تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سیاسەتی زمان
زمان، ئامرازی سەرەکی کەلتوورە و پێناسەیەکی گرینگە بۆ شوناسی نەتەوەیی. خاوەنی زمان بوون بە واتای بەهرەمەندبوون لە زانیاریە. هەندێ لە ڕۆشنبیرە ئەڵمانیەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە بڕوایان وابوو کە پێوەندی سێقۆڵی نێوان زمان و زانیار و نیشتمانە کە کەسێک دەکاتە ئەڵمانیایی و کەسێکی دیکەش بە ئینگلیزی. لەبەرئەوەی لە زۆربەی وەڵاتەکان بە یەک زمانی تایبەت ئاخاوتن ناکرێت کەواتە زمان بۆتە هۆی بەرپابوونی کێشەیەکی سیاسی گرینگ. پێوەندی زمان بە سیاسەت، وەک پێوەندی ئۆکسیجن بە هەوا لێکدراوەتەوە. ڕەنگە هەڵبژارادنی هەر وشەیەک لە هەر گوتار (discourse) رێکدا هەنگاوێکی سیاسی لە قەڵەم بدرێت.
سیاسەتی زمان، لە لای حکوومەتەکان زۆر پەنامەکی و شاراوەیە. هەر حکوومەتێک خاوەنی سیاسەتێکی زمانییە کە هەندێ جار جێگەی پەسندی هەموانە و هەندێ جاریش بە زۆرەملی دائەسەپێ. هیچ حکوومەتێک، چاوی بینینی کەمینەی نییە و ئارەزووی گەورەی دەسەڵاتداران تیاچوونی نەیارانە. لە بواری بەکارهێنانی سیاسەتی زمانی، وەڵاتی فرەنسی بە نموونە دەهێنینەوە: سیاسەتی یەکیەتی نەتەوەیی لەم وەڵاتەدا کە هەر لە سەرەتای حکوومەتی پاشایەتییەوە پەیڕەو کراوە، هەمیشە لەدووی «یەکگرتوویی زمان» بووە کە لە بەرانبەر زمانەکانی دیکە نەرمیی نیشان نەداوە. بۆ وێنە تا پێش شەڕی جیهانی دووهەمیش ئەگەر لاوانی بەریتانی لە قوتابخانە بە نەژگاڤییەوە تەنیا یەک وشەی زکماکیان بە زاردا بهاتایە، فەلاقەیان دەکردن. یان زمانی باسکی تەنیا لە ناو خێزانەکان بە زاردا دێت.
سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم سەندوقە لە ساڵی 1976 بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ژنان دامەزرا بەڵام دواتر لە ساڵی 1985 ناوی گۆڕا بە سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سەندوقە بە ژنانی دەستەنگ و کەمداهاتی وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن یارمەتی دەگەیەنێت و ناوەندەکەشی لە شاری نیۆیۆرکی سەر بە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
شەڕی ئێران و عێراق
ئەم شەڕە بە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق دەگوترێ کە تێیدا عێراق 637 جار دەسدرێژی بە خاکی ئێران کرد. ئەم شەڕە دوای شکاندنی ڕێکەوتنامەی 1975ی جەزایر لە لایەن سەدام حسەینەوە بە شێوەیەکی یەکلایەنە دەستی پێکرد. لە کاتژمێر 14ی ڕۆژی 31ی خەرمانانی 1359ی هەتاوی ( 22ی سێپتەمبەری 1980) هێزی ئاسمانی عێراق بە دەیان فڕۆکەی جەنگییەوە هەڵیان کوتایە سەر ئاسمانی شارەکانی ئێران و دەستیان کرد بە بۆمباران کردنی ئەم شارانە. هاوکات هێزی لەشکری ئەم وەڵاتە چەندەها شاری تریشی دایە بەر ئاگری تۆپخانە.
هێزەکانی سوپای عێراق پاش بەزاندنی سنووری هاوبەش بە پەلە هاتنە ناو خاکی ئێران و زۆربەی شارەکانی لێواری ڕۆژاوای ئێرانی گرت و بە وادەی 2 مانگ نزیکەی 14هەزار ک.م چوارگۆشەی لە خاکی ئێران داگیر کرد. ئەم خاکە داگیرکراوانە تاکوو 21 مانگ لە ژێر دەسەڵاتی عێراق مایەوە بەڵام لەوە بەدوا هێزەکانی سپای ئێران کەوتنە سەرەوە و دەستیان کرد بە ڕاونانی سوپای عێراق.
ئەم شەڕە هەر دەوامەی بوو تاکوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 29ی پووشپەڕی 1366ه (1987)، بڕیارنامەی 598 ی دەرکرد. لەم بڕیارنامەدا لە دوو لایەنی شەڕ داوا کراوە ئاگربەس بکەن و دەسپێکەری شەڕ دیاری بکرێت. بڕیارنامەکە تاکوو ساڵی دواتر (26ی پووشپەڕی 1367) لە لایەن ئێرانەوە پەسند نەکرا. سەرەنجام لە 29ی گەلاوێژی 1367 بە شێوەیەکی ڕەسمی ئاگربەس پەسند کرا.
لە ساڵی 1991 سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەی خۆی بە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە عێراق بەرپرسی دەسپێکردنی شەڕ بەدژی ئێران بووە. لەم شەرەدا کە 8 ساڵی خایاند زیانێکی گیانی و ماڵی زۆر بە هەر دوو وەڵاتەکە گەیشت. بەپێی ڕاگەیاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕادەی زیان و خەسارەتەکانی شەڕەکە بەم چەشنەی خوارەوە بووە.
ــــ ڕادەی زیانی ڕاستەوخۆ 2/97 ملیارد دۆلار.
ـــ ڕادەی زیانی ناڕاستەوخۆ 535/34 ملیارد دۆلار.
ـــ ئێران ئەم ڕادەیە بە 1000 ملیارد دۆلار بەراورد دەکات.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
فێڤرالیستەکان
ئەم زاراوە لە وەڵاتانی کۆمۆنیستیدا بەو گرووپە دەگوترێ کە لایەنگری ڕۆژاوا بووە و خۆی بە لایەنگری «شۆڕشی فێورییە» دەزانی و «شۆڕشی سۆشیالیستی» و دەسکەوتەکانی ڕەت دەکردەوە. لە ساڵی 1917 دوو گۆڕانکاری لە سۆڤیەت، ڕووی دا: یەکەمیان، «شۆڕشی فێورییە» بووە و دووهەم، «شۆڕشی ئۆکتۆبەر». کۆمۆنیستەکان شۆڕشی فێورییە بە «شۆڕشی بورژوا دیموکراتیک» دەزانن و شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بە «شۆڕشی سۆشیالیستی» لە قەڵەم دەدەن.
لیڤیاتان
لیڤیاتان لە کتێبی تەورات دا ناوی نەهەنگێکی گەورە و زەبەڵاحە کە هیچ هێزێکی ئەم سەرزەمینە ناتوانێ لەبەرانبەریدا ڕاوەستێ و لە عەرزی بات. تۆماس هۆبز (1679ـــ 1588) فەیلەسوفی ئینگلیزی، لیڤیاتان بە نیشانەیەک بۆ دەوڵەتێکی بەدەسەڵات و زەبر و زاکوون لە قەڵەم دەدات و هەر بەم ناوەش کتێبە ناودارەکەی (لیڤیاتان) بڵاو دەکاتەوە. پوختەی قسەکانی هۆبز لەم کتێبەدا ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک بخوازن بە تەواوی لە ئاسایش و ئارامیدا بژین، دەبێ هەموو دەسەڵاتی خۆیان ڕادەستی کەسێک یا ئەنجومەنێک (لیڤیاتان) بکەن. بەم پێیە ویست و ئیرادەی لیڤیاتان دەبێتە جێنشینی ویست و ئیرادەی جەماوەر. بەڕای هۆبز، لیڤیاتان بۆی هەیە هەر شتێک بە پێویست بزانێ ئەنجامی بات و ڕێوشوێن و بڕیارەکانیشی دەبێ لە لایەن هەموانەوە جێبەجێ بکرێت بەڵام خۆی لەم بارەوە سەرپشک و موختارە چونکە دەسەڵاتی لیڤیاتان لە هەموو دەسەڵاتێک باڵاترە.
مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
هاندان/ هەڵخڕاندن
دنەدان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی لە ڕێگەی ئامرازەکانی پڕۆپاگەندە و ڕاگەیاندن وەک، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. بەم کردارە، جەماوەر لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە هەڵئەزرنگێت. لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسەدا بە کەسێکیان دەگوت «هاندەر» کە بێ بەرپرسارییەتی خەڵکیان هەڵئەخڕاند و ئاژاوەیان دەناوە. بەڵام دوای شۆڕش، دەوڵەتە کۆنەپارێزەکان ئەم ناتۆرەیان بۆ بزاوتە چەپییەکان بەکار دەبرد. ئەم زاراوە لە لایەن زۆربەی بزاوتە ڕاست و چەپییەکان بە زاردا هاتووە بەڵام زۆرینەی ڕێبەرانی ئەم بزاڤانە، هاندان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بەدژی دەوڵەتێکی ستەمکار، بە شتێکی ڕەوا دەزانن.
هاوسەنگی هێزەکان
تیۆری هاوسەنگی هێزەکان لە سەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە کە دەسەڵاتی هەر گرووپێک لە وەڵاتانی ئەورووپا دەبێ لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی گرووپەکانی دیکە هاوسەنگ بێت تاکوو هیچکامیان نەتوانن بەسەر ئەویدی دا زاڵ بن و بەمجۆرە ئاشتی و ئاسایش مسۆگەر بکرێت. پاراستنی ئەم سیاسەتە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بوو لە میانەی ئاشتی درێژخایەن لە 1871 تا 1914 لە نێوان گرووپی وەڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و ئیتالیا و وەڵاتانی بریتانیا، فرەنسی و سۆڤیەت. پاش جەنگی جیهانی یەکەم تیۆری هاوسەنگی هێزەکان هاتە ناو مێژووی دیپلۆماسی و بریتانیا تا ساڵی 1939 لە بەرانبەر بەهێزترین وەڵاتی ئەورووپا واتە ئەڵمانیا، سیاسەتێکی نەرمڕەوانەی گرتەبەر. لە ساڵی 1945 بەملاوە هیچ هەوڵێک لە لایەن ئەم وەڵاتە بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێزەکان بە ئەنجام نەگەیشتووە بەڵام دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێستا زاراوەی هاوسەنگی هێزەکان لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا پتر بۆ دەسەڵاتی چەکداری و ئابووری زلهێزەکان لە ئاستی جیهانی یا ناوچەییدا دێتە ئاراوە. بۆ نموونە وەڵاتی هێندستان لە نیمچەکیشوەر و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە مەبەستی لایەنگرانی چەکداماڵین گشتاندنی ئەم سیاسەتەیە لە هەموو جیهاندا بە چەشنێک کە هیچ دەوڵەتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ وەڵاتێکی دیکە.
وەڵات/نیشتمان
زێدێک لە چوارچێوەی سنوورێکی سیاسی دیاریکراو کە خەڵکانێکی تێدا نیشتەجێ بن و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەڕێوەی ببات. بەو خەڵکانەی کە لەو زێدەدا دەژین نەتەوە دەگوترێ. دەسەڵاتێکیش کە لەو زێدە فەرمانڕەوایی دەکات، بە دەوڵەت ناوبردە دەکرێت. لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سێ چەمکی نیشتمان و نەتەوە و دەوڵەت، پێکەوە یەکەێکی فراژووی سیاسی پێک دەهێنن کە بوونی یەکیان هەبوونی ئەو دووانەی دیکەی بەدواوە دەبێت. کەواتە هەرکام لەم سێ چەمکە دەکرێ لەجیاتی ئەو دووانەی دیکە بەکار ببرێت.
پان
بە زمانی لاتینی، پێشگرێکە بە مانای «هەمووان». لە سەدەی نۆزدە و بیست، سەرەتا لە ئەورووپا و ئینجا لە ئاسیا و ئەفریقا چەند بزووتنەوەیەکی سیاسی سەریان هەڵدا کە بە لکاندنی ئەم پێشگرە بە ناوی وەڵات یان نەژاد یان ئایینەکەیان، خۆیان پێناسە دەکرد. ئامانج لەم کارەش ئەوە بوو کە جەماوەری هاوڕەگەز و هاوئایین یان هاوزمان، بە ناوی نەتەوە یان ئۆمەت یا نەژادێکی تایبەت لە یەکەیەکی سیاسی و نەتەوەییدا کۆبکەنەوە. بە ناوبانگترینی ئەم بزاوتانە بریتین لە: پان ئیسلامیزم*، پان ئسلاڤیزم*، پان جێرمەنیزم* و پان عەرەبیزم*.
پان ئسلاڤیزم
ڕاپەڕینێکی سیاسی و کەلتووریە کە لە سەدەی نۆزدە لە سۆڤیەت و وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەمەبەستی یەکخستنەوەی ئەو نەتەوانەی کە خاوەنی ڕەگەز و زمان و کەلتووری ئسلاڤی بوون. کێشی سیاسی ئەم جووڵانەوە، بەزوویی دەنگی دایەوە و لە ساڵی 1848 پاش لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و بە پێشەنگی مێژووناسێکی چێک، کۆنگرەی ئسلاڤی لە پڕاگ بەڕێوە چوو. ئامانجی ئەم کۆنگرە هاریکاریی هەموو نەتەوە ئسلاڤییەکان بوو بۆ ڕازیکردنی ئیمپراتۆر کە سوڵتەی خۆی بدا بە فدراسیۆنێکی پێکهاتوو لە نەتەوەکان.
پان ئیسلامیزم
بزاڤێکی سیاسی بان - نەتەوەیی و بان ـــ ئەتنیکی کە لە سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکرد بەمەبەستی بردنەسەرەوەی هۆشیاری سیاسی موسوڵمانان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەمەڕ پاڕاستنی بەرژەوەندی و کیانی کۆمەڵگەی ئیسلامی لە بەرانبەر شاڵاوەکانی سیاسەتی ئیستیعماردا. پان ئیسلامیزم بریتییە لە: ئارمانجی ڕێبەرانی موسوڵمان لە 1890 بەملاوە بۆ زیندووکردنەوەی دەسەڵات و یەکگرتوویی خەڵکانی موسوڵمان لەژێر ئاڵای دەسەڵاتێکی یەکگرتوودا. ڕیشەی ئەم جووڵانەوە لە لایەکەوە ئەگەڕێتەوە بۆ وشیاربوونەوەی موسوڵمانان دەرحەق بە دواکەوتوویی دەسەڵاتی جیهانی ئیسلام. لە لایەکی دیکەوە، پاڵنەری سەرەکی ئەم جووڵانەوە پەیوەست بوو بە دەست بەسەراگرتنی ئەوروپییەکان بە سەر وەڵاتانی ئیسلامی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا. وشیاربوونەوە بە ڕێژەی دواکەوتوویی ئیسلام، بووە هۆی سەرهەڵدانی وەهابییەت کە بانگەشەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی پێغەمبەر دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕواوڕوویی لەگەڵ ڕۆژاوا، ڕێبەرانێکی وەکوو «سەید جەمالەدینی ئەفغانی»ـشی هێنایە مەیدان کە خوازیاری گۆڕانی بەرەو تەباکردنی ئیسلام بوو لەگەڵ هەلومەرجی ژیانی هاوچەرخدا. بێجگە لەمەش، ئەفغانی، بە شوێن یەکگرتووییی جیهانی ئیسلام بوو لەژێر سایەی خەلیفەیەک کە بتوانێ بەر بەهێرشی مەسیحییەکان بۆ سەر خاکی موسوڵمانان بگرێ.
لە سەدەی شازدە، کاتێک کە وەڵاتانی عەرەبی کەوتە دەستی سوڵتانی عوسمانی، شیعە و سوڵتانی مەراکیش و پاشای مەغوولانی هێند نەبێ، تەواوی موسوڵمانان بۆ سوڵتانی عوسمانی ــ کە پێیان دەگوتن خەلیفە ــ وەکوو پارێزەری ئایین سەیریان دەکرد. ئەودەم سوڵتانی عوسمانی بەناوی خەلیفەوە بە سەر بەشێکی زۆر لە «دارولئیسلام» حوکمڕانییان دەکرد.
«سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم» (1876ــ1909)، تەبلیغاتێکی وەهای بۆ ئیسلام کردبوو کە دەسەڵاتدارانی ئەورووپا، تۆقابوون لە وەیکە نەکا موسوڵمانانییان لێ یاخی بکات! ئەگەرچی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە باری سیاسی و سەربازییەوە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەورووپاییەکاندا هەر دەهاتوو لاوازتر دەبوو، بەڵام بە دروشمی پان ئیسلامیزم، خۆی لە لای موسوڵمانان هەڵئەکێشا و توانیبوی وەکوو دەمڕاستی دەوڵەتی پێشڕەوی ئیسلامی لە ئەنجومەنە ئەورووپاییەکان دەنگی خۆی لە لایەن ئیسلامەوە هەڵبڕی. پێش ئەوەیکە بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە ئەورووپاوە بێتە ناو ئیسلامەوە، پان ئیسلامیزم، ئایدیۆلۆجیای زاڵ بوو بە سەر دونیای ئیسلامیدا و عەبدولحەمید، وەکوو خەلیفەی موسوڵمانان، پشتیوانی لێدەکرد و چەند کەسایەتییەکیش تەبلیغیان بۆ دەکرد. «سەید جەمالەدینی ئەفغانی» یەکێک لەوانە بوو کە لە چەندین وەڵاتی ئیسلامی وەکوو، ئەفغانستان و ئێران و هێند و میسر و عوسمانی، بانگەشەی بۆ ئیسلام دەکرد. تەنانەت تەبلیغەکانی لە جاوە و تونێس و شانگهای دەنگی دابۆوە.
لە ساڵی 1903 «عەبدوڵا سوهرەوەردی» ئەنجومەنی پان ئیسلامی لە لەندەن دامەزراند و لە بڵاڤۆکێکیشدا کە بەناوی پان ئیسلام دەری دەکرد، بۆ ئاڕاستەکردنی ئیسلام لە چەمک گەلێکی ئەندێشە ئەورووپاییەکان وەکوو هیومانیزم و لیبراڵیزم و سوسیاڵیزم کەڵکی وەردەگرت و هێرشی دەکردە سەر لایەنە دزێوەکانی شارستانییەتی ئەورووپایی. لەو کاتەدا بۆ یەکگرتنی شیعە و سوننەش هەوڵ دەدرا و بەم بۆنەوە لە ساڵی 1911 تاقمێک لە زانایانی ئێرانی و عوسمانی، لە نەجەف کۆبوونەوە و بەم قەناعەتە گەیشتن کە لە بنەڕەتدا هیچ جیاوازییەک نێوان دوو فیرقەکەدا نییە. بەڵام ئەم هەوڵانە جێگیر نەبوون. لایەنگرانی یەکگرتنی ئیسلامی هەموو ساڵێک بە هۆشمەندییەوە لە مەراسیمی حەج بۆ تەبلیغ کەڵکیان وەردەگرت. بەڵام گەورەترین پلانێک کە لەم بابەتەوە سەرنجی حاجییەکانی ڕاکێشا، هێڵی ئاسنی حیجاز بوو کە بە دارایی شەخسی کەسانێکی وەکوو سوڵتان عەبدولحەمید دروست کرا و بووە یادگارێک بۆ ئامانجی پان ئیسلامیزم.
پان ئیسلامیزم، لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا واتای شوناسی توێژاڵێکی ـــ ئایینزایی موسوڵمانەکانی کردە شوناسێکی سیاسی. لەم ڕووەوە پان ئیسلامیزم، بە پلەی یەکەم، بزاڤێکی ناسیونالیستی بووە بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی نوێ لەڕێی ئاوێتەکردنی کەلتوور و سیاسەتەوە. ئەم بزاڤە بە چەمکەکانی «ئۆمەت و خەلافەت»، بێئەوەی بەڵێنی ڕزگاری یا کۆچ بدات، مانایەکی سیاسی دەبەخشێ. لە واقیعدا پان ئیسلامیزم بوو بە کەرەستەیەکی بەهێز بۆ بەدنیاییکردن و دەروونیکردنی چەمکی نوێی نیشتمان و ناسیۆنالیزم.
ململانێی ناسیۆنالیزم: ڕووخانی عەبدولحەمید لە ساڵی 1909 نیشانەی لە بەینچوونی پان ئیسلامیزم بوو. شکستهێنانی عەبدولحەمید لە یەکخستنەوەی جیهانی ئیسلام و بەرگری نەکردن لە داگیرکارییەکانی ئەورووپا لە وەڵاتە ئیسلامییەکان، گەلێک لە زانایانی ئیسلامی کە لە دەست ئیستبدادی سوڵتان تەنگیان پێ هەڵچنرابوو، هان دا کە بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە سیاسیە ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە. بەرەی نوێ کە لە حکوومەتی قانوون و ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوا کاریگەریی وەرگرتبوو، بە هیوا بوو کە بە یارمەتی ئەم چەمکانە، دەوڵەتێکی بەهێز لە عوسمانیدا بێنێتە سەرکار. بەڵام ناسیۆنالیزم بووە هۆی لێکترازانی وەڵاتە ئیسلامییەکان. چونکە ناسیۆنالیزم لە کۆمەڵگەیەکی وەکوو «دارولئیسلام» کە پێکهاتێک بوو لە ڕەگەز و نەتەوەی جۆراوجۆر، بووە هۆی لێکپچڕان و لاگیری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوە. تورکە ناسیۆنالیستەکان، کە سۆزێکیان بە نیسبەت وەڵاتانی ئیسلامییەوە نەبوو، لە شەڕی یەکەمی جیهانی بوونە هاوپەیمانی ئەڵمانیا بەڵام عەرەبی موسوڵمان ئەم هاوپەیمانییەیان ڕەت کردەوە.
ئەو ڕژێمە تازەی کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە تورکیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بەپێی بنەماکانی ناسیۆنالیزم دامەزرا. دەسەڵاتی خەلیفەکان لەپێشدا لە مستوای مەعنەوی (1922) پووچەڵ بۆوە و ئینجا لە 1924 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لێکهەڵوەشا و بە یەکجاری ڕووخا. موسوڵمانە سوننەکان بەم کارەی تورکان ناقاییل بوون.
پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، دوو وەڵاتی پاکستان و ئەندونیسیا سەربەخۆییان وەرگرت و ئەم دوو وەڵاتە ئیسلامییە، بوونە هۆی لەدایکبوونی ڕاپەڕینێکی ئیسلامی. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، چەندین وەڵاتی عەرەبی موسوڵمان دامەزرا. بەڵام گەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی کە بۆ ئیسلام بە چاوی ڕەگەزێکی عەرەبی دەیڕوانی، ئاواتی یەکگرتنی جیهانی ئیسلامی بە فیڕۆ دەدا. لەم ڕووەوە بوو کە وەڵاتانی ئیسلامی بۆ یەکخستنی دەنگی ئەم وەڵاتانە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، لە ساڵەکانی 1952 لە کەراچی و 1954 لە مەککە، «کۆنفڕانسی نەتەوە موسوڵمانەکانیان» دامەزراند کە بوو بەهۆی پێکهێنانی کۆنگرە و نووسینگەی هەمیشەیی. کاری ئەم نووسینگە سازدانی دیداری ساڵانەی سەرۆکی وەڵاتانی ئیسلامییە و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی چالاکی و هاوڕاکردنیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. ئینجا هێدی هێدی لە خەونەکانی پان ئیسلامیزمیش دوور کەوتەوە.
پان تورکیزم
ئەم بزاڤەش وەک بزاڤە هاوشێوەکانی دیکە، لە دووی ئەو پلان و نەخشە سیاسیەوەیە کە لە جیاتی ئەوەیکە گرووپێکی نەتەوەیی تایبەت لەخۆبگرآ، هەموو خەڵکانی بە ڕەچەڵەک تورک دەخاتە بازنەی خۆیەوە. کەواتە ناسیۆنالیزمی تورکی بزاڤێکی بان ـــ نەتەوەیی یە کە بە شوێن دامەزرێنی یەکەێکی سیاسییە لەسەر بنەمای پەیوەندی کەلتووری تورکان.
بەگشتی زۆرترین لایەنگریی لەم بزاڤە ئەگەڕێتەوە بۆ دوای هەڵوەشانەوەی ئەو ئیمپراتۆرییانەی کە خەڵکی تورک یان لەخۆگرتبوو. ئەم جووڵە لە ڕەوتی ڕۆچوونی ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و سۆڤیەت، زیاتر ئاشکرا بوو. لە جوملەی ئەو کەسانەی کە لەسەر پێکهێنانی بزاڤی نەتەوەیی تورک قسەی کرد، ڕۆژهەڵاتناس، ئارمینییۆس وامبێری بوو کە لە ساڵی 1860 لەمبارەوە دەستی بە نووسین کرد. ناودارترین کەسێک کە لە ناسیۆنالیزمی تورک پشتگیری کرد، سمایل بای گاسپیرینسکی (1851-1941 ) ناسراو بە قاسپیر عەلی، خەڵکی کریمە بوو کە داوای کرد تورکەکانی سۆڤیەت یەکبگرن. قاسپیرعەلی، ڕۆڵی میدیای گشتی بە باشی هەست پێکردبوو. بەم بۆنەوە گۆڤاڕێکی بە زمانی تورکی عوسمانی لە ئاستێکی بەرفراواندا بڵاوکردەوە. دەوڵەتی کاتی سۆڤیەت لە 1917 لایەنگریی خۆی لە بەرنامەکەی قاسپیرعەلی ڕاگەیاند و خوێندنی ئەم زمانەی لە قوتابخانەکانیش پیادە کرد.پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991، خەونەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی زیاتر بەرجەستە بوونەوە و بزاڤی پان تورکیزم، ئاهێکی تازەی بە بەردا هاتەوە.
پان جێرمانیزم
بەو تیۆری و گەڵاڵە و پیلانە شەڕخوازە ئەڵمانییانە دگوترآ کە لە بەرایی سەدەی نۆزدە بە ئامانجی یەکگرتنی سیاسی وەڵاتانی ئەڵمانی زمان، هاتە کایەوە. ڕەگ و ڕیشەی فەلسەفی پان جێرمەنیزم ئەگەڕێتەوە بۆ یوهان فیشتە، فەیلەسووفی ئەڵمانی (1814-1762) . فیشتە، لەو سەردەمەی کە هێشتا ئەڵمانیا دابەش ئەکرێ بە میرنشینی بچووک و یەکگرتووییەکی سیاسی لە ئارادا نەبوو، باسی لە «چارەنووسی گەورەی نەتەوە» دەکرد و نەتەوەی ئەڵمانیای بە خاوەن ڕۆحێکی ئاڤرێنەر دەزانی و لە بەرانبەر ئەمەش دا نەتەوە لاتینی یەکانی بە چارەڕەش ناوبردە ئەکرد.
ڕاپەڕینی سیاسی و ڕۆمانتیکی سەدەی نۆزدە کە بنیاتەکەی لەسەر ناسیۆنالیزم بینا کرابوو، بیرۆکەی ڕێبەرایەتی جیهانی ئەڵمانییەکانی بە هێزتر کرد و بیرمەندان و نوسەرانی ئەڵمانی بەرەو داڕشتنی گەڵاڵەی زیندووکردنەوەی ڕایش*، هان دا و سەرەنجام ئەم پلانە بەدەستی بیسمارک بە ئەنجام گەیشت. بەڵام یەکگرتنی یەکجارەکی وەڵاتە ئەلمانی زمانەکان، بە دەستی ئادءڵف هیتلەر بە ئەنجام گەیشت. کەچی ئیمپراتۆرییەتەکەی زۆری نەخایاند و بە شکستهێنانی ئەڵمانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانی (1945) وەڵاتی ئەڵمانیا بە دوو پارچەی (ئەڵمانیای ڕۆژاوا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات) دابەش کرا (بڕوانە دیواری بەرلین) .
پان عەرەبیزم
زۆربەی سەرچاوەکان، دوو زاراوەی پان عەرەبیزم و پان ئیسلامیزم، بە یەک دەروو (مدخل) لە ئەژماردێنن و نزیکایەتی میژوویی و مەفهوومی ئەم دووانە بەرجەستە دەکەنەوە. بۆیە ئاخێزگەی پان عەرەبیزمیش، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕینی عەرەبان لە هەمبەر حکوومەتی تورکانی عوسمانی پێش شەڕی جیهانی یەکەم (1914) .
دەزگەی هەواڵگری بەریتانیا، بە سەرپەرشتی تۆمس ئیدوارد لۆرێنس (1935-1888)، بەڵێنی دا بە عەرەبان کە وەڵاتێکی مەزنی عەرەبی، هەر لە کەنداوی فارسەوە تا جۆگەی سوئێز، دابمەزرێنێ. ئەم ڕاپەڕینە سەرەتا لە حیجازەوە دەستی پێکرد ئینجا ڕووی کردە دیمەشق لە سووریا و ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەری 1918 دەستی تورکان لە حکوومەتکردن لەم شارە، کورتبۆوە. لە لایەکی دیکەەوە بەهۆی دەسبەسەراگرتنی فەرەنسە و بەریتانیا بە سەر چەند ناوچەی عەرەبی وەکوو (لوبنان، ئەردەن، سووریا، فەلەستین و عێراق) ڕاپەڕینی پان عەرەبی لە کەشێکی دیکەدا ڕووی خەباتەکەی کردە ئەو دوو وەڵاتە. بۆیە کەسانێکی وەکوو ئەمین ئەلحەسەنی (موفتی ئۆرشەلیم)، شوکری قووەتلی، جەمیل مەردەم، ڕەشید عالی گێڵانی، میشل ئەفلەق و سەلاحەدین بەیتار، بوونە ڕێبەرانی قۆناخ بە قۆناخی بزووتنەوەی پان عەرەبیزم. (بڕوانە بەعس)
زاراوەی پان عەرەبیزم، یەکەم جار لە لایەن جەمال عەبدول ناسر ڕێبەری ناسیۆنالیستەکانی میسر لە ساڵەکانی 1950 بەکار هێنرا. ناسر، زۆری هەوڵداوە کە پان عەرەبیزم بکاتە بەرەیەکی دژ بە ئێرانی و بەم بۆنەوە یەکێک لەو پڕۆژانەی کە ویستوویە ئەنجامی بدات، گۆڕینی ناوی «کەنداوی فارس» بووە بە «کەنداوی عەرەبی» .
ئەفلەق و بین لادەن و سەدام حوسێن، لە جوملەی ئەو عەرەبە شوڤینیانە بوون کە لە ئیسلام کەڵکیان وەرگرتووە بۆ زیندووکردنەوەی عەرەبییەت. نژادپەرستی عەرەبی، لەسەردەمی سەدام حوسێن بەوپەڕی شەرمەزاری و بێویژدانی خۆی دەگا و ئەم سیاسەتە چەپەڵە، بەنیسبەت گەلی کورد بە دڕندانەترین ڕووکار خۆی پێشان دەدات. بۆ وێنە لە ساڵی 1970 هەزاران کورد بەرەو ئێران دەردەکات کە زۆرینەیان تا ئیستەش نەگەڕاونەوە و هەر لە ئێران دەژین. بە عەرەبکردنی شاری کەرکووک و کارەساتەکانی ئەنفال*و هەڵەبجەش دوو نموونەی دیکەن لە کردەوە نامرۆڤانەکانی سەدام وەکوو ئەنجامی پان عەرەبیزم.
پیلان - کەتن
کردەیەکی پەنامەکی و شاراوەیە کە لە لایەن گرووپێکی شۆڕشگێڕ یان سیاسی بۆ ڕووخانی ناوەندی ڕێبەرایەتی سیاسی وەڵاتێک بە ئەنجام دەگات. بۆ وێنە: پیلان بە دژی هیتلەر (1944) هەروەها بەدژی نووری سەعید و مەلیک فەیسەڵ (1958) و عەبدولکەریم قاسم (1963) لە عێراق.
پێکهاتن + ڕۆنان
زاراوەی فۆرماسیۆن لە وشەیform بە واتای شێواز و داڕشتن وەرگیراوە. فۆرماسیۆن بە واتای پێکهاتن و ڕۆنان هاتووە و لە بواری سیاسیدا بۆ پێکهاتە و شێوازبەندی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژیانی مرۆیی بەکار دێت. مەبەست، سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانە کە لە مێژوویەکی دیاریکراودا بیچم دەبەستێ و دێتە دی. (بڕوانە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری).
پەرلەمان
بە زمانی فەرەنسە، بە شاندێک دەگوترێ کە لە هەر وەڵاتێک لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ بۆ دانانی یاسا و چاودێریکردن بە سەر چۆنییەتی پیادەکردنیدا. پەرلەمانەکان بە زۆری بە دەنگی نهێنی و ڕاستەوخۆی جەماوەر هەڵدەبژێردرێت (بروانە هەڵبژاردن). لەو وەڵاتانەی کە دەستووری بنچینەیی لەسەر جیاکردنەوەی هێزەکان (تفکیک قوا) دامەزرێوە، پەرلەمان دەبێتە هێزی یاسادانان و ئەنجومەنی وەزیرانیش لە بەرانبەریدا، بەرپرسە. هەبوونی پەرلەمان لە هەر وەڵاتێک هێماێەکە بۆ حاکمییەتی خەڵک یان پیادەبوونی دیموکراسی.
پەرلەمان لە زۆربەی وەڵاتان لە دوو کۆڕ پێک دێت: یەکەم، پەرلەمانێک کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی جەماوەر و بەزۆری بێمەرج هەڵدەبژێردرێ و دەبێتە دەمڕاست و نوێنەری ڕاستەوخۆی جەماوەر، وەک مەجلیسی شۆرا، یا مەجلیسی عەوام (لە بەریتانیا) یا کۆنگرەی نەتەوەیی (لە فەرەنسە)، یا کۆنگرەی نوێنەران (لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) . دووهەم، پەرلەمانێک کە تێیدا مەرجی پاڵێوراوان و دەنگدەران سنووردارە و جاری واش هەیە هەندێ لە نوێنەرەکانی دادەنرێن وەک (مەجلیسی سێنای پێشووی ئێران)، جاری واش هەیە مەقامی نوێنەرایەتی بە میرات بەجێدەمێنێ بۆ کەسێک وەک (مەجلیسی لۆردەکانی بەریتانیا) . نوێنەرانی پەرلەمان لە ماوەی نوێنەرایەتیدا ئەماننامەی سیاسیان هەیە. واتە کەس بۆی نییە بێ ئیجازەی پەرلەمان، بە هەر گومانێکەوە بیانخاتە بەندیخانەوە. بەزۆری دەسەڵاتی سیاسی پەرلەمانی یەکەم لە پەرلەمانی جۆری دووهەم گرینگترە و پەرلەمانی دووهەم، لە کاروباری سیاسی و داراییدا بەو جۆرە دەستی ناڕوات.
بوونی پەرلەمانی یاسادانەر بە مانای دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە ئەژمار دێت بەڵام بە چەشنی«دیموکراسی ناڕاستەوخۆ» . پەرلەمانی ئالتینگی ئیسلەندا، کۆنترین پەرلەمانی جیهانە کە لە ساڵی 925 زایینی، دامەزرێوە و تا ئێستەش دەوامەی هەیە. یەکەمین پەرلەمانی بەریتانیا لە 1265 دامەزرێ و نەریتی پەرلەمانی ئەم وەڵاتە، کۆنترین و ڕیشەدارترین نەریتی پەرلەمانی جیهانە (پەرلەمانی بەریتانیا بە دایکی پەرلەمانەکانی جیهان ناوبانگی دەرکردووە) . دوو پەرلەمانەکەی فەرەنسە بەم شێوازەی ئێستە، لە بەرایی سەدەی نۆزدە دامەزرێ. پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 1848 پێکهات و پەرلەمانی ژاپۆن بەناوی «دیت» لە 1889 دامەزراوە. پەرلەمانەکانی ئوسترالیا، کەنەدا، زیلاندی نوێ و ئەفریقای باشوور بە لاساییکردنەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا دامەزراون.