تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سروودی نەتەوەیی/نیشتمانی
1ــ سروودێکی ڕەسمییە کە باڵانوێنی ڕۆحی نەتەوە و کەلتوور و دابونەریت و مێژووی وەڵاتێکە.
2ــ ئاوازێکی نیشتمانپەروەرانە و ئایدیالییە کە لە کاتی فەرمیدا بۆ ڕێزگرتن لە وەڵاتێک تۆمار دەکرێت.
سیاسەتی فرەکەلتووری
ئەم زاراوە دەرەنجامی هەوڵ و تێکۆشانێکە کە لە زۆربەی وەڵاتان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان فەرهەنگی زۆرینە و فەرهەنگی کەمینە بە ئەنجامیان گەیاندووە. بەپێی ئەم سیاسەتە، کەلتوورە جیاجیاکان وەک نەخشونیگاری موزاییک لەپاڵ یەکدا جێگیر دەبن بە چەشنێک کە هیچ کەمینەیەک ناچار نابێت ڕەگەزە فەرهەنگییەکانی خۆی وەلا بنێت یان فەرامۆشیان بکات.
ئەم سیاسەتە لە بەرانبەر سیاسەتی یەک کەلتووری بەرجەستە بۆتەوە. بەپێی ئەم سیاسەتە، هەندێ لەو وەڵاتانەی کە خاوەنی چەند فەرهەنگێکی جیاوازی ئەتنیکی و نەتەوەیی بن، بێ ڕەچاوکردنی ئەم جیاوازییانە هەوڵ دەدەن لە ئیدارەی کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی یەکدەست و یەکپارچە جێبەجێ بکەن کە ئاکامی وەها سیاسەتێک جگە لە تواندنەوە و لێکدانی کەلتوورە جیاوازەکان شتێکی دیکە نییە. نموونەی بەرچاوی ئەم سیاسەتە، ڕەفتارەکانی دەوڵەتی تورکیایە لە بەرانبەر کەلتووری کوردەکانی ئەم وەڵاتە.
سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم سەندوقە لە ساڵی 1976 بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ژنان دامەزرا بەڵام دواتر لە ساڵی 1985 ناوی گۆڕا بە سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سەندوقە بە ژنانی دەستەنگ و کەمداهاتی وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن یارمەتی دەگەیەنێت و ناوەندەکەشی لە شاری نیۆیۆرکی سەر بە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
شۆڕشی کەلتووری
راپەڕینی سیاسی و کۆمەڵایەتی چین لە ساڵەکانی 1966 تا 1969 بە ڕێبەرایەتی مائۆتسەدۆن بەدژی بۆروکراسی حیزبی کە ڕێبەرەکەی لیۆشائۆچی بوو. ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە، وەرچەرخانی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەی چین و بەرجەستە کردنەوەی ڕێبەرایەتی مائۆ بوو. بۆ ئەم مەبەستە مائۆ، لاوانی«گاردی سوور» ی بەدژی کادێرانی حیزبی و سەربازی هەڵخڕاند تاکوو هەردووکیان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئامانجی شۆڕشی کەلتووری لە چین، نەک هەر گۆڕینی ستراکتووری دەسەڵات، بەڵکوو گۆڕینی هاندەر و پاڵنەری کردەوەکانی خەڵکی چین لەمەڕ عەدالەت خوازیش بوو. ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن گاردی سوورەوە بەرەورووی شەڕەنگێزی و پەرەستشی مائۆ بۆوە و سەرەنجام بووە هۆی هاتنە مەیدانی تۆڕێک لە ئەرتەش و گاردی سوور. بەڵام خەونەکانی شۆڕشی کەلتووری وەک پڕۆژەی «بازدانی گەورە بۆ پێشەوە» بەتاڵ بۆوە و گاردی سووریش کۆنتڕۆل کرا و ڕاپەڕینەکە لە ساڵی 9-1968 خاو بۆوە و هێمنی کەوتەوە وەڵات. دوایین قۆناغی شۆڕشی کەلتووری لە ساڵی 1971 پاش ڕوخانی لین پیائۆــ وەزیری بەرگری و جێنشینی مائۆ ــ کۆتایی پێ هات.
شەڕی دووهەمی جیهانی (1945-1939)
لە فێورییەی ساڵی 1938 ئادۆڵف هیتلەر، بوو بە ڕێبەری ئەڵمانی نازی و فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئەڵمانی بەدەسهێنا و هەموو مەقام و مەنسەبە دەوڵەتییەکانی بە نازییەکانی نەمسا بەخشی. ڕۆژی 12ی مارس، هێزەکانی ئەڵمانیا نەمسایان گرتەوە و ڕۆژی دواتر خاکی ئەم وەڵاتە بە ئەڵمانیا لکێندرا.
هیتلەر سوور بوو لە سەر ئەوەی کە بە یارمەتی 3 ملیۆن ئەڵمانیزمانی دانیشتووی ویلایەتی سودەتی چێک، ئەم وەڵاتەش بلکێنی بە خاکی ئەڵمانەوە. لە مانگی مارسی 1939 هێرشی بردە سەر ئەم وەڵاتە و بە تەواوەتی داگیری کرد. دوای داگیر کردنی ئەم دوو وەڵاتە ئینجا کەوتە هەڕەشە کردن لە پۆڵەندا. لە مانگی ئاگۆستی 1939 پەیمانی پاراستنی سنووریی لە نێوان ئەڵمانیا و سۆڤیەت مۆرکرا.
رۆژی 1ی سێپتەمبەری 1939 ئەگەرچی خەڵکی پۆلەندا خۆڕاگریەکی شێرانەیان لە خۆیان نیشان دا بەڵام ئەڵمانیا بە هێزی مەکینەیی و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی، توانی لە ماوەی مانگێکدا ئەم وەڵاتەش داگیر بکات. ڕۆژی پێنجەمی ژووەنی 1940 هێزەکانی ئەڵمانی نازی هێڵە بەرگرییەکانی سپای فەرەنسەی تێک شکاند و بە پەلە خۆی گەیاندە باشوور. لە ڕۆژی 10ی ژووەن ئیتالیای فاشیست، شەڕەکەی کێشایە فەرەنسە. ئەڵمانییەکان دوای گرتنەوەی پاریس لە 22ی ژووەنی 1940، مەرجەکانی خۆیان بۆ ئاشتی لەگەڵ فەرەنسە بە کاربەدەستان ڕاگەیاند کە بەو پێیە فەرەنسە دەبووە دوو بەش. بەشێکیان دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەڵمانیا و ئەوی دیکە بە ناوەندییەتی شاری ویشی، دەکەوتەوە دەستی فەرەنسییەکان. بەڵام بەشەکەی فەرەنسەش لە ساڵی 1942 لە لایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە داگیر کرا.
لە 9ی ئاڤریلی 1941، هێزەکانی ئەڵمانیا هێرشیان بردە سەر خاکی دانیمارک و ئەم وەڵاتەشیان داگیرکرد. ئینجا هێرش کرایە سەر نەرویج. لەم کاتەدا هێزەکانی فەرەنسە و بەریتانیا هاتنە فریای نەرویج بەڵام تا 10ی ژووەن توانییان خۆڕابگرن و سەرەنجام ئەم وەڵاتەش بەدەستی هێزەکانی ئەڵمانیا داگیرکرا. دواتر لە ڕۆژی 10ی مانگی مەی، ئەڵمانیەکان هەڵیان کوتایە سەر نەمسا و بەلجیکا و لۆکزامبۆرگ و ئەم وەڵاتانەشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە 22ی ژووەنی 1941 هێزەکانی نازی چەند هێرشێکی بەربڵاویان بردە سەر خاکی سۆڤیەت. بەڵام خۆڕاگری خەڵکی ئەم وەڵاتە بە تایبەت لە ستالینگراد بووە هۆی دامرکانەوەی شەڕەکە.
لە 7ی دێسەمبەری 1941 بەرەیەکی دیکەی شەڕی جیهانی دووهەم، لە نێوان هێزەکانی ژاپۆن و ئەمریکا کرایەوە. لەم ڕۆژەدا فڕۆکەکانی ژاپۆن هێرشیان کردە سەر پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و بارانەی بۆمبیان بە سەردا باراندن. لە کۆتایی ساڵی 1942 بەریتانیەکان بەگورجی بەرپەرچێکی هێزەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیایان دایەوە و توانیان ئەم هێزانە لە باکووری ئەفریقا ڕاو بنێن. لە ساڵی 1943 هێزە یەکگرتووەکانی دژ بە نازیسم و فاشیزم، پەلامارێکی بەربڵاویان بردنێ و دوای سەرنگوونی مۆسۆلینی (ڕێبەری فاشیزمی ئیتاڵی)، لە ژانوییەی 1944 هێزەکانی خۆیان لە نزیک ڕووم دابەزاند.
لە ڕێکەوتی 6ی ژووەنی 1944 چەند سوپایەکی گەورە لە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا لە لێواری نۆرماندی کە بەدەست ئەڵمانییەکانەوە بوو دابەزین. لە ئۆپەراسیۆنی نۆرماندیدا هێزە یەکگرتووەکان، دامودەزگەی جەنگیی ئەڵمانیان لە کار خست و زەبرێکی کارییان پێگەیاند. دوای شەڕ و پێکدادانێکی زۆر هێزەکانی ئەڵمانیا بەرەو دواوە پاشەکشەیان کرد و لە ڕۆژی 15ی ئاگۆستی 1944 هێزەیەکگرتووەکان لە باشووری فەرەنسە دابەزین.
بە هاتنەمەیدانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی کردن لە پاریس و خۆڕاگری خەڵکی ئەم شارە لە بەرانبەر ئەڵمانیەکان، هێزەکانی ئەڵمانیا تەنگیان پێ هەڵچنرا و بەم جۆرە پاش چوار ساڵ شاری پاریس لە چنگی دوژمن دەرهات. لە 3ی سێپتەمبەر هێزەکانی بەریتانیا بەلجیکیان ڕزگار کرد و هێزە چەتربازەکانیش لە نەمسا نیشتنەوە تاکوو لێرەوە هێرش بەرنە سەر ئەڵمانیا. سەرەنجام لە مانگی فێورییەی 1945 هێڵی زیگفرید دەشکێنن و لە ڕووباری ڕاین ـەوە دەچنە ناو خاکی ئەڵمانەوە. لە ژانوییەی 1945 سۆڤیەت هێزەکانی ئەڵمانیا ڕاودەنێ و لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ئەڵمانیا پێشڕەوی دەکات. هێزی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمریکاش لە ڕۆژاواوە خۆیان بۆ هێرش بردن بۆ پێتەختی ئەڵمانیا ئامادە دەکەن.
رۆژی 24ی ئاوریلی 1945 هێزەکانی سۆڤیەت، بەرلین ڕزگار دەکەن و لە چەمی ئاڵب لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا یەک دەگرنەوە. سەرەنجام سپای ئەڵمانیا خۆی تەسلیم دەکات و ئەم شەڕە خوێناوییەی ئەورووپا لەمانگی مەی 1945 کۆتایی پێ دێت و هیتلەریش چەند ڕۆژ دوای کۆتایی شەڕەکە خۆی کوشت.
لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا سەری تەسلیم بە ژاپۆن دابخات، لە 6ی ئاگۆستی 1945 بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژ بۆمبێکی ئەتۆمی هاویشتە شاری هیرۆشیما کە لە ئەنجامدا 78 هەزار کەس کوژران و 70 هەزار کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون و زۆربەی شارەکەی وێران کرد. دەوڵەتی ژاپۆن خۆی نەدا بە دەستەوە و تەسلیم نەبوو. بۆیە ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕۆژی 2ی سێپتەمبەر بۆمبێکی دیکەی هاویشتە سەر شاری ناگازاکی و لە ئاکامی تەقینەوەی ئەم بۆمبەش هەزاران کەسی دیکە کوژران و بریندار بوون و ماڵوێرانییەکی زۆری لێکەوتەوە. ئینجا ژاپۆن خۆی تەسلیم کرد و شەڕی جیهانی دووهەم بە تەواوەتی کۆتایی پێهات.
شەڕی دووهەمی کەنداوی فارس
بە شەڕی 42 ڕۆژەی هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا دەگوترێ بۆ ڕزگار کردنی خاکی کوەیت لە دەست سوپای عێراق کە لە 2ی ئاگوستی 1990 داگیر کرابوو. بەم بۆنەوە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە عێراق کرد هەرچی زووتر هێزەکانی خۆی لە خاکی کوەیت بکێشێتەوە دوواوە. هاوپەیمانانیش تاکوو 15ی ژانویەی 1991 مۆڵەتیان دا بە عێراق کە پاشەکشە بکات و بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ بکات. ئەم مۆڵەتە کە نزیکەی 11مانگی خایاند، کۆتایی پێهات بەڵام عێراق هەر لە خاکی کوەیت مایەوە.
سەرەنجام لە کاژمێر 3/22 بەکاتی گرینڤیچ، لە ڕۆژی 16ی ژانویەی 1991 ئۆپەراسیۆنی زریانی سەحرا بە ڕێبەرایەتی جێنێڕاڵ شوارتسکۆف دەستی پێکرد. لە ماوەی یەک هەفتەدا هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرجەم 12 هەزار جار بەسەر خاکی عێراقدا هەڵفڕین و بۆمبارانیان کرد. ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی 38 ڕۆژ درێژەی خایاند. ئینجا ئۆپەراسیۆنی زەوی بەناوی شمشێری سەحرا بۆ دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت دەستی پێکرد و لە دوای 4 ڕۆژ (28ی فیورییە) هێزەکانی عێراقی بە ئاگربەس پێمل کرد.
لەم شەڕەدا عێراق بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی هاوپەیمانان چەند جارێک مووشەکی هاویشتە ئیسراییل و عەرەبستان بەڵام زۆر کاریگەر نەبوون. ئەم شەڕە بووە هۆی ڕاپەڕینی کورد و شیعە بەدژی دەوڵەتی سەدام حسەین. ئینجا ڕژێمی عێراق دەستی کرد بە سەرکوتکردنی هەرچی زیاتری ئەو ناوچانەی کە کورد و شیعەی تێدا دەژیان.
لە ڕاستیدا هێرشی سەدام بە کوەیت و شکستهێنانی لەم شەڕەدا بۆ کورد ــ بە تایبەت ــ هەلێکی مێژوویی و زێڕینی ڕەخساند. هێزەکانی پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتی دوو پارتی سەرەکی ــ یەکیەتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ــ خۆدەکەون و هێرشەکانی خۆیان لەناو کوردستاندا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس زیاتر دەکەن. لە 5ی مارسی 1991 بێ ئۆقرەیی و بێ ئارامی خەڵکی ڕانیە سەررێژ دەبێ و لە چەند ڕۆژدا ئەم حاڵەتە دەبێتە ڕاپەڕینێکی گشتی و شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە و لە دەستی هێزەکانی بەعس ڕزگار دەبن.
لەم قۆناغەدا ماوەی ئازادی خەڵکی کورد زۆری نەخایاند چونکە ڕژێم هەڕەشەکانی خۆی بە دژی ئەم ناوچانە بەئەنجام گەیاند و لە 13 تا 28ی مارس کە زانی کەرکووکیش خەریکە لە دەستی دەردێت، بە یارمەتی فڕۆکە و چەکی قورس و دەبێ بە هێرشی هێنایەوە کوردستان و خەڵکی ئەم ناوچانەی بەرەو ئێران و تورکیا ڕاونا. لەم کۆچەگەلەدا خەڵقێکی مەدەنی زۆر کوژرا و ئاوارەبوونێکی گەورە بۆ کورد بەجێما. لە دوای ئەوەی کە سەدام کەشێکی نائەمنی خستە ناوچەکە و فشارێکی زۆری هێنا بۆ دانیشتوانی کوردستان، هاوپەیمانان، «ناوچەیەکی ئەمن» یان لە ناو عێراق ڕاگەیاند. ئەم پلانە لە 18ی ئاوریلی 1991 لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی عێراق مۆرکرا. بەپێی ئەم ڕێکەوتننامە عێراق، نەدەبوا لە خولگەی 36 دەرەجەی باکووری ئەم وەڵاتە (ناوچە کوردنشینەکان) فڕۆکەکانی بخاتە ئاسمانەوە. ئەم ماوە و دواتریش ئەگەرچی پڕ بووە لە سەختی و گەمارۆی ئابووری و نائەمنی بەڵام سەردەمێکی ڕەخساند کە بەدوا خۆیدا گەڵاڵەی ڕزگاری و ئازادی کوردی ئەم ناوچانەی داڕشت.
شەڕی دووهەمی کەنداو چەند دەرەنجامێکی لێکەوتەوە کە دەکرێ بە سێ دانە ئاماژە بدەین:
1ــ جێگیر بوونی هێزە سەربازییەکانی ڕۆژاوا لە عەرەبستان و ناوچەی کەنداو.
2ــ فرۆشتنی بێ وێنەی چەک و تەقەمەنی وەڵاتانی ڕۆژاوایی بە عەرەبان.
3ــ دابەشکردنی عێراق بە سێ ناوچەی کوردستان، ناوەندی و شیعەنشین.
فۆرمالیزم/ڕووکەش پەرستی
ئەم زاراوە کە بە باوەڕی مارکسیەکان لە بەرانبەر ڕیالیستی سۆشیالیستیدا بەکار براوە، ئاماژەیە بۆ سەرنجی لەڕادەبەدەر بە شکڵ و شێواز یا بڕوایەکی قووڵ بە پاراستنی ڕواڵەتی شتەکان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. فۆرمالیزم یا ڕووکەش پەرستی، شێوازی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە ڕواڵەتی ڕووداوەکان و لایەنی تەشریفاتی کارەکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تا کێشە و بابەتەکان لە ڕووی ڕواڵەت و نەریتەوە بە شێوازێکی لەبار و گونجاو بخەنە بەرچاو.
لە بواری سیاسییەوە فۆرماڵیست بەو کەسانە دەگوترێ کە بایەخ بە ناوەرۆکی بابەتەکان نادەن و ڕواڵەتپارێزی و تەشریفاتی کارگێڕیی و یاسایی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. زاراوەی فۆرمالیزم، هەنووکە پتر لە کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت و بە تایبەت زاراوەیەکی ئەدەبی لە ئەژماردێت.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
لسەفەیر/ئابووری ئازاد
زاراوەیەکی فەرەنسییە کە بە واتای ئازادی ڕەهای ئابووری و دەستدرێژی نەکردنی دەوڵەت بەکار براوە، هەروا ئەم مانایەش دەبەخشێ: «لێگەڕێ مرۆڤ هەرچی دەخوازێ با ئەنجامی بدات». ئەم زاراوە ناونیشانێکی دیکەیە بۆ تیۆری «ئابووری کلاسیک» کە پێیوایە ئەگەر دەوڵەت یا هەر هێزێکی دیکەی خۆسەپێن دەستێوەردانی کاروباری ئابووری نەکەن، گیروگرفتەکان خۆبەخۆ چارەسەردەکرێن و بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچن. ئەم ڕێبازە لە سەرەتای سەدەی 17 دانراوە و کۆمەڵێک لە ئابووریناسانی فەرەنسی کە بە فیزیۆکراتەکان ناسراون پوختەیان کردووە.
مافی دەرە ــ سنووریی
بەو مافانە دەگوترێ کە وەڵاتێک بە کەسانێکی بیانی تایبەت کە لەو وەڵاتەدا دەژین دەیبەخشێت. بەپێی ئەم مافانە ئەگەر بێتوو ئەو کەسانە تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دادگەکانی ئەو وەڵاتە ناتوانن دادگەییان بکەن. هەڵبەت ئەم ڕێسایە باڵیۆز و نوێنەرانی سیاسی دەوڵەتەکان دەگرێتەوە و کەسانی ئاسایی ناگرێتەوە. ئەم مافانە پاراستنی ئەم جۆرە کەسانە و خێزانەکانیان دەگرێتەوە. لە سەدەی نۆزدەهەم دەوڵەتە داگیرکەرەکان لەم ڕێسایە کەڵکی نابەجێیان وەرگرت و بە ناوی کاپیتۆلاسیۆن ئەم مافانەیان بۆ هەموو هاووەڵاتیانی خۆیان مسۆگەر کرد و بەسەر دەوڵەتانی لاواز دەیانسەپاند.
مافی چارەی خۆنووسین
لە بنەڕەتدا بە مانای مافی خواستی شارۆمەندانی وەڵاتێکە بۆ هەڵبژاردنی حکوومەت یان شێوازی حکوومەتی خۆیان بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن لە وەڵاتێکی دیکە. (لە جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا 1776 و جاڕنامەی مافی مرۆڤ، لە شۆڕشی فەرەنسە 1793) ئاماژەی پێدراوە. بەپێی یەکێک لە بنەماکانی ناسیۆنالیزم کە دەبێ دەوڵەت باڵانوێنی هێز و دەسەڵاتی نەتەوە بێت، مافی چارەی خۆنووسین، مافی دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەیە بۆ ئەو گرووپە ئەتنیکی و نەتەوەییانە کە لە دەوڵەتانی فرەنەتەوە و ئیمپراتۆریەکان جیا دەبنەوە. مافی چارەی خۆنووسین لە هەر دوو شەڕە جیهانییەکەدا دەوڕێکی باڵای هەبوو لە پڕۆپاگەندەی بەرەی موتتەفقین. (بۆ وێنە چواردە مادەکەی ویلسۆن).
پێناسەی نێونەتەوەیی لە چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، گرفت ساز بووە. لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم ئەم مافە بوو بە دەسپێچکێکی هاندەر بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو ئیمپراتۆرییانەی کە شکستیان هێنابوو. خێرایی دەرکەوت کە ئەم داواکارییە بۆ تێک شکاندنی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە بەجێیە بەڵام بۆ دامەزرانەوەی سیستەمێکی سیاسی نوێ گونجاو نییە. لایەنگرانی مافی چارەی خۆنووسین ئەم هەقیقەتەیان لەبەر چاو نەگرت، کە نەتەوە بوونەوەرێکی تۆکمە نییە کە بە تایبەتمەندی کەمینەوە ببێتە دیاردەیەکی جیهانی. ئەم کەمتەرخەمییە جگە لەوەی کە بووە هۆی نائارامی سیاسی لە وەڵاتانی نوێباوی هەڵقوڵاو لە ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و نەمسا ـــ مەجارستان، بنەمایەکی یاسایی نوێی هێنایە کایەوە کە 20 ساڵ دواتر، نازیسم بە دژی وەڵاتە سەرکەوتووەکان لە شەڕدا بە کاری هێنا.
بەم حاڵەش، مافی چارەی خۆنووسین وەک بنەمایەکی یاسای نێونەتەوەیی نەچەسپاوە و ئێستاش هەر یەکلا نەکراوەتەوە. ئەم تەمومژە بە سەر چەمکی چارەی خۆنووسیندا، کارێکی وایکردووە کە هەر وەڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جۆرێک لێکی بداتەوە و دەرفەتێکی وا بڕەخسێنێ کە هەر قەیرانێک بە لا خۆیا داکێشێ. لە لایەکی دیکەیشەوە چونکە زۆربەی وەڵاتان هەڵقوڵاوی ڕاپەڕین و خەباتی خەڵک بە دژی گرووپێکی دەسەڵاتدار بوون و بە شێوازی دیموکراتی و هەڵبژاردن، بە ڕێوە دەچن، ئەم مافە ئەکەوێتە پەراوێزەوە و لەگەڵ واقیعەکانی دنیای سیاسەتی ئیمڕۆدا ناگونجێ.
داکۆکی کردن لە مافی چارەی خۆنووسین، لە جاڕنامەی نەوتەوەیەکگرتووەکان ببوە بنەمایەک بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ ئیمپریالیزمدا. بەڵام گرێی سەرەکی ئەم ڕەوتە، لە تیۆر و واقیعدا، ناسینی گرووپێکی نەتەوەیی یان یەکەیەک بوو کە ئەم مافەی ببێت، چونکە لەم زاراوەدا لە سەر «خۆ» جەخت دەکرێ و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە پێ لە سەر خودموختاری دادەگرێ، ڕوونی ناکاتەوە کە کام گرووپ توانایی و مافی خودموختاری هەیە.
جاڕنامەی ساڵی 1960ی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی 89 دەنگ، سەربەخۆیی شوێنە داگیرکراوەکانی ڕاگەیاند. بەڵام ئەم جاڕنامە لە جیاتی ئەوەی کە بوار بدات بە «نەتەوە» کە دەوڵەتێک بۆ خۆی دامەزرانێ، مافی چارەی خۆنووسینی تەنیا بە قوربانییەکانی ئیستیعماری وەڵاتە ئەورووپیەکان بەخشی. ئەگەرچی پێودانگێکی دیاریکراویش لە ئارادا نەبوو تاکوو دەری بخات کە دەبێ چ نەتەوەیەک وەک قوربانی ئیستیعمار بناسرێت!
بە گشتی گرووپی نەتەوەیی گەورە و ئەو ناوچانەی کە لەباری جوگرافییەوە لە دەوڵەتی ناوەندی دوورن، وەها مافێکیان هەیە. مافی چارەی خۆنووسین، لە هەمان کاتدا کە بریتییە لە ئازادی دامەزرانی دەوڵەت و دیاریکردنی ڕژێمی سیاسی، بە مانای ڕزگاربوونیشە لە ڕکێف و گوشاری دەرەکی پاش وەدەسهێنانی سەربەخۆیی. مافی چارەی خۆنووسین، هەندێ جار بە مانای خودموختاری و ئۆتۆنۆمی ئەنجومەن و کەمایەتی ئایینی و نەژادی لە ناو وەڵاتێک پێناسە کراوە.
مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
مەتریالیزمی مێژوویی
مەتریالیزمی مێژوویی پاژێکی گرنگی فەلسەفەی «مەتریالیزمی دایەلیکتیک» لە ئەژماردێت کە لە سەر بنەمای تیۆری مارکس دەربارەی مێژوو بنیاد نراوە. مارکس ئەم تیۆرییەی بە کورتی لە پێشەکی کتێبە ناودارەکەی خۆی بە ناوی «توێژینەوەی ئابووریی سیاسی» (1859) هێنایە ئاراوە. ئەو دەنووسێ: «لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا، لە نێوان مرۆڤەکان پێوەندییەکی دیاریکراو دێتە کایەوە کە لە ویست و ئیرادەی ئەوان بەدەرە، ئەمەش هەمان پێوەندیی بەرهەمهێنانە کە گرێدراوی گەشە و فراژووتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە. سەرجەمی ئەم پێوەندییانە ژێرخانی کۆمەڵگە پێکدێنن کە سەرخانی سیاسی و دادوەری و فیکری (ئایدیۆلۆجیکی) لەسەر ئەو ژێرخانە دادەمەزرێت. شێوازی بەرهەمهێنان لە ژیانی ماددیدا چارەنووسی تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ڕەوتی مەعنەوی ژیان دیاری دەکات. لێرەدا هوشیاریی مرۆڤ، چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی دیاری ناکات بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شێوازی گوزەرانی کۆمەڵایەتی، ئاستی هوشیاریی ئەو دیاری دەکات … کە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، سیمای جیاوازییە کۆمەڵایەتی و دابەشکارییە چینایەتییەکانیش، بە هەوای ئەم گۆڕانە تووشی وەرچەرخان دەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازێکی دایەلیکتیکی و بە دەرکەوتنی دژایەتییەکانی هەناوی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدەن کە ئاکامەکەشی ململانێی چینایەتییە …»
بەپێی تیۆری مەتریالیزمی مێژوویی، سەرچاوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی کۆمەڵگەی مرۆڤی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵە و گۆڕانی دژبەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە. دژایەتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە، وزەیەکی پاڵنەرە بۆ ڕەوتی فراژووتنی ئەو کۆمەڵگەیە. لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەوە جڤاک و ڕەشەگەل مێژوو دەخوڵقێنن نەک پاڵەوانان. ئەگەرچی دەوری ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ لە مێژوودا ڕەت ناکاتەوە.
مەتریالیزمی کولتووری
ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەیە کە لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە بریتانیا هاتە ئاراوە بەڵام دەرخستنی لایەنەکانی، لەگوێن چەمکێکی تیۆریی کارێکی دژوارە. ئەم زاراوە لە بەستێنی مەتریالیزمدا شرۆڤە دەکرێت چونکە پێی وایە دامودەزگە و دەسکرد و کردەوە کولتوورییەکان، لە چەند ڕەهەندێکەوە لە لایەن پرۆسە مادییەکان دیاری دەکرێن و کولتوور بە کردارێکی مادی لەقەڵەم دەدات.
مەتریالیزمی کولتووری، یەکە مجار لە لایەن ڕایمۆند ویلیامز (1988 ـــ 1921) ڕۆشنبیر و ڕەخنەگری کولتووریی بەریتانی، وەک میتۆدێکی تایبەتی خۆی و زاراوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاڕاستە کرا. مەتریالیزمی کولتووری باوەڕی وایە کە هەر تیۆرییەکی کولتووری (نەک بە تەنیا تیۆری کولتووری مارکسی)، کە قایل بە جیاوازی نێوان «هونەر» و «کۆمەڵگە» یان «ئەدەب» و «پێشینەی کۆمەڵایەتی» بێت، باوەڕی بە تەوەربوونی کولتوور نییە لە کۆمەڵگەدا (واتە شێوازی بەرهەمهێنان، شکڵ و دامودەزگە و چۆنیەتی بەکارهێنانی). لەم ڕوانگەوە نابێ هیچکات، بۆ فۆڕمە کولتوورییەکان وەک دەقێکی ناوازە بڕوانین بەڵکوو دەبێ لە قەبارەی پێوەندی و پرۆسە مێژوویی و مادییەکاندا سەیریان بکرێت.
ناسینەوەی دووفاکتۆ/نیمچەسەربەخۆ
لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بە مانای پەسندکردنی دەوڵەتێکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکە و کردنەوەی سەری پێوەندی و پابەندی دوولایەنە لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یا بێ سنوور. دووفاکتۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆر دێتە ئاراوە:
1) ناسینەوەی واقیع کە بریتییە لە دان پێدانان بە هەبوونی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بتوانێ بۆ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا. ئەم جۆرە ناسینە، بەری تەسکە چونکە ئاستی پێوەندییەکان لە دۆخێکی نزمدا دەمێنێتەوە و پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا ناکرێتەوە.
2) ناسینەوەی قانوونی de jure کە بریتییە لە ناسینی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانێ لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا و ڕاپەڕاندنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. ئەم جۆرە ناسینە، کۆی پێوەندی دیپلۆماسی و پارێزراویی نوێنەرانی سیاسی لەخۆدەگرێ.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.
هاووەڵاتی جیهانی
بڕواداری بەوەی کە خۆت بە کەسێکی جیهانی بزانی و مرۆڤ خۆی بە نەتەوە یان کیانێکی تایبەتەوە نەبەستێتەوە. بڕوا کردن بەوەی کە جیهان، نیشتمانی هەموو خەڵکانی سەرزەمینە. ئەو کەسانەی کە ئەم ڕێبازەیان پەسند کردووە دەخوازن هەرچی لەمپەر و تەگەرەی ئەم ڕێگە لابچێ و حکوومەتێکی جیهانی بێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و ڕەگەز و کەلتوور دامەزرا و بە شێوەیەکی یەکسان بە سەریانا حکوومەت بکات.
کانت (1804-1724) فەیلەسووفی ئەڵمانی و گۆتە (1832-1746) نووسەر و شاعیری بەناوبانگی ئەڵمانی لەم ڕێبازە لایەنگرییان کردووە.
لەم چاخەدا وادیارە بە تیاچوونی سنووری نەتەوەیی لە نێوان وەڵاتان و پێکهاتنی ڕێکخراوە و یەکیەتی ئابووری و سیاسی جیهانی و پەرەسەندنی میدیای گشتی، دنیا وەک دێهاتێکی جیهانی لێهاتبێت کە نەریتی نەتەوەیی و ئەتنیکی لە قەوارەی کەلتوورێکی جیهانیدا خۆی نیشان دەدات.
هاووەڵاتی/شارۆمەند
هاووەڵاتی، تاکێکە کە لە بەرانبەر دەوڵەتدا لە لایەکەوە خاوەنی هەندێ مافی سیاسی و مەدەنییە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێ ئەرک و تەکلیفی لەسەر شانە. چۆنیەتی پێوەندی هاووەڵاتی بوون (مافی تاک و ئەرکەکانی لە بەرانبەر دەوڵەتدا) لە دەستووری بنچینەیی و یاسای مەدەنی ئەو وەڵاتە دیاری دەکرێت. هاووەڵاتی بوون لە پێوەند لەگەڵ تاک پێگەیەک دروست دەکات کە لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییشەوە ڕێزی بۆ دادەنرێت. مافی نێونەتەوەیی لەم بارەوە دەوڵەتەکان بۆ ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندان بەرپرسیار دەکات.
چەمکی هاووەڵاتی لەگەڵ چەمکی تاک و مافەکانی لە ئەورووپا هاتە ئاراوە. لە بنەڕەتدا بە کەسێک دەگوترێ هاووەڵاتی کە تەنیا ملکەچی دەوڵەت نەبێ بەڵکوو لە «مافی زگماگی» و «سروشتی» بەهرەمەند بێت و دەوڵەت ئەم مافانە بپارێزێ.
ئەگەرچی نەتەوایەتیش، زیاتر بە هاووەڵاتی بوون پێناسە کراوە بەڵام مانایەکی بەربڵاوتری هەیە. نەتەوایەتی بە مانای پێوەندایەتی لەگەڵ دەوڵەتە، بەڵام نەک بە واتای بەهرەمەندی لە مافی سیاسی لە ناوخۆ بەڵکوو بە مانای بەهرەمەندی لە پاراستنی دەوڵەت لە دەرەوەی وەڵاتدایە. واتای «نەتەوایەتی» لە مافی نێونەتەوەییدا زامنی هەموو خەڵکێکە کە دەوڵەتێک دەبێ پشتیوانی لێ بکات. نەتەوایەتی هەروەها بە مانای پێوەندی کۆمپانی و داراییەکان (پاپۆڕ و فڕۆکە) لەگەڵ دەوڵەتێکە، واتە ئەمانەش سەر بەو نەتەوەن بەڵام هاووەڵاتی لە ئەژمار نایەن. هاووەڵاتی بوون تایبەتی مرۆڤەکانە.
ڕەنگە کەسێک هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت بەڵام لەو وەڵاتەدا نەژی یان لە وەڵاتێک نیشتەجێ بێت کە شارۆمەندی ئەو وەڵاتە نەبێت. هەندێ جار کەسێک بۆی هەیە لە ڕێی زەهاسە لەگەڵ شارۆمەندی وەڵاتێکی دیکەوە ببێتە هاووەڵاتی وەڵاتێکی دیکە بەڵام ئەم حاڵەتە مافی کار و پیشەی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دەستەبەر ناکات.