تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



پەیمانی ڤێرسای
پەیمانی کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی یەکەم کە لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان و ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 28/6/1919 لە کۆشکی ڤێرسای پاریس مۆر کرا. بەپێی ئەم پەیمانە کە بریتی بوو لە 15 پاژ و 440 بەند، بەشێک لە خاکی ئەڵمانیا لە لایەن وەڵاتانی فەرەنسە، بەلجیکا، دانمارک و پۆڵەندا داگیر کرا و بڕیاری چەککردنی تەواو لەسەر ئەڵمانیا دەرکرا و بەرپاکردنی دامەزراوە و دامودەزگەی سەربازی لێ قەدەغە کرا.
پاش ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و بە پێگەیشتنی هیتلەر (1933) بەرەبەرە پەیمانی ڤێرسای بایەخی خۆی لەدەست دا و هەموو گەماڕۆ سەربازییەکان هەڵوەشێنرایەوە. ئەمەش ڕێگەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی جیهانی دووهەم خۆش کرد.
چینی میانە+ چینی مامناوەندی
چینی بورژوا، لە باری مێژووییەوە بە چینی میانە ناوی دەرکردووە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا نێوان چینی سەرمایەدار و کرێکار، دوو گرووپی بەرفرەوانی کۆمەڵایەتی سەری هەڵداوە: گرووپی یەکەم بریتییە لە، خەڵکانی بازرگان، مامەڵەچی، دوکاندار، خاوەن دەزگەی بچووکی ئابووری و بەرهەمهێنی سەربەخۆ. گرووپی دووهەم بریتییە لە: خەڵکانی خوێندەوار، ئەندازیار، پزیشک، مافپەروەر، مامۆستای زانکۆ، فێرکار، خوێندکار، کارمەند و مووچەخۆر. ئەم دوو گرووپە بە چینی میانە یان چینی وردە بورژوا پێناسە کراون. (بڕوانە وردە بورژوازی)
مارکسییەکان ئەم گرووپانە لە باری عیلاقاتی سیاسییەوە بە دوو گرووپی دیکە دابەش دەکەن: یەکەم، توێژی باڵای چینی میانە کە لە ژیانێکی خۆش بەهرەمەندە و لە بەریانی خەباتی چینایەتیدا دەچێتە بەرەی سەرمایەدار و تاقمی دەسەڵاتدارەوە. دووهەم، توێژی خوارووی چینی میانە کە بەهۆی لەدەستدانی ئیمتیازەکانی، خۆی دەخاتە پاڵ چینی پڕۆڵتاریا. کەواتە توێژی باڵای چینی میانە، لە ماهییەتی سیاسیدا کۆنەپەرست لە ئەژمار دێ و توێژی خواروو، شۆڕشگێر.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕاپرسی- ڕیفراندۆم- گشتپرسی
پرسینی ڕاوبۆچوونی ڕاستەوخۆ لە ئەندامانی ڕێکخراوە یان کۆمەڵگەیەک بۆ ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی سیاسەتێک لەسەر پێشنیاری نوێنەران یا ڕێبەران. ئامانجی ڕاپرسی ئەوەیە کە قانوونێک بە زیانی زۆرینەی خەڵک دەرنەچێ. لە سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانی نوێدا تەنیا بۆ دەستووری بنچینەیی یان بۆ گۆڕینی ڕژێمی سیاسی، ڕاپرسی دێتە ئاراوە بەڵام لە هەندێ وەڵاتی بچووکدا بۆ هەموو شتێک ڕاپرسی دەکەن.
ڕاپرسی بە چەن شێوە بەڕێوە دەچێ:
1ــ ڕاپرسی بۆ دەستووری بنچینەیی: وەرگرتنی ڕای شارۆمەندان لە بابەت پەسندکردنی دەستوور یان پیاچوونە پێیدا .ئەم ڕاپرسییە بە ڕیفراندۆمی زۆرەملیش ناوبردە کراوە. بۆ وێنە ڕاپرسی لە فەرەنسە بۆ سەربەخۆیی ئەلجەزایر (1961) .
2ــ ڕاپرسی بۆ ئەنجومەنی یاسادانان: کاتێک ئەنجومەن بیهەوێت قانونێک پەسند بکات، ئەبێ زۆرینەی خەڵک لە دۆخی بدەن ئینجا شتەکە دەبڕێتەوە. ئەم جۆرە ڕاپرسییە بە ڕیفراندۆمی ئارەزوومەندانە ناوبراوە.
3ــ ڕاپرسی بۆ سەرۆککۆماری: لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یان سەرۆکوەزیران بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێ.
دەکرێ ڕاپرسی بە خواستی هەموانیش بێتە ئاراوە. بەم شێوە کە ئەگەر پەرلەمان حەز نەکات بابەتێکی تایبەت بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، ئەوا هەندێ لە خەڵکانی ئاسایی کە مافی دەنگدانیان هەبێ دەتوانن بە کۆکردنەوەی ئیمزا داوا بکەن ئەو بابەتە بخرێتە ڕاپرسییەوە. ڕادەی پێویست بۆ ئەم داواکارییە، بەپێی یاسای وەڵاتەکان لە 5 تا 15 لە سەدی دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردن دەبێت. بە زۆری لە دەستووری وەڵاتەکاندا چۆنیەتی و هەلومەرجی بەرێوەچونی ڕاپرسی ئاماژەی پێ دەکرێ.
ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی
ئەم ڕێکخراوە بەپێی بڕیاری 124 وەڵاتی ئەندامی ڕێککەوتننامەی گات (ڕێککەوتننامەی گشتی تاریفە و بازرگانی) دامەزرا و بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێکەوتی 1/1/1995 دەستی بە کار کرد. ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی، بە هەمانشێوە کە لە پێشەکی دەقی ڕێککەوتننامەی گات هاتووە بریتییە لە: بردنەسەرەوەی ئاستی ژیان لە وەڵاتانی ئەندام، دابینکردنی هەلومەرجی کار و پیشە، زیادکردنی داهاتی ڕاستەقینە و بازاڕ، کەڵکوەرگرتنی بەجێ لەسەرچاوە جیهانییەکان و پەرەپێدان بە بەرهەمهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتی.
کاروبار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە بەگشتی لەسەر چوار تەوەری سەرەکی هەڵدەسووڕێت:
یەکەم، گشتاندن و ڕاپەڕاندنی بیرۆکەی بەناوبانگی«دەوڵەتی تەواودۆست» *و سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەک لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان لە بازرگانی جیهانیدا.
دووهەم، بەرگری لە سنووردارکردن و بەربەستکردنی هەناردە و هاوردەکان.
سێهەم، داشکانی تاریفە گومرگییەکان لە ڕێی گفتوگۆ و زامنکردنی ڕێکەوتنەکان.
چوارەم، ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامەکانی دیکە لە بابەت سیاسەتە بازرگانیەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە بازرگانیەکان لە ڕێی گفتوگۆ.
تا کۆتایی ساڵی 1996 ژمارەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە گەیشتە 149 وەڵات و 28 وەڵاتی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ بە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوەدا ڕاگەیاندووە.
لە ڕووداوە تیرۆریستیەکەی 11ی سێپتەمبەر*، کە لە لایەنە ڕێَکخراوی ئەلقاعیدە* بە ئەنجام گەیشت، هەر دوو تاوەرە ئەفسانەییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئەمریکا کەوتە بەر هێرش کە تێیدا نزیکەی 3000 کەس گیانیان لە دەست دا.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی (W.H.O) یەکێکە لە دەزگە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ڕێکەوتی 7/4/ 1948 لەسەر پێشنیازی کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ (1945) و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی تەندروستی لە نیۆیۆرک (1946) دامەزرا. پێگەی یاسادانەری ڕێکخراوەکە «کۆمەڵی تەندروستی جیهانی»یە کە ساڵی جارێک بە ئامادەبوونی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەبەسترێ و پلان و بوودجەی ڕێکخراوەکە دەستنیشان دەکات. بۆ«دەستەی کارگێڕیی»، نوێنەرانی 24 دەوڵەت ئامادەن تا بڕیارەکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکەن.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی لەڕووی بەهێزکردنی باری تەندروستی و داوودەرمان یارمەتی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەدات تا پەتا و نەخۆشییەکان لەسەرانسەری جیهان ڕیشەکێش بکات. بارەگەی ئەم ڕێکخراوە لە شاری جێنێڤ دایە و کاروبارەکەشی لەژێر چاوەدێری «بەڕێوەبەری گشتی» بەڕێوە دەچێت.
ڕێکخراوەی جیهانی خاوەنداریەتی
ئەم ڕێکخراوە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ کۆنڤانسیۆنی پاریس (1883) و بێرن (1886) کە بریتی بوون لە یەکیەتی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیری خاوەنداریەتی مەعنەوی و یەکیەتی نێونەتەوەیی پشتگیری لە بەرهەمە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان. ئەم دوو کۆنڤانسیۆنە لە 1893 یەکییان گرت و سەرەنجام لە کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم (14/7/ 1967) لەژێر سەردێڕی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی خاوەنداریەتی مەعنەوی، بوونی خۆی ڕاگەیاند بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی لە 26/4/ 1970 پیادە کرا.
بەپێی بەندی 3ی کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتین لە:
ـــ پەرەپێدان بە پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی لە هەموو جیهان لەڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتی.
ـــ زامنکردنی هاوکاری ئیداری نێوان یەکیەتییەکان.
بەپێی بەندی چواری ئەم کۆنڤانسیۆنە، ڕێکخراوەکە بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی سەرەوە، هەڵدەستێ بە ئەنجامی ئەم ئەرکانەی خوارەوە:
ـــ پەرەپێدان بە هەر جۆرە ئاسانکارییەک بەمەبەستی پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی. جیاواز لەمەش، هاوئاهەنگی یاسا نەتەوەییەکان بەهەند ئەگرێت.
ــــ پیادەکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییانەی کە بۆ ئەم مەبەستە واژۆ دەکرێ.
ـــ وەڵاتانی خوازیاری یارمەتی یاسایی و تەکنیکی لە بابەت خاوەندارییەتی مەعنەوی، هاوکاری یەکتر دەکەن.
ــــ هەموو زانیارییەکی پێوەندیدار بە خاوەنداریەتی مەعنەوی کۆ دەکرێتەوە و بە تویژینەوە لەسەر ئەم بابەتە پاداش دەدرێ و ئەنجامی توێژینەوەکان بڵاو دەکرێتەوە.
ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک)
ئەم ڕێکخراوە لە دوای هەوڵی زۆر و درێژخایەنی وەڵاتانی نێرەری نەوت لە ژانوییەی 1961 لە کاراکاس (ڤێنێزۆئێلا) دامەزرا و سەرەتا وەڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، کوەیت، قەتەر و ڤینزۆئیلا بوونە ئەندام و پاشان، وەڵاتانی ئەندونیزیا، لیبی و نایجریا بوون بە ئەندام. ئۆپێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە دامەزرێ:
1ــ چەسپاندنی سیاسەتێک بۆ دانانی نرخ و مەزەندەیەکی یەکلاکراو، بەدوور لە هەلاجانی ئابووری وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
2ــ پاراستنی سەرچاوە و کانە نەوتییەکان.
3ــ پاراستنی ئاسایشی نەوتی ڕاگوێزراو.
4ــ بەرگری لە زیادبوونی نرخی یەکلاکراو یان هەناردنی نەوتی لە ڕادەبەدەر بە پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەی ئەندامان.
وەڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک، 45% نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و جگە لەوەش داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن تا نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و یەکسان ڕابگرن، چونکە هەلاجان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بۆ ئەم وەڵاتانە دەبێتە هۆی هەلاجانی ئابووری و هەندێ جار گەشەسەندنی ئەم وەڵاتانە تووشی زیان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە دوای دامەزرانی ئۆپێک ناوبەناو بۆتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە. بۆ وێنە:
ــ شەڕی ئیسراییل و عەرەبان لە 1973 کە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ڕاوەستانی ناردنی نەوتی وەڵاتانی عەرەبی بۆ ڕۆژاوا و ئەمەش هەڵکشانی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.
ــ شۆڕشی گەلانی ئێران (1978) کە بەریانی نەوتی ئەم وەڵاتەی بۆ ماوەیەک ڕاوەستاند و ئەمەش بووە هۆی هەڵکشانی بێوێنەی نرخی نەوت تا ئەو سەردەمە.
ــ شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) .
ــ شەڕەکانی کەنداوی فارس کە بریتی بوون لە: شەڕی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە دژی عێراق لە دوای داگیرکردنی خاکی کوەیت لە لایەن ئەم وەڵاتە (1991-1990) . شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بە دژی عێراق بە بیانووی چەک کردنی ئەم وەڵاتە (2003) .
ــ زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وەڵاتە لە ساڵەکانی 2005 و 2008 کە نرخی نەوتی تا نزیکەی 130 دۆلار هەڵکشاند.
ــ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2008 بووە هۆی دابەزینی دووبارەی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی
گەورەترین ڕێکخراوەی وەڵاتانی ئیسلامییە کە لە 56 ئەندام پێکهاتووە و بە شێوەی ڕەسمی لە سێپتەمبەری 1969 لە کۆنفرانسی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندام لە ڕبات (پێتەختی مەغریب) دامەزرێ. پاڵنەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە، چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بوو کە لە ئەنجامی شکستهێنانی وەڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسراییل (ژووەنی 1967) هاتبووە ئاراوە. ئامانجەکانی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی بریتین لە:
ــ گەشەپێدانی پێوەندی و هاوکاری و یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
ــ سڕینەوەی پاکتاوکردنی ڕەگەزی.
ــ پشتیوانیکردن لە ئاشتی نێودەوڵەتی.
ــ پشتگیری موسوڵمانان لە خەباتیان بۆ پاڕاستنی شەرەف و سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکانیان. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە لەسەرەتادا هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژ بە ئیسراییل و پشتیوانیکردن لە مافی فەلەستینییەکان هەبووە بەڵام بە نزیکبوونەوەی میسر لە ئیسراییل و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەم دوو وەڵاتە، کۆنفرانس تووشی ناکۆکی هات و یەکەمین ناتەبایی لە ساڵی 1978 بە دەرکردنی میسر لە ڕێکخراو سەری هەڵدا. بەگشتی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لەمەڕ ئەو کێشە و گرفتانەی کە بۆ وەڵاتانی ئیسلامی هاتۆتە پێش، هەر لە دەستدرێژی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستانەوە بگرە تا شەڕی ئێران و عێراق و دوو شەڕەکەی کەنداو و ناکۆکییەکانی باکووری ئەفریقیا، نەیتوانیوە وەکوو سەرچاوەیەکی شەرعی بێتە مەیدانەوە بەڵکوو زیاتر لە جاران بەرەو بێهێزی و دەستەوسانی و لەرزۆکی چووە.
لە پەراوێزی ئەم ڕێکخراوەدا چەند کۆمیتەیەک پێکهاتوون کە بریتیین لە:
کۆمیتەی کاروباری ئابووری کە بەمەبەستی بەرەو پێشڤەبردنی هاوکاری ئابووری و پاڕاستنی یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی دامەزراوە، کۆمیتەی زانستی فێرکاری و فەرهەنگی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، هونەری و فەرهەنگی ئیسلامی و کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاڕاستنی جێماوەی ئیسلامی و لێژنەی وەرزش.
ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازاری 1970
ئەم ڕێککەوتننامە لە 11/3/1970 لەنێوان بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی و حکوومەتی عێراق ئیمزا کرا و لە 15 مادە پێکهاتووە کە مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق دەستەبەر دەکات. مادەی 10ی ڕێککەوتننامەکە زۆر گرینگە و داوا دەکات کە دەستووری کاتیی عێراق بەم شێوەی خوارەوە هەموار بکرێت:
1ــ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب پێک دێت و ئەم دەستوورە دان دەنێت بە مافی نەتەوەیی گەلی کورد و کەمینەکانی دیکە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا.
2ــ داوا دەکات ئەم بڕگەیە بە مادەی چواری دەستوور زیاد بکرێ: «زمانی کوردی لە پالڕ زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی ناوچە کوردنشینەکان دادەنرێت» .
3ــ ئەم خاڵەی سەرەوە لە دەستووری هەمیشەییدا جێگیر دەکرێت.
ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە کۆتایی بە جەنگی نێوان هەر دوولا هێنا و بە هەموار کردنی کابینەی عێراق، جێگڕێکی سەرۆککۆمار و چوار وەزیری کورد ـــ کە هەموویان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون ـــ چوونە ناو کابینەی حکوومەتی عێراق بەڵام ئەو کۆمیتەی کە لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تووشی گرفت هات. بۆ نموونە ئەو دەڤەرانەی کە دەکەونە بەرنامەی ئۆتۆنۆمی یا ماف و جیاوگەکانی دامودەزگە ئۆتۆنۆمییەکان و ڕێژەی ئەو بوودجەی کە دەبێت بۆ ناوچەکە تەرخان بکرێت.
هێدی هێدی ڕژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەزبۆەوە و لە 27/3/1974 هێرشی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی کردە سەر ناوچەکانی کوردستان و بە ڕاگەیاندنی یەک لایەنەی پڕوژەی ئۆتۆنۆمی سنووردار، بە کردەوە ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و لەباری برد.
بەندی یەکەمی ئەم ڕێککەوتننامە دان بە بوونی ڕەوای گەلی کورد لە عێراقدا دەنێت و لە بەندەکانی دیکەش چەند خاڵێکی گرینگ لەبەرچاو گیراون، بۆ نموونە: کردنەوەی زانکۆی سلێمانی و کۆڕی زانیاری کورد و داننان بە هەموو مافە فەرهەنگییەکانی گەلی کورد و خوێندن بە زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکان، داننان بە پاڕاستنی کەلتووری نەتەوەیی و جەژنە نەتەوەییەکان و بە ڕەسمی ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی لە کۆماری عێراق و …
کۆمپانیای فرەنەتەوە
کۆمپانیا فرە نەتەوەکان، لە ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێن کە بەهۆی پەرەپێدان و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئابووری جیهان دەگێڕن. ئەم کۆمپانیانە پەرە دەدەن بە چالاکی بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت لە وەڵاتانی ڕووەوپەرەسەندن و لقێکی لاوەکی کۆمپانیاکە لەم وەڵاتانە دادەمەزرێنن، بۆ نموونە کۆکاکۆلا. ئەم کۆمپانیانە ئەمێستا، بوونەتە دێوەزمەیەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و لەم وەڵاتانەدا وەها ڕیشەیان داکوتاوە کە دیاریکردنی ڕەگەز و نەتەوایەتیان کارێکی دژوارە. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سەرمایەدانان لەم وەڵاتانە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی سروشتی و وزەی کاری هەرزان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن و لەم ڕێگەدا بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتەکان دەخەنە مەترسییەوە. گەورەترین ناوەندەکانی ئەم کۆمپانیانە لە وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسی و ژاپۆن جێگیر بوون.
کۆمۆنیزمی زانستی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1962، لە لایەن میخاییل سۆسلۆف، بیر داڕێژی پایەبەرزی سۆڤیەت لە کۆنگرەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیک چێ کراوە. بە باوەڕی کۆمۆنیستەکان، کۆمۆنیزمی زانستی بریتییە لە: زانستی ململانێی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆشیالیستی و یاسامەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی زانستی خۆی بە چۆنیەتی هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە ئاستی جیهان و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی سەرقاڵ دەکات کە یەکەمین قۆناغەکەی، سۆشیالیستی لە قەڵەم دەدرێت. لەم ڕووەوە کۆمۆنیزمی زانستی، دەرەنجامی سیاسی کۆی ئەو ئایدیۆلۆژیەیە کە سەرەتا بە مەتریالیزمی دایەلیکتیک دەست پێدەکا و پاشان «مەتریالیزمی مێژوویی» و «ئابووری سیاسی» بەدوا خۆیدا دەهێنێت.
کۆمین تانگ
کۆمین تانگ، ناوی پارتی نیشتمانی گەلی چین بوو کە لە ساڵی 1911 لە لایەن سون یات سون، دامەزرا تا بە دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی تاکڕەو و کۆڵۆنیالیستی وەڵاتی چین خەبات بکات. پاش ماوەیەک بە هۆی چالاکییەکانی ئەم حیزبە، ڕژێمی پادشایی منچۆ ڕووخا و حکوومەتی کۆماری چین لەو وەڵاتەدا بنیاد نرا. پاش مردنی سون یات سون، لە ساڵی 1925، چیانگ کای شک، ڕێبەرایەتی حیزبەکەی بەدەستەوە گرت و لە ڕواڵەتدا حکوومەتێکی نوێی بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی چین پێکهێنا و پاشان زەمینەی بۆ سەرۆک کۆماریی خۆی خۆش کرد و کەوتە دژایەتی کردن لەگەڵ کۆمۆنیستەکان. چیانگ کای شک، حیزبەکەی کردە باڵێکی ڕاستڕەو و لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزی کرد و لە ساڵانی 1937 تا 1945، بە دژی ژاپۆنییەکان کەوتە جەنگەوە و لە گەرمەی جەنگی دووهەمی جیهانیدا ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمین تانگ و حکوومەتی چینی لە ئەستۆدا بوو. بەڵام لە ساڵی 1948 لە بەرانبەر حیزبی کۆمۆنیستدا شکا و بە ناچار لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی بەرەو دوورگەی تایوان (فورموز) پاشەکشەی کرد و لەوێ حکوومەتی نیشتمانی چین (تایوان)ی دامەزراند. چیانگ کای شک، هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڕۆژێک دێت هێرش بکاتەوە سەر چین. کێشەی نێوان تایوان و چین هەتا نووکەش هەر بەردەوامە و دەوڵەتی چین هەمیشە تایوان بە بەشێک لە خاکی وەڵاتەکەی دەزانێ و هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی ڕەسمی دانی پێدا نەناوە. ئەم مەسەلە بۆتە هۆی کێشە لە نێوان پێوەندییەکانی وەڵاتی چین لەگەڵ وەڵاتێکی بەهێزی وەک ئەمریکا. بۆیە لە ساڵی 2009 کاتێک ئەمریکا چەک و تفاقی جەنگی فرۆشت بە تایوان، چین ڕووی لەم وەڵاتە گرژ کرد و کەوتە هەڕەشە لەمەڕ دەوامەی پێوەندییەکانیان.
کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کورد)
ئەم کۆمەڵە لە ڕێکەوتی 16/9/1942 (بەرانبەر بە 25ی خەرمانانی 1321ک.ه) لە شاری مەهاباد لە لایەن چەند کوردێکەوە بە مەبەستی برەوپێدانی بیروباوەڕی نەتەوایەتی لەناو جەماوەری کوردی دامەزرا. هەندێک لەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەم ڕێکخستنەدا بریتین لە: ڕەحمان عەلەوی، محەمەدئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوازادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فرووهەر (زەڕگەری)، عەبدوڕەحمان ئیمامی، قاسم قادری، میرعەبدولڵا داودی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهوو، میرحاج (کوردستانی عێراق) و قادر مودەڕسی. لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە 100 کەس. هەموو کوردێک دەیتوانی لە کۆمەڵەدا ببتە ئەندام. هەرکەس ببوایە بە ئەندام، لە دیدارێکی نهێنی و بە ئامادەبوونی سێ کەس لە ئەندامانی دامەزرانەر، حەوت جار سوێندی بە قورئان دەخوارد کە بەم شەش خاڵەی خوارەوە وەفادار بمێنێت.
1ـــ بە نەتەوەی کورد خەیانەت نەکات.
2ـــ هەوڵ بدات بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان.
3ـــ هیچ نهێنیەک نەدرکێنی چ بە زمان چ بە نووسین.
4ـــ تا دوایین ڕۆژی ژیانی هەر ئەندام بێت.
5ــــ هەموو پیاوێکی کورد بە برا و هەموو ژنێکی کورد بە خوشکی خۆی بزانێت.
6ـــ بێ ئیجازەی کۆمەڵە لە هیچ پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکەدا نەبێتە ئەندام.
لە مانگی گوڵانی 1943 ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە ئامادەبوونی سەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە، لە سەر کێوی خواپەرست، لە نزیک مەهاباد، هەڵبژێردران. بەڵام کەسێک بەناوی سەرۆک یا سکرتێر دیاری نەکرا بەڵکوو کۆمیتەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوون لە ڕەحمانی زەبیحی، ڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار موکریانی) و محەمەد یاهوو، وەک دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشان کران. لە مانگی ڕەزبەری 1944 قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف. کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی هیوا (کوردستانی باشوور) و خۆیبوون (کوردستانی باکوور) پێوەندی بووە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا. پاش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی 16/8/1945 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵەی ژ.کاف لەناو ئەو حیزبەدا توایەوە.
کۆنفرانس
1ــ کۆبوونەوەی نوێنەرانی سیاسی هەرخۆحەسێوی (تام الاختیار) دوو یان چەند دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و گەیشتن بە دەرەنجامێک لەسەر مەسەلەیەکی سیاسی نێودەوڵەتی. ئەو ڕێگەچارە و دەرەنجامانە دەبێ لە بەڵگەنامەیەکی سیاسیدا بنووسرێت. بۆ نموونە کۆنفرانسی ئاشتەوایی جەنگی جیهانی یەکەم.
2ــ کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی وەڵاتێک لەگەڵ نوێنەرانی ڕاسپاردەی دەرەوەی ئەو وەڵاتە بۆ کۆڵینەوەی مەسەلەیەکی سیاسی. بۆ وێنە کۆنفرانسی لەندەن بۆ کاروباری بەلجیکا لە ساڵی 1803 تا 1839.
3ــ کۆبوونەوەی نوێنەرانی چەند دەوڵەتێک کە مافی ئیمزاکردنی پەیماننامەیان نییە و تەنیا بۆ لێکۆڵینەوە و موتاڵای مەسەلەیەکی دیاریکراو دادەنیشن و ئەنجامی کۆڵینەوەکان بۆ تاقیکاری ئاڕاستەی دەوڵەتەکانی خۆیان دەکەن. بۆ نموونە کۆنفرانسی یاسای نێودەوڵەتی تایبەتی لاهای.
4ــ کۆبوونەوەی ڕێکخراوەی ڕاوێژکاریی دەزگەیەکی نێودەوڵەتی کە لە ڕێساکانیدا پێکهاتە و فۆرم و ئەرک و تەوزیمەکانی دیاری کرابێت. بۆ نموونە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کار و کۆنفرانسی گشتی یۆنسکۆ.
5ــ کۆبوونەوەی ڕێکخراوە تایبەتییەکان کە نوێنەری دەوڵەتان تێدا ئەندامن. بۆ وێنە ئەنجومەنی خاچی سوور یا مانگی سوور.
ئەم زاراوە هەروا بۆ توێژینەوە و باسکردن لەسەر بابەتی زانستی و تەکنۆلۆجی خوێندکاران و قوتابیان بەکار براوە بۆ وێنە کۆنفرانسی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی یا ئەدەبی.
کۆنفرانسی 4+2
بریتییە لە دانیشتنێکی یەک ڕۆژە بە بەشداربوونی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، سۆڤیەت، فرەنسە و بریتانیا لە لایەکەوە و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە لایەکی دیکەوە کە لە پێنجەمی ژووەنی 1990 لە بۆن بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا مەسەلەی یەکگرتنەوەی دوو ئەڵمان، بە تایبەت بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەم وەڵاتە یەکاڵا کرا. سەرباسی ئەم کۆنفرانسە، مەسەلەی ئەندامیەتی ئەڵمانیای یەکگرتوو بوو لە پەیمانی ناتۆ یا ئەندامەتی لە هەر دوو پەیمانی وارشەو و ناتۆدا. سۆڤیەت لەگەڵ ئەندامەتی ئەڵمانیای یەکگرتوو لە ناتۆدا دژایەتی دەکرد چونکە پێی وابوو ئەندامبوونی ئەم وەڵاتە لە پەیمانێکی سەربازیدا دەبێتە مەترسییەک بۆ سەقامگیریی ئەورووپا. ئەمریکاش پێی وابوو کە دوابڕیار لە بارەی بەئەندامبوونی ئەڵمانیای یەکگرتوو، دەبێ لە لایەن وەڵاتانی ڕۆژاواییەوە دەرکرێت.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئاسیا
ئەم دانیشتنە هاوشێوەی «کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا»یە کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ئاسیادا پێکهاتووە. دوابەدوای دانیشتنی سەرۆک کۆماری وەڵاتانی ئێران، تورکیا و وەڵاتانی ئاسیای ناوین لە عیشقاباد لە ساڵی 1992 لە بارەی پێویستی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاسایش، سەرکۆماری قازاغستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆنفرانسێکی لەم شێوەی چێکرد کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە:
1ــ دەستەبەرکردنی گەرەنتییەک بۆ پیادەکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە ناسراوەکانی ئەو کاتە.
2ــ ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی هاریکاری لە نێوان وەڵاتانی ناوچەکە.
3ــ دیاریکردن و بەکارهێنانی پێوانە و پێکهاتەی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
کۆنفرانس، سێ بابەتی بۆ وێککەوتن دیاری کردووە: ئاسایش، ئابووری و مرۆڤی.