تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیمپراتۆری
بە وەڵاتێک دەگۆترا کە ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت:
(1) بەرفرەوانی خاک، زۆربوونی حەشیمەت و لەخۆگرتنی چەند نەتەوە یان ڕەچەڵەک یان کەلتووری جیاواز.
(2) دەسەڵات و هێزی ئەم وەڵاتە بەهۆی هەژمۆنی * نەتەوەیەک بە سەر ئەوانی دیکەدایە و وێککەوتنیش ئەگەر ببێت، بەهۆی دەسەڵاتی چەکدارییەوەیە.
(3) پێکهاتەی سیاسی لەم سیستەمەدا دەسەڵات دەبەخشێ بە یەک کەس (ئیمپراتۆر) و تەواوی دەسەڵاتە ناوچەییەکان، دەبنە فەرمانبەری ئەو.
(4) هەبوونی بنیاتێکی ئەخلاقی یان سیاسی لەژێر چەتری ئایین، ئایدیۆلۆجیا یان دەستوورێک بۆ دابینکردنی ئاشتی لەنێوان خەڵکی وەڵاتدا.
لە ڕواڵەتدا ئیمپراتۆرییەتی، هاوشێوەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە، بەڵام لەناوەڕۆکدا بەهۆی نەبوونی عەداڵەت و خودموختاری و خواستی پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی نەتەوەکان، شتێکی جیاوازە.
ئیمپراتۆرییەتەکان، سەردەمانێک لە مێژوودا سەریان هەڵدا کە نەتەوەیەکی جەنگاوەر بەنیازی جیهانگیری، بازنەی دەسەڵاتی خۆی بەربڵاو کرد و بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا سەرکەوتن. ئینجا هاندەرێکی ئایدیۆلۆجیایی (کە زیاتر جەهادی ئایینی بوو) پێوە لکاوە. بۆ وێنە ئیمپراتۆرییەتەکانی میسر و ئێران و عوسمانی و هێند و چین و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆم و…)
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئیمپراتۆرییەکانی عەرەب و تورک و مەغول، موسوڵمان بوون و ئیمپراتۆری فرانک و جێرمەنیاش خاچپەرست. لەم ڕووەوە، ئایین هەوێنی یەکگرتوویی ئەوان بووە. ئەم ئیمپراتۆرییانە هەڵگری ئەندێشەی حکوومەتێکی جیهانی بوون کە بە ئایدیۆلۆجی* ئایین، بانگەشەی ئاشتی مرۆڤایەتییان دەکرد. ئیمپراتۆری نوێ بە دوو شێواز پیادە دەکرێت: دەریایی و زەمینی. ئیمپراتۆرییەکانی پورتوگال و ئیسپانیا و هۆڵەندا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیمپراتورییە تازە پێگەیشتووەکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بەلجیکا و ئەمەریکا و ژاپۆن بە داگیرکاریی و ئیستعماری وەڵاتە بانبەحرییەکانەوە، بەدیهاتن. تایبەتمەندیی ئەم ئیمپراتورییانە، ڕەنگامەیی ڕەگەزی و کەلتووری بوو. هەندێ لەمانە هەوڵیان داوە بە بڵاوکردنەوەی کەلتوور و یاسا و ئابووری، دەسەڵاتی ناوەندی بۆ سەرانسەری ئیمپراتۆری، چێ بکەن بەو شێوە کە ڕۆمییەکان کردیان. هەندێکی دیکە لەم ئیمپراتۆرییانە بە شەرعییەتبەخشین بە خودموختاری سیاسی و ئابووری و کەلتووری، هەوڵیاندا خەڵکان یەکگرتوو بکەن. ئەم ڕەوتە کاتێک ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی ناوەندی ئیمپراتۆرییەتەکان لاواز ببوون، لێرەوە هەستی ناسیۆنالیستی لەنێو ئیمپراتۆریدا وزەی گرت.
ئیمپریاڵیزم
بەگشتی واتایەکە بۆ دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی بەستێنی حکوومەتەکەی خۆی، دەست درێژ ئەکا بۆ وەڵاتانی دیکە و خەڵکی ئەم وەڵاتانە ئەکێشێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و سەرچاوە ئابووری و ئینسانییەکانیشی ئەڕووتێنێتەوە. ئیمپریاڵیزم بە مانای ئیمپراتۆری* هەر لەسەرەتای مێژووەوە بووە.
لە زاراوەدا، ئەم وشە ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆری کە لە 1890 بەملاوە لە لایەن لایەنگرانی «ژوزێف چیمبەرلێن»، سیاسەتمەداری ئیستعمارخوازی بەریتانیا، هاتە ئاراوە. ئەم کابرایە، دەیەویست پەرە بدا بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا.
زاراوەی ئیمپریاڵیزم، خێرا چووە ناو زمانەکانی دیکەشەوە. ئەم وشە بوو بە بیانوویەک بۆ خاڵیکردنەوەی ڕق و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتە ئەورووپییەکانی ئەو سەردەمە. ئەم کێشمەکێشانە لە 1880 تا 1914، وەها بە سەر سیاسەتی نێونەتەوەییدا باڵی کێشا، کە ئەم قۆناخە بە «چاخی ئیمپریالیزم» ناوبردە کرا. لەم ناوەدا بەریتانیا و ئیمپریالیستە ئەوروپییەکانیش، بە ناوی پەرەسەندنی شارستانیەت و بەشکردنی دەسکەوتەکانیان بە سەر خەڵکانی ڕەگەز - ناپاک، درێژەیان بەم ئاکارە دا. دوای شەڕی جیهانی یەکەم، ئایدیۆلۆجیای ئیمپریاڵیزم لە قەبارەی فاشیزم و نازیسم دا گەیشتە لووتکەی خۆی.
یەکەمین ڕەخنەی تیۆریک لە ئیمپریاڵیزمی نوێ، لە لایەن «ج.ا.هابسۆن»، ئابووریناسی بەریتانی، لە کتێبێک بە ناوی ئیمپریاڵیزم (1902) بڵاو کرایەوە. لەم کتێبەدا بۆ یەکەم جار، بە ڕوانگەیەکی ئابوورییەوە سەیری ئەم دیاردە کرا. «لینین»، لەم ڕوانگەوە کتێبی ئیمپریاڵیزم، دواقۆناخی سەرمایەداری (1915) بڵاو کردەوە. دواتر ئەم ڕێبازە بە ناوی تیۆری ئابووری دەربارەی ئیمپریاڵیزم، ناوبانگی دەرکرد. تیۆری «لینین» جگە لەوەیکە ماهییەتی ئیمپریاڵیزم شی دەکاتەوە، تیۆرییەکە لە بارەی سەرچاوەی شەڕ ــ شەڕی ئیمپریاڵیستی ـــ کە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەدارییە. (بڕوانە لێنینیزم)
ئیمپریاڵیزمی کەلتووری
بەکار هێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بۆ بڵاوکردنەوەی نەریت و بەهاکانی ئەو دەسەڵاتە لەنێوان خەڵکانێکی دیکە کە بە زیانیان بێت. ئیمپریاڵیزمی کەلتووری دەتوانێ یاریدەری ئیمپریاڵیزمی سیاسی و ئابووری بێت. بۆ وێنە فیلمی ئەمریکایی دەتوانێ بێتە خزمەت بەرهەمەکانی ئەو وەڵاتە و بازاڕی فرۆشی بۆ زیاد بکات.
دیماگۆژی
ئەم زاراوە لە وشەی demagogia یۆنانی وەرگیراوە و لەسەرەتادا بە مانای «رێبەرایەتی خەڵک» بەکار براوە. لە ڕۆمی کۆنیشدا مانایەکی سەربەرزانەی بووە بە چەشنێک کەسانێکی وەکوو پریکلێس و دیمۆستێنس و سیسرۆن، بەم ناوە ناوبانگیان دەرکردووە. لە زاراوەی سیاسی نوێدا دیماگۆگی، مانایەکی سووکایەتیئامێزی لەخۆی گرتووە و بە واتای فریودانی جەماوەر و بەڵێنی ناڕاست دان و کەڵکوەرگرتن لە هەست و سۆزی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجی تایبەت لێکدراوەتەوە.
دیماگۆگ، کەسێکە کە هەستی جەماوەر دەجوولێنێت و هانیان دەدات بەمەبەستی دەسکەوتنی ئامانجەکانی خۆی.
دیموکراسی
دیموکراسی لە دوو وشەی یۆنانی دێمۆس، بە مانای «خەڵک» و کراتووس، بە مانای «حکوومەت» پێکهاتووە. مانای ئەم زاراوە لە پوختەی قسەکانی ئابراهام لینکۆلن (1809-1865، شانزەهەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا) بریتی بوو لە: «حکوومەتی خەڵکی، لە لایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک». ئەم بیرۆکە بە ڕواڵەت زۆر سادەیە، کەچی لە واقیعدا زۆر ئاڵۆز و تێکتەنراوە. ئەگەرچی مانای دیموکراسی تاڕادەیەک ڕوونە بەڵام ئەم مەسەلە کە «خەڵک» چۆن بە سەر خۆیاندا حکوومەت بکەن هێشتا هەر مژاوییە و ڕوون نەکراوەتەوە. بەم بۆنەوە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم چەمکە هاتۆتە ئاراوە.
ئەمڕۆکە مەبەست لە دیموکراسی شێوازێکە لە ژیان کە تێیدا دەسەڵات جیا بکرێتەوە و بە هەموو کەس وەڵام بداتەوە. لەم سیستەمەدا جیاوازییەکان بەهەند دەگیرێن و لە پێگە و جێگەی جەماوەر ڕێز دەگیرێ و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێ. بە کورتی دیموکراسی بە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتە بەبێ توندوتیژی و شەڕنانەوە. لە سیستەمێکی دیموکراتیدا هیچ کەس فەرمانڕەوای هەمیشەیی نییە و هیچ کەس لەسەر تەختی دەسەڵات کڕ ناکەوێ. سەرۆککۆمار دەکەوێتە بەر ڕەخنە و لێپرسینەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا دەبێ لە دەسەڵات دەست بکێشێتەوە. کەواتە لەم جۆرە ڕژێمەدا هیچ کەس بۆی نییە دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات، بگرە دەسەڵات هەمیشە لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی هەموواندایە.
دیموکراسی سەدەی بیستەم، بەرهەمی لیبرالیزمی سەدەی نۆزدەهەمە. هەڵبەت لیبرالیزمی ئەم سەدەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەندێشەکانی هیۆم، میل و ڕۆسۆ. هەندێ کەس دیموکراسی بە ئایدیۆلۆجی سیاسی چینی مامناوەندی لە قەڵەم دەدەن. جیاوازی سەرەکی دیموکراسی لە سەدەی نۆزدە و بیست لەوەدایە کە ئەمڕۆ بنەماکان و ئایدیۆلۆجیای سیاسی چینە مامناوەندییەکان بە ناو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا بڵاو بۆتەوە.
لە پێناسەیەکی دیکەدا دیموکراسی شێوازێکی حکوومەتکردنە بەسەر نەتەوەیەکی باڵغ و هەراش کە ئەندامانی ئەو نەتەوە خاوەنی بەهرەی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن بن و لە ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن. لەم سیستەمەدا جەماوەر بە مافەکانی خۆیان شارەزان.
یەکێک لەو گرفتانەی کە لەسەر چەمکی دیموکراسی پێش هاتووە، جیاوازی نێوان دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دیموکراسی نوێنەرایەتی یا ناڕاستەوخۆیە. دیموکراسی ڕاستەوخۆ، هەڵگری ئەو زەمانەتەیە کە خەڵک ڕاستەوخۆ بێنە ناو مەیدانەوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پێوەندی بە ژیانی خۆیانەوە هەیە. بۆ وێنە خەڵکی ئاسینا لە ساڵانی 507 تاکوو 322ی پێش زایین، ئەم شێوازە حکوومەتەیان پیادە کرد. گەورەترین ڕەخنەگری دیموکراسی ڕاستەوخۆ، پلاتۆ، فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی بوو. ئەو پێی وابوو کە لە جیاتی ئەوەی بڕیارەکان لە لایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە دەرکرێن، سپێردراوە بە کەسانی خاوەن پیشە کە سەریان لە سیاسەت دەرناچێ کەواتە دیموکراسی ڕاستەوخۆ حاکمیەتی جڤاتییە.
دیموکراسی نوێەنەرایەتی بە واتای سیستەمێکی حوکوومییە کە تێیدا نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵک، یاساکانی کۆمەڵگە دادەنێن. تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە دیموکراسییە بریتین لە: یەکەم، هەڵبژاردنی ئازاد ناوبەناو بێتە کایەوە و هەر شارۆمەندێکی هەراش مافی ئەوەی ببێ کە دەنگ بدا و دەنگی پێ بدەن. دەنگدان دەبێ دوور بێت لە هەر جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک. دووهەم، ئەم جۆرە هەڵبژاردنەش نابێ تەنیا ببەسرێتەوە بە پاڵێوراوانی حیزب یان لایەنێکی دیاریکراو، ئەگەریش زۆرینەی خەڵک دەنگیان نەدا بە مانەوەی حکوومەتی دەسەڵاتدار، ئەبێ دەسەڵات بدرێتە دەست کەسانی دیکە. سێهەم، نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵک (پەرلەمان)، ئەبێ مافی یاسادانانیان لە هەموو بواڕێک هەبێ و بتوانن بە ڕاشکاوی بڕیارەکانی دەوڵەت بخەنە ژێر پرسیار یان لەگەڵیا نەیار بن بێ ئەوەی هیچ ترس و خۆفێک یان ئازار و مەترسییەک بێتە سەر ڕێگەیان.
لەم چاخەدا دیموکراسی پەرلەمانی، باوترین شێوازی دیموکراسییە. بنەمای دیموکراسی بڕواهێنانە بە بایەخەکانی تاکی مرۆڤ و دەرفەتی بڕیار دەرکردن لە کاروباری گشتی و تایبەتی. ئەگەرچی ئەم شێوازە، لەسەر بنەمای تاکەکەس دامەزراوە بەڵام کاتێک ماهییەتی فرەنەتەوەیی و فرەکەلتووری زۆربەی کۆمەڵگەکان شرۆڤە دەکرێت، گرفتی جۆراوجۆر دێتە بەرچاو. ئەگەر لە وەڵاتێک زۆرینەیەکی کەلتووری یەکدەنگ هەبێت، ئەغڵەب جار بەرژەوەندییەکانی ئەو زۆرینە دەستەبەر دەکرێت. کەواتە ڕەنگە ئەم شێوازەی دیموکراسی ڕێگە خۆش بکات بۆ «دیکتاتۆری زۆرینەی کەلتووری» . چما نوێنەرانی کەلتووری کەمینەکان یان هیچکات هەڵنەبژێردرێن یان ڕادەیان هێندە کەم بێت کە لە ئەنجومەنی یاساداناندا کاریگەر نەبن.
دیموکراسی سیاسی لە واقیعدا بە مانای حکوومەتی زۆرینە یان یەک لەسەر نیوەی دەنگەکانە. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە دیموکراسی، خەڵک لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی کۆمەڵگە و چاودێریی بە سەر حکوومەت بە حەقدار دەزانێ و دەوڵەت* بە بەرەنجامی ئیرادەی گشتی لە قەڵەم ئەدرێت.
هێرۆدۆت، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەنووسێ: «ئەگەرچی دیموکراسی بۆ هەموو خەڵک لە بەردەم یاسا بە یەک چاو دەڕوانێ بەڵام گرفتێکی هەیە ئەویش بە هاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی، واتە سەروەری کەسانی نەزان و بازاڕی و دەسەڵاتی بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار» (بڕوانە ئاژاوەخوازی) .
ڕەوتی گەشەکردنی دیموکراسی لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن بەڵام دواتر لە ساڵی 1215ی زایینی بۆ یەکەم جار، کینگ جۆن پادشای بەریتانیا پاش ڕاپەڕینێکی جەماوەری فەرمانێکی دەرکرد کە بە «جاڕنامەی گەورە» ناوبانگی دەرکردووە و تێیدا ئەنجومەنێک بۆ نوێنەران پێشبینی کراوە. لە فەرەنسەش لە دوای شۆڕشێکی خوێناوی لە سەدەی هەژدە، ئەزموونی دیموکراسی تاقی کراوەتەوە. لە ساڵی 1831، لە بەلجیکا بۆ یەکەمجار دەستووری دیموکراتی دانراوە کە تێیدا ئازادی نووسین و ڕادەربڕین و کۆبوونەوەکان زەمانەت کراوە.
لەسەرەتای سەدەی بیستەوە، لە وەڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دوای دزەکردنی ئەندێشە ئەوروپییەکان، بزاوتی دیموکراسیخوازی لەم دوو کیشوەرەدا گەشەی کرد. بەڵام لە بەر نەبوونی هەلومەرجی پێویست و داکوتانی ڕەگی ئیستیبدادی لەم ناوچانە، زۆربەی ئەم بزاڤانە شکستیان هێنا و دوای ماوەیەک تەنیا بە هێشتنەوەی ڕووکەشێکی دیموکراسی سەرلەنوێ بە چەشنی دیکتاتۆری نوێ سەریان هەڵدایەوە. هەڵبەت لەم ناوەدا چەن نموونەی سەرکەوتووی دیموکراسی هاتەدی کە دەکرێ ئاماژە بدەین بە ژاپۆن و هێندستان.
دیموکراسی جڤاکی
ئەم زاراوە لە لایەن وەڵاتانی کۆمۆنیستییەوە بەکار دەبرێت بۆ جیاکردنەوەی سیستەمی سیاسی تاک حیزبی خۆیان لەگەڵ سیستەمی سیاسی فرەحیزبی کە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا باو بووە و بە دیموکراسی بۆرژوایی ناوی دەبەن. لەم سیستەمەدا حیزبی کۆمۆنیست خۆی بە نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگە یا ڕەنجدەران دەزانێ و مافی چالاکیی سیاسی بە چینە چەوسێنەرەکان نادات. لەم سیستەمەدا بنەماکانی دیموکراسی لیبراڵی ڕۆژاوایی بەرچاو ناکەوێ. پێناسەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە، «دیکتاتۆری پڕولتاریا» *یە.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی: بڕوانە سۆسیال دیموکراسی.
دیموکراسی لیبرال
دیموکراسی لیبرال شێوازێکە لە دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یان دیموکراسی نوێنەرایەتی. دیموکراسی لیبرال ڕێز دادەنێ بۆ مافەسروشتی و مەدەنییەکان و هەروا قاییل بە یەکسانی مافەکانە بۆ هەموو هاووەڵاتیان لە بواری سیاسی و دادوەریدا. لەم جۆرە لە دیموکراسییەدا دەسەڵاتی زۆرینە* بە شێوەیەکی سنوورداری یاسایی جێبەجێ دەکرێت. ئەم سنوورەش، بۆ زامنکردنی بەهرەمەندی کەمینە*یە لە هەندێ لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ئازادی بیروڕا و ئایین.
بە باوەڕی نەیارانی ئەم شێوازە حکوومییە دیموکراسی لیبرال، بێڕەچاوکردنی مافی هاووەڵاتیان لە بەستێنی ئابووریدا چەواشەکردنی خەڵکە بۆ پەردەکێشان بەسەر جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگە. مارکس، دیموکراسی لیبرالی بە دیکتاتۆری بۆرژوایی لە قەڵەم داوە. ئێستە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لیبرالیزمی ئابووری، هاوڕێ لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی، لە گۆڕەپانی خەبات لەگەڵ ئایدیۆلۆجیەکانی دیکەدا سەربەرز و سەرکەوتوو هاتۆتە دەرەوە. چونکە پێکهاتەی سیاسی دیموکراسی لیبرال، دەسپێکێکی بەهێزە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات. ئەم سیستەمە لەگەڵ تاقمی بوروکراتی سیاسی هاودەنگە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەپارێزێت.
بەڕای هەندێ کەس لیبرالیزم بەهۆی سەروساختی لەگەڵ سەرمایەداریدا ناتوانێ بەو بەڵێنەی کە لەمەڕ ئازادی تاکەکەس بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داویەتی وەفادار بێت. چونکە لیبرالیزم پارێزەری بەرژەوەندی چینی بەهرەدار لە خاوەندارێتی تایبەتە کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێ و شەڕی چینایەتی و بەرزبوونەوەی هەڵپەی شەڕ و پێکدادانی جیهانی.
دیموکراسی مەسیحی
ئەم زاراوە بۆ ئەو حیزبە سیاسییانەی ئەورووپا بەکار دێت کە لەگەڵ کلێسەی مەسیحی ــ زۆرتر کاتۆلیکەکان ــ هاوپەیمانن و بە حیزبی دیموکرات مەسیحی ناویان دەرکردووە و ئەندامەکانیشی بە «دیموکرات مەسیحی» دەناسرێن. ئەم حیزبانە لە سەدەی نۆزدە، بەدژی سەرمایەداری و سۆشیالیزم و جوولەکان بوون. لە 1945 بەدواوە، لە شێوازی پێشووی خۆیان وەکوو حیزبێکی سەرەکی لایاندا و بوون بە کۆنەپارێز و لە وەڵاتانی فرەنسێ و نەمسا و ئیتاڵیا و بەلیکا و ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.
دیموکراسی پیشەسازانە
بەپێی ئەم بیرۆکە، ئەبێ کرێکاران لە بڕیارەکانی هاوپێوەند لەگەڵ کارخانە پیشەسازییەکاندا بەشدار بن. لەم بارەوە تیۆری جۆراوجۆر هاتۆتە ئاراوە کە سەرەنجامی ئەم تیۆرییانە خوازیاری ڕووخانی سەرمایەداری و چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکارانە. تیورییەکی نوێ لە بارەی دیموکراسی پیشەسازانەوە ئاڕاستە کراوە کە پێی وایە ئەم سیستەمە، سەرمایەداری و شانوشکۆی بەڕێوەبەرانی قبووڵ کردووە و ئەم ڕاستییەی درکاندووە کە کرێکاران ناتوانن لە بەڕێوەبردنی کارخانە پیشەسازییەکان سەرکەوتوو بن.
سایبر دیموکراسی
ئەم زاراوە لەم دواییانەدا بۆ ئاماژەکردن بە پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تەکنولۆجیای نوێی کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێت بۆ نموونە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەرجی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری سیاسی.
سۆسیال ئیمپریالیزم
یەکەم جار، لێنین، ئەم زاراوەی لە ساڵی 1916 بۆ بەرپەرچدانەوەی کائۆتسکی و ڕێبەرانی دیکەی سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا بەکار هێناوە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە زمان لایەنگری سۆشیالیزمە و بە کردەوەش، سیاسەتی ئیمپریالیستی پیادە دەکات.
دوابەدوای دەرکەوتنی ناکۆکی و کێشەی ئایدیۆلۆجیکی لە نێوان چین و سۆڤیەت، چینییەکان ئەم زاراوەیان وەک ناتۆرە، بە سۆڤیەتیەکانەوە لکاند. ئەوان پێیان وابوو کە سۆڤیەتیش زلهێزێکی ئیمپریالیستیە کە دەخوازێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم، وێڕای دەسەڵاتدارییەتی بە سەر وەڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەریان داسەپێنێ و لە سەرچاوە سرووشتی و مرۆڤییەکانی ئەم وەڵاتانە کەڵک وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، چینییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە سۆڤیەتیش وەڵاتێکی ئیمپریالیستیە بەس تەنیا جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئابوورییەکەی کە لەبری ئەوەی سەرمایەداری تایبەتی بێت، سەرمایەداری دەوڵەتییە. لایەنگرانی سۆسیال ئیمپریالیزم، ئیمپریالیزمی تازەپێگەیشتووی سۆڤیەتیان، لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژاوا بە مەترسیدارتر دەزانی.
سۆسیال دیموکراسی
لقێکی سۆشیالیزم و بزاوتی کرێکاری لە ئەژمار دێت کە جەخت دەکات لە سەر بنەمای دیموکراسی بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بڕوای بە ڕیفۆرم (چاکسازی) هەیە نەک شۆڕش. لە باری مێژووییەوە، سۆسیال دیموکراسی لە پاش ئینتەرناسیۆنالی یەکەم بەدیهات. لەو کاتەدا زۆربەی حیزبە سۆسیالیستەکان کە دواتر لە «ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست» کۆمەڵیان بەست، کەمتاکورتێک لەگەڵ ژیانی سیاسی وەڵاتانی خۆیان یەکپارچە بوون و یەکیان گرتەوە.
لە باری تیۆرییەوە لە ئەورووپا بزاڤی سۆسیال دیموکراسی تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجامی پیاچوونەوە بە مارکسیزم و دەست بەردان لە دۆگماتیزمی تیۆری بوو. دوابەدوای سەرکەوتنی بولشویزم لە سۆڤیەت، ڕیفۆرمخوازە سۆسیال دیموکراتیەکان بە یەکجاری لێک جیابوونەوە و تەنانەت بەدژی یەکتر ڕاوەستان. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، سۆسیال دیموکراتەکان هەیمەنەی خۆیان لە ئەورووپای ڕۆژاوا بەدەستهێنایەوە بەڵام لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات سەرکوت کران. سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سۆسیال دیموکراتی ئەورووپای ڕۆژاوا لە ڕوانگەی هەندێ لە ئەندامانی ئەم حیزبانەوە سازشکارانە بوو، بەم بۆنەوە لە نێوان باڵی ڕاست و چەپی ئەوان، کێشە دروست بوو.
ئینتەر ناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951، گرنگترین ئامانجەکانی بزاوتی سۆسیال دیموکراسی بەم جۆرە پێناسە دەکات:
سۆشیالیزم، خوازیاری جێگیربوونی سیستەمێکە لە بری سەرمایەداری کە تێیدا قازانجی گشتی بە سەر قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسی زاڵ بێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش دەبێ بەرنامەیەکی وا بۆ بەرهەمهێنان دابڕێژرێت کە قازانجی هەموان لە بەرچاو بگرێت. ئەم بەرنامەش بە کۆجێکردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەستی کەمینەیەک سەرناگرێت بەڵکوو پێویستیەکەی چاودێرییەکی دیموکراتیانە و کاریگەرە بە سەر ئابووردا. کەواتە سۆسیال دیموکراسی، لەگەڵ پلاندانانی سەرمایەداری و هەر چەشنە بەرنامەیەکی تۆتالیتەری بە توندی دژایەتی دەکات چونکە هەردوکیان لە بەردەم چاودێریی گشتی بە سەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی یەکسانی بەرهەمەکان تەگەرە سازدەکەن. جاڕنامەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سۆشیالیزم بەدەر لە دیموکراسی بەدی نایە و بە «سۆسیالیست» ناوبردە کردنی هەندێ لەو وەڵاتانەی کە بە سیستەمی تۆتالیتەری ئیدارە دەکرێن، بە هەڵە دەزانێ. سۆسیالیستەکان بۆ پێشڤەبردنی دیموکراسیەت لە پیشەسازیی و ئاستەنگ کردنی بیرۆکراسی، بەهێز کردنی یەکیەتییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکان بە پێویست دەزانن.
بە درێژایی سەدەی بیستەم، چ لە لایەن بیردۆزان و چ جەماوەرەوە، سۆشیالیزم بە واتای بەربڵاوی حکوومەتکردن بەسەرخۆدا هاوپێوەند لەگەڵ دیموکراسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام لە میانەی ئەم سەدەوە تا هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمۆنیستی کە لە 1989 دەستی پێکرد، سۆشیالیزم و دیموکراسی بە گشتی وەک هاودژی یەکتر ناوبردە کراون. هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانە فیکریەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی دیکتاتۆریانەی دەوڵەتانی سۆشیالیستی و تێکەڵبوونی کۆنەپەرستانەی دەزگە سیاسیەکانی لیبراڵ ـــ دیموکراسی لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە وەڵاتانی سەرمایەدار.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی یان سۆسیال دیموکراسی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە لایەن ئیدوارد برێنختاین، یەکێک لە مارکسیە ئەڵمانیەکان هاتە ئاراوە. برێنختاین، ڕایگەیاند کە پێشبینییەکانی مارکس دەربارەی مەرگی سەرمایەداری و دواتر بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار ـــ کە ئەودەم نوقڵانەیەکی زانستی لە قەڵەم درابوو ـــ هەڵە و نادروستن. دەرکەوتنی ئەم ناڕاستییە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاوتێک کە بە ناخی سۆشیالیزمدا بچێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە پەرلەمان و شێوازی ڕیفۆرمخوازانە، وەرچەرخانێک بە ڕێبازەکە بێنێت کە لەم ناوەدا دیموکراسی کۆمەڵایەتی، وەک ئاستێکی ناوەنجی سۆشیالیزم و لیبرالیزم پەسند بکات.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی، سیاسەتێکی یەکسانخوازانەیە کە بڕوایەکی بەهێزی بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نوێ هەیە و بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت دەزانێ کە سەرلەنوێ داراییەکان دابەش بکاتەوە. سۆسیال دیموکراسی، بنەما ئازادیخوازییەکان لە بابەت دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئابووری تایبەتی و دەوڵەتی پەسند دەکات و سەرنج دەداتە ڕیفۆرمی سیاسی و وەفاداری خۆیان بە ئارمانجی ئەخلاقی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنن.
بە باوەڕی مارکسییەکان، دیموکراسی ڕۆژاوا دیموکراسی بۆرژوازییە کە لە خزمەت چینی سەرمایەداردایە. ئەوان پێیان وایە کە باشترین شێوازی دیموکراسی، دیموکراسی سۆشیالیستییە چونکە لە خزمەت زۆرینەی هەرەزۆری ڕەنجدەرانە و بەرژەوەندییەکانیان بە باشی دەپارێزێ و ژێرخانە ئابوورییەکەشی، موڵکداریەتی گشتییە لە پێناو کەرەستەی بەرهەمهێناندا.
بەپێی ئەم مەرامە، لە سیستەمی سۆشیالیستیدا، عەدالەتی ڕاستەقینەی تاکەکان بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و زایەند لە هەموو بوارەکان دابین دەکرێت.
سەنترالیزمی دیموکراتی
وشەکە بە مانای ناوەندێتی دیموکراسیە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ڕێبازی لینینیزم و وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستن لە هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بەکاردێت. لە داکەوتدا بریتیە لەوەی تەواوی ئۆرگانە حیزبیەکان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بێنە مەیدانی سیاسەت. بەپێی ئەم بنەمایە ئازادی بیروڕا لە ناو حیزب و هەڵبژاردنی ئازادانەی ڕێبەرانی حیزبی، دەبێ لەگەڵ پێگەی حیزبی و ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ئەو بڕیارانەی کە بە شێوازێکی دیموکراسی دەردەکرێن ئاوێتە بێت.
لە ڕوانگەی مارکسیەکانەوە، ناوەندێتی و دیموکراسی دوو ڕەهەندی یەک دیاردە لە ئەژمار دێن. دوابەدوای جێگیر بوونی سۆشیالیزم لە هەندێ لە وەڵاتان، سەنترالیزمی دیموکراتیک بووە هۆی فراژووتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی نوێ و لایەنگرانی مائۆ باوەڕیان وایە کە دیکتاتۆری پرۆلتاریا بە پیادەکردنی ئەم ڕێبازە بە هێزتر دەکات. لە ڕوانگەی سەنترالیزمی دیموکراتیەوە دەبێت بیر و بڕوای ڕاست و دروست کۆ بکرێتەوە و سیاسەتی کایەکردن یەکلایەن بکرێتەوە. زۆرینەی سەنترالیزمە دیموکراتیەکان، بۆتە هۆی زاڵبوونی یەک یا چەند کەس بە سەر حیزبەکەدا.
سەنترالیزم لە لایەن حیزبە مارکسیەکان بەم جۆرە پێناسە دەکرێت:
1ــ حیزب خاوەنی بەرنامەیەکی ناوازەیە.
2ــ خاوەنی یەک ڕێبەرایەتییە.
3ــ هەموو بنکە و ئۆرگانەکان ملکەچی ناوەندی حیزبەکەن.
دیموکراسیش بریتیە لە:
1ــ هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان بە هەڵبژاردن دێنە مەیدانەوە.
2ــ ئۆرگانەکان ڕاپۆرت دەنێرن بۆ مەقاماتی سەرتر لە خۆیان.
3ــ مەسەلە گەورەکانی حیزب لە ناو حیزبدا باسیان لێدەکرێت.
قەیرانی دیموکراسی
هەندێ زاراوە کە لە گوتار (discourse) ی سیاسیدا بەکار دەبرێن، زۆرجار بە دوو مانا شرۆڤە کراون: یەکەم، واتای فەرهەنگی. دووهەم، مانایەک کە لە جەنگێکی ئایدیۆلۆژیکی بەکار دەبرێت. زاراوەی دیموکراسی یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە فەرهەنگی زاراوەدا بە مانای کۆمەڵگەیەکی خەڵکییە کە ئەندامانی دەتوانن لە کاروباری کۆمەڵگە هاوبەش بن و لە دانانی بڕیارەکاندا دەوریان هەبێت. مانایەکی دیکەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ناوەرۆکێکی ئایدیۆلۆژیکی هەیە، واتە کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر دەسەڵاتی توێژێکی نوخبە و بازرگان و کاسبکاردایە و کۆمەڵی خەڵک تەنیا دەوری بینەر ببینن. هەربۆیە بە باوەڕی هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی ڕۆژاوا ئەگەر جەماوەری خەڵک، بەڕاستی بخوازن لە کاروباری کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن، کەشێکی وا دێتە کایەوە کە بە قەیرانی دیموکراسی ناوبردە کراوە. قەیرانی دیموکراسی کاتێک کۆنترۆڵ دەکرێت کە جەماوەر لەمەڕ بەشداری و هاوبەشی لە کاروباری کۆمەڵگە بێمەیل بکرێت و هان بدرێت کە بگەڕێتەوە بۆ پێگە و شوێنی خۆی.
ناسینەوەی دووفاکتۆ/نیمچەسەربەخۆ
لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بە مانای پەسندکردنی دەوڵەتێکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکە و کردنەوەی سەری پێوەندی و پابەندی دوولایەنە لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یا بێ سنوور. دووفاکتۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆر دێتە ئاراوە:
1) ناسینەوەی واقیع کە بریتییە لە دان پێدانان بە هەبوونی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بتوانێ بۆ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا. ئەم جۆرە ناسینە، بەری تەسکە چونکە ئاستی پێوەندییەکان لە دۆخێکی نزمدا دەمێنێتەوە و پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا ناکرێتەوە.
2) ناسینەوەی قانوونی de jure کە بریتییە لە ناسینی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانێ لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا و ڕاپەڕاندنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. ئەم جۆرە ناسینە، کۆی پێوەندی دیپلۆماسی و پارێزراویی نوێنەرانی سیاسی لەخۆدەگرێ.
نیمچە دەوڵەت
ئەم زاراوە بەو دەوڵەتانە دەگوترێ کە پێشتر ژێردەستە بووبێتن و لەجوملەی وەڵاتانی کۆڵۆنی لە ئەژمار دەهاتن بەڵام لە ئەنجامی پرۆسەی سڕینەوەی ئیستیعمار، نیمچە سەربەخۆییەکیان بەدەستهێناوە. ئەم دەوڵەتانە خاوەنی هەموو میکانیزمێکی فەرمانڕەوایی و حاکمییەت بوون بەڵام بێ بەهرە بوون لە ئیرادەی سیاسی و دەسەڵات و هێزی ڕێکخراوەیی بۆ پیادەکردنی ئاسایش و خۆش گوزەرانی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ. لە ڕاستیدا نیمچە دەوڵەتەکان، تەنیا بەناو دەوڵەت لە ئەژماردێن. ئەم دەوڵەتانە ئەگەرچی بەپێی ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی لە دوای ساڵی 1945 دامەزراون بەڵام بێتوانا و ناڕەوا و لاوازن.
نیمچەدیموکراسی
ئەم زاراوە بۆ پێناسە کردنی ئەو وەڵاتانە بەکار براوە کە ڕووەو گەشەسەندنن. لە نیمچە دیموکراسیدا ژیانی سیاسی، نە بە تەواوی دیموکراتیە نە تۆتالیتەری. ئەم وەڵاتانە هێشتا هەر لە گێژاوی پرۆسەی مۆدێرنە و هەنگاونان لە سوننەتەوە بۆ مۆدێرنیتەدا مۆنج دەخۆن و کێشمەکێشی ئەم هەلومەرجە، لە جێگیربوونی هەردوو سیستەمەی دیموکراسی و تۆتالیتاریزم بەرگری دەکات. هەروەها پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆنباو و کەلتووری سوننەتی لێک ترازاو بواری دامەزرانی سیستەمی سیاسی مۆدێرن ناڕەخسێنێت. سەرمەشقی ڕێکخستن لەم وەڵاتانەدا بریتییە لە سێ شۆڕشی مێژوویی فرەنسی و شۆڕشی پیشەسازیی و شۆڕشی سۆڤیەت. هەرکامێک لەم شۆڕشانە بە جۆرێک بوونەتە سەرمەشق بۆ پێکهاتەی سیاسی ئەم وەڵاتانە. بۆ وێنە لە شۆڕشی فرەنسا، بیرۆکەی یاسا و حاکمییەتی نەتەوەیی و دیموکراسی وەرگیراوە، لە شۆڕشی پیشەسازیی بیرۆکەی گەشەسەندنی ئابووری و مۆدێرنە و لە شۆڕشی سۆڤیەتیش، دەوڵەتێکی بەزەبر و زاکوون و دەسەڵاتدار بۆتە سەرمەشق و ئایدیالی حکوومەت. هەموو ئەم بیرۆکە و سەرمەشقانە ئاوێتە بووە لەگەڵ پێکهاتەیەکی خۆماڵی بە قەبارەیەکی ئیستبدادی و یەزدانگەرا و باوکسالارەوە.
بە گشتی بۆ پیادەکردنی دیموکراسی لە وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن، چەندین کۆسپ و تەگەرە لە بەردەمدایە کە بریتین لە:
- دەسەڵات و شەوتی پیاوماقووڵان و گەورەپیاوان کە دیموکراسی بەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن.
- هەژمۆنی بەها و بایەخە موتڵەقەکان و بەهێزبوونی نەریتەکان.
- مانەوەی هێزە دەسەڵاتدارە کۆنەکان، بۆ وێنە دەرباری شا و سوڵتان.
- دەزگە بەهێزە ئایینیەکان و هێزی سەربازی.
- نەبوونی چینی مامناوەندی بازرگان و پیشەسازی.
- قووڵبوونی ئاریشە و لەمپەرە ئەتنیکی و ئایینی و کەلتوورییەکان.
سەرەنجامی کۆبوونەوەی ئەم هۆکارە گرنگانە لە وەڵاتانی ڕووەو گەشەسەندن، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی نیمچە دیموکراسییەکی سەقام نەگرتوو کە هەمیشە دەوڵەتەکانیان لە بەینی ئۆتۆکراسی و ئۆلیگارشی و پۆپۆلیزم و تۆتالیتاریزم و دیموکراسیدا لە هەلاجان دەهێڵێتەوە.
هاوپەیمانی/هاوسوێندی
یەکگرتنی کاتیی چەند حیزب یا لایەنی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکان. لە سیستەمێکی پەرلەمانی فرەحیزبی کە هیچکام لە حیزبەکان نەتوانن ڕێژەیەکی دەنگ بۆ دامەزرانی دەوڵەت بەدەس بێنن، چەند حیزبێک بۆ ئەم مەبەستە دەبنە هاوپەیمان. هاوپەیمانی پەرلەمانی بەزۆری بۆ هێشتنەوە یا هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی تایبەت دێتە کایەوە بە شێوازێک کە حیزبە گەورەکە لەگەڵ یەک یان چەند حیزبی بچوکتر دەبێتە هاوپەیمان و بە ڕێژەی دەسەڵاتیان بەشداری حکوومەت دەکەن.
ڕەنگە هاوپەیمانییەتی لایەنێکی نەرێیی (سەلبی) بێت واتە بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت بێت. بۆ وێنە لە فەرەنسە، پاش شەڕی جیهانی دووهەم کومۆنیستەکان و باڵی ڕاستی توندڕەو بوونە هاوپەیمان و حکوومەتی ئەو سەردەمەیان ڕووخاند.
هاوپەیمانییەتی لە هەڵبژاردندا بەم جۆرەیە کە حیزبە هاوپەیمانەکان، بە قازانجی یەکدی دەنگ دەدەن بە لیستەیەکی هاوبەشی پاڵێوراوان و هەرێمەکان بە ڕێژەی خۆیان دەسەڵات دابەش دەکەن. ئەم شێوازە لە کۆماری چوارەمی فەرەنسەدا بە کارهات.
لە سیستەمی دووحیزبی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئەم زاراوە مانایەکی دیکەی هەیە بەم واتایە کە چەند گرووپی ناو دوو حیزبـە کە (دیموکرات و کۆماریخواز) بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ سیاسەتی حکوومەت یەک دەکەون. وەک چۆن دیموکراتەکانی باشوور و کۆماریخوازەکانی باکوور بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ بڕیاری ڕۆزڤێڵت و تڕۆمێن یەککەوتن.
پەیماننامە
بڕیاڕێکی نێونەتەوەییە کە لە چەندین بابەتی جۆراوجۆر لەنێوان دەوڵەتەکاندا مۆر دەکرێ:
پەیمانی یەکگرتن: بەڵێن و قەرارێکە لە بەینی دوو یا چەند دەوڵەت بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی لەڕێگەی سەربازی یان هاریکارییەوە.
پەیمانی یەکگرتنی نێونەتەوەیی: وەک یەکیەتی پۆستی.
پەیمانی یەکگرتن بۆ بەرگری.
پەیمانی یەکگرتن بۆ دەستدرێژی: وەک هاوکاری لەمەڕ داگیرکردنی وەڵاتێک.
پەیمانی یەکگرتنی گشتی.
پەیمانی یەکگرتنی سەربازی.
پەیمانی بێلایەنی: (هەمیشەیی و کاتی)
پەیمانی وازهێنان لە دوژمنایەتی ڕەها.
پەیمانی سیاسی و بازرگانی و تایبەتی.
پەیمانی ئاشتی.
پەیمانی هاوکاری.
پەیماننامەی بەغدا
لە 24ی فێورییە 1955 لەنێوان دوو وەڵاتی تورکیا و عێر��ق ڕێککەوتننامەیەکی دووقۆڵی بە ناوی «پەیمانی هاوکاری دوولایەنە» لە بەغدا مۆر کرا کە بە پەیماننامەی بەغدا ناوی دەرکرد.
ئامانجی ئەم پەیماننامە بریتی بووە لە زامنکردنی بەرگری و هێمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوولایەن لە پێناو داکۆکیکردن لە ئاسایش و هێمنی و بەختەوەری و بەهرەمەندی نەتەوەکانی خۆیان، هاریکاری یەکتر بکەن. بەپێی مادەیەکی ئەم پەیماننامە، بەئەندامبوونی وەڵاتانی ناوچەکە ئازاد بووە و هەر بۆیە بەریتانیا لە 30ی مارسی 1955 و پاکستان لە 23ی سێپتەمبەر و ئێرانیش لە 11ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ هاتنە ناو پەیمانەکەوە.
پێکهێنانی پەیمانی بەغدا، بەرئەنجامی چالاکانەی دەوڵەتی ئەمریکا بە تایبەت «فاستر داڵس»، وەزیری دەرەوەی ئەم وەڵاتە بوو کە دەیویست ڕێکخراوەیەکی بەرگری بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێک بهێنێت تاکوو لە دزەکردن و پەرەستاندنی سۆڤیەت بۆ ناوچەکە ڕێگر بێت. بەڵام لە بەر گومان نەکردن و دەسخەڕۆکردنی سۆڤیەت، ئەمریکا خۆی نەبووە ئەندامی ئەم پەیمانە. دوای کۆدەتای 14ی ژووئیەی 1958 لە عێراق، دەوڵەتی عەبدولکەریم قاسم، ڕایگەیاند کە بە هەموو پەیمان و شەرت و قەرارەکانی وەڵاتەکەی وەفادارە. بەڵام بە کردەوە لە هیچ کام لە دانیشتنەکانی ئەم پەیماننامانە بەشداری نەدەکرد تا ئەوەیکە دوای کۆتایی هاتنی پێنج ساڵەی یەکەمی پەیمانەکە لە ساڵی 1960 خۆی لێکێشاوە.
پاشان ناوەندی پەیمانەکە لە بەغداوە بۆ ئەنقەرە گواسترایەوە و ناوەکەشی لە مانگی ئاگۆستی 1959 بە ڕێکخراوەی پەیمانی ناوەندی (سێنتۆ) گۆڕدرا. ئەم ناوەش ئاوێتەیەک بوو لە دوو پەیمانی (ناتۆ) و (سیتۆ) کە تورکیە و پاکستان هەرکام تێیدا ئەندام بوون.