تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی
ئەم ڕێکخراوە بەپێی بڕیاری 124 وەڵاتی ئەندامی ڕێککەوتننامەی گات (ڕێککەوتننامەی گشتی تاریفە و بازرگانی) دامەزرا و بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێکەوتی 1/1/1995 دەستی بە کار کرد. ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی، بە هەمانشێوە کە لە پێشەکی دەقی ڕێککەوتننامەی گات هاتووە بریتییە لە: بردنەسەرەوەی ئاستی ژیان لە وەڵاتانی ئەندام، دابینکردنی هەلومەرجی کار و پیشە، زیادکردنی داهاتی ڕاستەقینە و بازاڕ، کەڵکوەرگرتنی بەجێ لەسەرچاوە جیهانییەکان و پەرەپێدان بە بەرهەمهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتی.
کاروبار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە بەگشتی لەسەر چوار تەوەری سەرەکی هەڵدەسووڕێت:
یەکەم، گشتاندن و ڕاپەڕاندنی بیرۆکەی بەناوبانگی«دەوڵەتی تەواودۆست» *و سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەک لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان لە بازرگانی جیهانیدا.
دووهەم، بەرگری لە سنووردارکردن و بەربەستکردنی هەناردە و هاوردەکان.
سێهەم، داشکانی تاریفە گومرگییەکان لە ڕێی گفتوگۆ و زامنکردنی ڕێکەوتنەکان.
چوارەم، ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامەکانی دیکە لە بابەت سیاسەتە بازرگانیەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە بازرگانیەکان لە ڕێی گفتوگۆ.
تا کۆتایی ساڵی 1996 ژمارەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە گەیشتە 149 وەڵات و 28 وەڵاتی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ بە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوەدا ڕاگەیاندووە.
لە ڕووداوە تیرۆریستیەکەی 11ی سێپتەمبەر*، کە لە لایەنە ڕێَکخراوی ئەلقاعیدە* بە ئەنجام گەیشت، هەر دوو تاوەرە ئەفسانەییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئەمریکا کەوتە بەر هێرش کە تێیدا نزیکەی 3000 کەس گیانیان لە دەست دا.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی (W.H.O) یەکێکە لە دەزگە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ڕێکەوتی 7/4/ 1948 لەسەر پێشنیازی کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ (1945) و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی تەندروستی لە نیۆیۆرک (1946) دامەزرا. پێگەی یاسادانەری ڕێکخراوەکە «کۆمەڵی تەندروستی جیهانی»یە کە ساڵی جارێک بە ئامادەبوونی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەبەسترێ و پلان و بوودجەی ڕێکخراوەکە دەستنیشان دەکات. بۆ«دەستەی کارگێڕیی»، نوێنەرانی 24 دەوڵەت ئامادەن تا بڕیارەکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکەن.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی لەڕووی بەهێزکردنی باری تەندروستی و داوودەرمان یارمەتی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەدات تا پەتا و نەخۆشییەکان لەسەرانسەری جیهان ڕیشەکێش بکات. بارەگەی ئەم ڕێکخراوە لە شاری جێنێڤ دایە و کاروبارەکەشی لەژێر چاوەدێری «بەڕێوەبەری گشتی» بەڕێوە دەچێت.
ڕێکخراوەی جیهانی خاوەنداریەتی
ئەم ڕێکخراوە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ کۆنڤانسیۆنی پاریس (1883) و بێرن (1886) کە بریتی بوون لە یەکیەتی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیری خاوەنداریەتی مەعنەوی و یەکیەتی نێونەتەوەیی پشتگیری لە بەرهەمە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان. ئەم دوو کۆنڤانسیۆنە لە 1893 یەکییان گرت و سەرەنجام لە کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم (14/7/ 1967) لەژێر سەردێڕی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی خاوەنداریەتی مەعنەوی، بوونی خۆی ڕاگەیاند بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی لە 26/4/ 1970 پیادە کرا.
بەپێی بەندی 3ی کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتین لە:
ـــ پەرەپێدان بە پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی لە هەموو جیهان لەڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتی.
ـــ زامنکردنی هاوکاری ئیداری نێوان یەکیەتییەکان.
بەپێی بەندی چواری ئەم کۆنڤانسیۆنە، ڕێکخراوەکە بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی سەرەوە، هەڵدەستێ بە ئەنجامی ئەم ئەرکانەی خوارەوە:
ـــ پەرەپێدان بە هەر جۆرە ئاسانکارییەک بەمەبەستی پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی. جیاواز لەمەش، هاوئاهەنگی یاسا نەتەوەییەکان بەهەند ئەگرێت.
ــــ پیادەکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییانەی کە بۆ ئەم مەبەستە واژۆ دەکرێ.
ـــ وەڵاتانی خوازیاری یارمەتی یاسایی و تەکنیکی لە بابەت خاوەندارییەتی مەعنەوی، هاوکاری یەکتر دەکەن.
ــــ هەموو زانیارییەکی پێوەندیدار بە خاوەنداریەتی مەعنەوی کۆ دەکرێتەوە و بە تویژینەوە لەسەر ئەم بابەتە پاداش دەدرێ و ئەنجامی توێژینەوەکان بڵاو دەکرێتەوە.
ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی کار
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1919 وەکوو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ، بەڵام لەژێر چاوەدێری «کۆمەڵی نەتەوەکان» بەمەبەستی باشترکردنی هەلومەرجی ئیشوکار و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و پێشخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جیهان دامەزرا. لە ساڵی 1946 «ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان»، ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوەی لەسەر ئەو بابەتانەی ئاماژەی پێ درا بە ڕەسمی ناساند و لەوە بەدوا وەکوو یەکێک لە دەزگە پسپۆڕییەکان ناونووس کرا.
ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوە بەوردی بریتیە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی کار، وەکوو ئاستی مووچە و هەقدەست و ماوەی کارکردن و بیمەی بێکاری، تەندروستی شوێنی کار، مەرجەکانی کارکردنی ژنان و مێرمنداڵان، پێشبینی سەردەمی پیری و نەخۆشی و پشتیوانیکردن لەو کرێکارانەی کە لە هەندەران ئیش دەکەن. ناوەندی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ ــە. 10 وەڵاتی (ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتالیا، چین، ژاپۆن، سۆڤیەت، فرەنسا، کەنەدا و هێندستان) بەهۆی پێشکەوتن لە پیشەسازیدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتین و 38 ئەندامەکەی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵدەبژێرن.
ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی ئاوارەکان
ئەم ڕێکخراوە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە ئاگۆستی 1948 تا دیسەمبەری 1951 ئەرکی چاودێریی و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی بۆ وەڵاتی خۆیانی لە ئەستۆ بووە و ڕاسپاردە و لایەنگری سیاسی و قانوونی ئاوارەکان بووە لەو وەڵاتانەی کە وەردەگیران. ئەم ڕێکخراوە ئەودەم کاتی بووە و بە هەڵوەشانەوەی لە ساڵی 1951 ئەرکەکانی سپێردرایە «راسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان» *.
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕێکخراوە دوای تەواوبوونی شەڕی جیهانی دووهەم بۆ بەرگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە جیهان دامەزرا. ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ڕاستیدا جێگەی کۆمەڵەی نەتەوەکانی گرتەوە کە لە ساڵی 1919 پاش کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم دامەزرابوو. ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان وەکوو لە بەندی یەکەمی جاڕنامەکەیدا هاتووە بەم شێوەیە:
1ــ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
2ــ پەرەپێدانی پێوەندیی برایانە لەنێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر و یەکسانی مافەکان و مافی سەروەری نەتەوەکان.
3ــ هاوکاری لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان و یەکخستنی هەوڵەکان لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو کەسێک.
4ــ هاوئاهەنگکردنی هەوڵەکانی وەڵاتانی ئەندام بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.
ئەندامبوون لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ هەموو ئەو دەوڵەتە ئاشتیخوازانەی کە دادوەریی ڕێکخراوەکەیان لەمەڕ بڕیارنامەکاندا قبووڵ بێت، ئازادە. ژمارەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە دەگاتە 191 وەڵات و چاوەڕوان دەکرێ زیاتریش ببێت. ئەندامانی نوێ لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و بە پەسندکردنی زۆرینەی 3/2 ئەندامانی «کۆمەڵی گشتی» وەردەگیرێن. ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، چەندین ئەستونی گرینگی هەیە کە بریتین لە:
1ــ کۆمەڵی گشتی، (ئەم کۆمەڵە باس لە هەموو کێشە و بابەتە گشتییەکان دەکات، تەنانەت ئەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە کۆمیتە و ئەنجومەنە گشتییەکانەوە هەبێت.)
2ــ ئەنجومەنی ئاسایش، (ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفرەوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداری نەتەوەیەکرتووەکانە و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرینگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی، پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام ڕەزامەندی لەسەر بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن (ئەمریکا، ڕووسیا، بریتانیا، چین و فرەنسا) ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
3ــ ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی ئابووری 54 ئەندامی هەیە کە لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەم ئەنجومەنە لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی دەکات.
4ــ ئەنجومەنی ڕاسپاردەکان، ئەم ئەنجومەنە چاودێریی ئەو وەڵاتانەی دەکرد کە هێشتا سەربەخۆییان وەرنەگرتبوو، ئەم ناوچانەش کە لە پانزە ناوچە پێکهاتبوون تا ساڵی1990 سەربەخۆییان وەدەست هێنا و پاشان ئەرکەکانی ئەنجومەنەکەش کۆتایی پێ هات.
5ــ دادگەی نێونەتەوەیی داد*، ئەم دادگەیە پێکهاتووە لە پانزە دادوەر کە دەبێ خەڵکی پانزە وەڵاتی جیاواز بن. ناوەندی دادگەکە لە لاهای هۆڵەندایە و لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و پەسندکردنی کۆمەڵی گشتی دادەنرێن. ئەرکی سەرەکی دادگەی لاهای، چارەسەرکردنی گیروگرفتە یاساییە نێودەڵەتییەکانە.
6ــ سکرتاریەتی گشتی، ئەم کۆڵەکە هەموو ئەرکە کارگێڕییەکانی ڕێکخراوە و هاوئاهەنگکردنی دامودەزگە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە ئەستۆدایە و زیاتر لە 25 هەزار کارمەندی هەیە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی هەموو وەڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانن.
سکرتێری گشتی، ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوە و جێبەجێکردنی بڕیاری دەزگە جۆراوجۆرەکان لە ئەستۆ دەگرێ و هەر پێنج ساڵ جارێک لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و پەسندکردنی 3/2 ئەندامانی کۆمەڵی گشتی هەڵدەبژێردرێ. سکرتێری گشتی نابێ هاووەڵاتی هیچ کام لە پێنج وەڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بێت. هەڵبژاردنەوەی دووبارەی بۆ ئەم پۆستە، هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە.
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، جگە لەو شەش ئەستونە سەرەکییە، کۆمەڵێک ڕێکخراوەی پسپۆڕیی و دامودەزگەی جیاوازی دیکەی هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی*، ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی کار*، بانکی جیهانی*، ڕێکخراوەی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، ڕێکخراوەی پەروەردەیی و زانستی و کەلتوری نەتەوەیەکگرتووەکان* و ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی* و …
بەپێی جاڕنامەی نەتەوەیەگرتووەکان، ئەو زمانانەی کە لە ڕێکخراو بە شێوەیەکی ڕەسمی بەکار دەبرێن بریتین لە: سپانیۆلی، ئینگلیزی، چینی، ڕووسی و فەرەنسی. زمانی عەرەبیش بە زمانە ڕەسمییەکانی کۆمەڵی گشتی، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد کراوە.
لەم ساڵانەی دواییدا نەتەوەیەکگرتووەکان، هەوڵی بەرزکردنەوەی توانێی سەربازی خۆی داوە و چالاکییەکانی لەسەر ئاستی جیهانی بەرفراوان کردووە کە ئەمەش بە خاڵێکی سەرەکی گۆڕانکاری لە ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە دادەنرآ. تا ساڵی 1995 سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ڕێکخراو کە بە کڵاوشینەکان، یا «ئاشتی پارێزەکان» ناوبانگیان دەرکردووە گەیشتە 70 هەزار کەس.
ڕێکخراوەی هاوبەندی ئەمریکای لاتین
ئەم ڕێکخراوە لە ژانوییەی 1966 لە پەراوێزی «هاوبەندی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین» لە شاری هاڤانا، پێتەختی کووبا دامەزرا. بە دامەزرێندنی ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی کاسترۆ و تیۆری شۆڕشی جووتیارییەکەی بەسەر حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین کە تا ساڵی 1964 دژایەتییان دەکرد، مسۆگەر بوو.
ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک)
ئەم ڕێکخراوە لە دوای هەوڵی زۆر و درێژخایەنی وەڵاتانی نێرەری نەوت لە ژانوییەی 1961 لە کاراکاس (ڤێنێزۆئێلا) دامەزرا و سەرەتا وەڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، کوەیت، قەتەر و ڤینزۆئیلا بوونە ئەندام و پاشان، وەڵاتانی ئەندونیزیا، لیبی و نایجریا بوون بە ئەندام. ئۆپێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە دامەزرێ:
1ــ چەسپاندنی سیاسەتێک بۆ دانانی نرخ و مەزەندەیەکی یەکلاکراو، بەدوور لە هەلاجانی ئابووری وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
2ــ پاراستنی سەرچاوە و کانە نەوتییەکان.
3ــ پاراستنی ئاسایشی نەوتی ڕاگوێزراو.
4ــ بەرگری لە زیادبوونی نرخی یەکلاکراو یان هەناردنی نەوتی لە ڕادەبەدەر بە پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەی ئەندامان.
وەڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک، 45% نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و جگە لەوەش داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن تا نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و یەکسان ڕابگرن، چونکە هەلاجان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بۆ ئەم وەڵاتانە دەبێتە هۆی هەلاجانی ئابووری و هەندێ جار گەشەسەندنی ئەم وەڵاتانە تووشی زیان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە دوای دامەزرانی ئۆپێک ناوبەناو بۆتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە. بۆ وێنە:
ــ شەڕی ئیسراییل و عەرەبان لە 1973 کە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ڕاوەستانی ناردنی نەوتی وەڵاتانی عەرەبی بۆ ڕۆژاوا و ئەمەش هەڵکشانی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.
ــ شۆڕشی گەلانی ئێران (1978) کە بەریانی نەوتی ئەم وەڵاتەی بۆ ماوەیەک ڕاوەستاند و ئەمەش بووە هۆی هەڵکشانی بێوێنەی نرخی نەوت تا ئەو سەردەمە.
ــ شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) .
ــ شەڕەکانی کەنداوی فارس کە بریتی بوون لە: شەڕی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە دژی عێراق لە دوای داگیرکردنی خاکی کوەیت لە لایەن ئەم وەڵاتە (1991-1990) . شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بە دژی عێراق بە بیانووی چەک کردنی ئەم وەڵاتە (2003) .
ــ زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وەڵاتە لە ساڵەکانی 2005 و 2008 کە نرخی نەوتی تا نزیکەی 130 دۆلار هەڵکشاند.
ــ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2008 بووە هۆی دابەزینی دووبارەی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1964بەمەبەستی یەکخستنی گرووپە فەلەستینیە ئاوارەکان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بۆ تێکشکانی دەسەڵاتی زایۆنیستەکان و ستاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان دامەزراوە و تەواوی وەڵاتانی عەرەب و وەڵاتانی دوژمنی ئیسراییل، ئەم ڕێکخراوە بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی فەلەستین دەزانن. ڕێکخراو، یاسر عەرەفات بە سەرۆکی خۆی هەڵدەبژێرێ کە ئەودەم سەرۆکی گەورەترین ڕێکخراوی سیاسی فەلەستینیەکان بوو (بڕوانە ئەلفەتح) . سەرۆکی ڕێکخراو لە کۆنفرانسەکانی وەڵاتانی عەرەب، هاوشانی ڕێبەرانی ئەم دەوڵەتانە بەشداری دەکات. تا ساڵی 1970 ناوەندی ڕێکخراوەکە لە ئەردەن بوو بەڵام بەهۆی ئەو پێکادانە خوێناوییەی کە لە سێپتەمبەری ئەو ساڵە لەنێوان سوپای ئەو وەڵاتە و چەکدارانی فەلەستینی ڕوویدا، فەلەستینیەکان قەڵاچۆکران و ڕێکخراو، ناوەندی چالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ سووریا و لوبنان.
ساڵی 1982 بەهۆی زەبر و زۆری هێزەکانی ئیسرایل بۆ بنکەکانی ڕێکخراوەکە لە لوبنان، ڕێکخراو ناچار بوو ناوەندی چالاکییەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ تونس. لە ساڵی 1988 ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین، دەوڵەتی فەلەستینی لە تاراوگە دامەزراند و یاسر عەرەفات بە سەرۆکی ئەم دەوڵەتە هەڵبژێردرا و لە لایەن پەنجا دەوڵەتی ئەو کاتە بە ڕەسمی ناسرا. (بڕوانە: دەوڵەتی تاراوگە)
دوابەدوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسراییل و ڕێککەوتننامەی ئاشتی مەدرید، دەوڵەتی فەلەستین بارەگاکەی خۆی گواستەوە بۆ کەرتی غەزە لە خاکی فەلەستین و لە هەڵبژاردنێکی گشتی لە ساڵی 1996، جاڕێکی دیکە یاسر عەرەفات بە سەروکی دەوڵەتی فەلەستینی هەڵبژێردرا. لە یانزەی نۆڤەمبەری 2004 یاسر عەرەفات کۆچی دوایی کرد و سەرۆکایەتی حکوومەتی فەلەستینی لە 9/1/2005 سپێردرایە مەحموود عەبباس ناسراو بە ئەبوومازن. بەڵام بەهۆی ناکارا بوونی ئەم حکوومەتە (بە ڕێبەرایەتی ئەلفەتح) و نادیاربوونی مافەکان و چارەنووسی فەلەستینیەکان و پەککەوتنی ئابووری لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 15/1/ 2006 ڕێکخراوەی حەماس* (بزاڤی خۆڕاگری ئیسلامی) توانی لەسەرجەم 132 کورسی 72 کورسی بباتەوە و بەم جۆرە دەوڵەتی نوێی فەلەستینیەکان دابمەزرێنێ. دوابەدوای سەرکەوتنی حەماس، ئیسراییل و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتییەکانی خۆیان بۆ خەڵکی فەلەستین ڕاوەستاند و ئیسراییل بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ حکوومەتی فەلەستینی سێ مەرجی دیاری کرد کە بریتی بوون لە:
ـــ دەبێ حەماس لقی چەکداری خۆی لە چەک داماڵێ.
ـــ مادەی «لەناوبردنی ئیسراییل» لە پلاتفۆرمی حەماسدا نەمێنێ.
ـــ هەموو ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی فەلەستینی و ئیسراییل بەهەند بگیرێت.
ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی
گەورەترین ڕێکخراوەی وەڵاتانی ئیسلامییە کە لە 56 ئەندام پێکهاتووە و بە شێوەی ڕەسمی لە سێپتەمبەری 1969 لە کۆنفرانسی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندام لە ڕبات (پێتەختی مەغریب) دامەزرێ. پاڵنەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە، چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بوو کە لە ئەنجامی شکستهێنانی وەڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسراییل (ژووەنی 1967) هاتبووە ئاراوە. ئامانجەکانی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی بریتین لە:
ــ گەشەپێدانی پێوەندی و هاوکاری و یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
ــ سڕینەوەی پاکتاوکردنی ڕەگەزی.
ــ پشتیوانیکردن لە ئاشتی نێودەوڵەتی.
ــ پشتگیری موسوڵمانان لە خەباتیان بۆ پاڕاستنی شەرەف و سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکانیان. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە لەسەرەتادا هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژ بە ئیسراییل و پشتیوانیکردن لە مافی فەلەستینییەکان هەبووە بەڵام بە نزیکبوونەوەی میسر لە ئیسراییل و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەم دوو وەڵاتە، کۆنفرانس تووشی ناکۆکی هات و یەکەمین ناتەبایی لە ساڵی 1978 بە دەرکردنی میسر لە ڕێکخراو سەری هەڵدا. بەگشتی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لەمەڕ ئەو کێشە و گرفتانەی کە بۆ وەڵاتانی ئیسلامی هاتۆتە پێش، هەر لە دەستدرێژی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستانەوە بگرە تا شەڕی ئێران و عێراق و دوو شەڕەکەی کەنداو و ناکۆکییەکانی باکووری ئەفریقیا، نەیتوانیوە وەکوو سەرچاوەیەکی شەرعی بێتە مەیدانەوە بەڵکوو زیاتر لە جاران بەرەو بێهێزی و دەستەوسانی و لەرزۆکی چووە.
لە پەراوێزی ئەم ڕێکخراوەدا چەند کۆمیتەیەک پێکهاتوون کە بریتیین لە:
کۆمیتەی کاروباری ئابووری کە بەمەبەستی بەرەو پێشڤەبردنی هاوکاری ئابووری و پاڕاستنی یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی دامەزراوە، کۆمیتەی زانستی فێرکاری و فەرهەنگی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، هونەری و فەرهەنگی ئیسلامی و کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاڕاستنی جێماوەی ئیسلامی و لێژنەی وەرزش.
ڕێکخراوەی یەکگرتنی ئەفریقا
ئەم ڕێکخراوە لە 25/5/ 1963 لە ئەدیسئابابا پێتەختی ئیتیۆپیا دامەزرا کە ئامانجەکانیشی بریتی بوون لە: 1ــ هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی و تەبایی وەڵاتانی ئەفریقایی. 2ــ ڕیشەکێشکردنی هەر جۆرێکی ئیستیعمار و داگیرکاریی لە ئەفریقا. لەم ڕێکخراوەدا 56 دەوڵەت ئەندامن کە نۆزدە دەوڵەتیان بە «هێزەکانی مۆنرۆیا» و 6 دەوڵەتی دیکەش بە «هێزەکانی کازابلانکا» ناویان دەرکردووە. ئەفریقای باشووری لە ساڵی 1994 بوو بە ئەندامی ڕێکخراو.
بەهۆی ناتەبایی و کێشمەکێشی نێوان ئەندامان، زۆربەی نەخشە و بەرنامەکانی ئەم ڕێکخراوە بەرەورووی شکست دەبێتەوە. سەرەنجام لە دوایین دانیشتنی ڕێکخراو لە ئەفریقای باشووری لە ژووییەی 2002، «ڕێکخراوەی یەکگرتنی ئەفریقا» بەشێوەیەکی ڕەسمی هەڵوەشایەوە و جێی خۆی دا بە «یەکیەتی ئەفریقا» . هۆی ئەم هەڵوەشانەوە دەگەڕایەوە بۆ دامودەزگەی پان و بەرین و زۆربوونی ژمارەی کارمەندانی کە 80% بوودجەی ڕێکخراوەکەی بۆ تەرخان دەکرێ و تەنیا 20% بوودجەکەی خەرجی بەرنامە ئابوورییەکان دەکرا.
کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کورد)
ئەم کۆمەڵە لە ڕێکەوتی 16/9/1942 (بەرانبەر بە 25ی خەرمانانی 1321ک.ه) لە شاری مەهاباد لە لایەن چەند کوردێکەوە بە مەبەستی برەوپێدانی بیروباوەڕی نەتەوایەتی لەناو جەماوەری کوردی دامەزرا. هەندێک لەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەم ڕێکخستنەدا بریتین لە: ڕەحمان عەلەوی، محەمەدئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوازادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فرووهەر (زەڕگەری)، عەبدوڕەحمان ئیمامی، قاسم قادری، میرعەبدولڵا داودی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهوو، میرحاج (کوردستانی عێراق) و قادر مودەڕسی. لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە 100 کەس. هەموو کوردێک دەیتوانی لە کۆمەڵەدا ببتە ئەندام. هەرکەس ببوایە بە ئەندام، لە دیدارێکی نهێنی و بە ئامادەبوونی سێ کەس لە ئەندامانی دامەزرانەر، حەوت جار سوێندی بە قورئان دەخوارد کە بەم شەش خاڵەی خوارەوە وەفادار بمێنێت.
1ـــ بە نەتەوەی کورد خەیانەت نەکات.
2ـــ هەوڵ بدات بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان.
3ـــ هیچ نهێنیەک نەدرکێنی چ بە زمان چ بە نووسین.
4ـــ تا دوایین ڕۆژی ژیانی هەر ئەندام بێت.
5ــــ هەموو پیاوێکی کورد بە برا و هەموو ژنێکی کورد بە خوشکی خۆی بزانێت.
6ـــ بێ ئیجازەی کۆمەڵە لە هیچ پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکەدا نەبێتە ئەندام.
لە مانگی گوڵانی 1943 ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە ئامادەبوونی سەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە، لە سەر کێوی خواپەرست، لە نزیک مەهاباد، هەڵبژێردران. بەڵام کەسێک بەناوی سەرۆک یا سکرتێر دیاری نەکرا بەڵکوو کۆمیتەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوون لە ڕەحمانی زەبیحی، ڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار موکریانی) و محەمەد یاهوو، وەک دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشان کران. لە مانگی ڕەزبەری 1944 قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف. کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی هیوا (کوردستانی باشوور) و خۆیبوون (کوردستانی باکوور) پێوەندی بووە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا. پاش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی 16/8/1945 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵەی ژ.کاف لەناو ئەو حیزبەدا توایەوە.