تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تابووری پێنجەم
لە زاراوەی سیاسیدا بریتیە لە دەستوپێوەن و سیخوڕەکانی وەڵاتێک لە وەڵاتێکی دیکە، یان دارودەستەی گرووپێکی نەیاری دەەوڵەت لەناو دەزگە دەوڵەتیەکاندا. ئەم زاراوە یەکەم جار لە شەڕە ناوخۆییەکانی ئسپانیا (39ــ 1936) هاتە ئاراوە: لەو کاتەدا کە فرانکۆ فەرماندەی سوپای دژە کۆمار، بە چوار تابور هێرشی بردە سەر مەدرید، هاوکات بڕیار بوو گرووپێکی دیکە دزە بکەنە ئەم شارە و لەناوەوە هێرشبەرنە سەر هێزەکانی پاڕاستنی شارەکە. ئەم گرووپەیان بە «تابوری پێنجەم» لە قەڵەم دا. ئەمڕۆکە ئەم زاراوە بۆ ناوبردەکردنی خەیانەتکاران و دەستوپێوەنی دوژمن لەناو حیزب، ڕێکخراوە یان وەڵاتێک بەکار دەبرێت.
سابوتاژ / گێڕەشێوێنی
ئەم زاراوە لە وشەی فەرەنسی saboter بە واتای دەنگ دەرهێنان لە جۆرە پێڵاوێکی دارینە بە ناوی sabots وەرگیراوە کە لە ساڵی 1842 لە لایەن کرێکارانی فەرەنسییەوە بە کار براوە. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە یەکەمین بزاڤی کرێکاری فەرەنسە، کرێکاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان لە پێ دائەکەند و بە پێکدادانییان و دروستکردنی هەراهەرا و دەنگەدەنگ، بەربەستیان لە بەردەم کرێکارەکانی دیکە ساز ئەکرد. بە واتایەکی دیکە لە ساڵانی دوور، هەندێ لە کرێکارە ئەورووپییەکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و گێڕەشێوێنی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان دەخستە بەینی چەرخی کارگەکان و کارەکەیان ڕادەوەستان. سابوتاژ لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ئەنجامی کاری تێکدەرانە لە ڕێکخراوە و دەزگە دەوڵەتی و گشتیەکان بە مەبەستی ئاستەنگی نانەوە و گێڕەشێوێنی.
شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی
زاراوەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، یەکەم جار لە لایەن جۆن ستوارت میل بیرمەندی ئینگلیزی بۆ پێناسەکردنی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی ئاسیایی هاتە ئاراوە. دواتر لە لایەن بیرمەندانێکی وەک کاڕۆڵ مارکس بە تێروتەسەلی شرۆڤە کراوە. ئەو بۆ ناساندنی وەڵاتانی چین و ڕووسیە و هێندستان، کۆمەڵێ تایبەتمەندی یەکسان دەبینێت کە بە گشتی بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی ناوبردە کراوە. بە باوەڕی مارکس، بارودۆخ و کەشوهەوای هەرێمەکانی وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی کەمبوونی ئاو پێویستی بە هێنانە مەیدانی جەماوەر و هەرەوەزی مرۆڤییە بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو. بەم بۆنەوە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، دەست دەگرن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا و لەم ڕێگەوە زەبر و زاکونی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەم وەڵاتانە خاڵی دەکەنەوە. بەمجۆرە شێوازێکی تایبەتی بەرهەمهێنان لە وەڵاتانی ئاسیایی دێتە ئاراوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئیستبداد و ستەمکاری لەم وەڵاتانە.
لێنینیزم
لێنینیزم، قوتابخانەیەکی سیاسییە کە لە ناوی ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ لینین (1924ـــ 1870) ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 سۆڤیەت وەرگیراوە. لێنینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی، پاش مەرگی لینین داهات و ئەویش شێوازێکی تایبەتی مارکسیزمە کە لە سۆڤیەت پیادەکرا.
ئەم قوتابخانە باوەڕی بە چاکسازی فەلسەفەی مارکسیزم هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بە پابەندی بنەماکانی ئەو فەلسەفە دەهێڵێتەوە. لێنینیزم، کۆمەڵێک نووسراوەی دەستچێنکراوی لینین بوو کە لە پاش هەندێ گۆڕان و چاکسازی بەسەر بنەماکانی مارکسیزمدا هاتە ئاراوە و هەندێ خاڵی پێ زیادکرا و هەندێ خاڵیشی لێ سڕایەوە تاکوو لەگەڵ ڕەوشی ڕووسیادا بگونجێ. لە ڕاستیدا داهێنەری لێنینیزم، ستالین بوو کە کۆمەڵێک لە گوتارەکانی لێنینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاتی نووسینیان، لە 9 بابەتدا بە ناوی «بنەماکانی لینینیزم» کۆ کردەوە. لەم کۆکردنەوەدا هەندێ لە ئەندێشەکانی لینین دابڕا یان بە کورتوکوێری بڵاوکرایەوە. ترۆتسکی لە بەرانبەر ئەم کارەی ستالین دەنگی هەڵبڕی و ڕایگەیاند: «لینینیزمی ستالین» جگە لە کۆگایەک خەوشوخۆڵی فیکری و کورتبینی و کەمتەرخەمی، هیچی دیکە نییە. کەواتە ئەو لینینیزمەی کە ستالین دایهێنا، بوو بە تێوری ڕەسمی یەکیەتی سۆڤیەت. لە بەرانبەردا ئەو شرۆڤە و لێکدانەوەی کە لە لایەن کەسانێکی وەک ترۆتسکی و بوخارین لە سەر بیروڕای لینین بە ئەنجام گەیشت، بە دەسکیسی ستالین تووشی شکستی سیاسی هاتن. دواتر، ڕێژەی وەفاداری لینینیزم، نەک هەر بە ئەندێشەکانی مارکس بەڵکوو بە نیسبەت ئەندێشەکانی لینینیش، بووە هۆی مشتومڕ لە نێوان مارکسییەکاندا.
لە باری مێژووییەوە، وشەی لینینیزم، یەکەم جار لە لایەن مارتۆف، ڕێبەری منشڤیکەکان لە ساڵی 1904 بەکار برا کە ئەویش بۆ ڕەخنە لە تیۆری لینین بوو لەمەڕ ڕێکخستنی حیزبی پێشڕەو.
لێنینیزم، لەگەڵ بولشویزم لە سەرچاوەیەک ئاودەخۆنەوە و لەباری سیاسییەوە بەهێزترین لقی مارکسیزم لە ئەژماردێت کە بە کۆمۆنیزم ناوبانگی دەرکردووە. کۆمۆنیستەکان، خۆیان بە «مارکسیزم ـــ لینینیزم» ناوبردە دەکەن.
بیروبۆچوونەکانی لێنین لە سەردەمی پێش شۆڕشی ڕووسیا لەگەڵ سەردەمی پاش شۆڕشدا جیاوازن. بەر لە شۆڕش، لێنین بە پەیڕەو کردنی مارکس، باوەڕی بە ڕەوتی مێژوویی دایەلیکتیک هەبوو چونکە ڕووسیا هێشتا ئامادە نەبوو بۆ شۆڕشێکی کرێکاری و نەگەیشتبووە قۆناغی پرۆلتاریا. لەبەرئەوە، سەرەتا دەبوو لەو وەڵاتەدا شۆڕشێکی بۆرژوایی ڕووبدات (وەک شۆڕشی فرەنسا) و ڕژێمی تاکڕەو و دیکتاتۆری تیزاری، جێگەی خۆی بدات بە ڕژێمێکی دیموکراتی و یاسایی و حکوومەتی چینی میانە.
لێنین، مارکسییەکی دەمارگرتوو بووە و لەگەڵ هەرچەشنە پێداچوونەوەیەک بە بنەما و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزمدا دژایەتی کردووە. ئەگەرچی ئەو شتەی کە لینین بە مارکسیزمی زیاد کردوووە، لەبواری تیۆرییەوە نایەتە بەرچاو بەڵام لێنینیزم هەڵگری وەرچەرخانێکی گرینگە لە مارکسیزمدا ئەویش گەڕانەوەیە لە دیترمینیزمی ئابووری بۆ ئیرادەگەرێتی. بەپێی دیترمینیزمی ئابووری ــ کە یەکێک لە تیۆرییەکانی مارکسە ــ سیاسەتی دەوڵەتەکان و ڕووداوە مێژووییەکان، بەگشتی هۆکاری ئابوورییان هەیە و بەرهەمی هێزە جەبرییە ئابوورییەکانن. لەم گۆڕانە فیکرییەدا لینین، لە جیاتی ئەوەی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی کرێکاری بە پاشکۆیەکی ڕەهای شێوازی بەرهەمهێنان و دۆخی ئابووری بزانێت، هۆکاری دەروونی و زەینی واتە «ئیرادەی شۆڕشگێڕانە» و ڕێکخستنی بوێرانە، بە پاڵنەری سەرەکی بۆ چوونە ناو ڕەوتی مێژوو دەزانێت. لێنین پێی وابوو کە بێ تیۆری شۆڕش هیچ کارێکی شۆڕشگێڕانە بە ئەنجام ناگات.
لێنین تیۆرییەکی تایبەتی دەربارەی ئیمپریالیزم ئاڕاستە کرد کە بەرفرەوان کردنی مارکسیزم بوو لە بواری شیکردنەوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی سەرمایەداریدا. ئەو ئیمپریالیزمی بە دوایین قۆناغی «سەرمایەداری پاوانخواز» دەزانی کە لە سەرەمەرگی خۆیدا بوو. ئەم تیۆرییە بوو بە بنەمایەک بۆ دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردووگای سۆشیالیزم و ئیمپریالیزم کە لە قۆناغی شەڕی سارد زۆر دەنگی دایەوە. بەپێی ئەم دابەشکارییە، سەرکەوتنی بەرەی سۆشیالیزم بەسەر ئیمپریالیزم، لەباری مێژووییەوە نکوڵی لێناکرێ چونکە ئیمپریالیزم بەرەو مەرگ گلۆر بۆتەوە.
لینین کاریگەریی زۆری لەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی (بە تایبەت مارکسیستی) دانا. تاکوو بەر لە شۆڕشی 1917، مارکسییەکان هەمیشە بە دەوری یەک حیزب کۆ دەبوونەوە کە ئەویش بە «حیزبی سۆشیال دیموکرات» ناوبانگی دەرکردبوو. بەڵام لینین لەپاش دامەزراندنی ئینتەرناسیۆنالی سێهەم (بڕوانە کۆمینترن) ئەم حیزبانەی بە دوو حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیست دابەش کرد. وردە ـــ وردە ڕێوشوێنی لینین سنووری وەڵاتەکەی بەزاند و زۆربەی وەڵاتانی جیهانی گرتەوە. نووکە، ئەگەرچی لە ساڵی 1990 سیستەمی کۆمۆنیستی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو لێک هەڵوەشایەوە، بەڵام لە چەند وەڵاتێکی وەک چین و کووبا، ئەم ڕێبازە لە باو نەکەوتووە و هێشتا هەر ئەم وەڵاتانەی پێ ئیدارە دەکرێ.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم
ئەم زاراوە لە گەرمەی مشتومڕە ئایدیۆلۆژییەکانی پاش مەرگی لێنین هاتە ئاراوە بۆ وەدەرنانی دوژمنانی ستالین. لە ژێر سەردێڕی ئەم ناوەدا مارکسیزم، بەپێی تێڕوانینی ستالین بۆ تیۆر و کردەوەی لێنین، سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە. ئەم تێڕوانینە شەرعییەتی دەبەخشی بە سیاسەتەکانی ستالین و تا دەهات پێگەکەی وەک سەرچاوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک قایمتر دەکرد. پاش سەردەمی ستالین، ئەم چەمکە بوو بە نیشانەی ڕەوابوونی دەسەڵاتی ڕێبەرانی داهاتوو. هەروەها لە گەڕیانی کێشمەکێشی نێوان جەمسەرەکانی کۆمۆنیزمدا بوو بە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژک بۆ تاوانبارکردنی هەر چەشنە «لادان» ێک لە ڕێباز و باوەڕی مارکسی. لە میانەی مشتومڕی چین و سۆڤیەت، ڕووسەکان چینیان بەوە تاوانبار دەکرد کە لە ڕێبازی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایداوە بەڵام چینییەکان ڕێگەی خۆیان بەرەو ئایدیۆلۆژی «مارکسیزم ـــ لێنینیزم ـــ مائۆئیزم» هەڵبژاردبوو.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم، ئاوەڵناوێک بوو کە پێشتر زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستیەکان بۆ ناوبردەکردنی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەکاریان دەبرد و بەم بۆنەوە خۆیان لەو حیزب و لایەنە مارکسییانەی کە باوەڕیان بە ڕێبازەکانی مارکس لەمەڕ شۆڕشی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری پرۆڵتاریا نەبوو جیا دەکردەوە. ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتدا ئایدیۆلۆژی بزووتنەوەی کرێکاری بوو بەڵام لە کردەوەدا لە هەندێ لە وەڵاتان بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و کۆنەپارێزی چینی دەسەڵاتدار و بۆرۆکراسی دەوڵەتی.
هاوپەیمانی/هاوسوێندی
یەکگرتنی کاتیی چەند حیزب یا لایەنی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکان. لە سیستەمێکی پەرلەمانی فرەحیزبی کە هیچکام لە حیزبەکان نەتوانن ڕێژەیەکی دەنگ بۆ دامەزرانی دەوڵەت بەدەس بێنن، چەند حیزبێک بۆ ئەم مەبەستە دەبنە هاوپەیمان. هاوپەیمانی پەرلەمانی بەزۆری بۆ هێشتنەوە یا هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی تایبەت دێتە کایەوە بە شێوازێک کە حیزبە گەورەکە لەگەڵ یەک یان چەند حیزبی بچوکتر دەبێتە هاوپەیمان و بە ڕێژەی دەسەڵاتیان بەشداری حکوومەت دەکەن.
ڕەنگە هاوپەیمانییەتی لایەنێکی نەرێیی (سەلبی) بێت واتە بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت بێت. بۆ وێنە لە فەرەنسە، پاش شەڕی جیهانی دووهەم کومۆنیستەکان و باڵی ڕاستی توندڕەو بوونە هاوپەیمان و حکوومەتی ئەو سەردەمەیان ڕووخاند.
هاوپەیمانییەتی لە هەڵبژاردندا بەم جۆرەیە کە حیزبە هاوپەیمانەکان، بە قازانجی یەکدی دەنگ دەدەن بە لیستەیەکی هاوبەشی پاڵێوراوان و هەرێمەکان بە ڕێژەی خۆیان دەسەڵات دابەش دەکەن. ئەم شێوازە لە کۆماری چوارەمی فەرەنسەدا بە کارهات.
لە سیستەمی دووحیزبی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئەم زاراوە مانایەکی دیکەی هەیە بەم واتایە کە چەند گرووپی ناو دوو حیزبـە کە (دیموکرات و کۆماریخواز) بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ سیاسەتی حکوومەت یەک دەکەون. وەک چۆن دیموکراتەکانی باشوور و کۆماریخوازەکانی باکوور بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ بڕیاری ڕۆزڤێڵت و تڕۆمێن یەککەوتن.
ڕێکخراوەی وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک)
ئەم ڕێکخراوە لە دوای هەوڵی زۆر و درێژخایەنی وەڵاتانی نێرەری نەوت لە ژانوییەی 1961 لە کاراکاس (ڤێنێزۆئێلا) دامەزرا و سەرەتا وەڵاتانی ئێران، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، کوەیت، قەتەر و ڤینزۆئیلا بوونە ئەندام و پاشان، وەڵاتانی ئەندونیزیا، لیبی و نایجریا بوون بە ئەندام. ئۆپێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە دامەزرێ:
1ــ چەسپاندنی سیاسەتێک بۆ دانانی نرخ و مەزەندەیەکی یەکلاکراو، بەدوور لە هەلاجانی ئابووری وەڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
2ــ پاراستنی سەرچاوە و کانە نەوتییەکان.
3ــ پاراستنی ئاسایشی نەوتی ڕاگوێزراو.
4ــ بەرگری لە زیادبوونی نرخی یەکلاکراو یان هەناردنی نەوتی لە ڕادەبەدەر بە پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەی ئەندامان.
وەڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک، 45% نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و جگە لەوەش داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن تا نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و یەکسان ڕابگرن، چونکە هەلاجان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بۆ ئەم وەڵاتانە دەبێتە هۆی هەلاجانی ئابووری و هەندێ جار گەشەسەندنی ئەم وەڵاتانە تووشی زیان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە دوای دامەزرانی ئۆپێک ناوبەناو بۆتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە. بۆ وێنە:
ــ شەڕی ئیسراییل و عەرەبان لە 1973 کە بۆ ماوەیەک بووە هۆی ڕاوەستانی ناردنی نەوتی وەڵاتانی عەرەبی بۆ ڕۆژاوا و ئەمەش هەڵکشانی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.
ــ شۆڕشی گەلانی ئێران (1978) کە بەریانی نەوتی ئەم وەڵاتەی بۆ ماوەیەک ڕاوەستاند و ئەمەش بووە هۆی هەڵکشانی بێوێنەی نرخی نەوت تا ئەو سەردەمە.
ــ شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) .
ــ شەڕەکانی کەنداوی فارس کە بریتی بوون لە: شەڕی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە دژی عێراق لە دوای داگیرکردنی خاکی کوەیت لە لایەن ئەم وەڵاتە (1991-1990) . شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بە دژی عێراق بە بیانووی چەک کردنی ئەم وەڵاتە (2003) .
ــ زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وەڵاتە لە ساڵەکانی 2005 و 2008 کە نرخی نەوتی تا نزیکەی 130 دۆلار هەڵکشاند.
ــ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2008 بووە هۆی دابەزینی دووبارەی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار.
خوێن داکوژان
یەککەوتن بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ و دوژمنایەتی لەنێوان دوو یان چەن دەوڵەتێک. لەم یەککەوتنەدا بەگشتی کەشوهەوا و ماوەی دەسهەڵگرتن لە شەڕ لەنێوان لایەنەکانی شەڕ دیاری دەکرێت. سازشکردن و کۆک بوون لەسەر خوێنداکوژان ڕەنگە بە شێوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە بێت: وەک خوێن داکوژانی فەڕەنسە و ئەڵمانیا، یان کاتی بێت: کە زیاتر بەمەبەستی کۆکردنەوەی کوژراوەکان لە مەیدانی شەڕدا بە ئەنجام دەگات. ئەم جۆرە کردارە بە «هەڵپەساردنی شەڕ»یش ناوبردە کراوە.
لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە، ئەگەرچی خوێن داکوژابێتەوە و دەست لە شەڕ هەڵگیرابێ بەڵام حاڵەتی شەڕ، هەر بەردەوامە و ماف و ئەرکی لایەنەکانی شەڕ هەر لە ئارادایە. ڕێسێ گشتییەکانی خوێنداکوژان لە کۆنفرانسی ئاشتی لاهای لە ساڵی 1907 دیاری کرا و بەو پێیە لە خوێن داکوژانەوەی بێ سنووردا کاتێک شەڕ و ئاژاوە سەرهەڵدەداتەوە کە بە تەرزێکی جددی و هەمەلایەن ئەم ڕێساگەلە وەلا بنرێت. ئەو کردەوانەی کە ئەبێتە هۆی پێشێلکردنی بڕیارنامەی خوێنداکوژان بریتییە لە: پێشڕەوی ئاشکرا، داگیرکردنی هەر ناوچەیەکی بەدەر لە هێڵی دیاریکراو، و جێبەجێکردنی سپایەک کە لە بارودۆخێکی لاوازدا بووبێت.