تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سەربازی نەناسراو (سەربازی ون)
لە زۆربەی وەڵاتان بووەتە باو کە تەرمی سەربازێکی نەناسراو وەک نوێنەر و سیمبۆلی هەموو کوژراوانی شەڕ لە شوێنێکی تایبەت بنێژن و لە گۆڕەکەی ڕێز بگرن. دیاردەی سەربازی نەناسراو یا سەربازی ون، یەکەم جار لە بریتانیا داهات تاکوو هەرکەس لە شەڕدا کەسێکی لە دەست دابێت، تەرمی گۆڕی سەربازی نەناسراو بە شەهیدی خۆی بزانێت.
ئاسایشی نێونەتەوەیی
حاڵەتێکە کە تێیدا هاوکێشە لەنێوان دەسەڵاتەکان بەرقەرارە و کەس دەستدرێژی ناکا بۆ هەرێمی ئەویتر. هەرکاتێک یەکێک لە دەوڵەتەکان ئەم کارەی کرد، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی نەیارەوە «ئاسایشی نێونەتەوەیی کەوتۆتە مەترسییەوە» هەرکاتێکیش ئەم شتە ڕووی دا، مانای وایە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی
بیرۆکەی دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەها بۆ سوودوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی، ئەگەڕێتەوە بۆ 1950 بە دواوە. لە ساڵی 1953 لەسەر پێشنیازی «ئایزێنهاوەر» سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا سەرچاوەیەک بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت. لە ساڵی 1954، کۆمەڵی گشتی بڕیارنامەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی" مۆر کرد و سەرەنجام لە 29ی ژووەنی 1956 ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاژانس لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند کرا. ئاژانس وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی سەربەخۆ، بەرپرسیارییەتی سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ خزمەت بە ئاسایشی زیاتر بەرعۆدە گرتووە.
بەگشتی ئامانجەکانی ئاژانس لە دوو تەوەردا کورت دەکرێتەوە: یەکەم، کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی و ڕەونەقبەخشین و پەرەپێدانی بۆ خزمەت بە ئاشتی و تەندروستی و پێشکەوتن و بەهرەداری لە تەواوی جیهان. دووهەم، بێخەم بوون لەوەیکە ئەو هاریکاری و زانیارییانەی کە لە لایەن ئاژانسەوە ئاڕاستە دەکرێ، بۆ ئامانجی سەربازی و جەنگی بەکار نابرێت.
ئەرکێکی دیکە کە بە ئاژانس سپێردراوە، ئەوەیە کە ڕێ خۆش بکات بۆ پاراستن و پیادەکردنی پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ناوەکی Non Proliferation Treaty (NPT) . تا ئێستە بنکەی ناوەکی زۆربەی وەڵاتان کەوتونەتە ژێر چاودێری ئاژانسەوە، ئەم چاودێرییە، 95% پێگە ناوەکییەکانی جیهان بێجگە لەو پێنج وەڵاتەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین ئەگرێتەوە. ئاژانس پێکهاتووە لە 35 ئەندام و ناوەندەکەشی لە شاری «ڤیەنا»ی لە وەڵاتی «نەمسا»یە.
ئەخلاقی نێونەتەوەیی
بریتییە لەو بەڵێن و پەیمانە ئەخلاقییانەی کە وەڵاتانی جیهان لە پێوەندی ناوخۆیان جێبەجێی دەکەن. قانوونی ئەخلاقی، وەڵاتەکان پێمل دەکات کە لە بەرانبەر یەکتردا بە دەروونپاکی و ڕاستگۆیانە هەڵسوکەوت بکەن و لە کاتی شەڕدا دڵڕەشی و ڕق و کینە بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزێنن و لە کاتی ئاشتی، پتر دڵپاک و خێرخواز بن و لە قەدەر توانای خۆیان یارمەتی یەکتر بدەن.
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
دادگەی نێونەتەوەیی داد
ئەم دادگەیە لقی دادوەری ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1946 بەمەبەستی ڕاگەیشتن بە کێشە و ناکۆکیە نێودەوڵەتییەکان دامەزرا و ناوەندەکەشی لە شاری لاهای هۆڵەندایە. ئەم دادگەیە پانزە دادوەری باڵای هەیە کە لە لایەن کۆمەڵەی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی 9 ساڵ هەڵدەبژێردرێن و هەر ساڵەی پێنج کەسیان دەگۆڕێ. ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، هەمیشە مافی پاڵاوتنی یەکێک لەو دادوەرانەیان هەیە و دەتوانن هەڵیبژێرن.
ئەو کێشانەی کە لە دادگەی نێونەتەوەیی لاهای لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ بریتین لە:
ــ گۆڕینی هەموو ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکان.
ــ چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتە یاساییانەی کە وەکوو پرسیار لە لایەن دەوڵەتانی ئەندام دەخرێتە بەردەم دادگەوە.
ــ دیاریکردنی ئاستی بەرکەوتنی زیانێک کە لە ئەنجامی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ڕووبەڕووی وەڵاتێک دەبێتەوە و چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەیان.
دادگەی نێونەتەوەیی داد تاکوو ئێستە چارەسەری بۆ چەندەها کێشەی نێودەوڵەتی دۆزیوەتەوە بەڵام فەرمانەکانی هەمیشە ناگەنە ئاستی جێبەجێکردن .
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا: بڕوانە مافەکانی مرۆڤ.
دەروونناسی سیاسی
لە ساڵەکانی 1910 بەملاوە، واڵتێر لیپمەن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (1889-1974) گوتی: گەورەترین هەڵەی ئەندێشەی سیاسی ئێمە ئەوەیە کە بێ ڕەچاوکردنی«مرۆڤ»، دەم لە سیاسەتەوە بەین.
بابەتی دەروونناسی سیاسی، لێکدانەوەی کاریگەریی کەسایەتی جەماوەرە بەسەر سیاسەتدا بە تایبەت گرنگایەتی سایکۆلۆژی لە بڕیارە سیاسییەکاندا سەرنجی پێدراوە. بەم حاڵەش جۆراوجۆری قوتابخانە دەروونناسییەکان بۆتە هۆی فرەچەشنی دەروونناسی سیاسی. بۆ وێنە جەختکردن لەسەر سایکۆلۆجی فرۆید، سایکۆلۆجییەکی سیاسی جیاوازیش دێنێتە ئاراوە.
دەروونناسی سیاسی، خۆی بە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان سەرقاڵ دەکات. متمانەکردن بە خۆ، هەستکردن بە گوناهباری، هەست بە ئاسایش یا نائەمنی، خودشەیدایی، ئیگۆی لاواز یان بەهێز و… لە جوملەی بابەتەکانی توێژینەوەی دەروونناسی سیاسی لە ئەژمار دێن. بەڕای هەندێ لە پسپۆڕانی ئەم زانستە، سیاسەت بۆ ئەو کەسایەتییانە دڵڕفێنە کە لە قۆناخی منداڵی یا هەرزەکارییان تووشی شکست و سووکایەتی و نامورادی بوبێتن. وەها کەسانێک ئەیانهەوێت بە وەدەسهێنانی دەسەڵات، ئەم کەموکووڕییانەی ژیان قەرەبوو بکەنەوە.
بەم پێیە دەروونناسی ڕێبەرە سیاسییەکان، بەم سێ شتەوە پەیوەستە: یەکەم ناسینی پاڵنەرەکانی کەسایەتی، دووهەم چۆنییەتی بە سیاسیکردنی ئەم پاڵنەرانە و سێهەم پاساودانیان بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. لەم ڕوانگەوە ڕەفتاری سیاسی ڕێبەران بریتییە لە دیتنەوە و ئاشکراکردنی پاڵنەرە دەروونییەکان و گرفتە شەخسییەکانی تافی منداڵی ئەوان.
سەندوقی نێونەتەوەیی دراو
سەندوقی نێودەوڵەتی دراو، بەشێک لە سیستەمی برێتۆن ڤودز بوو کە لە ساڵی 1944 لە ئەمریکا دامەزرا و دواتر بوو بە ڕێکخراوەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و بە شێوەیەکی ڕەسمی لە ساڵی 1945 دەست بەکار بوو. ئەم سەندوقە لەگەڵ بانکی جیهانی گرنگترین دامودەزگەی پێوەندی ئابووری قۆناغی دوا شەڕی جیهانی لە ئەژماردێن. ئامانجەکانی ئەم سەندوقە بریتین لە: پەرەپێدانی هاوکاری پێویست لەناو وەڵاتان، دروستکردنی سیستەمێکی دراویی، پەرەپێدانی بازرگانی نێودەوڵەتی، سپاردنی سەرمایە بە سەندوق، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و...
هەر ئەندامێک دەبێ ساڵانە ئابوونەی ئەندامێتی بدات کە بەشێکی زێڕ یا دۆلارە و پاشماوەکەی دراوی ناوخۆیی ئەو وەڵاتەیە. هەر وەڵاتێکی ئەندام پاش پەسندبوونی لە لایەن دەستەی کارگێڕی سەندوق، دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی خۆی قەرزی کورتخایەن لە سەندوقەکە وەربگرێ بە مەرجێک کە بڕی قەرزەکە لە 25% مافی ئەندامێتی زیاتر نەبێت. دەستەی کارگێڕی کە لە دوازدە ئەندام پێکهاتووە کاروباری گشتی سەندوق بەڕێوە دەبەن. پێنج کەس لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە لایەن ئەو پێنج وەڵاتەوە دەبێ کە زۆرترین پشکیان لە سەندوقدا هەیە و حەوت کەسەکەی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن. بەرێوەبەرایەتی و کۆنترۆڵی سەندوق لە لایەن وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا و وەڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپاوەیە کە زیاترین دارایی و ئابوونەی ئەندامەتیان هەیە. ئەنجومەنی گشتی کۆبوونەوەی ساڵانەی هەیە و دەسەڵاتی خۆی بە دەستەی کارگێڕی دەسپێرێ. ناوەندی سەندوق لە شاری واشنتۆن پێتەختی ئەمریکایە.
شوناس
ئەم زاراوە لە وشەی identitas وەرگیراوە و بە دوو مانای بەڕواڵەت هاودژ شرۆڤە دەکرێت: 1) هاوسانی و تەبایی ڕەها. 2) جیاوازی هەمیشەیی. بەگشتی شوناس، پرسیارە لە هەبوونی کەسێک. پرسیار بکەیت: ئەو کەسە کێیە؟ چ تایبەتمەندییەکی تاکی و کۆمەڵەکی هەیە؟
ئەو ڕەگەزانەی کە هەوێنی پرسیار لە شوناسی کەسێک پێک دێنن، بریتین لە: نیشتمان، میژوو، زمان، ئەدەب، ئایین، پێکهاتە و ستراکتووری سیاسی، کولتوور و هونەری هاوبەش. چەمکی شوناس بابەتی کێشمەکێشی تیۆری نێوان دوو زانستی سایکۆلۆجی و کۆمەڵناسی بووە لەمەڕ توێژینەوەی لایەنی تاکەکەسی و لایەنی کۆمەڵایەتی ئەم چەمکە. ڕەهەندی تاکەکەسی شوناس، بریتییە لە هەستی ئێمە دەربارەی ئەو شتانەی کە هەر تاکێک لە ئەویدی جیادەکاتەوە کە ئەویش، دەرک و ناسینێکە لە «من». هەست کردن بە شوناسی تاکەکەس، دەرەنجامی دایەلیکتیکیی نێوان تاک و کۆمەڵگەیە و لە هەست و خۆست و بۆچوونەکانی تاکدا خۆی نیشان دەدات. ڕەهەندی شوناسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە وێکچوواندن و گونجانی «ئێمە» لەگەڵ ئەوانی دی. ئەم شوناسە ڕوونکەرەوەی چەمکی «ئێمە»یە.
شوناس، بە کەس نابەخشرێت بەڵکوو لە ڕێگەی دانوستان و مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دی ، دێتە بەرهەم. لەم ڕوانگەوە دەکرێ شوناس بە پرۆسەیەکی درێژخایەن لە قەڵەم بدرێ کە هەمیشە لە حاڵی گۆڕاندایە. بۆ نموونە شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیکی مرۆڤی کورد بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ. ڕەنگە کوردبوون لە هۆڵەندا لەگەڵ کوردبوون لە کوردستان دوو شتی جیاواز بن یا کوردبوونی 2009 لەگەڵ کوردبوونی 1920 جیاوازیان هەبێت.
شوناس بابەتێکی فرەڕەهەندە. هەرکامێک لە ئێمە خاوەنی چەند شوناسێکە کە لایەنە بەرجەستەکەی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ژیانمان تووشی گۆڕان دەبێت. کەسێک کە لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی لە کاتی باسکردن لە سیاسەتی نێونەتەوەیی شوناسی ئەمریکی بەخۆ دەگرێ. لە بەرەبەیانی یەکشەممەدا خۆی بە کاسۆلیک لە قەڵەم دەدات، کاتێکیش سەیری یارییەکی فۆتبۆڵی جیهانی دەکات، دەکەوێتەوە بیری باووباپیرانی لە هۆڵەندا.
شوناسی نەتەوەیی
شوناسی نەتەوەیی ئەو کاتە لە دایک بوو کە چەمکی نەتەوە بە مانا ئەمڕۆییەکەی هاتە ئاراوە. شوناسی نەتەوەیی، دیاردەیەکی مۆدێرنە کە لەسەر گریمانەی هەبوونی بزاوتێکی ناسیۆنالیستی و هۆشیاری نەتەوەیی دامەزراوە. دوای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، شوناسەکان بە قەبارەی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن. کەواتە بۆ بەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی، دەبێ ئەندامانی نەتەوەیەک خۆیان بە دامەزرانەرانی نەتەوە و دواتر شوناسێکی هاوبەش بزانن.
(ئیرنێست ڕینان گوتەنی)، شوناسی نەتەوەیی، لەسەر بنەمای نیشتمانی هاوبەش، زمان و کولتووری هاوبەش، ئایینی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ویستی هاوبەش و پرەنسیپی سیاسی و یاسایی هاوبەش پێناسە دەکرێت. بەڵام هەروا کە شوناسە نەتەوەییەکانی وەڵاتانی فرەکەلتوور یان نەتەوە بێدەوڵەتەکان نیشانی داوە، هیچکام لەم تایبەتمەندییانە ماکی دانەبڕاوی شوناسی نەتەوەیی نین. کەواتە شوناسی نەتەوەیی دیاردەیەکی فرەڕەهەندە. جیاواز لەمەش، دەکرێ شوناسی نەتەوەیی لە ڕوانگەی مەدەنی یا ئەتنیکیش پێناسە بکرێت. کاتێک پێوانەکانی ئەندامەتی ـــ لە شوناسێکدا ـــ مەدەنی بێت، نەتەوایەتی لەگەڵ شارۆمەندیدا هاوواتا دەبن و لە ڕاستیدا شوناس دەبێتە پرەنسیپێکی سیاسی و یاسایی. شوناسی نەتەوەیی بە پێناسەیەکی مەدەنی، بۆی هەیە ئەندامی نوێ ـــ کە سەر بە کەلتوور یا ئەتنیکێکی دیکە بێت ـــ وەربگرێت و لە خۆیدا جێی بکاتەوە. کەواتە کەسێکی ئەمریکایی دەتوانێ ببێتە فەرەنسی یا ئینگلیزی چونکە سنوورەکانی شوناسی نەتەوەیی تا ڕادەیەک کراوەیە و هەرکەسێک بۆی هەیە ڕەگەزنامەی خۆی هەڵبژێرێت. بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک پێوانەکان تەنیا ئەندامەتی بێت، نەتەوایەتی تەنیا بریتی دەبێ لە مافی شوێنی لەدایکبوون کە ئەویش شتێکی نەگۆڕە. لەم دۆخەدا ئیدی ئاخاوتن بە زمانی زگماکی یا وەدەستهێنانی مافی شارۆمەندی نابێتە ئاریشە، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی کە نەتەوە پێک دەهێنن بنەما سەرەکییەکانی شوناسی خۆیان لەم ئەندامەتییەوە دەستەبەر دەکەن.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی ئاوارەکان
ئەم ڕێکخراوە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە ئاگۆستی 1948 تا دیسەمبەری 1951 ئەرکی چاودێریی و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی بۆ وەڵاتی خۆیانی لە ئەستۆ بووە و ڕاسپاردە و لایەنگری سیاسی و قانوونی ئاوارەکان بووە لەو وەڵاتانەی کە وەردەگیران. ئەم ڕێکخراوە ئەودەم کاتی بووە و بە هەڵوەشانەوەی لە ساڵی 1951 ئەرکەکانی سپێردرایە «راسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان» *.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
جیهانیگەری + جیهانیبوون
ئەگەرچی وشەی جیهانی global) - گلۆڤەر (مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە بەڵام زاراوەی (globalization) لە ساڵی 1960 بەدواوە بڕەوی پەیداکردووە. فەرهەنگی وێبستێر، یەکەم فەرهەنگێکی موحتەبەر بوو کە لە ساڵی 1961 ئەم زاراوەی پێناسە کرد. بەم حاڵە بەرفراوانی «جیهانگەری» وەهایە کە گەیشتن بە پێناسەیەکی پڕ پێست و گونجاو دژوار ئەنوێنێ. ئەم پێناسەی ژێرەوە، کۆی پێناسە و بۆچوونی چەن کەسێکی پسپۆڕە لەم بارەوە:
جیهانگەری، بریتییە لە پڕۆسەی پەستاوتنی کات و شوێن کە بەو پێیە خەڵکانی جیهان کەمتاکورتێک بە وشیارییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تێوەگلێن. بە واتایەکی دیکە ڕەوتێکە کە بەو پێیە تاکەکەس و کۆمەڵگە لە پانتایەکی جیهانیدا یەک دەگرنەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا جیهانگەری، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان زیاتر لە جاران پێکەوە گرێ دەدا و تیۆری دیموکراسی تووشی کێشە و قەیرانێکی نوێ دەکات. کاریگەریی جیهانگەری بە سەر دیموکراسی و حاکمییەتی نەتەوەیی لەم پرسیارانەدا خۆی دەردەخات:
ئایا حکوومەتە دیموکراتییەکان، وەک جاران دەسەڵاتیان بە سەر کاروباری ناوخۆی وەڵاتەکەیان ئەشکێ یا ئەوەی شارۆمەندان بە حکوومەتێک دەنگ ئەدەن کە نەتوانێ بڕیارەکان جێبەجێ بکات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست بازاڕی دۆلار و کۆمپانییە فرەنەتەوەییەکان و بانکە نێونەتەوەییەکانەوەیە!
ئایا لەنێوان هاووەڵاتیانی وەڵاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتی نەتەوەیی، وێکچوویی و هاوشێوەیییەک لە ئارادایە؟ (بۆ وێنە سیاسەتی یارمەتیدان یا پاوەجێکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان) .
ئایا دەکرێ دەزگە نێونەتەوەییەکان، بۆ وێنە «سندووقی دراوی نێونەتەوەیی» و«بانکی جیهانی» بە شێوازێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببرێن؟
بەگشتی دوو ڕوانگەی جیاواز لە بابەت جیهانگەری لە ئارادایە: ڕوانگەی یەکەم، نەیارانی ئەم پڕۆسە لە ئەژمار دێن و ڕوانگەی دووهەم لەگەڵیا هاودەنگن. نەیاران پێیان وایە کە جیهانگیری و یەکپارچەبوونی جیهان زیاتر لە ئەفسانە دەچێ و ئەم زاراوە بە پاڵنەری سیاسییەوە داهاتووە. لەم ڕوانگەوە شتێکی ئەوتۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە و جیهانگەری دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم هەلومەرجەی ئێستە زیاتر لە بارودۆخی سەدەی نۆزدە دەچێ بە واتایەکی دیکە ئەم ڕەوتە دەوامەی مێژووە.
لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەدا هەندێکی دیکە دەڵێن جیهانگەری هەموو شتێکی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێکهاتەی دەوڵەت و ماهییەتی سیستەمی ئابووریی وەڵاتانی تووشی وەرچەرخان کردووە. تیۆری دانەری بەناوبانگی ئەم بۆچوونە، کینچی ئۆمایی لە ژاپۆنـە کە پێی وایە: دەوڵەت ــ نەتەوەکان بەرەو تیاچوون دەڕۆن و پێشبینی دەکات لە 30 ساڵی داهاتوودا 100 تا 300 دەوڵەت ــ شار، بەدی بێت. بە باوەڕی ئانتۆنی گیدێنز، تیۆری دووهەم نزیکترە لە واقیع. ئەو دەڵێ جیهانگەری بە تایبەت لە بەستێنی ئابووردا بە گوتەی ئابووری ناسی بەناوبانگ، دانی کواخ، هێدی هێدی بەرەو ئابوورییەکی بێبارست دەڕوا. ئابووریی سووک لە ئاستی جیهانیدا پەیوەستە بە دانوستان و بازرگانیکردن بە زانیاری نەک بازرگانیکردنی کاڵا و شمەک.
گیدێنز، پڕۆسەی جیهانگەری بە بەرهەمی بەیەکادرانی نەزمی هەمیشەیی و شوێن و کات لە قەڵەم دەدا و پێی وایە ئەم ڕەوتە بە مانای ئاڵوگۆڕکردنی هەموو دەزگەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم وەرچەرخانە هەر لە بەستێنی ئابووری ڕوو نادات بەڵکوو لە ئاستی پێوەندییەکاندا دەقەومێ بە چەشنێک کە دەوڵەت و نەتەوە و ژیانی کەسەکی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
د.حسەین عەزیمی، تیۆری داڕێژی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێران دەڵێ: جیهانگەری بە واتای هاوسانبوونەوەیەکی سادەی کەلتوورەکان نییە بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە پێوەندی کەلتوورەکان خێراتر دەبێ و لێکحاڵیبوون و فاماندنی فەرهەنگی نەتەوەکان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەندی مێژوو نیشانی داوە، وادیارە وێکچوویی هەمە لایەنەی فەرهەنگی ڕوو نادات و جیهان کەلتوورێکی تاقانە بە خۆیەوە نابینێت.
خۆیبوون
دوای تێکشکانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و توندوتیژی کاربەدەستانی تورک بەدژی گەلی کورد، هەندێ لە نیشتمانپەروەرانی کورد، خۆکەوتن و لە ساڵی 1927 لەناوچەی ئارارات کۆبوونەوە و بە ئامادەبوونی هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی ئەو سەردەمە، کۆنگرەیەکیان بەرپا کرد. ئەم کۆنگرەیە سەرەنجام لە 5 ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ بە کۆمەڵەی خۆیبوون ناوی دەرکرد و هەموو ڕێکخراوەکانی پێشوو هەڵوەشێندرایەوە و ئێحسان نووری پاشا بە سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا و کۆماری ئارارات دامەزرا.
گرنگترین ئامانجەکانی خۆیبوون بریتییە لە:
ــ درێژەپێدان بە خەبات بە دژی تورکان تاکوو دوا سەربازی تورک خاکی کوردستان بە جێ دەهێڵێ.
ــ ڕێکخستنی هێزی سەربازی بە ئامرازی جەنگی نوێوە.
ــ دروستکردنی پێوەندی برایانە لەگەڵ حکوومەتی ئێران، عێراق و سووریا.
سەرەنجام کۆماری ئارارات لە ساڵی 1931 بە هێرشی دوولایەنەی ئێران و تورکیا تێکشکا و مەیدانی چالاکیی خۆیبوون بەرتەسک کرایەوە.
کۆنفرانسی دومبارتون ئۆکس
لە 21/8/1944 لە کۆشکی دومبارتون ئۆکس لە شاری واشنتۆن گرێدرا. لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت و چین بەشدار بوون و لە بابەت دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە گفتوگۆیان کرد. کۆنفرانسەکە تا 17/10/1944 دەوامەی بوو تا ڕیزی پێشنیازەکان بڵاو کرایەوە. لە ڕاستیدا ئەم پێشنیازانەش، بوو بە گەڵاڵەیەک بۆ جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەم کۆنفرانسەدا داوا کرا بۆ پیادەکردنی ئاشتی لە جیهاندا ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش پێکبێت تا پێش بە ئەگەریی ڕوودانی هەر جەنگێک بگرێت. جگە لەوەش بڕیار درا پێنج وەڵاتی گەورەی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت، چین و فرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بن و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان و دابینکردنی ئاشتی جیهانی بدەن.
باسکردنی کێشەی دەنگدانی ئەندامان لە ئەنجومەنی ئاسایش تا ساڵێک بە هەڵپەسێراوی مایەوە تا سەرەنجام لە کۆنفرانسی یاڵتا بە بەشداری ئەمریکا، بریتانیا و سۆڤیەت، بڕیار درا مافی ڤیتۆ بۆ پێنج وەڵاتی گەورە بمێنێتەوە.