تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



پەیماننامەی سەعدئاباد
ئەم پەیماننامە لە ساڵی 1937 لەنێوان چوار وەڵاتی ئێران، ئەفغانستان، تورکیا و عێراق لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەمەبەستی دۆستایەتی و دەستدرێژ نەکردن بۆ خاکی یەکتر مۆر کرا. ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتنە، هاوڕایەتی و یەکدەنگی ئەم چوار وەڵاتە بوو لە هەڵوێستە سیاسییەکان و یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی و شەڕدا.
ئەم دەوڵەتانە بەڵێنیان دابوو کە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر خۆ بپارێزن و سنوورەکانی یەکتر نەبەزێنن. یەکتر دەستدرێژی نەکەنە سەر یەکتر لە پێکهێنانی ئەنجومەن و گرووپی بەرهەڵستکار کە ئامانجیان لەناوبردنی ئاشتی و ئارامی یەکێک لەم وەڵاتانە بێت، خۆ بپارێزن.
لە کاتی ڕووداوەکانی ساڵی 1941 (داگیرکردنی ئێران لە شەڕی جیهانی دووهەم)، دەرکەوت کە ئەم پەیماننامە، سەنگێکی نییە و شتێکی بێقیمەتە.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لەباری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن (بڕوانە مافی مرۆڤ). پەیماننامەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و سیاسی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پیادەکردن و بەرزڕاگرتنیان. ئەم پەیماننامە 53 مادە لەخۆ دەگرێ و گرنگترین مافەکانی بریتین لە: مافی ژیان و ئاسایش، ئازادی بزووتنەوە، ئازادی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ئازادی بیروڕا و ئایین و ئەندێشە و سڕینەوەی کۆیلایەتی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و قەدەخەکردنی ئەشکەنجە. ڕەشنووسی ئەم پەیماننامە، سەرەتا لە ساڵی 1954 لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کرا و لە ساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتی پەسند کرا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1976 بە کۆی 35 دەنگ تەوزیم کرا و وەک یاسایەک بڕاوەتەوە.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
پەیمانی بەرگرتن لە تاقیکاری ئەتۆمی
پەیمانێک کە لەنێوان بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ژووئییەی 1963 لە مۆسکۆ واژۆ کرا. بەپێی بەندی 1ی پەیمانەکە:
1) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە ئیمزا دەکات، دەبێ خۆ بپارێزێت لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر چەشنە تەقاندنەوەیەکی ناوەکی لە هەر شوێنێکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا لە ئاسمان و زەوی.
2) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە واژۆ دەکات، بۆی نییە ئاسانکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی یان لەم کارەدا بەشداری بکات یا ببێتە هاندەر بۆ ئەم مەبەستە.
بەپێی بەندی 3، ئیمزاکردنی ئەم پەیمانە بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئازادە. تا ساڵی 1965 نزیکەی 100 وەڵات پەیمانەکەیان مۆرکرد بەڵام وەڵاتانی چین و فەرەنسە لە مۆرکردنی ئەم پەیمانە خۆیان پاراست. لە 24/9/1996 لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، پێنج زلهێزی ئەتۆمی جیهان واتە ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، چین و فەرەنسە پەیمانەکەیان مۆر کرد. بەڵام ئەم پەیمانە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن 44 وەڵات کە توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەیە بە ئیمزا نەگات، بە شێوەیەکی جددی پیادە ناکرێت.
پەیمانی سیڤەر
دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1918، ویلسۆن، سەرکۆماری ئەمریکا لە پلانەکەی خۆیدا بە ناوی ئاشتی ڕایگەیاند کە ئەبێ بە کەمایەتیە غەیرەتورکەکانی عوسمانی، مافی سەربەخۆیی بدرێت. بەم بۆنەوە لە 10ی ئاگۆستی ساڵی 1920 کۆنفرانسێک بە بەشداربوونی بەریتانیا، فەرەنسە، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرمەنستان، بەلجیکا، یۆنان، حیجاز، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانی، چێک و تورکیا سەرەنجام ئەمریکا و شاندێکی کورد وەک ئەندامی چاودێر لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە کوردستان و ئەرمەنستان ڕێکخرا. لەم کۆنفرانسەدا پەیماننامەیەکی 432 مادەیی مۆر کرا کە ئەم 3 مادەی خوارەوە پێوەندی بە کێشەی کوردەوە بوو بەڵام هیچ کات نەگەیشتە ئاستی جێبەجێکردن .
مادەی 62
کۆمیتەیەک کە لە ئەستەنبوڵ دانیشتن دەکات و بریتیە لە سێ ئەندامی دانراوی دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسە و ئیتالیا، لە ماوەی 6مانگ (لە بەرواری پیادەکردنی ئەم پەیماننامەوە) نەخشە و گەڵاڵەیەک دائەڕێژێ بۆ خودموختاری ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات، باشووری سنووری ئەرمەنستان، کە دواتر دیاری دەکرێ و هەروەها باکووری سنووری تورکیە و سووریە و مێزۆپۆتامیا (بە جۆرێک کە لە مادەکانی 2و3و27 ئاماژەی پێکراوە) . لەسەر هەر خاڵێک کە پێک نەهاتن، ئەم بابەتە لە لایەن ئەندامانی کۆمیتەکە، بە دەوڵەتە پێوەندیدارەکان ڕابگەیەندرێ.
ئەم گەڵالە هەڵگری هەموو پێشنیازێکی پێویست بێت بۆ داکۆکیکردن لە کەمینەی ئاشووری و کلد و کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی ناوچەکە. هەر بەم بۆنەوە کۆمیتەیەک بە بەشداری نوێنەرانی بەریتانیا و فەرەنسە و ئیتالیا و ئێران و کوردەکان دابمەزرێ بۆ لێکدانەوە و بڕیاردان لە کاتی پێویستدا و لە سنووری تورکیە ــ ئەو شوێنەی کە بەپێی ئەم پەیمانە، لەگەڵ سنووری ئێران یەک دەگرێتەوە ــ دیتن بکات.
مادەی 63
بەپێی ئەم پەیماننامە دەوڵەتی تورکیا، ڕازی دەبێت کە بڕیارەکانی هەر دوو کۆمیتەی ناوبراو لە مادەی 62 تاکوو سێ مانگ لە بەرواری ڕاگەیاندن بە دەوڵەتی ناوبراو، پیادە بکات.
مادەی 64
دوای یەک ساڵ لە پیادەکردنی ئەم پەیماننامە، هەر کاتێک خەڵکی کوردی دانیشتووی ئەو ناوچانەی کە لە لە مادەی 62 باسکراون، هانابەرن بۆ کۆمەڵی نەتەوەکان و بتوانن بیسەلمێنن کە زۆرینەی حەشیمەتی ئەم ناوچانە حەز بە جیابوونەوە لە وەڵاتی تورکیا دەکەن و کۆمەڵی نەتەوەکانیش، بەو قەناعەتە بگات کە ئەم خەڵکە شیاوی سەربەخۆیین و دان بەم شتەدا بنێ، ئەوا دەبێ تورکیا بەپێی ئەم پەیماننامە، ڕەفتار بکا و لە هەموو ماف و خواستەکانی خۆی لەم ناوچانە چاوپۆشی بکات.
چۆنییەتی شیکردنەوەی ئەم چاوپۆشییە، ئەبێتە بابەتی پەیماننامەیەکی دیکە کە لەنێوان دەوڵەتە بەناوبانگەکانی ناوچەکە و دەوڵەتی تورکیا، مۆر ئەکرێ.
مادامێکی تورکیا لە مافی خۆی چاوپۆشی کرد، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە نابێ لەگەڵ پەیوەستبوونی ئارەزوومەندانەی کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچە لە کوردستان کە تا ئێستە بەشێک بوون لە ویلایەتی موسڵ بۆ دامەزرنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دژایەتی بکەن…
پەیمانی سێ سنوور
لە مانگی گەلاوێژی ساڵی 1944 کۆبوونەوەیەکی نهێنی بەمەبەستی یەکگرتنی کوردستانی گەورە لەسەر کێوی داڵانپەڕ (کە سنوورەکانی ئێران و عێراق و تورکیا لەوێدا یەک دەگرنەوە) بەسترا. نوێنەرانی سێ پارچەی کوردستان لەو کۆبوونەوەدا پەیمانێکیان ئیمزا کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانی یەکتر کە بە پەیمانی سێ سنوور ناوبانگی دەرکرد. نوێنەران بریتی بوون لە: قاسم قادری، لە لایەن کۆمەڵەی ژ.ک (کوردستانی ڕۆژهەڵات)، شێخ عوبەیدوڵا (کوردستانی باکوور) و قازی مەلا وەهاب (کوردستانی باشوور). لەو دانیشتنەدا ئەو نەخشەیەی کوردستانی گەورە پەسند کرا کە لە لایەن کۆمەڵەی کوردی بەیروت بڵاوکرابۆوە.
پەیمانی لۆزان
لە ڕۆژی 24ی ژووئیەی ساڵی1923 لەنێوان وەڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسە، ئیتالیا، ژاپۆن، یۆنان ، ڕۆمانی، سێرب، کروات و تورکیا، پەیماننامەیەک مۆر کرا کە لە ڕاستیدا بە واتای بە ڕەسمییەت ناسینی وەڵاتی تازەی تورکیا بوو. بەپێی ئەم پەیمانە نیشتمانی نەتەوەیی گەلی کورد بە چوار پارچە دابەش دەکرێت. ئەم پەیمانە بێ بەشداربوونی هیچ کوردێک مۆر کرا و بۆ کورد، وەک سەرەتای کۆیلەیی و دیلبوونی سیاسی ناوبردە کراوە.
لایەنەکانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا پەیمانێکی ئاشتیشیان مۆرکرد. زۆربەی خاکی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکیا. لەم پەیمانەدا ناوێک لە کورد نەبراوە و هیچ مافێکیشیان پێ ڕەوا نەبیندراوە. تەنیا لە بابەت داکۆکی لە مافی کەمینەکان، چەند هێمایەک کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کەمینەکان لە یاسای تورکیادا تەنیا بە ئەرمەنی و یۆنانی ناوبردە کراوەوە و بە ناوی ئەوەی کورد لەگەڵ تورک یەکسانە، هیچ باسێک لە کورد نەهاتۆتە ئاراوە.
پەیمانی ماستریخت
ئەم پەیمانە لە لایەن سەرۆکی 12 وەڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا کە بریتی بوون لە: ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بریتانیا، ئیتالیا، ئیرلەندا، بەلجیکا، پورتوگال، دانیمارک، فرەنسا، لۆکزامبۆرگ، هۆڵەندا و یۆنان لە دیسەمبەری 1991 لە شاری ماستریختی هۆڵەندا مۆر کرا. مەبەست لەم پەیمانە یەکگرتنی سیاسی و ئابووری ئەورووپا بوو. هەروەها پیادەکردنی سیستەمێکی دراڤی یەکگرتوو، بەڕەسمییەت ناسینی «شارۆمەندیی ئەورووپایی»، هاوکاری گەرمی وەڵاتانی ئەوروپی لە بواری سیاسەتی دەرەکی، ئاسایش، دادوەری و هەموو کاروبارێکی ناوخۆیی هاتە ڕیزی داواکارییەکانی ئەم پەیمانەوە.
ساڵی 1993 خەڵکی دانیمارک ئەم پەیمانەیان پەسند نەکرد. پاش ئەوەی هەندێ زێدەماف و بەڵێنیان بەم وەڵاتە بەخشی، ئینجا خەڵکی ئەم وەڵاتە دەنگی «ئەرێ» یان پێدا. ساڵی 2001 هەر هەمان شت لە بارەی خەڵکی وەڵاتی ئیرلەندای باشووری هاتەگۆڕێ. نەیاریی خەڵکی فەرەنسە و پاشان هۆڵەندا لە ساڵی 2005 لەگەڵ ئەم پەیمانە کە بە دەستووری بنچینەیی ئەورووپا ناوبراوە، نیگەرانییەکی گەورەی لەمەڕ چەسپاندنی ئەم دەستوورە هێناوەتە گۆڕێ و یەکیەتی ئەورووپا تووشی ئاریشە دەکات. پەسند نەکردنی دەستووری یەکیەتی ئەورووپا لە وەڵاتێکی وەک فرەنسێ کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم یەکیەتیەدا بووە هۆی دواخستنی پڕۆسەی ڕاپرسی ئەم قانوونە. بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی یەکیەتی ئەورووپا، بڕیار بوو تا مانگی حەوتی 2006 دەستوورەکە لە هەر 25 ئەندامی یەکیەتی بکەوێتە بەر ڕاپرسییەوە و لەسەرەتای ساڵی 2007 لە تەواوی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت بەڵام بەم بۆنەوە دواکەوتووە.
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لە باری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن. ئەم پەیماننامە داخوازییەکانی هەموو مرۆڤێکی لەمەڕ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەبەرچاو گرتووە و دەوڵەتەکانی بە مسۆگەرکردنی ئەم مافانە ڕاسپاردووە. ئەم پەیمانە 31 مادە لەخۆ دەگرێ کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بە مافی خودموختاری، کار و پشوودان، مافی مانگرتن و دامەزراندنی ڕێکخراوە، ڕزگاربوون لە هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی، پەروەردە و باشترکردنی باری ژیان و گوزەران.
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ داڕشتنی ئەم پەیمانە لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجام گەیشت و لە ساڵی 1954 بە کۆمەڵی گشتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندرا. بەڵام تاساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە پەسند نەکرا و لە ساڵی 1976 پاش پەسند کردنی 35 وەڵات یەکلاکرایەوە.
پەیمانی وارشەو
پەیمانی وارشەو (Eastern European Mutual Assistance Treaty – پەیمانی هاریکاری هاوبەشی ئەورووپای ڕۆژهەڵات) پەیمانێکی سەبازی بوو کە لە بەرانبەر پەیمانی یەکیەتی ئەورووپای ڕۆژاوا، ناتۆ* لەنێوان وەڵاتانی کۆمۆنیستی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەسترا. ئەم پەیمانە لە 14/5/1955 لەنێوان وەڵاتانی چیک، ئەڵبانیا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، پۆڵەندا، مەجارستان، ڕۆمانیا و یەکیەتی سۆڤیەت لە شاری وارشەو بۆ ماوەی بیست ساڵ گرێدرا. ئامانجی پەیماننامەکە دابینکردنی هاریکاری سیاسی و سەربازی لەنێوان ئەم وەڵاتانە بوو. بەپێی پەیمانەکە هەرکات یەکێک لە ئەندامەکانی ڕێکخراو، بکەوتایە بەر هێرش، ئەندامانی دیکە بە دەنگییەوە دەهاتن و بە هەموو هێزێکەوە پشتیوانییان لێ دەکرد.
ناوەندی سەرکردایەتی عەملیاتی چەکداری لە شاری مۆسکۆ بوو. ئەڵبانیا لە ساڵی 1968 وازی لەم پەیمانە هێنا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1975 بۆ ماوەی بیست ساڵی دیکە واژۆ کرایەوە بەڵام دوای ڕووداوەکانی ساڵی 1989 کە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هاتە کایەوە و پاش هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵاتئەم پەیمانەش لە ساڵی 1991 بە شێوەیەکی ڕەسمی هەڵوەشایەوە. (بڕوانە دیواری بەرلین) .
پەیمانی وێستفاڵیا
پەیمانێک کە لە پاش شەڕی 30 ساڵەی ئایین لە ئەورووپا ( 1648-1618) لەنێوان هەموو وەڵاتانی ئەوروپی جگە لە بەریتانیا و پۆڵەندا واژۆ کرا. گرینگی ئەم پەیمانە لە ئاست پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەیە:
1ــ ئەم پەیمانە بوو بە دەستپێک و ڕێنموونێک بۆ کۆنفڕانس و پەیمانەکانی دواتر لە پێوەندی نێونەتەوەییدا.
2ـــ بەپێی ئەم پەیمانە، کۆنفدراسیۆنی سویسڕا و هۆڵەندا بە سەربەخۆ ناسرا.
3ـــ نزیکەی 350 یەکینەی سیاسی ئەڵمانیا، بەپێی ئەم پەیماننامە سەربەخۆییان وەرگرت.
4ــ سەربەخۆیی فرەنسێ و پورتوگال بە ڕەسمییەت ناسرا و دەستێوەردانی پاپا لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی ئەم وەڵاتانە قەدەغە کرا.
5ــ بنەمای سەربەخۆیی وەڵاتەکان (سیاسی و ئایینی) هەروەها یەکسانییان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و پێوەندی دەرەکی، بۆ یەکەمین جار بەڕەسمییەت ناسرا و لەسەری ڕێککەوتن.
6ـــ وەڵاتەکان لە هەڵبژاردنی ئایین سەرپشک دەبن و لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە گرووپە ئایینیەکانی کاتۆلیک و لۆتری و کالۆنیست ئازادی تەواویان هەبێت.
8ــ سیستەمی هاوسەنگی هێزەکان لە ئیمپراتۆری ڕۆما و ئەورووپا بەمەبەستی بەرگریکردن لەسەرهەڵدانی دەوڵەتێکی «سەردەست» لەنێوان یەکە سیاسیەکانی ئەورووپا بەدی هات.
9ــ ئەندامانی پەیمانەکە، بەڵێنیان دا کە لە بەرانبەر هەر چەشنە دەستدرێژی و داگیرکارییەک، بێڕەچاوکردنی ئایین، یارمەتی یەکتر بدەن.
پەیمانی ڤێرسای
پەیمانی کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی یەکەم کە لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان و ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 28/6/1919 لە کۆشکی ڤێرسای پاریس مۆر کرا. بەپێی ئەم پەیمانە کە بریتی بوو لە 15 پاژ و 440 بەند، بەشێک لە خاکی ئەڵمانیا لە لایەن وەڵاتانی فەرەنسە، بەلجیکا، دانمارک و پۆڵەندا داگیر کرا و بڕیاری چەککردنی تەواو لەسەر ئەڵمانیا دەرکرا و بەرپاکردنی دامەزراوە و دامودەزگەی سەربازی لێ قەدەغە کرا.
پاش ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و بە پێگەیشتنی هیتلەر (1933) بەرەبەرە پەیمانی ڤێرسای بایەخی خۆی لەدەست دا و هەموو گەماڕۆ سەربازییەکان هەڵوەشێنرایەوە. ئەمەش ڕێگەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی جیهانی دووهەم خۆش کرد.
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
کۆنەپارێزیی/قایمەکاریی
بریتییە لە کۆمەڵێ ئەندێشە و ڕێبازی سیاسی کە بیروبۆچوون و نەریتە کۆنەکان بەبایەختر دەزانێت لە هەر چەشنە بیرۆکەیەکی نوێباو و ئەزموون نەکراو. کۆنەپارێزی لەسەر یاسا و ڕێباز و نەریت جەخت دەکا و پێی وایە کە هیچ کاتێک بە شێوەیەکی ڕەها، شەڕ و ئاژاوە لەسەر زەوی ڕیشەکێش ناکرێت چونکە زاتی مرۆڤ زاتێکی ناکامڵە. کۆنەپارێزی لە نەریتی سیاسی بریتانیادا خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە. بەکارهێنانی زاراوەی کۆنەپارێز لەم وەڵاتەدا لە ساڵی 1835 تا 1840 دەستی پێکرد و لەو کاتەوە جێگەی واتای مێژوویی«توری» گرتۆتەوە. لە سیستەمی سیاسی بریتانیادا حیزبی کۆنەپارێز، هەمیشە حیزبێکی سەرەکی لە ئەژمار هاتووە و کەسانێکی وەک ئیدمۆند بۆرگ، کالریچ، پیل و دیزراییل، هەوڵیان داوە ئەم حیزبە گەشە پێ بدەن. ئەگەرچی کۆنەپارێزیی هیچکات نەبۆتە خاوەنی سیستەمێکی گونجاوی فەلسەفی بەڵام بە گشتی لەم بنەمایانەی خوارەوە پەیڕەوی دەکات:
کۆنەپارێزی لە بەرانبەر ڕادیکالیزم و شۆڕشگێڕیدا ڕادەوەستێ. لە ڕوانگەی کۆنەپارێزێکەوە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ، دەخوازن بە ئامانج و مەبەستی تیۆری و قوتابخانەیی، زۆربەی دەزگە بایەخدارە کۆمەڵایەتییەکان لەناو ببەن. ئیدمۆند بۆرگ، هێرش دەکاتە سەر توندڕەوی (ڕادیکالیزم) و بە ڕێبازی دەمارگیرانە و دژ بە کولتووری گرانبەهای ڕابردووی دادەنێ و دەڵێ: پێویستە سوود لە ئەزموونی پێشوونانی خۆمان وەربگرین و ئەگەر چاکسازیش پێویست بێت، دەبێ لەگەڵ شکڵ و شێوازی ڕابردوودا بیگونجێنین. خاڵێکی مەترسیدار لە ڕێبازی کۆنەپارێزیدا بڕواهێنانە بە کەماڵی موتڵەق. چونکە هیچ شتێک بە قەدەر بەرجەستەکردنەوەی یۆتۆپیا بۆ پێشڤەبردنی ڕاستەقینە زیانبار نییە. سیاسەت بە کردەوە، بێ توانایە و هیچ شتێک مەترسیدارتر لەوە نییە کە بۆ گەیشتن بە خەون و یۆتۆپیاکان زەبر و زەنگ بەکار ببرێت.
کۆنەپارێزی بۆ کۆنارایی، ڕێزێکی زۆر قایل دەبێت و هەر دەزگە یا نەریتێکی کۆمەڵایەتی کۆنتر و لە مێژینەتر بێت، لای ئەم ڕێبازە بەنرخترە. کۆنەپارێزەکان، هەمیشە لەدووی ئەزموونی وەچەکانی پێشوون و هەوڵ دەدەن بە جەوهەری ڕۆحی ئەو ئەزموونانە، کلک وگوێی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان بقرتێنن. لە بنەماکانی دیکەی ئەم قوتابخانە دەکرێ ئاماژە بدەین بە پاراستنی نەریتی لیبرالیزمی ئەورووپایی، ڕێزگرتن لە خاوەنداریەتی تایبەتی و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووری.
پاڕادایم - سەرمەشقی فیکری
زاراوەی پارادایم یا سەرمەشقی فیکری لە لایەن «تۆماس کۆڤەن» (1962) بۆ فەلسەفەی زانست ئاڕاستە کراوە مەبەست لەم زاراوە پێمل بوونی گشتیی ستافێکی زانستییە بە ڕێبازێکی تایبەتی زانستەوە. کۆڤەن، بە نووسینی کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان (1970) دەورێکی باڵای لە پەرەسەندنی زانست بە خۆوە بینی. بەڕای کۆڤەن، بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک زانستییە، دوو نەریتی فیکری لە ئارادایە: یەکەم، نەریتی ئەرەستۆیی بە ڕێبازی ئایینزانی و دووهەم، نەریتی گالیلۆیی بە ڕێبازی میکانیکی.
چەمکی پارادایم، بەرهەمهێنی ئەو پێودانگانەیە کە مرۆڤ بەپێی ئەوان ئاریشە و گرفتە فکرییەکانی خۆی هەڵدەبژێرێ و دواتر پێناسەیان دەکات. کەواتە پارادایم، میتۆد و شێوازی پرۆژەی زانستی دیاری دەکات. لە پارادایمی زانستیدا کاتێک شۆڕش بەرپا ئەبێت کە چەن زانا و توێژەری زانستی لە بڕگەیەکی زەمەنی تایبەتدا تووشی چەن بابەتێکی نائاسایی و ناوازە دەبنەوە و تێدەگەن کە ئەم بابەتانە بە پێوانەی پاردایمی پێشوو ناخوێندرێنەوە.
بە کورتی، پارادایم بە واتای کۆمەڵێ گریمانەیە کە لە بوارێکی تایبەت دەبێتە هۆی دروست بوونی تیۆرییەک. بە واتایەکی دیکە، تیۆرییەکی گشتییە کە ئینسان لە بابەت بەستێنێکی گەردوون ئاڕاستەی دەکا و بەپێی ئەو تیۆرییە دەست دەکا بە مووقەڵاشتن و وردەکاری و توێژینەوە لەو بەستێنەدا. لە سیاسەتدا مرۆڤ بەپێی جیهانبینی*یان سەرمەشقی فیکری و پارادایمی زاڵ بەسەر ئەندێشەیدا ئەو بابەتەی کە دەیخوازێت، هەڵیدەبژێرێ و ئەیخاتە مەیدانی ئەزموونەوە.