تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سکولاستیکیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی scholastica بە واتای «وانە قوتابخانەییەکان» وەرگیراوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست باس و گفتوگۆ زانستی و فەلسەفیەکان پتر لە ناو قوتابخانە و کلێسا و پەرستگەکان ئەنجام دەدران هەر بۆیە باسە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بە زانستی سکولاستیک ناوبانگیان دەرکردبوو. لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە ئیمانیان بەلاوە گرنگتر بوو لە ئەقڵ و ئاوەز و پێیان وابوو کە دەبێ لە پێشدا بڕوا و ئیمانمان هەبێ ئینجا بابەتەکان بفامێنین. بەڕای ئەمان، ئایین لە لایەن خوداوە بە مرۆڤ عەتا کراوە و ئەقڵ ناتوانێ لە بەرانبەریدا ملهوڕیی بکات و ڕەتی بکاتەوە. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆییەکی فیکریدا نەیارن و تەنیا بە نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز و بنەما فیکریەکانی ئایینی مەسیح پشت ئەبەستن.
ئەم فەلسەفە ئەگەرچی پشتی بە ئایینی مەسیح بەستبوو، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن و لە ژێر کاریگەریی نیشتمانی خەیاڵی و ئایدیالی پلاتۆدا بوو. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە ئەورووپا و پەیدابوونی هزرڤانان و بیرمەندانێک کە بنەماکانی سکولاستیکیان خستەبەر گومان، هەندێ ڕیفۆرم بە سەر ئایینی مەسیحدا هات و ڕێگە بەم قوتابخانە لێژ کراو و جێگەی خۆی دا بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزم.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک
تیۆرییەکی فەلسەفی دەربارەی مێتافیزیک کە لە لایەن فردریک ئەنگڵس ـــ بۆ جەخت کردن لەسەر بۆچوونەکانی مارکس لەم بارەوە ـــ لە کتێبی ئانتی دورینگ (1878) و دایەلیکتیکی سرووشت (1925) ئاڕاستە کراوە. (هەڵبەت ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن پولخانۆف بەکار براوە). ئەم فەلسەفە، پاش ئەوەی کلک و گوێی کرا، بوو بە فەلسەفەی ڕەسمی حیزبە کۆمۆنیستەکان و «مەتریالیزمی مێژوویی» کامڵ کرد. مەتریالیزمی دایەلیکتیکی، تەنها مادە بە ڕاست و گرنگ دەزانێ و بە بناغەی گەردوون دایدەنێت. ئەم فەلسەفە، سەرچاوەی هەموو نیشانە و بەرهەمەکانی ژیان بە مادی لەقەڵەم دەدا و هەموو گۆڕانکارییەکان بە مادە پەیوەست دەکات کە ئەم گۆڕانکاریانەش بەپێی کۆمەڵێک یاسای تایبەت کە پێی دەگوترێ «دایەلیکتیک»، ڕوو دەدەن. دایەلیکتیک هەم شێوازی گۆڕینی واقیعەکانە و هەمیش شێوەی دۆزینەوەی «یاساکانی جووڵە»ی ئەو واقیعانەیە. ئەم قوتابخانە پێیوایە کە پرەنسیپەکانی مەتریالیزمی دایەلیکتیک لەگەڵ هەموو لقە زانستییەکاندا دەخوێنێتەوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک، مادە لە ئاوەزی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ و ئاوەز بە ڕەنگدانەوەی جیهانی مادە لە مێشکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات و هەموو شتێک یان دیاردەیەک بە دەرەنجامی جووڵەی جەوهەری مادە شرۆڤە دەکات.
مارکس، دایەلیکتیکی تەنها لە هەمبەر دیاردەکان و کۆمەڵگە دەبەستەوە بەڵام ئەنگڵس، ڕووبەری ئەم فەلسەفەی بەرەو سرووشت بەرفرەوان کرد و لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هێگل، پێی وابوو کە جیهان (سروشت و ئەندیشە ومێژوو) دەکەونە ژێر باری سێ یاسا: 1) یاسای هەڵگەڕانەوەی چەندایەتی (کمیت) بە چۆنایەتی (کیفیت). 2) یاسای ئاڵۆزی دژەکان (اضداد)، بەپێی ئەم یاسایە جووڵە، دەرەنجامی دژایەتی نێوان ڕەگەزە هاودژەکانی ناو سروشت و کۆمەڵگە و مێژووە. لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەبەر ئەوەی چینەکان دژی یەکترن، ململانێی چینایەتی دەبێتە مەرجێک بۆ فراژووتنی کۆمەڵگە. 3) یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراو.
زۆربەی زانایانی مارکسی کە تەنها مارکس بە سەرچاوە دەزانن و بۆ ئەنگڵس و لینین بایەخێکی ئەوتۆ قایل نین، بە مەتریالیزمی دایەلیکتیکیش ـــ وەک میتۆدێکی فەلسەفی ـــ بەهایەکی ئەوتۆ نادەن، بە چەشنێک لەم دواییانەدا حیزبە کۆمۆنیستیەکانی فەرەنسی و ئیتالیا، ئەم ڕێبازەیان لەگوێن فەلسەفەی ڕەسمی حیزبەکەی خۆیان خستەلاوە.
مەک کارتیزم
ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ جۆزف مەک کارتی (1957ــ1909) سیناتۆری ئەمریکایی کە لە ساڵی 1946 خۆی بۆ ویلایەتی ویسکانسین پاڵاوتبوو. مەک کارتی نوێنەری ئەندێشەی توندڕەوانەی ئەمریکایی بوو بەدژی لیبراڵەکانی ئەم وەڵاتە و هەندێ لە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی بە لایەنگری لە کۆمۆنیزم تۆمەتبار کرد و ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیریشی هەر بەم تۆمەتەوە کێشایە ژێر لێپرسینەوە و گوشار. قۆناغی گەشەی مەک کارتیزم، سەردەمی شەڕی سارد بوو کە بە «شەڕی پیرۆز» بەدژی کۆمۆنیزم ناوی دەرکرد.
پشتیوانیی سیاسی
بریتییە لە هەر چەشنە هەوڵ و تەقەلای دەوڵەتێک لە بەردەم دەوڵەتێکی دیکە بەمەبەستی بەدواداچوونی مافی هاووەڵاتیانی خۆی و پشتیوانی کردنیان کە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی بیانی شەڕیان پێ فرۆشتبێتن و دەستدرێژی کرابێتە سەریان.
چارتیزم
چارتیزم لە وشەی charte بە مانای نووسراوە، بەڵگە، بەیاننامە، بڵاڤۆک و وەرەقەی شوناس وەرگیراوە. چارتیزم، بزاڤێکی ڕیفۆرمخوازانەی بەریتانی بوو کە لە ساڵەکانی 1840 تا 1848 لەم وەڵاتەدا بۆ باشترکردنی پەرلەمان لە ئارادا بووە. سەرکەوتنی چارتیزم بەهۆی گرووپێکی کرێکاری بوو کە خۆیان بە چارتیست لە قەڵەم دابوو. هۆی ئەم ناولێنانەش ئەوە بوو کە لە ساڵی 1838 نووسراوەیەکیان دەرکردبوو کە بەناوی «بڵاڤۆکی گەل» ناوی دەرکرد. هەندێ لە چارتیستەکان لە بنەڕەتدا ئەو سوسیالیستانە بوون کە لەگەڵ شێوازەکانی سەرمایەداری دژایەتییان دەکرد و پێیان وابوو کە سەرەنجامی چالاکییەکانیان ئەبێ ناردنی چینی کرێکار بۆ پەرلەمان بێت. ڕێبەرانی ئەم بزاڤە لە بەیاننامەی ساڵی 1838 خواستەکانی خۆیان بەم شێوە ڕاگەیاند:
ـــ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی عەوام، ئەبێ ساڵی جارێک بەڕێوە بچێت.
ـــ هەر کەسێک باڵغ بووبێت بۆی هەیە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشداری بکات.
ـــ دەنگدان بە وەرەقەی شاراوە بێت.
ـــ سندووقەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت.
ـــ مەرجی مڵکدارییەتی لە مەرجەکانی ئەندامەتی مەجلیسی عەوام لابرێت.
ـــ بۆ ئەندامانی مەجلیسی عەوام، مووچە دیاری بکرێت تاکوو خەڵکانێک بە داهاتی کەمیشەوە بتوانن ببنە ئەندامی پەرلەمان.
چارتیستەکان لە باری مێژووییەوە هاندەری چینی کرێکار بوون بۆ بەئەنجامگەیاندنی ڕۆلێکی شۆڕشگێڕانە. ئەگەرچی ئەم بزاڤە لە ساڵی 1848 لێک هەڵوەشا بەڵام دواتر هەندێ لە ئامانجەکانی لە قەوارەی بەرنامەکانی ئەنجومەن و یەکیەتی کرێکاری پیادە کرا.
ڕێکخراوەی هاوبەندی ئەمریکای لاتین
ئەم ڕێکخراوە لە ژانوییەی 1966 لە پەراوێزی «هاوبەندی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین» لە شاری هاڤانا، پێتەختی کووبا دامەزرا. بە دامەزرێندنی ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی کاسترۆ و تیۆری شۆڕشی جووتیارییەکەی بەسەر حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین کە تا ساڵی 1964 دژایەتییان دەکرد، مسۆگەر بوو.
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
ڤاتیکان
ڤاتیکان یا وەڵاتی ڤاتیکان کە بە ئیتالیایی پێی دەڵێن citidel vatican. ڕووبەرەکەی دەگاتە 400 هەزار مەتری چوارگۆشە لە باکووری ڕۆژاوای شاری ڕۆما پێتەختی ئیتالیا هەڵکەوتووە کە گرنگترین بارەگا و ناوەندی دەسەڵاتداری پاپا، ڕێبەری کاسۆلیکەکانی جیهانە. حکوومەتی پاپا بچووکترین حکوومەتی سەربەخۆی ئەورووپایە و ئەم سەربەخۆییە بەپێی پەیمانی لاتران (کە ناوی کەلیسایەکە) لە ساڵی 1929 لە لایەن دەوڵەتی ئەوکاتەی ئیتالیاوە درا بە پاپا.
ڤاتیکان، پۆلیس و پۆست و پارە و وێستگەی ڕادیۆیی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە 23 زمان بەرنامە بڵاو دەکاتەوە. نزیکەی 500 کارمەندی هەیە و هەر سێ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و یاسادانان و دادوەری لەژێر دەسەڵاتی پاپادایە. بەڕێوەبردنی وەڵاتی ڤاتیکان لە دەست فەرماندار و ئەنجومەنێکدایە کە لە بەرانبەر پاپادا بەرپرسن. ڤاتیکان لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی دارایی و سەرمایەیەکی زۆرە و لە پتر لە سەد وەڵات باڵیۆزخانەی هەیە. سیاسەتی ڤاتیکان بە پلەی یەکەم، بریتییە لە پەرەپێدانی ئایینی کاسۆلیک لە جیهاندا و دژایەتی سەرسەختانەی بیروباوەڕی کۆمۆنیزم دەکات.
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.
گفتوگۆی شارستانەتیەکان
پڕۆژە بڕیارێک لە بەرانبەر تیۆری «ململانێی شارستانەتیەکان» و بیرکردنەوە دەربارەی گفتوگۆ لە جیاتی ململانێ و ڕواوروویی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان. ئەم پێشنیازە لە دانیشتنی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لە تاران (1997) لە لایەن محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران ئاڕاستە کرا و دواتر لە دوازدەیەمین دانیشتنی وەڵاتانی ئەندامی بزووتنەوەی بێلایەن (1998) لە ئەفریقای باشووری چێ کرا. هەمان ساڵ لە کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتە ئاراوە و لە دانیشتنی 23 ئۆکتۆبەر، بە کۆی دەنگ پێشنیازی ئێران کەوتە بەرباس و سەرەنجام لە 4ی نۆڤەمبەر بڕیار درا کە ساڵی 2001، بە ناوی ساڵی گفتوگۆی نێوان شارستانەتییەکان لە ئاستی جیهاندا پەسند بکرێت.
ئاریستۆکراسی+ ئاغەواتی
بە زمانی یۆنانی بە مانای باشترین حکوومەت یان حکوومەتی پیاوماقووڵانە. بەڵام لە زاراوەدا جگە لەوەی کە هەڵگری پاساوێکی ئەخلاقییە، حکوومەتی کەسانی لێهاتووە کە بەپێی میرات و شەرەف و خوێن بە سەروەری گەیشتوون. کەواتە دەکرێ بە حکوومەتی ڕەگەز مەزنایەتی ناوبردە بکرێ.
لە فەلسەفەی سیاسی یۆناندا ئاریستۆکراسی بەو دەسەڵاتدارانە دەگوترێ کە لە باری ئینسانییەوە بە تەواوی هەڵیان دابێ و گەشەیان کردبێ. «ئەرەستۆ» (لە کتێبی سیاسەت) و «پلاتۆ» (لە کتێبی کۆمار)دا هەوڵێکی زۆریان داوە لەمەڕ دیاریکردنی پێودانگێک بۆ دۆزینەوەی ئەم جورە کەسانە. ئەرەستۆ، باشترین جۆری حکوومەتەکان بە پادشایی و ئاریستۆکراسی و حکوومەتی قانوون ناوبردە ئەکا و لەنێوان ئاریستۆکراسی و ئۆلیگارکی*دا ئەم جیاوازییە قاییلە: " ئۆلیگارکی گەیشتن بە دەسەڵاتە بەپێی دارایی و ئاریستۆکراسی بەپێی بلیمەتی". بەڵام هەر لە زووەوە ئەم دوو زاراوە بە یەک مانا بەکار براون. بۆ وێنە «کارتاژ» و «وینیز» ئاریستۆکراتی گەورەی دارایی بوون.
ئاریستۆکراتیک بە عام، بە حکوومەتێک دەوگوترێ کە تێیدا دەسەڵاتی دەوڵەت ڕەها بێ و حکوومەت بە دەست تاقمێکی مومتازەوە بێت. ئەم تاقمەش لە ڕێی میرات و پلەی چینایەتییەوە بەم شوێنە گەیشتبێ و ڕێگەی چینەکانی دیکە بۆ ئەم شوێنە یاساغ بێت. نموونەی ئەم سیستەمە سیاسییە لە ئێرانی پێش ئیسلام و ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست ئەبیندرێت. ئەمڕۆ نموونەی ئەم جۆرە حکوومەتە لە کەم شوێنی جیهاندا پەیدا ئەبێت و جێی خۆی داوە بە دیکتاتۆری ئولیگاریشی نوێ.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی
کاتێک کۆمەڵ ئەرخەیان بێت لە هەڕەشەیەک کە دەرەنجامی کردەوەیەکی نایاسایی دەوڵەت یان دەزگە یان تاکێک دەرحەق بە تەواوی کۆمەڵگە بێت. لە سیستەمی مافەکانی نوێدا، پێویستە کە یاسا، بە پەسندکردنی قانوون و بە ڕەسمییەت ناسینی مافەکانی تاک و سزادانی تاوانباران، ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێ (بڕوانە ئازادییەمەدەنییەکان) . دادگە و پۆلیسیش بەڕێوەبەری یاسایە و تاک و کۆمەڵگە لە بەرانبەر شکستهێنان بە یاسا و بێ قانوونی دەپارێزن.
ئاسایشی گشتی
بنەڕەتی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەیییە کە هەوڵ و دەوڵی هاوتەریبی وەڵاتان بە تایبەت هەوڵی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، زامنیەتی.
ئاشتی
١ــ حاڵەتی ئارامی و ئاسایشی گشتی لە وەڵاتێک و پێوەندی ئاسایی لەگەڵ وەڵاتانی دیکە. ٢ــ نەبوونی شەڕ و نەبوونی سیستەمی هەڕەشە. نەبوونی شەڕ واتە پەرەپێدان بە هاریکاری و پێوەندی نێونەتەوەیی. تەنیا ئاشتی دەتوانێ ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێ، ڕادەی ئەو ڕێبەرانەی کە دەم لە ئاشتییەوە دەدەن، گەلێک زۆرن بەڵام بەهۆی ترس لە چەک داماڵین*ی یەکلایەنە، گفتوگۆ لەمەڕ ئاشتی هەمیشە سەرکەوتوو نەبووە، چونکە لایەنی بەرانبەر متمانەی بە ئەویدی نەبووە. لەم رووەوە بەرنامەی بەرهەمهێنان و پڕچەککردنی خۆیان درێژە پێدەدەن، ئەمەش پاڵنەڕێکە بۆ شەڕ و هەڕەشە لە ئاشتی دەکات.
ئاشتی خوازی
حەزکردن بە ئاشتی و بێزاربوون لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە تایبەت لەنێوان نەتەوەکاندا. لەسەرەتادا بە کەسانێکیان دەگوت ئاشتیخواز کە پێیان وابوو ئەکرێ لەبری شەڕ و ئاژاوە کاری دیکە (ناوبژیوانی و دادوەری) ئەنجام بدرێ.
«ویلسۆن»، (1856ــ 1919) سەرۆککۆماری ئەمریکا و لایەنگرانی دیکەی دامەزراندنی کۆمەڵی نەتەوەکان (1916ــ 1919) بە ئاشتیخواز ناویان دەرکرد چونکە ئەمانە شەڕیان نەک هەر بە بێ ئەخلاقی دەزانی بەڵکوو بە خاپوورکەری شارستانییەتیان لە قەڵەم ئەدا. بەم حاڵەش ئەم کەسانە، سڵیان نەکرد لە بەکارهێنانی هێز و زەبر و زەنگ بەدژی ئەو وەڵاتانەی کە شەڕخواز بوون. ئامانجیان ئەوە بوو کە هێزی وەڵاتانی دیکە بخەنەگەڕ بۆ خزمەت کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی . بەم پێیە ئەکرێ لە بری ئاشتیخواز بە«ئەنتەرناسیۆنالیست» * لە قەڵەم بدرێن.
واتایەکی دیکەی ئاشتیخوازی، ئەگەڕێتەوە بۆ ئاکاری ئەو کەسانەی کە ئامادە نابن لە هیچ هەڵومەرجێکدا بچنە خزمەت هێزی سەربازی بۆ ئەوەی بە دژی نەتەوەیەکی دیکە، شەڕ بکەن. بەم جۆرە ئاشتخوازییە دەڵێن ئاشتیخوازی کەسی یان ئەخلاقی کە لە ئاخێزگەیەکی ئایینییەوە سەری هەڵداوە (وەکوو مۆژگارییەکانی «ساتیا گراها»، بە ڕێبەرایەتی «گاندی» لە هێندوستان کە بۆ چەند ساڵێک، بوو بە بنەمای سیاسەتی دەرەوەى ئەو وەڵاتە) .
واتایەکی دیکەی ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ کەسانێک کە لەبەر هۆکاری ئەقڵی، شەڕ بە ناڕەوا دەزانن. ئەمانە پێیان وایە کە شەڕ، دوو لایەنەکە دەخاتە دۆخێکی ئاستەنگ و دوژمنکارانەوە و لەسەر ئەم بڕوایەن کە بۆ گۆڕینی ئیرادەی دوژمن ئەبێ سەبر و ئارام بگرن و چالاکانە هەوڵ بدرێ ئەم دژبەرەکییە لەناو بچێت. ئەم جۆرە ئاشتیخوازییە، بە ئاشتیخوازی سیاسی یان ئەقڵی پێناسە کراوە. هەندێ لە نووسەرانی سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەم، لایەنگری ئەم جۆرە ئاشتیخوازییە بوون.
تا ئێستە هیچ دەوڵەتێک ئاشتیخوازی وەکوو سیاسەتی ڕەسمی و هەمیشەیی خۆی دەستنیشان نەکردووە. بەڵام ئەم بیرۆکە لە مابەینی دوو شەڕەکە لە ئەورووپا لایەنگرانێکی زۆری بە خۆوە دی و هەندێکی زۆری بە دژایەتی لەگەڵ کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی هاندا. کەچی بە هەڵگیرسانی شەڕی دووهەم، لە ڕادەی ئەم لایەنگرانە کەم بۆوە و بە ڕادەی لایەنگرانی سەربازیگەری زیاد بوو.
پاش داهێنانی بۆمبی ناوەکی لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم و دروستکردنی جبەخانەی ئەتۆمی، ئاشتیخوازی بوو بە بزاوتێکی بەهێز دژ بە چەکی ناوەکی و گەلێک لە زانایانی بەناوبانگی جیهانیشی بەم خەباتەوە گلاندووە. تەنانەت ئەو کەسانەش کە لەگەڵ شەڕی ئاسایی دژایەتییەکیان نەبوو، بەم کارەوە هەستاون.
ئاشتی پڕچەک
لە ساڵی 1871 کە ئەڵمانیا سەرکەوتنی بەسەر فەرەنسادا بەدەست هێنا، تا ساڵی 1914 کە شەڕی جیهانی یەکەم هەڵگیرسێ لەنێوان دەوڵەتانی ئەورووپی هیچ شەڕێک ڕووی نەدا، بەڵام لە ماوەی ئەم 43 ساڵەدا ئەم وەڵاتانە بە گەرمی سەرقاڵی پڕچەککردن و پشتئەستوورکردنی خۆیان بوون کە ئەم زەمەنە بە قۆناخی ئاشتی پڕچەک ناوی دەرکردووە.
ئاژاوەگەرێتی
فەرمانڕەوایی ڕووتە و پووتە و بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار. ئاژاوەگەرێتی (مۆبۆکراسی) بریتییە لە حکوومەتی کەسانێکی نەزان و نەفام کە لە کاتی قەیران و شۆڕش و کۆدەتا*و گۆڕانکارییەکاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی وەڵاتێک بەدەستەوە بگرن. لەم حکوومەتەدا دەسەڵات دەکەوێتە دەست خەڵکانێکی بێ پرەنسیپ و ئاژاوەگێڕ، خەڵکێک کە بە ڕێگەی عەقڵیاندا ناڕۆن بەڵکوو ملکەچی هەستیان بن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست ئەکەن بە شەڕنانەوە و ئاژاوەگێڕی. ئاژاوەگەرێتی ڕووکارە گەندەڵەکەی دیموکراسی لەئەژمار دێت. لەم بارەوە «هێرۆدۆت»، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ: هەرچەندە دیموکراسی هەموو کەس لە بەرانبەر یاسادا بە یەکسان دەزانێ بەڵام عەیبەکەشی ئەوەیە کە بە ئاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی یا حکومەتی کەسانی نەفام و نەزان.
ئیرادەی گشتی
تیۆرییەک لە بارەی پێوەندی تاک و دەوڵەت و بنەماکانی دەوڵەت لە بەرانبەر تیۆری کۆن کە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەکوو «مافێکی خواوەندی» لەئەژمار دێنێ. بەپێی ئەم تیۆرییە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ئیرادەی گشتیی خەڵکە و لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا دەبێ خواستی هەموو شارۆمەندان لە بنیاتنانی ئەو سیستەمەدا لە بەرچاو بگیرێت. ئیرادەی هەموان، گشتێکی تێک تەنراوە کە بڕیارەکانی ئاوەزمەند و ڕاست و ڕەوایە و بەپێی بەرژەوەندی هەموان و لەسەرووی خواستی تاکەکەسەوەیە.
ئەم تیۆرییە لە جیهانی ئەمڕۆدا گرینگییەکی زۆری پێدراوە. چونکە زۆربەی سیستەمە سیاسیەکان خۆیان بە نوێنەر و فەرمانبەری ئیرادەی گشتی دەزانن و ئەم چەمکەش لەژێر سەردێڕی «ئیرادەی نەتەوە» و ئیرادەی گەل و … ناوبردە دەکەن.
ئەم تیۆرییە لە لایەن فەیلەسوفی فەرەنسی «جان جاک ڕۆسۆ»، لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتیدا بە تێر و تەسەلی باس کراوە. «ڕۆسۆ» ئەم کتێبە بە پرسێک لە کێشەی دەوڵەت دەستپێدەکات کە: چۆن دەوڵەت بنیات دەنرێ و کێ بنیاتی دەنێ؟ هەر خۆشی لە وەڵامدا دەڵێ: دەوڵەت دەرئەنجامی کۆبوونەوەی کەسانێکە کە بە خواستی خۆیان دەست لە دۆخی ئازادی«سروشتی» بەردەدەن و پێمل ئەبن بە کۆتوبەندی ڕێسایەکی سیاسی و یاساکانی. چونکە پاش ئەوەی مرۆڤ ژیانی سروشتی و کێویی خۆی بەجێهێشت و پێی نایە ژیانێکی کۆمەڵایەتیییەوە، گۆڕانێکی گەورەی بە سەرا دێت. ئینجا زۆر و ستەم و هەڵشاخانی غەریزی جێی خۆی ئەدا بە عەداڵەت و داد و بە پێچەوانەی ڕابردوو لە بەرانبەر یاسا ئەخلاقییەکاندا چۆک دادەدات. کەواتە بنیاتنەری دەوڵەت، ئیرادەی گشتییە و هەر ئەم خواستەیە کە باڵادەست و یاسادانەرە. بەم بۆنەوە ملکەچکردن بۆ یاسا شتێکی حاشاهەڵنەگرە چونکە یاسا ئازادی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکا و ئەگەر کەسێک بێ قانوونی بکات، ئەبێ بە زۆرەملی لە بەرانبەر یاسادا چۆکی پێدابدرێ. بە حوکمی ئەم گوشارەیە کە ئازادییەکەی پێ ئەبەخشرێتەوە. تاک لەناو کۆمەڵگەی سیاسی و بە فەرمانی قانوونە کە شوناسی ئەخلاقی بە دەست دەهێنێ. چونکە لە بێسەرەوبەرەیی ڕزگار دەبێ و پابەندی ڕێسای ئەخلاق و ماف دەبێ و کڵاوی خۆی دەکاتە قازی کردارەکانی خۆی. چەندە ڕێسای سیاسی لەگەڵ ئیرادەی گشتی هاوتەریب بێت، ئەوەندەش تاک هەلومەرجی گەشەی ئازاد و ڕاستەقینە و ڕێگەی بەرەو فراژووتنی خۆی باشتر ئەدۆزێتەوە. بەم پێیە لە ڕوانگەی «ڕۆسۆ»وە کۆمەڵگەی سیاسی، خاوەنی ئیرادەیەکی ڕەها و بێ هەڵە و بێ بەدیلە.
پاش «ڕۆسۆ» چەمکی ئیرادەی گشتی، بۆتە بابەتی سەرەکی چەند فەلسەفەی سیاسی بەڵام ئەم فەلسەفانە لایەنگری دیموکراسی و دەسەڵاتی گشتی نەبوون. بۆ وێنە «هێگڵ»، فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی لە کتێبی «فەلسەفەی حەق» ، ستایشی «ڕۆسۆ» دەکات کاتێک، «ئیرادە بە بنەڕەتی دەوڵەت» لە قەلەم دەدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لۆمەی دەکات کاتێک، بە «خواستی گشتی» ناوبردەی دەکات چونکە زمانحاڵی خۆی لە کۆنگرەی گشتیدا دەدۆزێتەوە. «هێگڵ» دەڵێ: ڕەنگە گومانیان وا بێ کە ئەو شتەی دەوڵەت ڕادەگرێ، «زۆر» بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاگری دەوڵەت هەمان هەستی تەکوزییە کە هەموان لێی بەهرەوەرن. دەوڵەتی «هێگڵ»، ڕۆح یان خواستێکی باڵاترە لە ڕۆح و خواستی شارۆمەندان و دەزگەکانی دەوڵەت کە درێژە دەدات بە ژیانی شارۆمەندان. ئەو شتەی کە شارۆمەندان بەرەو دەوڵەت ڕادەکێشێ ڕەگەزی عەقڵە لە ئیرادەکانی ئەواندا.
بەم جۆرە ئیرادەی گشتی کە لە لایەن «ڕۆسۆ»وە چەمکێکی ڕەها و بێنیاز لە تاک سەیر کراوە دەگات بە «هێگڵ» کە دەوڵەت وەکوو بوونێکی پابەند بە ڕەوتی جووڵەی مێژوویی«رۆحی ڕەها» سەیر دەکرێت. ئەم تیۆرییە بەدەر لە ئاوەزی مرۆڤ سەرەنجام لە سەدەکانی 18 و 19 ئەبێتە ژێرخانی تیۆرییە دیموکراسییەکان و لە سەدەی بیستەمدا ئەبیتە هۆی بەدیهاتنی ڕژێمە توتالیتارەکان.
«ڕۆسۆ»، کۆمەڵگە سیاسییە ئایدیاڵییەکەی خۆی بە کۆمەڵگەیەکی بچووک دەزانی کە تێیدا هەموو خەڵک بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ، ئیرادەی خۆیان بەکار دەهێنا. بەڵام لە شۆڕشی مەزنی فەرەنسەدا ـــ کە «ڕۆسۆ» لە باری فیکرییەوە کاریگەریی لەسەر ڕێبەرەکانی دانابوو ـــ پیادەکردنی ئیرادەی گشتی شێوەی پەرلەمانی بە خۆوە گرت و هێدی هێدی لەبری ئەم چەمکە «خواستی نەتەوە» یان «خواستی نەتەوەیی» بەکار هێنرا. پاشان بە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم و سوسیالیزمی نوێ، ئیرادەی گشتی بە ناوی «خواستی نەتەوەیی» یان «خواستی کۆمەڵ» پیرۆز کرا، تا ئەو شوێنەی کە ئێستە لە هەموو جیهاندا دەسەڵاتی دەوڵەتەکان بەم ناوە دەرکراوە و زۆربەی شەڕ و کێشە سیاسییەکان بەم ناوە پاساو ئەدرێت.
ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
بزاڤی ئاشتی
بزاڤێکە کە حەز بە چەسپاندنی ئاشتی نێونەتەوەیی (یا نەتەوەیی) بکات و بەرگری دەکات لە بەرپابوونی شەڕ لە داهاتوودا. ئەم بزاڤە پێی وایە کە بە هەرەوەزی ئینسانی لە هەموو جیهان، دەکرێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر فشار و بە سازدانی پێوەندی نێونەتەوەیی، کێشەکان کەم بکرێنەوە و کۆمەڵگەکان لە یەکدی نزیک ببنەوە.
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
تاوانی نێودەوڵەتی
لادان لە پرەنسیپەکانی دەوڵەت و نەتەوەکان و سستکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش کە بریتین لە: دەستدرێژی، داگیرکاری*، جێنۆساید*، ئاپارتاید*، ڕەگەزپەرستی و نەپاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە.
تێئۆکراسی + یەزدانپەرستی
تیۆرییەکی سیاسی و ئایینیە کە تەنیا حکوومەتی ئایینی بە ڕەوا دەزانێ و یاسایەک بە دروست ئەزانێ کە لە لایەن خواوە دانراوە و بە پێغەمبەرەکانا بە خەڵکی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئایین و سیاسەت (مەلا و دەوڵەت) لێک جیا نین و ئەبێ یاسا و دەستوورەکانی خوا لە پێوەند لەگەڵ خەڵک پیادە بکرێت.
جیاوازی ڕەگەزایەتی
جیاکردنەوەی هاووەڵاتیان لە یەکتر بە پێودانگی ئەتنیکی و بەربەستکردنی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە بابەت شوێنی ژیان و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزی«باڵادەست» و هەروەها بێبەشکردنیان لە مافی مەدەنی و سیاسی و بێعەداڵەتی و نابەرانبەری لە وەرگرتنی مووچە و پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی. نموونەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، سیاسەتی ئەڵمانیای نازی بوو دەرحەق بە «خەڵکانی نائاریایی» (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
بە ناوبانگترین ڕژێمێک کە بەرێوەبەری ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانە بووە، ڕژێمی ئەفریقای باشووری بووە کە بە ناوی «ئاپارتاید» * لە ساڵی 1948 سیمایەکی یاسایی و ڕەسمی بە خۆوە گرتووە. لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە کە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەر ئەم وەڵاتەدا گرت، ئەم سیاسەتە بەڕێوەچووە. حیزبی«نەتەوەیی» کە لە ساڵی 1948 بە دەسەڵات گەیشت، ڕێساگەلێکی بۆ ئەو خەڵکانەی کە سپی پێست نەبوون پەسند کرد کە هەموو بواڕێکی ژیانی ئەوانی ئەگرتەوە. (بۆ وێنە، بەرگری کردن لە زەماوەندی سپی پێستەکان لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بەربەستکردنی مافی سیاسی و هاتووچۆ و هەڵبژاردنی ماڵ و ئیش و کار و …)
لە ساڵی 1952 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەستی بە پەیجووری کرد و ئەم سیاسەتەی وەک مەترسییەک بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بەڵام دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، ڕێگەی بە کۆمیتەی لێپرسراوی ئەم مەسەلە نەدا. سەرەنجام ئەم ڕژێمە لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە خەباتی بێوچانی خەڵکانی ئەم وەڵاتە بە ڕێبەرایەتی «نیلسۆن مەندێلا» ڕووخێندرا و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزیی کەوتەوە دەست خەڵک.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
حکوومەتی دەستووری
بە ڕژێمێکی سیاسی دەگوترێ کە بەستێنی دەسەڵاتەکەی بەپێی بەربەستی قانوونی بەرتەسک کرابێتەوە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆریدا حکوومەتی دەستووری دێتە ئاراوە. بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی دەستووری لەگەڵ حکوومەتی قانوونی بە یەک مانا لێکدراونەتەوە. قانوون بریتییە لە کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ کە لە لایەکەوە سنووری کردەوەی تاک و کۆمەڵ دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاستی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار دەکات. هێنانەکایەی پێوەندییەکی قانوونی لەنێوان حکوومەت و هاووەڵاتیان و پابەندیی هەردوولا بە قانوون، لە مەرجە سەرەکییەکانی حکوومەتی دەستووری لە ئەژمار دێت. زاراوەی «ئازادییەکانی تاک» و «جیاکردنەوەی هێزەکان» * یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە حکوومەتەیە.
لە بەرئەوەی ئەم حکوومەتە سیستەمێکی قانوونییە و بنەماکانی بەپێی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاری هاوشێوە دەنوێنن. حکوومەتی دەستووری، بە دوو شێوازی جودا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، کۆماریی. دووهەم، پاشایەتی. بیرۆکەی حکوومەتی دەستووری لە بنەڕەتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی (لیبرالیزم) *.
حکوومەتی سەربازیی
بریتییە لە پیادەکردنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەربازی و سوپایی دەوڵەتێک بەرانبەر بە کەسانی مەدەنی لە وەڵاتێک لە کاتی شەڕ یان تەنگەتاوی. لە کاتی جێگیربوونی ئەم حکوومەتە لەبری فەرمان و دەستووری مەدەنی، فەرمانەکانی هێزی سەربازیی پیادە دەکرێ و دادگە مەدەنیەکانیش جێی خۆی دەدا بە دادگەی سەربازی.
حکوومەتی هەرێم
حکوومەتی هەرێم یان حکوومەتی هەرێمی، پێکهاتەیەکە لە یەکەیەکی تایبەت بۆ وێنە شارۆچکە، شار یان هەرێمێک کە تاڕادەیەکی زۆر بۆ خۆی سەرپشک بێت و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوچەکە سەربەخۆییەکی کەمتازۆری هەبێت. خەڵکی ئەم ناوچە خۆیان بە دانانی یاسا ـــ بەو مەرجەی لەگەڵ یاساکانی وەڵات تەبا بێت ـــ کاروباری هەرێمەکە بەڕێوە دەبەن. نموونەی ئەم جۆرە حکومەتە، هەرێمی کوردستانی عێراقە کە لە ساڵی 1991 بەملاوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.
حکوومەتی پیران+ پیر مەزنایەتی
حکوومەتێک کە تێیدا کاروباری وەڵات بسپێردرێتە دەست بەساڵاچوانی دنیادیدەی زانا و بەئەزموون. ئەم تیۆرییە لە پێنجسەد ساڵ پێش زایینەوە کەمتاکورتێک لایەنگری خۆی هەبووە چونکە لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، لاوان، بە کاڵفام و شەڕهەڵایسێن دەزانن هەربۆیە پیرانی زانا بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە بە شایستەتر دەزانن.