تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



حکوومەتی دەستووری
بە ڕژێمێکی سیاسی دەگوترێ کە بەستێنی دەسەڵاتەکەی بەپێی بەربەستی قانوونی بەرتەسک کرابێتەوە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆریدا حکوومەتی دەستووری دێتە ئاراوە. بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی دەستووری لەگەڵ حکوومەتی قانوونی بە یەک مانا لێکدراونەتەوە. قانوون بریتییە لە کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ کە لە لایەکەوە سنووری کردەوەی تاک و کۆمەڵ دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاستی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار دەکات. هێنانەکایەی پێوەندییەکی قانوونی لەنێوان حکوومەت و هاووەڵاتیان و پابەندیی هەردوولا بە قانوون، لە مەرجە سەرەکییەکانی حکوومەتی دەستووری لە ئەژمار دێت. زاراوەی «ئازادییەکانی تاک» و «جیاکردنەوەی هێزەکان» * یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە حکوومەتەیە.
لە بەرئەوەی ئەم حکوومەتە سیستەمێکی قانوونییە و بنەماکانی بەپێی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاری هاوشێوە دەنوێنن. حکوومەتی دەستووری، بە دوو شێوازی جودا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، کۆماریی. دووهەم، پاشایەتی. بیرۆکەی حکوومەتی دەستووری لە بنەڕەتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی (لیبرالیزم) *.
دەروونناسی سیاسی
لە ساڵەکانی 1910 بەملاوە، واڵتێر لیپمەن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (1889-1974) گوتی: گەورەترین هەڵەی ئەندێشەی سیاسی ئێمە ئەوەیە کە بێ ڕەچاوکردنی«مرۆڤ»، دەم لە سیاسەتەوە بەین.
بابەتی دەروونناسی سیاسی، لێکدانەوەی کاریگەریی کەسایەتی جەماوەرە بەسەر سیاسەتدا بە تایبەت گرنگایەتی سایکۆلۆژی لە بڕیارە سیاسییەکاندا سەرنجی پێدراوە. بەم حاڵەش جۆراوجۆری قوتابخانە دەروونناسییەکان بۆتە هۆی فرەچەشنی دەروونناسی سیاسی. بۆ وێنە جەختکردن لەسەر سایکۆلۆجی فرۆید، سایکۆلۆجییەکی سیاسی جیاوازیش دێنێتە ئاراوە.
دەروونناسی سیاسی، خۆی بە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان سەرقاڵ دەکات. متمانەکردن بە خۆ، هەستکردن بە گوناهباری، هەست بە ئاسایش یا نائەمنی، خودشەیدایی، ئیگۆی لاواز یان بەهێز و… لە جوملەی بابەتەکانی توێژینەوەی دەروونناسی سیاسی لە ئەژمار دێن. بەڕای هەندێ لە پسپۆڕانی ئەم زانستە، سیاسەت بۆ ئەو کەسایەتییانە دڵڕفێنە کە لە قۆناخی منداڵی یا هەرزەکارییان تووشی شکست و سووکایەتی و نامورادی بوبێتن. وەها کەسانێک ئەیانهەوێت بە وەدەسهێنانی دەسەڵات، ئەم کەموکووڕییانەی ژیان قەرەبوو بکەنەوە.
بەم پێیە دەروونناسی ڕێبەرە سیاسییەکان، بەم سێ شتەوە پەیوەستە: یەکەم ناسینی پاڵنەرەکانی کەسایەتی، دووهەم چۆنییەتی بە سیاسیکردنی ئەم پاڵنەرانە و سێهەم پاساودانیان بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. لەم ڕوانگەوە ڕەفتاری سیاسی ڕێبەران بریتییە لە دیتنەوە و ئاشکراکردنی پاڵنەرە دەروونییەکان و گرفتە شەخسییەکانی تافی منداڵی ئەوان.
دەستدرێژی
بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە لایەن وەڵاتێکەوە بە دژی حاکمییەت و یەکپارچەیی سەرزەمین یان سەربەخۆیی سیاسی وەڵاتێکی دیکە. لە بەیاننامەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو سۆنگەوە باسی دەستدرێژی کراوە:
1) مەبەست لە وەڵات، ئەو وەڵاتانەش دەگرێتەوە کە نەبوونە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
2) لە کاتی پێویست، مانای کۆمەڵێک وەڵاتی لێ دەکەوێتەوە.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
دەستێوەردان
دەستێوەردان بریتییە لە ڕەفتاری دەوڵەتێک کە ئەنجامەکەی پێشێلکردنی حاکمییەت (بڕوانە فەرمانڕەوایەتی) و سەربەخۆیی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەتێکی دیکە بێت. بە واتایەکی دیکە دەستێوەردان بە خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی وەڵاتێک دەگوترێ کە لە ئەنجامدا بشێویی و ئاژاوە لەو وەڵاتەدا دروست ببێت. ڕەنگە هەندێ جار دەستێوەردان بەپێی ڕێکەوتن بێت، وەکوو دەستێوەردانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 لە عێراق بەمەبەستی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام. بێجگە لەو دەستێوەردانانەی کە بەپێی هاوڕایەتی و وێککەوتنی نێونەتەوەیی دێتە ئەنجام هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری دەوڵەتێکی دیکە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و داگیرکاریی* لە ئەژمار دێت.
دەسەڵات
تێکچنراوییەکی مانایی لە بەینی دەسەڵات و هێز (قدرت) لە ئارادیە. دەسەڵات بریتییە لە «هێزێک کە بە هەقیانەت یان بە عەداڵەت جێبەجێ دەکرێت» واتە بە هێزبوونی هەقیقی. بەڵام ئەگەر دەسەڵات بەم جۆرە پێناسە بکرێت، لە ڕەوایی (شەرعییەت) جیا ناکرێتەوە چونکە هێزی ڕاستەقینە توانستێکی ڕەوایە و وزەی حەقیقیش ئەوەیە کە ڕەوا بێت. گرفتی ئەم چەمکە ئەوەیە کە دەسەڵات چەشنێک لە هێز تەعبیر دەکرێت کەچی ئێستە وا باوە کە زاراوەی دەسەڵات لە تەنیشت زاراوەی هێز بە ڕووکارێکی دایەلیکتیکی بۆ شرۆڤەی شوێنکاتێک بەکار دەبرێت کە فەرمانبردن و بەیدەستی، شتێکی خۆبەخۆ و ئاسایییە و دەسەڵاتدار، بە شوێن ئەم بەیدەستییەوە نەبووە. لە وەها کاتێکدا دەگوترێ کە دەسەڵاتدار، دەسەڵاتی هەیە بەڵام هێزی نییە. بەم قیاسەوە ناکرێ دەسەڵاتی پزیشکێکی بەناوبانگ بەپێی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە دەستوورەکانی بەکار دەبەن، بەراورد بکرێ.
کەواتە دەسەڵات، بەو هێزە دەگوترێ کە بە ڕەسمییەت ناسراوە واتە ڕەوایە و پەسند کراوە و هەمووان ڕێزی بۆ دادەنێن. پێوەندی نێوان دەسەڵات و هێز، پێوەندییەکی ئاسایی و ساکار نییە. بەکار هێنانی بڕست و توانێیی لەڕێی زەبرەوە، بەبێ دەسەڵات مەیسەر نابێ. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕاستەقینە بێتە مەیدانەوە ئەبێ مافی فەرمانڕەوایی و کاریگەریی لەسەر خەڵک هەبێت. ئەم مافە بەپێی ئەخلاق و قانوونی کۆمەڵگە کە باڵانوێنی بەرژەوەندی گشتییە، دەستەبەر دەبێت. بەم واتایە دەسەڵاتی ڕاستەقینە زامنی بوونی هاوڕایەتی و هاودەنگییە.
لە لایەکی دیکەوە هەر کە دەسەڵات پاوەجێ دەبێ، خێرا بەرەو بێئاکاریی و گەندەڵیی دەڕوا و دەبێتە گوشارێکی کۆمەڵەکی بێئەوەیکە ئەو کەسەی دەسەڵات بەڕێوە دەبات، کەسێکی شایستە یان دەسەڵاتدارێکی دادپەروەر بێت. لە وەها کەشێکدا دەسەڵات دەبێتە سوڵتە و بێدادیی و فەرمانکردن بە پێی زۆر و ستەم.
جاری وا هەیە دەسەڵات مانای دژ بە یەک دەدات، بۆ وێنە:
ــ دەسەڵات لەگەڵ ڕەخنەی شەخسی و ئەزموونی ڕاستەوخۆ بەرەوڕوو ئدەبێتەوە، چونکە ئەندێشە یان بڕوایەک لە دەرەوە دادەسەپێنێ.
ــ نرخ و بایەخی زانستی یا ئەخلاقییانەی کەسانی پسپۆر یان بیرمەند لە دۆخ دەدا: بۆ وێنە دەگوترێ فڵانە بیرمەند دەسەڵاتدارە (واتە پلە و پایە یەکی بەرزی هەیە) .
دەسەڵاتی نەتەوەیی
کۆمەڵێ وزە و توانێیی مادی و مەعنەوی کە لە قەڵەمڕەوی «یەکە»یەکی جوگرافی و سیاسی بە ناوی وەڵات* ئامادەیە کە بریتین لە:
1ـــ بەروبووم، شوێنکات، کەشوهەوا و تۆپۆگرافی قەڵەمڕەوی نەتەوەیی.
2ـــ سەرچاوە سروشتییەکان، وزە و مادەی خۆراکی بەرهەم هێنراو.
دەسەڵاتی نەتەوەیی، گرێدراوە بە گەشەسەندنی ئابووری و سیاسەتی سەربەخۆ، هێزی خەباتکار، ئارمانج و ئارمانی بەررز، دیموکراسی و هەست وخوستی نەتەوەیی.
دەنگۆ+ قسەڵۆک
دەنگۆ، بە هەواڵێک دەگوترێ کە سەرچاوەیەکی ڕوون و ئاشکرای نییە و بەڵگەی پێویست لەسەر ڕاست و ڕەوابوونی بەدەستەوە نەبێت. لە ڕوانگەی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتییەوە، کاتێک کۆمەڵگە لەمەڕ بابەتێک بێ هەواڵ دەمێنێت، ڕێگە بۆ قاوداخستن و سازبوونی دەنگۆ خۆش و لەبار دەبێت. بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک جەماوەر لە ئاستی شتێکدا هەستی ببزوێ و لەسەر ئەو بابەتە هیچ هەواڵێک بڵاو نەکرایەوە، ئینجا قاوداخستن و دەنگۆ بازاڕی گەرم دەبێت. وێدەچێ دەنگۆ پتر لەو کۆمەڵگەیانە ڕوو بدات کە میدیاکان دەورێکی چالاک نەبینن لە ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا. دەنگۆ، دەماودەم بڵاو دەبێتەوە و لە هەر گوتنەوەیەکدا کورت دیکە دەبێت و ئاسانتر لێی تێدەگەن.
دەوڵەت
دەوڵەت لە وشەی لاتینی (status) وەرگیراوە کە ڕەگوڕیشەی ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ وشەی (stare) بە مانای «راوەستاو». دەوڵەت لە مانایەکی بەربڵاودا بریتییە لە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هێزی سیاسی بەپێی دەستووری بنچینەیی شیکاری و دەستنیشان کرابێت. دەوڵەت باڵاترین ڕواڵەتی دەسەڵات و حاکمیەتە کە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا هەبووە. گرینگترین لایەنی فەرمانڕەوایی دەوڵەت، دانان و پیادەکردنی یاساکانە لە کۆمەڵگەدا. دەسەڵاتی دەوڵەت لەگوێن فەرمانڕەوا، لەناو وەڵاتێکدا شتێکی بێوێنەیە. تێگەیشتن لە چەمکی دەوڵەت پێویستی بە فاماندنی ئەندێشەی سیاسی و سیاسەت لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدایە. لە کردەوەدا ئەستەمە بێ دەوڵەت ژیان بەڕێوەبچێت. هەبوونی دەوڵەت جگە لەوەی بە مانای هەبوونی کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەیە، بە مانای بوونی ڕوانگە و شێوازی هەڵسوکەوتی جۆراوجۆرە کە بە کورتی بە شارستانییەت ناوبردە دەکرێت. هەڵبەت هەندێ وێستگەی فیکری بە گومانەوە لە بەرانبەر پێویستیی دەوڵەت لەنگەر دەگرن و هەندێ ڕامانەیان لە بابەت کۆمەڵگەی بێدەوڵەت ئاڕاستەکردووە بەڵام دەوڵەت، لەناو کاروباری ڕۆژانەدا بە وردی دزەی کردووە و ئەم ڕەوتەش تا دێت، بەرفرەوانتر ئەبێت.
دەوڵەت لە هەر کۆمەڵگەیەک، هێمایەکە بۆ بەرژەوەندی و سوودی گشتی و ئەگەرچی ڕواڵەتێکی ئەخلاقی و ئایینی و ئابووری هەیە بەڵام لە بنەڕەتدا پێکهاتەیەکی ئەخلاقی و ئابووری و ئایینی نییە و ڕۆڵی جیاوازی هەیە، بۆ وێنە پاراستنی ئاسایش و پاراستنی مافە سروشتییەکانی تاک و دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆشگوزەرانی خەڵکی کۆمەڵگە.
لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەت چەندین تێوری هاتۆتە ئاراوە کە بریتین لە:
ــ تیوری دەوڵەتی ڕەها (absolutism) بە واتای ڕژێمێکی بێ جڵەو و نەبەستراو بە دەستوورەوە. (لە ڕاستیدا یەکەمین لێکدانەوە و هەڵوێستەی وشیارانە لە مەڕ چەمکی دەوڵەت، لەم تیۆرییەدا بەرجەستە بۆوە) .
ــ تیۆری دەوڵەتی دەستووری (constitutional) (بڕوانە حکوومەتی دەستووری) .
ــ تیۆری ئەخلاقیی دەوڵەت، ئەم تیۆرییە زیاتر پابەندە بە ئەندێشەکانی هێگڵ (1831ــ 1770) .
ــ تیۆری چینایەتی دەوڵەت، ئەم تیۆرییە لێکدانەوەی چەمکی دەوڵەتە بەپێی بۆچوونەکانی مارکس و ئینگڵس.
هەندێ لە تیۆرییەکانی دەوڵەت، لەسەر لایەنی ناچاریی دەوڵەتەکان پێ دادەگرن. ڕیالیستە سیاسی و مارکسییەکان، دەوڵەت بە ئامرازی ناچاریی و جەبری لە قەڵەم دەدەن. هەندێکی دیکە دەوڵەتیان بە پێکهاتێکی یاسایی و بێدەسەڵات ناوبردە کردووە.
بەگشتی سێ پێناسەی جیاواز لە بابەت دەوڵەت ئاڕاستە کراوە: پێناسەی قانوونی، پێناسەی فەلسەفی و پێناسەی سیاسی.
لە پێناسە قانوونییەکەیدا دەوڵەت بریتییە لە یەکەیەک کە ئەم تایبەتمەندییانەی لەخۆگرتبێ:
1ــ حەشیمەت، ( واتە دەوڵەت، بێ حەشیمەتی ئینسانی نایەتە کایەوە) .
2ــ سەرزەمین، (دەوڵەت ئەبێ خاوەن کیانێکی دیاریکراو بێت) .
3ــ حاکمییەت، (بڕوانە فەرمانڕەوایەتی) .
4ــ حکوومەت، (خەڵک ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن بێئەوەی بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵێک ڕێسای دیاریکراو پەیڕەوی بکەن) .
لە پێناسە فەلسەفییەکەیدا دەوڵەت، خاوەنی ئامانجێکی سەرەکییە و لە سۆنگەی دەوڵەتی چاک، دەوڵەتی خوازراو یا دەوڵەتی خاوێن، ئەم گوزارە لێک دەداتەوە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، سێ قوتابخانەی فیکری لەسەر دەوڵەت دەدوێن:
1ــ بوونی دەوڵەت، بۆ ڕێکخستن و هاوئاهەنگی نێوان کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگە شتێکی پێویستە. فەیلەسوفانێکی وەک پلاتۆ، ئەرەستۆ، ئەکڤینیاس و ئاگۆستین و سیسرۆ لەم قوتابخانەدا جێئەگرن.
2ــ دەوڵەت بەرەنجامی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە، ئەم تێورییە لە لایەن فەیلەسوفانێکی وەکوو هۆبز و لاک و ڕۆسۆ داکۆکی لێکراوە.
3ــ دەوڵەت لە ئەنجامی خەباتی هێزە ناتەبا کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتووە، مارکس ولایەنگرەکانی لەم تێۆرییە داکۆکی دەکەن. مارکس سەرچاوە و ماهییەتی دەوڵەت گرێ دەداتەوە بە پێوەندی بەرهەمهێنان لە وەڵاتێکدا و دەوڵەت بە ئامرازێکی ڕاپەڕاندن دەزانێ بەدەست سەرمایەدارەکانەوە و بە ئەنجامی ململانێی چینایەتی دەزانێت کە بەهۆیەوە چینە ستەمدیدەکان لە کۆت و بەندی دیلیەتیدا دەمێننەوە.
لە پێناسە سیاسیەکەیدا دەوڵەت، ئەو پێکهاتە بێخەوشە نییە کە فەیلەسووفان خەونیان پێوە دیوە بەڵکوو دیاردەیەکە، پابەند لەسەر واقیعەکانی ڕابردوو، ئێستە و داهاتوو.
چەمکی نوێی دەوڵەت، لەگەڵ ناسیۆنالیزم* پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی پەیداکردووە. ئەم ڕوانگە کە لە دوا شۆڕشی فەڕەنسەوە بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە، هەموو جیهانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی بە چەشنێک داخوازی بۆ دامەزراندنی«دەوڵەتی نەتەوە» ، گرینگترین هاندەری بزاڤە سیاسییەکان و شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم بووە. هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی، لەنێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت یان «کۆمەڵگەی مەدەنی» و «کۆمەڵگەی سیاسی»، جیاوازی قاییل بوون. بەپێی ئەم جیاوازییە، دەوڵەت، هاومانا نییە لەگەڵ سەرجەم کومەڵگەدا بەڵکوو بەشێکە لە کۆمەڵگە کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەو، حوکم دەکات.
دەوڵەت ـــ نەتەو
شێوازێک لە سیستەمی سیاسی کە لە سەدەی شازدەوە، لەنێوان حکوومەتە فیۆدالییەکانی ئەورووپا سەری هەڵدا و هەموو جیهانی گرتەوە. لەم سیستەمەدا لەنێوان دەوڵەت *ــ وەک باڵاترین ڕێکخەری تەکوزی و نەزمی سیاسی ــ و نەتەوە* ــ وەکوو پێکهێنەری تەکوزیی سیاسی ــ پێوەندییەکی تێر و تۆخ و ڕەها دێتە ئاراوە. لەم شێوازەدا مەفڕووزە کە نەتەوە کەمتاکورتێک، کۆمەڵێکی ئینسانی هاوشێوەیە کە خاوەنی هەستێکی نەتەوەیی هاوبەشە و لەناو سنووڕێکی دیاریکراوی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەژی. «دەوڵەتی نەتەوەیی» لە دنیای ئەمڕۆدا باڵاترین شێوەی تەکوزی سیاسی ناوبردە کراوە.
جیهانی سیاسی ئەمڕۆ بە واتای پێکهاتێکە لە نەتەوەکان، ئەو نەتەوانەی کە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێک دەهێنن. ڕەنگە لەگەڵ ئەم پێناسەدا نەیاریی بکرێت کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە، نەتەوەکان نین بەڵکوو وەڵاتەکانن و زۆربەی نەتەوەکان لە بەینی چەند وەڵاتێک دابەش کراون بەڵام ئەمە پێناسەی ڕەسمی جیهانە لە پێکهاتەی خۆی ئەمەش بە میرات و جێماوەی ناسیۆنالیزم* لە ئەژمار دێت.
یەکێک لەسەرباسەکانی دەوڵەتی نەتەوە، جیاوازییەکانی دەوڵەت و نەتەوەیە کە لێرەدا بە چەند خاڵێک لەو جیاوازییانە ئاماژە دەکەین:
1ــ دەوڵەت بەرهەمی هۆکارگەلێکی دیاریکراوی وەکوو سەربەخۆیی سیاسییە بەڵام نەتەوە، دەرەنجامی هۆکارگەلێکی دیاریکراوە کە بۆتە هۆی پەیدابوونی کۆمەڵێکی مێژوویی سەقامگرتوو.
2ــ خەڵکی دەوڵەتێک، ڕەنگە پێوەندییان بە نەتەوەیەکەوە هەبێت یا نەبێت، کەچی نەتەوە ڕەنگە بوونێکی سیاسی سەربەخۆی هەبێت یا کەرتێک بێت لە دەوڵەتێکی گەورەتری فرەنەتەوە. هەندێ لە نەتەوەکان ڕەنگە لەناو زیاد لە یەکەیەکی سیاسی دابەش بووبێتن وەکوو کۆریاییەکان و کوردەکان.
3ــ دەوڵەت دەزگەیەکی سیاسی ــ یاساییە، بەڵام نەتەوە، دیاردەیەکی مێژوویی ــ سیاسی و کەلتوورییە.
4ــ دەوڵەت، بەرهەمی فراژووتنی مێژوویی نییە، بەڵام نەتەوە دەرەنجامی ژیانی هاوبەشی دوور و درێژی جەماوەرە.
5ــ دەوڵەت لە هەر سەردەمێکدا کیان و نیشتمانێکی دیاریکراوی هەیە و ئەم زێدەش، ڕەنگە بەهۆی زۆرداریی یا یەککەوتنەوە تووشی گۆڕان بێت کەچی نەتەوە، لەباری مێژووییەوە جڤاتێکی ڕاوەستاو لەئەژمار دێت و بەپێی ویست و ئیرادە، گەورە و بچووک نابێتەوە.
6ــ لەسەروبەندی کەونینەی مێژووی مرۆڤیشدا دەوڵەت هەبووە بەڵام نەتەوە، بەرهەمی چاخی نوێیە و دەرەنجامی ئاوێتەبوونی خێڵ و عەشیرەت و گرووپە ڕەگەزییەکانە بە زەبری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.
دەوڵەتانی لاسار
بە دەوڵەتانی یاخی و چەمووش دەگوترێ کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەهۆی ڕژێمی سیاسی یا بۆچوونی ئایدیۆلۆجیکی ڕێبەرەکەیان، تووشی گۆشەگیری دیپلۆماسی و سەرشۆڕیی ئەخلاقی دەبن. شەرعییەتی ئەم دەوڵەتانە لە بەر پێمل نەبوونیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. نموونەی کلاسیکی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، ئەفریقای باشوورییە لەنێوان ساڵەکانی 1984 تا 1994. ئاپارتایدو ئاکارە سیاسییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم ڕژێمە، لەگەڵ پێوانەکانی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، دژایەتی ئاشکرای هەبوو (بڕوانە جیاوازی ڕەگەزایەتی) .
زاراوەی دەوڵەتانی لاسار، بەزۆری ئاماژە دەدات بە سیستەمی سەرکردایەتی (Leadership)، نەک سیستەمی سیاسی خەڵک یان نەتەوەکان بەتایبەت ئەو ڕێبەرانەی کە فێڵباز و کەللەڕەق و شەڕخواز و سەرسەری و ناکەس بن.
دەوڵەتشار
بەو حکوومەتانە کە لە یۆنانی کۆندا دامەزرابوون پێیان دەگوت دەوڵەتشار. بەڵام لە سەدەکانی ناوەڕاست و چاخی نوێدا بەو شارە ئەوروپییانەش کە سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتێکی بەهێز بوون، ئەم زاراوەیان بۆ بەکار دەبرا. دەوڵەت شارەکانی یۆنانی کۆن خاوەنی ڕێکخراوە و دامودەزگە بوون کە سەرجەم لە دەزگەیەکی حکوومەتی بەناوی «دەوڵەت» پێک دەهات.
دەوڵەتی ئازاد
بریتییەلە دەوڵەتێک کە نیشتمانپەروەرانی وەڵاتێکی داگیرکراو لە دەرەوەی وەڵاتەکەی خۆیان وەکوو دەوڵەتی کاتی دایدەمزرێنن و ڕزگارکردنی وەڵات بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن. ئەم دەوڵەتە کاتێک دروست ئەبێ کە ژمارەیەک لە دەوڵەتەکان، دانی پێدا بنێن و بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئەو وەڵاتەی بزانن.
دەوڵەتی تاراوگە
دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە. دەوڵەتی تاراوگە یا دەوڵەتی بزر، بە دەوڵەتی قانوونی وەڵاتێک دەگوترێ کە ئەمێستە داگیر کرابێت و تا ئەوکاتەی کە دوورەپەرێزی خۆی بە کاتی بزانێت، لە دیدی ئەو وەڵاتانەی کە وەکوو دەوڵەتێکی قانوونی بە ڕەسمییەت ناسیویانە، دەوڵەتی قانوونی دەمێنێتەوە. دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە، هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتی پێشوودا نییە. دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی پێویست بۆ نوێنەرایەتیکردنی وەڵاتەکەی دەبێ لە لایەن وەڵاتانی دیکەوە بە ڕەسمی بناسرێت. لە وەها دۆخێکدا دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێشبینی دەکات کە سەرەنجام ببێتە دەوڵەتی قانوونی ئەو وەڵاتە. نموونەی دامەزراندنی دەوڵەتی تاراوگە، بریتی بوون لە: دەوڵەتانی چێک، ئیتیۆپیا، یۆنان، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا و یۆگۆسلاڤیا لە شەڕی دووهەمی جیهانی.
دەوڵەتی تەواودۆست
ئەم زاراوە پتر لە ڕێککەوتننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دێت. لەم جۆرە ڕێککەوتنەدا مادەیەک دەگونجێنن کە بەو پێیە هەر دوو لایەن مافی «دەوڵەتی تەواو دۆست» یان هەبێت. بە واتایەک ئەگەر لایەنێک باجی گومرگی دەوڵەتێکی سێهەم کەم بکاتەوە یا مافێکی بازرگانی تایبەتی بداتێ، ئەوا لایەنەکەی دیکەش خۆبەخۆ دەبێتە خاوەنی ئەو مافە. نموونەی ئەم ڕێککەوتنە لە دانیشتنی مۆسکۆ (30/7/1991 ) لەنێوان سەرۆکی هەر دوو وەڵاتی ئەمریکا و سۆڤیەت بە ئەنجام گەیشت کە ئەمریکا مافی دەوڵەتی تەواو دۆستی بەپێی پێنج ڕێککەوتننامە بە سۆڤیەت بەخشی.
دەوڵەتی جەنگی
بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لە کاتی قەیران و بە تایبەت لە کاتی شەڕدا بەخێرایی و یەکگرتووییەکی پتەو بتوانێ ئیش بکات بە ناچار، دەوڵەتەکەی بە حاڵەتی جەنگی ڕادەگەیەنێ تاکوو بە دەسەڵاتێکی بەرفرەوانەوە بە دامودەزگە حوکوومییەکان ڕابگات. بەم بۆنەوە لە چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی تایبەتی دەست وەردەدا و ئازادی تاکەکەس، سنووردار دەکات.
دەوڵەتی خۆشگوزەران
سیستەمێکی سیاسی کە دەوڵەت خۆی بە بەرپرسی پشتگیری و پێشکەوتنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی شارۆمەندانی وەڵاتەکەی دەزانێ. ئەم دەوڵەتە ئەبێ پێداویستی خزمەتگوزاریی دەرمانی و بیمەی نەخۆشی و بێکاری و خانەنشینی و یارمەتی ماڵ و خێزان، هەر لە منداڵییەوە تا سەری پیری بۆ هەمووان دابین بکات. بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی1880 لە ئەڵمانیا و 1914 لە بەریتانیا ڕەواجی پەیدا کرد بەڵام وەک بەرنامەیەکی گونجاو، هەروەها زاراوەی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» ، یەکەم جار لەلایەن حیزبی کرێکاری بەریتانیا لە 50-1945، هاتە ئاراوە.
ڕەخنەگرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، لەسەر ئەم خاڵە پێدادەگرن کە خەڵکانی بەهرەدار لەم جۆرە دەوڵەتەدا لەش قورس دەبن و هەوڵی ئیشوکار نادەن. بەگشتی بزاڤی سۆسیال دیموکراسی* لە ئەورووپا دەوڕێکی کاریگەری بووە لە پێشخستنی بیرۆکەی ئەم جۆرە دەوڵەتانەدا. سەرکەوتوترین نموونەی ئەم سیستەمە لە لایەن حیزبی سۆشیالیستی سوید دامەزراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی جیهانی دووهەم.
دەوڵەتی داسپاردە
ڕژێمێک کە بە ڕواڵەت سەربەخۆ بێت کەچی لە ڕاستیدا لە لایەن حکوومەتێکی دیکەوە کۆنتڕۆڵ و ئیدارە دەکرێت. بۆ وێنە ڤیچی فرانس لەسەروبەندی شەڕی دووهەمی جیهانی کە زێدەتر لە کۆنتڕۆڵی فەڕەنسەدا بوو.
دەوڵەتی سێبەر
ڕێبەرانی حیزبی کەمینە لە پەرلەمانی بەریتانیا هەرکاتێک دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، دەبنە ئەندامی کابینە. دەوڵەتی سێبەر یان دەوڵەتی خەیاڵی، کابینەیەکی گریمانکراوە کە حیزبە کەمینەکان لە وەڵاتانی دیموکراسیدا بۆ خۆیان سازی دەکەن و بۆ هەر وەزارەتێک، وەزیرێکی خەیاڵی دەستنیشان دەکەن. تایبەتمەندی ئەم کارە لەوەدایە کە حیزبی کەمینە چاودێریی بە سەر هەموو کاروباڕێکی دەوڵەتدا دەکات و دەتوانێت لەم بارەوە پێشنیاز و بیروبۆچوونی سوودمەند بخاتەڕوو.
دەوڵەتی پۆلیسی
دەوڵەتێک کە تێیدا پۆلیس ـــ بە تایبەت پۆلیسی نهێنی ـــ دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە لە تۆقاندن و ترساندنی ئەو شارۆمەندانەی کە مافەکانیان پێشێل دەکرێت و ناتوانن لەڕێی قانوونییەوە دەنگی ناڕازایەتی خۆیان هەڵبڕن. نموونەی ئەم حکوومەتانە وەڵاتانی دیکتاتۆری یا تۆتالیتەرن کە تێیدا نەیارانی ڕژێمەکە سەرکوت دەکرێن و کەسانی ناڕازی، تەنیا بەهۆی سیاسییەوە دەخرێنە بەندیخانەوە.