تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئایدیۆلۆجی
لە زمانی فەرەنسەدا بریتییە لە idee بە مانای وێنە (تێور) و ئەندێشە logie بە مانای ناسین. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا کردە و بیر بە یەک ئەندازە گرنگییان هەیە. ئایدیۆلۆجی سیستەمێکی ئەندێشەیە کە هەم دەخوازێ جیهان شرۆڤە بکات و هەم ئاڵوگۆڕی تیا بەدی بێنێت. بە واتایەکی دیکە هەر ئایدیۆلۆجیایەک شێوازێکی خەیاڵی لە کۆمەڵگە ئەدا بەدەستەوە و لە لایەنگرانی خۆی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەو شێوازە تۆمار بکەن.
ئەم زاراوە یەکەم جار لەسەردەمی شۆڕشی فەڕەنسە و لە لایەن «دێستۆت دۆتراسی» (1754-1836) بیرمەندی فەرەنسی، لە ساڵەکانی 1796 و 98 بەکار برا. بۆ ئەم زاراوە چوار مەبەست ناوبردە کراوە: یەکەم، مەبەستی تراسی بوو کە بە مانای«ئەندێشەناسی» یان «زانستی ئەندێشەکان» شرۆڤەی کردبوو. دووهەم، شێوازێکی پابەندی بە کۆماریخوازی لیبڕاڵ. سێهەم، مانایەکی سووکایەتی ئامێز بە مانای ئیفلیجیی فیکری و ڕەفتاری و هەروەها جۆڕێک لە ڕادیکاڵیزمی ترسناک و سەرەنجام، مەبەستێکی کەم بایەخ یا ڕەنگە ڕازاوە، ئەویش بە مانای «دوکتۆرینی سیاسی» .
«تراسی»، وەکوو زۆربەی فەیلەسوفانی فەرەنسی چاخی ڕۆشنگەری پێی وابوو کە ئەبێ لەگەڵ هەموو ئەزموونە مرۆییەکان ــ کە زۆربەیان پێشتر لە بەستێنی زانستی خواناسی و یەزدانپەرستیدا شرۆڤە دەکران ــ بە شێوەیەکی عەقڵانی هەڵسوکەوت بکرێت. بیرۆکە گەردونییەکان ڕەت بکرێنەوە و هەموویان بکرێن بە «هەست». بەڕای «تراسی»، ئایدیۆلۆجی، تیۆری تیۆرییەکان بوو.
هەندێ مێژوونووسی فەلسەفە، سەدەی نۆزدەیان بە «سەردەمی ئایدیۆلۆجی» ناوبردە کردووە. هۆی ئەم ناولێنانەش پەرێشانی ئەندێشەگەلێکن کە دەکرێ بە «ئایدیۆلۆجیک» پێناسە بکرێن چونکە لەناویاندا جەختکردن لەسەر کردە بەهێزتر بووە لە یاریکردن بە تیۆری فەلسەفی.
ئایدیۆلۆجی، جاری وا هەیە مانایەکی پوختە لەخۆ دەگرێ و هەندێ جاریش مانایەکی ناپوختی هەیە. بە واتا ناپوختەکەی، بریتییە لە هەر جۆرە تیۆرییەک کە لەسەر کردە چەق ئەبەستێ یان هەر تەقەڵایەک بۆ نزیککەوتنەوە لە کێشە سیاسییە کان لەژێر تیشکی دەزگەیەکی ئایدیۆلۆجیدا. بەڵام مانا پوختەکەی هەمان شرۆڤەی «تراسی »یە کە پێنج تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێ: (١) ئایدیۆلۆجی، تیۆرییەکی تۆخە لە بارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە. (٢) بۆ ڕێکخراوەی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی، تیۆری و پڕۆگرامێکی گشتی ئاڕاستە دەکات. (٣) گەیشتن بەم پڕۆگرامە هەڵگری خەباتێکی تایبەتە. (٤) بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، نەوەک خەڵک دنە بدات، بەڵکوو بە شوێن خڕکردنەوەی لایەنگری وەفادارە و حەزیش بە «سەرسپوردە» دەکات. (٥) زیاتر بە شوێن ڕەشەگەلەوەیە بەڵام لە ڕێبەرایەتی کردنی ڕۆشنبیرانیشدا ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێت.
بەپێی ئەم پێودانگانە ئەکرێ سیستەمگەلی جۆراوجۆری فیکری بە ئایدیۆلۆجی لە قەڵەم بدرێ. لە «زانستی ئەندێشەکان»ی «تراسی» یەوە بگرە تا پۆزیتۆڤیزمی فەیلەسوفی فەرەنسی، «ئۆگۆست کۆنت»، «کۆمۆنیزم»، جۆرەکانی «سۆشیالیزم»، «فاشیزم»، «نازیسم» و هەندێ لە ڕێبازەکانی «ناسیۆنالیزم». ئەوەیکە تەواوی ئەم سیستەمە فیکرییانە، ئەگەڕێنەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بیست، مانای وایە کە هیچکامیان کۆنتر لە خودی وشەی ئایدیۆلۆجی نین و هی سەردەمانێکن کە ئیمانی سەرزەمینی، چۆتە جێی ئیمانی ئایینی و ئاسمانی و کرداری کۆمەڵایەتی و سیاسیش چۆتە جێی بیرۆکەی فەلسەفی.
«مارکس» لە هەندێ لە وتارەکانی تافی لاوییدا بە تایبەت لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی، ئایدیۆلۆجی بە واتایەکی دزێو و جنێوئامێز بە کار دەبات. «مارکس» لەم کتێبەدا ئایدیۆلۆجی بە مانای "زڕە وشیاری" یان «وشیاری درۆ» لێک دەداتەوە. بەم پێیە ئایدیۆلۆجی، کۆپلە مەرامێکە کە خەڵک خۆیانی پێ فریو دەدەن و وێنایەکی ناڕاستی جیهان دەئاخنێتە مێشکیانەوە. بە باوەڕی مارکس ئایدیۆلۆجی، ڕوانگەیەکە کە خەڵک بەو پێیە جیهان مانا دەکەنەوە ئەگەرچی پێوەندییەکیشی بە واقیعەکانەوە نەبێت. هەر ئایدیۆلۆجیایەک، جیهانبینیەک ناونووس دەکرێت کە تەنیا بەرژەوەندی و خواستەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات، لەبەر ئەوە، پێوەندی لەگەڵ واقیعی جیهان و ڕەوتی هەقیقی مێژوو ڕێژەیییە و پابەندە بەو قۆناخە کۆمەڵایەتی ــ مێژوویییەی کە ئایدیۆلۆجی تیا لە دایک دەبێت. کەواتە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی لە هەر قۆناخێکی مێژووییدا هەڵگری ئایدیۆلۆجی یان«جیهانبینی» * تایبەتی خۆیەتی. هەڵبەت «مارکس» وا نەبووە کە هەمیشە ئایدیۆلۆجی بە مانا دزێوەکەی لێک بداتەوە جاری واش بووە جۆڕێک شرۆڤەی کردووە کە بتوانێ هەڵگری هەقیقەتیش بێت.
مارکسییەکانی سەدەی بیستەم کە مانا دزێوەکەی ئایدیۆلۆجیان پشتگوێ خستووە، بۆ مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجی ئەڕوانن و بە «ئایدیۆلۆژی چینی کرێکار» ناوبردەی دەکەن کە بە باوەڕی ئەوان هەڵگری هەقیقەتە ئەزەلی و ئەبەدییەکانی مرۆڤ و جیهان و مێژوون.
لە هەندێ لە وەڵاتانی کۆمۆنیستی دا «ئەنستیتۆی ئایدیۆلۆجییایی» بەرپاکراون و بە فەیلەسوفە حیزبییەکانیش ئەڵێن«ئایدیۆلۆگ» *. مارکسیزم ــ لێنینیزم نموونەیەکی تۆخی ئایدیۆلۆجییە.
کاتێک هەنگاو دەنێینە سەدەی بیستەوە جەمسەری ئایدیۆلۆجی لە قوتابخانەی مارکسیزم ئاڵۆزتر ئەبێت. بە هاتنە مەیدانی بیرمەندانێکی وەکوو «لۆکاچ»، مەتریاڵیزمی دایەلیکتیک لە گوێن ئایدیۆلۆجییایەک پەسند دەکرێ. «لۆکاچ» پێی وایە، ئایدیۆلۆجی زۆر زیاتر و قووڵتر لەو شتەی کە «لینین» بیری لێ دەکردەوە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ڕیشەی داکوتاوە. «گرامشی» ، وردبینانەتر لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆجی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە باوەڕی ئەو هەژمۆنی* سەرمایەداری تەنیا لەسەر زۆر و ستەم ڕانەوەستاوە بەڵکوو بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لەسەر ڕێبەرایەتی کردنی ئەندێشەکان لەنگەری گرتووە. ئایدیۆلۆجیای چینی دەسەڵاتدار، لە مێشکی شارۆمەندی مامناوەندیدا دەبێتە شتێکی ڕەشۆکییانە و پەسند دەکرێت. دەسەڵات تەنیا یاسایەکی وشک و تۆسن یان ستەمکاریی نییە بەڵکوو حاکمییەتی زمان و ئەخلاق و کەلتوور و عەقڵی گشتی و عەقڵی سەلیمە. ڕەشەگەل بە دەروونی کردنی هەژمۆنی* ئایدیاڵەکان، سەرکوت دەکرێن.
«مانهایم»، یەکێکی دیکە لەو بیرمەندانەیە کە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم (1945)، لەسەر ئایدیۆلۆجی تێفکرینی بووە و لە ڕاستیدا ڕێگەی بۆ قۆناخێکی دیکەی ئەم چەمکە خۆش کرد کە دواتر بە ناوی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» لە قەڵەم درا. کۆتایی پێهاتنی ئایدیۆلۆجی بریتی بوو لە تێکەڵبوونی بە کاوەخۆی ئایدیۆلۆجی و چالاکی سیاسی لە لقە ئەکادمییەکانی کۆمەڵناسی. قوتابخانەی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» بەرهەمی "شەڕی سارد"* بوو کە لە هەشتاکانەوە وەکوو زریانێک هەڵوەشانەوەی کۆمۆنیزم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و گەڕانەوە بۆ ئابووری بازاڕی ئازادی بە دوا خۆیدا هێنابوو. کۆتایی ئایدیۆلۆجی هاوکات بوو لەگەڵ بە قارەمانبوونی «کۆمەڵناسی» بە تایبەت کۆمەڵناسی ئەمەریکی چوونکە جیهانی بەوە دڵخۆش کردبوو کە سەردەمی خورافە بەسەرچووە و دەبێ زانست بایەخدار بێت. ئەم نمایەندە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەندێشەکانی «تراسی». چونکە ئەویش پێی وابوو کە ئایدیۆلۆجی زانستی سڕینەوەی خۆرافاتە. کەچی لە کۆمەڵناسی 1950 بەملاوە ئایدیۆلۆجی خۆرافەیەک بوو کە پێویستی بە سڕینەوە نەبوو.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی تیۆری کۆتایی ئایدیۆلۆجی، نەیانتوانیبوو بە جێی ئایدیۆلۆجی، ئەڵتەرناتیڤێک پێشنیاز بکەن. بەم بۆنەوە «مەک ئینتایەر»، بە هۆشمەندییەوە گوتی: لە ڕاستیدا کۆتایی ئایدیۆلۆجی، بێئەوەی کە بە هەقیقەت کۆتایی هاتن بە ئایدیۆلۆجی بێت، خۆی ئایدیۆلۆجییا و تەشکێک لە لیبڕاڵیزمی پراگماتیکی لە ئەژمار دەهات.
ئەمێستەگوڵۆڵەی ئایدیۆلۆجی زۆر ئاڵۆزە و کەوتۆتە لێژییەوە. یەکێک لەو جەمسەرانەی کە ئێستەش نەکراوەیە، دژایەتی نێوان هەقیقەت و ئایدیۆلۆجییە. کاری ئایدیۆلۆجیا بە بەڵگاندن سەر ناگرێ بەڵکوو زیاتر کاری داکۆکیکردن و جەختکردن و ئەرەمانی (تجویز)یە.
ئایدیۆلۆگ
بە مانای کەسێک کە لە ئایدیۆلۆجیایەک سەردەرچوو بێت و لەم بارەوە بۆ خەڵکانی دیکە سەرچاوە بێت.
ئۆپۆزیسیۆن
بە زمانی فەرەنسی بە واتای «نەیاری» یان «نەیاران» بەڵام بەگشتی بریتییە لە هەوڵ و تەقەڵای ئەنجومەن، حیزب، گرووپ و جەماوەر یان کەسانێک بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێک بۆ نەیاریکردن لەگەڵ ئامانجی دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، جا چ لەڕێی پەرلەمانەوە بێت چ بە شێوازەکانی دیکە. بە واتایێکی سادە « ئۆپۆزیسیۆن« ناوێکە بۆ گرووپێک کە لە سیستەمێکی پەرلەمانیدا بەپێی دەستووری بنچینەیی بوونی بە ڕەسمییەت ناسراوە و لە پەرلەماندا گرووپێک بۆخۆی دائەمەزرێنێ، بەڵام سەروپێوەنی بە حکوومەتەوە نییە و پشتیوانی لێ ناکا کەچی هەردوولا خۆیان بە وەفاداری دەستوورێکی بنچینەیی دەزانن. ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی بە بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و ڕاوێژی نێو پەرلەمان بەپێی ئەو مەرجانەی کە دەستووری بنچینەیی دیاری کردووە، بەسەر کاروباری حکوومەتدا چاودێری ڕاستەوخۆی هەیە و ڕای گشتیش لە ئەنجامی کارەکان ئاگەدار دەکاتەوە.
گرینگترین ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن ئەمەیە کە دەرفەتی چەشنێکی دیکەی هەڵبژاردن دەخاتە بەردەمی دەنگدەران بۆ ئەوەی بەم بۆنەوە هەڵبژاردنێکی لەبارتر بەڕێوە بچێت. ئۆپۆزیسیۆن هێماێیکە بۆ حکوومەتی داهاتوو. بەم پێیە ئۆپۆزیسیۆن بەشێکی تەواوکەری سیستەمە پەرلەمانییەکانی وەڵاتانێکی لیبڕاڵی کۆنباو وەکوو بەریتانیا و فەرەنسە و سویدە کە بەزۆری دوو حیزبی سەرەکی بە نۆبە، ڕۆڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی تێدا ئەگێڕن. لە سیستەمە تاک حیزبییەکاندا ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەی ڕەسمی و یاسایی هەبوونی نییە. لەم سیستەمانەدا هەر چەشنە نەیارییەک لەگەڵ حیزب و دەوڵەتی دەسەڵاتدار بە واتای نەیاریکردن لەگەڵ نەزمی گشتی و دەستووری بنچینەیی لە ئەژمار دێت.
لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەهۆی هەبوونی سیستەمی سەرۆککۆماریی، پێویست ناکا لە پەرلەمان زۆرینەیەکی یەکدەنگ هەبێت چونکە لامەرکەزی بوونی حیزبەکان ڕێگە لە دامەزرانی فراکسیۆنی یەکدەنگ ئەگرێت، هەربۆیە لەم وەڵاتەدا ئۆپۆزیسیۆن وەکوو دەزگەیەکی پەیوەست بە دەستووری بنچینەیی بەدی ناکرێ و لەبەرئەوەی هاوچەشنیەکی فراکسیۆنی لە ئارادا نییە، بۆ مەسەلە بنچینەییەکان ناکرێ ئەم بابەتە بەرتەسکە بێتە ئاراوە.
سیستەمی سەرۆککۆماریی (بڕوانە سەرۆک کۆمار) دەرفەتی ئەوە دەدات کە زۆرینەی پەرلەمان سەر بە حیزبێک بێت و سەرۆککۆماریش سەر بە حیزبەکەی دیکە، ئەم دووانەش هاریکاری یەکتر دەکەن و ئەم دۆخەش لە مێژە لە و وەڵاتەدا هاتۆتە کایەوە.
یەکەم ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سەدەی 18ی زایینی لە بەریتانیا لەنێوان دوو گرووپی (ویگ و توری) پێک هات کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبووە و زۆرجاریش هاودەنگ بوون. شەڕی زۆرینە و کەمینە و جێبەجێ بوونی حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبی نەیاریش لەباری سیاسییەوە زیاتر ڕوکارێکی شەخسی بووە تاکوو گشتگیر.
لە سیستەمی پەرلەمانیدا ئۆپۆزیسیون دەوڕێکی وادەگێڕێ کە لە تیۆری کلاسیکی جیاکردنەوەی هێزەکان * (تفکیک قوا) دا ئەم دەورە بۆ پەرلەمان لەبەر چاو گیراوە. چونکە لەو کاتەوە سیستەمی پەرلەمانی هاتۆتە کایەوە، بەزۆری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی پەرلەمان یا یەکێک بون یا یەکگرتوو کە ئەم یەکبوونە وایکردووە ئەرکی پەرلەمان کە چاودێریکردنە بە سەر دەستوور و یاساداناندا بگۆڕی و بەم بۆنەوە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێ بە سەر دەوڵەتدا چاودێری بکا.
ئۆپورتونیسم: بڕوانە هەڵپەرەستی.
ئوپێک: بڕوانە ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
ئینتەرناسیۆنال
ئەم زاراوە لە ڕەوتێکی میژووییدا بە چوار هاوپەیمانییەتی دەگوترێ کە لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سوسیالیستییە کرێکارییەکاندا بەمەبەستی گەیشتن بە یەکدەنگییەکی جیهانی و پێشخستنی بزاڤی کرێکاری بەستراوە. ئەم چوار هاوپەیمانییە بریتیە لە:
ئینتەرناسیۆنالی یەکەم، یان یەکیەتی نێونەتەوەیی کرێکاران کە لە ساڵی 1864 بە هەوڵ و تێکۆشانی «کاڕۆل مارکس» لە لەندەن دامەزرا. لە 1872 دوو لقی لێ جیا بۆوە کە بە لایەنگرانی«مارکس» و گرووپی سەر بە ئانارشیزمی «میکاییل باکۆنین»، ناویان دەرکرد کەچی لە ساڵی 1876، لە بەر ململانێی ئایدیۆلۆژیک کۆتاییی پێ هات.
ئینتەرناسیۆنالی دووهەم: لە ساڵی 1889 لە پاریس دامەزرا، بەڵام نەیتوانی خۆی لە قەیرانی حیزبی سۆسیالیست و نەتەوەخواز بۆ بەرگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی، دەرباز بکات. ئەم هاوپەیمانییەتییە لە 1923 لە نەبوونی کۆمۆنیستەکان (کە ئەودەم ئینتەرناسیۆناڵی سێهەمیان دامەزراندبوو) دیسانەوە پێکهاتەوە و دواتر ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست*یان پێکهانی.
ئینتەرناسیۆنالی سێهەم: لە ساڵی 1919 لە مۆسکۆ دامەزرا، بەڵام هەر خێرا ئاشکرابوو کە دەرگەکانی تەنیا بەرەو ڕووی حیزبە کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت ئاوەڵایە. ئینجا ناوی کۆمینتێرن* و پاشان کۆمینفۆرم*ی بەخۆوە گرت.
ئینتەرناسیۆنالی چوارەم: لە ساڵی 1938 لە لایەن دارودەستەی ترۆتسکی دامەزرا کە ئێستەش چالاکی هەیە.
ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست
لە ساڵی 1923 لە پاشماوەی حیزبە سوسیال دیموکراتەکانی ئەندامی ئینتەرناسیۆنالی دووهەم، سەر لە نوێ دامەزرایەوە کەچی پاش گەیشتن بە دەسەڵات لە ئەورووپادا ئەمانیش دەستیان لە کار کێشایەوە. ئینجا ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951 لە فرانکفۆرت دامەزرا، بەڵام ناوەندەکەی لەندەن بوو کە نزیکەی پەنجا حیزبی سۆشیالیستی نەرمڕەو و لایەنگری پەرلەمان و ڕیفۆرمخواز و دیموکراسیخواز تێیدا بوون بە ئەندام.
ئینتەرناسیۆنالیزم
ئەم زاراوە مانایەکی مژاوی هەیە و لە زۆر شوێندا بەکار هاتووە. بەڵام مانا گشتییەکەی ئەو بڕوا و سیاسەتانە لەخۆئەگرێ کە جەخت ئەکا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەکان و لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شەڕەنگێزدا دژایەتی دەکات. ئینتەرناسیۆناڵیستەکان دەخوازن ئەگەر نێوان دەوڵەتەکان هاوکاری ئاشتیخوازانە لە ئارادا نەبێت، لانیکەم لەنێوان نەتەوەکاندا ببێت.
بەم پێیە ئینتەرناسیۆنالیزم، بریتییە لەوەیکە هەر تاکێک گرێدراوی کۆمەڵگەیەکی جیهانییە و ئەو نەتەوەش کە ئاخێزگەی لە ئەژمار دێت، دەبێ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەیوەست بێت… ئەم ڕێبازە لەگەڵ «جیهان نیشتمانی»دا یەک ناگرێتەوە چونکە ئینتەرناسیۆنالیزم ناخوازێ تاک لە نەتەوە یان دەوڵەتەکەی خۆی دابڕێ بەڵکوو دەخوازێ پێوەندییەکی زۆرتر لەنێوان تاک و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا بکرێتەوە.
ناسیۆنالیزمی نەرمڕەو لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالیزمدا وانییە هەڵنەکەن بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەو دژییەتی. بۆ وێنە نازیسم و فاشیزم بە ڕێبازی نەژادپەرستی و خۆبەزلزانی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا بوونە دوژمنانی سەرسەختی ئینتەرناسیۆنالیزم.
مارکسیزم بۆچوونێکی تایبەتی لە ئینتەرناسیۆنالیزم بڵاو کردۆتەوە. بەڕای «مارکس»، بۆرژوازی بە یارمەتی مەکینە و دانوستانی جیهانی ئازاد، سنوورە نەتەوەییەکانی بەزاندووە و سیستەمێکی ئابووری جیهانی پێکهێناوە کە لەنێو چینی هەژاران بە تایبەت پرۆلتاریای وەڵاتان، یەکگرتووییەکی جیهانی ساز کردووە کە لە زاراوەدا پێی دەگوترێ «ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتاری». ئەم ڕەوتە شۆڕشێکی سەرانسەری لە جیهاندا بەدژی بورژوازی پێک دێنێت کە سەرەنجام کۆمەڵگەیەکی سوسیاڵیستی جیهانی دائەمەزرێنێ. بۆیە مارکسییەکان بڕوایان هەیە بە یەکگرتنی هەژارانی جیهان و دروشمە بەناوبانگەکەشیان ئەمەیە: «زەحمەتکێشانی جیهان، یەک بگرن! یەک بگرن!»
دوای پێکهاتنی یەکیەتی سۆڤییەت، بە تایبەت لەسەردەمی «ستالین»دا ئەم وەڵاتە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ناوەندی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییە. «ستالین»، لە شرۆڤەیەکی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییدا ئەم ڕێبازە بە هەڵقوڵاوی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانی (بڕوانە ستالینخوازی) .
ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلتاریی: بڕوانە ئینتەرناسیۆنالیزم.
باڵیۆز
باڵاترین نوێنەری نێردراوە لە وەڵاتێکەوە بۆ وەڵاتێکی دیکە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە شێوەی کاتی باڵیۆز نێردراوە، بەڵام لە سەدەی پازدەوە بوو کە دیاریکردنی باڵیۆزی نیشتەجێ لە وەڵاتێکی دیکە بڕەوی پێدرا. یەکەم وەڵاتانێک کە باڵیۆزیان ناردە وەڵاتانی دیکە، دەوڵەت ــ شارە بچکۆلەکانی ئیتاڵیای ئەو سەردەمانە بوو. هەڵبژاردنی باڵیۆز لە لایەن سەرۆکی وەڵاتەوە دیاری دەکرێت بەڵام دەبێ ئەو کەسەی کە دەستنیشان کراوە لە لایەن سەرۆکی وەڵاتی وەرگری باڵیۆز پەسند بکرێت ئینجا داوای بکرێت. باڵیۆز دەبێ لە وەڵاتەکەی خۆی بەڵگەنامەیەک کە پێی دەگوترێ «بڕوانامە ــ credential letter» بە واژۆی سەرۆکی وەڵاتەکەی وەربگرێ و پێشکەش بە سەرۆکی وەڵاتی وەرگری بکات. لە دوای پێشکەشکردنی ئەم بڕوانامە، باڵیۆز بە شێوەیەکی ڕەسمی دەست بەکار دەبێت.
باڵیۆزخانە
نوێنەرایەتی باڵای سیاسی وەڵاتێک لەناو وەڵاتێکی دیکە کە شوێنی گوزەرانی ڕەسمی و نووسینگەی باڵیۆزی ئەو وەڵاتە لە ئەژمار دێت. باڵیۆزخانە لە دوای کۆنسۆڵخانە پێک هات. چۆنیەتی دروستبوونی ئەم شوێنە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە پاش کۆتایی هاتنی هەر شەڕێک، وەڵاتانی دوژمن چەن کەسێکیان بۆ گفتوگۆ ڕادەسپارد. ئەم ڕاسپاردانە بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بوون تاکوو شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم ڕاسپاردانە بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بێ مەترسی و لە ئاسایشدا بەڕێوە ببەن، مەسەلەی چۆنیەتی«پاڕاستن» یان هاتە ئاراوە.
بەندی یەکەمی ڕێککەوتننامەی لاهاوان کە لە 20 ی فێورییەی 1928 مۆرکراوە، مافی باڵیۆزخانە بەم شێوە دیاری دەکات: «دەوڵەتەکان مافی ئەوەیان هەیە نوێنەرانی سیاسی بۆ وەڵاتانی یەکدی بنێرن». هەر کات دەوڵەتێک، بێئەوەی لەگەڵ وەڵاتێکی دیکە لە حاڵەتی شەڕدا بێت یان بێئەوەی پێوەندی سیاسی خۆی لەگەڵ دابڕیبێت، نوێنەری سیاسی ئەو وەڵاتە وەرنەگرێت، لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە مافی ئەو دەوڵەتەی پێشێل کردووە.
یەکەم باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە لایەن ڕیشیلیۆ ڕاوێژکاری لوویی سێزدەهەمی فەرەنسە دامەزرا و دەوڵەتانی دیکەش بەپێی ئەم ڕێسایە هەنگاویان نا. کەواتە دەکرێ بڵێین باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە کۆتاییەکانی سەدەی 17 لە دنیادا بەدیهات.
باڵیۆزی ئاکریدیتێ
هەر کاتێک دوو وەڵات لەگەڵ یەکدی پێوەندی سیاسییان هەبێت بەڵام پێکەوە باڵیۆزیان ئاڵوگۆڕ نەکردبێت، لەم حاڵەتەدا ئەغڵەب باڵیۆزی خۆیان لە وەڵاتێکی دراوسێی ئەو وەڵاتە وەک «باڵیۆزی ئاکریدیتێ» بە وەڵاتەکەی دیکە دەناسێنن. ئەم باڵیۆزە لە ڕاستیدا ئەبێتە ڕاسپاردەی وەڵاتێک لە دوو وەڵاتی دیکە.
تیۆری تئوری
بە کۆمەڵێ ئەندێشە و بۆچوونی گونجاو لە بابەت زانستێکی تایبەتەوە تیۆری دەگوترێ. وەک تیۆری ڕێژەیی ئانشتاین (لە فیزیا)، تیۆری ئابووری کۆن (ئابووری)، تیۆری پێوەندییەکان (کۆمەڵناسی) و تیۆرییەکانی دەوڵەت (لە سیاسەتدا) . زانایان لە ڕێگای کۆڵینەوە و توێژینەوە هەوڵ ئەدەن بۆ کۆکردنەوەی داتا واقیعەکان لە بواڕێکی تایبەتی زانستی بەڵام پێویست دەکات ئەم زانیاریانە بە وردبینی و وشیاری زانستییەوە ڕێکی بخەن و پۆلێن بەندی بکەن و پێوەندی ماناداری نێوان داتاکان ڕوون بکەنەوە و دەری ببڕن. بۆ وەها کارێک پێویست بە شتێک بە ناوی تیۆری هەیە.
ئامانجی سەرەکی و بەرەنجامی زانست گەیشتن بە داڕشتنی تیۆرییە و ئامانجی تیۆریش بریتییە لە:
1ــ کورتکردنەوەی داتاکان و پێکهێنانیان لەناو سیستەمێکی گونجاودا. 2ــ مانا بەخشین بە دەسکەوتەکان وەک ئەزموون. 3ــ دەربڕینی و ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەزموونەکان لەڕێگەی دیاریکردنی پێوەندی نێوان بگۆڕەکان. 4 ــ پێش بینی دواهات و ڕووداوەکان لە ئایندە و 5 ـــ لەبار کردن و خۆش کردنی زەمینە بۆ پەخش و بڵاوکردنەوە و پەرەسەندنی زانست.
تیۆری سیاسی
تیۆری سیاسی لە سۆنگەی بابەت و باسەوە، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێ کە دوو تەوەری 1و2 بە فەلسەفەی سیاسی ناوبردە کراوە:
1) تیۆری ئەخلاقییانەی زانستی سیاسەت.
2) خوێندنەوەی مێژوویی ئەندێشە سیاسییەکان.
3) شیکاری زمانەوانیی ئەندێشە سیاسییەکان.
4) دۆزینەوە و بەربڵاوکردنی سیستەماتیکی بنەما گشتییەکانی ڕەفتاری سیاسی.
لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، کۆنترین پێناسەی ئەم زاراوە بۆ ناوبردەکردنی لقێک لە زانستە سیاسییەکان بەکار هاتووە کە لایەنی تیۆری بووە، دیمانەیەک بە مانای تێفکرین لە باڵاترین ئاستی ماهییەتی ژیانی باش و ئەو دەزگە سیاسییانەی کە وەها ژیانێک بەدی دەهێنن.
تیۆری سێ جیهان
بەپێی ئەم تیۆرییە کە لە لایەن «مائۆ» ( 1893- 1976) ڕێبەری چینی کۆمۆنیست ئاڕاستە کراوە، دنیای ئەمڕۆ بە سێ جیهان دابەش دەکرێت کە بریتین لە: جیهانی یەکەم واتە دوو زلهێزی ئەمریکا و سۆڤیەتی پێشوو کە یەکەمیان ئیمپریالیستییە و دووهەمیش سۆسیال ئیمپریالیستە. جیهانی دووهەم پێکهاتووە لە وەڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری وەک بریتانیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن و وەڵاتانی سۆشیالیستی. جیهانی سێهەم، وەڵاتانی هەژار و دواکەوتوو. بە باوەڕی «مائۆ»، دەبوایە جیهانی سێهەم لەگەڵ جیهانی دووهەم، بە دژی جیهانی یەکەم یەک بگرن. ئیمڕۆکە باس لە جیهانی چوارەمیش دەکرێ کە لە جیهانی سێهەم نەدارترە و لە حاڵی پەککەوتندایە.
تیۆری کەوانەی جەی
جۆن جەی (John Jay) کۆمەڵناسێکی بەناوبانگە کە هۆکاری شۆڕش دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازی فرەوان لەنێوان چاوەڕوانی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاستی جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان کە ئەم فەرق و جیاوازییە، بەشێوەی بەشخوراوی و هەژاریی خۆی پێشان دەدات. ئەو پێی وایە کەموکوڕییەکان، ڕەها نین بەڵکوو لە نەداریی و بەشبڕاویی ڕێژەیییەوە سەرچاوە دەگرن و ئەم ئاستەنگییەش کاتێک ڕوو دەدات کە سەردەمی دوور و درێژی خۆشگوزەرانی ئابووری، لەناکاو ڕاوەستێ و بەشێوەیەکی بەرچاو پێچەوانە ببێتەوە. کۆمەڵناسی ناوبراو، تیۆرییەکەی خۆی لە قەبارەی خشتەیەک ئاڕاستە کردووە کە بە کەوانەی جەی ناوی ناسراوە.
زایۆنیزم
ڕێبازێک کە پەرەی دا بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنیستی لە خاکی فەلەستین. پاش وێرانکردنی ئۆرشەلیم لە ساڵی 70ی زایینی لە لایەن ڕوومییەکان، جوولەکانی ئەم وەڵاتە بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەوە. بەم حاڵەش یەکییەتی ئایینی و کەلتووری لە نێوانیان نەپسا و لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا نەتوانەوە. بە درێژایی مێژوو لە لایەن خاچپەرستەکانەوە وەک کەمینەیەک سەیریان دەکرا و زۆر جاریش تووشی ئازار و ئەشکنجە دەبوون. بۆیە هەر ئارەزووی گەڕانەوە بۆ «ئەرزی مەوعوود» یان لە دڵدا مابۆوە.
لە سەدەکانی 16 و 17 هەندێ لە جوولەکەکان، هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین. بزووتنەوەی زایۆنیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ناوەندیەوە دەستی پێکرد و ناوەکەی خۆشی لە دۆڵێکی فەلەستین بە ناوی «زایۆن» وەرگرتووە. لە ساڵی 1897 ڕۆژنامەنووسێکی نەمسایی بە ناوی تیۆدۆر هێرتزێل، یەکەمین کۆنگرەی زایۆنیستەکانی لە بازێلی سویسڕا بەڕێوە برد و داوای کرد هەموو جوولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین.
ئەگەرچی عوسمانییەکان بەم کارە ڕازی نەبوون، بەڵام دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەریتانیاییەکان بەم کارە هەستان و سەرەتا لە ساڵی 1903 حکوومەتی بەریتانیا، پێشنیازی کرد کە بەشێک لە خاکی ئۆگاندا بۆ نیشتەجێکردنی جوولەکان تەرخان بکرێت کەچی زایۆنیستەکان ڕازی نەبوون.
بەیاننامەی بالفۆر کە لە ساڵی 1917، لە لایەن ئارتۆر جەیمز بالفۆر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاو کرایەوە، بەریتانیای بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنی لە خاکی فەلەستین پێمل کرد. لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، بزوتنەوەی زایۆن، پەنابەرە جوولەکەکانی لە شار و دێهاتەکانی فەلەستین جێگیر کرد و هەندێ دامودەزگەی سەربەخۆی لەوێ دامەزراند. حەشیمەتی جوولەکەکان کە لە ساڵی 1925 زیاتر لە 108 هەزار کەس بوون، لە ساڵی 1933 گەیشتە 220 هەزار کەس. لە میانەی دوو شەڕی جیهانی و بە تایبەت شەڕی دووهەم، بە هۆی سیاسەتی دژ بە جوولەکەی نازیسم، جوولەکەکان دەستەدەستە بەرەو فەلەستین گلۆر بوونەوە و خۆیان گەیاندەوە ئەم سەرزەمینە.
زۆربەی عەرەبە فەلەستینییەکان هەر لە سەرەتاوە، زایۆنیستەکانیان وەک مەترسییەک لەقەڵەم دا و کەوتنە جموجووڵ بۆ سەرکوتکردنیان. ئەم مەسەلە بووە هۆی دامەزرانی سپای خوفییەی جوولەکەکان لە ساڵی 1920 کە بە ناوی هاگانا بە مانای بەرگری ناوی دەرکرد. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دابەشبوونی فەلەستین و دامەزرانی دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان ڕازی بوو. بەرەبەرە زەمینە بۆ شەڕی گەورەی جوولەکە و عەرەبان خۆش بوو. لەم شەڕەدا جوولەکەکان بە زۆری سەرکەوتنیان بەدەس ئەهێنا و خاکێکی زۆرتریان داگیر ئەکرد. لە شەڕەکانی دواتریش (1956،1967،1973) دەوڵەتانی عەرەبیش هاتنە مەیدانی شەڕەکە و ماڵ وێرانی و ئاوارەییەکی زۆری لێکەوتەوە. «ڕێکخراوەی ئازادی فەلەستین» و چەندین گرووپی گریلایی دژ بە جوولەکەکان دامەزرا کە تا ئێستاش ئەم ناوچە ڕواڵەتی ئاشتی و ئارامی بەخۆوە نەدیوەتەوە.
شەڕی ئایدیۆلۆجیکی
تەکتیکێک کە لە سەردەمی شەڕی سارد لە لایەن دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە مەبەستی بانگەشەی شێوەی ژیان و گوزەرانی سەرمایەداری یان سۆشیالیستی لە ناوخۆ و دەرەوە بەکار برا.
2ــ جۆرە ململانەیەکە لەگەڵ سیستەمی بەهاکانی ڕەقیب کە هەوڵدەدات بۆ گۆڕینی بیروڕای جەماوەر. شەڕی ئایدیۆلۆجیکی بە پڕوپاگەندە و بەرنامەی کەلتووری و پەروەردە و هونەری و دانوستانی زانستی و یارمەتی وەڵاتانی بێگانە و… بە ئەنجام دەگات. گرینگترین شەڕی ئایدیۆلۆژیکی سەدەی بیستەم لە نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری ڕووی دا.
فراکسیۆن/کوتلە
فراکسیۆن لە وشەی لاتینی fracito و fractum بە واتای وردکراو وەرگیراوە و لە ڕووی زمانزانییەوە بە واتای پاژێک یا کەرتێکی بچووک لە گشتێک هاتووە. لە زاراوەی سیاسیدا بە گرووپێک یا باڵێک دەڵێن کە لەناو ڕێکخراوە یا حیزبێکی سیاسی یا پەرلەمان، چالاکی دەکات و ئەندامەکانی پێکەوە لە بابەت چۆنییەتی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانیان ڕاوێژ و گفتوگۆ دەکەن. فراکسیۆنر fractionnaire بە کەسێک دەگوترێ کە لە بەرانبەر ڕێبازی گشتی ڕێکخراوەیەک، تیۆری و بیروڕای جیاواز ئاڕاستە دەکات.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
فیزیۆکراسی
زاراوەکە بە واتای لایەنگری کردن لە دەسەڵاتی سروشتییە. بەڵام وەک قوتابخانەیەک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە کە لە لایەن هەندێ زانا و نووسەری فەرەنسی بنیاد نراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە لەگەڵ دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروباری ئابووری و سروشتیدا دژایەتی دەکەن و ئەم کارە بە زیانبەخش دەزانن. هەروا لەو باوەڕەدان کە هەندێ ڕێسای شایستە لە ناو سروشتی ئابووریدا هەیە کە دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسادانان نابێ پێشێلی بکەن و پێش بە پەرەسەندنی بگرن چونکە دەوڵەمەندی و سامان، زادەی سروشت و بنەما کشتوکاڵییەکانە و سەپاندنی هەر جۆرە یاسایەک لەم بارەوە نابەجێ و زیانبەخشە.
فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم لە وشەی nation بە واتای نەتەوە وەرگیراوە کە ئەویش لە ڕیشەی لاتینی nasci بە مانای لەدایک بوون سەرچاوەی گرتووە. بە گشتی بە لایەنگرانی بیروباوەڕێک دەگوترێ کە پشتگیری لە دابونەریتە نەتەوەییەکانی خۆیان دەکەن تاکوو خاوەنی یەک زمان و فەرهەنگ و ئایین بن و لە قەڵەمڕەوی یەک وەڵاتدا بژین. ناسیۆنالیزم لە قامووسی یاسای نێودەوڵەتیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی کە پێیوایە دەبێ نەتەوە، یەکەم هۆکار بێت بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی دامودەزگە سیاسییەکان بە تایبەت وەڵاتەکان. لەم ڕوانگەوە ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی دامەزرانی وەڵاتێک یا بە ڕەسمییەت ناسینی مافە نەتەوەییەکانی گرووپێکی تایبەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا.
ئەم زاراوە کە ڕاستەوخۆ دەلالەتێکی سیاسی لەخۆ دەگرێ، لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، جێی خۆی لە زمانە ئەورووپییەکاندا کردەوە. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو هەوڵ و دەوڵێکی زۆر دراوە بۆ پێناسە کردنی ئەم زاراوە کەچی هێشتاکە مانایەکی هەمەلایەن و شیاو بۆ ئەم زاراوە بەدەستەوە نەدراوە.
هەندێ لە زانایانی سیاسی پێیان وایە کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی کۆن و مێژووییە کە لە سپێدەی دروستبوونی کۆمەڵگە و بەرەبەیانی مێژووەوە سەری هەڵداوە. بۆ کۆڵینەوە لە ڕیشەکانی ناسیۆنالیزم، زۆربەی نووسەران ئاماژە دەدەن بە چەشنێک هۆشیاری و هەستێکی نەتەوەیی کە لە نێوان گەلانی یۆنانی و کەلیمی لە ئارادا بووە. ناسیۆنالیزمی یۆنانی بە دابەشکردنی مرۆڤ بە «یۆنانی و بەربەر» ، بەرجەستەتر بوو لە ناسیۆنالیزمی کەلیمی کە مرۆڤی بە «جوولەکە و بتپەرست» دابەش ئەکرد. نەتەوەی بەرجەستە لای یۆنانییەکان ڕەنگی ئایینیی لێ نەنیشتبوو بەڵام لای جوولەکەکان، نەتەوەی باڵا ڕواڵەتێکی تەواو ئایینی هەبوو. یەکەم جار لە سەدەی پێنجەمی پ.ز، سۆفیستەکان لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی توندڕەودا دەنگیان هەڵبڕی. دواتر «رواقیون» لە ڕێبازە فەلسەفییەکەی خۆیاندا لەسەر جیهانی بوونی مرۆڤ و نەبەستنەوەی بە کیانێک یان نەتەوەیەکی تایبەتەوە جەختیان دەکرد.
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی نوێ وەک بزاوتێکی جڤاکی دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی «پیوریتەنەکان»ی بریتانیا لە نیوەی یەکەمی سەدەی 17. لەمەوپێش، نووسەرانێکی وەک «ماکیاڤللی» و «جان بودن» بەرهەمە ناسیۆنالیستیەکانی خۆیان تەنها بۆ پاشایان و میران دەنووسی. پیوریتەنەکان ئامانجی خۆیان لە سەر بنەمای ناسیۆنالیزمی کەلیمی و ئامۆژگارییەکانی «عهد عتیق» دارشتبوو. خۆشیان بە «خەڵکانێکی ناوازە» دەزانی کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێبازەیان پێ سپێردراوە. ئەوان لە یەکەم هەنگاودا دەستیان دایە نووسینی یاسایەکی بنەڕەتی بۆ بریتانیا و داوایان لە جەماوەر کرد کە گوێی بۆ ڕادێرن تاکوو هەست بە یەکیەتی بکەن و یەک بگرن. ئەم بزاوتە بووە هۆی لەناوچوونی پێوەندییە بنەماڵەیی و ناوچەییەکان و نەهێشتنەوەی ملکەچی بە پاتشا و پاپاکان کە ببوە لەمپەرێک لە نێوان تاک و نەتەوەدا.
پەیمانی وێستفاڵی و شۆڕشی مەزنی فرەنسی دوو هۆکاری سەرەکی بوون کە لە سەر ناوەرۆک و قەبارەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخ کاریگەرییان دانا. یەکەمیان لەسەر دەرکەوتنی سیستەمی نوێی بەرێوەبردنی وەڵات و ئەوی دیکەش، بەخشینی ناواخنی جڤاکی بە ڕواڵەتی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتەکانی چاخی نوێی بۆ دەوڵەتی نەتەوە گواستەوە. شۆڕشی فرەنسی لە دوو لاوە لە سەر ناوەرۆکی ناسیۆنالیزمی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە کاریگەری دانا: یەکەم، بە ئاڕاستەکردنی تێزی دەسەڵاتی خەڵکی لە لایەن «ڕۆسۆ» وە چەمکی نەتەوە لە شەخسی پاتشاوە گواسترایەوە بۆ خەڵکی ئاسایی و ناسیۆنالیزمی نوخبەپەروەر و حکوومەتی ڕەهای سەدەی حەڤدە، بوو بە ناسیۆنالیزمی دیموکراتی و دابەشکراوی سەدەی هەژدە. دووهەم، بیروبڕوا سکۆلاریستیەکانی سەرەتای ڕێنسانس کە ماوەیەکی درێژ لە ژێر کاریگەریی بزاوتی ڕیفۆرماسیۆندا بوو، بۆ جارێکی دیکەش لە لایەن شۆڕشگێڕان زیندوو کرایەوە و سەرەنجام نەریت و هێما ئایینی و گەردوونییەکان جێی خۆیان دا بە نەریت و کەلەپووری نەتەوەیی. بە هۆی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم و بەهێز بوونی لە ئەورووپادا سەدەی نۆزدە بە «سەدەی ناسیۆنالیزم» ناوبردە کراوە.
ناسیۆنالیزمی سەدەی نۆزدە، ئایدیۆلۆژیای سیاسییە ڕاستڕەوەکان و چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵگە ئەورووپییەکان بووە و چەمکی نەتەوەش لەم چاخەدا تەنها بۆ ئەم تاقمە مومتازە بەکار دەبرا. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە لە یەک شوێندا لە بەرانبەر سۆشیالیزم، شیر و تیری نیشان داوە ئەویش لە بزووتنەوەیەکی جیهانی کە هەموو کرێکارانی پیشەسازیی و جووتیارانی هەژاری لەخۆ دەگرت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی ئەم چاخە، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کولتووری بووە کە ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بزاوتی «رۆمانتیزم» و بزووتنەوەی مێژووگەرێتی ئەڵمانیا و بیرمەندانێکی وەک «هێردێر» و «فیختە».
بڕەوپێدان بە بیرگەلێکی دەسکردی وەک باڵادەستی ڕەگەز و زمان و یەکپارچەکردنی زمان و «پەروەردە» و بەهێزکردنی سنوورەکان و تۆقاندنی خەڵک بە دوژمنێکی دەرەکی و هەروەها ئافراندنی پاڵەوانان و داهێنانی نیشانە و هێماگەلێکی وەک سروودی نەتەوەیی و ئاڵای نەتەوەیی بووە هۆی سەرڕێژبوونی هەستوسۆزی «ڕۆمانسییانە»ی جەماوەر.
لە سەدەی بیستەمدا ناسیۆنالیزمی ئەورووپی یەکێک لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی فاشیزم و جووڵانەوە تۆتالیتارییەکان بووە و هەروا پاڵنەرێکی بەهێزیش بووە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی وەڵاتانی داگیرکراو بەدژی داگیرکەران و بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش لە بەرانبەر فشار و زۆری دەوڵەتە ملهوڕەکان هاندەر بووە. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە بە «ناسیۆنالیزمی پۆزەتیڤ» لە قەڵەم دراوە کە پتر لە نێوان ئەو وەڵاتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیایی و ئیمپریالیستیدا ژیاون دەبیندرێ.
پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم، بۆ یەکەمین جار مێژوو کەوتە ناو قۆناغێکەوە کە تێیدا ڕێبازە ناسیۆنالیستیەکان بوونە فاکتەرێکی گەورە و بەرچاو. ناسیۆنالیزم، بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا بە خێرایی پەرەی سەند. لە ماوەی کەمتر لە 25 ساڵ پاش دامەزرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی ئەندامەکانی لە 51 نەتەوە گەیشتە 117 نەتەوە.
ناسیۆنالیزم، جۆرە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتییە بە مانای دڵبەندی بە نەتەوەیەک. ئەم هۆشیارییە پێی دەگوترێ «هۆشیاری نەتەوەیی». هۆشیاری نەتەوەیی، هەستی هاوخەمی و یەکگرتوویی بەدی دەهێنێت کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشی زمان و بایەخی ئەخلاقی، ئایین، ڕەگەز، ئەدەب، نەریتی کۆن، مێژوو، هێما و ئەزموونی هاوبەش. ناسیۆنالیزم هەروەها بەرپرسیارییەک لە بەردەم چارەنووسی نەتەوەیی و ئەمەگداری بە نیشتمان سازدەکات کە بەهێزترە لە وەفاداری بە خێزان. کەواتە خیانەت کردن بە وەڵات و«دەوڵەتی نەتەوەیی» لەگوێن خیانەت بە نەتەوە دێتە ئەژمار. ناسیۆنالیزم، تاکەکەس لە بەرانبەر داواکارییە نەتەوەییەکان (وەک پاراستنی سەربەخۆیی یان خەبات بۆ وەدەستهێنانی) یان هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانی و سەربەرزی نەتەوەکەی گاڵ دەدات و ئەو بە لێپرسراو دەزانێت.
بە گشتی ناسیۆنالیزم، ئایدیۆلۆژیایەکە کە «دەوڵەتی نەتەوەیی» وەک باڵاترین شێوازی پێکهاتەی سیاسی لە قەڵەم دەدات. گەشەکردنی ناسیۆنالیزم پەیوەستە بەو ساتەوەختە مێژووییەی کە تێیدا نەتەوەکان بوون بە یەکینەیەکی سیاسی سەربەخۆ و بنەمای «حاکمییەتی نەتەوەیی» پەسند کرا. لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەک خاوەنی کیانێکی تایبەتە، وەفاداری و گیانبەختکردن لە پێناوی ئەو خاکەدا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم لە ئەژمار دێت.
لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمدا زاراوەی ئینتەرناسیۆنالیزم، هاتۆتە ئاراوە کە ئەویش لە سەر بەرژەوەندی نەتەوە و ئەتنیکی جیاواز بە تێکڕایی جەخت دەکات. ئەگەرچی بیرۆکەی ئەنتەرناسیۆنال و تیۆری خەباتی چینایەتیش بڕەوی پەیدا کردووە بەڵام ئێستاش ناسیۆنالیزم وەک بەهێزترین وزەی سیاسی جیهانی هاوچەرخ لە ئەژمار دێت.
ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەک بە چەند شێوازێک دابەش دەکرێت کە بریتین لە:
1ــ ناسیۆنالیزمی لیبرال: هەندێ لە سۆشیالیستە ڕیفۆرمخوازە نوێباوەکان یا لایەنگرانی بازاڕ، ناسیۆنالیزم وەک زمانێک پەسند دەکەن. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە پتر لە بەها و بایەخە سەرەکییەکانی لیبرالی داکۆکی دەکات. لە زۆر بابەتەوە، «چواردە مادەی ویلسۆن» کە پاش شەڕی جیهانی دووهەم بڵاو کرایەوە، پێناسەی ناسیۆنالیزمی لیبرالی دەکات. ناسیۆنالیزمی لیبرالی ڕێز لە ماف و ئازادی گەلانی دیکە دەگرێ و گرنگی پێ دەدات. هەر بۆیە ئەو وەڵاتانەی کە پەیڕەویی لەم ڕێبازە دەکەن، وێڕای بەهەند گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاوکاری وەڵاتانی دیکەش دەکەن و ڕێز لە بەها و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەگرن.
2ــ ناسیۆنالیزمی کۆنەپارێز و سەربە نەریتی کۆن: ئەم قوتابخانە ناسیۆنالیستییە لە داڕشتنی بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کولتووریدا کاریگەری زۆرری هەبووە. بە باوەڕی کۆهن پلامناتز، ئەم ناسیۆنالیزمە لەگەڵ چەمکە کولتووریی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا پێوەندی و نزیکایەتی هەیە. بەم پێیە دابونەریتە کۆنەکان سەرلەنوێ پیادە دەکرێنەوە. پاڵنەری سەرەکی ئەم ئەندێشە، دژایەتی کردن بوو لەگەڵ چاخی ڕۆشنگەری.
3ــ ناسیۆنالیزمی توندڕەو: ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە بە باڵاتر دەزانێ، هەر بۆیە بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوە لە سەرووی نەتەوەکانی دیکە دادەنێ و لە ڕاستیدا پەڕگیرییەکی نالۆژیکی ڕەگەزی و نەتەوەییە کە دەستدرێژی کردن بۆ سەر نەتەوەکانی دیکەش بە ڕەوا دەزانێ. نموونەی ئەم ناسیۆنالیزمە، ڕژێمەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیا بوون بەر لە جەنگی دووهەمی جیهانی.
4ـــ ناسیۆنالیزمی سیاسی: مەبەست ئەوەیە کە هەر وەڵاتێک لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا ئازاد و سەربەخۆ بێت و هەر ڕژێم و حکوومەت و یاسایەکی پێویست بێ بۆ خۆی دەستنیشانی بکات. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە لە چاو سەدەی نۆزدەهەم لاوازتر بووە و ئەمڕۆ گەلان و وەڵاتانی بچووک هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی یەکێتییە ناوچەییەکاندا یەکبگرن، وەک یەکێتی ئەورووپا و کۆمکاری عەرەب.