تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئولیگارکی اولیگارشی
لە زمانی یۆنانیدا بە مانای حکوومەتی گرووپێکی بچووکە. بە واتایەکی دیکە، دەسەڵاتدارێتی گرووپێکی بچووکە بە سەر دەوڵەت بێئەوەی زۆرینەی خەڵک، بەسەریا چاودێریی بکات. ئەم زاراوە زۆرتر بۆ کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بە کار دەبرێت کە دەسەڵاتی دەوڵەت ئەخەنە خزمەت بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان و زۆرینەی نەیارانیش سەرکوت دەکەن.
فەرمانکردنی گرووپێکی بچووک بە سەر ڕێکخراوە و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەکوو ڕێکخراوە ئایینی و کرێکاری و حیزبییەکانیش، پێی دەگوترێ ئولیگارکی. لەسەردەمی «پلاتۆ»وە، ئولیگارکی لە بەرانبەر ئۆتۆکراسی*و دیموکراسی، ڕاوەستاوە. بە ڕای «پلاتۆ»، ئولیگارکی جۆرە حکوومەتێکی گەندەڵە کە لە ئاریستۆکراسییەوە سەرچاوە ئەگرێ بە هەمان شێوە کە ستەمکاری، پاشایەتی گەندەڵ دەکات، هەرکی بە هەرکیش، دیمکراسی بەرەو گەندەڵی دەبات.
بیرمەندانی هاوچەرخ، سەرنجێکی زۆریان داوەتە ئولیگارکی و هەندێکیان بە ناچار زۆربەی حکوومەتەکان بە ئولیگارکی لە قەڵەم دەدەن. ئەمانە پێیان وایە کە ناکرێ حکوومەتەکان بە دوو جۆری تاکەکەسی و کۆمەڵەکی دابەش بکرێت چونکە کۆمەڵ یان خەڵک هەرگیز حکوومەت بە دەستەوە ناگرن و کرداری ڕاستەقینەی حکوومەت، هەمیشە بە دەست گرووپێکی بچووکەوەیە و تەنیا جۆری پێوەندی ئەم گرووپە لەگەڵ کۆمەڵگە و سنووری بەرپرسیارییەتی چێ دەکرێ.
ئەپارتهایت: بڕوانە جیاوازی ڕەگەزایەتی.
ئاژاوەگێڕی
ئەم زاراوە لە زۆربەی لقەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەکار براوە و لە هەمووشیان بەم واتایە شرۆڤە کراوە: هەر باس و کۆڵینەوەیەک چ بە نووسراوە و چ سەرزارەکی یان هەر کردەوەیەکی ناسپاسانە، بێجگە لە خەیانەت، کە ببێتە هۆی بێمتمانەیی و هاندان بۆ نافەرمانی بە دژی دەسەڵاتی دەوڵەت ئاژاوەگێڕی لە قەڵەم دەدرێت. ئاژاوەگێڕی، جیاواز لەو جەوهەرە پەنامەکییەی کە لەگەڵ ڕۆحێکی سپڵە و ناسپاس ئاوێتە بووە ماهییەتی گەندەڵی ئەم ئاکارەش زیاتر دەکات.
ڕەنگە ئەم واتایە کە هەندێ جار ناواخنێکی تاوانبارانە لەخۆ دەگرێ، لە هەر کام لە وەڵاتان بە جۆڕێک پێناسە بکرێت بۆ وێنە لە بەریتانیا، تەواوی ئەو کردارە ئاژاوەگێڕانەی کە تەشەنە دەدەن بە ناڕەزایەتی لە حکوومەت و دەسەڵاتداران و دەلالەت دەکەن بە سەر وەرچەرخاندا بە ئاژاوەگێڕی ناوبردە دەکرێ. لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاژاوەگێڕی، بەپێی یاسای فیدڕاڵی یارمەتی گەیاندن بە ڕووخان یا ڕماندنی حکوومەت پێناسە دەکەن. لەم وەڵاتەدا هەوڵ دراوە ئاژاوەگێڕی لە کاتی شەڕ و ئاشتی لێک جیا بکەنەوە. ئاژاوەگێڕی لە کاتی شەڕدا بریتییە لە تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە نووسین یا بە کردەوە بەڵام لە کاتی ئارامی و ئاشتیدا ڕەنگە زۆربەی ئەم کارانە ئاژاوەگێڕی لە قەڵەم نەدرێ.
ئازیتاسیۆن: بڕوانە هاندان.
ئاژاوەگەرێتی
فەرمانڕەوایی ڕووتە و پووتە و بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار. ئاژاوەگەرێتی (مۆبۆکراسی) بریتییە لە حکوومەتی کەسانێکی نەزان و نەفام کە لە کاتی قەیران و شۆڕش و کۆدەتا*و گۆڕانکارییەکاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی وەڵاتێک بەدەستەوە بگرن. لەم حکوومەتەدا دەسەڵات دەکەوێتە دەست خەڵکانێکی بێ پرەنسیپ و ئاژاوەگێڕ، خەڵکێک کە بە ڕێگەی عەقڵیاندا ناڕۆن بەڵکوو ملکەچی هەستیان بن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست ئەکەن بە شەڕنانەوە و ئاژاوەگێڕی. ئاژاوەگەرێتی ڕووکارە گەندەڵەکەی دیموکراسی لەئەژمار دێت. لەم بارەوە «هێرۆدۆت»، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ: هەرچەندە دیموکراسی هەموو کەس لە بەرانبەر یاسادا بە یەکسان دەزانێ بەڵام عەیبەکەشی ئەوەیە کە بە ئاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی یا حکومەتی کەسانی نەفام و نەزان.
ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس
ئەم ئەنجومەنە لە 25/5/1981 بە ئەندامەتی وەڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ویلایەتی میرنشینی عەرەبی، عەممان و عەرەبستان لە ئەبوزەبی دامەزرا. ئامانجی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە، پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەندامەکانیەتی. نووسینگەی ئەنجومەن لە ڕیاز، پێتەختی عەرەبستانە. ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ساڵی 1994 بڕیاری دەرکرد کە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئیسراییل لا بچێت. ئەم گەمارۆیە کە ئیجازەی مامەڵە و دانوستانی لەگەڵ کۆمپانییەکانی سەربەم وەڵاتە، نەدەدا لە ساڵی 1947 لە لایەن یەکیەتی عەرەب دەرکرابوو.
بلۆکی ڕۆژاوا
سەرجەمی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا و ئەمەریکای باکووری کە بریتین لە پێشکەوتووترین وەڵاتانی سەرمایەداری جیهان، بە بلۆکی ڕۆژاوا ناوبردە کراوە. بە مانایەکی دیکە بلۆکی ڕۆژاوا بە وەڵاتانی ئەروپای ڕۆژاوا (سوید و نەمسای لێدەرچێ) لەگەڵ ئەمەریکای باکوور دەگوترێ کە ئەندامی ڕێکخراوەی ئەتلانتیکی باکووری (ناتۆ) *بن و لە بەرەیەکی سیاسی و سەربازی دژ بە بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا یەکیان گرتووە، بەڵام ئەم زاراوە وەڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتووی وەکوو ئوستورالیا و زیلاندی نوێ و ئەفریقای باشووریش لەخۆ دەگرێ. کەواتە وشەی ڕۆژاوا، لایەنێکی جوگرافی ڕووت نییە بەڵکوو ئەویش وەکوو بلۆکی ڕۆژهەڵات زیاتر هەڵگری بارێکی ئایدیۆلۆجیکییە کە درێژەی شارستانییەتی ڕۆژاوا لە ئەژمار دێت.
زاراوەی بلۆکی ڕۆژاوا، هەندێ جار دەوڵەتانی داندراو یان یەکگرتووی ڕۆژاوا لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتینیش لەخۆ دەگرێ. لێرەدا واتای ئایدیۆلۆجیکی و سیاسی ئەم زاراوە مەبەستە.
دوای شەڕی جیهانی دووهەم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە هێزی یەکەمی جیهان و پێشەنگاوی سیستەمی سەرمایەداری. ئەم وەڵاتە لە بەرانبەر سۆڤیەتدا بوو بە دەسەڵاتی سەرەکی بلۆکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی 1960و 70 لە جیهان، دەسەڵاتی سۆڤیەت لە بلۆکی ڕۆژهەڵات، هەر ئەهاتوو لاوازتر دەبوو. ئەمریکاش دەسەڵات و شەوتی جارانی لێ ئەستێندرا. پاش ئاوەدانکردنەوەی ئەورووپا و بەهێزبوونەوەی بەریتانیا و فەرەنسە و ئینجا ئەڵمانیا و ژاپۆن، ئەم وەڵاتانە لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمەریکادا ڕێدەستیان پەیدا کرد و لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا و ڕۆژاوا لە «جیهانی سێهەم» *دا بەزۆری بە پێچەوانەی ئەمەریکا، هەڵوێستیان دەگرت.
زاراوەی بلۆکی ڕۆژاوا و بلۆکی ڕۆژهەڵات، زیاتر لە قۆناخی «شەڕی سارد» * باو بوون.
تاوانی سیاسی
کردارێکی تاوانبارانە کە بەمەبەستی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێواندنی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بە ئەنجام بگات، یان هەر کرداڕێکی تاوانبارانە کە دەرەنجامەکەی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە ڕێبەرانی سیاسی بێت. ڕوودانی تاوانی سیاسی وەک هەر تاوانێکی دیکە، گرێدراوی سێ ڕوکنی ماددی و مەعنەوی و قانوونیە و مادامێکی یەکێک لەم کۆڵەکانە بلەنگێت، ئەوا تاوانێک ڕووی نەداوە.
بۆ سەلماندنی تاوانێکی سیاسی دوو ڕێسێ گرنگە: یەکەم، ڕێسای زەینی. دووهەم ڕێسای عەینی (بەرچاو) . بەپێی ڕێسای زەینی، کەسە تاوانبارەکە و ئامانجەکەی گرینگە نەک تاوانەکە و شوێنەوارە بەجێماوەکەی. بەم پێیە تاوانی سیاسی بریتییە لەوە کە تاوانبار بە پاڵنەری سیاسی و بەمەبەستی نسکۆ لێدان بە حکوومەت دەسبەکار بووبێت. بەپێی ڕێسای عەینی، پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی تاوانێکی سیاسی، شوێنەواڕێکە کە لە تاوانەکە بەجێ دەمێنێت. ئەگەر تاوانەکە زیان بگەیەنێ بە حکوومەت و ئازادییە گشتییەکان، ئەوا لە جوملەی تاوانی سیاسی لە ئەژمار دێت.
تاوانی نێودەوڵەتی
لادان لە پرەنسیپەکانی دەوڵەت و نەتەوەکان و سستکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش کە بریتین لە: دەستدرێژی، داگیرکاری*، جێنۆساید*، ئاپارتاید*، ڕەگەزپەرستی و نەپاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە.
تاکباوەڕی
تیۆرییەکی سیاسی و ئەخلاقییە کە بە ئارەزووگەیشتنی تاک، بە دەرەنجامی ژیان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ناونووس دەکات و لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە سوودپەرستی تاک، خۆبەخۆ قازانجی کۆمەڵگەی بە دواوە دەبێ. لەم ڕووەوە، ئەم تیۆرییە لەسەر مافی خاوەنداریەتی وەک مەرجی پێویست بۆ ئازادی لەنگەر دەگرێ و چاودێریی دەوڵەتیش، زەمانێک پەسند دەکات کە بەمەبەستی دابینکردنی ئازادی کردەوەی تاک بێت. بەپێی ئەم تیۆرییە تاک خۆبەخۆ دەبێتە دەرەنجام و سەرەڕای گوشاری کۆمەڵگەش بۆ یەکسانکردنی تاکەکان، دەبێ سەربەخۆ و ئازاد بێ.
ڕیشەی تاک باوەڕی ئەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی سۆفستەکانی یۆنان بەڵام لەم چاخەدا بە شێوەی جووڵانەوەیەکی فیکری ئاوێتە بووە لەگەڵ جووڵانەوەی ڕیفۆرماسیۆن لە سەدەی شانزەدا کە لە ئەورووپا سەری هەڵدا. هەر ئەم جووڵانەوە بوو کە هەلی ئازادی تاکەکەسی لە پێوەند لەگەڵ خوداوەند، بێواسیتەی کلێسە و ڕەهابوون لەژێر سوڵتەی کلێسەی ڕەخساند.
ئەغڵەب، تاکباوەڕییان بە واتایەکی ناپەسند بەکارهێناوە و بە مانای دەرچوونی تاک لەژێر تەوزیمی کۆمەڵایەتی و خودپەرستی بێ قەید و بەند لە قەڵەم دراوە بەڵام نووسەرە کۆنەپارێزەکانی سەدەی بیستەم، تاکباوەڕییان زیاتر لە بەرانبەر سۆشیالیزم*و چەشنەکانی دیکەی کۆباوەڕی (کۆلکتیویزم) ئاڕاستە کردووە و لەو ناوانە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی تاک سوودیان وەرگرتووە کە بەڕای ئەوان سۆشیالیزم دەیپووکێنێتەوە.
تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
جاڕنامەی سەربەخۆیی وەڵاتە داگیرکراوەکان
لە ڕێکەوتی 14دێسەمبری 1960 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆڵۆنیایی و داگیرکراو (جاڕنامەی کۆتایی داگیرکاری) کە لە لایەن 43 وەڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی ئامادە کرابوو بە کۆی 90 دەنگی ئەرێنی و 99 دەنگی یپارێزکەر و بێ هچ دەنگێکی نەیار، پەسندی کرد. لەم جاڕنامەدا ڕوون کراوەتەوە: ژێردەستەبوون، وەبەرهێنان، یا خستنە ژێر ڕکێفی جەماوەرێک لە لایەن حکوومەتێکی بێگانە، پێشێلکەریی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەژمار دێت و ڕێگڕێکە لەبەردەم ئاشتی و هاریکاریی نێودەوڵەتیدا.
بۆ نەهێشتنەوەی ئەم بەربەستانە، کۆمەڵی گشتی «داواکاری کۆتایی هێنانی خێرای داگیرکارییە و دەخوازێت، بێ هیچ مەرجێک سەربەخۆیی وەڵاتانی داگیرکراو لەژێر دەسەڵاتی بێگانە» ڕاگەیەندرێت.
ئەم جاڕنامە لەسەر ئەوە جەخت دەکات کە نەبوونی ئامادەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وەڵاتانە نابێت ڕێگر بێت بۆ دواخستنی پڕۆسەی سەربەخویی.
جڤات + جەماوەر
جڤات بە کۆمەڵێکی چالاک دەوترێ کە هاوشێوەی جەماعەت لە ئەژمار دێت. تایبەتمەندییەکانی جڤات بریتییە لە: نزیکایەتی شوێن، ناپایەداری و کردەوەیەکی کۆمەڵەکی کە بکەوێتە ژێر کاریگەریی پاڵنەرێکی بەسۆزی هاوبەش تاکوو بگاتە دەور و پێگە ڕەسمییەکانی. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بەگشتی بە مانای کۆمەڵێ بوونەوەری سروشتی کە زیاتر وەک جەستەیەک سەیر دەکرێت، لێکدراوەتەوە. لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکاندا جڤات دەلالەت دەکا بە سەر خەڵکێکی زۆر کە لە شوێنێک نیشتەجێ بووبێتن.
لە بارەی جڤاتەوە، تەنیا شتێک کە گرنگە گشت بوونەکەیەتی ئەگینا سەرنج نادرێتە کەرت و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی، بۆیە لەگەڵ گرووپ جیاوازی زۆری هەیە.
لە جەماوەردا بەگشتی بیروڕا و لایەنگری و تواناییەکانی تاکەکەس و گرووپ، یان شێوازی ژیان بە تەرزێکی لێکترازاو خۆی پێشان نادات بەڵکوو ئەم شتانە لەناو کۆمەڵێک هۆکار و شێواز و لاگیریی ڕەشۆکی دەتوێنەوە.
جڤات، گرووپ نییە کە لەڕووی ویست و ئیرادەوە خاوەنی تایبەتمەندی و یەکگرتوویی بێت. لە جڤاتدا بە ڕێژەی گرووپ هەست بە گوشارێکی کەمتر دەکرێت. دەسڕۆشتن و سەیتەرە پەیاکردن بە سەر جڤاتدا ئەغڵەب بە ئاسانی ڕوو دەدات. بە هاسانی ئەکرێ جڤاتێکی ناڕازی بگۆڕیتە جڤاتێکی ڕازی و بە پێچەوانەشەوە ئەم شتە ڕوو دەدات.
جیاوازی + فەرقدانان
بەگشتی بە مانای جیاکردنەوە، سەرنج پێدان، یان قاییل بوون بە جیاوازی لەنێوان شتەکاندایە. بە واتایەکی سەرزارەکی بریتیە لە بەربەستگەلێکی یاسایی، نەریتی یان قەرار و بڕیاری ناڕەسمی بە دژی گرووپێکی تایبەت بۆ وێنە گرووپێکی ئایینی یا ئەتنیکی جیاواز.
جیاوازی ڕەگەزایەتی
جیاکردنەوەی هاووەڵاتیان لە یەکتر بە پێودانگی ئەتنیکی و بەربەستکردنی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە بابەت شوێنی ژیان و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزی«باڵادەست» و هەروەها بێبەشکردنیان لە مافی مەدەنی و سیاسی و بێعەداڵەتی و نابەرانبەری لە وەرگرتنی مووچە و پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی. نموونەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، سیاسەتی ئەڵمانیای نازی بوو دەرحەق بە «خەڵکانی نائاریایی» (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
بە ناوبانگترین ڕژێمێک کە بەرێوەبەری ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانە بووە، ڕژێمی ئەفریقای باشووری بووە کە بە ناوی «ئاپارتاید» * لە ساڵی 1948 سیمایەکی یاسایی و ڕەسمی بە خۆوە گرتووە. لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە کە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەر ئەم وەڵاتەدا گرت، ئەم سیاسەتە بەڕێوەچووە. حیزبی«نەتەوەیی» کە لە ساڵی 1948 بە دەسەڵات گەیشت، ڕێساگەلێکی بۆ ئەو خەڵکانەی کە سپی پێست نەبوون پەسند کرد کە هەموو بواڕێکی ژیانی ئەوانی ئەگرتەوە. (بۆ وێنە، بەرگری کردن لە زەماوەندی سپی پێستەکان لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بەربەستکردنی مافی سیاسی و هاتووچۆ و هەڵبژاردنی ماڵ و ئیش و کار و …)
لە ساڵی 1952 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەستی بە پەیجووری کرد و ئەم سیاسەتەی وەک مەترسییەک بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بەڵام دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، ڕێگەی بە کۆمیتەی لێپرسراوی ئەم مەسەلە نەدا. سەرەنجام ئەم ڕژێمە لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە خەباتی بێوچانی خەڵکانی ئەم وەڵاتە بە ڕێبەرایەتی «نیلسۆن مەندێلا» ڕووخێندرا و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزیی کەوتەوە دەست خەڵک.
دوکترینی ئایزەنهاوەر
بە کۆمەڵە پێشنیارەکانی دووایت ئایزەنهاوەر، سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (60ــ 1952) دەگوترێ کە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژانوییەی 1957، خستییە بەردەم کۆنگرێس و بەو پێیە:
1) ئەمریکا بۆی هەیە بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی «وەڵاتانێک کە لە دەرەوە دەکەونە بەر هەڕەشەی کۆمۆنیزم یان لەناوەوە تووشی ململانآ و گێڕەشێوێنی دەبن» ، مادامێکی ئەو وەڵاتانە بخوازن، بە یارمەتی هێزە چەکدارەکانی خۆی پشتیان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
2) ئەمریکا دەبێ بۆ پەرەسەندنی ئابووری ئەم وەڵاتانە هەنگاو بنێ.
3) ئەمریکا دەبێ بەو وەڵاتانەی کە خوازیاری هاوکاری سەربازی بن، یارمەتی بگەیەنێت.
ئەو هەرێمانەی کە دوکترینەکەی تیا بەڕێوە دەچوو، هەر لە لیبی لە ڕۆژاواوە تا پاکستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە باکوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە باشووری دەگرتەوە. نموونەی پیادەبوونی ئەم دوکترینە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لوبنان بوو لە ساڵی 1958، بەهۆی قەیرانی کەناڵی سۆئێز.
دەوڵەتی تاراوگە
دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە. دەوڵەتی تاراوگە یا دەوڵەتی بزر، بە دەوڵەتی قانوونی وەڵاتێک دەگوترێ کە ئەمێستە داگیر کرابێت و تا ئەوکاتەی کە دوورەپەرێزی خۆی بە کاتی بزانێت، لە دیدی ئەو وەڵاتانەی کە وەکوو دەوڵەتێکی قانوونی بە ڕەسمییەت ناسیویانە، دەوڵەتی قانوونی دەمێنێتەوە. دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە، هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتی پێشوودا نییە. دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی پێویست بۆ نوێنەرایەتیکردنی وەڵاتەکەی دەبێ لە لایەن وەڵاتانی دیکەوە بە ڕەسمی بناسرێت. لە وەها دۆخێکدا دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێشبینی دەکات کە سەرەنجام ببێتە دەوڵەتی قانوونی ئەو وەڵاتە. نموونەی دامەزراندنی دەوڵەتی تاراوگە، بریتی بوون لە: دەوڵەتانی چێک، ئیتیۆپیا، یۆنان، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا و یۆگۆسلاڤیا لە شەڕی دووهەمی جیهانی.
دەوڵەتی تەواودۆست
ئەم زاراوە پتر لە ڕێککەوتننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دێت. لەم جۆرە ڕێککەوتنەدا مادەیەک دەگونجێنن کە بەو پێیە هەر دوو لایەن مافی «دەوڵەتی تەواو دۆست» یان هەبێت. بە واتایەک ئەگەر لایەنێک باجی گومرگی دەوڵەتێکی سێهەم کەم بکاتەوە یا مافێکی بازرگانی تایبەتی بداتێ، ئەوا لایەنەکەی دیکەش خۆبەخۆ دەبێتە خاوەنی ئەو مافە. نموونەی ئەم ڕێککەوتنە لە دانیشتنی مۆسکۆ (30/7/1991 ) لەنێوان سەرۆکی هەر دوو وەڵاتی ئەمریکا و سۆڤیەت بە ئەنجام گەیشت کە ئەمریکا مافی دەوڵەتی تەواو دۆستی بەپێی پێنج ڕێککەوتننامە بە سۆڤیەت بەخشی.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سیاسەتی دەرگەی کراوە
ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن جۆن های، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سێپتەمبەری 1899 بە مەبەستی پەرەسەندنی ئابووری وەڵاتی چین و پاراستنی سەربەخۆیی ئەم وەڵاتە بەکار براوە. بەڵام ئێستا مەبەست لەم زاراوە ئازادبوونی چالاکی بازرگانی و سەرمایەدانانی وەڵاتانی دەرەکییە لە وەڵاتێکدا لە سەر بنەمای یەکسانی مافەکان. سەرچاوەی ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی لیبرالیزمی ئابووری.
شەڕی دووهەمی کەنداوی فارس
بە شەڕی 42 ڕۆژەی هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا دەگوترێ بۆ ڕزگار کردنی خاکی کوەیت لە دەست سوپای عێراق کە لە 2ی ئاگوستی 1990 داگیر کرابوو. بەم بۆنەوە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە عێراق کرد هەرچی زووتر هێزەکانی خۆی لە خاکی کوەیت بکێشێتەوە دوواوە. هاوپەیمانانیش تاکوو 15ی ژانویەی 1991 مۆڵەتیان دا بە عێراق کە پاشەکشە بکات و بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ بکات. ئەم مۆڵەتە کە نزیکەی 11مانگی خایاند، کۆتایی پێهات بەڵام عێراق هەر لە خاکی کوەیت مایەوە.
سەرەنجام لە کاژمێر 3/22 بەکاتی گرینڤیچ، لە ڕۆژی 16ی ژانویەی 1991 ئۆپەراسیۆنی زریانی سەحرا بە ڕێبەرایەتی جێنێڕاڵ شوارتسکۆف دەستی پێکرد. لە ماوەی یەک هەفتەدا هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرجەم 12 هەزار جار بەسەر خاکی عێراقدا هەڵفڕین و بۆمبارانیان کرد. ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی 38 ڕۆژ درێژەی خایاند. ئینجا ئۆپەراسیۆنی زەوی بەناوی شمشێری سەحرا بۆ دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت دەستی پێکرد و لە دوای 4 ڕۆژ (28ی فیورییە) هێزەکانی عێراقی بە ئاگربەس پێمل کرد.
لەم شەڕەدا عێراق بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی هاوپەیمانان چەند جارێک مووشەکی هاویشتە ئیسراییل و عەرەبستان بەڵام زۆر کاریگەر نەبوون. ئەم شەڕە بووە هۆی ڕاپەڕینی کورد و شیعە بەدژی دەوڵەتی سەدام حسەین. ئینجا ڕژێمی عێراق دەستی کرد بە سەرکوتکردنی هەرچی زیاتری ئەو ناوچانەی کە کورد و شیعەی تێدا دەژیان.
لە ڕاستیدا هێرشی سەدام بە کوەیت و شکستهێنانی لەم شەڕەدا بۆ کورد ــ بە تایبەت ــ هەلێکی مێژوویی و زێڕینی ڕەخساند. هێزەکانی پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتی دوو پارتی سەرەکی ــ یەکیەتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ــ خۆدەکەون و هێرشەکانی خۆیان لەناو کوردستاندا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس زیاتر دەکەن. لە 5ی مارسی 1991 بێ ئۆقرەیی و بێ ئارامی خەڵکی ڕانیە سەررێژ دەبێ و لە چەند ڕۆژدا ئەم حاڵەتە دەبێتە ڕاپەڕینێکی گشتی و شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە و لە دەستی هێزەکانی بەعس ڕزگار دەبن.
لەم قۆناغەدا ماوەی ئازادی خەڵکی کورد زۆری نەخایاند چونکە ڕژێم هەڕەشەکانی خۆی بە دژی ئەم ناوچانە بەئەنجام گەیاند و لە 13 تا 28ی مارس کە زانی کەرکووکیش خەریکە لە دەستی دەردێت، بە یارمەتی فڕۆکە و چەکی قورس و دەبێ بە هێرشی هێنایەوە کوردستان و خەڵکی ئەم ناوچانەی بەرەو ئێران و تورکیا ڕاونا. لەم کۆچەگەلەدا خەڵقێکی مەدەنی زۆر کوژرا و ئاوارەبوونێکی گەورە بۆ کورد بەجێما. لە دوای ئەوەی کە سەدام کەشێکی نائەمنی خستە ناوچەکە و فشارێکی زۆری هێنا بۆ دانیشتوانی کوردستان، هاوپەیمانان، «ناوچەیەکی ئەمن» یان لە ناو عێراق ڕاگەیاند. ئەم پلانە لە 18ی ئاوریلی 1991 لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی عێراق مۆرکرا. بەپێی ئەم ڕێکەوتننامە عێراق، نەدەبوا لە خولگەی 36 دەرەجەی باکووری ئەم وەڵاتە (ناوچە کوردنشینەکان) فڕۆکەکانی بخاتە ئاسمانەوە. ئەم ماوە و دواتریش ئەگەرچی پڕ بووە لە سەختی و گەمارۆی ئابووری و نائەمنی بەڵام سەردەمێکی ڕەخساند کە بەدوا خۆیدا گەڵاڵەی ڕزگاری و ئازادی کوردی ئەم ناوچانەی داڕشت.
شەڕی دووهەمی کەنداو چەند دەرەنجامێکی لێکەوتەوە کە دەکرێ بە سێ دانە ئاماژە بدەین:
1ــ جێگیر بوونی هێزە سەربازییەکانی ڕۆژاوا لە عەرەبستان و ناوچەی کەنداو.
2ــ فرۆشتنی بێ وێنەی چەک و تەقەمەنی وەڵاتانی ڕۆژاوایی بە عەرەبان.
3ــ دابەشکردنی عێراق بە سێ ناوچەی کوردستان، ناوەندی و شیعەنشین.
لێبوردن/چاوپۆشی/هەڵکردن
ڕەوادیتنی بیر و بۆچوونی جیاوازی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی و هونەری لە سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لێبوردن یەکێک لە بەنرخترین بەهاکانی لیبرالیزم و دیموکراسی نوێیە. بەپێی ئەم بنەمایە، ئازادیەکانی تاکەکەس، تەنیا کاتێک دەپارێزرێن کە کۆمەڵگە لە بەرانبەر بیر و بۆچوونی جیاواز و بڵاوکردنەوەیاندا لە خۆ ببوورێ و سەرکوتیان نەکات. هەروەها گەشەسەندنی کۆمەڵگە و گەیشتن بە عەقڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێکوپێک، کاتێک مەیسەر دەبێت کە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی حاکم، بنەمای لێبوردن و چاوپۆشی پەسند کردبێت. لێبوردن یەکێک لە کەرەستەکانی خەباتی لیبرالیزم بووە بەدژی زۆرداری کڵێسە لە ئەورووپا.
واتایەکی دیکەی لێبوردن مانای فەرامۆشی و لەبیربردنەوە دەبەخشێ کە لێرەدا مەبەست لە بڕیارێکی تایبەتە کە دەوڵەت لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا دەریدەکات و لە تاوانبارانی سیاسی و … خۆش دەبێت. لە کاتی گۆڕین یا ڕووخانی ڕژێم بە هۆی شۆڕش یا گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەوڵەتدا لێبوردن گرنگییەکی تایبەتی دەبێت و زەمینە بۆ ئازادکردنی هەموو زیندانی و تاوانباران خۆش دەکات.