تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیستیعماری
[[عا. کو.]]
(س.٩ ١- هەر شتێکی پێوەندی بە ئیستیعمارەوە هەبی... سیاسەتی ئیستیعماری، پیلانێکی ئیستیعماری، بیروڕای ئیستیعماری. ٢- هەرکەس یا هەیئەت یا دەوڵەتێکی بە پێی سیاسەت و ڕێ و شوێنی ئیستیعمار بجووڵێتەوە. ئەڵمانیای نازی دەیەویست جێگەی ئەڵمانیای ئیستیعماری پیش شەڕی یەکەم بگریتەوە.
ئیستیعماری نوێ
گەشەسەندنی ئابووری «سەرمایەداری» *و هەناردنی سەرمایە بۆ سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکانی وەڵاتانی دیکە، پێوەندی ئابووری وەڵاتە پیشەسازییە ئیستیعمارییەکانی لەگەڵ وەڵاتە بچووکەکانی ناردە ناو قۆناخێکی تازەوە. بەم مانایە کە وەڵاتە پیشەسازییەکان بە ناردنی سەرمایە و میکانیزمی جیهانی نرخ و دانوستانی کەرەستەی خاو و کاڵای دروستکراو و گوشاری سیاسی و ئابووری، وەڵاتانی دواکەوتوو ئەچەوسێننەوە. بەم دۆخە دەگوترێ ئیستیعماری نوێ کە زۆرێک لە وەڵاتانی بچووک و تازە ئازاد کراوی بە دژی ئەم پێوەندییە سیاسی و ئابوورییە ڕاست کردۆتەوە.
ئەم شێوازە داگیرکارییە وایکردووە کە وەڵاتانی بێ دەسەڵات، ئەگەرچی بە حەقیقەت یان بە ڕواڵەت بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتبن بەڵام هەروا لە بەرایی گەشەسەندندا بمێننەوە یان تەنانەت بگەڕێنەوە بۆ دوواوە و لە لایەکی دیکەشەوە وەڵاتانی پێشکەوتوو بە چەوساندنەوەیان سوودی زیاتر بکەن.
باو بوونی ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ «کۆنفرانسی باندۆنگ» (1955) . لەم کۆنفرانسەدا سۆکارنۆ، سەرۆککۆماری ئەندونیزیا بە جۆڕێک لە ئیستیعمار ئاماژەی کرد کە بە جلوبەرگێکی نوێوە لە لایەن کۆتلەیەکی خەڵک، بە کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر ئابووری و کەلتووردا هەمان ئامانجەکانی ئیستیعماری کۆن دەپێکن.