تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دەوڵەتی کاتی
دەوڵەت یا حکوومەتێک کە لە بەرزەخێکی سیاسی واتە لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵات لە سیستەمێکی سیاسیەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی دیکە دروست دەبێ و تا پەسندکردنی دەستووری بنچینەیی نوێ و دانانی دامودەزگەی تازەی سیاسی، کاروباری وەڵات لە ئەستۆ دەگرێ. (بۆ نموونە گۆڕینی سیستەمی بەعسی عێراق بە سیستەمی کۆماری فیدراڵی لە ساڵی 2005 لەم وەڵاتە یان گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979). ڕەنگە دەوڵەتی کاتی لە دەرەوەی وەڵات بنیات بنرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو وەڵاتە داگیرکرابێت یا سەرقاڵی شەڕ و شۆڕش بێت. ئەم جۆرە دەوڵەتە هەروەها بە دەوڵەتی ئازاد* ناوبردە دەکرێت.
دەوڵەتی یاسایی
زاراوەی دەوڵەتی یاسایی بەرهەمی ئەندێشەی کۆنی ئەڵمانیایی و سویسیرایە. فرێدریخ یۆلیۆس، سیاسەتمەداری کۆنەپارێزی ئەڵمانی پێی وایە: «دەوڵەت ئەبێ سنووری ڕەفتارەکانی خۆی و پانتای هاندانی شارۆمەندان بە شێوازێکی وردی یاسایی دەستنیشان بکات بێئەوەی زیانێکی بچووک بەرکەس بکەوێت». تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی یاسایی، بریتین لە:
ـــ هەبوونی دەستووری بنچینەیی کە تێیدا هێزەکان جیاکرابێتەوە و دەسەڵات دابەش بووبێت. (بڕوانە: جیا کردنەوەی هێزەکان)
ـــ دیاریکردنی هەندێ مافی ئازادیخوازانە و جوامێرانەی کۆمەڵایەتی شارۆمەندان لە دەستووری بنچینەییدا بە چەشنێک کە دانانی یاسای نوێ ببەستێتەوە بەم مافانەوە.
سپاردنی دەسەڵات
سپاردنی دەسەڵات بە مانای ئەوەیە کە کەسێک یان ئەنجومەنێکی خاوەن دەسەڵاتی یاسایی یان سیاسی، بەشێک یا تەواوی دەسەڵاتی خۆی بسپێرێتە کەسێک یان جەماعەتێکی ژێردەستی خۆی. ڕەنگە دەسەڵاتی نوێنەرێک بە ڕێژەی دەسەڵاتی پەرلەمانتارێک جیاوازی بەرچاوی هەبێت.
سیاسەتی دەرگەی کراوە
ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن جۆن های، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سێپتەمبەری 1899 بە مەبەستی پەرەسەندنی ئابووری وەڵاتی چین و پاراستنی سەربەخۆیی ئەم وەڵاتە بەکار براوە. بەڵام ئێستا مەبەست لەم زاراوە ئازادبوونی چالاکی بازرگانی و سەرمایەدانانی وەڵاتانی دەرەکییە لە وەڵاتێکدا لە سەر بنەمای یەکسانی مافەکان. سەرچاوەی ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی لیبرالیزمی ئابووری.
سیاسەتی دەرەوە
بریتییە لە ستراتیجی یان زنجیرە کردارێکی داڕێژراو لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتێک بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی. ئەم سیاسەتە بریتییە لە دیاریکردن، ڕاپەڕاندن و دابینکردنی بەرژەوەندی و ئامانجە نەتەوەییەکان کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لە لایەن دەوڵەتەکان بەڕێوە دەچێت. سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتان لە هەمان کاتدا کە هەندێ پرەنسیپی نەگۆڕ لەخۆ دەگرێ، دەبێ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانیش لەبەرچاو بگرێت. هونەری داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی لەوەدایە کە ئەم دوو خاڵە پێکەوە گرێ بدات چونکە هەر چەندە پێوەندی دەرەکی وەڵاتان بەربڵاوتر بێت، گرنگی ئەم سیاسەتە زیاتر هەست پێدەکرێت.
سیاسەتی دەرەوەی هەر وەڵاتێک، دەوامەی سیاسەتی ناوخۆیی هەمان وەڵات لە ئەژمار دێت، بە واتایەکی دیکە پێکهاتەکانی سیستەمێکی سیاسی لە ناوخۆ، دەتوانێ دەوری کاریگەر بگێڕن لە دیاریکردنی ستراتیجی و بەرژەوەندییەکانی ئەو وەڵاتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. سیاسەتی دەرەکی هەر وەڵاتێک لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی پێوەندی نەپساوە و ڕاستەوخۆی هەیە. ئەم دوو سیاسەتە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا جیاوازن بەڵام ماهییەتێکی هاوبەش و یەکسانیان هەیە و لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین سیاسەتی دەرەوە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیە.
سیاسەتی دەرەوە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیش لە ئەژمار دێت و هەر لە یەکەمین پێوەندییەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە هەبووە. بەڵام بە شێوازی نوێ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە سەدەی حەڤدە. ئیمڕۆکە سیاسەتی دەرەوە ئاوێتەیە لەگەڵ «دەوڵەتی نەتەوەیی» دا. لە سەردەمی شۆڕشی فرەنسی بەدواوە کە نەتەوەپەرستی، هێدی هێدی هەموو ڕەگەزەکانی دەوڵەتمەداری و دەوڵەتە نەتەوەییەکانی پێکەوە بەستەوە، سیاسەتی دەرەوەش لەگەڵ هەست و خواستی نەتەوەیی زیاتر ئاوێتە بووە.
پاش سەدەی نۆزدە جەماوەرێکی زۆرتر لە خەڵک خۆیان بە سیاسەتی دەرەوە سەرقاڵ کرد. ئەم ڕەوتە پێ بە پێی پڕۆسەی فراژووتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم* گەشە دەکات. توێژینەوەکان ڕوونی دەکەنەوە کە سیاسەتی دەرەکی لە سەدەی بیستەمدا زیاتر بەرەو دیموکراسییەت هەنگاوی ناوە. ئەم گۆڕانکارییەش بە هۆی گرینگی پێدان بە ڕای گشتییەوە بووە. لە سەروبەندی جیهانی دوو جەمسەریی و ململانێی جیهانی سەرمایەداری لە بەرانبەر جیهانی کۆمۆنیستی و هەروەها جیهانی سێهەم، «سیاسەتی دەرەوە» بە تایبەت لە وەڵاتانی پێشکەوتوودا بەرەو ئاڵۆزی دەڕوا و لە نەریتەکانی پێشووی دوور دەکەوێتەوە.
فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
مافی دەرە ــ سنووریی
بەو مافانە دەگوترێ کە وەڵاتێک بە کەسانێکی بیانی تایبەت کە لەو وەڵاتەدا دەژین دەیبەخشێت. بەپێی ئەم مافانە ئەگەر بێتوو ئەو کەسانە تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دادگەکانی ئەو وەڵاتە ناتوانن دادگەییان بکەن. هەڵبەت ئەم ڕێسایە باڵیۆز و نوێنەرانی سیاسی دەوڵەتەکان دەگرێتەوە و کەسانی ئاسایی ناگرێتەوە. ئەم مافانە پاراستنی ئەم جۆرە کەسانە و خێزانەکانیان دەگرێتەوە. لە سەدەی نۆزدەهەم دەوڵەتە داگیرکەرەکان لەم ڕێسایە کەڵکی نابەجێیان وەرگرت و بە ناوی کاپیتۆلاسیۆن ئەم مافانەیان بۆ هەموو هاووەڵاتیانی خۆیان مسۆگەر کرد و بەسەر دەوڵەتانی لاواز دەیانسەپاند.
ناوچەی ژێر دەسەڵات
زاراوەیەکی جوگرافییە بەواتای ناوچەیەک کە تێیدا باڵادەستیی سیاسی یان ئابووری وەڵاتێک بە ڕەسمییەت ناسرابێت ئەگەرچی دەسەڵاتێکی کەموکووڕیش بێت. ناوچەی ژێردەسەڵات، لەوانەیە یەکلایەنە ڕابگەێیندرێت: یان چەند لایەنە بێت. بۆ نموونە دابەشکردنی ئێران بەپێی ڕێککەوتنامەی دوولایەنەی سۆڤیەت و بەریتانیا لە ساڵی 1907 بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی باشوور بۆ بەریتانیا و باکوور بۆ سۆڤیەت.
نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.
نیمچە دەوڵەت
ئەم زاراوە بەو دەوڵەتانە دەگوترێ کە پێشتر ژێردەستە بووبێتن و لەجوملەی وەڵاتانی کۆڵۆنی لە ئەژمار دەهاتن بەڵام لە ئەنجامی پرۆسەی سڕینەوەی ئیستیعمار، نیمچە سەربەخۆییەکیان بەدەستهێناوە. ئەم دەوڵەتانە خاوەنی هەموو میکانیزمێکی فەرمانڕەوایی و حاکمییەت بوون بەڵام بێ بەهرە بوون لە ئیرادەی سیاسی و دەسەڵات و هێزی ڕێکخراوەیی بۆ پیادەکردنی ئاسایش و خۆش گوزەرانی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ. لە ڕاستیدا نیمچە دەوڵەتەکان، تەنیا بەناو دەوڵەت لە ئەژماردێن. ئەم دەوڵەتانە ئەگەرچی بەپێی ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی لە دوای ساڵی 1945 دامەزراون بەڵام بێتوانا و ناڕەوا و لاوازن.
هێز/دەسەڵات
هێز، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستی سیاسەتە کە بە مانای وزە و توانایی کەسێکە بۆ پێملکردن و تەسلیم ڕاگرتنی جەماعەتێک لە بەرانبەر خواستەکانی ئەو کەسەدا بە هەر شێوازێک. بە واتایەکی دیکە هێز، کۆمەڵێ سەرچاوە و ئامرازی زۆرەملانە و ئارەزوومەندانەیە کە حکوومەتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات بەکاری دەهێنن. پاراستنی سەرچاوەکانی هێز و چۆنییەتی دابەشکردنی و خەبات بۆ وەچنگ هێنانی، گرینگترین بابەتی توێژینەوەی زانستی سیاسییە. هەروا زۆرینەی زانایانی سیاسی پێوەندییەکانی هێز بە کاکڵی سیاسەت دەزانن و دەڵێن ئەو شتەی پێوەندی مرۆ لەگەڵ پێوەندییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، هێزە. خەباتی حیزب و حکوومەتەکان لە پێناو هێزدایە: بۆ وەدەست هێنانی هێز، پاراستن یا بۆ نوێندن و نومایش کردنی هێز.
بیرمەندانی سیاسی، هەوڵیان داوە ئەم چەمکە لەگەڵ زاراوەی دەسەڵات authority لێک جیا بکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا نە لە زاری ڕەشۆکی و نە لە زانستی سیاسەت، ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئەم زاراوە پێک نەهاتووە. چونکە هەندێ جار وشەی هێز لەگەڵ دەسەڵات، دەسرۆیین، زۆرداریی، زۆرەملێ و… بە هاوواتا زانراوە. هێز خاوەنی چەند سەرچاوەیەکە کە بریتین لە:
1ـــ زانیاری: ئەم سەرچاوە یارمەتیدەری فراژووتنی ئاوەز و ڕۆحی مرۆڤە. لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیاردا هیچ ڕێبەرێک ناتوانێ بێ زانیاری دەستی بە هێز بگات.
2ـــ ڕێکخستن: ڕێکخستن لە جەوهەردا هێز دەبەخشێ. لە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیدا حیزبە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی هێز، ڕێکخراوە سازدەکەن.
3ـــ هەلومەرج: هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خاوەنەکەی یارمەتی دەدات کە هێز و دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات.
4ـــ دەسەڵات: دەسەڵات بە واتای هێزی ڕەوا و شەرعییەتدارە. ئەگەر کەسێک دەستی بگاتە پلە و پایەیەکی ڕەوا و یاسایی، هێزی ڕێبەرایەتییەکەی زیاتر دەبێ.
5ـــ لێهاتوویی: وەشاوەیی و شارەزایی، هێزی مرۆ زیاد دەکات و لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات، سەرکەوتووی دەکات.
6ـــ ئیمان و بڕوا: مانەوەی ڕێبەرێک لە دەسەڵاتدا پێویستی بە بڕوایەکی گشتی هەیە.
7ـــ میدیاکان: میدیاکان سەرچاوەیەکی گرینگی هێز و دەسەڵات لە ئەژمار دێن. بەرپرسانی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن و … دەورێکی باڵا دەگێڕن لەمەڕ زاڵبوون بەسەر ڕای گشتیدا.
ئەگەر هێز لەسەر بنەمای زۆر و سوڵتە دامەزرابێت، فەرمانبەران بە ڕەوای نازانن و هۆی فەرمانبردنیان، دەگەڕێتەوە بۆ ترس. بەڵام ئەگەر فەرمانبەرانیش خاوەنی هێزێکی کۆمەڵایەتی بن و هێزی فەرمانڕەوا بە شەرعی و ڕەوا بزانن، ئینجا هێز دەبێتە پاڵپشتێکی ڕەوا. حکوومەتی خەڵکیی کاتێک پیادە دەکرێت کە لە نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانبەراندا هیچ لەمپەرێک نەبێت.
ڕێککەوتننامەی کەمپ دەیڤید
کەمپ دەیڤید، هاوینەهەواری سەرۆککۆماری ئەمریکایە کە لە دەوروبەری شاری واشنتۆن هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە پتر بەهۆی ئەو گفتوگۆیانەوە ناوبانگی دەرکرد کە لە ساڵی 1978 لەنێوان کارتەر، سەرۆککۆماری ئەوسای ئەمریکا و ئەنوەر سادات، سەرۆککۆماری میسر و مناخم بگین، سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل ئیمزا کرا. لە ئاکامی ئەم گفتوگۆیانە لە 17/9/1978 ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسر و ئیسراییل ئیمزا کرا کە میسر لە بەرانبەر دان پێدانانی فەرمی بە ئیسراییل، سەرزەوییە داگیرکراوەکانی خۆی لە بیابانی سینا لە ئیسراییل وەرگرتەوە، بەڵام ئەم کردەوەی میسر بووە هۆی ئەوە کە لە جیهانی عەرەب و ئیسلامیدا گوشەگیر بکرێت. ئەنوەر سادات سەرۆککۆماری میسر بەهۆی ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتننامە لە 6/10/1981 لە لایەن ئەفسەڕێکی توندڕەوی ئیسلامگەراوە تیرۆر کرا.
کوێرباوەڕی/دەمارگرژی
فاناتیسیزم، بە بیر و باوەڕی تەسک و کوێرانە دەگوترێ و مێشک تەسک یان کوێرباوەڕ کەسێکە کە دەربارەی بابەتە جۆراوجۆرەکان، غیرەت و هەست وخوستێکی تایبەت لەخۆی نیشان دەدا و بێ بەڵگە هەڵدەچێ و لایەنگری کوێرکوێرانە لە بابەتێکی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات. مرۆڤی کوێرباوەڕ، کارەکانی خۆی لەڕووی ئاوەز و ئەندێشەوە ئەنجام نادات و گوتار و کرداری خۆی بە پێوەرە عەقڵییەکان هەڵناسەنگێنێ و لە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا لە هیچ هەوڵ و کۆشش و فیداکارییەک درێخی ناکات و بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆی لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگرێ. هەر بۆیە فاناتیسیزم، دژ بە فەلسەفە دەوەستێ چونکە فەلسەفە زانستی بیرکردنەوە و بەکارهێنانی هزر و ئاوەز و بەرهەمی ئاخافتن و گفتوگۆیە.
حاشای لێ ناکرێ کە کوێرباوەڕی لەو مەسەلانەی کە پێویستیان بە تێفکرین و ئەندێشە هەیە، نەوەک بەرەو دۆزینەوەی هەقیقەت ڕێنموونیمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم شیاندن و بەڵگاندنی ژیرانەی بابەتەکان. مرۆڤی تەسک بیر، ڕێگەیەک شک نابات جگە لەوەی بیر و بۆچوونی خۆی بە زۆرەملی داسەپێنێت. بەم بۆنەوە دەرفەتی توێژینەوە و شرۆڤەی بیروڕای خەڵکانی دیکەشی لە دەست دەردەچێ.
یاسا / دەستوور
1ــ کۆمەڵێک ڕێسای پێویست و ناچاریی کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆ حوکم دەکات و پیادەکردنەکەی لە لایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر دەکرێت.
2ــ ویست و ئیرادەی تاقمی دەسەڵاتدار کە لە قەبارەی یاسادا دەگونجێت.
3ــ کۆمەڵێک بڕیار کە بەسەر پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا حوکم دەکات.
4ــ ڕێوشوێنێک کە لە لایەن دەسەڵاتێکی گشتی دیاری دەکرێت کە دەبێ هەموان پەیڕەوی لێ بکەن و ملکەچی بن.
یاسا، بەرهەمی قەبارە و سیمای ژیانی مرۆڤە. لەبەرئەوەی ژیانی مرۆ هەمیشە ئامادەی گۆڕان و وەرچەرخانە، یاساش هەمیشە تووشی گۆڕان دەبێت بەڵام هەر چەشنە گۆڕانێکی بنچینەیی بەسەر یاسادا لە پاش ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەگاتە ئەنجام. هەرکەس وەک مرۆڤێک و بە پێوانەی ویژدانی خۆی مافی ئەوەی هەیە یاساکان هەڵسەنگێنێ و لێیان وەکۆڵێت. هەرکاتێک ویژدانی، یاساکەی پەسند کرد، ئینجا پەیڕەوی لێ بکات و ئەگەریش پەسندی نەکرد نابێ بۆ پیادەکردنەکەی هەنگاو بنێت.
ئازادییە مەدەنییەکان
بەو ئازادییە کەسەکی و کۆمەڵایەتییانە دەگوترێ کە دەستی بە سەر پێوەندییە مەدەنییەکانی تاکدا گرتووە و یاساش لە بەرانبەر هەرچەشنە دەستێوەردانێکیان ڕادەوەستێ، مەگەر ئەوەیکە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناکۆک بێت. ئازادییە مەدەنییەکان لە زاراوەی یاساییدا پێی دەگوترێ"مافەکانی تاک".
ئازادی مەدەنی، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەندێشەی سیاسی دیموکراتیکی نوێیە و لە ماناێیکی بەربڵاودا بریتییە لە: ئازادی تاک بۆ ئەنجامی هەر کردەێیکی کەسی و هەبوونی ماڵ و دارایی و سوود لێوەرگرتنیان و ئازادی بڕوای ئایینی و پەرەستشی ئازاد و ئازادی بیروباوەڕ. لە سیستەمێکی یاسامەنددا قانوون لە بەرانبەر دەسدرێژکردنی دەوڵەت یا هەرکەسێکی دیکە بۆ سەر ئەم ئازادییانە دەوەستێ و پشگیرییان لێ دەکات. هەندێ لە پێناسەکان، مانای ئازادی تاک تەنیا بە پاراستنی تاک و بڕوا و داراییەکانی لە بەرانبەر دەسکاری خۆخوازانەی حکوومەت دەبەستنەوە.
هەندێ جار ئازادییە مەدەنییەکان بە بژاردە ناوبردە دەکەن، وەکوو ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و بڵاوکردنەوە و سازدانی ڕێکخراوە و کۆبوونەوە بێ مەترسی یان سزادانی دەوڵەت. کاتێک ئەم ئازادییانە بە بژاردن بێتە ئاراوە، ڕیزکردنییان بەپێی کۆمەڵگەکان جیاواز دەردێ و ناکری لیستێکی هاوشێوە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان تۆمار بکرێت. بەڵام لە باری سیاسییەوە، ئازادی بیروڕا و مەرام و کۆمەڵ و ڕادەربڕین، لە جوملەی ئەو ئازادییە سەرەکییەکانەن کە تەواوی دەستوورە دیموکراتییەکان لەسەری کۆکن.
ئیرادەی گشتی
تیۆرییەک لە بارەی پێوەندی تاک و دەوڵەت و بنەماکانی دەوڵەت لە بەرانبەر تیۆری کۆن کە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەکوو «مافێکی خواوەندی» لەئەژمار دێنێ. بەپێی ئەم تیۆرییە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ئیرادەی گشتیی خەڵکە و لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا دەبێ خواستی هەموو شارۆمەندان لە بنیاتنانی ئەو سیستەمەدا لە بەرچاو بگیرێت. ئیرادەی هەموان، گشتێکی تێک تەنراوە کە بڕیارەکانی ئاوەزمەند و ڕاست و ڕەوایە و بەپێی بەرژەوەندی هەموان و لەسەرووی خواستی تاکەکەسەوەیە.
ئەم تیۆرییە لە جیهانی ئەمڕۆدا گرینگییەکی زۆری پێدراوە. چونکە زۆربەی سیستەمە سیاسیەکان خۆیان بە نوێنەر و فەرمانبەری ئیرادەی گشتی دەزانن و ئەم چەمکەش لەژێر سەردێڕی «ئیرادەی نەتەوە» و ئیرادەی گەل و … ناوبردە دەکەن.
ئەم تیۆرییە لە لایەن فەیلەسوفی فەرەنسی «جان جاک ڕۆسۆ»، لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتیدا بە تێر و تەسەلی باس کراوە. «ڕۆسۆ» ئەم کتێبە بە پرسێک لە کێشەی دەوڵەت دەستپێدەکات کە: چۆن دەوڵەت بنیات دەنرێ و کێ بنیاتی دەنێ؟ هەر خۆشی لە وەڵامدا دەڵێ: دەوڵەت دەرئەنجامی کۆبوونەوەی کەسانێکە کە بە خواستی خۆیان دەست لە دۆخی ئازادی«سروشتی» بەردەدەن و پێمل ئەبن بە کۆتوبەندی ڕێسایەکی سیاسی و یاساکانی. چونکە پاش ئەوەی مرۆڤ ژیانی سروشتی و کێویی خۆی بەجێهێشت و پێی نایە ژیانێکی کۆمەڵایەتیییەوە، گۆڕانێکی گەورەی بە سەرا دێت. ئینجا زۆر و ستەم و هەڵشاخانی غەریزی جێی خۆی ئەدا بە عەداڵەت و داد و بە پێچەوانەی ڕابردوو لە بەرانبەر یاسا ئەخلاقییەکاندا چۆک دادەدات. کەواتە بنیاتنەری دەوڵەت، ئیرادەی گشتییە و هەر ئەم خواستەیە کە باڵادەست و یاسادانەرە. بەم بۆنەوە ملکەچکردن بۆ یاسا شتێکی حاشاهەڵنەگرە چونکە یاسا ئازادی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکا و ئەگەر کەسێک بێ قانوونی بکات، ئەبێ بە زۆرەملی لە بەرانبەر یاسادا چۆکی پێدابدرێ. بە حوکمی ئەم گوشارەیە کە ئازادییەکەی پێ ئەبەخشرێتەوە. تاک لەناو کۆمەڵگەی سیاسی و بە فەرمانی قانوونە کە شوناسی ئەخلاقی بە دەست دەهێنێ. چونکە لە بێسەرەوبەرەیی ڕزگار دەبێ و پابەندی ڕێسای ئەخلاق و ماف دەبێ و کڵاوی خۆی دەکاتە قازی کردارەکانی خۆی. چەندە ڕێسای سیاسی لەگەڵ ئیرادەی گشتی هاوتەریب بێت، ئەوەندەش تاک هەلومەرجی گەشەی ئازاد و ڕاستەقینە و ڕێگەی بەرەو فراژووتنی خۆی باشتر ئەدۆزێتەوە. بەم پێیە لە ڕوانگەی «ڕۆسۆ»وە کۆمەڵگەی سیاسی، خاوەنی ئیرادەیەکی ڕەها و بێ هەڵە و بێ بەدیلە.
پاش «ڕۆسۆ» چەمکی ئیرادەی گشتی، بۆتە بابەتی سەرەکی چەند فەلسەفەی سیاسی بەڵام ئەم فەلسەفانە لایەنگری دیموکراسی و دەسەڵاتی گشتی نەبوون. بۆ وێنە «هێگڵ»، فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی لە کتێبی «فەلسەفەی حەق» ، ستایشی «ڕۆسۆ» دەکات کاتێک، «ئیرادە بە بنەڕەتی دەوڵەت» لە قەلەم دەدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لۆمەی دەکات کاتێک، بە «خواستی گشتی» ناوبردەی دەکات چونکە زمانحاڵی خۆی لە کۆنگرەی گشتیدا دەدۆزێتەوە. «هێگڵ» دەڵێ: ڕەنگە گومانیان وا بێ کە ئەو شتەی دەوڵەت ڕادەگرێ، «زۆر» بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاگری دەوڵەت هەمان هەستی تەکوزییە کە هەموان لێی بەهرەوەرن. دەوڵەتی «هێگڵ»، ڕۆح یان خواستێکی باڵاترە لە ڕۆح و خواستی شارۆمەندان و دەزگەکانی دەوڵەت کە درێژە دەدات بە ژیانی شارۆمەندان. ئەو شتەی کە شارۆمەندان بەرەو دەوڵەت ڕادەکێشێ ڕەگەزی عەقڵە لە ئیرادەکانی ئەواندا.
بەم جۆرە ئیرادەی گشتی کە لە لایەن «ڕۆسۆ»وە چەمکێکی ڕەها و بێنیاز لە تاک سەیر کراوە دەگات بە «هێگڵ» کە دەوڵەت وەکوو بوونێکی پابەند بە ڕەوتی جووڵەی مێژوویی«رۆحی ڕەها» سەیر دەکرێت. ئەم تیۆرییە بەدەر لە ئاوەزی مرۆڤ سەرەنجام لە سەدەکانی 18 و 19 ئەبێتە ژێرخانی تیۆرییە دیموکراسییەکان و لە سەدەی بیستەمدا ئەبیتە هۆی بەدیهاتنی ڕژێمە توتالیتارەکان.
«ڕۆسۆ»، کۆمەڵگە سیاسییە ئایدیاڵییەکەی خۆی بە کۆمەڵگەیەکی بچووک دەزانی کە تێیدا هەموو خەڵک بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ، ئیرادەی خۆیان بەکار دەهێنا. بەڵام لە شۆڕشی مەزنی فەرەنسەدا ـــ کە «ڕۆسۆ» لە باری فیکرییەوە کاریگەریی لەسەر ڕێبەرەکانی دانابوو ـــ پیادەکردنی ئیرادەی گشتی شێوەی پەرلەمانی بە خۆوە گرت و هێدی هێدی لەبری ئەم چەمکە «خواستی نەتەوە» یان «خواستی نەتەوەیی» بەکار هێنرا. پاشان بە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم و سوسیالیزمی نوێ، ئیرادەی گشتی بە ناوی «خواستی نەتەوەیی» یان «خواستی کۆمەڵ» پیرۆز کرا، تا ئەو شوێنەی کە ئێستە لە هەموو جیهاندا دەسەڵاتی دەوڵەتەکان بەم ناوە دەرکراوە و زۆربەی شەڕ و کێشە سیاسییەکان بەم ناوە پاساو ئەدرێت.
ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
تاوانی نێودەوڵەتی
لادان لە پرەنسیپەکانی دەوڵەت و نەتەوەکان و سستکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش کە بریتین لە: دەستدرێژی، داگیرکاری*، جێنۆساید*، ئاپارتاید*، ڕەگەزپەرستی و نەپاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە.
فرەدەنگی سیاسی
1- هەبوونی دەنگی جۆراوجۆر و بە ڕەسمییەت ناسینی گروپی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری جۆربەجۆر لە کۆمەڵگە یان کەشوهەوایەک کە تێیدا هیچ گروپێکی سیاسی، کەلتووری، ئایینی و ئەتنیکی تایبەت، دەسەڵات پاوان نەکات.
2ــ بڕوا هێنان بەوەی تاک، خاوەنی حەز و عیلاقاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی جۆربەجۆرە و دەبێ لە لایەن حکوومەتەوە بەهەند بگیردرێ و دەسەڵات لە نێوان بۆچوون و لایەنە سیاسییەکان دابەش بکرێت. ئەم قوتابخانە لە سەربەخۆیی دەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەسەڵاتی حکوومەت پشتگیری دەکات تاکوو حکوومەت نەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها و دوور لە بەرپرسایەتی.
3ــ فەلسەفەیەکی سیاسی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە لایەن لیبراڵ و سۆسیالیستە ئینگلیزییەکان ئاڕاستەکرا کە پێیوایە دەبێ دەسەڵات لە نێوان لایەن و دەزگە کۆمەڵایەتییەکان دابەش بکرێت و کۆمەڵگە بە تەواوەتی نەچێتە ژێر ڕکێفی چین یان یەکەیەکی سیاسی تایبەتەوە.
فۆرماسیۆن: بڕوانە پێکهاتن.
لێبوردنی نێودەڵەتی
ڕێکخراوەیەکی ناحکوومەتییە کە لە 28/5/1961 لە لایەن پیتر برێنسۆن، یاساناسی بریتانی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئازادی ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە دەستیان نەداوەتە شەڕەنگێزی دامەزرا. لێبوردنی نێەونەتەوەیی، بەرە ــ بەرە ڕێکخستنەکانی خۆی بەرفرەوان کرد بە چەشنێک کە ئەمڕۆ لە پتر لە 150 وەڵاتی جیهان نوێنەرایەتی هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە زۆربەیان یاساناس و پەرلەمانتار و نووسەرن، خۆبەخشانە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا هاوکاری دەکەن. ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ڕواڵەتدا بریتییە لە خەبات بۆ ئازادی بیروڕا و ویژدان و زەمانەتی جێبەجێکردنی بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە وەڵاتانی جیهاندا بەڵام تا ڕادەیەکیش لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی بەریتانیایە. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە ڕێگەی یارمەتی ئەندامەکانی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دابین دەکرێت. ڕێکخراو، ساڵانە بۆ لێکدانەوەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا شاندەکانی خۆی بۆ وەڵاتانی جیهان دەنێرێ و گۆڤارێکی ساڵانەش لەم بابەتەوە بڵاو دەکاتەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی 1972 خەڵاتی ئاشتی نۆبلی پێ بەخشرا.
نەریتی نێودەوڵەتی
نەریتی نێودەڵەتی، دەرەنجامی ڕەفتار و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی وەڵاتێک لەگەڵ وەڵاتێکی دیکەیە. تایبەتمەندییەکانی ئەم نەریتە بریتین لە: 1ــ پاتەکردنەوەی کردارێکی یاسایی بەڵگەمەند کە لە نێوان هەموان دا بووبێتە باو. 2ــ شێوە ڕەفتارێکی ناچارییە. 3ــ شێوە ڕەفتارێکی ڕووەو فراژووتنە.
ودم/ مافی تایبەتی/ زێدەماف
بە گشتی بە مانای بەهرەمەندی کەسێک یان گرووپێکی تایبەت لە ماف یان بەهرەیەک کە جەماوەر بەعام لێی بێ بەهرە بن یان دەستیان پێی نەگات. لە زاراوەی سیاسیدا هەڵگری مانایەکی سووکایەتی ئامێزە چونکە وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە مافی تایبەتی، سەمەرەی میرات و جێماوە و داراییە و خاوەن ماف، شیاوی ئەو ودمە نییە. بەڵام کاتی واش هەیە کە بەواتای ماف و ئازادی لێکدراوەتەوە چونکە کەسەکە بە هەوڵی خۆی بەدەستی هێناوە. لێرەدا واتایەکی بلیمەتانەی لێ دەبێتەوە.
پاراستنی نێودەوڵەتی مادەی ئەتۆمی
بریتییە لەو هەنگاوانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی* بەمەبەستی دۆزینەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هەوڵ و دەوڵەی کە بەکارهێنانی مادەی ئەتۆمی ڕێدراو (مجاز) بە لاڕێدا ئەکێشێ و دەستبەجێ لەڕێگەی پەیماننامە و یاسای پێویست بە لاڕێچوونی وەڵاتان لە دامودەزگە ئەتۆمییەکان ڕادەگەیەنێ.
پلۆرالیزم - فرەدەنگی
ئەم زاراوە، ئەو تیۆریانە لەخۆ دەگرێ کە باوەڕیان هەیە بە فرەدەنگی لە کۆمەڵگەدا. فرەدەنگی لە سیاسەتدا بە مانای زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی حیزب، ئەنجومەن، ڕێکخراوە و گرووپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە یەک سیستەمدا. پلۆرالیستەکان پێیان وایە کە دەبێ مافی هەندێ دەزگە وەکوو خێزان و ئایین و ئەنجومەن و حکوومەتە خۆجێییەکان بە ڕێژەی دەوڵەت، زیاتر ڕەچاو بکرێ و دووپاتی دەکەنەوە کە دەوڵەت نابێ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات بەڵکوو ئەبێ چاودێرییەکی گشتی هەبێ و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
فرەدەنگی کارێکی وا دەکات خەڵک بەرەو حیزبایەتی و دامەزرانی ڕێکخراوەی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی و کەلتووری بچن تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هاوبەشیەوە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دابین بکرێ و ئیدارەی کۆمەڵگەش باشتر بەڕێوە بچێت. لە زاراوەی سیاسیدا بە زۆری بە واتای هەلومەرجێک پێناسە دەکرێت کە تێیدا هیچ گرووپێکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکی و کەلتووری تایبەت، حکوومەت نەکات. ئەم پانتایە ئەبێتە هۆی کێبەڕکێ و ململانێی نوخبەکان یا گرووپی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. لە وەها دۆخێکدایە کە کۆمەڵگەی فرەدەنگ یان پلۆرال لە دایک دەبێت.
مۆنتسکیو (1755-1689) پێی وایە پلۆرالیزم کاتێک سەمەربەخشە کە لەنێوان ئەندامانی حیزب و ئەنجومەن و یەکیەتی و تەنانەت کەمینە ئایینییەکان، کە بە لێبووردن و عەداڵەت ڕەفتار بکرێ و بۆ بیر و بۆچوون و دەنگی جیاواز ڕێز دابندرێ. ئەو لەگەڵ چەقبەستن و کۆجێبوونی دەسەڵات نەیار بووە و داوای لە دامودەزگە ناحکوومییەکان دەکرد کە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری بکەن.
پلۆرالیستەکان بە پێچەوانەی ئانارشییەکان، خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکوو پێیان وایە کە کارکردەکانی دەوڵەت، بە قازانجی کۆمەڵگەیە بۆ وێنە، ڕێکخستنی ئابووری و پاڕاستنی ئازادییە مەدەنییەکان و پاڕاستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئیدارەی سیاسەتی دەرەکی.
پێوەندی نێودەوڵەتی
پێوەندی نێودەوڵەتی کە پتر بە سیاسەتی نێونەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی وەڵاتان پێناسە کراوە بریتییە لە توێژینەوەی پێوەندی و دانوستان و وەگەڕخستنی زانیاری و پەرچەکرداری وەڵاتانی لێک جودا. توێژینەوەی پێوەندی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم بابەتانەی خوارەوە سەروکاری هەیە:
1ــ ئەکتەری گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان: بۆ نموونە، وەڵات، حکوومەت، ڕێبەر، دیپلۆمات و جەماوەر.
2ــ ئەو ئامانجانەی کە ئەکتەرەکان دەیانهەوێت پێی بگەن: واتە ئاسایش، خۆشگوزەرانی و دەسەڵات.
ئەو ئامرازانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ: واتە دیپلۆماسی، بەکارهێنانی دەسەڵات و بەقەناعەتگەیاندن.
4ــ مەیدانی کار و چالاکی: بونیادە سەرەکییەکانی پێوەندی نێودەوڵەتی، پاش بەدیهاتنی سیستەمی وەڵاتان لە ئەورووپا بەپێی پەیمانی وێستفاڵی 1648 داڕیژرا و شۆڕشی مەزنی فرەنسێ لە ساڵی 1789 قاییمتری کرد.
پەردەی ئاسنین
ئەم زاراوە تەعبیڕێکە لە دیواڕێکی سەربازی و ئەمنی کە یەکیەتی سۆڤیەت و وەڵاتانی کۆمۆنیستی ئەورووپای خۆرنشین، لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم (قۆناخی شەڕی سارد)، بە دەوری خۆیان کێشابوویان و لەگەڵ وەڵاتانی ڕۆژاوا بە تەواوەتی پێوەندی خۆیان بڕیبوو. یەکەم جار وینستۆن چڕچیل لە ساڵی 1946 ئەم زاراوەی لە مەجلیسی عەوام بەکار هێنا.
پەروەردەی سیاسی
راهێنانی تاک بۆ هاوبەشی چالاکانە لە ژیانی سیاسی و قبووڵکردنی بەرپرسیاریەتی لە کۆمەڵگە و ئاگەدارکردنی لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و فەلسەفە و سیستەمە سیاسیەکان. هەروەها ئاگەدارکردنی تاک لە دەوری سیاسەت لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئاریشە سیاسییەکانی ڕۆژانە و پێگە و شوێنگەی وەڵاتەکەی لەناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. پەروەردەی سیاسی گونجاو، دەبێتە هۆی خۆشبەختی و یەکیەتی نەتەوەیی و ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی.
پەرەسەندنی بەردەوام
بە مانای بەڕێوەبردن و کەڵکوەرگرتنی بەرێوشوێن لەسەرچاوەی سروشتی و دارایی و وزەی ئینسانییە بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکی مەزاختن و بەکارهێنانی توانستی تەکنیکی و پێکهاتەی بەڕێوجێ بۆ لابردنی نیازەکانی بەرەی نوێ و داهاتوو.
پەرەسەندنی بەردەوام، پەرەسەندنێکە کە پێداویستییەکانی بەرەی ئێستە دابین دەکات بێئەوەی زیانێک بگەیەنێت بە تواناییەکانی بەرەی داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیدا.
پەرەسەندنی ئینسانی بە واتای پرۆسەی بەرفراوانکردنی زەمینەی خۆشگوزەرانی و بژیوی باشی مرۆڤ پێناسە کراوە.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لەباری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن (بڕوانە مافی مرۆڤ). پەیماننامەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و سیاسی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پیادەکردن و بەرزڕاگرتنیان. ئەم پەیماننامە 53 مادە لەخۆ دەگرێ و گرنگترین مافەکانی بریتین لە: مافی ژیان و ئاسایش، ئازادی بزووتنەوە، ئازادی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ئازادی بیروڕا و ئایین و ئەندێشە و سڕینەوەی کۆیلایەتی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و قەدەخەکردنی ئەشکەنجە. ڕەشنووسی ئەم پەیماننامە، سەرەتا لە ساڵی 1954 لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کرا و لە ساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتی پەسند کرا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1976 بە کۆی 35 دەنگ تەوزیم کرا و وەک یاسایەک بڕاوەتەوە.
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لە باری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن. ئەم پەیماننامە داخوازییەکانی هەموو مرۆڤێکی لەمەڕ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەبەرچاو گرتووە و دەوڵەتەکانی بە مسۆگەرکردنی ئەم مافانە ڕاسپاردووە. ئەم پەیمانە 31 مادە لەخۆ دەگرێ کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بە مافی خودموختاری، کار و پشوودان، مافی مانگرتن و دامەزراندنی ڕێکخراوە، ڕزگاربوون لە هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی، پەروەردە و باشترکردنی باری ژیان و گوزەران.
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ داڕشتنی ئەم پەیمانە لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجام گەیشت و لە ساڵی 1954 بە کۆمەڵی گشتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندرا. بەڵام تاساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە پەسند نەکرا و لە ساڵی 1976 پاش پەسند کردنی 35 وەڵات یەکلاکرایەوە.
چواردە مادەی ویلسۆن
لە ڕێکەوتی 18ی ژانوییەی 1918 تۆماس وودرۆ ویلسۆن (1869-1959) سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی دەربارەی ئامانجەکانی دەوڵەتانی یەککەوتوو (لە شەڕی جیهانی یەکەم) بڵاو کردوەوە کە بە چواردە مادەی ویلسۆن ناوی دەرکردووە ئەم چواردە مادە بریتین لە:
1ــ ڕاوەستانی سیاسەتی نهێنی و مۆرکردنی پەیماننامەی ئاشکرا بۆ ئاشتی.
2ــ ئازادبوونی هاتوچۆ لە دەریاکاندا.
3ــ لابردنی کۆسپی گومرگی و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی و ئازادی لە بازرگانیدا.
4ــ کەمکردنەوەی چەکەکان.
5ــ چارە سەرکردنی دادپەروەرانەی کێشە ئیستیعمارییەکان.
6ــ چۆڵکردنی خاکی سۆڤیەت.
7ــ سەربەخۆیی دووبارەی بەلجیکا.
8ــ چۆڵکردنی فەڕەنسە و گەڕانەوەی «ئاڵزاس و لورن» بۆ ئەم وەڵاتە.
9ــ پێداچوونەوە بە سنوورەکانی ئیتاڵیا.
10ــ خودموختاری بۆ کەمایەتییەکانی نەمسا ـــ مەجارستان.
11ــ چۆڵکردنی خاکی سێربستان و مۆنتێ نێگرۆ و ڕۆمانیا و چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی کێشەکانی باڵکان.
12ــ سەربەخۆیی ناوخۆیی نەتەوەکانی سەر بە ئیمپراتۆری عوسمانی و نێونەتەوەیی کردنی تەنگاوی داردانێل.
13ــ دامەزرانی دووبارەی دەوڵەتی پۆڵۆنیا.
14ــ دامەزراندنی کۆمەڵی نەتەوەکان.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.