەسند نەکرا و لە ساڵی 1976 پاش پەسند کردنی 35 وەڵات یەکلاکرایەوە.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە ساڵی 1995، ناوی خۆی بە ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا گۆڕی. بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە: بەرزڕاگرتنی بایەخە هاوبەشەکان، یەکدەنگی و هاوئاهەنگکردنی باس و گفتوگۆکان لەمەڕ ئاسایشی ئەورووپا، چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵی چەک، هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ناوچەیی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین
مالکۆڵم ڕیفکیند وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1996 لەسەردانێکی خۆی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی بەمەبەستی زیادکردنی متمانە لەنێوان وەڵاتانی ناوچەکە پێشنیار کرد. بە باوەڕی ڕیفکیند، ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دامەزرێون نەیانتوانیوە بە پێداویستیەکانی ناوچەکە وەڵام بدەنەوە. وێدەچێ کە ئامانجی سەرەکی لە دامەزرانی ئەم ڕێکخراوە پاڕاستنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و ڕازیکردنی عەرەبان بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسراییلدا بێت.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.