تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سابوتاژ / گێڕەشێوێنی
ئەم زاراوە لە وشەی فەرەنسی saboter بە واتای دەنگ دەرهێنان لە جۆرە پێڵاوێکی دارینە بە ناوی sabots وەرگیراوە کە لە ساڵی 1842 لە لایەن کرێکارانی فەرەنسییەوە بە کار براوە. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە یەکەمین بزاڤی کرێکاری فەرەنسە، کرێکاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان لە پێ دائەکەند و بە پێکدادانییان و دروستکردنی هەراهەرا و دەنگەدەنگ، بەربەستیان لە بەردەم کرێکارەکانی دیکە ساز ئەکرد. بە واتایەکی دیکە لە ساڵانی دوور، هەندێ لە کرێکارە ئەورووپییەکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و گێڕەشێوێنی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان دەخستە بەینی چەرخی کارگەکان و کارەکەیان ڕادەوەستان. سابوتاژ لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ئەنجامی کاری تێکدەرانە لە ڕێکخراوە و دەزگە دەوڵەتی و گشتیەکان بە مەبەستی ئاستەنگی نانەوە و گێڕەشێوێنی.
ساتیاگراها
ساتیاگراها وشەیەکی سانسکریتیە و بە مانای «هێزی ڕۆح و حەقیقەت» یان پێداگرتن لەسەر ڕاستییە. ئەم گوزارە بەشێکە لە ئەندێشەی فەلسەفی و تیۆرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گاندی ڕێبەری بزاڤی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازانەی خەڵکی نیمچە کیشوەری هیندستان. لەم فەلسەفەدا بۆ ئەنجامی چالاکی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی هێزی دەروونی زیاترە لە هۆکارە ماددییەکان. شێوازی گاندی بۆ بەکارهێنانی هێزی ڕۆحی و پارێزکردن لە بەکارهێنانی هێزی ماددی، «نەرمکێشی» و هێوریی بوو. گاندی بە پشت بەستن بەم تیۆرییە، توانی ڕاستی و خۆشەویستی بکاتە بناغەی کارەکانی خۆی و بە هاوبەندی و یەکپارچەیی هەموو چین و توێژەکان، لە خەباتی خۆی دژ بە کۆلۆنیالیستەکان بەردەوام بێت.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سالت
ئەم زاراوە کورتکراوەی دەستەواژەی Strategic Arms Limitation Talks) ــ گفتوگۆ لەمەڕ بەربەستکردنی چەکە ستراتیژیکەکان) ـە کە لە ساڵی 1969 لە نێوان ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت دەستی پێکرد و لە 26 /5/ 1972 بوو بە هوی ئیمزاکردنی یەکەمین پەیمانی بەربەستکردنی چەکە ستراتیجیکەکان.
خولی یەکەمی ئەم گفتوگۆیانە و ئەو پەیمانەش کە لە دواییدا مۆر کرا، بە سالتی 1 ناوی دەرکردووە و خولی دووهەم کە لە ساڵی 1979 پەیمانێکی تازەی لێکەوتەوە، بە سالتی 2 ناونووس کراوە. بەڵام لە دوای هێرشی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان لە مانگی دیسەمبەری 1979، پەیمانەکە لە (1980) لە کۆنگرێس پەسند نەکرا و پێشبڕکێی خۆ پڕ چەک کردن لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت بەردەوام بۆوە. لە ساڵی 1982 دوو وەڵاتی ناوبراو زنجیرە گفتۆگۆیەکی تازەیان بە ناوی ستارت (START) هەر لەو بابەتەوە دەستپێکردەوە. پەیمانی 1972 بە یەکەمین هەنگاوی گرینگ بەرەو کەمکردنەوەی چەکە ناوەکییەکان لە جیهان لە ئەژمار دێت.
سانسۆر
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی censere بە مانای حوکم کردن و بایەخ دانان وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە بەرگری کردن لە بڵاوکردنەوە و دەربڕینی هەر مەرام و بەرهەمێک (ئەدەبی، هونەری، سیاسی، ئایینی و فەلسەفی) کە لە ڕوانگەی سیستەمی سیاسی یا ئەخلاقی ــ کە دەسەڵاتی حاکم پشتیوانی لێ دەکات ــ زیانبار و مەترسیدار لە قەڵەم بدرێت. سانسۆر ڕابردوویەکی دوور و درێژی هەیە بەڵام بەکاربردن و بەرجەستە بوونەوەی ئەم دیاردە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پاش داهێنانی چاپ.
کڵێسەی کاتۆلیک لە سەدەی 16 ی زایینی، یەکەمین لیستی کتێبی قەدەغەکراوی ڕاگەیاند و پڕوتستانەکانیش لە سەردەمی «ڕیفۆرمی ئایینی» لە سانسۆر کەڵکیان وەرگرتووە.
سانسۆر لەم چاخەدا بە دوو جۆر ئەنجام دەدرێ:
یەکەم، سانسۆری هۆشیارکەرەوە (ناڕاستەوخۆ) واتە لە پێش چاپ و بڵاوکردنەوە، بەر بە دەربڕینی مەرام یا بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک دەگیرێت. لەم جۆرە سانسۆرەدا خاوەنی دەزگەکانی بڵاوکردنەوە ناچار دەکرێن ئەو بابەتانە بڵاو نەکرێنەوە کە لە بەرژەوەندی سیستەمی فەرمانڕەوادا نین یا خود ناچاریان دەکەن بە پێچەوانەی ویستی خۆیان، هەندێ بابەت بۆ پیاهەڵدان و ستایشی حکوومەت بڵاوبکەنەوە. لەم وەڵاتانەدا لەبەر ئەوەی نووسەران تووشی گێچەڵ نەبن، ناچار دەبن بە پارێزەوە شت بنووسن و لە ڕاستیدا خۆ سانسۆر دەکەنەوە (auto-censor).
دووهەم، سانسۆر ی سزادەر (ڕاستەوخۆ)، کە بەپێی یاسا و بە فەرمانی دادگە بەڕێوە دەچێ. سانسۆر بە گشتی تایبەتی وەڵاتانی ئیستبدادی و تۆتالیتەرییە بەڵام لە وەڵاتانی دیموکراتیش تا ڕادەیەک سانسۆر چێ دەکرێت. لەم وەڵاتانەدا کاتێک قۆناغێکی نائاسایی و هەستیار (بۆ وێنە کاتی شەڕ) دێتە پێشەوە، سانسۆر بەکار دەبرێت. هەروەها لە هەموو وەڵاتێک، یاسایەک دەردەچێت تاکوو لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمانەی کە «دژی دەروون پاکی و ئەخلاقی گشتی» بێت، بەرگری بکات.
سایبر دیموکراسی
ئەم زاراوە لەم دواییانەدا بۆ ئاماژەکردن بە پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تەکنولۆجیای نوێی کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێت بۆ نموونە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەرجی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری سیاسی.
شەڕی سارد (1990ــ 1945)
بە سەردەمی دوای شەڕی جیهانی دووهەم دەگوترا کە لە بەینی دوو زلهێزی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا سەری هەڵدا و نزیکەی 45 ساڵی خایاند. ئەم شەڕە لە سێ قۆناغی جیاواز پێکهاتووە:
قۆناغی یەکەم، لە 1945 تا 1953 واتە ڕۆژی مردنی ستالین. لەم قۆناغەدا گرینگترین ئەندێشەی ستالین، پاراستن و پیادە کردنی دەسکەوتەکانی خۆی واتە دەستگرتن بەسەر ئەورووپای ناوین بوو بێئەوەی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕووبەروو ببێتەوە. ڕۆژاوا لەم ساڵانەدا هەڵوێستێکی بەرگری کارانەی بووە و ئەمریکا، هێزە سەربازییەکانی لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن و ئەڵمانیا (ڕۆژاوا) لە ئوراسیا، هێشتەوە.
دوای مەرگی ستالین و کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی شەڕی سارد هەر دوولا ئامادەی خۆ سازدانەوە بوون. زیاکردنی بەرنامەکانی ڕادوێ ئەورووپای ئازاد بۆ وەڵاتانی ئەقماری، زیاکردنی پشتگیری ماڵی لە چالاکیە سیاسیەکانی پەنابەرانی سۆڤیەتی و ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە لە ڕۆژاوا گیرسابوونەوە و هەوڵی بێوچان بۆ پشتیوانی کردن لە گرووپە نادیارەکانی دژ بە سۆڤیەت، لە جوملەی تایبەتمەندیەکانی ئەم قۆناغە بوون.
قۆناغی دووهەمی شەڕی سارد، لە 1953 تاکوو 1970 دەخاێینێت. لەم ماوەدا بڕیار وابوو سۆڤیەت لە باری ئابووریەوە ئەمریکا ببەزێنێ و جیهانی کۆمۆنیستیش لەم بابەتەوە لە جیهانی سەرمایەداری پێشکەوتووتر بێت. لەم قۆناغەدا ئەمریکا و سۆڤیەت دوو جار بە تەرزێکی جیددی ڕوبەروی یەک بوونەوە. یەکەم جار لە بابەت بەرلین و جاری دووهەمیش لە سەر کووبا کە هەردوو جارەکە سۆڤیەت خۆی بە زل زانیوە و قەیرانی ساز کردبوو. ئەگەرچی کەس بەدژی دروسکردنی دیواری بەرلین لە لایەن سۆڤیەتەوە هەڵنەستا بەڵام ئەم کارە بووە هۆی مەهارکردنی ئەلمانیای ڕۆژهەڵات و جێخۆشکردن لە ئەورووپای ناویندا. هێنانە دەرەوەی مووشەکەکانی سۆڤیەت لە کووبا سەروساختێک بوو کە دەوڵەتی کێنێدی (1963-1961) پێمل کرد سیستەمێکی لایەنگری سۆڤیەت لەم وەڵاتەدا (کووبا) زەمانەت بکات.
قۆناغی سێهەمی شەڕی سارد لە ساڵی 1970 دەستی پێکرد. لەم سەردەمەدا گوشاری سۆڤیەت بەوپەڕی خۆی گەیشت. ئەمریکا لە شەڕی ڤێتنام هیلاک بووە و ڕۆژاواش تامەزرۆی هێورکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی پێوەندی نێوان ئەمریکا و چینە. سۆڤیەت بەپێزتر لە جاران هێرشی کردۆتە کووبا و ئیتیۆپیا و ڤێتنام و یەمەن و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئامادەکردنی مووشەکی ئس ئس20 کە بەرەو ژاپۆن و ئەورووپای ڕۆژاوا دایبەستبوو، ڕەقیبی تۆقاندبوو. بەڵام دەرەنجامی ئەم ڕەوتە بە پێچەوانەوە بە زیانی سۆڤیەت تەواو بوو.
هێرشکردنی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان لە مانگی دیسەمبەری 1979، ئەمریکای والێکرد لە باری جوگرافییەوە سیاسەتی پشتیوانی کردن لە موجاهیدینی ئەفغان بکاتە پیشەی خۆی و لەگەڵ وەڵاتانی پاکستان و چین و عەرەبستان و میسر و بەریتانیا بەرەیەک بەدژی سۆڤیەت ساز بکات.
هاتنە سەرکاری گۆرباچۆڤ لە ساڵی 1985 و دەسپێکردنی هەندێ ڕیفۆرمی بەپەلە و بێ ڕێوشوێن، نەوەک عومڕێکی دووبارەی بە سۆڤیەت نەبەخشیەوە بەڵکوو ئارێشەکانی زیاتر کرد. زیادەرۆیی لە کێبەرکێی چەک و تەقەمەنی، ئابووری ئەم وەڵاتەی ئیفلیج کرد و سەرەنجام بەرەو سەرنگوونی دەبرد.
لە ساڵی 1989 گۆرباچۆڤ، لە دوورێیانەیکدا مابۆوە! یان ئەبوا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی پێشوو دەستی بکردایە بە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆیی و ئاژاوە کە ئەم ڕێگەیە زەمینەی دەستێوەردانی ئەمریکای خۆش دەکرد یان ئەوەی کە خۆی تەسلیم بکات. گۆرباچۆڤ، ڕێگەی دووهەمی هەڵبژارد و سەرەنجام پاشاگەردانی کەوتە وەڵات و ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ناوین و لە ڕاستیدا بلۆکی کۆمۆنیستی تێکشکا و لە دێسەمبەری ساڵی 1991 بە شێوەیەکی ڕەسمی یەکیەتی کۆمارییەکانی سۆڤیەت لێک هەڵوەشا.
ڕێککەوتننامەی سایکس ــ پیکۆ (1916)
ڕێککەوتنێکی نهێنییە کە لە 16/5/1916 لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسە و لە لایەن «سێرمارک سایکس»ی بەریتانی و «جۆرج پیکۆ»ی فەڕەنسی بەمەبەستی دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمزا کرا. سەرلەبەری ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە بە پێچەوانەی ئەو وەعدە و بەڵێنانە بوو کە لۆرێنس لە عەرەبستان بە ناوی ڕێزگرتن لە مافی خەڵکانی عەرەبی ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابووی. بەپێی ئەم ڕێککەوتننامە بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسە دابەش کرا. ناوچەی ژێردەسەڵاتی بەریتانیا بریتی بوو لە: شاری خانەقین لە کوردستانی خواروو، باشووری سووریا، بەغدا، بەسرە، باکووری فەلەستین و بەشێکی کوێت. بەشی فەڕەنسەش بریتی بوو لە: بەشی زۆری سووریا، لوبنان، ئەنەدۆڵ (باکووری کوردستان) و موسڵ. پاشان ڕووسیاش تێیدا بەشدار بووە و بە بالێۆزی ڕووسیا ڕاگەیاندرا کە ئەگەر بڕیار لەسەر ئەم پەیمانە بدات، ئەوا ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە خاکی ڕووسیاوە دەلکێندرێ. لایەنێکی گرنگی ئەم پەیمانە بۆ گەلی کورد ئەوەیە کە جاڕێکی دیکەش کوردستان لە لایەن وەڵاتانی داگیرکەرەوە پارچە پارچە کرا.
کۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ
ئەم کۆنفرانسە لە 25/4/1945 بە بەشداری پەنجا وەڵات لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێکهات بە مەبەستی ئیمزاکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەویش لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی یاڵتا پێکهاتبوو. وەڵاتانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا ئەندامانی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەژمار دەهاتن. لەسەر داوای یەکیەتی سۆڤیەت، وەڵاتی پۆڵەندا کە لەم کۆنفرانسەدا بەشدار نەبوو، وەک ئەندامی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسێندرا. کەواتە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم دانیشتنی خۆی بە بەشداری 51 ئەندام دەست پێکرد. لەم کۆنفرانسەدا پێنج زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، چینی و سپانیایی بە زمانە ڕەسمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کران و لە 26/6/1945 بە ئیمزاکردنی هەموو وەڵاتانی بەشداربوو، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندرا و لە 24/10/1945 جێبەجێ کردنی جاڕنامەکە دەستی پێکرد.
ئاسایش
١ـ زامنکردنی هێمنایەتی و ئۆقرەیی لەڕێگەی بەڵێنە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ. ٢ـ خۆپاراستن لە مەترسی دەستدرێژی کردن بۆ ئازادی و مافە ڕەواکان. ٣ـ ئەرخەیانی و هەبوونی متمانە لە مەڕ ئاسایشی جەستە و گیان و ماڵ و شەرەف و نامووس. لە زاراوەی سیاسی و مافەکاندا بەم شێوازانەی خوارەوە بە کار براوە:
ئاسایشی تاک، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
ئاسایشی تاک
حاڵەتێکە تاک تێیدا لەوە ناترسێ گیان و ماڵ و ئابڕووی لەدەست بدات، بە جۆڕێک کە نەتوانێ بژی.
ئاسایشی نێونەتەوەیی
حاڵەتێکە کە تێیدا هاوکێشە لەنێوان دەسەڵاتەکان بەرقەرارە و کەس دەستدرێژی ناکا بۆ هەرێمی ئەویتر. هەرکاتێک یەکێک لە دەوڵەتەکان ئەم کارەی کرد، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی نەیارەوە «ئاسایشی نێونەتەوەیی کەوتۆتە مەترسییەوە» هەرکاتێکیش ئەم شتە ڕووی دا، مانای وایە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە.
ئاسایشی نەتەوەیی
حاڵەتێکە کە نەتەوەیەک، لەوە ناترسێ بەشێک لە حەشیمەت یان دارایی یان خاکی وەڵاتەکەی لە دەست بچێت. یاسا نێونەتەوەییەکان ئەمڕۆکە کارێکی وایان کردووە کە سنووری ماف و ئازادی دەوڵەتەکان دیاری بکرێ و نەهێڵێ وەڵاتەکان دەستدرێژی بکەن بۆ سەر یەکتر. بەڵام دەزگەیەک کە بتوانێ وەکوو یاسای ناوخۆیی زامنکەری بە حەقدار گەیشتنی مافەکان بێت، لە ئارادا نییە. ئێستە، کەم و زۆر لە هەموو وەڵاتەکان جۆرێک پۆلیسی سیاسی یان ئاسایش لە کاردایە کە ئامانجیان بەرگری کردنە لە دزەکردنی سیخوڕ و کەسانی مەترسیدار بۆ ناو وەڵات.
جا هەرچی ڕژێمەکە زیاتر توتالیتار بێت، ئەوا دەسەڵاتی پۆلیسی سیاسی و ڕادەی زەبر و زەنگ زیاتر دەبێت. ئەم جۆرە ڕژێمانە چونکە دەرفەتی نەیاریکردنی ئاشکرا و یاسایی بە کەس نادەن، نەیاران یا دوژمنانی خۆیان بە بیانووی «دوژمنانی ئاسایشی نەتەوەیی» سەرکوت ئەکەن.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی
کاتێک کۆمەڵ ئەرخەیان بێت لە هەڕەشەیەک کە دەرەنجامی کردەوەیەکی نایاسایی دەوڵەت یان دەزگە یان تاکێک دەرحەق بە تەواوی کۆمەڵگە بێت. لە سیستەمی مافەکانی نوێدا، پێویستە کە یاسا، بە پەسندکردنی قانوون و بە ڕەسمییەت ناسینی مافەکانی تاک و سزادانی تاوانباران، ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێ (بڕوانە ئازادییەمەدەنییەکان) . دادگە و پۆلیسیش بەڕێوەبەری یاسایە و تاک و کۆمەڵگە لە بەرانبەر شکستهێنان بە یاسا و بێ قانوونی دەپارێزن.
ئاسایشی گشتی
بنەڕەتی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەیییە کە هەوڵ و دەوڵی هاوتەریبی وەڵاتان بە تایبەت هەوڵی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، زامنیەتی.
ئەنجومەنی ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێکە لە شەش ڕوکنی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەرکی سەرەکی ئەنجومەن پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە. ئەم ئەنجومەنە 15 ئەندامی هەیە کە پێنج لەم ئەندامانە (ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فرەنسێ و چین) وەکوو ئەندامی هەمیشەیی لە ئەژمار دێن. 10 ئەندامی کاتی ئەنجومەن، لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوە بۆ ماوەی 2 ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاودەنگن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام، دەنگی پێ بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن، ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
بنەڕەتیی یەکسانی
بنەڕەتێکی یاسایی و سیاسییە کە دەبێ بەو پێیە، لە هەموو کاروباڕێکی کۆمەڵایەتیدا هەموو کەس بە یەک چاو تەمەشا بکرێ، بێجگە لەوەی بۆ کردەوەیەکی دیاریکراو دەرهەق بە هەندێ کەس یان گرووپ بەڵگەی تایبەت بە دەستەوە بێت. ئەم پرەنسیپە لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە تەواوی خەڵک لە بابەت «مافی سروشتی» پێکەوە یەکسانن. ئەم بۆچوونە هۆی نالێکچوویی زەینی و جەستەیی نێوان خەڵک ئەگەڕێنێتەوە بۆ «بەروبوومی کۆمەڵایەتی» و «نایەکسانی دەرفەتەکان» . لە لایەکی دیکەوە دژبەرانی یەکسانی، لەسەر ئەم باوەڕەن کە نالێکچوویی کەسەکان تاڕادەیەکی زۆر زاتییە و تەکوزی و هایراکی کۆمەڵایەتی بەپێی ئەم دۆخە دروست ئەبێ.
بنەڕەتیی یەکسانی زۆرتر ڕواڵەتێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانەی هەیە و کەمترین خواستەکەشی ئەوەیە کە ئەبێ هەمووی خەڵک لە هەندێ مافی سەرەکی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە یەکسان بەهرەوەر بن، بەڵام ڕادەی ئەم مافانە نادیارە و هەرچی خەباتی یەکسانخوازانەش بەربڵاوتر دەبێت، ئەوانیش زیاتر دەبن. مەسەلەیەکی دیکە پێوەندی نێوان یەکسانییەکانە، چونکە هەرکام لەوانە خۆبەخۆ یەکسانییەکانی دیکە لەخۆ ناگرن.
لانیکەم ێسیاسی و ئایدیۆلۆجییەکانی ڕۆژوا لەسەر کێشەی یەکسانی چەقی بەستووە و کۆڵینەوەی فرەلایەنی ئەم مەسەلەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سیاسی جۆربەجۆر لە سەدەی بیستەمدا. ئەم باسە لە «یەکسانی لە بەردەم یاسا»وە کە دروشمی لیبرالیزم* بوو، دەستی پێکرد و تا «یەکسانی دەرفەتەکان» کە دروشمی سوسیالیزمە، درێژەی پێدرا. لە سەدەی بیستەمدا جووڵانەوەی ڕاستگەرای گەورە بە دژی ئەم بیرۆکە بەرپا بووە.
دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.
دیموکراسی پیشەسازانە
بەپێی ئەم بیرۆکە، ئەبێ کرێکاران لە بڕیارەکانی هاوپێوەند لەگەڵ کارخانە پیشەسازییەکاندا بەشدار بن. لەم بارەوە تیۆری جۆراوجۆر هاتۆتە ئاراوە کە سەرەنجامی ئەم تیۆرییانە خوازیاری ڕووخانی سەرمایەداری و چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکارانە. تیورییەکی نوێ لە بارەی دیموکراسی پیشەسازانەوە ئاڕاستە کراوە کە پێی وایە ئەم سیستەمە، سەرمایەداری و شانوشکۆی بەڕێوەبەرانی قبووڵ کردووە و ئەم ڕاستییەی درکاندووە کە کرێکاران ناتوانن لە بەڕێوەبردنی کارخانە پیشەسازییەکان سەرکەوتوو بن.
دێتانەت+هێورسازی
وشەکە بە زمانی فەرەنسی بە واتای شلکردنەوە و ئارامی و حەسانەوەیە. لە زاراوەی سیاسیشدا بە مانای کەمبوونەوەی ئاڵۆزی و ناحەزی و دوژمنایەتی نێوان وەڵاتان و ئاسایشی نێوان وەڵاتانە. قۆناخی هێورسازی، ڕەنگە بەپێی بڕیارنامەیەکی ڕەسمی یا خود لە ئاکامی گۆڕانی ستراتیجی نەتەوەیی لە ماوەی چەندین ساڵدا ڕووبدات. بۆ نموونە پەیمانی لۆکارنۆ (1925) لە ئەورووپا کەم تا زۆر، بە دوا خۆیدا سەقامگیریی هێنا. لە دەیەی 1960 قۆناخێکی هێورسازی لەنێوان وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت هاتەکایەوە کە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە و ئەم ڕاستییە دامەزرابوو کە شەڕێکی هەمەلایەن، سەرەنجام بە تیاچوونی هەر دوولا تەواو دەبێت.
دیتێرمینیزم: بڕوانە ئیرادەگەرێتی.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
دەوڵەتانی لاسار
بە دەوڵەتانی یاخی و چەمووش دەگوترێ کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەهۆی ڕژێمی سیاسی یا بۆچوونی ئایدیۆلۆجیکی ڕێبەرەکەیان، تووشی گۆشەگیری دیپلۆماسی و سەرشۆڕیی ئەخلاقی دەبن. شەرعییەتی ئەم دەوڵەتانە لە بەر پێمل نەبوونیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. نموونەی کلاسیکی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، ئەفریقای باشوورییە لەنێوان ساڵەکانی 1984 تا 1994. ئاپارتایدو ئاکارە سیاسییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم ڕژێمە، لەگەڵ پێوانەکانی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، دژایەتی ئاشکرای هەبوو (بڕوانە جیاوازی ڕەگەزایەتی) .
زاراوەی دەوڵەتانی لاسار، بەزۆری ئاماژە دەدات بە سیستەمی سەرکردایەتی (Leadership)، نەک سیستەمی سیاسی خەڵک یان نەتەوەکان بەتایبەت ئەو ڕێبەرانەی کە فێڵباز و کەللەڕەق و شەڕخواز و سەرسەری و ناکەس بن.
دەوڵەتی یاسایی
زاراوەی دەوڵەتی یاسایی بەرهەمی ئەندێشەی کۆنی ئەڵمانیایی و سویسیرایە. فرێدریخ یۆلیۆس، سیاسەتمەداری کۆنەپارێزی ئەڵمانی پێی وایە: «دەوڵەت ئەبێ سنووری ڕەفتارەکانی خۆی و پانتای هاندانی شارۆمەندان بە شێوازێکی وردی یاسایی دەستنیشان بکات بێئەوەی زیانێکی بچووک بەرکەس بکەوێت». تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی یاسایی، بریتین لە:
ـــ هەبوونی دەستووری بنچینەیی کە تێیدا هێزەکان جیاکرابێتەوە و دەسەڵات دابەش بووبێت. (بڕوانە: جیا کردنەوەی هێزەکان)
ـــ دیاریکردنی هەندێ مافی ئازادیخوازانە و جوامێرانەی کۆمەڵایەتی شارۆمەندان لە دەستووری بنچینەییدا بە چەشنێک کە دانانی یاسای نوێ ببەستێتەوە بەم مافانەوە.
مۆساد
مۆساد زاراوەیەکی عیبرییە کە بە واتای دەزگەیە و سەردێڕەکەی بریتییە لە:
Ha Mossad le Modein ve Tafkidim meyuhadim بە واتای دەزگەی هەواڵگیریی و ڕاسپاردنە تایبەتەکانە.
مۆساد، ناوی ڕێکخراوی هەواڵگیریی و ئاسایشی ئیسراییلە کە لە ساڵی 1953 دامەزراوە و ئێستا بە یەکێک لە ڕێکخراوە سیخوڕییە بەناوبانگەکانی جیهان دادەنرێت. ئەم ڕێکخراوە تۆڕێکی گەورە و بەرفرەوانی هەواڵگیریی لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەڵاتانی ئەفریقاییدا بڵاوکردۆتەوە و لە وەڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکاشدا بەدوای هەر چالاکییەک دەکەوێت کە بەدژی ئیسراییل بێت و پووچەڵی دەکاتەوە. مۆساد لەگەڵ ڕێکخراوی هەواڵگیریی ئەمریکا (سیا) هاوکارییەکی نێزیکی هەیە و دزەی کردۆتە ناو گەلێک ڕێکخراوەی هەواڵگیریی دیکەش لە جیهاندا.
پاسپۆرت- پەساپۆرت
بەڵگەنامەیەک کە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەت دەردەکرێت و بەو پێیە کەسێک دەبێتە شارۆمەندی کاتەکی وەڵاتێکی دیکە و ڕێگەی پێ دەدرێ لە وەڵاتەکەی خۆی بچێتە دەرەوە. پاسپۆرت بە ناوی جۆراوجۆر دەردەکرێت کە بریتین لە:
1ــ پاسپۆرتی سیاسی (Diplomatic Passport) ئەم جۆرە پاسپۆرتە تایبەتی کاربەدەستانی باڵای حکوومەت و دیپلۆماتەکانە.
2ــ پاسپۆرتی خزمەزتگوزاری (Service Passport) تایبەتی کارمەندانی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی کاروباری حوکومییە.
3ــ پاسپۆرتی ئاسایی (نەتەوەیی)، بۆ هەموو هاووەڵاتیان دەردەکرێت.
ئەو کەسانەی کە خاوەنی پاسپۆرتی سیاسی و خزمەتگوزاری بن، لە وەڵاتانی دەرەکی مافی پارێزراوییان هەیە. دەرکردنی پاسپۆرتی سیاسی و خزمەتگوزاری لە لایەن وەزارەتی دەرەوە و پاسپۆرتی ئاسایی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بە ئەنجام دەگات.
پاسیفیزم: بڕوانە ئاشتیخوازی.
پەرستشی کەسایەتی
ڕێزگرتن لە پلە و پێگە و تایبەتمەندییەکانی ڕێبەڕێک یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی تا ڕادەی پەرستشکردن یان هەڵکێشانی لە ڕادەبەدەر و زیادەڕۆیی دەربارەی دەوری کەسایەتی و پاڵەوانەکان لە مێژوودا. زاراوەی پەرستشی کەسایەتی، لە لایەن خرۆشچۆف لە پێوەند لەگەڵ خەبات بە دژی ستالینیزم لە وتاڕێکی پەنهانی لە کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت (1956)، بەکار هێنرا. ئەم زاراوە زیاتر وەک ناتۆرەیەک بۆ پرۆتستۆکردنی پەرەستشی ستالین و هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی کە یادەوەری ستالینیان لەپاش مەرگی زیندوو ئەهێشتەوە. دوای خۆکێشانەوەی خروشچۆف (1964)، ئەم تۆمەتەش بە دژی خۆی بەکار برا. دژبەرانی پەرستشی کەسایەتی، لایەنگری«رێبەرایەتی جڤاتن» .
پەیمانی ڤێرسای
پەیمانی کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی یەکەم کە لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان و ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 28/6/1919 لە کۆشکی ڤێرسای پاریس مۆر کرا. بەپێی ئەم پەیمانە کە بریتی بوو لە 15 پاژ و 440 بەند، بەشێک لە خاکی ئەڵمانیا لە لایەن وەڵاتانی فەرەنسە، بەلجیکا، دانمارک و پۆڵەندا داگیر کرا و بڕیاری چەککردنی تەواو لەسەر ئەڵمانیا دەرکرا و بەرپاکردنی دامەزراوە و دامودەزگەی سەربازی لێ قەدەغە کرا.
پاش ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و بە پێگەیشتنی هیتلەر (1933) بەرەبەرە پەیمانی ڤێرسای بایەخی خۆی لەدەست دا و هەموو گەماڕۆ سەربازییەکان هەڵوەشێنرایەوە. ئەمەش ڕێگەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی جیهانی دووهەم خۆش کرد.
ڕیفۆرمخوازی+چاکسازیخوازی
زاراوەیەکی نوێیە کە ئایدیۆلۆجی یان شێوازێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تایبەت دەستنیشان دەکات. بەم پێیە ڕیفۆرمخوازی، بڕوا هێنانە بەوەیکە دەکرێ، هێدی هێدی کۆمەڵگە بەرەو گۆڕان و چاک بوون ببەیت بێئەوەی دەسکاری پێکهاتەی بنچینەیی کۆمەڵگە بکرێت. ئەم لایەنگرییە تەنیا لەو وەڵاتانەدا بەکارە کە بەهۆی سیستەمی پەرلەمانی و هەبوونی ئازادی قانوونی، هەل بۆ بەدەسهێنانی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات دەڕەخسێ. لەم گۆشە نیگاوە ڕیفۆرمخوازی، بەگشتی لە بەرانبەر کۆنەپەرستی* و قایمەکاری یان شۆڕشخوازی دەوەستێتەوە.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە ساڵی 1995، ناوی خۆی بە ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا گۆڕی. بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە: بەرزڕاگرتنی بایەخە هاوبەشەکان، یەکدەنگی و هاوئاهەنگکردنی باس و گفتوگۆکان لەمەڕ ئاسایشی ئەورووپا، چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵی چەک، هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ناوچەیی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.