تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەنجومەنی باکووری (نۆردیک)
ئەنجومەنی باکووری یان ئەنجومەنی سکاندیناڤی، کۆمەڵێکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەڵاتانی دانیمارک، سوید، ئیسلەند، فەنلاند و نەرویج کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە هاوکاری لە بواری جۆراوجۆر لەنێوان وەڵاتانی سکاندیناڤی دامەزرێوە. ئەم ئەنجومەنە ئەندامانی خۆی دنە دەدا کە بۆ ڕێکخستنی بازاڕێکی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی خۆیان، چالاکییەکانیان ڕێک بخەن تاکوو بەرەو یەکیەتییەکی گومرگی هەنگاو بنێن. بەڵام ئەم جووڵانەوە، لەدوای دامەزرێنی« یەکیەتی بازرگانی ئازادی ئەورووپا» لە ساڵی 1959 و بە ئەندامبوونی دانیمارک و نەرویج و سوید لەو یەکیەتییەدا کۆتایی پێ هات.
باکوور و باشوور
باکوور بریتییە لە: وەڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی سەرمایەداری، واتە وەڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکای باکووری، ژاپۆن و ئوسترالیا کە بەزۆری لە نیوەی باکووری گۆی زەویدا جێگیر بوون. باشوور بریتیە لە: وەڵاتانی دواکەوتووی هەژار، واتە وەڵاتانی ئەفریقایی و ئەمریکای باشووری و ئاسیایی کە زۆربەیان لە نیوەی باشووری گۆی زەوی جێگیر بوون. لە میدیاکانی ڕۆژاوا، ئەغڵەب ئاماژە دەدرێتە فوڕمولی باکووری دارا و باشووری نەدار. کەواتە لەم ڕوانگەوە جیهانی هاوچەرخ دابەش کراوە بە کۆمەڵێ نەتەوەی پارەدار و کۆمەڵێکی دەستەنگ و بێ پارە. فری بیتۆ، قەشەی ئازادیخوازی برازیلی، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەرزەوی دوو ڕێچارە پێشنیاز دەکات: یەکەم، پاوەجێکردنی ئاشتی لە جیهان. دووهەم، کەمکردنەوەی جیاوازی و لەمپەری نێوان باکوور و باشوور.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
باڵیۆز
باڵاترین نوێنەری نێردراوە لە وەڵاتێکەوە بۆ وەڵاتێکی دیکە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە شێوەی کاتی باڵیۆز نێردراوە، بەڵام لە سەدەی پازدەوە بوو کە دیاریکردنی باڵیۆزی نیشتەجێ لە وەڵاتێکی دیکە بڕەوی پێدرا. یەکەم وەڵاتانێک کە باڵیۆزیان ناردە وەڵاتانی دیکە، دەوڵەت ــ شارە بچکۆلەکانی ئیتاڵیای ئەو سەردەمانە بوو. هەڵبژاردنی باڵیۆز لە لایەن سەرۆکی وەڵاتەوە دیاری دەکرێت بەڵام دەبێ ئەو کەسەی کە دەستنیشان کراوە لە لایەن سەرۆکی وەڵاتی وەرگری باڵیۆز پەسند بکرێت ئینجا داوای بکرێت. باڵیۆز دەبێ لە وەڵاتەکەی خۆی بەڵگەنامەیەک کە پێی دەگوترێ «بڕوانامە ــ credential letter» بە واژۆی سەرۆکی وەڵاتەکەی وەربگرێ و پێشکەش بە سەرۆکی وەڵاتی وەرگری بکات. لە دوای پێشکەشکردنی ئەم بڕوانامە، باڵیۆز بە شێوەیەکی ڕەسمی دەست بەکار دەبێت.
باڵیۆزخانە
نوێنەرایەتی باڵای سیاسی وەڵاتێک لەناو وەڵاتێکی دیکە کە شوێنی گوزەرانی ڕەسمی و نووسینگەی باڵیۆزی ئەو وەڵاتە لە ئەژمار دێت. باڵیۆزخانە لە دوای کۆنسۆڵخانە پێک هات. چۆنیەتی دروستبوونی ئەم شوێنە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە پاش کۆتایی هاتنی هەر شەڕێک، وەڵاتانی دوژمن چەن کەسێکیان بۆ گفتوگۆ ڕادەسپارد. ئەم ڕاسپاردانە بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بوون تاکوو شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم ڕاسپاردانە بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بێ مەترسی و لە ئاسایشدا بەڕێوە ببەن، مەسەلەی چۆنیەتی«پاڕاستن» یان هاتە ئاراوە.
بەندی یەکەمی ڕێککەوتننامەی لاهاوان کە لە 20 ی فێورییەی 1928 مۆرکراوە، مافی باڵیۆزخانە بەم شێوە دیاری دەکات: «دەوڵەتەکان مافی ئەوەیان هەیە نوێنەرانی سیاسی بۆ وەڵاتانی یەکدی بنێرن». هەر کات دەوڵەتێک، بێئەوەی لەگەڵ وەڵاتێکی دیکە لە حاڵەتی شەڕدا بێت یان بێئەوەی پێوەندی سیاسی خۆی لەگەڵ دابڕیبێت، نوێنەری سیاسی ئەو وەڵاتە وەرنەگرێت، لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە مافی ئەو دەوڵەتەی پێشێل کردووە.
یەکەم باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە لایەن ڕیشیلیۆ ڕاوێژکاری لوویی سێزدەهەمی فەرەنسە دامەزرا و دەوڵەتانی دیکەش بەپێی ئەم ڕێسایە هەنگاویان نا. کەواتە دەکرێ بڵێین باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە کۆتاییەکانی سەدەی 17 لە دنیادا بەدیهات.
باڵیۆزی ئاکریدیتێ
هەر کاتێک دوو وەڵات لەگەڵ یەکدی پێوەندی سیاسییان هەبێت بەڵام پێکەوە باڵیۆزیان ئاڵوگۆڕ نەکردبێت، لەم حاڵەتەدا ئەغڵەب باڵیۆزی خۆیان لە وەڵاتێکی دراوسێی ئەو وەڵاتە وەک «باڵیۆزی ئاکریدیتێ» بە وەڵاتەکەی دیکە دەناسێنن. ئەم باڵیۆزە لە ڕاستیدا ئەبێتە ڕاسپاردەی وەڵاتێک لە دوو وەڵاتی دیکە.
بەیاننامەی بالفۆر
بەیاننامەی حکوومەتی بەریتانیا کە بە نامەیەک لە لایەن ئارتور جیمز بالفۆر (1840-1930)، وەزیری دەرەوەی ئەووەڵاتە لە ڕێکەوتی 2ی نۆڤەمبەری 1917 بۆ ڕۆچیڵد (سەرۆکی کۆنگرەی زایۆنیستەکانی بەریتانیا) دەرکراوە. لەم نامەدا وێڕای هاوسۆزیکردن لەگەڵ ئاواتی جوولەکان، ئامادەیی بەریتانیا بۆ «دامەزراندنی نیشتمانی جوولەکە» لە وەڵاتی فەلەستین ڕاگەیاندراوە. لەو کاتەدا فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بووە بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵی نەتەوەکان (1922) دەسپێردرێتە حکوومەتی بەریتانیا. لەوە بەدواوە بەریتانیا مابۆوە کە چۆن ئەو مەرجەی نامە کە جێبەجێ بکات کە ئەڵێ: «نابێ کارێکی وەها بکرێت کە مافی مەدەنی و ئایینی گەلانی دیکەی فەلەستین پێشێل بکرێت». سەرجەمی ئەو ڕووداوانەی کە بوو بەهۆی دابڕانی جوولەکە و عەرەبان لە یەکتر و دامەزرانی ئیسڕائیل و شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، لێرەوە دەستی پێکرد. جا بۆیە، عەرەب پێی وایە بەیاننامەی بالفۆر پیلانێکی ئیمپریالیستی بووە لە لایەن بەریتانیاوە بە دژی عەرەب و فەلەستینەکان.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ: بڕوانە مافی مرۆڤ.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
پڕوپاگەندە- بانگەشە
لە وشەی لاتینی propagare وەرگیراوە و بە واتای «بڵاوکردنەوە»یە. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای ڕاگەیاندنی ئەو واقیع و ڕووداوانەیە کە زێدەتر سیاسی بن یان بە دەمهەڵبەستنی ڕاپۆرتێک بەمەبەستی کارتێکردن لەسەر زەینی بیسەر بۆ هاندان بەرەو ئەنجامی کردارێکی تایبەت. لە پڕوپاگەندەدا زیاتر گرنگایەتی بە ئامانج دەدرێ، تاکوو ناوەڕۆک. پڕوپاگەندە، هەمیشە بووە بەڵام لە سەدەی بیست بەملاوە بەهۆی پەرەسەندنی میدیا و کەرەستەی ڕاگەیاندن وەکوو (ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە، سینەما و ئینتەرنێت) کارلێکی زیاتری پەیدا کردووە و دەوڵەتان و حیزب و گرووپی سیاسی، زیاتر لەسەر ئەم دیاردە لەنگەریان گرتووە و تەنانەت لە کۆمەڵناسیدا لقی ئەکادیمیشی لێ کەوتۆتەوە. حیزب و دەوڵەتانی فاشیستی و نازیستی و کۆمۆنیستی، بۆ بەدەسهێنانی دڵی ڕەشەگەل و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکانی جیهان بەرەو لای خۆیان توانایی زۆریان لەخۆ نیشان داوە.
کێشمەکێشی تەبلیغاتی لەنێوان دەوڵەت و حیزبە ڕاست و چەپیەکان، زاراوەی «شەڕی پڕوپاگەندەیی» و «شەڕی سایکۆیی» هێنایە ئاراوە. شەڕی پڕوپاگەندەیی لە قۆناخی شەڕی جیهانی دووهەم و سەردەمی شەڕی سارد*دا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی.
پڕوپاگەندە، لەم سەردەمەدا لەسەر دوو دیاردە بە باشی کاریگەری بووە:
1) بەدەسهێنانی زۆرترین ڕای گشتی* بە قازانجی دەوڵەتەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی.
2) بەکارهێنانی کەرەستە و ئامرازی تەکنیکی بۆ بە قەناعەتگەیاندنی کۆمەڵ.
کەواتە پڕوپاگەندە لایەنی تایبەتی شارستانییەتی هاوچەرخ لە ئەژمار دێ چونکە وەیلانی خڕکردنەوەی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بە دەوری فیکر و ڕێباز یا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەتەوە.
دریان کوور، لەنێوان پڕوپاگەندەکان چەند جیاوازی قاییل دەبێت:
1ــ هەڵگر: هەرشتێک کە بڵاو بکرێتەوە (واتە هەر شتێک کە هەڵگری باری تەبلیغاتی بێت) .
2ــ ئامرازی تەکنیکی: ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە و…
3ــ ناوەڕۆک و ناواخن: ئایدیۆلۆجیا، ئەندێشە، دروشم، زانیاری درۆ و…
4ــ ئامانج و مەبەست: فەرمانبردنی کوێرکوێرانە، سەرسپوردەگی، دژەپڕوپاگەندە، وەتەنپەرستی، وەفاداری بە حکوومەت.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی
ئەم ڕێکخراوە بەپێی بڕیاری 124 وەڵاتی ئەندامی ڕێککەوتننامەی گات (ڕێککەوتننامەی گشتی تاریفە و بازرگانی) دامەزرا و بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێکەوتی 1/1/1995 دەستی بە کار کرد. ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی، بە هەمانشێوە کە لە پێشەکی دەقی ڕێککەوتننامەی گات هاتووە بریتییە لە: بردنەسەرەوەی ئاستی ژیان لە وەڵاتانی ئەندام، دابینکردنی هەلومەرجی کار و پیشە، زیادکردنی داهاتی ڕاستەقینە و بازاڕ، کەڵکوەرگرتنی بەجێ لەسەرچاوە جیهانییەکان و پەرەپێدان بە بەرهەمهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتی.
کاروبار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە بەگشتی لەسەر چوار تەوەری سەرەکی هەڵدەسووڕێت:
یەکەم، گشتاندن و ڕاپەڕاندنی بیرۆکەی بەناوبانگی«دەوڵەتی تەواودۆست» *و سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەک لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان لە بازرگانی جیهانیدا.
دووهەم، بەرگری لە سنووردارکردن و بەربەستکردنی هەناردە و هاوردەکان.
سێهەم، داشکانی تاریفە گومرگییەکان لە ڕێی گفتوگۆ و زامنکردنی ڕێکەوتنەکان.
چوارەم، ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامەکانی دیکە لە بابەت سیاسەتە بازرگانیەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە بازرگانیەکان لە ڕێی گفتوگۆ.
تا کۆتایی ساڵی 1996 ژمارەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە گەیشتە 149 وەڵات و 28 وەڵاتی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ بە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوەدا ڕاگەیاندووە.
لە ڕووداوە تیرۆریستیەکەی 11ی سێپتەمبەر*، کە لە لایەنە ڕێَکخراوی ئەلقاعیدە* بە ئەنجام گەیشت، هەر دوو تاوەرە ئەفسانەییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئەمریکا کەوتە بەر هێرش کە تێیدا نزیکەی 3000 کەس گیانیان لە دەست دا.
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
کۆنفرانسی باکوور - باشوور
لە ڕێکەوتی 16/12/1975 لەسەر بانگهێشتی «ژیسکار دیستەن» سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی فرەنسی لە شاری پاریس نوێنەرانی وەڵاتانی جیهان کۆبوونەوە تا سیستەمی پێوەندییە ئابوورییەکانی جیهان بگۆڕن. ئەو وەڵاتانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە ببوون بریتین لە: 12 وەڵاتی ڕووە و گەشەسەندن، بە نوێنەرایەتی پتر لە 100 وەڵات کە 2 ملیارد کەس حەشیمەتی جیهانیان لەخۆ گرتبوو، 7 وەڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و نوێنەرانی وەڵاتانی پیشەسازی جگە لە یەکیەتی سۆڤیەت و وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات. هۆی پێکهاتنی ئەم کۆنفرانسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانە بوو کە وەڵاتانی پیشەسازی پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵانی 1973 و 74 ڕووبەڕووی بوونەوە بەڵام لە ڕواڵەتدا ئەم کۆنفرانسە بۆ ئەو مەبەستە بوو کە زەمینەیەکی نوێ بۆ هاوکاری لە نێوان وەڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیی (باکوور) و وەڵاتانی جیهانی سێهەم (باشوور) بڕەخسێنێ.
کۆنفرانسی باکوور ـــ باشوور بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ توێژینەوە لەو بابەتانەی کە باس کراون، پاش 18 مانگ باس و گفتوگۆکردن بە هۆی ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان وەڵاتانی باکوور و باشوور نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک و کۆتایی بە کارەکەی خۆی هێنا.
کیشۆت ئاسایی/پاڵەوان بازی
لە ناوی دۆن کیشۆت، پاڵەوانی داستانی میگڵ سێرڤانتس (1616-1574) ڕۆمان نووسی ئسپانیایی وەرگیراوە کە بە واتای کەسێکی ئایدیال و گێل و بەسەزمان و دوور لە واقیعە کە هەمیشە شکست بخوات.
گرووپی بانکی جیهانی
ئەم گرووپە پێکهاتووە لە 3 ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی (IGOs):
1ــ بانکی نێودەوڵەتی بۆ چاککردنەوە و پەرەسەندن (IBRD)، ئەم بانکە بە ناوی بانکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە کە مەبەستی ئەویش نوێکردنەوەی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی پەرەسەندووی سەردەمی جەنگی جیهانی بوو کە لێک هەڵوەشابوو. بانکی جیهانی، هاوجووتی سەندووقی نێودەوڵەتی دراوە.
2ــ ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی پەرەسەندن (IDA)، ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1960 بە مەبەستی بەخشینی قەرزی «سووک» بۆ یارمەتی بە ژێرخانی ئابووری و پەرەسەندن دامەزراوە.
3ــ کۆمپانیای نێودەوڵەتی ماڵی (IFC) کە لە ساڵی 1956 بە مەبەستی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی ئابووری لە وەڵاتانی کەمتر پەرەسەندوو دامەزرا.
ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
ببابۆفیزم
بزاڤێکی شۆڕشگێڕی فەرەنسی لە سەدەی هەژدە بەمەبەستی دامەزرێنی «کۆماری یەکسانی». ئەم جووڵانەوە ناوەکەی لە ڕێبەری خۆی بە ناوی «فرانسوا نۆئێل بابۆف» (1765-97) وەرگرتووە. «بابۆف» و هاوڕێیانی لە 1796«نەخشەی یەکسانی»یان بۆ ڕووخانی حکوومەت، داڕشت کە ئەمە چڵەپۆپەی بزاڤەکە بوو، بەڵام پیلانەکە سڕی ئاشکرا بوو، لە 1797 سەری «بابۆف» یان بە گیوتێن لێک جودا کردەوە. لایەنگرانی «بابۆف»، بوونە میراتگری ئایدیۆلۆجیای مەتریاڵیزمی سەدەی هەژدەی فەرەنسە و ئەندێشە شۆڕشگێڕییەکانی ئەو سەردەمە و نوێنەری توندڕەوترین ڕێبازەکانی شۆڕشی فەرەنسە.
«بابۆفیزم» یەکەمین تەقەلا بۆ کردنی سۆشیالیزم بە تیۆری جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بوو. بابۆفییەکان بۆ«کۆماری یەکسانی» خۆیان، سیستەمێکی تێروتۆخی یاسا و ڕێسێ یان بۆ باشترکردنی وەزعی هەژاران و زاڵبوون بە سەر ململانێی هێزەکانی دژە شۆڕش، پێشبینی کردبوو. ئەندێشەی پیادەکردنی«دیکتاتۆری ڕەنجدەران» (بڕوانە دیکتاتۆری پرۆلتاریا) دوای سەرکەوتنی شۆڕش، هەر لە لایەن ئەم گرووپەوە ئاڕاستە کرا.
تاکباوەڕی
تیۆرییەکی سیاسی و ئەخلاقییە کە بە ئارەزووگەیشتنی تاک، بە دەرەنجامی ژیان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ناونووس دەکات و لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە سوودپەرستی تاک، خۆبەخۆ قازانجی کۆمەڵگەی بە دواوە دەبێ. لەم ڕووەوە، ئەم تیۆرییە لەسەر مافی خاوەنداریەتی وەک مەرجی پێویست بۆ ئازادی لەنگەر دەگرێ و چاودێریی دەوڵەتیش، زەمانێک پەسند دەکات کە بەمەبەستی دابینکردنی ئازادی کردەوەی تاک بێت. بەپێی ئەم تیۆرییە تاک خۆبەخۆ دەبێتە دەرەنجام و سەرەڕای گوشاری کۆمەڵگەش بۆ یەکسانکردنی تاکەکان، دەبێ سەربەخۆ و ئازاد بێ.
ڕیشەی تاک باوەڕی ئەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی سۆفستەکانی یۆنان بەڵام لەم چاخەدا بە شێوەی جووڵانەوەیەکی فیکری ئاوێتە بووە لەگەڵ جووڵانەوەی ڕیفۆرماسیۆن لە سەدەی شانزەدا کە لە ئەورووپا سەری هەڵدا. هەر ئەم جووڵانەوە بوو کە هەلی ئازادی تاکەکەسی لە پێوەند لەگەڵ خوداوەند، بێواسیتەی کلێسە و ڕەهابوون لەژێر سوڵتەی کلێسەی ڕەخساند.
ئەغڵەب، تاکباوەڕییان بە واتایەکی ناپەسند بەکارهێناوە و بە مانای دەرچوونی تاک لەژێر تەوزیمی کۆمەڵایەتی و خودپەرستی بێ قەید و بەند لە قەڵەم دراوە بەڵام نووسەرە کۆنەپارێزەکانی سەدەی بیستەم، تاکباوەڕییان زیاتر لە بەرانبەر سۆشیالیزم*و چەشنەکانی دیکەی کۆباوەڕی (کۆلکتیویزم) ئاڕاستە کردووە و لەو ناوانە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی تاک سوودیان وەرگرتووە کە بەڕای ئەوان سۆشیالیزم دەیپووکێنێتەوە.
تاڵیبان
گرووپێکی سیاسی ـــ چەکداری کۆنەپەرست و توندڕەوی ئەفغانییە کە لە میانەی ساڵی 1994 بە یارمەتی ڕاستەوخۆی وەڵاتانی ناوچەکە بۆ وێنە پاکستان، بوونی خۆی ڕاگەیاند. زۆرینەی ئەندامەکانی لە قوتابخانە ئایینیەکانی پاکستان لە بواری ئایینی و چەکدارییەوە ڕاهاتوون. پاش ئەو ئاخۆران باخۆرانە سیاسییەی کە لەدوای پاشەکشێی هێزەکانی ئەرتەشی سوور (یەکیەتی سۆڤیەت) لە ئەفغانستان هاتەکایەوە، تالیبان بە پاڵپشتی عەرەبستانی سەعودی و پشتیوانی چەکداریی پاکستان، توانی لە سیپتەمبەری 1996 دەست بەسەر کابول (پێتەختی ئەفغانستان) دا بگرآ و نەجیبوڵلا، سەرکۆماری پێشووی ئەم وەڵاتە لە سێدارە بدات. تالیبان لە دەوامەی هێرشەکانی خۆیدا توانی لە ئاگۆستی 1998 شاری مەزار شەریف بگرێتەوە و هەزاران شیعە و ئەندامانی کۆنسولگەری ئێران لەو شارە، بە کۆمەڵ بکوژێت.
تاڵیبان پاش گرتنەوەی نزیکەی 90% خاکی ئەفغانستان ناوی وەڵاتەکەی بە «میرنشینە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان» گۆڕی و «مەلا محەمەد عومەر»ی وەک «امیر المومنین» بە دەسەڵات گەیاند. سیاسەتی توندڕەوانەی ناوخۆ و دەرەوەی ئەم ڕژێمە، بووە هۆی بەرپابوونی ترس و خۆفێکی گەورە لەناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان و دوای چەندەها کوشتاری بەکۆمەڵ لە لایەن دەستوپێوەنەکەی، ڕق و کینێکی جیهانی بەدژی هەڵگیرسا.
دوابەدوای ڕووداوە تیرۆریستییەکەی یازدەی سێپتەمبەری* 2001 لە ئەمریکا، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەنجەی گومانی بەرە و ئۆسامە بین لادەن، بەرهەڵستکاری سەعودی درێژ کرد کە لە لایەن تالیبانەوە پشتیوانی لێ دەکرێ و ئەفغانستانی کردبووە مۆڵگە و فێرگەی هێزە تیرۆریستییەکانی خۆی بەدژی ئەو شتەی کە پێی دەگوت، بەرژەوەندی ئیمپریالیزمی جیهانی.
تاڵیبان کە نەیدەویست بین لادەن ڕادەستی ئەمریکا بکات و بنکەکانی«ئەلقاعیدە» * کۆ بکاتەوە، کەوتە بەر هەڕەشە و غەزەبی چەکداریی ئەمریکا و لە 7/11/2001، هێزەکانی ئەمریکا، هێرشیان بردە سەر خاکی ئەفغانستان و بە ساڕووخ و فڕۆکەی جەنگی ئەم وەڵاتەیان دابێژا. بەم بۆنەوە ڕێگە بۆ نەیاران و بەرهەڵستکارانی تاڵیبان خۆش بوو. لەم سەروبەندەدا کە یەکیەتی باکوور بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد شامەسعوود، شیرازەی لێکپچڕا بوو، توانی هێزەکانی خۆی تەیار بکاتەوە و بە پشتگیریی نێودەوڵەتی دەست بەسەر کابولدا بگرێت. تاڵیبان، کە تەنیا ڕێگەی هەڵاتنی بۆ مابۆوە سەنگەرەکانی خۆی چۆڵکرد و پەڕەوازەی کوێستانەکان بوو. پاش دامەزرانی«لۆیە جەرگە» (ژووەنی 2002) حامید کارزای بە سەرۆککۆماری ئەفغانستان هەڵبێژدرا.
لەو کاتەوە تاکوو بەرایی ساڵی 2010 هێزەکانی ناتۆ خاکی ئەم وەڵاتەیان چوڵ نەکردووە و جارجارێک لە لایەن چەکداری تاڵیبان دەکەونە بەر هێرش و ئێستەش ئاسایش بۆ ئەم وەڵاتە نەگەراوەتەوە.
تەبایی + پێکهاتن
پڕۆسەی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی نێونەتەوەیی (دوو وەڵات) بە ناوبژیوانیی لایەنێکی سێهەم کە ڕادەستی کۆمیسیۆنێکی تایبەتی سازش کرابێت و بە ڕەزامەندی هەر دوو لایەن دیاری کرابێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەقیقەت. ئەم کۆمیسیۆنە ملزەمە بە دەرکردنی ڕاپۆرتێک کە تێیدا ڕێچارەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستەبەر بکات. هەڵبەت دوو لایەنی کێشەکە لە باری یاساییەوە بۆیان هەیە پەسندی نەکەن.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
حکوومەتی سەربازیی
بریتییە لە پیادەکردنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەربازی و سوپایی دەوڵەتێک بەرانبەر بە کەسانی مەدەنی لە وەڵاتێک لە کاتی شەڕ یان تەنگەتاوی. لە کاتی جێگیربوونی ئەم حکوومەتە لەبری فەرمان و دەستووری مەدەنی، فەرمانەکانی هێزی سەربازیی پیادە دەکرێ و دادگە مەدەنیەکانیش جێی خۆی دەدا بە دادگەی سەربازی.
حیزبایەتی
فاکسیۆن بە مانای حیزبە و ئەم زاراوە لە لایەن جۆرج واشینتۆن لەسەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکا، لەبری حیزب بەکار براوە. فاکسیۆنالیزم بە واتای حیزبخوازییە و بڕوا بەوەی کە بوونی حیزبی سیاسی پێویستە و دەبێ بنەمای حکوومەت و دەوڵەت لەسەر حیزبایەتی دامەزرێت. ئەمڕۆکە حیزبایەتی، بەشێکی جیانەکراوەیە لەناوەڕۆکی حکوومەتە دیموکراسی و پەرلەمانییەکان کەچی فاشیزم و کۆمۆنیزم، حیزبایەتی و فرەحیزبی ڕەت دەکەنەوە چونکە بڕوایان بە سیستەمی تاک حیزبی هەیە.
خ
خەباتی چینایەتی
بە باوەڕی مارکسییەکان خەباتێکە کە بەشێوازی جۆراوجۆر و لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجیک، لەنێوان دوو چینی زۆردار و زۆرلێکراو لە گۆڕێ دایە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو چینە خەسڵەتێکی شەڕەنگێزانەیان هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە هەر شۆڕشێک کە هەڵگری خەباتی چینایەتی نەبێت، پووچەڵە. مارکس و ئنگڵس لە بەیاننامەکەی حیزبی کۆمۆنیست دەڵێن: «مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵگە ئینسانییانەی کە تا ئیستا سەریان هەڵداوە، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە. مرۆڤی سەربەست و کۆیلە، پیاوماقووڵ و ڕەشۆکی، ئاغا و ڕەعیەت، کرێکار و خاوەنکار، خۆلاسە، ستەمکار و ستەملێکراو هەمیشەی خوایی لە بەرانبەر یەکتردا وەستاون و تووشی شەڕ هاتوون» . خەباتی چینایەتی دەکرێ شێوازی قانوونی یا ناقانوونی، ئاشتیئامێز یان شەڕەنگێزانە بە خۆیەوە بگرێت. بەپێی ڕێبازی مەتریالیزمی مێژوویی، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی ئینسانی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی بەدی نەهاتووە، لەنێوان هەموو چینەکان کێشمەکێش و مشتومڕ بەردەوام دەبێت.
سەربازی نەناسراو (سەربازی ون)
لە زۆربەی وەڵاتان بووەتە باو کە تەرمی سەربازێکی نەناسراو وەک نوێنەر و سیمبۆلی هەموو کوژراوانی شەڕ لە شوێنێکی تایبەت بنێژن و لە گۆڕەکەی ڕێز بگرن. دیاردەی سەربازی نەناسراو یا سەربازی ون، یەکەم جار لە بریتانیا داهات تاکوو هەرکەس لە شەڕدا کەسێکی لە دەست دابێت، تەرمی گۆڕی سەربازی نەناسراو بە شەهیدی خۆی بزانێت.
پەیماننامەی سەعدئاباد
ئەم پەیماننامە لە ساڵی 1937 لەنێوان چوار وەڵاتی ئێران، ئەفغانستان، تورکیا و عێراق لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەمەبەستی دۆستایەتی و دەستدرێژ نەکردن بۆ خاکی یەکتر مۆر کرا. ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتنە، هاوڕایەتی و یەکدەنگی ئەم چوار وەڵاتە بوو لە هەڵوێستە سیاسییەکان و یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی و شەڕدا.
ئەم دەوڵەتانە بەڵێنیان دابوو کە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر خۆ بپارێزن و سنوورەکانی یەکتر نەبەزێنن. یەکتر دەستدرێژی نەکەنە سەر یەکتر لە پێکهێنانی ئەنجومەن و گرووپی بەرهەڵستکار کە ئامانجیان لەناوبردنی ئاشتی و ئارامی یەکێک لەم وەڵاتانە بێت، خۆ بپارێزن.
لە کاتی ڕووداوەکانی ساڵی 1941 (داگیرکردنی ئێران لە شەڕی جیهانی دووهەم)، دەرکەوت کە ئەم پەیماننامە، سەنگێکی نییە و شتێکی بێقیمەتە.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
کوێرباوەڕی/دەمارگرژی
فاناتیسیزم، بە بیر و باوەڕی تەسک و کوێرانە دەگوترێ و مێشک تەسک یان کوێرباوەڕ کەسێکە کە دەربارەی بابەتە جۆراوجۆرەکان، غیرەت و هەست وخوستێکی تایبەت لەخۆی نیشان دەدا و بێ بەڵگە هەڵدەچێ و لایەنگری کوێرکوێرانە لە بابەتێکی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات. مرۆڤی کوێرباوەڕ، کارەکانی خۆی لەڕووی ئاوەز و ئەندێشەوە ئەنجام نادات و گوتار و کرداری خۆی بە پێوەرە عەقڵییەکان هەڵناسەنگێنێ و لە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا لە هیچ هەوڵ و کۆشش و فیداکارییەک درێخی ناکات و بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆی لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگرێ. هەر بۆیە فاناتیسیزم، دژ بە فەلسەفە دەوەستێ چونکە فەلسەفە زانستی بیرکردنەوە و بەکارهێنانی هزر و ئاوەز و بەرهەمی ئاخافتن و گفتوگۆیە.
حاشای لێ ناکرێ کە کوێرباوەڕی لەو مەسەلانەی کە پێویستیان بە تێفکرین و ئەندێشە هەیە، نەوەک بەرەو دۆزینەوەی هەقیقەت ڕێنموونیمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم شیاندن و بەڵگاندنی ژیرانەی بابەتەکان. مرۆڤی تەسک بیر، ڕێگەیەک شک نابات جگە لەوەی بیر و بۆچوونی خۆی بە زۆرەملی داسەپێنێت. بەم بۆنەوە دەرفەتی توێژینەوە و شرۆڤەی بیروڕای خەڵکانی دیکەشی لە دەست دەردەچێ.
کۆماری کوردستان (مەهاباد)
لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئەگەرچی ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندبوو بەڵام لە لایەن بەریتانیا و ڕووسەکانەوە لە ئاگۆستی 1941، کەرتی ڕۆژاوای ئێران داگیر کرا. بەریتانیا، بۆ پاراستنی کەرتی ڕۆژهەڵاتی عێراق ناوچەی کرماشانی گرت و ڕووسەکانیش، ئازەرباییجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێجگە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ و نەغەدەی داگیر کرد. لەم ناوەدا ناوچەی مەهاباد و سەقز، لە کۆنترۆڵی هیچ لایەنێک نەبوو. نەبوونی هیچ هێزێکی دەسەڵاتدار (تەنانەت ئێرانیش) لە ناوچەکەدا زەمینەی بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی خودموختار خۆش دەکرد.
ئەم دۆخە، لانیکەم تا کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم بەردەوام بوو. قازی محەمەد ساڵێک دوای دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە 22ی ژانوییەی 1946، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. قازی محەمەد چەند ڕۆژ دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمارییەکەی ڕاگەیاند کە پێکهاتبوو لە حاجی بابەشێخ، سەرەک وەزیر و 12 وەزیری دیکە.
کۆماری کوردستان و دەوڵەتی کوردی تەنیا 11 مانگی خایاند. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی 17ی دێسەمبەری 1947، دوور لە پشتیوانی ڕووسەکان، هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی پاشایەتی هێرشیان کردە مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر و کۆماری نوێباو ڕووخا. سەرەتای ژانوییەی 1947 دەوڵەتی ئێران دادگەیەکی سەربازی بۆ قازی محەمەد و براکەی و ئامۆزاکەی، سەدر و سەیف سازاند و لە ڕێکەوتی 23ی ئەو مانگە لە سێدارە دران و کۆماری کوردستان کۆتایی پێهات.
کۆریس کۆچیرا، مێژونووسی بەناوبانگ دەربارەی هۆی ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە زمانی مەلا مستەفا بارزانییەوە دەنووسێت: «ئەوە کورد نەبوو کە لە هێزەکانی ئەرتەشی ئێران تووشی شکست بێت بەڵکوو ئەوە یەکیەتی سۆڤیەت بوو کە لە بەرانبەر ئەمریکا و بەریتانیادا شکستی خواردبوو!». لەو هۆکارانەی کە دەتوانێ ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت، یەکەم، چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەرتەشی ڕووس بوو لە ئێران. دووهەم، قسەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە تاران کە گوتبووی، دەوڵەتی ئەمریکا لە یەکپارچەیی خاکی ئێران داکۆکی دەکات.
کۆنفرانسی دومبارتون ئۆکس
لە 21/8/1944 لە کۆشکی دومبارتون ئۆکس لە شاری واشنتۆن گرێدرا. لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت و چین بەشدار بوون و لە بابەت دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە گفتوگۆیان کرد. کۆنفرانسەکە تا 17/10/1944 دەوامەی بوو تا ڕیزی پێشنیازەکان بڵاو کرایەوە. لە ڕاستیدا ئەم پێشنیازانەش، بوو بە گەڵاڵەیەک بۆ جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەم کۆنفرانسەدا داوا کرا بۆ پیادەکردنی ئاشتی لە جیهاندا ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش پێکبێت تا پێش بە ئەگەریی ڕوودانی هەر جەنگێک بگرێت. جگە لەوەش بڕیار درا پێنج وەڵاتی گەورەی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت، چین و فرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بن و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان و دابینکردنی ئاشتی جیهانی بدەن.
باسکردنی کێشەی دەنگدانی ئەندامان لە ئەنجومەنی ئاسایش تا ساڵێک بە هەڵپەسێراوی مایەوە تا سەرەنجام لە کۆنفرانسی یاڵتا بە بەشداری ئەمریکا، بریتانیا و سۆڤیەت، بڕیار درا مافی ڤیتۆ بۆ پێنج وەڵاتی گەورە بمێنێتەوە.