تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەنفال
ئەنفال، لە زمانی عەرەبی (قورئان)دا بە واتای تاڵانیی دوژمنان و دەسکەوتی جەنگییە. ئەم زاراوە لە لایەن سەدام حوسێن (1937-2007) دیکتاتۆری ڕژێمی پێشووی عێراق و دەستوپێوەندەکەی بۆ لەناوبردن و جینۆساید*ی گەلی کورد بەکار هێنراوە. ئەنفال، کۆمەڵێ عەمەلیاتی ئەو ڕژێمە بوو بۆ سەر دێهاتەکانی کوردستانی باشوور کە لە ساڵی 1988 بەمەبەستی ڕەشەکوژی و کوشتن و بڕینی گەلی کورد بە ئەنجام گەیشت. لە ئەنفالەکاندا زیاتر لە 182 هەزار کەس خەڵکی ئەم ناوچە لە کوردستان، بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ کران و دێهات و گوندەکانیش لەگەڵ خاکدا یەکسان کران.
ڕەنگە سەدام بە ناولێنانی ئەم کاولکاری و ڕەشەکوژییانە بە ناوی ئەنفالەوە، ویستبێتی وەکوو عەرەبێکی موسوڵمانی سوننە، خۆی لەگوێن پەیڕەوێکی بەرفەرمانی قورئان بناسێنێت کە بە ئەمری ئەو، لەناوبردنی کورد وەکوو دەسکەوت و تاڵانییەکی جەنگی سەیر بکات. لەم سۆنگەوە سەدام، کوردی بە پلەی یەکەم بە دوژمنی خودا و بە پلەی دووهەمیش بە دوژمنی خۆی لە قەڵەم داوە بۆیە بۆ لەناوبردنی مرۆڤی کورد وەکوو تاڵانییەک سەیر دەکات کە لە شەڕێکدا بەدەستی هێنابێت.
«ناسینی ئەنفال، ڕەنگە ئەرکێکی ئەخلاقی بێت، ئەمە نەک بە تەنها لەبەرئەوەیە ئەنفال دیاردەیەکی کارەساتئامێزی سەر بە ساتەوەختێکی تایبەتی مێژووی میلەتێکە و دەبێت باس بکرێت بەڵکوو ئەمە بەو مانایەشە کە باسکردن و وەبیر هێنانەوەی ئەم دیاردە دەشێت ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی، نە تەنها لە کوردستان بەڵکوو لە زۆر شوێنی دیکەی دنیادا کە هاوکێشەی زۆرینە* و کەمینە*، هاوکێشەی دەوڵەتی تۆتالیتار و گرووپی ئەتنی جیاواز، هاوکێشەی کولتووری جیاجیا و ناسیۆنالیزمێکی ڕاستڕەوی تێدا بەرقەرارە. لەم ڕووەوە، خوێندنەوەی ئەنفال و شیکردنەوەی ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی، دەشێت هەڵگری چەندان دەلالەت بێت کە سنووری مێژووی کوردی تێپەڕێنێ و وەکوو کێشەیەکی ئینسانی گەورە و بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی کۆمەڵگە مۆدێڕنەکان تەماشا بکرێت. ڕاستە کوردبوون، سیفەتێکی تایبەتی بە ئەنفال داوە بەوەی لە پشتییەوە، هاوکێشەیەکی نایەکسانی هێز و تەنیایییەکی سیاسی کوشندە ئامادەیە، بەڵام ئەنفال و ئەزموونی ئەنفالیانە ڕووداوێکە سنووری مێژووی کورد و مێژووی عێراق و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت. ئەنفال ڕووداوێکە، بێ گەورەکردن دەشێت لە سیاقی مێژووی هۆڵۆکۆست*و هەموو ڕەشەکوژییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێڕندا تەماشای بکەین» .