تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
دیکتاتۆری پرۆلتاریا
یەکێک لە چەمکەکانی مارکسیزم*ــە کە چۆنییەنی بەکارهێنانی هێزی دەوڵەت لە نیۆان شۆڕشی سۆشیالیستی و پیادەکردنی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی دیاری دەکات. مارکس لە ڕێبازەکەی خۆیدا بۆ تێپەڕبوون لە قۆناخی سەرمایەداری بەرەو سۆشیالیزم، باسی قۆناخێکی دیکە دەکات کە بە «دیکتاتۆری پڕۆلتاریا» ناوبردەی دەکات. بە باوەڕی مارکس، دوای ئەوەی پرۆلتاریا لەڕێی شۆڕشەوە دەسەڵاتی سیاسی بەدەست هێنا، حکوومەتی چینەکەی خۆی (کرێکاران) دادەمەزرێنێ. وەها حکوومەتێک مووچە و حەقدەست بە ڕێژەی ئیشوکار دەدات و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و مەزاختن بەدەستەوە دەگرێ و هەوساری چینەکانی دیکە مەهار دەکات. ئەم حکوومەتە، بە لەناوبردنی کاری دەستی و فیکری و جیاوازیی چینایەتی، ڕێگە بۆ لە دایکبوونی کۆمۆنیزم واتە کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی، خۆش دەکات. لەم کاتەدا پرۆلتاریاش وەکوو چینێک، لەناو ئەچێت و جێی خۆی دەدات بە ئەنجومەنەکانی هاریکاری بۆ بەدەستەوەگرتنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان.
بەڕای مارکس و لایەنگرەکانی، دیکتاتۆری پرۆلتاریا قۆناخی گواستنەوەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی. مارکسییەکان گرنگییەکی زۆر بەم تیۆرییە دەدەن و بە ئامانجی کۆتایی هاتنی«سەردەمی ڕەنجدەران»ی دەزانن کە بەو پێیە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دێتەدی.
یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆ مارکسییەکان بۆ بەکار هێنانی ئەم مۆدێلە لە وەڵاتانێکی وەک سۆڤیەت و چین بەدیهات، ئەمە بوو کە لەم وەڵاتانە بەهۆی دواکەوتوویی ئابووری، پرۆلتاریا زۆر بێتوانا و بێحەشیمەت بوو بەڵام لینین و مائۆ، بە دامەزرانی حیزب، لەبری چینێک کە حیزب خۆی بە نوێنەری دەزانێ، لەم مۆدێلە بۆ فەرمانڕەوایی ڕەهای حیزبی کۆمۆنیست کەڵکیان وەرگرت.
سێکتاریزم/تیرەگەری
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی secta بە مانای تیرە و گرووپی بچووک وەرگیراوە. لە کەلتووری کۆمۆنیستەکان بە واتای دابڕان لە جەماوەر و گۆشەگیرییە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بە حەز و ئارەزوویەکی تایبەتەوە بیر لە بابەتە ئایینی و فەلسەفیەکانی خۆیان دەکەنەوە و گرنگی بە بابەتە گرنگەکانی کۆمەڵگە نادەن.
بە گشتی سێکتاریزم بۆ تیرەگەری و عەشیرەگەری لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەکاندا بەکاردێت کە پتر لە ناو حیزب و گرووپە چەپیەکاندا باوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم گرووپانە لق و پۆپی جۆراوجۆریان لێ ببێتەوە. تیرەگەری لە ناو حیزبە سیاسیەکان هەمیشە ناگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروڕا بەڵکوو هەندێ جار لە ناکۆکی و ململانێی تایبەتی و زێدەخوازی ڕامیارییەوە سەرچاوە دەگرێ.
لۆمپن پرۆلتاریا
لۆمپن، وشەیەکی ئەڵمانییە و بە کەسانی بەتاڵپا و پەست و خوێڕی و شڕەخۆر دەگوترێ. زاراوەی لۆمپن پرۆلتاریا لە نەریتی سیاسیدا بە توێژێک لە خەڵکی چارەڕەش دەگوترێ کە بە هۆی بێ بەشبوونی یاسایی و کۆمەڵایەتی و بێ ئاگایی لە کاروباری سیاسی و مرۆیی، ویژدانی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لەدەست داوە. ئەم توێژە بە تایبەت لە کۆمەڵگە کۆلۆنیالیستیەکاندا سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆی تووڕەیی و بێزاری خەڵک و بەرە ــ بەرە بە هۆی ڕەوشی نالەباری ئابووری، زیاتر لە ناو تاوان و گەندەڵیدا نوقم دەبن. دەتوانین لۆمپن بە گرووپێکی شڕەخۆر و بەرەڵڵا و تاوانکار لە قەڵەم بدەین کە دەبنە کرێگرتەی وەڵاتانی سەرمایەداری و چینی دەسەڵاتدار کە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی دواکەوتووانە و دژەنەتەوەیی خۆیان سوودیان لێ وەردەگرن و بەم جۆرە پلەوپایە و پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن.
لۆمپنەکان، لە کۆدەتا و پیلانەکاندا لە ڕێی جاشییەتی هەوڵی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی ڕەوای جەماوەر دەدەن. ئەمانە هەرچەنەدە ژیانێکی ناخۆش و دژوار بەسەر دەبەن بەڵام هەموو کارێک ئەنجام دەدەن و لە ئەنجامدانی هیچ کردارێکی نامرۆیی سڵ ناکەن. ناتوانین لۆمپنەکان لە چوارچێوەی چینێکی تایبەتدا ڕیزبەندی بکەین چون هیچ کار و کەسایەتییەکیان نییە و جگە لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان کارێکی دیکە ئەنجام نادەن و بە گشتی دەچنە ڕیزی کەسانی مشەخۆر و سەرباری کۆمەڵگە و دوژمنانی گەلەوە.
میلیتاریزم/سوپا پەرستی
میلیتاریزم، چوار شێواز لەخۆ دەگرێ: شەڕەنگێزی، زاڵبوونی هێزەچەکدارەکان بە سەر دەوڵەت، ستایشی سوپا و بە هەرەوەز کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداری. کاتێک ئەم چوار شێوازە بە تێکڕا بێتە کایەوە (وەک ژاپۆن لە سەردەمی هیدکی تۆجۆ 44-1940) میلیتاریزم بە تەواوی پاوەجێ دەبێت. کاتێکیش دوو یا سێ شێواز بێتە کایەوە، حاڵەتێکی ڕێژەییە.
میلیتاریزم، مانای زۆری لێبۆتەوە. هەندێ جار بە واتای شەڕەنگێزی یان سیاسەتی پاوانخوازانە لە ئاست دەرەوە و ئامادەبوون بۆ بەرپاکردنی شەڕ بە کار هاتووە. لە شوێنی دیکەدا بە واتای سەروەری سوپا بەسەر دامودەزگەی دەوڵەتە. لە کەشێکی وەهادا بۆ ئەوەی دامودەزگەیەکی دەوڵەتی بە میلیتاریزم ناو دەربکا، دەبێ بەستێنی دەسەڵاتی چەکداری و مەدەنی بە وردی لێک جودا بکرێتەوە و دەسەڵاتی چەکداری بە سەر دەزگە ئیداری و سیاسیەکاندا زاڵ بێت. یەکەمین نیشانەکانی جیاوازی ئەم دوو بەستێنە لە ڕژێمی پادشایی ئێران لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بەدیهات.
پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لە دەوڵەتدا ڕادەی بەهرەداری سەربازەکانە لە دەزگەی سیاسی ئەو وەڵاتەدا. نمونەیەکی دیکە لەم جۆرە حکوومەتە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنیدا.
دەسەڵاتی هێزی چەکدار بە سەر دامودەزگەی حکوومەتدا هەمیشە بە واتای بە کارهێنانی سیاسەتی شەڕخوازانە نییە لە ئاست وەڵاتانی دیکەدا. بۆ وێنە ژاپۆنی سەردەمی توکوگاوا و دیکتاتۆرییەکانی ئەمریکای لاتین. مانایەکی تری میلیتاریزم کۆنترۆڵ کردنی ژیان و کومەڵگەیە لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە. بەم هەژمۆنییە کە بە حەزی چەکدارەکان کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێ، دەگوترێ کۆمەڵگەی «میلیتاریزە». جاری واش هەیە لە دۆخێکی جەنگیدا تەواوی دامودەزگە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە خزمەت هێزە چەکدارەکانەوە، بۆ وێنە وەڵاتی بەریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا.
پڕۆلتاریا - چینی کرێکار
بە زمانی لاتینی لە وشەی proles بە مانای منداڵ وەرگیراوە. ئەم زاراوە یەکەم جار لە سەدەی شەشەمی پ.ز، لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووم بەکار هێنرا. لەو سەردەمەدا پڕۆلتاریا بە کەسانێک دەگوترێ کە ماف و مووچە و مڵکیان نەبووە بەڵکوو تەنیا ئەرکیان ئەوە بوو کە منداڵەکانیان بنێرنە خزمەت دەوڵەت. بەپێی یاسا دەبوایە خاوەن مڵک و چینەکانی دیکە، یان بە سەرانە و باج یان بە چوون بۆ سەربازی خزمەتیان بە دەوڵەت بکردایە، ئەوانەش کە شتێکیان نەبوو دەبوایە منداڵەکانی خۆیان بناردبا خزمەت دەوڵەت.
ئەم زاراوە لە سەدەی 2ی زایینی دا بزر بوو. لە ساڵی 1838 لە لایەن سیسمۆندی (ئابوورناسی سویسی)، جارێکی دیکە زیندوو کراوە و دەرحەق بەو کەسانە بەکار هێنرا کە«هیچ بەشێکیان بە دارایی و سامانی کۆمەڵگەوە نییە و بۆ ژیانی سادە و ساکار و داهاتووشیان دواڕۆژێکی ڕوون بەدی نەدەکرا» .
ئەم زاراوە زیاتر لەگەڵ ناوی مارکسدا گونجاوە. مارکس لە کتێبی ڕەخنە لە فەلسەفەی «حەق»ی هێگل (1843)، پڕۆلتاریا بە«چینێکی دەستوپێسپی» پێناسە دەکا و مانیفیستی کۆمۆنیست (1848) بەم دەستەواژە پڕ تەنتەنەوە دەست پێدەکات:
«مێژووی هەموو کۆمەڵگە ئینسانییەکان لە ئێستە و ڕابردوودا مێژووی شەڕی چینەکان بووە و سەردەمی بورژوازی، کێشمەکێشی چینەکانی خاو کردۆتەوە و کۆمەڵگەی بە دوو چینی گەورەی دژبەیەک (دوژمن) واتە بورژوازی و پڕۆلتاریا دابەش کردووە» . دیسانەوە لە هەمان شوێندا دەڵێ: «مەبەست لە پڕۆلتاریا، ئەو چینە کرێکارە نوێباوەیە کە خاوەنی هیچ ئامێرێکی بەرهەمهێن نییە و وزە و هێزی خۆی بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی دەفرۆشێت» .
زاراوەی پڕۆلتاریا، لە ڕاپەڕینی کۆمۆنیستی سەدەی بیستەم و هەروەها لەنێوان هەندێ لە هونەرمەندان و ڕۆناکبیرانی لایەنگری «کەلتووری پڕۆلتاریایی» لە ئەڵمانیا و سۆڤیەتدا چەمکێکی سەرنج ڕاکێشی لێدەرهات و لە بابەت گرنگایەتی و دەوری سەرەکی لە شۆڕشدا جەختی لەسەر کراوە. دەوری مێژوویی پڕۆلتاریا، لە گوتاری مارکسیزم* ئەوەیە کە بەپێی ڕەوتی بەپڕۆلتاریایی بوونی چینی مامناوەندی و جووتیاران ــ بە لەدەستدانی سەروەت و دارایییەکەیان ــ ئەم چینە دەبێتە زۆرینەی کۆمەڵگە و ئینجا دەبێ شۆڕشی سۆشیالیستی بە ئەنجام بگات.
دیکتاتۆری پرۆلتاریا: ڕابردن و هەنگاونان بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و توێژ، قۆناخ بە قۆناخ بە ئەنجام ناگات. یەکەم قۆناخ، شۆڕشی کرێکارییە، ئینجا بەدیهاتنی پرۆلتاریا وەک چینی دەسەڵاتدار یان چینی حاکم. پاش سەرهەڵدانی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلتاریا، دیکتاتۆری پرۆلتاریا پەیدا ئەبێ تاکوو دەوڵەت لەناو بچێ و لەبری حکوومەتکردن بە سەر ئینسانەکان، ئیدارەکردنی شتەکان بێتە کایەوە.
پەرلەمانتاری
پەرلەمانتاری بە مانای لایەنگری لە حکوومەتی پەرلەمانی، مێتۆدی ئەو وەڵاتانەیە کە تێیدا پەرلەمان لەگوێن هێزی یاسادانەر، ئیش دەکا و هێزی بەڕێوەبەر (ئەنجومەنی وەزیران) لە بەرانبەریدا بەرپرسە و دانانی سەرۆکوەزیر و وەزیران بە پشتبەستن بە دەنگی پەرلەمانەوە مەیسەر دەبێ. هەرکاتێک هێزی یاسادانەر، متمانەی خۆی بە ئەنجومەنی وەزیران لە دەست بدات، ئەو ئەنجومەنە فەشەل دەهێنێ و ئەنجومەنێکی دیکە دادەمەزرێت. لە سیستەمی سەرۆککۆماری * کە تێیدا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، جیاوازییان نییە وەک (وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسە) سەرۆککۆمار بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێ و هێزی یاسادانەر، تەنانەت ئەگەر متمانەشی پێ نەکرابێ ناتوانێ لەسەر کار لایبات. سەرۆککۆمار لە بەرانبەر دەستووری بنچینەیی و ئەو خەڵکەی کە هەڵیانبژاردووە، بەرپرسیارە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پەرلەمانتاری ئەوەیە کە مادامێکی سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی هێزەکانە* (تفکیک قوا)، حکوومەت یان سەرۆککۆمار ناتوانێ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە بەڵام لە سیستەمی کۆنڤانسیۆنیدا دەکری پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە وەک (کۆمارییەکانی سێهەم و چوارەمی فەرەنسە و وەڵاتانی کۆمۆنیستی) .