تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تیرۆریزم
وشەی تیرۆر لە ڕەگی لاتینی (terrere) بە مانای ترس و تۆقاندنە. ئەم وشە یەکەم جار (ساڵی 1796) لە «فەرهەنگی زانستی فەرەنسە»، هاتووە و تیرۆریزمی بەم شێوە مانا کردۆتەوە: «ڕژێم یان سیستەمی تۆقێنەر». فەرهەنگی زاراوەی سیاسی دالۆز (dalloz) تیرۆریزم بە کردارێکی سیاسی شەڕەنگێزانەی جەماعەت یان کەمینەیەکی ڕێکخراو بە دژی کەسان یان دارایی یان دامودەزگەیەک لە قەڵەم دەدا کە بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێکی وەک، سەربەخۆبوون لە دەوڵەتێک، ڕووخانی ڕژێمی دەسەڵاتدار یان خەبات بەدژی هەندێ ڕووکاری سیاسی دەوڵەتێک ڕوو دەدات.
فەرهەنگی زاراوەی سەربازی (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) تیرۆریزم، بەم جۆرە پێناسە دەکات:
دەسبەکاربوون بۆ شەڕەنگێزی نایاسایی یان هەڕەشە بۆ ئەنجامدانی وەها کردارێک بەمەبەستی ترساندن و سەرکوتکردن یا تۆقاندنی حکوومەت یا کۆمەڵگەکان، بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە بەگشتی سیاسی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایی بێت.
پاش تەنینەوەی قۆناخی تیرۆر و تۆقاندن لە فەرەنسە (سێپتەمبەری 1973 تاکوو ژووئییەی 1974) تیرۆریزم، بووە بەشێک لە زاراوەی سیاسی ئەورووپا و بە درێژایی زەمەن مانا و کارلێکی جیاوازی بەخۆوەبینی و هەندێ جار مانای دژبەیەکی لێکەوتۆتەوە. بۆیە ئەو کەسەی کە بە باوەڕی هەندێک «تیرۆریست» لە قەڵەم ئەدرا، بەڕای هەندێکی دیکە «جەنگاوەری ڕێگەی ئازادی» پێناسە دەکرا. واتە پێناسەکردنی ئەم چەمکە پەیوەست بوو بە گۆشە نیگا و ئایدیۆلۆجی ئەو کەسەی کە شرۆڤەی دەکرد.
تایبەتمەندییەکانی تیرۆریزم:
1ــ لەگەڵ شەڕەنگێزی فیزیکی ئاوێتەیە بۆ ترساندن و تۆقاندن.
2ــ چاوەڕوان نەکراوە و کتوپڕ ڕوو دەدات.
3ــ بە ئامانج و پاڵنەری سیاسیەوە ڕوو دەدات.
4ــ لە دەرەوەی سنووری ڕەسمی شەڕی نێوان دوو گرووپی شەڕخواز ڕوو دەدات.
تیرۆر بەگشتی لە هەلومەرجێکدا ڕوو دەدات کە تێیدا دەسەڵات بە شێوەیەکی یەکسان و بەرانبەر دابەش نەکرابێت. لەم کەشوهەوادا لایەنێک هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە دەستەوەیە و لایەنەکەی تریش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکووڕییە هەڵدەستێ بە تیرۆر کردن. ئەم دیاردە لە وەڵاتانی ئیستبدادی شتێکی بەرچاوە. لە وەڵاتانی دیموکراتیشدا جاری وا هەیە کۆجێیی دەسەڵات لە دەستی هەندێ لە گرووپەکانی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی ئەوەی گرووپی نەیار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست بدەنە تیرۆر.
تیرۆریزم لە بنەڕەتدا لە مەسەلە ئەخلاقییەکان ڕیشەی داکوتاوە، کەواتە پێناسەکردنی ئەم دیاردە دژوارە. چونکە هەندێ لە پۆلێن بەندییەکانی«شەڕەنگێزی سیاسی» پاساو ئەدرێن و هەندێکیشیان بێپاساون. کەواتە بۆ شرۆڤەی چەمکی تیرۆریزم و گەیشتن بە پێناسەیەکی جیهانی، ئەبێ پاڵنەری تاکەکەسی و ئاخێزگەی کۆمەڵایەتی و ئامانجی سیاسی لە بەر چاو بگیرآ.
هەندێ کەس بە سانایی کردەوەیەک بە تیرۆریستی ناوبردە دەکەن کەچی هەندێکیتر هەمان کردەوە هیچکات بە تیرۆریستی لە قەڵەم نادەن. بەڕای هەندێک ڕێکخراوەی ئازادیخوازی فەلەستین (PLO) ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی ناڕەوایە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی کردەوەی شەڕەنگێزانە. بەپێچەوانەوە هەندێ لە وەڵاتان ئەم ڕێکخراوە بە تیرۆریستی لە قەڵەم نادەن و بە نوێنەری قانوونی و ڕاستەقینەی گەلی زۆرلێکراوی فەلەستین پێناسەی ئەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕووی کردۆتە کردەوەی شەڕەنگێزانە. لەم ساڵانەی دواییدا وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی داوە بەپێی سیاسەتەکانی خۆی لیستی گرووپە تیرۆریستیەکانی جیهان ناوبردە بکات و بەم جۆرە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەخوازێت بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، وەڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ خۆیدا هاوئاهەنگ بکات.
تیرۆریزم لق و پۆپ و شێوازی جۆراوجۆری لێبۆتەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
1ــ تیرۆریزمی پێشێلکاری مافی گشتی. وەک کردەوەکانی مافیا لە ئیتاڵیا و تیرۆریزمی مادە سڕکەرەکان لە ئەمریکای لاتین.
2ــ تیرۆریزمی پەراوێزی. ئەم جۆرە وەبیر هێنەرەوەی تیۆرییە پارتیزانییەکانی چێگوارایە بەمەبەستی ڕاکێشکردنی ڕەشەگەل لەڕێی کردەوەی تیرۆریستی وەک بۆمب تەقاندنەوە.
3ــ تیرۆریزمی سیاسی. بریتییە لە کوشت و کوشتاری زنجیرەیی و هەڕەشە و ترساندنی کەسان و گرووپ و کۆمەڵگە یان دەوڵەتەکان بۆ بڕیاردان لە بەرانبەر خواستی سیاسی تیرۆریستەکان.
4ــ تیرۆریزمی گریلایی. لە پڕۆسەی شۆڕش یان شەڕی ئازادیخوازی بەمەبەستی ڕاکێشانی هەستی جڤات بۆ لای خۆی.
5ــ تیرۆریزمی ئایینی. لەگەڵ تیرۆریزمی سیاسی نزیکایەتی هەیە بەڵام بە شەڕەنگێزییەکی بەرفراوانترەوە.
6ــ تیرۆریزم بە پاڵنەری شەخسییەوە. وەک جووڵانەوەکانی گیاخۆری، ژینگەیی و بەراویتن (سک لە باربردن) . ئەم جۆرە تیرۆرە لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بەرچاوە.
7ــ تیرۆریزمی دەوڵەتی. ڕیشەی ئەم جۆرە تیرۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری مارکسیەت کە بە پشتبەستن بە پۆلیسی نهێنی و کردەوەی سەرکوتکارانە، ئامانجەکانی خۆی دەپێکێ. بۆ وێنە سوارچاکانی مەرگ لە ڕژێمەکانی ئەمریکای لاتین کە دەستیان دابووە کوشتن و بڕینی نەیاران.
ئەمڕۆکە تیرۆریزمی دەوڵەتی بریتیە لە شێوازێکی تیرۆر کە دەوڵەتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، ستراتیجی تایبەتی بۆ دادەڕێژێ. بۆ وێنە پشتیوانی سیاسی و ئابووری لە کاتێکدا کە شەڕی چەکداری نەتوانێ ئامانجەکان بپێکێ.
8ــ تیرۆریزمی نێونەتەوەیی. وەک هاوکاری بزووتنەوە تیرۆریستییەکانی ساڵەکانی 1960 (لەنێوان ڕووس و کووبا) لەسەردەمی شەڕی سارد.
9ــ تیرۆریزمی ئەنفۆرماتیک. شێواندنی تۆڕی ئەنفۆڕماتیکی وەڵاتێک بەمەبەستی خستنە ژێر گوشار یان بەیەکادانی دەوڵەتێک. ئەم جۆرە تیرۆرە بە چەند شێوە ڕوو دەدات کە بریتین لە:
1ــ هێرشبردن بۆ سەر بنکە و دامودەزگەی ئەنفۆرماتیکی لەڕێگەی تەقاندنەوە یا ئاگرتێبەردان.
2ــ هێرشی سینتاکسی. لەڕێی ناردنی ڤایرۆس.
3ــ هێرشی مانایی. لەڕێگەی شێواندنی پلانە کۆمپیتەرییەکان.
10ــ سۆپەرتیرۆریزم. ئەم تیرۆرە بە کەڵکوەرگرتن لە مادەی کیمیاوی و بایەلۆجی و ڕادیۆلۆجی و ناوەکی ڕوو دەدات.
11ــ گەورە تیرۆریزم. لەم جۆرە تیرۆریزمە کە ڕووداوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001 (تەقاندنەوەی تاوەرە ئەفسانەییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی) وەک نموونەیەکی بەناوبانگ لە ئەژمار دێت، تیرۆریستەکان بە تەقاندنەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و بە هاندەری سیاسی، دەست ئەدەنە کوشتنی ئینسانی بێتاوان بۆ تۆقاندنی هەموو جیهان.
هەر لەم جۆرە تیرۆرە لە لایەن گرووپی تیرۆریستی ئەلقائیدە*لە کوردستانیش بە ئەنجام گەیشتووە کە دەکرێ بە تەقاندنەوەکەی جێژنی قوربانی 2003 ئاماژە بدرێ کە سەدان کەس کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
12ــ سایبر تیرۆریزم (تیرۆریزمی کۆمپیتۆری)، کەڵکوەرگرتن لەسەرچاوە کۆمپیتۆریەکان و تەکنۆلۆجی زانیاری بەمەبەستی تۆقاندن یا پێملکردنی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و …
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تیرۆریزم
ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵەکانی خۆی لە ساڵی 1972 بۆ پێناسەکردنی تیرۆریزم دەست پێکردووە و سەرەنجام لە ساڵی 1979 گوزارشتی خۆی بێئەوەی ئەم دیاردەی پێناسە کردبێت، پێشکەش بە کۆمەڵی گشتی کرد. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1989 بەپێی بڕیارنامەیەک، بە تەئکید بیروڕای خۆی لە بابەت مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی هەموو گەلانی زۆرلێکراو لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە نژادپەرست و ئیستیعمارییەکان ڕاگەیاند و هەوڵی ئەو ڕاپەڕینە ڕزگاریخوازانەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێت، بە قانوونی و ڕەوا ناوبردە کرد. کۆمەڵی گشتی هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە هەر کوێ و لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت مەحکووم کرد و ئەم جۆرە کردەوانەی، تاوانبارانە و بێپاساو لە قەڵەم دا.
بڕیارنامەی 1368: ڕۆژێک دوای ڕووداوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا لەسەر مافی بەرگری ڕەوای تاکەکەسی و کۆمەڵەکی بەپێی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، تەئکید کراوە. بەم پێیە ناسینی تیرۆریزم ئەو مافەی دەدا بە دەوڵەتێک مادام بەر شاڵاوی تیرۆر کەوتبێ، بەپێی مادەی 51 مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ داکۆکیکردن لە خۆی دەست بداتە هێزی سەربازی.
بڕیارنامەی 1373: لەم بڕیارنامە کە هەموو 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بە دەنگییەوە هاتن، ڕاگەیەندرا کە «تەواوی کردەوە تیرۆریستییە نێونەتەوەییەکان بۆ وێنە 11ی سێپتەمبەر، مەترسییەکە بۆ ئاسایش و هێمنایەتی نێونەتەوەیی» .
ئەم بڕیارنامە لە باری بەرفرەوانییەوە، گرینگترین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە ئەژمار دێت کە سەرچاوەی دارایی و بنیاتی ئابووریش دەداتە بەر مەدی نەزەر و داوا لە دەوڵەتان دەکات کە لەبەر پێوەندی توندوتۆڵی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی لەگەڵ جەنایەتە داڕیژراوە بان ــ نەتەوەییەکان، بۆ وێنە قاچاخی مادە سڕکەرەکان، قاچاخی چەک و تەقەمەنی و ڕاگواستنی نایاسایی مادەی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆجی، هەوڵ و تێکۆشانەکانی خۆیان بخەنە ڕیزی یەکترەوە.
تیرۆریزمی کوێر
مەبەست لەم جۆرە تیرۆرە، ئەنجامدانی زنجیرە کردارێکە بۆ پرۆپاگەندە*و هاتوهاوار بە قازانجی گرووپێک یان ڕاکێشانی سەرنج و ڕای گشتی بۆ شتێک. لەبەر ئەوەیکە هیچ پلان و بەرنامەیەکی داڕیژراو لە ئارادا نییە، پێی دەگوترێ تیرۆریزمی کوێر.
تیۆری تئوری
بە کۆمەڵێ ئەندێشە و بۆچوونی گونجاو لە بابەت زانستێکی تایبەتەوە تیۆری دەگوترێ. وەک تیۆری ڕێژەیی ئانشتاین (لە فیزیا)، تیۆری ئابووری کۆن (ئابووری)، تیۆری پێوەندییەکان (کۆمەڵناسی) و تیۆرییەکانی دەوڵەت (لە سیاسەتدا) . زانایان لە ڕێگای کۆڵینەوە و توێژینەوە هەوڵ ئەدەن بۆ کۆکردنەوەی داتا واقیعەکان لە بواڕێکی تایبەتی زانستی بەڵام پێویست دەکات ئەم زانیاریانە بە وردبینی و وشیاری زانستییەوە ڕێکی بخەن و پۆلێن بەندی بکەن و پێوەندی ماناداری نێوان داتاکان ڕوون بکەنەوە و دەری ببڕن. بۆ وەها کارێک پێویست بە شتێک بە ناوی تیۆری هەیە.
ئامانجی سەرەکی و بەرەنجامی زانست گەیشتن بە داڕشتنی تیۆرییە و ئامانجی تیۆریش بریتییە لە:
1ــ کورتکردنەوەی داتاکان و پێکهێنانیان لەناو سیستەمێکی گونجاودا. 2ــ مانا بەخشین بە دەسکەوتەکان وەک ئەزموون. 3ــ دەربڕینی و ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەزموونەکان لەڕێگەی دیاریکردنی پێوەندی نێوان بگۆڕەکان. 4 ــ پێش بینی دواهات و ڕووداوەکان لە ئایندە و 5 ـــ لەبار کردن و خۆش کردنی زەمینە بۆ پەخش و بڵاوکردنەوە و پەرەسەندنی زانست.
تیۆری سیاسی
تیۆری سیاسی لە سۆنگەی بابەت و باسەوە، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێ کە دوو تەوەری 1و2 بە فەلسەفەی سیاسی ناوبردە کراوە:
1) تیۆری ئەخلاقییانەی زانستی سیاسەت.
2) خوێندنەوەی مێژوویی ئەندێشە سیاسییەکان.
3) شیکاری زمانەوانیی ئەندێشە سیاسییەکان.
4) دۆزینەوە و بەربڵاوکردنی سیستەماتیکی بنەما گشتییەکانی ڕەفتاری سیاسی.
لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، کۆنترین پێناسەی ئەم زاراوە بۆ ناوبردەکردنی لقێک لە زانستە سیاسییەکان بەکار هاتووە کە لایەنی تیۆری بووە، دیمانەیەک بە مانای تێفکرین لە باڵاترین ئاستی ماهییەتی ژیانی باش و ئەو دەزگە سیاسییانەی کە وەها ژیانێک بەدی دەهێنن.
تیۆری سێ جیهان
بەپێی ئەم تیۆرییە کە لە لایەن «مائۆ» ( 1893- 1976) ڕێبەری چینی کۆمۆنیست ئاڕاستە کراوە، دنیای ئەمڕۆ بە سێ جیهان دابەش دەکرێت کە بریتین لە: جیهانی یەکەم واتە دوو زلهێزی ئەمریکا و سۆڤیەتی پێشوو کە یەکەمیان ئیمپریالیستییە و دووهەمیش سۆسیال ئیمپریالیستە. جیهانی دووهەم پێکهاتووە لە وەڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری وەک بریتانیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن و وەڵاتانی سۆشیالیستی. جیهانی سێهەم، وەڵاتانی هەژار و دواکەوتوو. بە باوەڕی «مائۆ»، دەبوایە جیهانی سێهەم لەگەڵ جیهانی دووهەم، بە دژی جیهانی یەکەم یەک بگرن. ئیمڕۆکە باس لە جیهانی چوارەمیش دەکرێ کە لە جیهانی سێهەم نەدارترە و لە حاڵی پەککەوتندایە.
تیۆری کەوانەی جەی
جۆن جەی (John Jay) کۆمەڵناسێکی بەناوبانگە کە هۆکاری شۆڕش دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازی فرەوان لەنێوان چاوەڕوانی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاستی جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان کە ئەم فەرق و جیاوازییە، بەشێوەی بەشخوراوی و هەژاریی خۆی پێشان دەدات. ئەو پێی وایە کەموکوڕییەکان، ڕەها نین بەڵکوو لە نەداریی و بەشبڕاویی ڕێژەیییەوە سەرچاوە دەگرن و ئەم ئاستەنگییەش کاتێک ڕوو دەدات کە سەردەمی دوور و درێژی خۆشگوزەرانی ئابووری، لەناکاو ڕاوەستێ و بەشێوەیەکی بەرچاو پێچەوانە ببێتەوە. کۆمەڵناسی ناوبراو، تیۆرییەکەی خۆی لە قەبارەی خشتەیەک ئاڕاستە کردووە کە بە کەوانەی جەی ناوی ناسراوە.
سێکتاریزم/تیرەگەری
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی secta بە مانای تیرە و گرووپی بچووک وەرگیراوە. لە کەلتووری کۆمۆنیستەکان بە واتای دابڕان لە جەماوەر و گۆشەگیرییە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بە حەز و ئارەزوویەکی تایبەتەوە بیر لە بابەتە ئایینی و فەلسەفیەکانی خۆیان دەکەنەوە و گرنگی بە بابەتە گرنگەکانی کۆمەڵگە نادەن.
بە گشتی سێکتاریزم بۆ تیرەگەری و عەشیرەگەری لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەکاندا بەکاردێت کە پتر لە ناو حیزب و گرووپە چەپیەکاندا باوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم گرووپانە لق و پۆپی جۆراوجۆریان لێ ببێتەوە. تیرەگەری لە ناو حیزبە سیاسیەکان هەمیشە ناگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروڕا بەڵکوو هەندێ جار لە ناکۆکی و ململانێی تایبەتی و زێدەخوازی ڕامیارییەوە سەرچاوە دەگرێ.
ئیستیعماری نوێ
گەشەسەندنی ئابووری «سەرمایەداری» *و هەناردنی سەرمایە بۆ سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکانی وەڵاتانی دیکە، پێوەندی ئابووری وەڵاتە پیشەسازییە ئیستیعمارییەکانی لەگەڵ وەڵاتە بچووکەکانی ناردە ناو قۆناخێکی تازەوە. بەم مانایە کە وەڵاتە پیشەسازییەکان بە ناردنی سەرمایە و میکانیزمی جیهانی نرخ و دانوستانی کەرەستەی خاو و کاڵای دروستکراو و گوشاری سیاسی و ئابووری، وەڵاتانی دواکەوتوو ئەچەوسێننەوە. بەم دۆخە دەگوترێ ئیستیعماری نوێ کە زۆرێک لە وەڵاتانی بچووک و تازە ئازاد کراوی بە دژی ئەم پێوەندییە سیاسی و ئابوورییە ڕاست کردۆتەوە.
ئەم شێوازە داگیرکارییە وایکردووە کە وەڵاتانی بێ دەسەڵات، ئەگەرچی بە حەقیقەت یان بە ڕواڵەت بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتبن بەڵام هەروا لە بەرایی گەشەسەندندا بمێننەوە یان تەنانەت بگەڕێنەوە بۆ دوواوە و لە لایەکی دیکەشەوە وەڵاتانی پێشکەوتوو بە چەوساندنەوەیان سوودی زیاتر بکەن.
باو بوونی ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ «کۆنفرانسی باندۆنگ» (1955) . لەم کۆنفرانسەدا سۆکارنۆ، سەرۆککۆماری ئەندونیزیا بە جۆڕێک لە ئیستیعمار ئاماژەی کرد کە بە جلوبەرگێکی نوێوە لە لایەن کۆتلەیەکی خەڵک، بە کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر ئابووری و کەلتووردا هەمان ئامانجەکانی ئیستیعماری کۆن دەپێکن.
ئینتیفازە
وشەکە عەرەبییە و لە ڕیشەی «نفچ» بە واتای لەرینەوە وەرگیراوە، بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ڕاپەڕینی گشتی خەڵکی فەلەستین کە لە دێسەمبەری 1987 دەستی پێکردووە و بە شۆڕشی «بەردە ــ وردکە»ش ناوی دەرکردووە. ڕۆژی 8 دێسەمبەر 1987، چوار کەس لە کرێکارە فەلەستینییەکان لە شاری غەززە کەوتنە بەر هێرشی زرێپۆشەکانی ئیسراییل و گیانییان لەدەست دا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوە کە جەماوەری ئەم شارە، مان بگرن و مانگرتنەکەش ناوچەکانی دیکەشی تەنییەوە. ئینتیفازە چەند ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە بریتین لە:
1ــ هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی گرتوەتەوە و ڕەهەندی ئیسلامی بوونەکەشی بەرجەستەیە. 2ـــ چەکی دەستی خەڵک، «بەرد» ە کە لە فەلەستینی داگیرکراودا بەزۆری دەست دەکەوێت. 3ـــ هێشتنەوەی ئینتیفازە. (چونکە جەماوەری فەلەستین بەو قەناعەتە گەیشتوون کە نە ڕێبەری وەڵاتانی عەرەبی و نە کەسی دیکە ناتوانن کێشەی ئەوان چارەسەر بکەن، بەڵکوو دەبێ هەر خۆیان هەوڵ بدەن و نەسرەون تا سەردەکەون.) 4ـــ سەربەخۆیی و بێنیازی ئینتیفازە لە وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. 5ـــ ئەم ڕاپەڕینە جووڵانەوەیەکی وشیارانەیە کە لە لایەن لاوانی خەباتکار و شۆڕشگێڕی فەلەستینی دەستی پێکرد. 6ـــ دەوری ڕێکخراوەگەلێکی وەک حەماس*، ئیخوانولموسلمین* و جەهاد لەباری چەکدارییەوە زۆر گرنگە.
ئەکتیویزم -چالاکیی سیاسی
ئەم زاراوە بە دوو مانا لێکدراوەتەوە، یەکەم بە مانایەکی ئەڵمانی کە زیاتر لە بەستێنی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا گونجاوە. دووهەم بە واتایەکی بەربڵاو کە بە مانای تێهەڵچوونێکی گەرموگوڕە لە کردەوە و چالاکیی سیاسی. ئەم واتایە دەلالەت دەکات لەسەر ڕۆڵی گرینگی چالاکوانان وەکوو کاکڵی ئازای حیزبە سیاسییەکان. هەروەها لە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان بە تایبەت لە سیاسەتی حیزبی بونیادگەرادا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ. لە شێوازە توندڕەوەکەیدا بۆ پاساودانی تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ یان بۆ لە دۆخدانی زەبر و زەنگ بو گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بە کار هاتووە. لە سیاسەتی باڵی چەپدا جاری وا هەیە کە خەباتکار بە مانای چالاک بە کار دەبرێت بەڵام مەبەست، ڕادەی بونیادگەرێتی ئەوکەسەیە لە سیاسەتدا. ئەم خاڵە بە تایبەت لە بارەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان پێش گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بەرچاوە.
بنەڕەتیی یەکسانی
بنەڕەتێکی یاسایی و سیاسییە کە دەبێ بەو پێیە، لە هەموو کاروباڕێکی کۆمەڵایەتیدا هەموو کەس بە یەک چاو تەمەشا بکرێ، بێجگە لەوەی بۆ کردەوەیەکی دیاریکراو دەرهەق بە هەندێ کەس یان گرووپ بەڵگەی تایبەت بە دەستەوە بێت. ئەم پرەنسیپە لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە تەواوی خەڵک لە بابەت «مافی سروشتی» پێکەوە یەکسانن. ئەم بۆچوونە هۆی نالێکچوویی زەینی و جەستەیی نێوان خەڵک ئەگەڕێنێتەوە بۆ «بەروبوومی کۆمەڵایەتی» و «نایەکسانی دەرفەتەکان» . لە لایەکی دیکەوە دژبەرانی یەکسانی، لەسەر ئەم باوەڕەن کە نالێکچوویی کەسەکان تاڕادەیەکی زۆر زاتییە و تەکوزی و هایراکی کۆمەڵایەتی بەپێی ئەم دۆخە دروست ئەبێ.
بنەڕەتیی یەکسانی زۆرتر ڕواڵەتێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانەی هەیە و کەمترین خواستەکەشی ئەوەیە کە ئەبێ هەمووی خەڵک لە هەندێ مافی سەرەکی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە یەکسان بەهرەوەر بن، بەڵام ڕادەی ئەم مافانە نادیارە و هەرچی خەباتی یەکسانخوازانەش بەربڵاوتر دەبێت، ئەوانیش زیاتر دەبن. مەسەلەیەکی دیکە پێوەندی نێوان یەکسانییەکانە، چونکە هەرکام لەوانە خۆبەخۆ یەکسانییەکانی دیکە لەخۆ ناگرن.
لانیکەم ێسیاسی و ئایدیۆلۆجییەکانی ڕۆژوا لەسەر کێشەی یەکسانی چەقی بەستووە و کۆڵینەوەی فرەلایەنی ئەم مەسەلەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سیاسی جۆربەجۆر لە سەدەی بیستەمدا. ئەم باسە لە «یەکسانی لە بەردەم یاسا»وە کە دروشمی لیبرالیزم* بوو، دەستی پێکرد و تا «یەکسانی دەرفەتەکان» کە دروشمی سوسیالیزمە، درێژەی پێدرا. لە سەدەی بیستەمدا جووڵانەوەی ڕاستگەرای گەورە بە دژی ئەم بیرۆکە بەرپا بووە.
تەکتیک
وشەکە لە زمانی یۆنانیدا بە مانای «ڕێکوپێکی»یە بەڵام ئەمڕۆکە دوو مانای لێ ئەبێتەوە:
1ــ زانستی فەرماندەیی لە مەیدانی شەڕدا (شارەزای تەکتیکی جەنگی) .
2ــ کەرەستە و ڕێوشوێن و پلانی زیرەکانە کە بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانج بەکار ئەبرێ.
تەکتیک، بە پێچەوانەی ستراتیجیدەربەستی بەرزی و نزمی ڕووداوەکانە و بەپێی زەمەن دەگۆڕێ. لە واقیعدا تەکتیک بەشێکە لە ستراتیجی.
جوگرافیای سیاسی (جێئۆپۆلیتیک)
پلاندانان بۆ سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتێک بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە جوگرافییەکان. بابەتی جوگرافیای سیاسی، خوێندنەوەی بنەما جوگرافییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە واتە لێکدانەوەی دەوری کەشوهەوا، سەرچاوە سرووشتییەکان، شۆێنکاتی جوگرافیایی، حەشیمەت و تایبەتمەندیە کەلتووریەکان بە سەر سیستەمی سیاسی وەڵاتێک. ئەرەستۆ دەڵێ: بە بێ ڕەچاوکردنی جوگرافیا، ئەقڵی سیاسی بڕ ناکات. «جان بۆدن»، یەکەم بیرمەندی هاوچەرخ بوو کە پێوەندی نێوان زانستی سیاسەت و جوگرافیای بەرجەستە کرد. «مۆنتسکیڤ» و «ڕۆسۆ»، هەرکامیان بە نۆبەی خۆیان لەسەر پێوەندیی هۆکارە جوگرافییەکان و کەشوهەوا بە سەر شێوازی حکوومەتکردن و کاریگەری ئەم هۆکارانە بە سەر سیاسەت و ئازادی خەڵک، توێژینەوەیان کردووە.
یەکێک لە پێشەنگەکانی جوگرافیای سیاسی، «هاڵفۆرد مەکیندر» ( 1947-1861) نووسەری بەریتانی بووە کە پێی وابوو چارەنووسی مێژووی جیهان، ئاکامی شەڕ و ململانێی هێزی وشکایی بووە لە بەرانبەر هێزی دەریاییدا.
بابەتی نوێی جوگرافیای سیاسی، لێکدانەوەی مەسەلە جیهانییەکانە لە ڕوانگەی جوگرافیاییەوە. سەرهەڵدانی ناوەندە جیهانییەکانی دەسەڵاتی نوێ، گرنگایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەباری دەسەڵاتی سیاسی و پێوەندیی باکوور و باشوور لە جوملەی سەرباسەکانی جوگرافیای سیاسی مودێرنەیە. لێکدانەوەی سنوورە سیاسییەکان و ناوچە سەرسنوورییەکان، هێزی دەریایی و وشکایی و ناوەندە سیاسییە بەهێزەکانی دەسەڵات لە باری جوگرافییەوە بابەتی توێژینەوەی جوگرافیای سیاسییە.
داگیرکاریی (ئیستیعمار)
ئەم وشە بە مانای حەز بە ئاوەدان کردنەوەیە بە چەشنێک کە تاقمێک لە خەڵکی وەڵاتێک بچنە وەڵاتێکی دیکە و دەست بدەنە ئاوەدانکردنەوەی ئەو جێیە. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای زاڵبوونی سیاسی، سەربازی، ئابووری یا کەلتووری وەڵاتێکی بەهێزە بە سەر وەڵات یا نەتەوەیەکی بێدەسەڵاتدا. چەمکی ئیستیعمار، ئەمڕۆکە لەگەڵ چەمکی ئیمپریالیزم لە باری ماناییەوە هاوڕەگەزیان لێ دەرهاتووە و لە بنەڕەتدا ئیستیعمار کردارێکی ئیمپریالیستی ناونووس دەکرێت واتە دەسەڵاتێک کە دەیهەوێ لە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی تێپەڕ ببێ و وەڵاتان و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر سوڵتەی خۆیەوە. بەم بۆنەوە دوو زاراوەی «ئیستیعماری سوور» و «ئیستیعماری ڕەش» هاتونە ئاراوە کە یەکەمیان، سیاسەتی داگیرکارییانەی یەکیەتی سۆڤیەت بووە و دووهەمیش، هێزە ئیمپریالیستیەکانی ڕۆژاوا. هەر بەم قیاسە، پاکستانیەکان لەبارەی «کەشمیر»ەوە ڕوویانکردۆتە «ئیمپریالیزمی قاوەیی» .
دایەلیکتیک
دایەلیکتیک لە وشەی لاتینی dialect و وشەی یۆنانی dialekt بە واتای «پەیڤ»، «گفتوگۆ»، «زمان» و «زاراوە» پێکهاتووە. زاراوەی دایەلیکتیک، یەکەم جار لە لایەن هێرکلیتس (540-475پ.ز) فەیلەسوفی یۆنانی ڕوون کراوەتەوە. دایەلیکتیک، بە کورتی بریتییە لە لێکۆڵینەوەی ورد و لۆژیکیی مەسەلەیەک بۆ گەیشتنە ئەنجام. بە واتایەکی دیکە هونەر و زانستی گفتوگۆکردن. ئینسکلۆپیدیای دالامبر و دیدرۆ (1766-1751)، دایەلیکتیک بە «هونەری بەڵگاندن و گفتۆگۆکردن» پێناسە دەکات. لەوە بەدواوە، مانای ئەم زاراوە تەنیا لەسەر «توانێیی بەڵگە هێنانەوە» خۆلاسە بۆتەوە و بەمجۆرە دایەلیکتیک، لەگەڵ لۆژیک (ژیربێژی) هاوواتا بۆتەوە. ئەم زاراوە لە سەدەی نۆزدە لە لایەن فەیلەسوفانی ئایدیالیست بە تایبەت فەیلەسوفی ئەڵمانی، هێگل (1831-1770) بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکار هێنرا. هێگل لەو باوەڕەدا بوو کە جیهان و هەموو ئەو شتانەی کە تێیدایە، بەردەوام لە گۆڕاندایە و هەمووشتێک گرێدراوی یەکترن و بە کەڵکوەرگرتن لە دایەلیکتیک، دەتوانین بنچاخی گۆڕانکارییەکان بدۆزینەوە و لە چۆنییەتی گۆڕانیان بکۆڵینەوە.
بەڵام هێگل، «ڕۆح»ی لە پێشەوە دادەنا و دەیگوت ڕۆح دایەلیکتیکە چونکە پێوەندی بە پێشکەوتنی هزرەوە هەیە و پێشکەوتنی هزریش، بەهۆی گفتوگۆ و پێکدادانی ئەندێشەکانەوە دێتە بەرهەم. هەر بەم بۆنەوەیە کە هێگل وەکوو فەیلەسوفێکی ئایدیالیست ناسراوە. هەر چەند مارکس و ئەنگڵس لە هەمبەر گۆڕانکاری شتەکان لەگەڵ تیۆرییەکەی هێگلدا هاودەنگن بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێن کە وێناکانی ئێمە بەهۆی شتەکانەوە دروست دەبن و ئەگەر بیروڕای ئێمە دەگۆڕێت، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە دەوروبەرماندا ڕوو دەدەن.
لە دایەلیکتیکی هێگڵدا «ئایدیا» کە لە پرۆسەیەکی دایەلیکتیکی لە سروشت و زەین دا چێدەبێت، بەهۆی ناتەباییەک دێتە ئاراوە. هێگڵ ئەم ڕەوتە بە سێ قۆناخ دابەش دەکات کە بریتین لە: تێز (دۆخی هەنووکە)، ئانتی تێز (دۆخی بەرانبەر)، سەنتێز (دۆخی ئاوێتە). بۆ نموونە لە بارەی کۆمەڵگەی سیاسی فەرەنسەوە، ئەم سێ قۆناخە بەمجۆرە شرۆڤە دەکرێت:
لە قۆناخی یەکەمدا کە تێز دێتە ئاراوە، سیستەمی پاشایەتی لە وەڵاتی فەرەنسە دادەمەزرێت. لە قۆناخی دووهەم واتە ئانتی تێز، شۆڕشی مەزنی فەرەنسە سەردەکەوێت. سەرەنجام لە قۆناخی سێهەمدا کە قۆناخی سەنتێز ناونووس کراوە، هێگڵ، «ئیمپراتۆریەتی ناپیلئۆن» کە کاریگەریی لە کەسایەتی ئەو وەرگرتووە، بە سەنتێزێک لە قەڵەم دەدات.
بەگشتی دایەلیکتیک ئەم باوەڕە تەشەنە پێ دەدات کە هەموو شتێک و هەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی و چارەنووسساز بەهۆی زنجیرەیەک پێشکەوتن و بەپێی گوزەران بە پرۆسەیەکدا دروست بوون و لەناوچوون و گەشە دەکەن. هەموو شتێک لە حاڵی جووڵە و گۆڕاندایە و دەکەوێتە بەر وەرچەرخانی مێژوویی. لەم ڕووەوە دایەلیکتیک ئامرازێکە کە دەستبەجێ دەتوانێ سەرەتا و کۆتایی شتەکانمان بۆ ڕوون بکاتەوە و لەڕێگەی توێژینەوە و گفتوگۆ، لە ڕاستییەکان ئاگەدارمان بکاتەوە.
دۆگماتیزم
ئەم زاراوە لە وشەی یۆنانی (dogma) بە مانای بیروباوەڕی وشک و بنبڕاو وەرگیراوە کە یەکەمجار لە لایەن فەیلەسووفانی گوماندار، بۆ وێنە «زێنوون» ، هاتە ناو فەلسەفەی یۆنانەوە. لە زاراوەی سیاسیدا بە شێوازێک دەڵێن کە لایەنگرانی، لە کاتی باس و گفتوگۆدا بە دەربەستی بەڵگەهێنانەوە نین و بیروباوەڕی پێشووی خۆیان بەبێ هیچ ڕەخنەیەک پەسند دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر ئەندێشە و هزری خۆیاندا ناهێنن. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە، بڕواکانی خۆیان بە شتێکی موتڵەق و نەگۆڕ و بەدەر لە گومان و دڕدونگی دەزانن.
دۆگماتییەکان، گرنگی بە هەلومەرج و شوێنکات نادەن و شێوازێکی دژە دایەلیکتیکی دەگرنەبەر و بە چاوێکی کوێرانەوە پەیڕەوی لە ڕێسا و مەرامە وشکەکانی ڕابردوو دەکەن.
ئەمڕۆ دۆگماتیک بەو کەسانە دەڵێن کە ئامادە نین تیۆری و بیرۆکەی نۆێ پەسند بکەن و گوێ نادەنە ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە سەر بوارەکانی ژیاندا هاتووە. بەگشتی ئەم زاراوە وەکوو ئاوەڵناوێک بۆ قوتابخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەکار دێت.
دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.
ساتیاگراها
ساتیاگراها وشەیەکی سانسکریتیە و بە مانای «هێزی ڕۆح و حەقیقەت» یان پێداگرتن لەسەر ڕاستییە. ئەم گوزارە بەشێکە لە ئەندێشەی فەلسەفی و تیۆرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گاندی ڕێبەری بزاڤی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازانەی خەڵکی نیمچە کیشوەری هیندستان. لەم فەلسەفەدا بۆ ئەنجامی چالاکی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی هێزی دەروونی زیاترە لە هۆکارە ماددییەکان. شێوازی گاندی بۆ بەکارهێنانی هێزی ڕۆحی و پارێزکردن لە بەکارهێنانی هێزی ماددی، «نەرمکێشی» و هێوریی بوو. گاندی بە پشت بەستن بەم تیۆرییە، توانی ڕاستی و خۆشەویستی بکاتە بناغەی کارەکانی خۆی و بە هاوبەندی و یەکپارچەیی هەموو چین و توێژەکان، لە خەباتی خۆی دژ بە کۆلۆنیالیستەکان بەردەوام بێت.
ستراتیجی
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی سەربازییە و بە مانای هەڵسەنگاندنی وەزعی خۆت و دوژمنەکەت یان دانانی پیلانی جەنگ و فەرماندەیی هێزی سەربازی لێکدراوەتەوە. لە سیاسەتدا بە مانای خستنەگەڕی سەرجەم تواناییەکان و گۆڕینی باشتری هەلومەرجەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی. کەواتە دەتوانین خستنەگەڕی تەواوی وزەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دوورمەودای نەتەوەیی وەک، بە پیشەسازیکردنی وەڵات یان گەیاندنی ئاستی بەهرەداری و دەسەڵاتی نەتەوەیی بە سنوورێکی دیاریکراو، بە ستراتیجی ناوبردە بکەین. بەم پێیە ستراتیجی، هاوسەنگە لەگەڵ مێتۆدێکی گشتی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گشتی.
رەنگە ستراتیجی، هەمیشە بە ئامانجە سەرەکییەکەی نەگات یان لە مەیداندا (چ سەربازی چ سیاسی) سەرکەوتوو نەبێت بەڵام هەوڵی ستراتیجی زانەکان ئەوەیە کە تووشی کەمترین شکست ببن.
بەڵام بۆ گەیشتن بە هەر ئامانجێکی گشتی دەبێ لە چەند قۆناغ تێپەڕین. بە چۆنەتی تێپەڕبوون لەم قۆناغانە و هەموارکردنی ڕێگە، تەکتیک دەگوترێ. چۆن لە جەنگێکدا گرتنەوەی گردێکی دیاریکراو بایەخێکی تەکتیکی هەیە، لە سیاسەتیشدا بە دەسهێنانی دڵی چینی مامناوەندی بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردندا بە حیزبێکی چەپی دەنگ بدات، تەکتیک لە ئەژمار دێت.
دەوڵەتەکان، لە پڕۆسەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ناچارن لە ئاست سیاسەتی دەرەکی، دیدێکی ستراتیژەکی بە کار بێنن. لەم بۆچوونەدا ڕەنگە سیاسەتێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت کە پەسندی هەموان نەبێت.
ستراتیجی نەتەوەیی
1ــ پەرەپێدانی هاوسان و هاوئاهەنگ بە هێزە سیاسی و کەلتووری و ئەخلاقی و ئابووری و سەربازییەکانی نەتەوە و وەگەڕخستنی ئەم هێزانە.
2ــ زانست و تەکنۆلۆجیای بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سەربازی وەڵاتێک لە کاتی ئاشتی و شەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان.
سکولاستیکیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی scholastica بە واتای «وانە قوتابخانەییەکان» وەرگیراوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست باس و گفتوگۆ زانستی و فەلسەفیەکان پتر لە ناو قوتابخانە و کلێسا و پەرستگەکان ئەنجام دەدران هەر بۆیە باسە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بە زانستی سکولاستیک ناوبانگیان دەرکردبوو. لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە ئیمانیان بەلاوە گرنگتر بوو لە ئەقڵ و ئاوەز و پێیان وابوو کە دەبێ لە پێشدا بڕوا و ئیمانمان هەبێ ئینجا بابەتەکان بفامێنین. بەڕای ئەمان، ئایین لە لایەن خوداوە بە مرۆڤ عەتا کراوە و ئەقڵ ناتوانێ لە بەرانبەریدا ملهوڕیی بکات و ڕەتی بکاتەوە. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆییەکی فیکریدا نەیارن و تەنیا بە نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز و بنەما فیکریەکانی ئایینی مەسیح پشت ئەبەستن.
ئەم فەلسەفە ئەگەرچی پشتی بە ئایینی مەسیح بەستبوو، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن و لە ژێر کاریگەریی نیشتمانی خەیاڵی و ئایدیالی پلاتۆدا بوو. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە ئەورووپا و پەیدابوونی هزرڤانان و بیرمەندانێک کە بنەماکانی سکولاستیکیان خستەبەر گومان، هەندێ ڕیفۆرم بە سەر ئایینی مەسیحدا هات و ڕێگە بەم قوتابخانە لێژ کراو و جێگەی خۆی دا بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزم.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک
تیۆرییەکی فەلسەفی دەربارەی مێتافیزیک کە لە لایەن فردریک ئەنگڵس ـــ بۆ جەخت کردن لەسەر بۆچوونەکانی مارکس لەم بارەوە ـــ لە کتێبی ئانتی دورینگ (1878) و دایەلیکتیکی سرووشت (1925) ئاڕاستە کراوە. (هەڵبەت ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن پولخانۆف بەکار براوە). ئەم فەلسەفە، پاش ئەوەی کلک و گوێی کرا، بوو بە فەلسەفەی ڕەسمی حیزبە کۆمۆنیستەکان و «مەتریالیزمی مێژوویی» کامڵ کرد. مەتریالیزمی دایەلیکتیکی، تەنها مادە بە ڕاست و گرنگ دەزانێ و بە بناغەی گەردوون دایدەنێت. ئەم فەلسەفە، سەرچاوەی هەموو نیشانە و بەرهەمەکانی ژیان بە مادی لەقەڵەم دەدا و هەموو گۆڕانکارییەکان بە مادە پەیوەست دەکات کە ئەم گۆڕانکاریانەش بەپێی کۆمەڵێک یاسای تایبەت کە پێی دەگوترێ «دایەلیکتیک»، ڕوو دەدەن. دایەلیکتیک هەم شێوازی گۆڕینی واقیعەکانە و هەمیش شێوەی دۆزینەوەی «یاساکانی جووڵە»ی ئەو واقیعانەیە. ئەم قوتابخانە پێیوایە کە پرەنسیپەکانی مەتریالیزمی دایەلیکتیک لەگەڵ هەموو لقە زانستییەکاندا دەخوێنێتەوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک، مادە لە ئاوەزی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ و ئاوەز بە ڕەنگدانەوەی جیهانی مادە لە مێشکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات و هەموو شتێک یان دیاردەیەک بە دەرەنجامی جووڵەی جەوهەری مادە شرۆڤە دەکات.
مارکس، دایەلیکتیکی تەنها لە هەمبەر دیاردەکان و کۆمەڵگە دەبەستەوە بەڵام ئەنگڵس، ڕووبەری ئەم فەلسەفەی بەرەو سرووشت بەرفرەوان کرد و لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هێگل، پێی وابوو کە جیهان (سروشت و ئەندیشە ومێژوو) دەکەونە ژێر باری سێ یاسا: 1) یاسای هەڵگەڕانەوەی چەندایەتی (کمیت) بە چۆنایەتی (کیفیت). 2) یاسای ئاڵۆزی دژەکان (اضداد)، بەپێی ئەم یاسایە جووڵە، دەرەنجامی دژایەتی نێوان ڕەگەزە هاودژەکانی ناو سروشت و کۆمەڵگە و مێژووە. لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەبەر ئەوەی چینەکان دژی یەکترن، ململانێی چینایەتی دەبێتە مەرجێک بۆ فراژووتنی کۆمەڵگە. 3) یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراو.
زۆربەی زانایانی مارکسی کە تەنها مارکس بە سەرچاوە دەزانن و بۆ ئەنگڵس و لینین بایەخێکی ئەوتۆ قایل نین، بە مەتریالیزمی دایەلیکتیکیش ـــ وەک میتۆدێکی فەلسەفی ـــ بەهایەکی ئەوتۆ نادەن، بە چەشنێک لەم دواییانەدا حیزبە کۆمۆنیستیەکانی فەرەنسی و ئیتالیا، ئەم ڕێبازەیان لەگوێن فەلسەفەی ڕەسمی حیزبەکەی خۆیان خستەلاوە.
مەک کارتیزم
ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ جۆزف مەک کارتی (1957ــ1909) سیناتۆری ئەمریکایی کە لە ساڵی 1946 خۆی بۆ ویلایەتی ویسکانسین پاڵاوتبوو. مەک کارتی نوێنەری ئەندێشەی توندڕەوانەی ئەمریکایی بوو بەدژی لیبراڵەکانی ئەم وەڵاتە و هەندێ لە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی بە لایەنگری لە کۆمۆنیزم تۆمەتبار کرد و ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیریشی هەر بەم تۆمەتەوە کێشایە ژێر لێپرسینەوە و گوشار. قۆناغی گەشەی مەک کارتیزم، سەردەمی شەڕی سارد بوو کە بە «شەڕی پیرۆز» بەدژی کۆمۆنیزم ناوی دەرکرد.
پشتیوانیی سیاسی
بریتییە لە هەر چەشنە هەوڵ و تەقەلای دەوڵەتێک لە بەردەم دەوڵەتێکی دیکە بەمەبەستی بەدواداچوونی مافی هاووەڵاتیانی خۆی و پشتیوانی کردنیان کە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی بیانی شەڕیان پێ فرۆشتبێتن و دەستدرێژی کرابێتە سەریان.
چارتیزم
چارتیزم لە وشەی charte بە مانای نووسراوە، بەڵگە، بەیاننامە، بڵاڤۆک و وەرەقەی شوناس وەرگیراوە. چارتیزم، بزاڤێکی ڕیفۆرمخوازانەی بەریتانی بوو کە لە ساڵەکانی 1840 تا 1848 لەم وەڵاتەدا بۆ باشترکردنی پەرلەمان لە ئارادا بووە. سەرکەوتنی چارتیزم بەهۆی گرووپێکی کرێکاری بوو کە خۆیان بە چارتیست لە قەڵەم دابوو. هۆی ئەم ناولێنانەش ئەوە بوو کە لە ساڵی 1838 نووسراوەیەکیان دەرکردبوو کە بەناوی «بڵاڤۆکی گەل» ناوی دەرکرد. هەندێ لە چارتیستەکان لە بنەڕەتدا ئەو سوسیالیستانە بوون کە لەگەڵ شێوازەکانی سەرمایەداری دژایەتییان دەکرد و پێیان وابوو کە سەرەنجامی چالاکییەکانیان ئەبێ ناردنی چینی کرێکار بۆ پەرلەمان بێت. ڕێبەرانی ئەم بزاڤە لە بەیاننامەی ساڵی 1838 خواستەکانی خۆیان بەم شێوە ڕاگەیاند:
ـــ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی عەوام، ئەبێ ساڵی جارێک بەڕێوە بچێت.
ـــ هەر کەسێک باڵغ بووبێت بۆی هەیە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشداری بکات.
ـــ دەنگدان بە وەرەقەی شاراوە بێت.
ـــ سندووقەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت.
ـــ مەرجی مڵکدارییەتی لە مەرجەکانی ئەندامەتی مەجلیسی عەوام لابرێت.
ـــ بۆ ئەندامانی مەجلیسی عەوام، مووچە دیاری بکرێت تاکوو خەڵکانێک بە داهاتی کەمیشەوە بتوانن ببنە ئەندامی پەرلەمان.
چارتیستەکان لە باری مێژووییەوە هاندەری چینی کرێکار بوون بۆ بەئەنجامگەیاندنی ڕۆلێکی شۆڕشگێڕانە. ئەگەرچی ئەم بزاڤە لە ساڵی 1848 لێک هەڵوەشا بەڵام دواتر هەندێ لە ئامانجەکانی لە قەوارەی بەرنامەکانی ئەنجومەن و یەکیەتی کرێکاری پیادە کرا.