تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی
بیرۆکەی دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەها بۆ سوودوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی، ئەگەڕێتەوە بۆ 1950 بە دواوە. لە ساڵی 1953 لەسەر پێشنیازی «ئایزێنهاوەر» سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا سەرچاوەیەک بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت. لە ساڵی 1954، کۆمەڵی گشتی بڕیارنامەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی" مۆر کرد و سەرەنجام لە 29ی ژووەنی 1956 ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاژانس لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند کرا. ئاژانس وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی سەربەخۆ، بەرپرسیارییەتی سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ خزمەت بە ئاسایشی زیاتر بەرعۆدە گرتووە.
بەگشتی ئامانجەکانی ئاژانس لە دوو تەوەردا کورت دەکرێتەوە: یەکەم، کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی و ڕەونەقبەخشین و پەرەپێدانی بۆ خزمەت بە ئاشتی و تەندروستی و پێشکەوتن و بەهرەداری لە تەواوی جیهان. دووهەم، بێخەم بوون لەوەیکە ئەو هاریکاری و زانیارییانەی کە لە لایەن ئاژانسەوە ئاڕاستە دەکرێ، بۆ ئامانجی سەربازی و جەنگی بەکار نابرێت.
ئەرکێکی دیکە کە بە ئاژانس سپێردراوە، ئەوەیە کە ڕێ خۆش بکات بۆ پاراستن و پیادەکردنی پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ناوەکی Non Proliferation Treaty (NPT) . تا ئێستە بنکەی ناوەکی زۆربەی وەڵاتان کەوتونەتە ژێر چاودێری ئاژانسەوە، ئەم چاودێرییە، 95% پێگە ناوەکییەکانی جیهان بێجگە لەو پێنج وەڵاتەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین ئەگرێتەوە. ئاژانس پێکهاتووە لە 35 ئەندام و ناوەندەکەشی لە شاری «ڤیەنا»ی لە وەڵاتی «نەمسا»یە.
تۆڕی سەرانسەری جیهانی
تۆڕی سەرانسەری جیهانی کە زۆرجار بە وێب یا «WWW» ناسراوە، باشترین خزمەتی ئەنتەرنێتە کە لەڕێگەی چەندەها میدیاوە دەتوانێ نووسراوە، دەنگ، وێنە و ئەنیمەیشێن ڕاگوێزێت. بنکەکانی وێب لە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە بەڵام زۆرترینیان لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە. لە تۆڕی ئەنتەرنێتدا ملیۆن ــ ملیۆن کۆمپیتەری خانەخوێش پێکەوە پێوەندییان هەیە. هەرکام لەم کۆمپیتەرانە لە زاکیرەی خۆیاندا کۆمەڵێ زانیاری جۆراوجۆریان جێگیر کردووە. ئەگەر کەسێک بخوازێت لە دەریای بێبڕانەوەی ئەم زانیارییانە بە خێرایی و بەلەز کەڵک وەربگرێت، دەبێ لەڕێگەی تۆڕی جیهانی ئەنتەرنێتەوە دەستبەکار بێت. ئەم تۆڕە لە ساڵی 1992 لە لایەن تیم بێرنێرز لیی، شارۆمەندی ئەمریکایی داهات و یەکەم بنکەکەشی لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی فیزیکی گەردیلەیی ئەورووپا cern لە بەینی سویسڕا و فەرەنسەدا بنیات نراوە.
سانسۆر
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی censere بە مانای حوکم کردن و بایەخ دانان وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە بەرگری کردن لە بڵاوکردنەوە و دەربڕینی هەر مەرام و بەرهەمێک (ئەدەبی، هونەری، سیاسی، ئایینی و فەلسەفی) کە لە ڕوانگەی سیستەمی سیاسی یا ئەخلاقی ــ کە دەسەڵاتی حاکم پشتیوانی لێ دەکات ــ زیانبار و مەترسیدار لە قەڵەم بدرێت. سانسۆر ڕابردوویەکی دوور و درێژی هەیە بەڵام بەکاربردن و بەرجەستە بوونەوەی ئەم دیاردە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پاش داهێنانی چاپ.
کڵێسەی کاتۆلیک لە سەدەی 16 ی زایینی، یەکەمین لیستی کتێبی قەدەغەکراوی ڕاگەیاند و پڕوتستانەکانیش لە سەردەمی «ڕیفۆرمی ئایینی» لە سانسۆر کەڵکیان وەرگرتووە.
سانسۆر لەم چاخەدا بە دوو جۆر ئەنجام دەدرێ:
یەکەم، سانسۆری هۆشیارکەرەوە (ناڕاستەوخۆ) واتە لە پێش چاپ و بڵاوکردنەوە، بەر بە دەربڕینی مەرام یا بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک دەگیرێت. لەم جۆرە سانسۆرەدا خاوەنی دەزگەکانی بڵاوکردنەوە ناچار دەکرێن ئەو بابەتانە بڵاو نەکرێنەوە کە لە بەرژەوەندی سیستەمی فەرمانڕەوادا نین یا خود ناچاریان دەکەن بە پێچەوانەی ویستی خۆیان، هەندێ بابەت بۆ پیاهەڵدان و ستایشی حکوومەت بڵاوبکەنەوە. لەم وەڵاتانەدا لەبەر ئەوەی نووسەران تووشی گێچەڵ نەبن، ناچار دەبن بە پارێزەوە شت بنووسن و لە ڕاستیدا خۆ سانسۆر دەکەنەوە (auto-censor).
دووهەم، سانسۆر ی سزادەر (ڕاستەوخۆ)، کە بەپێی یاسا و بە فەرمانی دادگە بەڕێوە دەچێ. سانسۆر بە گشتی تایبەتی وەڵاتانی ئیستبدادی و تۆتالیتەرییە بەڵام لە وەڵاتانی دیموکراتیش تا ڕادەیەک سانسۆر چێ دەکرێت. لەم وەڵاتانەدا کاتێک قۆناغێکی نائاسایی و هەستیار (بۆ وێنە کاتی شەڕ) دێتە پێشەوە، سانسۆر بەکار دەبرێت. هەروەها لە هەموو وەڵاتێک، یاسایەک دەردەچێت تاکوو لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمانەی کە «دژی دەروون پاکی و ئەخلاقی گشتی» بێت، بەرگری بکات.
سۆشیالیزمی زانستی
بە باوەڕی کاڕۆڵ مارکس (1818ـــ1883) سۆشیالیزم، لێکۆڵینەوەی زانستیانەی کۆمەڵگە و هەلومەرجی ئابووری و تەکنیکی بە پێویست دەزانێ تاکوو بەم بۆنەوە واقیعەکانی کۆمەڵگە و یاساکانی داسەپاو بەسەریا بناسرێن و بەسەر ئاریشەکانی سەرمایەدارییدا زاڵ بین. سۆشیالیزمی زانستی لە لایەن هەر دوو ڕێبازی مارکسیزم و کۆمۆنیزم پەسند کراوە بەڵام دەرەنجامی توێژینەوەکانی هەندێ لە سۆسیالیستەکان ئەم ڕاستییە دەردەخات کە سۆشیالیزم یا تەنانەت مارکسیزمیش، دیاردەیەکی زانستی نییە چونکە پێیان وایە کە هێشتا کۆمەڵناسی نەیتوانیوە بە پلە و پێگەی زانستی بگات و وەک زانست ناوبردە بکرێت. جگە لەمەش هەندێ لە ڕووداوەکان و واقیعەکانی هاوچەرخ، پێشبینییە ـــ بە ڕواڵەت زانستی ـــ ـیەکانی مارکسیان بەدرۆ کردۆتەوە. کەواتە بە واتایەک، باسکردن لە سۆشیالیزمی زانستی بانگەشەیەکی نازانستیانەیە.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی
گەورەترین ڕێکخراوەی وەڵاتانی ئیسلامییە کە لە 56 ئەندام پێکهاتووە و بە شێوەی ڕەسمی لە سێپتەمبەری 1969 لە کۆنفرانسی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندام لە ڕبات (پێتەختی مەغریب) دامەزرێ. پاڵنەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە، چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بوو کە لە ئەنجامی شکستهێنانی وەڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسراییل (ژووەنی 1967) هاتبووە ئاراوە. ئامانجەکانی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی بریتین لە:
ــ گەشەپێدانی پێوەندی و هاوکاری و یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
ــ سڕینەوەی پاکتاوکردنی ڕەگەزی.
ــ پشتیوانیکردن لە ئاشتی نێودەوڵەتی.
ــ پشتگیری موسوڵمانان لە خەباتیان بۆ پاڕاستنی شەرەف و سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکانیان. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە لەسەرەتادا هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژ بە ئیسراییل و پشتیوانیکردن لە مافی فەلەستینییەکان هەبووە بەڵام بە نزیکبوونەوەی میسر لە ئیسراییل و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەم دوو وەڵاتە، کۆنفرانس تووشی ناکۆکی هات و یەکەمین ناتەبایی لە ساڵی 1978 بە دەرکردنی میسر لە ڕێکخراو سەری هەڵدا. بەگشتی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لەمەڕ ئەو کێشە و گرفتانەی کە بۆ وەڵاتانی ئیسلامی هاتۆتە پێش، هەر لە دەستدرێژی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستانەوە بگرە تا شەڕی ئێران و عێراق و دوو شەڕەکەی کەنداو و ناکۆکییەکانی باکووری ئەفریقیا، نەیتوانیوە وەکوو سەرچاوەیەکی شەرعی بێتە مەیدانەوە بەڵکوو زیاتر لە جاران بەرەو بێهێزی و دەستەوسانی و لەرزۆکی چووە.
لە پەراوێزی ئەم ڕێکخراوەدا چەند کۆمیتەیەک پێکهاتوون کە بریتیین لە:
کۆمیتەی کاروباری ئابووری کە بەمەبەستی بەرەو پێشڤەبردنی هاوکاری ئابووری و پاڕاستنی یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی دامەزراوە، کۆمیتەی زانستی فێرکاری و فەرهەنگی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، هونەری و فەرهەنگی ئیسلامی و کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاڕاستنی جێماوەی ئیسلامی و لێژنەی وەرزش.
کۆمۆنیزمی زانستی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1962، لە لایەن میخاییل سۆسلۆف، بیر داڕێژی پایەبەرزی سۆڤیەت لە کۆنگرەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیک چێ کراوە. بە باوەڕی کۆمۆنیستەکان، کۆمۆنیزمی زانستی بریتییە لە: زانستی ململانێی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆشیالیستی و یاسامەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی زانستی خۆی بە چۆنیەتی هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە ئاستی جیهان و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی سەرقاڵ دەکات کە یەکەمین قۆناغەکەی، سۆشیالیستی لە قەڵەم دەدرێت. لەم ڕووەوە کۆمۆنیزمی زانستی، دەرەنجامی سیاسی کۆی ئەو ئایدیۆلۆژیەیە کە سەرەتا بە مەتریالیزمی دایەلیکتیک دەست پێدەکا و پاشان «مەتریالیزمی مێژوویی» و «ئابووری سیاسی» بەدوا خۆیدا دەهێنێت.
کۆنسۆل
کۆنسۆل پۆستێکی گرنگی هەر شاندێکی دیپلۆماسییە کە ئەرکی ڕاپەڕاندنی کاروباری باڵیۆزخانەیەک بەزۆری لە ئەستۆ دەگرێ. هەندێ لەو ئەرکانە بەپێی پەیماننامەی 1963 ڤییەن بریتین لە:
ـــ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و هاووەڵاتیانی خۆی بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندی بازرگانی و ئابووری و کولتووری.
ـ جێبەجێکردنی هەندێ کاروباری ئیداری وەک دەرکردنی ناسنامە و ڤیزە و تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرێتی و ئاسانکاری پێویست بۆ ئەو کەسانەی کە دەخوازن سەردانی وەڵاتەکەی بکەن.
ـــ ڕاگەیاندنی بەڵگەنامەی دادوەری و ئیداری و جێبەجێکردنی کاروباری دادوەری بە وەکالەت بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و …
باڵیۆزخانەکان دەتوانن جگە لە کۆنسۆلی جێنشین لە پایتەخت، لە شارە گرنگەکانی وەڵاتی میوانیش کۆنسۆلگەری بکەنەوە. (بۆ نموونە کۆنسۆلی وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر). ژمارەی ئەم کۆنسۆلگەریانە و ئەندامەکانی بەستراوەتەوە بە ئاستی پێوەندی و ڕێککەوتنی هەر دوو وەڵات. ئەگەر وەڵاتێک لە وەڵاتێکی دیکە چەند کۆنسۆلگەرییەک بکاتەوە، دەتوانێ سەرکۆنسۆلگەریش دابمەزرێنێ کە چاودێری کاروباری کۆنسۆلگەرییەکان بکات. کۆنسۆل یا سەرکۆنسۆل، لە ڕووی کارگێڕییەوە لە خوارووی باڵیۆزە بەڵام لە کارەکانی خۆیدا سەربەخۆییەکی زیاتری لە ئەندامانی دیکەی باڵیۆزخانە هەیە. کۆنسۆلیش وەک فەرمانبەرە سیاسییەکانی دیکە، مافی پارێزراویی دیپلۆماسی هەیە. ئیمڕۆکە لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا کۆنسۆل بە چوار پلە دابەش دەکرێت کە بریتین لە:
1ـــ سەرکۆنسۆل، 2ـــ کۆنسۆل، 3ـــ جێگری کۆنسۆل، 4ـــ نوێنەری کۆنسۆل.
کۆنفرانسی 4+2
بریتییە لە دانیشتنێکی یەک ڕۆژە بە بەشداربوونی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، سۆڤیەت، فرەنسە و بریتانیا لە لایەکەوە و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە لایەکی دیکەوە کە لە پێنجەمی ژووەنی 1990 لە بۆن بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا مەسەلەی یەکگرتنەوەی دوو ئەڵمان، بە تایبەت بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەم وەڵاتە یەکاڵا کرا. سەرباسی ئەم کۆنفرانسە، مەسەلەی ئەندامیەتی ئەڵمانیای یەکگرتوو بوو لە پەیمانی ناتۆ یا ئەندامەتی لە هەر دوو پەیمانی وارشەو و ناتۆدا. سۆڤیەت لەگەڵ ئەندامەتی ئەڵمانیای یەکگرتوو لە ناتۆدا دژایەتی دەکرد چونکە پێی وابوو ئەندامبوونی ئەم وەڵاتە لە پەیمانێکی سەربازیدا دەبێتە مەترسییەک بۆ سەقامگیریی ئەورووپا. ئەمریکاش پێی وابوو کە دوابڕیار لە بارەی بەئەندامبوونی ئەڵمانیای یەکگرتوو، دەبێ لە لایەن وەڵاتانی ڕۆژاواییەوە دەرکرێت.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئاسیا
ئەم دانیشتنە هاوشێوەی «کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا»یە کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ئاسیادا پێکهاتووە. دوابەدوای دانیشتنی سەرۆک کۆماری وەڵاتانی ئێران، تورکیا و وەڵاتانی ئاسیای ناوین لە عیشقاباد لە ساڵی 1992 لە بارەی پێویستی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاسایش، سەرکۆماری قازاغستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆنفرانسێکی لەم شێوەی چێکرد کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە:
1ــ دەستەبەرکردنی گەرەنتییەک بۆ پیادەکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە ناسراوەکانی ئەو کاتە.
2ــ ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی هاریکاری لە نێوان وەڵاتانی ناوچەکە.
3ــ دیاریکردن و بەکارهێنانی پێوانە و پێکهاتەی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
کۆنفرانس، سێ بابەتی بۆ وێککەوتن دیاری کردووە: ئاسایش، ئابووری و مرۆڤی.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا
ئەم کۆنفرانسە پێکهاتووە لە 53 وەڵاتی ئەندام کە لە دوای ئیمزاکردنی «کۆنفرانسی هلسینکی» لە ساڵی 1975 بنیاد نرا. ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە لە «جاڕنامەی پاریس» کە لە ڕێکەوتی 21ی نوێمبر 1990 لە لایەن ئەندامەکانی ئیمزا کرا بریتی بوون لە:
پابەندبوون بە چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نەهێشتنی گرژیی لە نێوان هەردوو ئۆردووگای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و هەڵوەشانەوەی سنوورەکانی نێوان ئەم دوو بلۆکە. گرنگرترین بڕیاری کۆنفرانس، سەقامگیرکردنی سنوورەکانی ئەوکاتەی ئەورووپا بوو.
وەزیرانی دەرەوەی ئەم کۆنفرانسە هەموو ساڵێک پێکەوە دیدار دەکەن و بەپێی بڕیارنامەیەک ئەم دەزگەیانەی خوارەوە بۆ پێشڤەبردنی کاروباری کۆنفرانس دامەزراون:
1ــ ناوەندی نووسینگەی کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە پراگ ــە.
2ــ «ناوەندی بەرگرتن لە پێکدادان» بنکەکەی لە ڤییەنای وەڵاتی نەمسایە.
3ــ «نووسینگەی هەڵبژاردنی ئازاد» لە وارشەو (پۆڵەندا) یە.
ئەندامانی ئەم کۆنفرانسە بریتین لە:
ئاڵبانیا، ئەرمەنستان، نەمسا، ئازەربایجان، بەلجیکا، بووسنی هەرزەگۆیین، بریتانیا، بولغارستان، ڕووسیەی سپی، کەنەدا، کرۆڤاسیا، قوبرس، چێک، دانیمارک، فەنلاند، فرەنسا، گورجستان، ئەڵمانیا، مەجارستان، ئیسلەندا، ئیرلەندا، ئیتالیا، قازاغستان، قرغیزستان، لیتۆنیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لۆکزامبۆرگ، ماڵت، مۆڵداوی، موناکۆ، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پۆرتوغال، ڕۆمانیا، فیدراسیۆنی ڕووسیە، سێن مارینۆ، سلۆڤاکیا، سلۆڤانیا، سپانیا، سوید، سویسڕا، تاجیکستان، تورکیا، تورکمانستان، ئوکرایین، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوزبەکستان، ڤاتیکان، یۆگوسلاڤیا (سیربستان و مۆنتێنگرۆ) و یۆنان.
لە دانیشتنی بوداپێست (6 و 5 ی دێسەمبری 1994) ناوی ئەم کۆنفرانسە بوو بە «ڕێکخراوەی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا» (OSCE).
کۆنفرانسی ئاسیا ـــ ئەفریقا
ئەم کۆنفرانسە لە ئاڤریلی 1955 لە باندۆنگی ئەندونیزیا پێکهات و یەکەم کۆنفرانسی نێوان ـــ دەوڵەتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا لە ئەژمار دێت. ئەگەرچی ناکۆکییەکی توند لە نێوان وەڵاتانی لایەنگری ڕۆژاوا و دەوڵەتانی لایەنگری کۆمۆنیستی و وەڵاتانی بێلایەن لە ئارادا بوو بەڵام کۆنفرانسی باندۆنگ، چەند بڕیارێکی لەمەڕ هاریکاری ئابووری و کولتووری و خودموختاری و دژایەتی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزم دەرکرد. ئەم کۆنفرانسە، سەرەڕای دژایەتی چین، پشتگیری خۆی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاند.
وەڵاتانی بەشدار بریتی بوون لە: ئەفغانستان، کامبۆج، سەیلان، ئەردەن، لائۆس، لوبنان، لیبریا، لیبی، نیپاڵ، پاکستان، ئێران، فیلیپین، عەرەبستان، سوودان، سووریا، تایلەند، تورکیا، ڤیتنامی باکووری و باشووری و یەمەن. توێژەرانی سیاسی نوێنەرانی قوبرس، ئەمریکا و کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقاش بەم کۆنفرانسەوە دەلکێنن.
کۆنفرانسی ئاشتی لاهای (1899)
ئەم کۆنفرانسە بە دەست پێشخەری نیکۆلای دووهەم، ئیمپراتۆری سۆڤیەت دامەزرا و لەسەر سێ مەسەلەی سەرەکی ڕێککەوتن:
1ــ دامەزراندنی دیوانی هەمیشەیی دادوەری، وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو.
2ــ ئامادەکردنی یاسا و ڕێسای شەڕی زەوینی.
3ــ پیادە کردنی ڕێککەوتننامەی 1864 جنێڤ دەربارەی شەڕی دەریایی.
کۆنفرانسی دووهەمی لاهای لە ڕێکەوتی 15/6/1907 گرێدرا و سەرەڕای بە ئەنجام گەیاندنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم، ڕێککەوتنێکی نوێی لە بابەت ڕێساکانی بێلایەنی و شەڕی دەریایی بە ئیمزا گەیاند.
کۆنفرانسی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین
ئەم کۆنفرانسە لە مانگی 10ی 1991 بە دەست پێشخەری ئەمریکا و بە ئامادەبوونی دوو لایەنی شەڕ (عەرەب و ئیسراییل)، جۆرج بۆش (باوک) سەرکۆماری ئەمریکا و گورباچۆف سەرکۆماری ئەوکاتەی یەکیەتی سۆڤیەت، لە مەدرید پێتەختی ئیسپانیا گرێدرا. پاش چەند قۆناغ دانیشتن و گفتوگۆ، ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین و ئیسراییل پێکەوە ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە بەرواری 13/9/1993 لە ژێر سەردێڕی «اعلامیه اصول» بە ئامادەبوونی بیل کلینتۆن سەرکۆماری ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیە لە واشینتۆن ئیمزا کرد. ڕێککەوتنێکی سازش لە نێوان ئەردەن و ئیسرایلیش لە ڕێکەوتی 25/7/1994 لە کۆشکی سپی واژۆ کرا. جێی ئاماژەیە، ئیمزا کردنی ئەم ڕێککەوتننامانە بووە هۆی ناڕەزایەتی گرووپە فەلەستینیەکان لەوانە، حەماس و حیزبوڵلا.
کۆنفرانسی ئاڵمائاتا
ئەم کۆنفرانسە لە ڕێکەوتی 21دێسەمبری 1991 لە ئاڵمائاتا پێتەختی قازاغستان، بە بەشدار بوونی دوازدە کۆماری یەکیەتی سۆڤیەت واژۆ کرا کە تێیدا کۆتایی هاتنی تەمەنی یەکیەتی سۆڤیەت ڕاگەیاندرا و بنیادی پێکهاتەیەکی نوێ بە ناوی«وەڵاتانی سەربەخۆی هاوبەش» دامەزرا. بەڵگەنامەی ئەم کۆنفرانسە لە لایەن هەموو کۆمارییەکانی سۆڤیەت جگە لە گورجستان، ئیمزا کرا. کۆمارییەکانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە:
ئازەربایجان، ئەرمەنستان، ئوزبەکستان، ئۆکراین، تاجیکستان، تورکمانستان، ڕووسیە، ڕووسیەی سپی، قازاغستان، قرغیزستان و مۆڵداوی.
کۆنفرانسی باکوور - باشوور
لە ڕێکەوتی 16/12/1975 لەسەر بانگهێشتی «ژیسکار دیستەن» سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی فرەنسی لە شاری پاریس نوێنەرانی وەڵاتانی جیهان کۆبوونەوە تا سیستەمی پێوەندییە ئابوورییەکانی جیهان بگۆڕن. ئەو وەڵاتانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە ببوون بریتین لە: 12 وەڵاتی ڕووە و گەشەسەندن، بە نوێنەرایەتی پتر لە 100 وەڵات کە 2 ملیارد کەس حەشیمەتی جیهانیان لەخۆ گرتبوو، 7 وەڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و نوێنەرانی وەڵاتانی پیشەسازی جگە لە یەکیەتی سۆڤیەت و وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات. هۆی پێکهاتنی ئەم کۆنفرانسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانە بوو کە وەڵاتانی پیشەسازی پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵانی 1973 و 74 ڕووبەڕووی بوونەوە بەڵام لە ڕواڵەتدا ئەم کۆنفرانسە بۆ ئەو مەبەستە بوو کە زەمینەیەکی نوێ بۆ هاوکاری لە نێوان وەڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیی (باکوور) و وەڵاتانی جیهانی سێهەم (باشوور) بڕەخسێنێ.
کۆنفرانسی باکوور ـــ باشوور بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ توێژینەوە لەو بابەتانەی کە باس کراون، پاش 18 مانگ باس و گفتوگۆکردن بە هۆی ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان وەڵاتانی باکوور و باشوور نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک و کۆتایی بە کارەکەی خۆی هێنا.
کۆنفرانسی تاران
لە ڕێکەوتی 28/11 تا 1/12/1943 بە بەشداری سەرۆکی وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا و سۆڤیەت لە تاران گرێدرا بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی ئێران لە جەنگی جیهانی دووهەمدا و ئەم وەڵاتانە بەڵێنیان دا هێزەکانی خۆیان لە ئێران بکشێننەوە ( لەو کاتەدا ئێران لە لایەن هاوپەیمانانەوە داگیر کرابوو).
ڕاگەیاندراوی هاوبەشی ئەم سێ وەڵاتە - کە بۆ لێکدانەوەی شەڕ بەدژی ئەڵمانیا ساز درابوو - بریتی بوو لەوە کە سێ دەوڵەتەکە نەخشە و پلانەکانی خۆیان بۆ لەناوبردنی هێزەکانی ئەڵمانیا ڕێکبخەن و چۆنیەتی و کاتی هێرش بردنە سەر ئەم وەڵاتەیان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور دیاری کرد.
کۆنفرانسی جیهانی دژی ڕەگەزپەرستی
ئەم کۆنفرانسە لە ڕێکەوتی 22 تا 26/8/1977 لە لاگۆس پێتەختی نایجیریا گرێدرا و بەپێی بڕیارێک لە هەموو وەڵاتانی جیهان داوای کرد کە هیچ جۆرە چەکێک نەگەیەنن بە دەوڵەتی ئەفریقای باشووری چونکە ئەم دەوڵەتە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە پیادە دەکات. کۆنفرانس هەروا داوای کرد هیچ جۆرە هاوکارییەک لە بواری ئەتۆمی لەگەڵ ئەم وەڵاتەدا بە ئەنجام نەگەیەنن.
کۆنفرانسی دومبارتون ئۆکس
لە 21/8/1944 لە کۆشکی دومبارتون ئۆکس لە شاری واشنتۆن گرێدرا. لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت و چین بەشدار بوون و لە بابەت دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە گفتوگۆیان کرد. کۆنفرانسەکە تا 17/10/1944 دەوامەی بوو تا ڕیزی پێشنیازەکان بڵاو کرایەوە. لە ڕاستیدا ئەم پێشنیازانەش، بوو بە گەڵاڵەیەک بۆ جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەم کۆنفرانسەدا داوا کرا بۆ پیادەکردنی ئاشتی لە جیهاندا ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش پێکبێت تا پێش بە ئەگەریی ڕوودانی هەر جەنگێک بگرێت. جگە لەوەش بڕیار درا پێنج وەڵاتی گەورەی ئەمریکا، بریتانیا، سۆڤیەت، چین و فرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بن و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان و دابینکردنی ئاشتی جیهانی بدەن.
باسکردنی کێشەی دەنگدانی ئەندامان لە ئەنجومەنی ئاسایش تا ساڵێک بە هەڵپەسێراوی مایەوە تا سەرەنجام لە کۆنفرانسی یاڵتا بە بەشداری ئەمریکا، بریتانیا و سۆڤیەت، بڕیار درا مافی ڤیتۆ بۆ پێنج وەڵاتی گەورە بمێنێتەوە.
کۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ
ئەم کۆنفرانسە لە 25/4/1945 بە بەشداری پەنجا وەڵات لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێکهات بە مەبەستی ئیمزاکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەویش لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی یاڵتا پێکهاتبوو. وەڵاتانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا ئەندامانی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەژمار دەهاتن. لەسەر داوای یەکیەتی سۆڤیەت، وەڵاتی پۆڵەندا کە لەم کۆنفرانسەدا بەشدار نەبوو، وەک ئەندامی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسێندرا. کەواتە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم دانیشتنی خۆی بە بەشداری 51 ئەندام دەست پێکرد. لەم کۆنفرانسەدا پێنج زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، چینی و سپانیایی بە زمانە ڕەسمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کران و لە 26/6/1945 بە ئیمزاکردنی هەموو وەڵاتانی بەشداربوو، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندرا و لە 24/10/1945 جێبەجێ کردنی جاڕنامەکە دەستی پێکرد.