تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



بەرژەوەندیی نەتەوەیی
بەرژەوەندیی نەتەوەیی بریتییە لە ئامانجی سەرەکی و چارەنووسساز لە پڕۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەکی وەڵاتێک. هەر وەڵاتێک کۆمەڵێک بەرژەوەندی بۆ خۆی دیاری دەکات کە پەیوەندی هەیە بە مان و نەمانی ئەو وەڵاتەوە. بۆ نموونە: پاڕاستنی خاک و زێد، سەربەخۆیی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئابووری. هەر کاتێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەڵاتەکان پێکەوە تەبا بێت، ئەم وەڵاتانە بۆ چارەسەری کێشەکانیان هاودەنگ دەبن و هاریکاری یەکتر دەکەن بەڵام ئەگەر وا نەبوو، کێشمەکێش و ڕکەبەرایەتی و ململانێ و سەرەنجام شەڕ دەکەوێتە نێوانیان.
بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە چەند جۆر دابەش کراوە کە بریتییە لە: بەرژەوەندیی هاوسەنگ، بەرژەوەندیی هاودژ، بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرژەوەندیی گرفتساز.
«هانس مورگنتا»، یەکێک لە لایەنگرانی قوتابخانەی ڕیاڵیزم، بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ پاڕاستنی دەسەڵات لە لایەن دەوڵەتەوە، بە یەک مانا شرۆڤە دەکات. ڕیاڵیستەکان دەسەڵات بە شتێکی پێویست دەزانن بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی دەوڵەتەکان. بەڕای «مورگنتا» کەمترین خواستی یەک دەوڵەت بریتییە لە: پاڕاستنی شوناسی فیزیکی (پاڕاستنی خاکی وەڵات)، شوناسی سیاسی (پاڕاستنی ڕژێم) و شوناسی کەلتووری (پاراستنی بەها و نەریتە مێژووییەکان) کە لەژێر سێبەری دەسەڵات و هێزی پێویست بە ئەنجام دەگات.
بەشداریی سیاسی
هاوکاری شارۆمەندان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەرانی سیاسی و بەشداری چالاکانە لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارکردن لەسەر فۆڕم و ڕێنمونی کردنی سیاسەتی دەوڵەت.
لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان نەک هەر بەشداریکردنی جڤاک لە سیاسەت پەسند ناکرێت بەڵکوو مۆڵەت نادەن جەماوەر خۆی لە سیاسەت هەڵقورتێنێ. هۆی ئەم ڕێگرتنەی دەسەڵاتدارانیش ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: یەکەم، حکوومەت توانای سنووردارکردنی دەستێوەردان لە سیاسەتی هەیە تا ئەوکاتەی نەخوێندەواری و بێئاگایی گشتی، لاوازی و نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمتەرخەمی جەماوەر بۆ تێگەیشتن لە ئاریشە سیاسییەکان لە گۆڕێدا بێت، سنووردارکردنی هاوبەشیی سیاسی و دەستێوەردان لە سیاسەت لە لایەن حکوومەتەکان وەکوو ئاوخواردنەوە دەبێت. دووهەم، دەسەڵاتداران بەزۆری دەترسن لەوەی بەرژەوەندی و قازانج و حەز و تاسەیان لەناو بچێت. بۆیە بەگشتی ڕژێمە سەرکوتکارەکان تێدەکوشن بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێگر بن لە بەشداریی سیاسی جەماوەر و دەستێوەردان لە سیاسەتدا.
بیرمەندانی زانستی سیاسی 3 هۆکار بۆ بەشداریی سیاسی بە گرنگ دەزانن: یەکەم، پاڵنەر و هاندەری بەشداریکردن، واتە بۆ هەر چەشنە هاوبەشییەک دەبێ ناڕەزایەتییەک بۆ تاک لەئارادا بێت تاکوو بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییە ببێتە ئەندامی ئەنجومەن یا ڕێکخراوەیەک کە هەوڵ دەدات لە بواری جۆراوجۆر هاوبەشێتی بکات. هەوڵدان بۆ ڕازی هێشتنەوەی تاک دەبێتە پاڵنەڕێک بۆ هاوبەشیکردن. دووهەم، ڕێکخستن چ بە شێوەی کۆن و چ بە شێوەی مودێڕن، وزە و فیکر دەبەخشێ بە بەشداربوان و یارمەتی ئەوان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. سێهەم، نەرمونیانی حکوومەتەکان، واتە حکوومەتەکان تا چ ڕادەیەک لە واقیعدا دەرفەتی ڕاستەوخۆی هاوبەشی کردنی جەماوەر ساز دەکەن و تا چ ڕادەیەک لە بەرانبەر ئەم پڕۆسە بە نەرمونیانی ڕەفتار دەکەن.
بەعس
مانای وشەکە «هەستانەوە»یە، بەڵام لە زاراوەدا ناوی جووڵانەوەیەکی عەرەبی و حیزبێکە کە تێدەکۆشێ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی مارکسیستی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەب موتوربە بکات. ناسیۆنالیزمی عەرەب، خەونی بەدیهێنانی کیانێکی یەکپارچەی عەرەبی دەبینێ کە هەر لە مەراکیش تا کەنداوی فارس دەگرێتەوە. بەعس بە شوێن تەعبیری ئەم خەوە بوو، لەم ڕێبازەشدا بۆ ئیسلام وەکوو دەسپێکێک بۆ گەیشتن بە ناسیۆنالیزم دەیڕوانی.
ئەم جووڵانەوە لە 1944 لە دیمەشق بە شێوەیەکی نهێنی بە ناوی یەکیەتی خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی لاو بە ڕێبەرایەتی «میشل ئەفلەق» و «سەلاح بەیتار» بە ئامانجی کورتکردنەوەی دەستی فەرەنسە لە سووریا دامەزرا. پاش سەربەخۆیی سووریا، حیزبەکە ئاشکرا بوو ئینجا بەرنامەیەکی نەرمڕەوی سەرزەمینی ڕاگەیاند و لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بازرگان و موڵکدارە گەورەکانی دیمەشق و حەڵەب کەوتە ململانێ و خەباتەوە. لە ساڵی 1953 حیزبی بەعس و حیزبی سۆشیالیستی سووریا (حزب الاشتراکیە) بە ڕێبەرایەتی «ئەکرەم حورانی» یەکیان گرت و ئەم دووانە پێکەوە «حیزبی سۆشیالیستی بەعسی عەرەبی»یان دامەزراند. ئەم حیزبە سەرەتا لە ڕێبازی پان ـــ عەرەبیزمی توندڕەوی ڕێبەرانی شۆڕشی 1952 میسر بە جیددی پشگیری کرد و یەکێک لە هۆکارەکانی یەکگرتنی سووریا و میسر لەژێر ناوی«کۆماری یەکگرتووی عەرەب» بوو کە لەگەڵ حکوومەتی «عەبدولکەریم قاسم» لە عێراقیش کێشمەکێشی سەخت و خوێناوییان بوو.
پاش هەڵوەشانەوەی تەواوی حیزبەکان لە کۆماری یەکگرتووی عەرەب، حیزبی بەعس بە تایبەت لقی ئەکرەم حورانی، کەوتە دژایەتیکردن لەگەڵ ناسر و دوای نەمانی کۆماری یەکگرتووی عەرەب لە1961 هێدی هێدی، دەسەڵاتی لە سووریا بەدەستەوە گرت و ساڵی 1963 بوو بە حیزبی دەسەڵاتداری ئەم وەڵاتە. بەڵام لەبەر ئەوەیکە دەسەڵاتی سیاسی بە دەست لقی چەکداری بوو، لە ساڵی 1970 بەملاوە حیزب گرنگایەتی خۆی لە دەست دا.
ئەم حیزبە پاش ڕووخانی حکوومەتی قاسم لە عێراقیش، دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت بەڵام جێگرەکەی «عەبدوسەلام عارف»، هەمووی پێچانەوە. پاش مردنی عارف دووبارە لە ساڵی 1965 سەریان هەڵداوە و دەستیان گەیشتەوە بە حکوومەت. لە واقیعدا گرووپێکی سەربازی لە بری ئەم حیزبە حکوومەتی بە دەستەوە بووە.
حیزبی بەعس ساڵی 1964 لە سووریا، هەندێ دامودەزگە و کارخانەی بە نەتەوەیی ڕاگەیاند و لەگەڵ ئێخوانولموسلمین* کەوتە ململانێوە. ئەم حیزبە لە ئەردەن و لوبنانیش لقی کردۆتەوە. حیزبی بەعس لە عێراق، دەرحەق بە گەلی ئەو وەڵاتە و بە تایبەت گەلی کورد کردەوەی نامرۆڤانەی زۆری لە خۆی نواند. لە ساڵی 1987، هێزەکانی بەعس بۆ یەکەم جار لە ئاستێکی بەربڵاودا چەکی کیمیاوییان لە شار و دێهاتە کوردنشینەکان بەکارهێنا و هەزاران کەس تیاچوون. پاش ساڵێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال* و تیابردنی کوردەکان بە ئەنجام گەیشت کە لە ئاکامدا زیاتر لە 200 هەزار کەس کوژران و 4000 گوندیش وێران کرا. لە ئاگۆستی 1990 سەدام هێرشی کردە سەر خاکی کوەیت و ئەم وەڵاتەی داگیر کرد. دوای ساڵێک هێزەکانی هاوپەیمانان، لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشێکی چڕوپڕیان کردە سەر عێراق و زەبڕێکی کاریگەریان گەیاندە هێزی سەربازی ئەم وەڵاتە. سەرەنجام ساڵی 2003 هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر خاکی عێراق بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پاش 3 ساڵ بە لە سێدارەدانی سەدام حوسێن، حیزبی بەعس پەکی کەوت. بەڵام وا دەرئەکەوێت پاش چەند ساڵێک، پاشماوەکانی ئەم حیزبە هەر بە شێوەی نهێنی هەڵسوکەوت بکەن بە چەشنێک کە بۆ داهاتووی ئەم وەڵاتە مەترسی دروست بکەن.
بەیاننامەی بالفۆر
بەیاننامەی حکوومەتی بەریتانیا کە بە نامەیەک لە لایەن ئارتور جیمز بالفۆر (1840-1930)، وەزیری دەرەوەی ئەووەڵاتە لە ڕێکەوتی 2ی نۆڤەمبەری 1917 بۆ ڕۆچیڵد (سەرۆکی کۆنگرەی زایۆنیستەکانی بەریتانیا) دەرکراوە. لەم نامەدا وێڕای هاوسۆزیکردن لەگەڵ ئاواتی جوولەکان، ئامادەیی بەریتانیا بۆ «دامەزراندنی نیشتمانی جوولەکە» لە وەڵاتی فەلەستین ڕاگەیاندراوە. لەو کاتەدا فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بووە بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵی نەتەوەکان (1922) دەسپێردرێتە حکوومەتی بەریتانیا. لەوە بەدواوە بەریتانیا مابۆوە کە چۆن ئەو مەرجەی نامە کە جێبەجێ بکات کە ئەڵێ: «نابێ کارێکی وەها بکرێت کە مافی مەدەنی و ئایینی گەلانی دیکەی فەلەستین پێشێل بکرێت». سەرجەمی ئەو ڕووداوانەی کە بوو بەهۆی دابڕانی جوولەکە و عەرەبان لە یەکتر و دامەزرانی ئیسڕائیل و شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، لێرەوە دەستی پێکرد. جا بۆیە، عەرەب پێی وایە بەیاننامەی بالفۆر پیلانێکی ئیمپریالیستی بووە لە لایەن بەریتانیاوە بە دژی عەرەب و فەلەستینەکان.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ: بڕوانە مافی مرۆڤ.
بەیاننامەی سێ لایەنەی 1950
بەیاننامەی دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسە و ئەمەریکا لەسەر زامنکردنی دۆخی ئەو کاتەی فەلەستین. بەپێی بەیاننامەکە ئەم سێ دەوڵەتە، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەیکە هەرکاتێک ئیسراییل یان وەڵاتانی عەرەب پێیان خستە ئەودیو سنوور و هێڵەکانی دەسکێشانەوە لە شەڕ، ئەوکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەڕێی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێگەی دیکە، «دەستبەجێ» بێنە مەیدانەوە.
بەیاننامەی قاهیرە
ئەم بەیاننامە پاش دیداری سەرۆکی دەوڵەتانی چین و بەریتانیا و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دیسەمبەری 1943 لە شاری قاهیرە بڵاوکرایەوە. ئەم دەوڵەتانە جارێکی دیکە داوایان کرد لە ژاپۆن کە بێ منەمن خۆی تەسلیم بکات. ئەمانیش کارێک دەکەن کە خاکە داگیرکراوەکانی بگەرێننەوە بۆ دۆخی 1895. لەملایشەوە ژاپۆن دەبوا لە هەموو ئەو دوورگە و خاکانەی کە لە شەڕی جیهانی یەکەم لە بەحری هێمن گرتبووی، پاشەکشە بکا و ئەو ناوچانەش کە لە چین داگیری کردبوو، بداتەوە بەو وەڵاتە. لەم بەیاننامەدا هەروەها بڕیار درا کە کۆریا ببێتە وەڵاتێکی سەربەخۆ.
بەیاننامەی هاوانا: بڕوانە کاسترۆئیزم.
دیواری بەرلین
ئەم دیوارە کە هێمایەکە بۆ شەڕی سارد*، بەو دیوارە دەگوترێ کە لە ئێوارەی 13ی ئاگۆستی 1961 بە فرمانی ڕووسەکان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتەوە بینا کرا. ئەم دیوارە کە بە درێژایی 46 ک.م بوو، سەرەتا بە سیمی خاڵدار و پاشان بە بتۆن شاری بەرلینی بە دوو بەشی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی دابەش کرد و لەڕێی خاکەوە، پێوەندی خەڵکی بەرلینی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای لێک پچڕاند. هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا و بەریتانیا بە بیناکردنی ئەم دیوارە ناڕازی بوون و ئەمەش بووە هۆی پیادەکردنی لەشکرێکی دەبێ بەی هێزەکانی ئەمریکا لە کەرتی ڕۆژاوای دیوارەکە.
بەپێی ڕێککەوتنی یالتا کە لەنێوان هاوپەیمانانی شەڕی دووهەمی جیهانی مۆرکرا، بەرلین لەنێوان هەر چوار وەڵاتی داگیرکار دابەشکرا. بەڵام پاشان هەر سێ وەڵاتی ڕۆژاوایی (ئەمریکا و بەریتانیا و فرەنسا) ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە بەرلینی ڕۆژاوایی بەیەکەوە لکاند و بە هاوکاری یەکتر لەناو جەرگەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، بەرلینی ڕۆژاوایان کردە نموونەیەکی پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابووری ڕۆژاوا.
بەدوای گۆڕانکاری و شەپۆلەکانی وەرچەرخان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت، مەسەلەی یەکگرتنەوەی دووبارەی هەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا هاتەوە ئارا و سەرەنجام ئەم دیوارە لە 4ی ئۆکتۆبەری 89 لەدوای 28ساڵ لە لایەن خەڵکی دوو وەڵاتەکە ڕووخێندرا و بە شێوەیەکی ڕەسمیش، لە ڕێکەوتی 18/11/89 سنووری نێوان ئەم دوو وەڵاتە سەرلەنوێ ئاوەڵا کرایەوە.
شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی
زاراوەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، یەکەم جار لە لایەن جۆن ستوارت میل بیرمەندی ئینگلیزی بۆ پێناسەکردنی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی ئاسیایی هاتە ئاراوە. دواتر لە لایەن بیرمەندانێکی وەک کاڕۆڵ مارکس بە تێروتەسەلی شرۆڤە کراوە. ئەو بۆ ناساندنی وەڵاتانی چین و ڕووسیە و هێندستان، کۆمەڵێ تایبەتمەندی یەکسان دەبینێت کە بە گشتی بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی ناوبردە کراوە. بە باوەڕی مارکس، بارودۆخ و کەشوهەوای هەرێمەکانی وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی کەمبوونی ئاو پێویستی بە هێنانە مەیدانی جەماوەر و هەرەوەزی مرۆڤییە بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو. بەم بۆنەوە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، دەست دەگرن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا و لەم ڕێگەوە زەبر و زاکونی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەم وەڵاتانە خاڵی دەکەنەوە. بەمجۆرە شێوازێکی تایبەتی بەرهەمهێنان لە وەڵاتانی ئاسیایی دێتە ئاراوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئیستبداد و ستەمکاری لەم وەڵاتانە.
پەرەسەندنی بەردەوام
بە مانای بەڕێوەبردن و کەڵکوەرگرتنی بەرێوشوێن لەسەرچاوەی سروشتی و دارایی و وزەی ئینسانییە بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکی مەزاختن و بەکارهێنانی توانستی تەکنیکی و پێکهاتەی بەڕێوجێ بۆ لابردنی نیازەکانی بەرەی نوێ و داهاتوو.
پەرەسەندنی بەردەوام، پەرەسەندنێکە کە پێداویستییەکانی بەرەی ئێستە دابین دەکات بێئەوەی زیانێک بگەیەنێت بە تواناییەکانی بەرەی داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیدا.
پەرەسەندنی ئینسانی بە واتای پرۆسەی بەرفراوانکردنی زەمینەی خۆشگوزەرانی و بژیوی باشی مرۆڤ پێناسە کراوە.
پەیماننامەی بەغدا
لە 24ی فێورییە 1955 لەنێوان دوو وەڵاتی تورکیا و عێر��ق ڕێککەوتننامەیەکی دووقۆڵی بە ناوی «پەیمانی هاوکاری دوولایەنە» لە بەغدا مۆر کرا کە بە پەیماننامەی بەغدا ناوی دەرکرد.
ئامانجی ئەم پەیماننامە بریتی بووە لە زامنکردنی بەرگری و هێمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوولایەن لە پێناو داکۆکیکردن لە ئاسایش و هێمنی و بەختەوەری و بەهرەمەندی نەتەوەکانی خۆیان، هاریکاری یەکتر بکەن. بەپێی مادەیەکی ئەم پەیماننامە، بەئەندامبوونی وەڵاتانی ناوچەکە ئازاد بووە و هەر بۆیە بەریتانیا لە 30ی مارسی 1955 و پاکستان لە 23ی سێپتەمبەر و ئێرانیش لە 11ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ هاتنە ناو پەیمانەکەوە.
پێکهێنانی پەیمانی بەغدا، بەرئەنجامی چالاکانەی دەوڵەتی ئەمریکا بە تایبەت «فاستر داڵس»، وەزیری دەرەوەی ئەم وەڵاتە بوو کە دەیویست ڕێکخراوەیەکی بەرگری بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێک بهێنێت تاکوو لە دزەکردن و پەرەستاندنی سۆڤیەت بۆ ناوچەکە ڕێگر بێت. بەڵام لە بەر گومان نەکردن و دەسخەڕۆکردنی سۆڤیەت، ئەمریکا خۆی نەبووە ئەندامی ئەم پەیمانە. دوای کۆدەتای 14ی ژووئیەی 1958 لە عێراق، دەوڵەتی عەبدولکەریم قاسم، ڕایگەیاند کە بە هەموو پەیمان و شەرت و قەرارەکانی وەڵاتەکەی وەفادارە. بەڵام بە کردەوە لە هیچ کام لە دانیشتنەکانی ئەم پەیماننامانە بەشداری نەدەکرد تا ئەوەیکە دوای کۆتایی هاتنی پێنج ساڵەی یەکەمی پەیمانەکە لە ساڵی 1960 خۆی لێکێشاوە.
پاشان ناوەندی پەیمانەکە لە بەغداوە بۆ ئەنقەرە گواسترایەوە و ناوەکەشی لە مانگی ئاگۆستی 1959 بە ڕێکخراوەی پەیمانی ناوەندی (سێنتۆ) گۆڕدرا. ئەم ناوەش ئاوێتەیەک بوو لە دوو پەیمانی (ناتۆ) و (سیتۆ) کە تورکیە و پاکستان هەرکام تێیدا ئەندام بوون.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
پەیمانی بەرگرتن لە تاقیکاری ئەتۆمی
پەیمانێک کە لەنێوان بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ژووئییەی 1963 لە مۆسکۆ واژۆ کرا. بەپێی بەندی 1ی پەیمانەکە:
1) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە ئیمزا دەکات، دەبێ خۆ بپارێزێت لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر چەشنە تەقاندنەوەیەکی ناوەکی لە هەر شوێنێکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا لە ئاسمان و زەوی.
2) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە واژۆ دەکات، بۆی نییە ئاسانکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی یان لەم کارەدا بەشداری بکات یا ببێتە هاندەر بۆ ئەم مەبەستە.
بەپێی بەندی 3، ئیمزاکردنی ئەم پەیمانە بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئازادە. تا ساڵی 1965 نزیکەی 100 وەڵات پەیمانەکەیان مۆرکرد بەڵام وەڵاتانی چین و فەرەنسە لە مۆرکردنی ئەم پەیمانە خۆیان پاراست. لە 24/9/1996 لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، پێنج زلهێزی ئەتۆمی جیهان واتە ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، چین و فەرەنسە پەیمانەکەیان مۆر کرد. بەڵام ئەم پەیمانە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن 44 وەڵات کە توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەیە بە ئیمزا نەگات، بە شێوەیەکی جددی پیادە ناکرێت.
ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک)
ئەم ڕێکخراوە لە دوای هەوڵی زۆر و درێژخایەنی وەڵاتانی نێرەری نەوت لە ژانوییەی 1961 لە کاراکاس (ڤێنێزۆئێلا) دامەزرا و سەرەتا وەڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، کوەیت، قەتەر و ڤینزۆئیلا بوونە ئەندام و پاشان، وەڵاتانی ئەندونیزیا، لیبی و نایجریا بوون بە ئەندام. ئۆپێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە دامەزرێ:
1ــ چەسپاندنی سیاسەتێک بۆ دانانی نرخ و مەزەندەیەکی یەکلاکراو، بەدوور لە هەلاجانی ئابووری وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
2ــ پاراستنی سەرچاوە و کانە نەوتییەکان.
3ــ پاراستنی ئاسایشی نەوتی ڕاگوێزراو.
4ــ بەرگری لە زیادبوونی نرخی یەکلاکراو یان هەناردنی نەوتی لە ڕادەبەدەر بە پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەی ئەندامان.
وەڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک، 45% نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و جگە لەوەش داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن تا نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و یەکسان ڕابگرن، چونکە هەلاجان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بۆ ئەم وەڵاتانە دەبێتە هۆی هەلاجانی ئابووری و هەندێ جار گەشەسەندنی ئەم وەڵاتانە تووشی زیان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە دوای دامەزرانی ئۆپێک ناوبەناو بۆتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە. بۆ وێنە:
ــ شەڕی ئیسراییل و عەرەبان لە 1973 کە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ڕاوەستانی ناردنی نەوتی وەڵاتانی عەرەبی بۆ ڕۆژاوا و ئەمەش هەڵکشانی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.
ــ شۆڕشی گەلانی ئێران (1978) کە بەریانی نەوتی ئەم وەڵاتەی بۆ ماوەیەک ڕاوەستاند و ئەمەش بووە هۆی هەڵکشانی بێوێنەی نرخی نەوت تا ئەو سەردەمە.
ــ شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) .
ــ شەڕەکانی کەنداوی فارس کە بریتی بوون لە: شەڕی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە دژی عێراق لە دوای داگیرکردنی خاکی کوەیت لە لایەن ئەم وەڵاتە (1991-1990) . شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بە دژی عێراق بە بیانووی چەک کردنی ئەم وەڵاتە (2003) .
ــ زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وەڵاتە لە ساڵەکانی 2005 و 2008 کە نرخی نەوتی تا نزیکەی 130 دۆلار هەڵکشاند.
ــ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2008 بووە هۆی دابەزینی دووبارەی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار.
ئاگربەس
کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری بەپێی بنەڕەتەکانی (دەست کێشانەوە لە شەڕ) . بە زمانی دیپلۆماسی هاوچەرخ، ئەم زاراوە کاتێک بە کار دەهێنن کە لە گفتوگۆکاندا دوو لایەنی شەڕ نەتوانن بڕیاری ڕەسمی دەست هەڵگرتن لە شەڕ مۆر بکەن.
جاڕنامەی سەربەخۆیی وەڵاتە داگیرکراوەکان
لە ڕێکەوتی 14دێسەمبری 1960 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆڵۆنیایی و داگیرکراو (جاڕنامەی کۆتایی داگیرکاری) کە لە لایەن 43 وەڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی ئامادە کرابوو بە کۆی 90 دەنگی ئەرێنی و 99 دەنگی یپارێزکەر و بێ هچ دەنگێکی نەیار، پەسندی کرد. لەم جاڕنامەدا ڕوون کراوەتەوە: ژێردەستەبوون، وەبەرهێنان، یا خستنە ژێر ڕکێفی جەماوەرێک لە لایەن حکوومەتێکی بێگانە، پێشێلکەریی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەژمار دێت و ڕێگڕێکە لەبەردەم ئاشتی و هاریکاریی نێودەوڵەتیدا.
بۆ نەهێشتنەوەی ئەم بەربەستانە، کۆمەڵی گشتی «داواکاری کۆتایی هێنانی خێرای داگیرکارییە و دەخوازێت، بێ هیچ مەرجێک سەربەخۆیی وەڵاتانی داگیرکراو لەژێر دەسەڵاتی بێگانە» ڕاگەیەندرێت.
ئەم جاڕنامە لەسەر ئەوە جەخت دەکات کە نەبوونی ئامادەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وەڵاتانە نابێت ڕێگر بێت بۆ دواخستنی پڕۆسەی سەربەخویی.
دەوڵەتی سێبەر
ڕێبەرانی حیزبی کەمینە لە پەرلەمانی بەریتانیا هەرکاتێک دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، دەبنە ئەندامی کابینە. دەوڵەتی سێبەر یان دەوڵەتی خەیاڵی، کابینەیەکی گریمانکراوە کە حیزبە کەمینەکان لە وەڵاتانی دیموکراسیدا بۆ خۆیان سازی دەکەن و بۆ هەر وەزارەتێک، وەزیرێکی خەیاڵی دەستنیشان دەکەن. تایبەتمەندی ئەم کارە لەوەدایە کە حیزبی کەمینە چاودێریی بە سەر هەموو کاروباڕێکی دەوڵەتدا دەکات و دەتوانێت لەم بارەوە پێشنیاز و بیروبۆچوونی سوودمەند بخاتەڕوو.
سەربەخۆیی سیاسی
بریتییە لە: دەسەڵاتی دەوڵەتێک لە مەڕ بەڕێوەبەرایەتی و ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی وەڵاتەکەی خۆی، بەبێ ڕاگرتنی دڵی دەوڵەتێکی دیکە یان گرینگی نەدان بە ڕازی بوونی دەوڵەتێکی بێگانە.
فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
ناسینەوەی دووفاکتۆ/نیمچەسەربەخۆ
لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بە مانای پەسندکردنی دەوڵەتێکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکە و کردنەوەی سەری پێوەندی و پابەندی دوولایەنە لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یا بێ سنوور. دووفاکتۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆر دێتە ئاراوە:
1) ناسینەوەی واقیع کە بریتییە لە دان پێدانان بە هەبوونی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بتوانێ بۆ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا. ئەم جۆرە ناسینە، بەری تەسکە چونکە ئاستی پێوەندییەکان لە دۆخێکی نزمدا دەمێنێتەوە و پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا ناکرێتەوە.
2) ناسینەوەی قانوونی de jure کە بریتییە لە ناسینی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانێ لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا و ڕاپەڕاندنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. ئەم جۆرە ناسینە، کۆی پێوەندی دیپلۆماسی و پارێزراویی نوێنەرانی سیاسی لەخۆدەگرێ.
نوخبەگەرێتی
بەپێی ئەم ڕێبازە ماهییەتی هەر کۆمەڵگەیەک چ زیندوو بێت چ مەنگ و مردوو، ڕەوا یا ناڕەوا بەپێی ماهییەتی نوخبەکانی خۆی دیاری دەکرێت. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لەو باوەڕە کە لە هەر کۆمەڵگەیەک یان گروپی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و… کەسێک یا کەسانێک بەهۆی لێهاتوویی تایبەتەوە، باڵاترن لە ئەوانیدی و ئەم باڵادەستیە مافی پێشەوایی و ڕێبەرایەتیان بۆ دەستەبەر دەکات. نوخبەگەرێتی لەگەڵ دیموکراسیدا نەیارە و ئەم سیستەمە بە پێشێلکەری مافی خەڵکانی نوخبە و لێهاتوو دەزانێ و پێی وایە خەڵکانی ڕەشۆکی و کەم بەهرە تا ئاستێکی نابەجێ بەرز دەکاتەوە. نوخبەگەرێتی لە سیستەمی پەروەردەدا بریتیە لە هەڵبژاردنی هۆشمەندترین قوتابیان و پەروەردەکردنیان بە شێوازی ناوازەی پەروەردەیی بۆ بەرهەمهێنانی باشترین و بەتوانترین مرۆڤەکان. ئەم شێوازە پەروەردەییە لە وەڵاتانێکی وەک بەریتانیا، فرەنسا، ئەڵمانیا، سۆڤیەت و ئەمریکا بە کار براوە. بەگشتی باسی چوارجۆر نوخبە دەکرێت کە بریتین لە:
1) نوخبەی دەسەڵاتی سیاسی
2) نوخبەی ئابووری
3) نوخبەی سەربازی
4) نوخبەی فیکری
نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.
هاوبەشێتی/شیوعی
ئەم زاراوە لە بەرانبەر زاراوەی «تاکخوازی» دا هاتووە کە بە هەموو ئەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانە دەگوترێ کە بەرژەوەندی و قازانجی کۆمەڵی مرۆڤییان بۆ گرنگترە لە بەرژەوەندی تاکەکەسی. بەپێی ئەم تیۆرییە کەرەستەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن دەبێ بەدەست کۆمەڵ بێت نەک تاکەکەس، چونکە تاک هەر بەشوێن قازانجی خۆیەتی. گرینگترین قوتابخانەی شیوعی بریتیە لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم کە خوازیاری چاودێری کۆمەڵایەتین لە ڕێی خاوەنداریەتی گشتی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی کۆمەڵ. خاڵێکی گرینگ کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ، ئەوەیە کە خاوەنداریەتی دەوڵەتی، خۆبەخۆ بە مانای چاودێری گشتی نییە، ئەم شتە پەیوەستە بەوەی کە هێزی دەوڵەت بە دەست چ کەسانێکەوە بێت. ئەم زاراوە لە کاتی دامەزرانی کۆنگرەی ئینتەرناسیۆنالی یەکەمی سۆشیالیستەکان لە ساڵی 1869 لە شاری «بازڵ» ی وەڵاتی سویسڕا، ڕەواجی پەیا کرد.
ودم/ مافی تایبەتی/ زێدەماف
بە گشتی بە مانای بەهرەمەندی کەسێک یان گرووپێکی تایبەت لە ماف یان بەهرەیەک کە جەماوەر بەعام لێی بێ بەهرە بن یان دەستیان پێی نەگات. لە زاراوەی سیاسیدا هەڵگری مانایەکی سووکایەتی ئامێزە چونکە وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە مافی تایبەتی، سەمەرەی میرات و جێماوە و داراییە و خاوەن ماف، شیاوی ئەو ودمە نییە. بەڵام کاتی واش هەیە کە بەواتای ماف و ئازادی لێکدراوەتەوە چونکە کەسەکە بە هەوڵی خۆی بەدەستی هێناوە. لێرەدا واتایەکی بلیمەتانەی لێ دەبێتەوە.
پەنابەریی
لە ساڵی 1950 دوای ئەو هەموو ڕووداوانەی کە بە درێژایی 25 سەدەی ڕابردوو بە سەر پەنابەران هاتبوو، کۆمیتەی باڵای پەنابەران، بەم جۆرە زاراوەی پەنابەر پێناسە دەکات:
پەنابەر بەو کەسە دەڵێن کە «بەهۆی تایبەتمەندی ڕەگەزی، ئایینزایی، نەتەوەیی یان باوەڕی سیاسی، لە ترسی دەسبەسەربوون بچێتە دەرەوەی وەڵاتەکەی و بەهۆی ئەم مەترسییەوە نەیهەوێت دووبارە بچێتەوە وەڵاتەکەی خۆی». بەپێی پێناسەی دیوانی نێونەتەوەیی داد، ئەگەر کەسێک لە لایەن دەوڵەتێکەوە کەوتبێتە ژێر گوشار و لەدووی کەوتبن و وەڵاتێکی دیکە لەم ڕێگەوە پشتیوانی لەو کەسە بکات، بەو کەسە دەگوترێ پەنابەر.
پەنابەریەتی شێوازی جۆربەجۆری هەیە کە پەنابەریەتی دیپلۆماتیک یان دەرەکی بەناوبانگترینیانە. پێشێلکاران و تاوانبارانی مافی گشتی، لە جوملەی پەنابەران ناگونجێن. هیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی دەوڵەتەکان پێمل ناکات بە بەخشینی مافی پەنابەریەتی بە کەسێک.
پەنابەریی سیاسی
پەنابەریی سیاسی یان پەنابەریی نێوان سنووری، داڵدەبەخشین و هانادان بەو تۆمەتبارە سیاسیانەیە کە لە وەڵاتێکی دیکە بە هۆکاری سیاسی دەکەونە ژێر فشار و ئازار و لە مەترسی دەستگیرکردن یان لەناوچووندا بن.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
چەقبەستن
مەبەست لە چەقبەستن، کۆبوونەوەی لە ڕادەبەدەری دەسەڵات و هێز لە دەستی چەندکەسێکی سەر بە گرووپێکی کۆمەڵایەتیدایە. زاراوەی چەقبەستن لەسەرەتای سەدەی 19 بە تایبەت لە فەرەنسە بۆ ناوبردەکردنی پڕۆسەی زیادبوونی هێزە حوکومییەکان (حکوومەتە سیاسییە ناوچەییەکان) بەکار براوە. ئەم زاراوە زیاتر، لە لایەن دۆتۆکویل، بڵاو بۆتەوە.
لە هەمبەر چەقبەستندا زاراوەی چەقسڕینەوە (decentralization) هاتۆتە ئاراوە کە بە مانای دابەزاندنی ئاستی کۆجێیی دەسەڵات بە نزمترین پلە پێناسە کراوە. چەقبەستن، پتر واتایەکی سووکایەتی ئامێزی لەخۆ گرتووە بەڵام چەقسڕینەوە وەک چەمکێکی پۆزەتیڤ پێناسە کراوە.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕێکخراوەی هاوبەندی ئەمریکای لاتین
ئەم ڕێکخراوە لە ژانوییەی 1966 لە پەراوێزی «هاوبەندی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین» لە شاری هاڤانا، پێتەختی کووبا دامەزرا. بە دامەزرێندنی ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی کاسترۆ و تیۆری شۆڕشی جووتیارییەکەی بەسەر حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین کە تا ساڵی 1964 دژایەتییان دەکرد، مسۆگەر بوو.
یانزەی سێپتەمبەر 2001
بەو ڕوداوە تیرۆریستییە دەگوترێ کە بووە هۆی لەناوچوونی نزیکەی 3 هەزار کەس لە دانیشتوانی دوو تاوەرە ئەفسانەییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەهۆی خۆپێکادانی سێ فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بەم بینایانەدا. پاش ئەم ڕوداوە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە جیهان «یا دۆستی ئێمەن یا دوژمن» ! ئەم کارەساتە بڕگەیەکی زۆر گرنگی مێژووی ئەمریکا لە ئەژمار دێت.