تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



جاڕنامەی سەربەخۆیی وەڵاتە داگیرکراوەکان
لە ڕێکەوتی 14دێسەمبری 1960 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆڵۆنیایی و داگیرکراو (جاڕنامەی کۆتایی داگیرکاری) کە لە لایەن 43 وەڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی ئامادە کرابوو بە کۆی 90 دەنگی ئەرێنی و 99 دەنگی یپارێزکەر و بێ هچ دەنگێکی نەیار، پەسندی کرد. لەم جاڕنامەدا ڕوون کراوەتەوە: ژێردەستەبوون، وەبەرهێنان، یا خستنە ژێر ڕکێفی جەماوەرێک لە لایەن حکوومەتێکی بێگانە، پێشێلکەریی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەژمار دێت و ڕێگڕێکە لەبەردەم ئاشتی و هاریکاریی نێودەوڵەتیدا.
بۆ نەهێشتنەوەی ئەم بەربەستانە، کۆمەڵی گشتی «داواکاری کۆتایی هێنانی خێرای داگیرکارییە و دەخوازێت، بێ هیچ مەرجێک سەربەخۆیی وەڵاتانی داگیرکراو لەژێر دەسەڵاتی بێگانە» ڕاگەیەندرێت.
ئەم جاڕنامە لەسەر ئەوە جەخت دەکات کە نەبوونی ئامادەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وەڵاتانە نابێت ڕێگر بێت بۆ دواخستنی پڕۆسەی سەربەخویی.
خەڵاتی ئاشتی نۆبل
خەڵاتی نۆبل دەگەڕێتەوە بۆ کیمیازان و داهێنەری سویدی بەناوی ئالفرێد نۆبل، کە لەنێوان ساڵانی (1833ـــ 1896) لە ستۆکهۆڵم ژیاوە و لەڕێی دروستکردنی دینامیت، سەروەت و سامانێکی زۆری پێکەوەناوە. بەڵام کاتێک زانی ئەم داهێنانەی ئەو بووەتە مایەی نیگەرانی و نائارامی لە جیهان، زۆری لە دڵ گران بووە و هەر بۆیە پارە و سامانەکەی کە پتر لە 31 ملیۆن کرۆنی سویدی بووە، بۆ شەش خەڵات تەرخان کرد. پێنج خەڵات بەو زانایانە دەدرێ کە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، دەروونناسی، پزیشکی و ئەدەبی خزمەتی بەرچاویان کردبێت و خەڵاتی شەشەم بە کەسێک دەدرێ کە خۆی یا وەڵاتەکەی لە بواری ئاشتی جیهاندا هەنگاوی گرنگ و بەنرخی هەڵگرتبێ. لەو کاتە بەدواوە، لیژنەیەک وەک بەرپرسی دابەشکردن، خەڵاتەکە بە کەسانی بەرجەستەی زانستی و ئەدەبی و سیاسی پێشکەش دەکات. لیژنەی نۆبل، خەڵاتی ئاشتی نۆبل لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویژ پێشکەش دەکات.
یەکەمین خەڵات لە ساڵی 1902 بە هانری دونان، بنیاتنەری خاچی سووری جیهانی پێشکەش کرا. لەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆفی ئەننان لە غانا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان (2001)، جیمی کارتەر، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا (2002)، خاتوو شیرین عیبادی پارێزەر و چالاک وانی مافی مرۆڤ لە ئێران (2003) و باراک ئۆباما سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (2009) . بەڕای نەیاران و ڕەخنەگران، خەڵاتی نۆبل لەم دواییانەدا ڕەنگ و ڕوویەکی سیاسی لێ نیشتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زلهێزەکان بە تایبەت وەڵاتانی ئەوروپی دابەش دەکرێت.
دەسەڵاتی نەتەوەیی
کۆمەڵێ وزە و توانێیی مادی و مەعنەوی کە لە قەڵەمڕەوی «یەکە»یەکی جوگرافی و سیاسی بە ناوی وەڵات* ئامادەیە کە بریتین لە:
1ـــ بەروبووم، شوێنکات، کەشوهەوا و تۆپۆگرافی قەڵەمڕەوی نەتەوەیی.
2ـــ سەرچاوە سروشتییەکان، وزە و مادەی خۆراکی بەرهەم هێنراو.
دەسەڵاتی نەتەوەیی، گرێدراوە بە گەشەسەندنی ئابووری و سیاسەتی سەربەخۆ، هێزی خەباتکار، ئارمانج و ئارمانی بەررز، دیموکراسی و هەست وخوستی نەتەوەیی.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
هاووەڵاتی جیهانی
بڕواداری بەوەی کە خۆت بە کەسێکی جیهانی بزانی و مرۆڤ خۆی بە نەتەوە یان کیانێکی تایبەتەوە نەبەستێتەوە. بڕوا کردن بەوەی کە جیهان، نیشتمانی هەموو خەڵکانی سەرزەمینە. ئەو کەسانەی کە ئەم ڕێبازەیان پەسند کردووە دەخوازن هەرچی لەمپەر و تەگەرەی ئەم ڕێگە لابچێ و حکوومەتێکی جیهانی بێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و ڕەگەز و کەلتوور دامەزرا و بە شێوەیەکی یەکسان بە سەریانا حکوومەت بکات.
کانت (1804-1724) فەیلەسووفی ئەڵمانی و گۆتە (1832-1746) نووسەر و شاعیری بەناوبانگی ئەڵمانی لەم ڕێبازە لایەنگرییان کردووە.
لەم چاخەدا وادیارە بە تیاچوونی سنووری نەتەوەیی لە نێوان وەڵاتان و پێکهاتنی ڕێکخراوە و یەکیەتی ئابووری و سیاسی جیهانی و پەرەسەندنی میدیای گشتی، دنیا وەک دێهاتێکی جیهانی لێهاتبێت کە نەریتی نەتەوەیی و ئەتنیکی لە قەوارەی کەلتوورێکی جیهانیدا خۆی نیشان دەدات.
هاووەڵاتی/شارۆمەند
هاووەڵاتی، تاکێکە کە لە بەرانبەر دەوڵەتدا لە لایەکەوە خاوەنی هەندێ مافی سیاسی و مەدەنییە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێ ئەرک و تەکلیفی لەسەر شانە. چۆنیەتی پێوەندی هاووەڵاتی بوون (مافی تاک و ئەرکەکانی لە بەرانبەر دەوڵەتدا) لە دەستووری بنچینەیی و یاسای مەدەنی ئەو وەڵاتە دیاری دەکرێت. هاووەڵاتی بوون لە پێوەند لەگەڵ تاک پێگەیەک دروست دەکات کە لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییشەوە ڕێزی بۆ دادەنرێت. مافی نێونەتەوەیی لەم بارەوە دەوڵەتەکان بۆ ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندان بەرپرسیار دەکات.
چەمکی هاووەڵاتی لەگەڵ چەمکی تاک و مافەکانی لە ئەورووپا هاتە ئاراوە. لە بنەڕەتدا بە کەسێک دەگوترێ هاووەڵاتی کە تەنیا ملکەچی دەوڵەت نەبێ بەڵکوو لە «مافی زگماگی» و «سروشتی» بەهرەمەند بێت و دەوڵەت ئەم مافانە بپارێزێ.
ئەگەرچی نەتەوایەتیش، زیاتر بە هاووەڵاتی بوون پێناسە کراوە بەڵام مانایەکی بەربڵاوتری هەیە. نەتەوایەتی بە مانای پێوەندایەتی لەگەڵ دەوڵەتە، بەڵام نەک بە واتای بەهرەمەندی لە مافی سیاسی لە ناوخۆ بەڵکوو بە مانای بەهرەمەندی لە پاراستنی دەوڵەت لە دەرەوەی وەڵاتدایە. واتای «نەتەوایەتی» لە مافی نێونەتەوەییدا زامنی هەموو خەڵکێکە کە دەوڵەتێک دەبێ پشتیوانی لێ بکات. نەتەوایەتی هەروەها بە مانای پێوەندی کۆمپانی و داراییەکان (پاپۆڕ و فڕۆکە) لەگەڵ دەوڵەتێکە، واتە ئەمانەش سەر بەو نەتەوەن بەڵام هاووەڵاتی لە ئەژمار نایەن. هاووەڵاتی بوون تایبەتی مرۆڤەکانە.
ڕەنگە کەسێک هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت بەڵام لەو وەڵاتەدا نەژی یان لە وەڵاتێک نیشتەجێ بێت کە شارۆمەندی ئەو وەڵاتە نەبێت. هەندێ جار کەسێک بۆی هەیە لە ڕێی زەهاسە لەگەڵ شارۆمەندی وەڵاتێکی دیکەوە ببێتە هاووەڵاتی وەڵاتێکی دیکە بەڵام ئەم حاڵەتە مافی کار و پیشەی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دەستەبەر ناکات.
وەڵاتانی دواکەوتوو
پێناسەیەکی دیکەیە بۆ ئەو وەڵاتانەی کە لە پەرەسەندن دواکەوتوون. نیشانەکانی ئەم جۆرە وەڵاتانە بریتییە لە: ئاستی نزمی ساخڵەمی و خواردن و خۆراک، نەخوێندەواری، کەمبوونی سەرمایە و دارایی، جیاوازی چینایەتی، دووفاقی و چەند فاقی ئابووری، زاڵبوونی کشتوکاڵ بەسەر پیشەسازی، نالەباریی سیستەمی پارە و دراو، بێ متمانەیی بە سەرمایەدانان، نەبوونی شێوازی پێشکەوتووی تەکنۆلۆژی و بێ مەبالاتی بۆ پەرەسەندن. (بڕوانە جیهانی سێهەم و وەڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو).
وەڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو
ئەم زاراوە بۆ وەڵاتانی هەژار و دەست کورتی جیهانی سێهەم (ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین) بەکاردەبرێت. هەندێ لە زانایان، هەوڵیان داوە وەڵاتانی هەژار بە وەڵاتانی جیهانی چوارەم پێناسە بکەن. بۆ هەڵاواردنی وەڵاتێکی دواکەوتوو لە بواری پەرەسەندوییدا سەیری پێوانەگەلێکی ئابووری وەک بەرزبوونەوەی داهاتی سەرانە و وەبەرهێنانی ناڕاستەوخۆ دەکەن. ئەم وەڵاتانە چاویان لە یارمەتی وەڵاتانی دیکەیە و لە بازرگانی جیهانیدا دەورێکی زۆر بچووک دەبینن. (بڕوانە جیهانی سێهەم).
وەڵاتی تاکەحیزبی
وەڵاتێک کە تێیدا تەنها یەک حیزب ئیجازەی چالاکی سیاسی پێدرابێت و دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت. ئەم وەڵاتانە هاوشێوەی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە ئەژمار دێن. لە بەرانبەر سیستەمی یەک حیزبیدا سیستەمی فرەحیزبی لە ئارادایە. نموونەی هەر دوو سیستەمەکە، وەڵاتی عێراق لە سەردەمی سەدام حسەین و پاش ڕووخانی ئەم ڕژێمەیە لە ساڵی 2003.
ڕۆژهەڵاتناسی
ڕێبازێکی ڕۆژاوایییە بەمەبەستی توێژینەوە و کوڵینەوە لە بارودۆخ و دابونەریت و زمان و خووخدەی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی زەوی. ڕۆژهەڵاتناسی، دەگەڕێتەوە بۆ حەز و خولیای خەڵکانی گەڕۆک و مامەڵەگەری ڕۆژاوایی و بەرهەمی ئامانجی سیاسی و داگیرکارانەی دەوڵەتانی بەریتانیا و سۆڤیەت و فرەنسێ و نەمسا و ئەڵمانیا بووە و زیاتر لە لایەن ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وەڵاتانە پەرەی ستاندووە.
ڕۆژهەڵاتناسی، دوو ڕەهەندی بووە: یەکەم، ئەو قازانج و بەهرە بووە کە وەڵاتانی داگیرکەر لەڕێگەی خوێندنەوە و سەردەرهێنان لە بارودۆخی ناوچەکە وەدەستیان کەوتووە (بۆ وێنە بازرگانیکردن). دووهەم، لە بواری پێشکەوتنی زانستی بۆ وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی حاڵەتێکی ئیجابی بووە، ئەویش خزمەتێکە کە ئەم ڕێبازە بە ناسینی پێشینەی کەلتووری و مێژوویی گەلانی ڕۆژهەڵات کردوویەتی. زاراوەی ڕۆژهەڵات ناسی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات، وەبیرهێنەرەوەی ڕابردوویەکی تاڵ و ئەو زیانە سیاسیانەیە کە بەناوی ناسینی گەلانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕۆژاواییەکانەوە پێیان گەیشتووە. ئیدوارد سەعید دۆگماکانی ڕۆژهەڵاتناسی بەسەر چوار تەوەر دابەش دەکات:
1ــ دوگمای جیاکارییەکی نامێژوویی و جەوهەریی لەنێوان ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتدا، بەوەی گوایە ڕۆژئاوا سەرزەمینی عەقڵانیەتێکی قووڵ و مەزنە و ڕۆژهەڵاتیش سەرزەمینی کاڵفامی و گێلیەتییەکی گەورە.
2ــ دۆگمای ئەوەی هەر شتێک کە لە ئیسلامدا ڕوو بدات، دەبێت لەڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە لێک بدرێتەوە و بناسرێت و ڕاڤە بکرێت. لەم دیدەدا ئەم ئایینە جەوهەرێکی نەگۆڕی هەیە و بەرپرسیارە لەسەرجەم ئەو ڕووداوانەی لەم دنیایەدا ڕوو دەدەن، نەک کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
3ــ دۆگمای پێشاندانی بەردەوامی ڕۆژهەڵات وەکوو گشتێکی هاوشێوە و لێکچوو کە توانێی بەرهەمهێنانی هێزی جیاواز و شوناسی جیاواز و کولتووری جیاوازی نییە و ناتوانێت گۆڕانکاریی بە دوا خۆیدا بێنێت. مادامەکی ڕۆژهەڵات ڕۆژهەڵاتە، کەواتە دەبێت بۆ نموونە سلێمانی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابول و کابولیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بێروت و ئەویش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تاران دا نەبێت. لەم دیدەوە ڕۆژهەڵات بەمانای وێکچوونێکی سەرتاسەری گەورەیە.
4ــ دۆگمای نیشاندانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەرزەمینی مەترسی و هەڕەشە و تۆقاندن. شوێنێک بۆ ئەوەی ڕام بکرێت، دەبێ لێکۆڵینەوەی بەردەوامی لەسەر بکرێت و بناسرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت و مادامێکی هەڕەشەکانی هەر بەردەوام بوو، ئینجا داگیر بکرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوین
ئەم زاراوە هەر لەسەرەتاوە مژاوی بووە و تا ئێستە بە ناوچەیەکی جوگرافیایی دیاریکراو کە هەمووان لەسەری کۆک بن پێناسە نەکراوە. پێناسەی جۆراوجۆر لە بارەی ئەم ناوچەوە هەیە کە بە چەند بۆچوونێک ئاماژە دەکەین:
1ــ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بریتییە لە: وەڵاتانی ئێران، تورکیا، قوبرس، وەڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، فەلەستین، نیمچە دوورگەی عەرەبستان، ناوچەی دیجلە و فوڕات، دەراوی نیل (میسر و سوودان) و لیبی. (ساڵنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا 1987) .
2ــ ناوچەیەک لەنێوان عەرەبستان و هێندستان کە ناوەندەکەی لە ڕوانگەی ستراتجیستەکانەوە، کەنداوی فارس لە ئەژمار دێت. (بیرنارد لووییس، ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژاوا) .
3ــ ڕۆژهەڵاتی ناوین واتایەکی دانراو و دڵخوازانەیە کە مەبەست لە سێ وەڵاتی گەورەی ئێران و میسر و تورکیا و وەڵاتانی عەرەبی ئاسیا و ئیسراییل و قوبرسە. (ژان پییر درینیک، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەدەی بیستەم) .
بەگشتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕوانگە و پێناسانە، ئەکرێ بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوین ناوچەیەکە کە ئەم وەڵاتانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێ:
ئێران، ئەردەن، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، بەحرەین، تورکیا، سووریا، عێراق، عەرەبستانی سەعوودی، عەممان، فەلەستین، قەتەر، کوەیت، لوبنان، میسر و یەمەن. لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی کۆمارییەکانی سۆڤیەت، بە ڕای هەندێ زانا، وەڵاتانی موسوڵمانی ئاسیای ناوەندی (ئوزبەکستان، تورکمانستان، قرغیزستان و قازاغستان) و ناوچەی قەفقاز ( ئازەربایجان، ئەرمەنستان و گورجستان) دەکەونە بەستێنی «رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ»وە.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین
مالکۆڵم ڕیفکیند وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1996 لەسەردانێکی خۆی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی بەمەبەستی زیادکردنی متمانە لەنێوان وەڵاتانی ناوچەکە پێشنیار کرد. بە باوەڕی ڕیفکیند، ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دامەزرێون نەیانتوانیوە بە پێداویستیەکانی ناوچەکە وەڵام بدەنەوە. وێدەچێ کە ئامانجی سەرەکی لە دامەزرانی ئەم ڕێکخراوە پاڕاستنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و ڕازیکردنی عەرەبان بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسراییلدا بێت.
ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک)
ئەم ڕێکخراوە لە دوای هەوڵی زۆر و درێژخایەنی وەڵاتانی نێرەری نەوت لە ژانوییەی 1961 لە کاراکاس (ڤێنێزۆئێلا) دامەزرا و سەرەتا وەڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، کوەیت، قەتەر و ڤینزۆئیلا بوونە ئەندام و پاشان، وەڵاتانی ئەندونیزیا، لیبی و نایجریا بوون بە ئەندام. ئۆپێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە دامەزرێ:
1ــ چەسپاندنی سیاسەتێک بۆ دانانی نرخ و مەزەندەیەکی یەکلاکراو، بەدوور لە هەلاجانی ئابووری وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
2ــ پاراستنی سەرچاوە و کانە نەوتییەکان.
3ــ پاراستنی ئاسایشی نەوتی ڕاگوێزراو.
4ــ بەرگری لە زیادبوونی نرخی یەکلاکراو یان هەناردنی نەوتی لە ڕادەبەدەر بە پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەی ئەندامان.
وەڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک، 45% نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و جگە لەوەش داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن تا نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و یەکسان ڕابگرن، چونکە هەلاجان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بۆ ئەم وەڵاتانە دەبێتە هۆی هەلاجانی ئابووری و هەندێ جار گەشەسەندنی ئەم وەڵاتانە تووشی زیان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە دوای دامەزرانی ئۆپێک ناوبەناو بۆتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە. بۆ وێنە:
ــ شەڕی ئیسراییل و عەرەبان لە 1973 کە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ڕاوەستانی ناردنی نەوتی وەڵاتانی عەرەبی بۆ ڕۆژاوا و ئەمەش هەڵکشانی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.
ــ شۆڕشی گەلانی ئێران (1978) کە بەریانی نەوتی ئەم وەڵاتەی بۆ ماوەیەک ڕاوەستاند و ئەمەش بووە هۆی هەڵکشانی بێوێنەی نرخی نەوت تا ئەو سەردەمە.
ــ شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) .
ــ شەڕەکانی کەنداوی فارس کە بریتی بوون لە: شەڕی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە دژی عێراق لە دوای داگیرکردنی خاکی کوەیت لە لایەن ئەم وەڵاتە (1991-1990) . شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بە دژی عێراق بە بیانووی چەک کردنی ئەم وەڵاتە (2003) .
ــ زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وەڵاتە لە ساڵەکانی 2005 و 2008 کە نرخی نەوتی تا نزیکەی 130 دۆلار هەڵکشاند.
ــ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2008 بووە هۆی دابەزینی دووبارەی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار.
کۆنفرانسی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین
ئەم کۆنفرانسە لە مانگی 10ی 1991 بە دەست پێشخەری ئەمریکا و بە ئامادەبوونی دوو لایەنی شەڕ (عەرەب و ئیسراییل)، جۆرج بۆش (باوک) سەرکۆماری ئەمریکا و گورباچۆف سەرکۆماری ئەوکاتەی یەکیەتی سۆڤیەت، لە مەدرید پێتەختی ئیسپانیا گرێدرا. پاش چەند قۆناغ دانیشتن و گفتوگۆ، ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین و ئیسراییل پێکەوە ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە بەرواری 13/9/1993 لە ژێر سەردێڕی «اعلامیه اصول» بە ئامادەبوونی بیل کلینتۆن سەرکۆماری ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیە لە واشینتۆن ئیمزا کرد. ڕێککەوتنێکی سازش لە نێوان ئەردەن و ئیسرایلیش لە ڕێکەوتی 25/7/1994 لە کۆشکی سپی واژۆ کرا. جێی ئاماژەیە، ئیمزا کردنی ئەم ڕێککەوتننامانە بووە هۆی ناڕەزایەتی گرووپە فەلەستینیەکان لەوانە، حەماس و حیزبوڵلا.
بلۆکی ڕۆژهەڵات
بە کۆمەڵێک لە وەڵاتانی کۆمۆنیستی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەگوترا «بلۆکی ڕۆژهەڵات». ئەم وەڵاتانە هەڵگری ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی بوون کە لە بەرانبەریاندا «بلۆکی ڕۆژاوا» * شیر و تیری نیشان دەدا.
تا شەڕی جیهانی دووهەم تەنیا دوو وەڵاتی سۆڤیەت و مەغولستان، سەر بە کۆمۆنیست بوون. بەڵام پاش داگیرکردنی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە لایەن ئەرتەشی سوورەوە، وەڵاتانی ڕۆمانیا و پۆڵۆنیا و بولگاریا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و چێک، کەوتنە ڕیزی کۆمۆنیستەکانەوە. دواتر، وەڵاتانی چین و کۆریای باکوور و ڤێتنام و کامبووج و لائۆس لە ئاسیا و کووبا لە ئەمەریکا هاتنە جەرگەی وەڵاتانی کۆمۆنیستی و بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە.
بلۆکی ڕۆژهەڵات تا ماوەیەکیش دوای شەڕی جیهانی دووهەم، یەکگرتوویی سیاسی بووە و ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکەشی، یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو بوو. بەڵام پاش هاتنە سەرکاری خرۆشچۆف لە سۆڤیەت و زلبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئایدیۆلۆجیکی نێوان چین و سۆڤیەت، یەکیەتی بلۆکەکە هەڵوەشا. مەیلی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆمۆنیستی ژێرڕکێفی یەکیەتی سۆڤیەت ڕۆژبەرۆژ زیاتر دەبوو، جاری وابوو ئەم جیابوونەوە بە شۆڕشی خوێنێوی مەیسەر دەبوو. پاش کۆتایی شەری سارد و ڕووخانی دیواری بەرلین لە کۆتایی سەدەی بیستەم، سیستەمی کۆمۆنیستی لەگوێن بلۆکێکی سیاسی بە تەواوەتی لێکهەڵوەشاوە و کۆمارییەکانی یەکیەتی سۆڤیەت سەربەخۆیییان بەدەستهێنا و بلۆکی ڕۆژهەڵات وەکوو ڕێبازێکی ئایدیۆلۆجیکی سپێردرایە مێژووەوە.
دەسەڵات
تێکچنراوییەکی مانایی لە بەینی دەسەڵات و هێز (قدرت) لە ئارادیە. دەسەڵات بریتییە لە «هێزێک کە بە هەقیانەت یان بە عەداڵەت جێبەجێ دەکرێت» واتە بە هێزبوونی هەقیقی. بەڵام ئەگەر دەسەڵات بەم جۆرە پێناسە بکرێت، لە ڕەوایی (شەرعییەت) جیا ناکرێتەوە چونکە هێزی ڕاستەقینە توانستێکی ڕەوایە و وزەی حەقیقیش ئەوەیە کە ڕەوا بێت. گرفتی ئەم چەمکە ئەوەیە کە دەسەڵات چەشنێک لە هێز تەعبیر دەکرێت کەچی ئێستە وا باوە کە زاراوەی دەسەڵات لە تەنیشت زاراوەی هێز بە ڕووکارێکی دایەلیکتیکی بۆ شرۆڤەی شوێنکاتێک بەکار دەبرێت کە فەرمانبردن و بەیدەستی، شتێکی خۆبەخۆ و ئاسایییە و دەسەڵاتدار، بە شوێن ئەم بەیدەستییەوە نەبووە. لە وەها کاتێکدا دەگوترێ کە دەسەڵاتدار، دەسەڵاتی هەیە بەڵام هێزی نییە. بەم قیاسەوە ناکرێ دەسەڵاتی پزیشکێکی بەناوبانگ بەپێی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە دەستوورەکانی بەکار دەبەن، بەراورد بکرێ.
کەواتە دەسەڵات، بەو هێزە دەگوترێ کە بە ڕەسمییەت ناسراوە واتە ڕەوایە و پەسند کراوە و هەمووان ڕێزی بۆ دادەنێن. پێوەندی نێوان دەسەڵات و هێز، پێوەندییەکی ئاسایی و ساکار نییە. بەکار هێنانی بڕست و توانێیی لەڕێی زەبرەوە، بەبێ دەسەڵات مەیسەر نابێ. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕاستەقینە بێتە مەیدانەوە ئەبێ مافی فەرمانڕەوایی و کاریگەریی لەسەر خەڵک هەبێت. ئەم مافە بەپێی ئەخلاق و قانوونی کۆمەڵگە کە باڵانوێنی بەرژەوەندی گشتییە، دەستەبەر دەبێت. بەم واتایە دەسەڵاتی ڕاستەقینە زامنی بوونی هاوڕایەتی و هاودەنگییە.
لە لایەکی دیکەوە هەر کە دەسەڵات پاوەجێ دەبێ، خێرا بەرەو بێئاکاریی و گەندەڵیی دەڕوا و دەبێتە گوشارێکی کۆمەڵەکی بێئەوەیکە ئەو کەسەی دەسەڵات بەڕێوە دەبات، کەسێکی شایستە یان دەسەڵاتدارێکی دادپەروەر بێت. لە وەها کەشێکدا دەسەڵات دەبێتە سوڵتە و بێدادیی و فەرمانکردن بە پێی زۆر و ستەم.
جاری وا هەیە دەسەڵات مانای دژ بە یەک دەدات، بۆ وێنە:
ــ دەسەڵات لەگەڵ ڕەخنەی شەخسی و ئەزموونی ڕاستەوخۆ بەرەوڕوو ئدەبێتەوە، چونکە ئەندێشە یان بڕوایەک لە دەرەوە دادەسەپێنێ.
ــ نرخ و بایەخی زانستی یا ئەخلاقییانەی کەسانی پسپۆر یان بیرمەند لە دۆخ دەدا: بۆ وێنە دەگوترێ فڵانە بیرمەند دەسەڵاتدارە (واتە پلە و پایە یەکی بەرزی هەیە) .
سپاردنی دەسەڵات
سپاردنی دەسەڵات بە مانای ئەوەیە کە کەسێک یان ئەنجومەنێکی خاوەن دەسەڵاتی یاسایی یان سیاسی، بەشێک یا تەواوی دەسەڵاتی خۆی بسپێرێتە کەسێک یان جەماعەتێکی ژێردەستی خۆی. ڕەنگە دەسەڵاتی نوێنەرێک بە ڕێژەی دەسەڵاتی پەرلەمانتارێک جیاوازی بەرچاوی هەبێت.
ناوچەی ژێر دەسەڵات
زاراوەیەکی جوگرافییە بەواتای ناوچەیەک کە تێیدا باڵادەستیی سیاسی یان ئابووری وەڵاتێک بە ڕەسمییەت ناسرابێت ئەگەرچی دەسەڵاتێکی کەموکووڕیش بێت. ناوچەی ژێردەسەڵات، لەوانەیە یەکلایەنە ڕابگەێیندرێت: یان چەند لایەنە بێت. بۆ نموونە دابەشکردنی ئێران بەپێی ڕێککەوتنامەی دوولایەنەی سۆڤیەت و بەریتانیا لە ساڵی 1907 بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی باشوور بۆ بەریتانیا و باکوور بۆ سۆڤیەت.
نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.
هێز/دەسەڵات
هێز، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستی سیاسەتە کە بە مانای وزە و توانایی کەسێکە بۆ پێملکردن و تەسلیم ڕاگرتنی جەماعەتێک لە بەرانبەر خواستەکانی ئەو کەسەدا بە هەر شێوازێک. بە واتایەکی دیکە هێز، کۆمەڵێ سەرچاوە و ئامرازی زۆرەملانە و ئارەزوومەندانەیە کە حکوومەتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات بەکاری دەهێنن. پاراستنی سەرچاوەکانی هێز و چۆنییەتی دابەشکردنی و خەبات بۆ وەچنگ هێنانی، گرینگترین بابەتی توێژینەوەی زانستی سیاسییە. هەروا زۆرینەی زانایانی سیاسی پێوەندییەکانی هێز بە کاکڵی سیاسەت دەزانن و دەڵێن ئەو شتەی پێوەندی مرۆ لەگەڵ پێوەندییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، هێزە. خەباتی حیزب و حکوومەتەکان لە پێناو هێزدایە: بۆ وەدەست هێنانی هێز، پاراستن یا بۆ نوێندن و نومایش کردنی هێز.
بیرمەندانی سیاسی، هەوڵیان داوە ئەم چەمکە لەگەڵ زاراوەی دەسەڵات authority لێک جیا بکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا نە لە زاری ڕەشۆکی و نە لە زانستی سیاسەت، ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئەم زاراوە پێک نەهاتووە. چونکە هەندێ جار وشەی هێز لەگەڵ دەسەڵات، دەسرۆیین، زۆرداریی، زۆرەملێ و… بە هاوواتا زانراوە. هێز خاوەنی چەند سەرچاوەیەکە کە بریتین لە:
1ـــ زانیاری: ئەم سەرچاوە یارمەتیدەری فراژووتنی ئاوەز و ڕۆحی مرۆڤە. لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیاردا هیچ ڕێبەرێک ناتوانێ بێ زانیاری دەستی بە هێز بگات.
2ـــ ڕێکخستن: ڕێکخستن لە جەوهەردا هێز دەبەخشێ. لە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیدا حیزبە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی هێز، ڕێکخراوە سازدەکەن.
3ـــ هەلومەرج: هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خاوەنەکەی یارمەتی دەدات کە هێز و دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات.
4ـــ دەسەڵات: دەسەڵات بە واتای هێزی ڕەوا و شەرعییەتدارە. ئەگەر کەسێک دەستی بگاتە پلە و پایەیەکی ڕەوا و یاسایی، هێزی ڕێبەرایەتییەکەی زیاتر دەبێ.
5ـــ لێهاتوویی: وەشاوەیی و شارەزایی، هێزی مرۆ زیاد دەکات و لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات، سەرکەوتووی دەکات.
6ـــ ئیمان و بڕوا: مانەوەی ڕێبەرێک لە دەسەڵاتدا پێویستی بە بڕوایەکی گشتی هەیە.
7ـــ میدیاکان: میدیاکان سەرچاوەیەکی گرینگی هێز و دەسەڵات لە ئەژمار دێن. بەرپرسانی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن و … دەورێکی باڵا دەگێڕن لەمەڕ زاڵبوون بەسەر ڕای گشتیدا.
ئەگەر هێز لەسەر بنەمای زۆر و سوڵتە دامەزرابێت، فەرمانبەران بە ڕەوای نازانن و هۆی فەرمانبردنیان، دەگەڕێتەوە بۆ ترس. بەڵام ئەگەر فەرمانبەرانیش خاوەنی هێزێکی کۆمەڵایەتی بن و هێزی فەرمانڕەوا بە شەرعی و ڕەوا بزانن، ئینجا هێز دەبێتە پاڵپشتێکی ڕەوا. حکوومەتی خەڵکیی کاتێک پیادە دەکرێت کە لە نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانبەراندا هیچ لەمپەرێک نەبێت.
وەڵات/نیشتمان
زێدێک لە چوارچێوەی سنوورێکی سیاسی دیاریکراو کە خەڵکانێکی تێدا نیشتەجێ بن و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەڕێوەی ببات. بەو خەڵکانەی کە لەو زێدەدا دەژین نەتەوە دەگوترێ. دەسەڵاتێکیش کە لەو زێدە فەرمانڕەوایی دەکات، بە دەوڵەت ناوبردە دەکرێت. لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سێ چەمکی نیشتمان و نەتەوە و دەوڵەت، پێکەوە یەکەێکی فراژووی سیاسی پێک دەهێنن کە بوونی یەکیان هەبوونی ئەو دووانەی دیکەی بەدواوە دەبێت. کەواتە هەرکام لەم سێ چەمکە دەکرێ لەجیاتی ئەو دووانەی دیکە بەکار ببرێت.