تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاسایشی کۆمەڵایەتی
کاتێک کۆمەڵ ئەرخەیان بێت لە هەڕەشەیەک کە دەرەنجامی کردەوەیەکی نایاسایی دەوڵەت یان دەزگە یان تاکێک دەرحەق بە تەواوی کۆمەڵگە بێت. لە سیستەمی مافەکانی نوێدا، پێویستە کە یاسا، بە پەسندکردنی قانوون و بە ڕەسمییەت ناسینی مافەکانی تاک و سزادانی تاوانباران، ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێ (بڕوانە ئازادییەمەدەنییەکان) . دادگە و پۆلیسیش بەڕێوەبەری یاسایە و تاک و کۆمەڵگە لە بەرانبەر شکستهێنان بە یاسا و بێ قانوونی دەپارێزن.
داروینیزمی کۆمەڵایەتی
تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییە کە لە لایەن چارلز داروین (1809ــ1882) ئاڕاستە کرا و باس لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سروشتی«جۆرەکان» دەکات. ناوبراو لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەرچاوەی ڕەگەزەکان، بۆ سەلماندنی بونیادی گەشەی بوونەوەرە زیندووەکان، بەپێی هەندێ بەڵگە پێی وابوو کە بوونەوەرەکان لەژێر کاریگەریی هەلوومەرجێکی دیاریکراودا گۆڕانیان بەسەرا دێت. بۆ نموونە مرۆڤی بە بەرهەمی فراژووتن و گەشەکردنی ڕەگەزێکی مەیموون دادەنا.
بنیاتی ئەم تیۆرییە لە باری مێژوویییەوە، پابەندی بنەمای «خەبات لە پێناو ژیان» دایە. ئەم ڕەوتە لە سروشتەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو ڕەگەز و نەتەوەکان. لەم جەنگەدا «شیاوترینەکان»، واتە «بەهێزەکان» دەمێننەوە. ئەم تیۆرییە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیست، بووە بنەمایەکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ململانێی زلهێزەکان و دەسپێکێک بۆ شەڕی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزم. ئەم تیۆرییە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی* ئاوێتە بووە بۆ نموونە لەسەر کەسایەتی هیتلەر، پێش ساڵی 1914 کاریگەریی دانا و دواتر بەشێک لە فەلسەفەی نازیسمی پێک هێنا.
سەرمایەی کۆمەڵایەتی
ئەم زاراوە بە واتای نوێ، پێکهاتەی کەلتووری کۆمەڵگەی مودێرنەیە کە لە چاخی ڕۆشنگەرییەوە لە سەر بنەمای عەقڵانییەت و حکوومەتی قانوون دامەزراوە. لەم ساڵانەدا چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە لایەن بیرمەندانێکی وەک بۆدریۆ (1979)، کالمەن (1988) و پۆنتام (1993) شرۆڤە کراوە. فۆکۆیاما، سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە ڕێبازێکی ناڕەسمی دەزانێ کە هاریکاری نێوان دوو یا چەند کەس مسۆگەر دەکات. ئەو ڕێبازەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێکدێنێت، لە هاریکاری دوو قۆڵییەوە بگرە تا ئایین و ئاهەنگی ڕێکوپێک و ئاڵۆز (وەک مەسیحییەت و ئیسلام) هەمەچەشن و جۆربەجۆرن. بە باوەڕی فۆکۆیاما، دەوڵەتەکان دەتوانن هەم ڕێژەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ببەنە سەرەوە هەم نەهێڵن کورت و کوێر ببێتەوە. هەڵبەت دەوڵەتەکان ئامرازی بەدیهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتییان بەدەستەوە نییە. چونکە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرهەمی ئایین، نەریتی کۆن، ئەزموونی هاوبەشی مێژوویی و کۆمەڵێ هۆکاری بەدەر لە کۆنترۆڵی دەوڵەتە. لە لایەکی دیکەوە تەنیا شوێنێک کە دەوڵەتەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی دابنێت، پەروەردەیە.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ــ ئابووری بریتییە لە سیستەمی ئابووری دیاریکراوی مێژوویی و سەرخان*ی تایبەت بەو پێکهاتە. لە زاراوەی مارکسییەکاندا لە مێژووی مرۆڤ پێنج پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ــ ئابووری بەرچاو دەکەوێ کە بریتین لە: کۆمۆنی سەرەتایی، کۆیلەداری، فیۆدالیزم، سەرمایەداری و کۆمۆنیزم. هەرکام لەم پێکهاتانە، لە بواری چۆنییەتی سەرهەڵدان و فراژووتنیان خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیانن. لە هەمان کاتدا یاسایەکی گشتیش لە ئارادایە کە لە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی ـــ ئابوورییەکاندا دەور دەبینێت.
هەریەک لەم قۆناخانە پێکهاتەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی تایبەت بە خویان هەبووە. لە ڕاستیدا گۆڕینی پێکهاتەیەک بۆ پێکهاتەیەکی دیکە بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە بوو کە لە کۆمەڵگەی پێشوودا سەریانهەڵداوە و بوونەتە هۆی ئامادەبوونی پێکهاتەیەکی دیکە. بۆ نموونە سەردەمی کۆیلەداری بەهۆی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەوە بوو کە لەناو ئەو پێکهاتەدا هەبوون. ئەمەش بووە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی ئەو پێکهاتە و فیۆدالیزم، وەک پێکهاتەیەکی نوێ جێی گرتەوە. بەم پێیە لە هەر سەردەمێکدا پێوەندی نوێی بەرهەمهێنان و شێوازێکی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەقامگیر دەبێ و فۆڕمێکی تازە لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێ .
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لە باری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن. ئەم پەیماننامە داخوازییەکانی هەموو مرۆڤێکی لەمەڕ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەبەرچاو گرتووە و دەوڵەتەکانی بە مسۆگەرکردنی ئەم مافانە ڕاسپاردووە. ئەم پەیمانە 31 مادە لەخۆ دەگرێ کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بە مافی خودموختاری، کار و پشوودان، مافی مانگرتن و دامەزراندنی ڕێکخراوە، ڕزگاربوون لە هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی، پەروەردە و باشترکردنی باری ژیان و گوزەران.
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ داڕشتنی ئەم پەیمانە لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجام گەیشت و لە ساڵی 1954 بە کۆمەڵی گشتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندرا. بەڵام تاساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە پەسند نەکرا و لە ساڵی 1976 پاش پەسند کردنی 35 وەڵات یەکلاکرایەوە.
کۆمەڵناسی سیاسی
بێگومان ڕەگوڕیشەی تەواوی لقەکانی زانستی سیاسی نوێ لەوانەش کۆمەڵناسی سیاسی، پێوەندی هەیە بە فەلسەفەی سیاسی کۆنەوە. کەواتە ئەگەر کۆمەڵناسی سیاسی وەک تەقەلایەکی فیکری بۆ شرۆڤە و کۆڵینەوەی دیاردە و ڕەفتارە سیاسیەکان پێناسە بکەین کە بە هۆی هۆکارگەلێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری ڕوویانداوە، ئینجا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم جۆرە تێکۆشانە لە ئەندێشەی فەلسەفی پێشونانێکی وەک پلاتۆ و ئەرەستوو، نموونەی زۆربووە.
بەم حاڵە و بەم پێشینەوە، ڕیشەی کۆمەڵناسی سیاسی، وەک لقێکی زانستی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە فیکرییەکانی سەدەی نۆزدە. بە گشتی کۆمەڵناسی سیاسی خۆی بە لێکدانەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی سیاسەت سەرقاڵ کردووە. گەوهەری کۆمەڵناسی سیاسی بریتیە لە لێکدانەوەی کاریگەریی کۆمەڵگە، چ لە بەستێنی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ئابوور و چ لە بواری ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بە سەر ستراکتوور و ڕەفتاری سیاسیدا. بە واتایەکی سادەتر کۆمەڵناسی سیاسی، ژیانی سیاسی بەپێی بگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێک دەداتەوە.
ئەو بابەتانەی کە کۆمەڵناسی سیاسی لە سەریان دەکۆڵێتەوە بریتین لە: ئاریشەکانی نوخبە، شەرعییەت و لێهاتوویی، عەدالەتی دابەشکاری، مەرجەکانی دیموکراسی، لێکدانەوەی شۆڕشەکان، هاوبەشێتی سیاسی، دەوری ڕۆشنبیر، سیستەمی حیزبی و حیزبایەتی و بەراوردکاری حکوومەتەکان.
کۆمەڵکوژی
بریتییە لە کوشتن و لەناوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئەتنیکی و ئایینی بەپێی نەخشە و پلانێکی لەوەپێش دارێژراو. بەپێی «بڕیارنامەی نێونەتەوەیی بەرگری کردن لە ژینۆساید» کە لە 9ی دێسەمبەری 1948 مۆر کراوە، کۆمەڵکوژی، بەم کردەوانەی خوارەوە دەگوترێ:
1) لەناوبردنی یەکجارەکی یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی یا ئایینی.
2) کوشتنی ئەندامانی گرووپێک.
3) ئازاردانی جەستەیی یا دەروونی ئەندامانی گرووپێک.
4) خستنە تەنگژە و ئاستەنگی گرووپێک بە ئەنقەست.
5) بەرگرتن لە سکوزا و زیادبوونی حەشیمەتی گرووپێک.
6) ڕاگواستنی زۆرەملی منداڵانی گرووپێک بۆ ناو گرووپێکی دیکە.
لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی کەمینەکاندا کۆمەڵکوژی چەند شێوازی لێ دەکەوێتەوە کە بریتین لە: کۆمەڵکوژی جەستەیی یا ماددی، کۆمەڵکوژی سیاسی کۆمەڵکوژی بایەلۆژیکی و کۆمەڵکوژی کەلتووری. ئەو کردەوانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا دەکرێ وەک کۆمەڵکوژی جەستەیی و سیاسی و بایەلۆژیکی ناوبردە بکرێن بەڵام بەپێی پێناسەی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆمەڵکوژی کەلتووری بەم جۆرە شرۆڤە کراوە:
کۆمەڵکوژی کەلتووری بریتییە لە هەر جۆرە کردارێکی بە ئەنقەست کە بە مەبەستی لەناوبردنی زمان و ئایین یا کەلتووری نەتەوەیەک، گرووپێکی ڕەگەزی یا ئایینی بە دژی ئەندامانی ئەو گرووپە بە ئەنجام بگات بۆ وێنە:
1) ڕێگەنەدان بۆ بەکارهێنانی زمانی گرووپێک لە ئاخاوتنی ڕۆژانە یا قوتابخانە و بەرگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کتێب و نووسراوە بەو زمانە.
2) سڕینەوە و لەناوبردنی کتێبخانە، خوێندنگە، مۆزەخانە و دەزگە و ڕێکخراوەی مێژوویی و کەلەپووری ئەو گرووپە.
کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی هەمان بڕیار، «کۆمەڵکوژی بە تاوانێکی نێودەوڵەتی» ناوبردە کردووە. چەند نموونەی کۆمەڵکوژی بریتییە لە: کوشتنی بەملیۆنان لە جوولەکان لەلایەن ئەڵمانییای نازی لە شەڕی جیهانی دووهەم و کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە عەمەلیاتی ئەنفالەکان لە کوردستانی باشوور کە 182 هەزار کەس بێسەروشوێن کران (بڕوانە ئەنفال). هەروەها کوشتنی شەشسەد هەزار ئەرمەنی لە لایەن تورکان لە ساڵی 1915.
کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان
بریتییە لە کوشتنی بە کۆمەڵی کەمینەی مەسیحی ئەرمەنستان کە لە نێوان ساڵەکانی 1915 تا 1923 لە لایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، ئیمپراتۆری عوسمانی بە ئەنجام گەیشت. لە لایەن ئەرتەشی تورکەوە، چەند ئاکارێکی نامرۆڤانەی دیکە دەرحەق بە ئەرمەنییەکان ڕوویداوە کە بۆتە هۆی کۆچی زۆرەملێی نزیکەی دوو ملیۆن ژن و پیاو و منداڵی ئەرمەنی بۆ سووریا و کوشتنی نزیکەی 600 هەزار کەس لەم ڕێگەدا. لەم ساڵانەی دواییدا هەر لایەن و گرووپێک ئەم کۆمەڵکوژییەی خستبێتە ژێر پرسیارەوە، لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە تووشی زەخت و گوشار بووە.
کۆمەڵکوژی سیاسی
بریتییە لە کوشتاری پلانمەندی بەکۆمەڵ بۆ لەناوبردنی ئەندامانی گرووپێکی سیاسی لە لایەن دەوڵەتێک یا دەستوپێوەنەکەی. ئەگەرچی شیکردنەوەی جینۆساید لەگەڵ کۆمەڵکوژی سیاسی لێک جیاوازن بەڵام مەبەست لە ئەنجامی ئەم دوو کردەوە، کەم تا زۆر، لەناوبردنی جەستەیی گرووپێکی ڕەگەزی و سیاسییە. ڕەنگە لە کاتی شەڕدا کوشتنی جەنگاوەران و هێزی سەربازی شتێکی ئاسایی بێت بەڵام کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی ئاسایی نییە. ئەگەر خەڵکی مەدەنی بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی پلان داڕێژراو لەناو بچن، تەنانەت ئەگەر لە لایەن گرووپێکی دژ بە دەوڵەتیش پشتگیرییان لێ بکرێت، وەها ڕووداوێک بە کۆمەڵکوژی سیاسی یان جینۆساید ناوبردە دەکرێت.
جیاوازی نێوان جینۆساید و کۆمەڵکوژی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندیانەی کە ئەندامانی گرووپی ناوبراو بۆ دەوڵەت ئاشکرای دەکەن. ئەوانەی بە جینۆساید دەبنە قوربانی بە هۆی تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە ڕەگەز، ئایینزا و نەتەوە، پۆلێن دەکرێن. بەڵام لە کۆمەڵکوژی سیاسیدا هۆکاری سەرەکی بۆ لەناوچوون، دەگەڕێتەوە بۆ هایراکی کۆمەڵایەتی یان دژایەتی سیاسی و نەیاری کردن لەگەڵ دەوڵەت یا گرووپە باڵادەستەکان.
کۆمەڵگەی جڤاکی
کۆمەڵگەی جڤاکی لە بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ باسکردن لە جۆرە پێوەندییەک لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە هاتۆتە ئاراوە. بە گشتی هەندێ لە نووسەران هەموو کۆمەڵگەکان بێ ڕەچاوکردنی ڕژێمە سیاسیەکان، بە کۆمەڵگەی جڤاکی لە قەڵەم دەدەن چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا وێکچوویی فیکر و بیروڕا بەرچاوترە لە تەوفیر و جیاوازییەکانی نێوانیان. لێکچوواندن و هاوشێوەکردن، تایبەتمەندی سەرەکی کۆمەڵگەی جڤاکییە. بە کورتی کۆمەڵگەی جڤاکی لە ڕەوتی هەنگاونان لە کۆمەڵگەیەکی سوننەتیەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە سەرهەڵدەدات. لە کۆمەڵگەی جڤاکیدا بە گشتی جیاوازی پیشەیی و سینفی و سوننەتییەکان کاڵ دەبنەوە.
هەنگاونان لە «ڕەشەگەل» ـەوە بەرەو«کۆمەڵگە» سەرهەڵدانی کۆمەڵگەیەکی جڤاکی مسۆگەر دەکات. کەلتوورە ناوچەیی و لۆکاڵییەکان لە کاتی پەیدابوونی کۆمەڵگەی جڤاکی، مەحف دەبنەوە. لە وەها کۆمەڵگەیەکدا هۆشیاریی چینایەتی لە هەناوی هۆشیاریی جڤاکیدا دەتوێتەوە و یەکگرتووییەک لە نێوان ئایدیۆلۆژی چینوتوێژەکان دێتە کایەوە. لە ناخی کۆمەڵگەی جڤاکیدا زەمینە بۆ دامەزرانی ڕێکخراوە و بزاڤی جڤاتی خۆش دەبێت و لە ئاکامی ئەم بەهەرەوەزکردنەدا چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکەونە ناو جەغزی دەزگە سیاسییەکانەوە. هاوبەشێتی سیاسی لەم کۆمەڵگەیانەدا بەپێی حەز و بەرژەوەندی پیشەیی نییە بەڵکوو بەپێی هەرەوەزکردن و هاندانە. لەم ڕووەوەیە کە یەکگرتوویی ڕیزەکانی جڤات لاواز دەبێ و زەمینەی بە ئایدیۆلۆژیک کردنی کۆمەڵگەش فەراهەم دەبێت.
لە پێناسەیەکی دیکەدا سیاسەتی جڤاکی یان کۆمەڵگەی جڤاکی کاتێک دێتە ئاراوە کە خەڵقێکی زۆر، بەدەر لە ڕێسا و شێوازە سیاسییەکان، بە مەبەستی کارتێکردن لەسەر کۆمەڵگە دەستدەدەنە کردەوەیەکی سیاسی. جگە لەمەش لە کۆمەڵگەی دیموکراتیدا سیاسەتی جڤاتی دژی دیموکراسییەتە چونکە لە سیستەمی قانوونی لادەدات. نموونەی ئەم جۆرە سیاسەتە جڤاکییانە مەککارتیزمە. بەپێی شرۆڤەیەکی کۆمەڵگەی جڤاکی، مەترسییەکی سەرەکی کە لە سیستەمی سیاسی و ئازادییە مەدەنییەکان هەڕەشە دەکات ، باڵادەستی و دەسەڵاتی جڤاتە بە سەر نوخبەکاندا.
کۆمەڵگەی مەدەنی
ئەم زاراوە لە سەدەی 18 پاش ئاڕاستە کردنی تیۆری «پەیمانی کۆمەڵایەتی» هاتە ناو گوتاری سیاسییەوە. کۆمەڵگەی مەدەنی حاڵەتێکە کە تێیدا مرۆڤ دەسبەرداری ئازادییە سروشتییەکان دەبێ و گەردنکەچی دەوڵەت و یاسا دەبێت. لەم چاخەدا باسکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، باسێکی جیهانییە و ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەڵاتانی ڕۆژاوا. لەم وەڵاتانەدا پاش شەڕی جیهانی دووهەم هەوڵ درا بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی و بەهرەداریی خەڵک و بەرگری لە سەرهەڵدان و شۆڕش، هەڵسوکەوتی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەرێوشوێن و تەکوز بکرێن چونکە پێش ساڵەکانی 1980 کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی جیهانیدا تووشی لاوازی ببوو.
قەیرانی ئابووری لە کاتی شەڕدا ببووە هۆی زیادبوونی دەوری دەوڵەتەکان لە کۆمەڵگە و ئابووردا. لەمەودوا کەس داواکاری دەوڵەتێکی بچووک نەبوو. دەوڵەتان لە کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستیان وەردەدا. ئایدیۆلۆجی ناسیۆنالیزم لە وەڵاتانی جیهانی سێهەم، بە زلکردنەوەی ترسێک کە لە بێگانە یا زلهێزەکان بوویان، جێگەیان بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆش کرد. تا ئەو کاتەی لەم وەڵاتانەدا دوژمنێکی دەرەکی گوماناوی وێنا بکرێت و هەستی ناسیۆنالیستیش ببتە هاندەر و لە سەر یەکگرتوویی و دەسەڵاتی دەوڵەت تەئکید بکرێت، پێکهاتە و هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبنە هۆی بشێوی و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگە.
سەردەمی شەڕی سارد، قۆناغی داتاشینی دوژمن و ترس لە بێگانەبووە. ئەم وەهمە بۆتە ڕێگرێک لە بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەگەرچی ڕادەی چالاکبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە جیهاندا جیاواز بووە. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژاوا بە نیسبەت ڕۆژهەڵات بەهێزتر بوو.
ئێستا پاش کوژانەوەی ئاگری کەڵەئایدیۆلۆجیایەکی وەک کۆمۆنیزم، ڕێگە بۆ کەنەفتیی ئایدیۆلۆجیایی لە جیهاندا خۆش بووە. لە بەستێنی زانیاری پاش مودێرنیزمیشدا بە شێوازی جۆراوجۆر، ئایدیۆلۆجی کەوتۆتە بەر هێرش و توانج و ڕەخنەی بەهێز. بە گشتی لایەنگری لە لاوازی دەسەڵات خوازی و ئایدیۆلۆجیایی دەوڵەت و بەهێز بوونی لایەنە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکەی، هەر دێتوو خۆیاتر دەبێت. هەڵبەت کۆمەڵگەی مەدەنی بە درێژایی مێژوو تووشی گۆڕان بووە و واتای جۆراوجۆری لێبۆتەوە. دوایین مانای ئەم زاراوە برییتیە لە لاواز بوونی دەسەڵاتی دەوڵەتەکان و ئایدیۆلۆجییە مەزنەکان. کاتێک ئایدیۆلۆجی تووشی قەیران دەبێت و قەیرانی ڕەوابوون و شەرعییەت پەرەدەسێنێت، ئینجا لایەنگری لە کۆمەڵگەی مەدەنی بە کەس ناشاردرێتەوە.
بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی:
1ــ بەدەستەوە نەدانی شوناس: واتە ناکرێ شوناسە کۆمەڵایەتییەکان بچووک بکرێنەوە و یەکیان لە «ئەویدی» دا بتوێنرێتەوە. کەواتە کۆمەڵگەی مەدەنی مەکۆی فرەدەنگی و پێکهاتە جیاوازەکانە.
2ــ بنەمای سوودمەندی: خەڵکی بە شوێن زیاترین قازانج و بەرژەوەندی خۆیانەوەن. ئەم بنەمایە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ کۆکردنەوەی مەردم لە مەکۆیەکی کۆمەڵایەتیدا.
3ــ بنەمای بەرپرسیاریەتی: بەرپرسیاریەتی لەگەڵ سەربەستی ئاوێتەیە. کەواتە بەرپرسیاریەتی زیاتر بە مانای ئیختیاری زیاترە. بەرپرسیاریەتی دەبێتە هۆی ئەندامەتی ئارەزوومەندانە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا.
4ــ بنەمای دامەزراندن: خەڵک حەز دەکەن کەسانی دیکە وەکارگرن و دامەزرانن بۆ بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان. ئەم بنەمایە دەبێتە هۆی تەکوزی کۆمەڵایەتی و یەکسانی مافەکان لەناو پێکهاتەیەکدا.
5ــ باڵادەستی: ئەوە مرۆڤەکانن کە بەپێی پەیمانی نووسراو و نەنووسراو، باڵادەستیی و دەسەڵات و پلە و مەقامی خۆیان دیاری دەکەن. لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا بەپێی ئەم بنەمایە هیچ کەسێک ناتوانێ مافی خودایی حکوومەت کردن بۆ خۆی قاییل بێت.
6ــ بنەمای جەبر: جەبر سەبەبی پاکانەیە. ئەم بنەمایە دەبێتە مایەی سڕینەوەی زۆرەملی و گوشارهێنان بەپێی ڕێسای ڕێکخراوەکان و هەرکەس بەپێی بەرپرسیاریەتی خۆی ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبات.
7ــ بنەمای نەزانین: نەزانین سەبەبی پاکانەیە. ئەم بنەمایە لە سەر گەڕیانی زانیاری بە شێوەی ئازاد لە ناو پێکهاتەکاندا لەنگەر دەگرێ.
8ــ بنەمای زوڵاڵبوون: ڕوونبوون و ڕووناکی بەسوودترە و کێشە و گرفتان کەم دەکاتەوە. بەم پێیە هیچ کەس بۆی نییە لە ناو گرووپ یان پێکهاتێک کاری شاراوە و پەنامەکی ئەنجام بدات.
9ــ بنەمای خۆخوازی: هەر کەسێک تەنانەت لە ناو گرووپیشدا بەرژەوەندی خۆی زیاتر بەلاوە گرنگە تاکوو بەرژەوەندی کەسانی دیکە. ئەمە دەبێتە هۆی «نە» لێکردن بە پێوەندی مورید ومورادی کە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەت دەکاتەوە.
کۆمەڵگەی کراوە
ئەم زاراوە لە لایەن کارۆل پۆپێر فەیلەسووفی نەمسایی لە کتێبی «کۆمەڵگەی کراوەودوژمنەکانی» (1945) بۆ پێناسە کردنی کۆمەڵگەیەکی ئاواڵە هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا هەموو کەس بتوانێ بە شێوەیەکی سەمەربەخش لە دەسەڵاتداران ڕەخنە بگرێ. پۆپێر بە نەقڵکردنی ئەم گوزارەی پریکلێس لەگەڵیا هاودەنگە کە دەڵێ: «ئەگەرچی تەنیا دەستەیەکی کەم، سیاسەت بەرهەم دێنن بەڵام هەموومان دەتوانین لە بارەیەوە دادوەری بکەین». ئەمەش بە مەرجێک بە ئەنجام دەگات کە هێرش بکرێت بۆ سەر ئیستبداد و هایراکی «داخراو»ی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ئیجازە بە کەس نادات بەپێی لێوەشاوەیی و کارامەیی بەرەو پێشەوە بڕوات.
کۆمەڵی نەتەوەکان
ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی بوو کە لە ساڵی 1920 بەپێی پەیماننامەیەکی 26 مادەیی کە بەشێک بوو لە پەیمانی ڤێرسای، دامەزرا. ناوەندی کۆمەڵە لە جێنێڤ بوو. کۆمەڵەی نەتەوەکان، بە دامەزراندنی «ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان» * لە ساڵی 1946 لێک هەڵوەشا. ئەم کۆمەڵە بەپێی مادەی 14ی پرەنسیپەکانی ویلسۆن (1856ــ 1919)، سەرکۆماری ئەمریکا، دامەزرا (بڕوانە چواردە مادەی ویلسۆن) بەڵام کۆنگرەی ئەمریکا پەسندی نەکرد و ئەم وەڵاتە نەبووە ئەندام. جاڕنامەی کۆمەڵە، ئەندامانی پابەند دەکرد بەوەی کە ڕێز بۆ یەکتر دابنێن و دەسدرێژی نەکەنە سەرخاکی یەکتر و بۆ ڕاهیکردنی کێشەکانیان، ڕوو نەکەنە زەبروزەنگ و ئەم کارە بسپێرنە کۆمەڵەی نەتەوەکان.
کۆمەڵە ساڵی جارێک دانیشتنی ساز دەکرد و نوێنەرانی هەموو ئەندامەکان تێیدا بەشدار بوون. «لیژنەی کۆمەڵە» پێکهاتبوو لە 15 ئەندام، لەوانە ئیتالیا، ژاپۆن، فەرەنسە و بەریتانیا و دواتر ئەڵمانیا و سۆڤیەت وەک ئەندامانی هەمیشەیی کە لە ساڵیکدا سێ جار دانیشتنی ساز ئەکرد. دادگەی جیهانی و ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی کار لە ڕێکخراوە لاوەکییەکانی کۆمەڵە، لە ئەژمار دێن. گرفتی سەرەکی کۆمەڵەی نەتەوەکان ــ هەر وەک ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێوەی ئەتلێتەوە ــ بریتییە لە نەبوونی زەمانەتێک بۆ بەڕێوەبردن و پیادەکردنی بڕیارەکانی چونکە ناتوانێ دەوڵەتە زلهێزەکان بە ئەنجامدانی ئەو بڕیارانە پێمل بکات.
سەرەتای هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە، ئەو کاتە بوو کە دەوڵەتە گەورەکان، دەستیان دایە داگیرکاریی و کۆمەڵە هیچ کارێکی لە دەست نەهات. بۆ وێنە ژاپون لە ساڵی 1931 بە هەڵگیرساندنی شەڕی دووهەمی خۆی لەگەڵ چین، لەم کۆمەڵە هاتە دەرەوە. یان هیتلەر لە ساڵی 1933 بۆ پشت ئەستوورکردنی خۆی، وەڵاتەکەی لە کۆمەڵە کێشایە دەرەوە کە دەرەنجامەکەی شەڕی جیهانی دووهەمی لێکەوتەوە.
کۆمەڵی گشتی
کۆمەڵی گشتی، بەشێکی گرنگ و سەرەکی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانـە کە هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا نوێنەریان هەیە. ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵی گشتی تا سێپتەمبەری 1977، گەیشتە 149 وەڵات. لە ساڵی 2002، ژمارەی ئەندامان گەیشتە 191 وەڵات. هەر وەڵاتێکی ئەندام، دەتوانێ بە پێنج نوێنەری هەمیشەیی و پێنج نوێنەری یەدەکی لە کۆبوونەوەکانی ساڵانەی کۆمەڵدا بەشداری بکات بەڵام هەر وەڵاتێک یەک دەنگی هەیە. کۆبوونەوەکان، ساڵی جارێک لە سێهەمین سێ شەممەی مانگی سێپتەمبەر گرێ دەدرێ بەڵام سکرتێری گشتی دەتوانێ لەسەر داوای ئەنجومەنی ئاسایش یا زۆرینەی ئەندامەکان داوای بەستنی کۆبوونەوەی نائاسایی بکات.
کۆمەڵی گشتی، تاکە دەزگەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە کە هەموو وەڵاتان نوێنەریان تێیدا هەیە و بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنیا یا لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش، دەتوانێ ئەندامی بەشەکانی دیکە دەست نیشان بکات. جگە لەمەش هەموو دەزگەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ هەموو ساڵێک ڕاپۆرتی چالاکییەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆمەڵی گشتی بکەن. بە گشتی بڕیاردان لەمەڕ کێشە و ڕووداوە گرنگەکان، وەک پێشنیاز و ئامۆژگاری دەربارەی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، دەرکردن یا هەڵپەساردنی ئەندامەکان و … بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆمەڵە بە ئەنجام دەگات.
بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵی گشتی لە چارەسەرکردنی ئەم کێشە نێودەوڵەتیانەی خوارەوەدا بەشداری دەکات:
1ـــ ئەو کێشە نێودەوڵەتیانەی کە پێوەندییان هەیە بە نەهێشتنی چەک.
2ـــ ئەو کێشە نێودەوڵەتیانەی کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن.
3ـــ ئەو کێشانەی کە پێوەندییان هەیە بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، مادامێکی لە لایەن ئەندامێکی نەتەوەیەکگرتووەکان یا ئەنجومەنی ئاسایشەوە داوا بکرێ.
4ـــ ئەو کێشانەی کە زیان بە باری خۆشگوزەرانی گشتی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەیەنن.
5ـــ ئەو کێشانەی کە لە بەردەم سەقامگیر بوونی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاستەنگ دروست دەکەن.
کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کورد)
ئەم کۆمەڵە لە ڕێکەوتی 16/9/1942 (بەرانبەر بە 25ی خەرمانانی 1321ک.ه) لە شاری مەهاباد لە لایەن چەند کوردێکەوە بە مەبەستی برەوپێدانی بیروباوەڕی نەتەوایەتی لەناو جەماوەری کوردی دامەزرا. هەندێک لەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەم ڕێکخستنەدا بریتین لە: ڕەحمان عەلەوی، محەمەدئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوازادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فرووهەر (زەڕگەری)، عەبدوڕەحمان ئیمامی، قاسم قادری، میرعەبدولڵا داودی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهوو، میرحاج (کوردستانی عێراق) و قادر مودەڕسی. لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە 100 کەس. هەموو کوردێک دەیتوانی لە کۆمەڵەدا ببتە ئەندام. هەرکەس ببوایە بە ئەندام، لە دیدارێکی نهێنی و بە ئامادەبوونی سێ کەس لە ئەندامانی دامەزرانەر، حەوت جار سوێندی بە قورئان دەخوارد کە بەم شەش خاڵەی خوارەوە وەفادار بمێنێت.
1ـــ بە نەتەوەی کورد خەیانەت نەکات.
2ـــ هەوڵ بدات بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان.
3ـــ هیچ نهێنیەک نەدرکێنی چ بە زمان چ بە نووسین.
4ـــ تا دوایین ڕۆژی ژیانی هەر ئەندام بێت.
5ــــ هەموو پیاوێکی کورد بە برا و هەموو ژنێکی کورد بە خوشکی خۆی بزانێت.
6ـــ بێ ئیجازەی کۆمەڵە لە هیچ پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکەدا نەبێتە ئەندام.
لە مانگی گوڵانی 1943 ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە ئامادەبوونی سەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە، لە سەر کێوی خواپەرست، لە نزیک مەهاباد، هەڵبژێردران. بەڵام کەسێک بەناوی سەرۆک یا سکرتێر دیاری نەکرا بەڵکوو کۆمیتەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوون لە ڕەحمانی زەبیحی، ڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار موکریانی) و محەمەد یاهوو، وەک دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشان کران. لە مانگی ڕەزبەری 1944 قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف. کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی هیوا (کوردستانی باشوور) و خۆیبوون (کوردستانی باکوور) پێوەندی بووە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا. پاش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی 16/8/1945 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵەی ژ.کاف لەناو ئەو حیزبەدا توایەوە.