تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاژاوەگەرێتی
فەرمانڕەوایی ڕووتە و پووتە و بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار. ئاژاوەگەرێتی (مۆبۆکراسی) بریتییە لە حکوومەتی کەسانێکی نەزان و نەفام کە لە کاتی قەیران و شۆڕش و کۆدەتا*و گۆڕانکارییەکاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی وەڵاتێک بەدەستەوە بگرن. لەم حکوومەتەدا دەسەڵات دەکەوێتە دەست خەڵکانێکی بێ پرەنسیپ و ئاژاوەگێڕ، خەڵکێک کە بە ڕێگەی عەقڵیاندا ناڕۆن بەڵکوو ملکەچی هەستیان بن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست ئەکەن بە شەڕنانەوە و ئاژاوەگێڕی. ئاژاوەگەرێتی ڕووکارە گەندەڵەکەی دیموکراسی لەئەژمار دێت. لەم بارەوە «هێرۆدۆت»، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ: هەرچەندە دیموکراسی هەموو کەس لە بەرانبەر یاسادا بە یەکسان دەزانێ بەڵام عەیبەکەشی ئەوەیە کە بە ئاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی یا حکومەتی کەسانی نەفام و نەزان.
ئاگربەس
کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری بەپێی بنەڕەتەکانی (دەست کێشانەوە لە شەڕ) . بە زمانی دیپلۆماسی هاوچەرخ، ئەم زاراوە کاتێک بە کار دەهێنن کە لە گفتوگۆکاندا دوو لایەنی شەڕ نەتوانن بڕیاری ڕەسمی دەست هەڵگرتن لە شەڕ مۆر بکەن.
ئاڵا
ئاڵا باڵانوێنی دیاریکراوی ڕەسمی نەتەوەیەکە. ئەم هێماێە کە تەواوی نەتەوەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بە دەستیان هێناوە، زانیارییەکی گرینگ دەربارەی مێژوو، خەون و ئاوات، حەز و ئامانجەکانی نەتەوەیەک دەخاتە بەردەم مرۆڤ. ئاڵا نیشاندەری سروشتی دەروونی و زەینی نەتەوەیە و شوناسی ئەو نەتەوە پێناسە دەکات. ئاڵای نەتەوەیەک وێنای دەرهەستی (ئەبستراک) مرۆڤ بۆ نەتەوە، لەبار و گونجاو دەکات. ئاڵای نەتەوەیی لە مێژووی هێمایینی نەتەوەکاندا قۆناخێکی نوێ دێنێتە ئاراوە.
گەلێک پێش سەرهەڵدانی نەتەوەکان هۆز و عەشیرە سەرەتاییەکان بە شوێن نیشانە و هێمای جیاوازەوە بوون بۆ ئەوەی ئەوان لە هۆز و عەشیرەکانی دیکە جیا بکاتەوە. بنەماڵە شانشینەکانی سەردمی کۆن و مێژینەش، خۆیان بە هێمایی کردنی شتەکان سەرقاڵ ئەکرد. بەیداخ و پێوانەکانی سەردەمانی دوای قوناخی سەرەتایی، ئەم غیرەتەی ئەخستە بەر دەسەڵاتداران کە شوناسی خۆیان بە سەر چینی ژێردەست داسەپێنن. بۆ وێنە فیرعەونەکانی میسر، هەمیشە لە خەڵکی ژێردەستی خۆیان دەویست کە نیشانەی فیرعەون بە خۆیانەوە هەڵواسن. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەیداخ، هێندە پەیوەست بوو بە ڕەوابوون و شەرعییەتی دەسەڵاتدارەوە کە گرتنەوەی بەیداخی ئەرتەش یان بنەماڵەیەکی پاشایی بە مانای بێدەست مانەوە و لووت شۆڕبوونەوەی فەرمانڕەوایی وەڵاتێک لە قەڵەم ئەدرا.
لەسەردەمی ناسیۆنالیزمدا (سەدەی هەژدە) هەر دەوڵەتێک کۆمەڵێک هێمای بۆ خۆی دیاری کرد کە لەو ناوەدا ئاڵای نەتەوەیی لە هەمووان بەرجەستەتر بوو. بۆ ماوەیەکی زۆر ئاڵای نەتەوەیی تەنیا پێوەندی بە ڕێبەرانی نەتەوەیەک بوو بەڵام بەگشتی چ ئێستە و چ ڕابردوو، هێمایەک بووە بۆ ئایدیاڵ و ئاواتەکانی نەتەوەیەک وەک لەوەیکە بەیداخی بنەماڵەیەکی پاشایی بووبێت. هەندێ لە توێژەران پێیان وایە کە ئاڵای وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاستیدا بووە هۆی گەڕانەوەی ئاڵا ئەتنیکییەکانی خەڵکی ئەمریکا بە خۆیان چونکە ئاڵای نەتەوەیی ئەم وەڵاتە زیاتر لەوەیکە پێناسەکەری فەرمانڕەوا یان حاکمێک بێت، وەها بە تەرزێکی زیرەکانە نەخشاوە کە دەرخەری پلانێکی نوێی سیاسی بێت. ئەم ئاڵایە کە لە شۆڕشی ئەمریکادا (1775-1783 ) لە دایک بوو، ستراکتووری نوێی ئەم دەوڵەتە نیشان دەدات، ئەو هێڵ و ئەستێرانە بە مانای یەکگرتوویی ویلایەتەکانە بە چەشنێک کە هەموو هاووەڵاتیانی ئەمریکا حەزیان دەکرد ئاڵاکە وەشەکێنن. ئەم ستراتیژییە سیمبولێکی زیندووی جڤاتی لە بەرانبەر دەسەڵاتداران بەدیهێنا.
بۆ بێخەم بوون لەوەیکە ئاڵای نەتەوەیی هێمایەکی ورەبزوێن و زیندوو بمێنێتەوە، ڕێبەرە نەتەوەییەکان کارێک دەکەن کە هەمیشە ئاڵاکە لەبەرچاوی جەماوەر بێت. دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی فەرمی دامودەزگە ڕەسمی و ئیدارییەکان بە ئاڵا دەنەخشێنن. قوتابییەکان پێمل ئەکرێن کە هەر لەسەرەتاییەوە تاکوو دواناوەندی سوێند بە ئاڵا بخۆن.
توێژینەوە پێمان دەڵێ کە نەتەوە دەوڵەمەند و بەهێزەکان، حەز بەوە ئەکەن کە تەرح و تۆماری ئاڵاکەیان شتێکی سادە و ساکار بێت و ئاڵ و واڵا نەبێت کەچی ئەو نەتەوانەی کە لەناوەندەکانی دەسەڵاتی نێونەتەوەیی بەدوورن، حەز بە ئاڵاێیکی ئاڵوز و پێچەڵپووچ ئەکەن.
ئانتی سمیتیزم: بڕوانە جوولەکە قڕان.
ئایدیۆلۆجی
لە زمانی فەرەنسەدا بریتییە لە idee بە مانای وێنە (تێور) و ئەندێشە logie بە مانای ناسین. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا کردە و بیر بە یەک ئەندازە گرنگییان هەیە. ئایدیۆلۆجی سیستەمێکی ئەندێشەیە کە هەم دەخوازێ جیهان شرۆڤە بکات و هەم ئاڵوگۆڕی تیا بەدی بێنێت. بە واتایەکی دیکە هەر ئایدیۆلۆجیایەک شێوازێکی خەیاڵی لە کۆمەڵگە ئەدا بەدەستەوە و لە لایەنگرانی خۆی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەو شێوازە تۆمار بکەن.
ئەم زاراوە یەکەم جار لەسەردەمی شۆڕشی فەڕەنسە و لە لایەن «دێستۆت دۆتراسی» (1754-1836) بیرمەندی فەرەنسی، لە ساڵەکانی 1796 و 98 بەکار برا. بۆ ئەم زاراوە چوار مەبەست ناوبردە کراوە: یەکەم، مەبەستی تراسی بوو کە بە مانای«ئەندێشەناسی» یان «زانستی ئەندێشەکان» شرۆڤەی کردبوو. دووهەم، شێوازێکی پابەندی بە کۆماریخوازی لیبڕاڵ. سێهەم، مانایەکی سووکایەتی ئامێز بە مانای ئیفلیجیی فیکری و ڕەفتاری و هەروەها جۆڕێک لە ڕادیکاڵیزمی ترسناک و سەرەنجام، مەبەستێکی کەم بایەخ یا ڕەنگە ڕازاوە، ئەویش بە مانای «دوکتۆرینی سیاسی» .
«تراسی»، وەکوو زۆربەی فەیلەسوفانی فەرەنسی چاخی ڕۆشنگەری پێی وابوو کە ئەبێ لەگەڵ هەموو ئەزموونە مرۆییەکان ــ کە زۆربەیان پێشتر لە بەستێنی زانستی خواناسی و یەزدانپەرستیدا شرۆڤە دەکران ــ بە شێوەیەکی عەقڵانی هەڵسوکەوت بکرێت. بیرۆکە گەردونییەکان ڕەت بکرێنەوە و هەموویان بکرێن بە «هەست». بەڕای «تراسی»، ئایدیۆلۆجی، تیۆری تیۆرییەکان بوو.
هەندێ مێژوونووسی فەلسەفە، سەدەی نۆزدەیان بە «سەردەمی ئایدیۆلۆجی» ناوبردە کردووە. هۆی ئەم ناولێنانەش پەرێشانی ئەندێشەگەلێکن کە دەکرێ بە «ئایدیۆلۆجیک» پێناسە بکرێن چونکە لەناویاندا جەختکردن لەسەر کردە بەهێزتر بووە لە یاریکردن بە تیۆری فەلسەفی.
ئایدیۆلۆجی، جاری وا هەیە مانایەکی پوختە لەخۆ دەگرێ و هەندێ جاریش مانایەکی ناپوختی هەیە. بە واتا ناپوختەکەی، بریتییە لە هەر جۆرە تیۆرییەک کە لەسەر کردە چەق ئەبەستێ یان هەر تەقەڵایەک بۆ نزیککەوتنەوە لە کێشە سیاسییە کان لەژێر تیشکی دەزگەیەکی ئایدیۆلۆجیدا. بەڵام مانا پوختەکەی هەمان شرۆڤەی «تراسی »یە کە پێنج تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێ: (١) ئایدیۆلۆجی، تیۆرییەکی تۆخە لە بارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە. (٢) بۆ ڕێکخراوەی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی، تیۆری و پڕۆگرامێکی گشتی ئاڕاستە دەکات. (٣) گەیشتن بەم پڕۆگرامە هەڵگری خەباتێکی تایبەتە. (٤) بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، نەوەک خەڵک دنە بدات، بەڵکوو بە شوێن خڕکردنەوەی لایەنگری وەفادارە و حەزیش بە «سەرسپوردە» دەکات. (٥) زیاتر بە شوێن ڕەشەگەلەوەیە بەڵام لە ڕێبەرایەتی کردنی ڕۆشنبیرانیشدا ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێت.
بەپێی ئەم پێودانگانە ئەکرێ سیستەمگەلی جۆراوجۆری فیکری بە ئایدیۆلۆجی لە قەڵەم بدرێ. لە «زانستی ئەندێشەکان»ی «تراسی» یەوە بگرە تا پۆزیتۆڤیزمی فەیلەسوفی فەرەنسی، «ئۆگۆست کۆنت»، «کۆمۆنیزم»، جۆرەکانی «سۆشیالیزم»، «فاشیزم»، «نازیسم» و هەندێ لە ڕێبازەکانی «ناسیۆنالیزم». ئەوەیکە تەواوی ئەم سیستەمە فیکرییانە، ئەگەڕێنەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بیست، مانای وایە کە هیچکامیان کۆنتر لە خودی وشەی ئایدیۆلۆجی نین و هی سەردەمانێکن کە ئیمانی سەرزەمینی، چۆتە جێی ئیمانی ئایینی و ئاسمانی و کرداری کۆمەڵایەتی و سیاسیش چۆتە جێی بیرۆکەی فەلسەفی.
«مارکس» لە هەندێ لە وتارەکانی تافی لاوییدا بە تایبەت لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی، ئایدیۆلۆجی بە واتایەکی دزێو و جنێوئامێز بە کار دەبات. «مارکس» لەم کتێبەدا ئایدیۆلۆجی بە مانای "زڕە وشیاری" یان «وشیاری درۆ» لێک دەداتەوە. بەم پێیە ئایدیۆلۆجی، کۆپلە مەرامێکە کە خەڵک خۆیانی پێ فریو دەدەن و وێنایەکی ناڕاستی جیهان دەئاخنێتە مێشکیانەوە. بە باوەڕی مارکس ئایدیۆلۆجی، ڕوانگەیەکە کە خەڵک بەو پێیە جیهان مانا دەکەنەوە ئەگەرچی پێوەندییەکیشی بە واقیعەکانەوە نەبێت. هەر ئایدیۆلۆجیایەک، جیهانبینیەک ناونووس دەکرێت کە تەنیا بەرژەوەندی و خواستەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات، لەبەر ئەوە، پێوەندی لەگەڵ واقیعی جیهان و ڕەوتی هەقیقی مێژوو ڕێژەیییە و پابەندە بەو قۆناخە کۆمەڵایەتی ــ مێژوویییەی کە ئایدیۆلۆجی تیا لە دایک دەبێت. کەواتە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی لە هەر قۆناخێکی مێژووییدا هەڵگری ئایدیۆلۆجی یان«جیهانبینی» * تایبەتی خۆیەتی. هەڵبەت «مارکس» وا نەبووە کە هەمیشە ئایدیۆلۆجی بە مانا دزێوەکەی لێک بداتەوە جاری واش بووە جۆڕێک شرۆڤەی کردووە کە بتوانێ هەڵگری هەقیقەتیش بێت.
مارکسییەکانی سەدەی بیستەم کە مانا دزێوەکەی ئایدیۆلۆجیان پشتگوێ خستووە، بۆ مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجی ئەڕوانن و بە «ئایدیۆلۆژی چینی کرێکار» ناوبردەی دەکەن کە بە باوەڕی ئەوان هەڵگری هەقیقەتە ئەزەلی و ئەبەدییەکانی مرۆڤ و جیهان و مێژوون.
لە هەندێ لە وەڵاتانی کۆمۆنیستی دا «ئەنستیتۆی ئایدیۆلۆجییایی» بەرپاکراون و بە فەیلەسوفە حیزبییەکانیش ئەڵێن«ئایدیۆلۆگ» *. مارکسیزم ــ لێنینیزم نموونەیەکی تۆخی ئایدیۆلۆجییە.
کاتێک هەنگاو دەنێینە سەدەی بیستەوە جەمسەری ئایدیۆلۆجی لە قوتابخانەی مارکسیزم ئاڵۆزتر ئەبێت. بە هاتنە مەیدانی بیرمەندانێکی وەکوو «لۆکاچ»، مەتریاڵیزمی دایەلیکتیک لە گوێن ئایدیۆلۆجییایەک پەسند دەکرێ. «لۆکاچ» پێی وایە، ئایدیۆلۆجی زۆر زیاتر و قووڵتر لەو شتەی کە «لینین» بیری لێ دەکردەوە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ڕیشەی داکوتاوە. «گرامشی» ، وردبینانەتر لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆجی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە باوەڕی ئەو هەژمۆنی* سەرمایەداری تەنیا لەسەر زۆر و ستەم ڕانەوەستاوە بەڵکوو بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لەسەر ڕێبەرایەتی کردنی ئەندێشەکان لەنگەری گرتووە. ئایدیۆلۆجیای چینی دەسەڵاتدار، لە مێشکی شارۆمەندی مامناوەندیدا دەبێتە شتێکی ڕەشۆکییانە و پەسند دەکرێت. دەسەڵات تەنیا یاسایەکی وشک و تۆسن یان ستەمکاریی نییە بەڵکوو حاکمییەتی زمان و ئەخلاق و کەلتوور و عەقڵی گشتی و عەقڵی سەلیمە. ڕەشەگەل بە دەروونی کردنی هەژمۆنی* ئایدیاڵەکان، سەرکوت دەکرێن.
«مانهایم»، یەکێکی دیکە لەو بیرمەندانەیە کە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم (1945)، لەسەر ئایدیۆلۆجی تێفکرینی بووە و لە ڕاستیدا ڕێگەی بۆ قۆناخێکی دیکەی ئەم چەمکە خۆش کرد کە دواتر بە ناوی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» لە قەڵەم درا. کۆتایی پێهاتنی ئایدیۆلۆجی بریتی بوو لە تێکەڵبوونی بە کاوەخۆی ئایدیۆلۆجی و چالاکی سیاسی لە لقە ئەکادمییەکانی کۆمەڵناسی. قوتابخانەی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» بەرهەمی "شەڕی سارد"* بوو کە لە هەشتاکانەوە وەکوو زریانێک هەڵوەشانەوەی کۆمۆنیزم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و گەڕانەوە بۆ ئابووری بازاڕی ئازادی بە دوا خۆیدا هێنابوو. کۆتایی ئایدیۆلۆجی هاوکات بوو لەگەڵ بە قارەمانبوونی «کۆمەڵناسی» بە تایبەت کۆمەڵناسی ئەمەریکی چوونکە جیهانی بەوە دڵخۆش کردبوو کە سەردەمی خورافە بەسەرچووە و دەبێ زانست بایەخدار بێت. ئەم نمایەندە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەندێشەکانی «تراسی». چونکە ئەویش پێی وابوو کە ئایدیۆلۆجی زانستی سڕینەوەی خۆرافاتە. کەچی لە کۆمەڵناسی 1950 بەملاوە ئایدیۆلۆجی خۆرافەیەک بوو کە پێویستی بە سڕینەوە نەبوو.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی تیۆری کۆتایی ئایدیۆلۆجی، نەیانتوانیبوو بە جێی ئایدیۆلۆجی، ئەڵتەرناتیڤێک پێشنیاز بکەن. بەم بۆنەوە «مەک ئینتایەر»، بە هۆشمەندییەوە گوتی: لە ڕاستیدا کۆتایی ئایدیۆلۆجی، بێئەوەی کە بە هەقیقەت کۆتایی هاتن بە ئایدیۆلۆجی بێت، خۆی ئایدیۆلۆجییا و تەشکێک لە لیبڕاڵیزمی پراگماتیکی لە ئەژمار دەهات.
ئەمێستەگوڵۆڵەی ئایدیۆلۆجی زۆر ئاڵۆزە و کەوتۆتە لێژییەوە. یەکێک لەو جەمسەرانەی کە ئێستەش نەکراوەیە، دژایەتی نێوان هەقیقەت و ئایدیۆلۆجییە. کاری ئایدیۆلۆجیا بە بەڵگاندن سەر ناگرێ بەڵکوو زیاتر کاری داکۆکیکردن و جەختکردن و ئەرەمانی (تجویز)یە.
ئایدیۆلۆگ
بە مانای کەسێک کە لە ئایدیۆلۆجیایەک سەردەرچوو بێت و لەم بارەوە بۆ خەڵکانی دیکە سەرچاوە بێت.
ئەنجومەنی ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێکە لە شەش ڕوکنی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەرکی سەرەکی ئەنجومەن پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە. ئەم ئەنجومەنە 15 ئەندامی هەیە کە پێنج لەم ئەندامانە (ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فرەنسێ و چین) وەکوو ئەندامی هەمیشەیی لە ئەژمار دێن. 10 ئەندامی کاتی ئەنجومەن، لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوە بۆ ماوەی 2 ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاودەنگن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام، دەنگی پێ بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن، ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
باڵیۆزی ئاکریدیتێ
هەر کاتێک دوو وەڵات لەگەڵ یەکدی پێوەندی سیاسییان هەبێت بەڵام پێکەوە باڵیۆزیان ئاڵوگۆڕ نەکردبێت، لەم حاڵەتەدا ئەغڵەب باڵیۆزی خۆیان لە وەڵاتێکی دراوسێی ئەو وەڵاتە وەک «باڵیۆزی ئاکریدیتێ» بە وەڵاتەکەی دیکە دەناسێنن. ئەم باڵیۆزە لە ڕاستیدا ئەبێتە ڕاسپاردەی وەڵاتێک لە دوو وەڵاتی دیکە.
بزاڤی ئاشتی
بزاڤێکە کە حەز بە چەسپاندنی ئاشتی نێونەتەوەیی (یا نەتەوەیی) بکات و بەرگری دەکات لە بەرپابوونی شەڕ لە داهاتوودا. ئەم بزاڤە پێی وایە کە بە هەرەوەزی ئینسانی لە هەموو جیهان، دەکرێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر فشار و بە سازدانی پێوەندی نێونەتەوەیی، کێشەکان کەم بکرێنەوە و کۆمەڵگەکان لە یەکدی نزیک ببنەوە.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
جیهانی ئازاد
ئەم زاراوە لەلایەن سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوایی بۆ باسکردن لە جیهانێک بەدەر لە کۆمۆنیست بەکار براوە.
خەڵاتی ئاشتی نۆبل
خەڵاتی نۆبل دەگەڕێتەوە بۆ کیمیازان و داهێنەری سویدی بەناوی ئالفرێد نۆبل، کە لەنێوان ساڵانی (1833ـــ 1896) لە ستۆکهۆڵم ژیاوە و لەڕێی دروستکردنی دینامیت، سەروەت و سامانێکی زۆری پێکەوەناوە. بەڵام کاتێک زانی ئەم داهێنانەی ئەو بووەتە مایەی نیگەرانی و نائارامی لە جیهان، زۆری لە دڵ گران بووە و هەر بۆیە پارە و سامانەکەی کە پتر لە 31 ملیۆن کرۆنی سویدی بووە، بۆ شەش خەڵات تەرخان کرد. پێنج خەڵات بەو زانایانە دەدرێ کە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، دەروونناسی، پزیشکی و ئەدەبی خزمەتی بەرچاویان کردبێت و خەڵاتی شەشەم بە کەسێک دەدرێ کە خۆی یا وەڵاتەکەی لە بواری ئاشتی جیهاندا هەنگاوی گرنگ و بەنرخی هەڵگرتبێ. لەو کاتە بەدواوە، لیژنەیەک وەک بەرپرسی دابەشکردن، خەڵاتەکە بە کەسانی بەرجەستەی زانستی و ئەدەبی و سیاسی پێشکەش دەکات. لیژنەی نۆبل، خەڵاتی ئاشتی نۆبل لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویژ پێشکەش دەکات.
یەکەمین خەڵات لە ساڵی 1902 بە هانری دونان، بنیاتنەری خاچی سووری جیهانی پێشکەش کرا. لەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆفی ئەننان لە غانا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان (2001)، جیمی کارتەر، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا (2002)، خاتوو شیرین عیبادی پارێزەر و چالاک وانی مافی مرۆڤ لە ئێران (2003) و باراک ئۆباما سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (2009) . بەڕای نەیاران و ڕەخنەگران، خەڵاتی نۆبل لەم دواییانەدا ڕەنگ و ڕوویەکی سیاسی لێ نیشتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زلهێزەکان بە تایبەت وەڵاتانی ئەوروپی دابەش دەکرێت.
دوکترینی ئایزەنهاوەر
بە کۆمەڵە پێشنیارەکانی دووایت ئایزەنهاوەر، سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (60ــ 1952) دەگوترێ کە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژانوییەی 1957، خستییە بەردەم کۆنگرێس و بەو پێیە:
1) ئەمریکا بۆی هەیە بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی «وەڵاتانێک کە لە دەرەوە دەکەونە بەر هەڕەشەی کۆمۆنیزم یان لەناوەوە تووشی ململانآ و گێڕەشێوێنی دەبن» ، مادامێکی ئەو وەڵاتانە بخوازن، بە یارمەتی هێزە چەکدارەکانی خۆی پشتیان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
2) ئەمریکا دەبێ بۆ پەرەسەندنی ئابووری ئەم وەڵاتانە هەنگاو بنێ.
3) ئەمریکا دەبێ بەو وەڵاتانەی کە خوازیاری هاوکاری سەربازی بن، یارمەتی بگەیەنێت.
ئەو هەرێمانەی کە دوکترینەکەی تیا بەڕێوە دەچوو، هەر لە لیبی لە ڕۆژاواوە تا پاکستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە باکوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە باشووری دەگرتەوە. نموونەی پیادەبوونی ئەم دوکترینە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لوبنان بوو لە ساڵی 1958، بەهۆی قەیرانی کەناڵی سۆئێز.
دەوڵەتی ئازاد
بریتییەلە دەوڵەتێک کە نیشتمانپەروەرانی وەڵاتێکی داگیرکراو لە دەرەوەی وەڵاتەکەی خۆیان وەکوو دەوڵەتی کاتی دایدەمزرێنن و ڕزگارکردنی وەڵات بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن. ئەم دەوڵەتە کاتێک دروست ئەبێ کە ژمارەیەک لە دەوڵەتەکان، دانی پێدا بنێن و بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئەو وەڵاتەی بزانن.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سیاسەتی ئاو
ئەم زاراوە لەگەڵ دیپلۆماسی ئاو Hydrodiplomacy هاوواتایە و بە مەبەستی سیاسەتە جیهانییەکان لەمەڕ کێشەی ئاوی شیرین بەکار براوە. لەبەرئەوەی لە داهاتوودا ئاو دەبێتە دەسپێچکێکی سیاسی و ڕەنگە مایەی کێشەی نێودەوڵەتی بێت. ئەگەرچی 70% گۆی زەوی پڕیەتی لە ئاو بەڵام تەنیا 1% ئەم ئاوە ڕاستەوخۆ کەڵکی لێ وەردەگیرێت. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گرنگی ئاو بۆ پەرەسەندنی ئابووری، هەبوونی چەم و ڕووباری گەورەی هاوبەش لە نێوان چەند وەڵاتدا لەم دواییانە زاراوەی دیپلۆماسی ئاو ڕەواجی پەیدا کردووە. هەر بەم بۆنەوە لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەنجومەنێکی ناحوکوومەتی لە ساڵی 1995 بۆ باسکردن لە کێشەی ئاو دامەزراوە و یەکەم دانیشتنی خۆی لە کەنەدا بەڕێوەبردوە.
شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی
زاراوەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، یەکەم جار لە لایەن جۆن ستوارت میل بیرمەندی ئینگلیزی بۆ پێناسەکردنی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی ئاسیایی هاتە ئاراوە. دواتر لە لایەن بیرمەندانێکی وەک کاڕۆڵ مارکس بە تێروتەسەلی شرۆڤە کراوە. ئەو بۆ ناساندنی وەڵاتانی چین و ڕووسیە و هێندستان، کۆمەڵێ تایبەتمەندی یەکسان دەبینێت کە بە گشتی بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی ناوبردە کراوە. بە باوەڕی مارکس، بارودۆخ و کەشوهەوای هەرێمەکانی وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی کەمبوونی ئاو پێویستی بە هێنانە مەیدانی جەماوەر و هەرەوەزی مرۆڤییە بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو. بەم بۆنەوە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، دەست دەگرن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا و لەم ڕێگەوە زەبر و زاکونی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەم وەڵاتانە خاڵی دەکەنەوە. بەمجۆرە شێوازێکی تایبەتی بەرهەمهێنان لە وەڵاتانی ئاسیایی دێتە ئاراوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئیستبداد و ستەمکاری لەم وەڵاتانە.
شەڕی ئایدیۆلۆجیکی
تەکتیکێک کە لە سەردەمی شەڕی سارد لە لایەن دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە مەبەستی بانگەشەی شێوەی ژیان و گوزەرانی سەرمایەداری یان سۆشیالیستی لە ناوخۆ و دەرەوە بەکار برا.
2ــ جۆرە ململانەیەکە لەگەڵ سیستەمی بەهاکانی ڕەقیب کە هەوڵدەدات بۆ گۆڕینی بیروڕای جەماوەر. شەڕی ئایدیۆلۆجیکی بە پڕوپاگەندە و بەرنامەی کەلتووری و پەروەردە و هونەری و دانوستانی زانستی و یارمەتی وەڵاتانی بێگانە و… بە ئەنجام دەگات. گرینگترین شەڕی ئایدیۆلۆژیکی سەدەی بیستەم لە نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری ڕووی دا.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
لسەفەیر/ئابووری ئازاد
زاراوەیەکی فەرەنسییە کە بە واتای ئازادی ڕەهای ئابووری و دەستدرێژی نەکردنی دەوڵەت بەکار براوە، هەروا ئەم مانایەش دەبەخشێ: «لێگەڕێ مرۆڤ هەرچی دەخوازێ با ئەنجامی بدات». ئەم زاراوە ناونیشانێکی دیکەیە بۆ تیۆری «ئابووری کلاسیک» کە پێیوایە ئەگەر دەوڵەت یا هەر هێزێکی دیکەی خۆسەپێن دەستێوەردانی کاروباری ئابووری نەکەن، گیروگرفتەکان خۆبەخۆ چارەسەردەکرێن و بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچن. ئەم ڕێبازە لە سەرەتای سەدەی 17 دانراوە و کۆمەڵێک لە ئابووریناسانی فەرەنسی کە بە فیزیۆکراتەکان ناسراون پوختەیان کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.