تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاشتی خوازی
حەزکردن بە ئاشتی و بێزاربوون لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە تایبەت لەنێوان نەتەوەکاندا. لەسەرەتادا بە کەسانێکیان دەگوت ئاشتیخواز کە پێیان وابوو ئەکرێ لەبری شەڕ و ئاژاوە کاری دیکە (ناوبژیوانی و دادوەری) ئەنجام بدرێ.
«ویلسۆن»، (1856ــ 1919) سەرۆککۆماری ئەمریکا و لایەنگرانی دیکەی دامەزراندنی کۆمەڵی نەتەوەکان (1916ــ 1919) بە ئاشتیخواز ناویان دەرکرد چونکە ئەمانە شەڕیان نەک هەر بە بێ ئەخلاقی دەزانی بەڵکوو بە خاپوورکەری شارستانییەتیان لە قەڵەم ئەدا. بەم حاڵەش ئەم کەسانە، سڵیان نەکرد لە بەکارهێنانی هێز و زەبر و زەنگ بەدژی ئەو وەڵاتانەی کە شەڕخواز بوون. ئامانجیان ئەوە بوو کە هێزی وەڵاتانی دیکە بخەنەگەڕ بۆ خزمەت کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی . بەم پێیە ئەکرێ لە بری ئاشتیخواز بە«ئەنتەرناسیۆنالیست» * لە قەڵەم بدرێن.
واتایەکی دیکەی ئاشتیخوازی، ئەگەڕێتەوە بۆ ئاکاری ئەو کەسانەی کە ئامادە نابن لە هیچ هەڵومەرجێکدا بچنە خزمەت هێزی سەربازی بۆ ئەوەی بە دژی نەتەوەیەکی دیکە، شەڕ بکەن. بەم جۆرە ئاشتخوازییە دەڵێن ئاشتیخوازی کەسی یان ئەخلاقی کە لە ئاخێزگەیەکی ئایینییەوە سەری هەڵداوە (وەکوو مۆژگارییەکانی «ساتیا گراها»، بە ڕێبەرایەتی «گاندی» لە هێندوستان کە بۆ چەند ساڵێک، بوو بە بنەمای سیاسەتی دەرەوەى ئەو وەڵاتە) .
واتایەکی دیکەی ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ کەسانێک کە لەبەر هۆکاری ئەقڵی، شەڕ بە ناڕەوا دەزانن. ئەمانە پێیان وایە کە شەڕ، دوو لایەنەکە دەخاتە دۆخێکی ئاستەنگ و دوژمنکارانەوە و لەسەر ئەم بڕوایەن کە بۆ گۆڕینی ئیرادەی دوژمن ئەبێ سەبر و ئارام بگرن و چالاکانە هەوڵ بدرێ ئەم دژبەرەکییە لەناو بچێت. ئەم جۆرە ئاشتیخوازییە، بە ئاشتیخوازی سیاسی یان ئەقڵی پێناسە کراوە. هەندێ لە نووسەرانی سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەم، لایەنگری ئەم جۆرە ئاشتیخوازییە بوون.
تا ئێستە هیچ دەوڵەتێک ئاشتیخوازی وەکوو سیاسەتی ڕەسمی و هەمیشەیی خۆی دەستنیشان نەکردووە. بەڵام ئەم بیرۆکە لە مابەینی دوو شەڕەکە لە ئەورووپا لایەنگرانێکی زۆری بە خۆوە دی و هەندێکی زۆری بە دژایەتی لەگەڵ کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی هاندا. کەچی بە هەڵگیرسانی شەڕی دووهەم، لە ڕادەی ئەم لایەنگرانە کەم بۆوە و بە ڕادەی لایەنگرانی سەربازیگەری زیاد بوو.
پاش داهێنانی بۆمبی ناوەکی لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم و دروستکردنی جبەخانەی ئەتۆمی، ئاشتیخوازی بوو بە بزاوتێکی بەهێز دژ بە چەکی ناوەکی و گەلێک لە زانایانی بەناوبانگی جیهانیشی بەم خەباتەوە گلاندووە. تەنانەت ئەو کەسانەش کە لەگەڵ شەڕی ئاسایی دژایەتییەکیان نەبوو، بەم کارەوە هەستاون.
جودایی خوازی
خواستی گرووپێکی ئەتنیکی دانیشتووی وەڵاتێک بۆ جیابوونەوە لەژێر دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتێک کە ئەو گرووپە ئەتنیکیە تا ئەو کاتە بەشێک بووە لەو وەڵاتە. ئەغڵەب، ئامانجی جوداییخوازەکان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێیە لە وەڵاتێکی تازە بۆ نەتەوەیەکی تایبەت. سەدەی نۆزدە لە ئەورووپا و سەدەی بیستیش لە ئاسیا و ئەفریقا، بەهۆی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم* و تەنینەوەی وشیاری نەتەوەیی لەناو ئیمپراتۆریەکاندا بزاڤی جودایی خوازی بە زۆری پەرەی سەند و بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەکان و سەرهەڵدانی نەتەوەی نوێ. گرینگترین ڕووداوی لەم چەشنە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریە گەورەکانی فەرەنسە و بەریتانیا و عوسمانی بوو کە لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکا دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو.
هاندەری جوداییخوازی، ڕەنگە جیابوونەوە لە وەڵاتێک بێت و موتوربەبوون بە وەڵاتێکی دیکە. جوداییخوازی، لە یاسای زۆربەی دەوڵەتەکاندا ڕەنگە لە جوملەی تاوانی سیاسی* لە قەڵەم بدرێت و هەندێ جاریش بە واتای خیانەت پێناسە دەکرێ و بەناوی دژبەریی و ناتەبایی حاکمییەتی نەتەوەیی سزای بۆ دیاری دەکرێت.
خوێن داکوژان
یەککەوتن بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ و دوژمنایەتی لەنێوان دوو یان چەن دەوڵەتێک. لەم یەککەوتنەدا بەگشتی کەشوهەوا و ماوەی دەسهەڵگرتن لە شەڕ لەنێوان لایەنەکانی شەڕ دیاری دەکرێت. سازشکردن و کۆک بوون لەسەر خوێنداکوژان ڕەنگە بە شێوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە بێت: وەک خوێن داکوژانی فەڕەنسە و ئەڵمانیا، یان کاتی بێت: کە زیاتر بەمەبەستی کۆکردنەوەی کوژراوەکان لە مەیدانی شەڕدا بە ئەنجام دەگات. ئەم جۆرە کردارە بە «هەڵپەساردنی شەڕ»یش ناوبردە کراوە.
لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە، ئەگەرچی خوێن داکوژابێتەوە و دەست لە شەڕ هەڵگیرابێ بەڵام حاڵەتی شەڕ، هەر بەردەوامە و ماف و ئەرکی لایەنەکانی شەڕ هەر لە ئارادایە. ڕێسێ گشتییەکانی خوێنداکوژان لە کۆنفرانسی ئاشتی لاهای لە ساڵی 1907 دیاری کرا و بەو پێیە لە خوێن داکوژانەوەی بێ سنووردا کاتێک شەڕ و ئاژاوە سەرهەڵدەداتەوە کە بە تەرزێکی جددی و هەمەلایەن ئەم ڕێساگەلە وەلا بنرێت. ئەو کردەوانەی کە ئەبێتە هۆی پێشێلکردنی بڕیارنامەی خوێنداکوژان بریتییە لە: پێشڕەوی ئاشکرا، داگیرکردنی هەر ناوچەیەکی بەدەر لە هێڵی دیاریکراو، و جێبەجێکردنی سپایەک کە لە بارودۆخێکی لاوازدا بووبێت.
مافی خودایی
لە پێش سەرهەڵدانی بزاڤە کۆماریخواز و دیموکراسییەکان، بە زۆری لە سەرتاسەری جیهان دەسەڵاتی حکوومەتەکان بەپێی بیرۆکەی مافی خودایی پاساو دەدرا. بەپێی ئەم مافە، سوڵتان و پادشاکان بە ئیزنی خودا لە سەر زەمیندا فەرمانڕەواییان دەکرد. ئەم بیرۆکە تا ئەو شوێنە پێی درێژ کرد کە پادشا و سوڵتان بە سێبەری خوا لە قەڵەم بدرێن. نموونەی ئەم سێبەر و گوماشتە ئیلاهییانە، بریتییە لە شاکانی هەخامەنشی لە ئێران، خاقانی چین، دێواپوترای هێندستان و ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست تاکوو پێش شۆڕشی فەرەنسە. ئەمانە هەموویان خۆیان بە سێبەری خوا و نوێنەری ئەو لە سەر قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەیان ناوبردە کردووە.
دوای سەرهەڵدانی بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی لیبرالیزم و دیموکراسیەت، ئەم جۆرە ڕژێمانە جێی خۆیان دا بە ڕژێمی دەستووریی و دەسەڵاتی ڕاستەقینە گەڕایەوە بۆ خەڵک و دەوڵەتیش لە بەرانبەر خەڵک خۆی بە بەرپرس دەزانێ.
ئابووریخوازی
بەهەندگرتنی ئابووری و بژێویی بە سەر سیاسەت و خەباتی سیاسیدا. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، لە حیزبی سۆسیال دیموکراتی سۆڤیەت، لاگیرییەک بۆ بەستنەوەی خەبات بە خەباتی ئابووری (باشترکردنی هەلومەرجی ئیش و کار و زیادکردنی مووچە و...) هاتە ئاراوە. ئەم لاگیرییە بە حیزب و ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە بەو چەشنەی کە «لینین» بیری لێ دەکردەوە نەبوو. «لینین» لە کتێبی «ئەبێ چ بکەین؟» (1902)، بەدژی ئەم فیکرە ڕاوەستا.
ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
بە کۆمەڵێک مێتۆد و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەگوترێ کە ئامانجیان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری ئازادییە بۆ تاکەکەس. بە لایەنگرانی وەها مەرامێک دەڵێن ئازادیخواز (لیبڕاڵ). ئازادیخوازی لەسەرەتادا لەگەڵ ناوی هەندێ حیزبی ئەورووپایی ئاوێتە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئەم زاراوە مانایەکی بەربڵاوتری لەخۆگرتووە و زیاتر نیشاندەری لایەنێک یا سۆنگەیەکی فیکرییە کە خاوەنی ئەم چەن پرەنسیپانەیە:
١) بەهەند گرتنی دەربڕینی ئازادانەی فیکری تاک، ٢) بڕواهێنان بەوەیکە دەربڕینی ئازادنەی فیکر بۆ تاک و کۆمەڵ بەسوودە. ٣) پشتیوانی کردن لەو دامودەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ڕێگە بۆ دەربڕینی ئازادانەی فیکر خۆش دەکەن.
ئازادیخوازی وەکوو سیستەمێکی تێکچنراو کە پڕ بووە لە ئامانج و ئایدیالی کردەیی، لە سەدەکانی 17و18 لە بەریتانیا سەری هەڵدا. پاشان لە وەڵاتانی دیکەش، حیزب و تیۆریگەلی ئازادیخواز هاتنەکایەوە کە ئەمانیش یان بۆ خۆیان گەشەیان کرد یا لاساییکەرەوەی نموونەکەی بەریتانیا بوون.
ئەندێشە و ئاکاری ئازادیخوازانە لەپێشدا لەسەر دوو زەمینە جەخت دەکات: یەکەم، وەڕەزبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازی دیکەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دووهەم، دەربڕینی ئازادانەی ئەندێشەی تاک.
هەوڵی تیۆری و سیاسەتی ئازادیخوازەکان ئەمە بووە کە ئەم دوو بنەڕەتە پێکەوە سازگار بکەن. هەوڵی لیبرالیزم لەپێشدا ئەوە بوو کە لە گەمارۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕزگار بین و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی، ئازادی و چاوپۆشی ئایینی بووە. ئازایخوازە ئەورووپییەکان لە باری ئایینییەوە یا بێباوەر بوون یا گوماندار یان دژ بە ئایین. هەموو ڕێبەرانی گەورەی جووڵانەوەی ڕۆشنبیری نوێ لەم تاقمە بوون و لە بەرانبەر دەسەڵاتی ملهوڕانەی قەشەکان ڕاوەستاون و لایەنگرییان لە "حکوومەتی عەقڵ " کردووە.
لیبراڵەکان، لایەنگری چاودێری کردنی دەسەڵاتی گشتین بە سەر کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە لە بەستێنی سیاسەت و کاروباری مەدەنی خوازیاری حکوومەتی قانوون و لە بەستێنی ئابووریشدا لە بازاڕی ئازادی ئابووری لایەنگری دەکەن. ئازادیخوازان، خوازیاری زامنکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتن و پشتیوانی خۆیان لە ئازادییە ناوچەیی و گرووپییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی لیبرالیزم، لایەنگری کردن لە ئازادی چالاکانەیە واتە ئەوەیکە تاک، دەرفەتی پەروەردەکردنی توانێیی و دەربڕینی ئازادانەی بیروبڕواکانی خۆی بۆ بڕەخسێ و لەم ڕێگەوە قازانج بگەێنێ بە کۆمەڵگە. بۆیە لیبراڵەکان لەسەر یەکسانی ماف و ئازادییەکان و نەمانی پاوانخوازی و ئیمتیازاتی سەرمایەداران ئەدوێن و لایەنگری لە چەسپاندنی یاسا بە سەر هەموو بنەمایەکی عەقڵیدا دەکەن. بەم پێیە ئازادیخوازان، بەگشتی پێشکەوتنخواز لە ئەژمار دێن چونکە لایەنگری پێشکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و پیشەسازییەکان بوون.
لیبراڵیزم، چ لە باری تیۆری و چ وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی، لە بەرایی" شۆڕشی مەزن"ی بەریتانیا لە ساڵی 1688 بە دژی جەیمزی دووهەم، تا ساڵی 1867 کە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە قانوون، بە تەواوەتی گەشەی کرد. ئەم ڕێبازە، لەسەرەتادا لە گوێن جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیستبداد، تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی یاسا و ئازادییەکانی تاک خەباتی ئەکرد. پاش ئەم قۆناخە، کەمتاکورتێک، ئەبێتە تیۆرییەکی ڕێکوپێکی ئابووری و سیاسی. ئازادیخوازی، هاوکات لە ئەورووپا ـــ بێجگە لە بەریتانیاــــ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیچمی گرت. بەڵام زاراوەی لیبراڵیزمی کلاسیک تەنیا بۆ لیبراڵیزمی بەریتانی بەکار دەبرێت.
لیبراڵیزمی بەریتانی لەپێشدا ڕووکاری ئازادیخوازی و چاوپۆشی ئایینی و چەسپاندنی یاسا و مافە سیاسییەکانی لەخۆ گرتبوو. شۆڕشی 1688 کە یەکەم شۆڕشی لیبراڵی مێژووە، ئەو ئازادییانەی کە لەماوەی یەک سەدە بە دەست هاتبوون، مسۆگەری کرد و ڕواڵەتێکی قانوونی پێ بەخشی. ئەو لیبراڵیزمەی کە لە 1689 بانگەشەی بۆ ئەکرا، لە بنەڕەتدا لایەنێکی ڕەخنەگرانە و نەرێیانەی هەبووە و لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەنبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و بە تایبەت پاشا، پشتیوانی دەکرد. زۆرترین ئامانجیشی سیاسی بووە وەکوو لەوەی ئابووری بێت. لەم میانەدا گرینگترین ئامانجە سیاسییەکانی بریتی بوو لە: ئازادی بیروبڕوا و مافی نەیاریی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا و جیاکردنەوەی هێزەکان*. هەر لەم ساڵانەدا هەندێ ئازادی مەدەنی وەکوو تەبایی ئایینی و ئازادی ڕۆژنامەکان دەستەبەر کراوە. کتێبی دووهەمی «جۆن لاک» بە ناوی" دەربارەی حکوومەت" و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، گەورەترین یادگارییەکانی ئەم قۆناخەی لیبراڵیزمن.
لیبراڵیزمی ئابووری: پاش قۆناخی یەکەم کە قۆناخی بە سەمەر گەیشتنی ئازادییە سیاسییەکان بوو، قۆناخێکی نوێ دەست پێئەکا کە تێیدا تیۆری لیبراڵیزمی ئابووری وەکوو تەواوکەری لیبراڵیزمی سیاسی ناوبردە ئەکرێ. ئابووریناسانی لیبراڵیزمی بەریتانی، بە ڕێبەرایەتی «ئادام سمیت»، بە تواناترین گرووپێک بوون کە تیۆری (لیبراڵیزمی ئابووری)یان هێنایە ئاراوە. بە باوەڕی ئەمانە، میکانیزمی خۆبەخۆی بازاڕی ئابووری، کە پەیڕەوی قانوونیخوازە و ڕووخستنە (عرچه و تقاچا)، باشترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتنی کاری ئابووری و هیچ لایەنێک، چ پاوانخوازانی ئازاد و چ دەوڵەت، نابێ دەستێوەردانی تێدا بکا. بەڕای ئەوان، هاوبەشێتی دڵخوازانەی کەسەکان و هاوکاریی نێوانیان بەپێی میکانیزمی بازاڕی ئازاد، کارێک دەکات کە سوود بە هەموان بگات. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوە کە لیبڕاڵیزمی سیاسی بەهێز ببێ و وەکوو تیۆرییەکی هەمەلایەن و بەڕێوجێی ئابووری بڕازێتەوە. تیۆری «ئادام سمیت»، سیستەمێکی ئازاد و غەیرە شەخسی نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە مرۆڤی هان ئەدا، هێز و داراییەکانی بە قازانجی خۆی و کەسانی دیکە بخاتەگەڕ.
لیبراڵیزمی نوێ: بەڵام بازاڕی ئازادی ئابووری و سوودپەرەستی لەڕادەبەدەری خەڵک نەوەکوو ئاواتەکانی ڕێبەڕانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی بەدی نەهێنا، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە باری بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە شوێنەواڕێکی دزێوی لەدوا خۆی بەجێهێشت کە گرینگترینیان لە دایکبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی هەژار لە کارخانەکان بوو (بڕوانە سۆشیالیزم) .
ئینجا تەوژمی هێزە کۆمەڵایەتییە تازە پێگەیشتووەکان وایکرد لە لیبڕاڵەکان کە بە لیبڕاڵیزمی توندرەودا بچنەوە و سنووڕێکیش بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە مەڕ دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان، دیاری بکەن. چڵەپۆپەی جووڵانەوەی لیبراڵیزمی ئابووری، ناوەڕاستی سەدەی 19 بوو کاتێک کە تەنانەت لیبراڵەکان لەگەڵ داڕشتنی یاسای ئیش و کاریشدا دژایەتییان دەکرد. بەڵام لەمەودوا زۆربەی ڕێسا کۆنتڕۆڵکەرەکانی دەوڵەت، وەکوو قەرارە تەندروستییەکان و بیمە و یەکیەتی کرێکارانیان بۆ قازانجی گشتی پەسند کرد. لیبراڵیزم سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕاپەڕینێک بوو بە دژی کلێسە و ئیستبداد بەڵام ئیستا بەشێک لە ترادیسیۆنی فیکری کۆنەپارێزیی* ڕۆژاوایی لە ئەژمار دێت و دوو حیزبی گەورەی ئەمریکای خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. لە هەمانکاتدا لەسەر جووڵانەوەی سۆسیال دیموکراتیش کاریگەریی داناوە.
لەبەرئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حیزبێکی بەهێزی چەپی لە مەیداندا نییە، لیبڕاڵ بە سیاسەتمەدارێک دەگوترێ کە خاوەنی فیکرەیەکی نزیک بە چەپییەکان و لایەنگری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئابووری بێت.
ئیخوانولموسلمین
بزووتنەوەی ئیخوانولموسلمین لە ساڵی 1929 لە لایەن «حسن البنا» لە میسر دامەزرێ بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ یاسا و بنەماکانی سەرەتای ئیسلام. ئەم بزاڤە توانی تەلی سوز و عاتیفەی موسڵمانان ببزوێنێ و بەرەو لای خۆی ڕاکێشیان بکات بە چەشنێک کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووهەم، ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتە 2 ملیۆن کەس و توانی لە وەڵاتە عەرەبییەکان بە تایبەت میسر، پێگەیەکی باش بەدەست بهێنێ. پاش ئەوەیکە ئەنوەر سادات، سەرۆکوەزیری میسر لە ساڵی 1948 ئەم بزاوتەی بە نایاسایی و یاساغ ناوبردە کرد، لایەنگرانی ئیخوانولموسلمین سەرۆک وەزیریان تیرۆر* کرد و پاش ماوەیەکیش (حسن البنا) کوژرا. لە ساڵی 1954 ئیخوانولموسلمین، هەوڵی دا سەرۆککۆمار، «عەبدولناسر» تیرۆر بکات بەڵام نەیتوانی. ئەویش بزاوتەکەی پێچایەوە و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوە کە بنکەی ئیخوانولموسلمین لە قاهیرەوە بگوێزرێتەوە بۆ دیمەشق و ببێتە ڕێکخراوێکی شاراوە و ژێرزەمینی.
ئیخوانولموسلمین ئەمڕۆکە لە میسر و چەندین وەڵاتی ئیسلامی دیکەدا چالاکی ئاشکرای هەیە. بۆ وێنە لە سوودان لە حەفتاکاندا لایەنگری زۆری بەدەست هێنا و توانی لە هەڵبژاردنەکانی 1986 بە ناوی «بەرەی نەتەوەیی ئیسلامی» بەشداری بکات و 51 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. ئەم ڕێکخراوە لە وەڵاتی میسر وەکوو حیزبێکی نایاسایی و بە شێوەیەکی شاراوە درێژە بە چالاکی ئەدا تەنانەت دەگوترێ لەناو پەرلەمانی ئەم وەڵاتەدا لایەنگری بەرچاوی هەیە.
بشێویخوازی
لە زمانی یۆنانیدا بە واتای بێسەروەرییە. بەڵام لە زاراوەی سیاسی بە ڕێبازێک دەگوترێ کە حەز بە داڕمانی دەوڵەت ئەکا و جێگیرکردنی ئەنجومەنی ئازاد و هاوکاریی ئارەزومەندانەی تاک و گرووپەکانە لە جێی دەوڵەت.
بن بونیادی بشێویخوازی، لەسەر دوژمنی کردن لەگەڵ دەوڵەت پابەندە و هەر چەشنە دەسەڵاتێکی ڕێکخراوەیی ئایینی و کۆمەڵایەتیش بە ناڕەوا دەزانێ. ئەم ڕێبازە، یاسا دەوڵەتییەکان بە سەرچاوەی داگیرکاریی و وەیشوومیی کۆمەڵایەتی دەزانێ و بەم بۆنەوە خوازیاری لەناوچوونی تەواوی دەوڵەتەکانە. کەواتە ئەکرێ بڵێین لایەنگرانی ئەم فیکرە بە چەشنێک، لە شوێن سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدان.
بشێوەخوازان، بە پێچەوانەی ئەوەیکە تا ئێستە دەنگی داوەتەوە، ئاژاوەگێڕ یان هەرکی بەهەرکیخواز نین و ناخوازن کۆمەڵگە، بێسەرەوبەرە و پاشاگەردانی بێت بەڵکوو بیر لە سیستەمێک دەکەنەوە کە بەرەنجامی هاوکاری ئارەزوومەندانە بێت کە باشترین شێوازەکەی دامەزرانی گرووپی ئۆتۆنۆمییە. چونکە زاتی ئینسان بە کۆمەڵەکی دەزانن. «ئێلیزا ڕیکۆلز» (1830- 1905)، ئاناڕشیستی فەرەنسی دەڵێ: «ئامانجی ئێمە، ژیانی بێدەوڵەت و بێ قانوونە» . بشێویخوازەکان پێیان وایە گەڕیانی سیستەمی ئابووری، لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ئارەزومەندانەدا باشتر دەگونجێ چونکە ئەو شتەی کە ئەمڕۆ دەوڵەت بە زەبر و زەنگ ئەنجامی ئەدا، خەڵکانی ئارەزوومەند باشتر بەڕێوەی دەبەن و پێویست بە بەرتەسککردنەوەی هەرێمی تاکەکەس ناکات. چونکە مرۆڤ لە زاتی خۆیدا بە حەزێکی ئازادانە ڕێز بۆ مافی تاک قاییلە.
بشێویخوازەکان بە هەر ڕێبازێکیانەوە (ڕیفۆرمیست، کۆمۆنیست یان تاکپەرست) هەمویان لەسەر ڕووخاندنی هەرچەشنە دەوڵەتێک هاودەنگن و دیموکراسیش بە ئیستبدادی زۆرینە دەزانن کە بە دەگمەن لە ئیستبدادی سوڵتانی بێ قڕەترە. «پرۆدۆن» دەڵێ: «دەوڵەتەکان شەللاقی خواکانن» .
کۆنگرەی نێونەتەوەیی ئانارشیستەکانی جیهان، لە ساڵانی 1877و 1907 پێکهات بەڵام هیچ کاتێک نەیانتوانی ڕێکخراوەیەکی هەمیشەیی دامەزرێنن. سەندیکالیزم کە یەکێک لە لقەکانی ئانارشیزمە لە هەندێ لە وەڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکای لاتین تەشەنەی سەندووە. لقێکی دیکە لە جووڵانەوەی ئانارشیستی لە سۆڤیەت بە ناوی نیهیلیزم*چالاکی بووە.
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
خزمخوازی + خزم خزمینە
نێپوتیزم یا خزمخوازی و خزم خزمینە، لە وشەی ئیتالی nepotismo بە واتای «لایەنگری لە ئامۆزاکان» وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە هێنانەسەرکاری خزم و عەشیرە بۆ کاروباری گشتی یان مافی تایبەت قاییل بوون بۆ ئەوان و پشتگیریکردنیان بۆ بەخشینی پلە و پایەی ئیداری و سیاسی. ئەم ئاکارە زەمینە بۆ گەندەڵی سیاسی خۆش دەکات.
ستالینخوازی
بە سەرجەم سیاسەت و شێوازی حکوومەتی ژۆزێف ستالین (1879-1953)، سەرەک وەزیر و فەرماندەی گشتیی هێزەکان و سکرتێری حیزبی کۆمۆنیست و دیکتاتۆری یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو دەگوترێ. ئەم زاراوە، ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو شێوازی پیادەکردنی «مارکسیزم ـــــ لێنینیزم» ـــە لە سەردەمی حکوومەتی ستالین و هەندێ شرۆڤەی ئەم تیۆرییانە و ڕادەی سازدانیان لەگەڵ واقیعدا. ئەم شێوازانە بریتی بوون لە تیرۆریزم و بوروکراتیزم و ملدانی زۆرەکی بە دەستوورە ڕەهاکانی ستالین لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا جا چ لە سۆڤیەت بێ و چ لە نێوان حیزبەکان یان وەڵاتە کۆمۆنیستەکانی جیهان.
ستالینخوازی، لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە ستالین ڕەقیبەکانی خۆی بەتایبەت ترۆتسکی (بڕوانە ترۆتسکیزم) لە مەیدان بەدەر کرد و بوو بە جێنشینیی لێنین (1924). سیاسەتی ستالین ناسراو بە (سۆشیالیزم لە یەک وەڵاتدا) بریتی بوو لە هاوبەشێتی زۆرەملەیی کشت وکاڵ و پیشەسازی کردنی خێرای یەکییەتی سۆڤیەت. ستالین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، خەڵکی خستەژێر کۆنترۆڵێکی پۆلیسی و لەم ڕێگەوە شێوازێکی بێڕەحمانەی زۆری بەکارهێنا و پۆلیسی نهێنی (کاگا با) و نەریتی ڕژێمە تۆتالیتەرەکانی لەگەڵ تاکپەرستی تێکەڵ کرد.
فڕوفیشاڵی ستالینپەرستانە وایکرد، ئەو وەک فەرمانڕەوایەکی خێرخواز بناسرێت کە بە بلیمەتی و ئاوەزمەندییەوە توانیویەتی گەلانی خۆشبەخت و ئاسوودەی وەڵاتەکەی لە فیتنەی «کاپیتالیزم» (بڕوانە سەرمایەداری)، ڕزگار بکات. تەواوی دەزگە تەبلیغاتییەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت و سەرچاوەکانی هەواڵ و ئەمنیی و «ڕیالیزمی سۆشیالیستی» * لە ئەدەب و تەنانەت دەسکاریکردنی مێژووشی خستبووە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فیکرە لە ناوخۆ و دەرەوەدا. سەرکەوتنی سۆڤیەت لە شەڕی جیهانی دووهەم و بەربڵاوکردنی دەسەڵاتی خۆی لە پاش ئەم شەڕە، بە مانای سەرکەوتنی مێژوویی و بە مورادگەیشتنی ستالینیزم لە جیهاندا لە ئەژمار دەهات.
کۆمۆنیستەکان تا ئەو کاتەی ستالین مابوو، ئەویان بە گەورەترین شرۆڤەگەری مارکسیزم و باڵاترین سەرچاوەی تیۆری بزووتنەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم لە قەڵەم دەدا بەڵام پاش مەرگی لە کۆنگرەی بیستەمدا خرۆشچۆف، سکرتێری گشتی حیزبی کۆمۆنیست بیلانێکی لە تاوانەکانی ستالین بڵاوکردەوە و لە کۆنگرەی بیستودوهەم ئەم تاوانانە زیاتر لێکدرانەوە. ئینجا ستالینیزم بە سەرپێچی کردن لە فەرمانەکانی لینین زانرا و بە تاوانبار دەرچوو. لەمەودوا ناوهێنانی ستالین و بیروڕاکانی لە باو کەوت و ستالینیزم، بە زوڵم و زۆر و تاکپەرستی و دیکتاتۆرییەت و ڕژێمی پۆلیسی لێک درایەوە.
لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی بە دژی کۆمۆنیزم، حیزبی کۆمۆنیستی یۆگۆسلاڤیا یەکەم حیزبێک بوو کە بە دژی ستالینیزم و پێدرێژیی ستەمکارانەی سۆڤیەت بۆ سەر حیزب و وەڵاتە کۆمۆنیستەکان، ڕاپەڕی و ئەم کارەی بە لادان لە مارکسیزم - لێنینیزم لە قەڵەم دا.
یەکێک لە بەناوبانگترین شرۆڤەکانی ستالین کە لە تیۆرییەکانی مارکسیست ــ لێنینیست کردبووی، تیۆری «دەوڵەتی سەرەمەرگ» و «ئینتەرناسیۆنالیزم» بوو. ئەو لە وەڵامی ئەو کەسانەی بە ڕەخنە گرتن لە مارکسیزم پاش نەهێشتنەوەی چینی چەوساوە، (بە بڕوای ستالین ئەم چینە لە سۆڤیەت نەمابوو) مەسەلەی لەناوچوونی دەوڵەتیان باس دەکرد دەڵێ: دەوڵەت بە لاوازکردن، تووشی مەرگی کاوەخۆ نابێت بەڵکوو زیاتر، بە بەهێزبوونی دەفەوتێ. لە بابەت ئینتەرناسیۆنالیزمیش دەڵێ: «ئینتەرناسیۆنال، کەسێکە بە گیان و بەدڵ بۆ پاراستنی یەکییەتی سۆڤیەت لە خۆی ببورێ … چونکە هەرکەس گومان بکات کە بێ یەکییەتی سۆڤیەت دەتوانێ لە خەبات و شۆڕشی جیهانی داکۆکی بکات، لە ڕاستیدا بە دژی شۆڕش وەستاوە و دەکەوێتە ناو بازنەی دوژمنانی شۆڕشەوە». بەم پێیە ستالین، ستراتیجی و تەکتیکی حیزبە کۆمۆنیستەکانی بە شێوازێکی ڕەها دەبەستەوە بە سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەت. بەڵام ئەم تیۆرییە لە پاش مەرگی ستالین تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتکراوە و بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی پڕۆسەی ستالینسڕینەوە، کە بە گوزارشە پەنامەکیەکەی خرۆشچۆف (1965) دەستی پێکرد و تێیدا پەرستشی تاک مەحکووم کرابوو، باڵادەستی و مەرجەعییەتی سۆڤیەت لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم، تووشی نسکۆ هات. ئینجا، شەڕی ئایدیۆلۆجیکی چین و سۆڤیەت و لە پاشان، لادانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا - کە لەگەڵ حیزبە کۆمۆنیستەکانی فەرەنسە و ئیتالیا و ئیسپانیا، بەرەیەکی نوێیان بە ناوی «کۆمۆنیزمی ئەورووپی» پێکهێنابوو - لانیکەم، سێ بەرەی تری لێ جیا بۆوە. هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ستالینیزم لە مارکسیزم ـــ لینینیزم و سڕینەوەی شێوازی ستالینی پاش بێدەس مانەوەی خرۆشچۆف لە دەسەڵات لە سۆڤیەتدا هەرەسی هێنا کەچی فەرمانڕەوایانی دواتر، بێئەوەی ناوێک لە ستالین بێنن، هەندێ دەزگە و دۆگمای ستالینییان لەو وەڵاتەدا زیندوو هێشتەوە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن هەندێ دەزگەی ناحکومەتییەوە، سەرلەنوێ لایەنگری لە ستالین ـــ وەک ڕێبەڕێکی بەتوانا بۆ ئیدارەی حکوومەتی سۆڤیەت ـــ سەری هەڵداوە، تا ئەو ڕادەی کە چەندەها پەیکەری ستالین، نوێ کراوەتەوە و لە مۆزەخانەی تایبەت ڕێزی لێدەگیرێت.
سیخوڕ/جاسوس
کەسێک کە بە شێوەیەکی پەنامەکی و شاراوە لە ناو ئۆپەراسیۆنی وەڵاتی دوژمن، هەواڵ و زانیاری و نهێنی کۆبکاتەوە بۆ گەیاندن بە لایەنی بەرانبەر. ئەگەر سیخوڕێک دەسگیر بکرێت، مافی ئەوەی نییە وەک دیلێکی جەنگی لەگەڵیا هەڵسوکەوت بکرێت بەڵام بۆی هەیە لە دادگەیەکی دادپەروەرانە بەهرەمەند بێت. سزای سیخوڕ لە کاتی شەڕدا بە چاوپۆشی کردن لەوەی کە ، لە ڕاگواستنی زانیاری و ڕازبەری سەرکەوتوو بووبێت یان نا، مەرگە. سیخوڕی کردن لە کاتی ئاشتیدا لە یاسا نێونەتەوەییەکان پێرەوی ناکات بەڵکوو بەپێی یاسای ناوخۆیی وەڵاتەکان لەگەڵی ڕەفتار دەکرێت.
فێمینیزم/بزووتنەوەی ئازادی ژنان/مێخوازی
فێمینیزم لە وشەی فەرەنسی femme بە واتای ژن وەرگیراوە و مانای لایەنگری کردن لە ژن دەبەخشێ و ناوی بزاڤێکە کە بۆ یەکسانی مافە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان هەوڵ دەدات. لە بابەت ئاخێزگەی فێمینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆجیایەک، چوار تەوەر لە ئارادایە:
لە سێ تەوەردا مانا پێشتر لە وشەکەیە. ئەم بۆچوونە پێیوایە کە مێژووی فێمینیزم، لە سپێدەی هۆشیاری مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم ڕوانگەوە «ئاریشە» ی ژن هیچ کات لێمان جیانەبۆتەوە و هەندێ کەس پێیان وایە کە جۆری نێرینە، لەباری توانستی ئیکۆلوژییەوە باڵادەست بووە و مێژووی مرۆڤایەتیش بە هۆی باڵادەستی پیاوان، بە قەدەر کارەساتێک ڕێگەمان لێ ون دەکات.
بۆچوونی دووهەم و سێهەم، ئاخێزگەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پانزدە و حەڤدە. سەرەنجام بۆچوونی چوارەم کە ڕەنگە لە هەموان ڕاستگۆیانەتر بێت، پێشینەی فێمینیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بە تایبەت دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا. گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئەندێشەی فێمینیستی لە قۆناغی شۆڕشدا بڵاوکردنەوەی کتێبی «ماری ڤۆلستۆن کرافت» بوو لە ساڵی 1792 بە ناوی سەلماندنی مافەکانی ژنان. میریام کرام، لەم بارەوە دەڵێت: ڤۆلستۆن یەکەمین فێمینیستی گەورەیە و کتێبی سەلماندنی مافەکانی ژن، وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی فێمینیزم لە ئەژمار دێت.
نووسراوە فێمینیستیەکان، دوو شەپۆل بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم ڕێبازە ناوبردە دەکەن: شەپۆلی یەکەم (1830 تا 1920). تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە خەبات و تێکۆشانی ژنانە بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا. شەپۆلی دووهەم لە 1960 تاکوو ئێستا دەگرێتەوە. خاڵی بەرچاوی ئەم شەپۆلە بریتیە لە پەرەسەندنی پەروەردەی باڵای ژنان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە پیشە و کاری جۆراوجۆر و داواکاری بۆ یەکسانی مووچەی ژنان لەگەڵ پیاواندا. بەڵام ساڵەکانی نێوان 1920 تا 1960 بە قۆناغی ڕاوەستان ناونووس کراوە. هەڵبەت هەندێ لە نووسەرانی ئەم دواییانە شەپۆلی سێهەم، بە فێمینیزمی پۆست مۆدێرنە پێناسە دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە دەیەی 1980 دەستی پێکردووە بۆ بزاوتی فێمینیستی، قۆناغی گواستنەوەیە لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە بەرەو بابەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی و زمانەوانی.
فێمینیزم، وەک هەموو ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سوننەتە مێژووییەکان و لەگەڵ هەندێ لەم ئایدیۆلۆژییانەدا تێهەڵکێش بووە. ئەزموونی شۆڕشی فرەنسی و گوتارە بەهێزەکەی لە بابەت مافە دیموکراتییەکان، بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینستی گەلێک پێویست بووە. کاریگەریی پرۆتستانیزم لەمەڕ هاندانی ژنان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی سۆسیالیستە خەیاڵییەکان، بۆ وێنە لایەنگرانی سەن سیمۆن و شاڕۆڵ فۆریە، لەم ڕێچکەوە ئاو دەخواتەوە.
بزاوتی فێمینیزم، ئێستا وەک بزاڤێکی جیهانی لێ دەرهاتووە. لایەنگرانی ئەم بزاڤە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ژنان تەنها بە هۆی «ژن بوون» یان لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندی پیاواندایە، تووشی بێعەدالەتی و نایەکسانی هاتوون. هەر بۆیە بزاوتی لایەنگری لە مافی ژنان چەند ڕێچکەیەکی لێ بۆتەوە کە بە کورتی بریتین لە:
1ـــ لایەنگرانی لیبرالی مافەکانی ژنان. ئەمانە بێعەدالەتی مەدەنی و دەرفەتە پەروەردەییەکان بە سەرچاوەی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دەزانن و خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادییەکانی تاکەکەسی ژنان، بە مەبەستی خۆیان ناوبردە ئەکەن.
2ـــ لایەنگرانی ڕادیکالی مافەکانی ژنان. ئەمانە پێیان وایە کە هەرچی زۆر و ستەم بەسەر ژنان دێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزل زانی و باڵادەستی پیاوان و لەم ڕێگەدا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی پیاوــ مەزنایەتی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژن ــ مەزنایەتی.
3ـــ لایەنگرانی مارکسیستی مافەکانی ژنان. ئەمانیش هۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە لە ملی ژناندایە، دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جیاکردنەوەی ئیش و کار لە ماڵەوە کە بۆتە هۆی دابەشکاریی سێکسی. ڕێگەچارەی ئەم گرفتەش گۆڕینی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
4ــ لایەنگرانی سۆشیالیستی مافەکانی ژنان. ئەم ڕێچکە، ڕیشەی زۆر و ستەم بەسەر ژناندا لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەبینآ کە بۆ مانەوەی خۆی، کرێکارەکان بە تایبەت ژنان وەبەردەهێنآ. لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هەم شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە.
قەیسەرخوازی
ئەم زاراوە لە ناوی قەیسەر (سزار)، ئیمپراتۆری ڕۆما وەرگیراوە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک حکوومەتی ڕەهای ملهوڕ و دیکتاتۆر کە بە کۆنترۆڵێکی توندوتۆڵی سەربازی ـــ پشتئەستوور بە ڕەشەگەل ـــ بۆ بەدیهێنانی دەسەڵاتێکی باڵادەست لە وەڵاتێک، هەوڵ دەدات. ئەم جۆرە دیکتاتۆرانە زۆرجار لە ڕێگەی کۆدەتای سەربازی یان هەرەوەزی جڤاکی، بە دەسەڵات دەگەن و بە ڕێکخستنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و هێنانە کایەی پەرلەمانی تەشریفاتی، هەوڵ دەدەن ڕواڵەتی دیموکراسی بپارێزن و سیمایەکی دیموکرات بە خۆیان ببەخشن. قەیسەرخوازی بە دوو جۆر دابەش کراوە: کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز. لە جۆری یەکەمدا قەیسەرخوازی کاتێک بە کۆنەپەرست ناوبردە دەکرێت کە سەرهەڵدانەکەی، جێخۆشکەربێت بۆ سەرکەوتنی هێزە کۆنەپەرستەکان لە کۆمەڵگەدا (بۆ نموونە ناپیلئۆنی سێهەم و بیسمارک). جۆری دووهەمیش بە پێچەوانەوە هەرکات، زەمینە بۆ سەرهەڵدان و سەرکەوتنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان خۆش بکات، قەیسەرخوازی پێشکەوتنخواز دێتە مەیدانەوە ( بۆ وێنە ژولیۆس قەیسەر و ناپیلئۆنی یەکەم).
پێشکەوتنخوازی
بە مانای بڕواهێنان بە گۆڕان و بووژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی مرۆڤە. ئەم بڕوایە هەمیشە یەکێک بووە لە بنەماکانی ئایدیۆلۆجی لیبراڵ و چەپ بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی باشتر و کارامە. بەم بۆنەوە لەم بەرەدا ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و ڕیفۆرمخوازانە سەریان هەڵداوە کە خوازیاری لەناوچوونی ئەو تەگەرە سیاسییانە بوون کە لەبەردەم گەیشتن بە سیستەمی باشتر و عەداڵەتخواز و «خۆشبەختی هەمووان»، ڕێگر بوون.
پێشکەوتنخوازەکان، بە دوو تاقم دابەش دەکرێن: یەکەم، ئەوانەی کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی دیموکراسی*و یەکسانی ئابووری لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان بە پێویست ئەزانن. دووهەم، ئەوانەی کە گەیشتن بە یۆتۆپیا*ی برایەتی و یەکسانی، بە جەوهەری یاسای سروشت و مێژوو دەزانن. مارکسییەکان، توندڕەوترین و شەیداترین پێشکەوتنخوازەکان لە ئەژمار دێن.
چەمکی«پێشکەوتن» ئەمڕۆکە بۆتە یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و زۆربەی وەڵاتانی جیهانی سێهەم کە خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، بۆ«پێشکەوتن» هەوڵیان داوە. پێشکەوتن خوازەکان کە هەمیشە ئێستە و ئایندە لە ڕابردوو بە باشتر ئەزانن، لە بەرانبەر هەر چەشنە ڕابردووخوازییەک دژایەتی ئەکەن و دژبەرانی خۆیان بە «کۆنەپەرستی» * تاوانبار دەکەن.
مەرجەکانی پێویست بۆ پەرەپێدان بە بیرۆکەی پێشکەوتنی مرۆڤ بریتییە لە:
1) مەحفکردنەوەی ئەفسانەی سەدەکانی ناوەڕاست، چونکە پێی وایە دنیا لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا کۆتایی پێ دێت.
2) جێماوەکانی ڕێنسانس و شۆڕشی زانستیانە و کاردانەوەی لەسەر باوەڕی مرۆڤ بەوەیکە لۆجیک و ژیربێژی جیهانگیر ببێت.
3) بەهێزبوونی ئەم باوەڕە کە ئەندێشەی مرۆڤ هەر دێت و بەرەو ژیری و لۆژیکی بوونی زیاتر دەڕوات.
ڕیفۆرمخوازی+چاکسازیخوازی
زاراوەیەکی نوێیە کە ئایدیۆلۆجی یان شێوازێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تایبەت دەستنیشان دەکات. بەم پێیە ڕیفۆرمخوازی، بڕوا هێنانە بەوەیکە دەکرێ، هێدی هێدی کۆمەڵگە بەرەو گۆڕان و چاک بوون ببەیت بێئەوەی دەسکاری پێکهاتەی بنچینەیی کۆمەڵگە بکرێت. ئەم لایەنگرییە تەنیا لەو وەڵاتانەدا بەکارە کە بەهۆی سیستەمی پەرلەمانی و هەبوونی ئازادی قانوونی، هەل بۆ بەدەسهێنانی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات دەڕەخسێ. لەم گۆشە نیگاوە ڕیفۆرمخوازی، بەگشتی لە بەرانبەر کۆنەپەرستی* و قایمەکاری یان شۆڕشخوازی دەوەستێتەوە.
ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1964بەمەبەستی یەکخستنی گرووپە فەلەستینیە ئاوارەکان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بۆ تێکشکانی دەسەڵاتی زایۆنیستەکان و ستاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان دامەزراوە و تەواوی وەڵاتانی عەرەب و وەڵاتانی دوژمنی ئیسراییل، ئەم ڕێکخراوە بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی فەلەستین دەزانن. ڕێکخراو، یاسر عەرەفات بە سەرۆکی خۆی هەڵدەبژێرێ کە ئەودەم سەرۆکی گەورەترین ڕێکخراوی سیاسی فەلەستینیەکان بوو (بڕوانە ئەلفەتح) . سەرۆکی ڕێکخراو لە کۆنفرانسەکانی وەڵاتانی عەرەب، هاوشانی ڕێبەرانی ئەم دەوڵەتانە بەشداری دەکات. تا ساڵی 1970 ناوەندی ڕێکخراوەکە لە ئەردەن بوو بەڵام بەهۆی ئەو پێکادانە خوێناوییەی کە لە سێپتەمبەری ئەو ساڵە لەنێوان سوپای ئەو وەڵاتە و چەکدارانی فەلەستینی ڕوویدا، فەلەستینیەکان قەڵاچۆکران و ڕێکخراو، ناوەندی چالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ سووریا و لوبنان.
ساڵی 1982 بەهۆی زەبر و زۆری هێزەکانی ئیسرایل بۆ بنکەکانی ڕێکخراوەکە لە لوبنان، ڕێکخراو ناچار بوو ناوەندی چالاکییەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ تونس. لە ساڵی 1988 ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین، دەوڵەتی فەلەستینی لە تاراوگە دامەزراند و یاسر عەرەفات بە سەرۆکی ئەم دەوڵەتە هەڵبژێردرا و لە لایەن پەنجا دەوڵەتی ئەو کاتە بە ڕەسمی ناسرا. (بڕوانە: دەوڵەتی تاراوگە)
دوابەدوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسراییل و ڕێککەوتننامەی ئاشتی مەدرید، دەوڵەتی فەلەستین بارەگاکەی خۆی گواستەوە بۆ کەرتی غەزە لە خاکی فەلەستین و لە هەڵبژاردنێکی گشتی لە ساڵی 1996، جاڕێکی دیکە یاسر عەرەفات بە سەروکی دەوڵەتی فەلەستینی هەڵبژێردرا. لە یانزەی نۆڤەمبەری 2004 یاسر عەرەفات کۆچی دوایی کرد و سەرۆکایەتی حکوومەتی فەلەستینی لە 9/1/2005 سپێردرایە مەحموود عەبباس ناسراو بە ئەبوومازن. بەڵام بەهۆی ناکارا بوونی ئەم حکوومەتە (بە ڕێبەرایەتی ئەلفەتح) و نادیاربوونی مافەکان و چارەنووسی فەلەستینیەکان و پەککەوتنی ئابووری لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 15/1/ 2006 ڕێکخراوەی حەماس* (بزاڤی خۆڕاگری ئیسلامی) توانی لەسەرجەم 132 کورسی 72 کورسی بباتەوە و بەم جۆرە دەوڵەتی نوێی فەلەستینیەکان دابمەزرێنێ. دوابەدوای سەرکەوتنی حەماس، ئیسراییل و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتییەکانی خۆیان بۆ خەڵکی فەلەستین ڕاوەستاند و ئیسراییل بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ حکوومەتی فەلەستینی سێ مەرجی دیاری کرد کە بریتی بوون لە:
ـــ دەبێ حەماس لقی چەکداری خۆی لە چەک داماڵێ.
ـــ مادەی «لەناوبردنی ئیسراییل» لە پلاتفۆرمی حەماسدا نەمێنێ.
ـــ هەموو ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی فەلەستینی و ئیسراییل بەهەند بگیرێت.
یەکسانیخوازی
بڕواهێنان بە بایەخی بەرزی یەکسانی و لایەنگری لە پیادەکردنی ئەم بڕوایە. لە سەردەمی ئێستادا ئەم بیرۆکە بۆتە پاڵنەر و هاندەری زۆربەی جووڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان. سێ دروشمی بەناوبانگی شۆڕشی فەرەنسە کە بریتی بوو ن لە ئازادی و یەکسانی و برایەتی لە «پیلانی یەکسانەکان» (بڕوانە بابۆفیزم)، دەنگدانەوەی خێرای داوە کە پاش سەرکوتکردنی ئەو جووڵانەوە ڕێبازەکانی بۆ ڕێکخراوە نهێنییەکانی سەدەی نۆزدە بەجێما کە ئەوانیش خوازیاری یەکسانی مووچە بوون. بابۆفیزم بەم ڕێبازەوە زەمینەی بۆ ئەندێشە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستییەکان خۆش کرد.
لە سەدەی بیستەم دابەش کردنی یەکسانخوازانەی بەرهەمهێنان و دارایی لە کۆمەڵگەدا ڕەهەندێکی تازەی بەخۆوە بینی و چەند مەسەلەیەکی تازەشی چێکردووە چونکە ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە سڕینەوەی جۆرێک لە نایەکسانی دەتوانێ نایەکسانی دیکە بەرهەم بهێنێت. وەک چۆن لە زۆربەی سیستەمە توتالیتەرەکان بە بیانووی یەکسانی ئابووری، سەرجەم مافی سیاسی و مافی بەشداری تاک لە بڕیارە سیاسییەکاندا لە ناو دەچێ.
یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکسانخوازەکان «یەکسانی دەرفەتەکان» ــە کە سۆشیالیستەکان ئاڕاستەیان کردووە. یەکسانی دەرفەتەکان بەمانای سڕینەوەی تەواوی ئەو زێدەمافانەیە کە بۆ گرووپێکی تایبەت، هەر لە ڕۆژی لە دایکبوونەوە زەمینەی نابەرابەری بۆ گەشەسەندن خۆش دەکەن.