تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
بە کۆمەڵێک مێتۆد و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەگوترێ کە ئامانجیان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری ئازادییە بۆ تاکەکەس. بە لایەنگرانی وەها مەرامێک دەڵێن ئازادیخواز (لیبڕاڵ). ئازادیخوازی لەسەرەتادا لەگەڵ ناوی هەندێ حیزبی ئەورووپایی ئاوێتە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئەم زاراوە مانایەکی بەربڵاوتری لەخۆگرتووە و زیاتر نیشاندەری لایەنێک یا سۆنگەیەکی فیکرییە کە خاوەنی ئەم چەن پرەنسیپانەیە:
١) بەهەند گرتنی دەربڕینی ئازادانەی فیکری تاک، ٢) بڕواهێنان بەوەیکە دەربڕینی ئازادنەی فیکر بۆ تاک و کۆمەڵ بەسوودە. ٣) پشتیوانی کردن لەو دامودەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ڕێگە بۆ دەربڕینی ئازادانەی فیکر خۆش دەکەن.
ئازادیخوازی وەکوو سیستەمێکی تێکچنراو کە پڕ بووە لە ئامانج و ئایدیالی کردەیی، لە سەدەکانی 17و18 لە بەریتانیا سەری هەڵدا. پاشان لە وەڵاتانی دیکەش، حیزب و تیۆریگەلی ئازادیخواز هاتنەکایەوە کە ئەمانیش یان بۆ خۆیان گەشەیان کرد یا لاساییکەرەوەی نموونەکەی بەریتانیا بوون.
ئەندێشە و ئاکاری ئازادیخوازانە لەپێشدا لەسەر دوو زەمینە جەخت دەکات: یەکەم، وەڕەزبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازی دیکەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دووهەم، دەربڕینی ئازادانەی ئەندێشەی تاک.
هەوڵی تیۆری و سیاسەتی ئازادیخوازەکان ئەمە بووە کە ئەم دوو بنەڕەتە پێکەوە سازگار بکەن. هەوڵی لیبرالیزم لەپێشدا ئەوە بوو کە لە گەمارۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕزگار بین و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی، ئازادی و چاوپۆشی ئایینی بووە. ئازایخوازە ئەورووپییەکان لە باری ئایینییەوە یا بێباوەر بوون یا گوماندار یان دژ بە ئایین. هەموو ڕێبەرانی گەورەی جووڵانەوەی ڕۆشنبیری نوێ لەم تاقمە بوون و لە بەرانبەر دەسەڵاتی ملهوڕانەی قەشەکان ڕاوەستاون و لایەنگرییان لە "حکوومەتی عەقڵ " کردووە.
لیبراڵەکان، لایەنگری چاودێری کردنی دەسەڵاتی گشتین بە سەر کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە لە بەستێنی سیاسەت و کاروباری مەدەنی خوازیاری حکوومەتی قانوون و لە بەستێنی ئابووریشدا لە بازاڕی ئازادی ئابووری لایەنگری دەکەن. ئازادیخوازان، خوازیاری زامنکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتن و پشتیوانی خۆیان لە ئازادییە ناوچەیی و گرووپییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی لیبرالیزم، لایەنگری کردن لە ئازادی چالاکانەیە واتە ئەوەیکە تاک، دەرفەتی پەروەردەکردنی توانێیی و دەربڕینی ئازادانەی بیروبڕواکانی خۆی بۆ بڕەخسێ و لەم ڕێگەوە قازانج بگەێنێ بە کۆمەڵگە. بۆیە لیبراڵەکان لەسەر یەکسانی ماف و ئازادییەکان و نەمانی پاوانخوازی و ئیمتیازاتی سەرمایەداران ئەدوێن و لایەنگری لە چەسپاندنی یاسا بە سەر هەموو بنەمایەکی عەقڵیدا دەکەن. بەم پێیە ئازادیخوازان، بەگشتی پێشکەوتنخواز لە ئەژمار دێن چونکە لایەنگری پێشکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و پیشەسازییەکان بوون.
لیبراڵیزم، چ لە باری تیۆری و چ وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی، لە بەرایی" شۆڕشی مەزن"ی بەریتانیا لە ساڵی 1688 بە دژی جەیمزی دووهەم، تا ساڵی 1867 کە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە قانوون، بە تەواوەتی گەشەی کرد. ئەم ڕێبازە، لەسەرەتادا لە گوێن جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیستبداد، تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی یاسا و ئازادییەکانی تاک خەباتی ئەکرد. پاش ئەم قۆناخە، کەمتاکورتێک، ئەبێتە تیۆرییەکی ڕێکوپێکی ئابووری و سیاسی. ئازادیخوازی، هاوکات لە ئەورووپا ـــ بێجگە لە بەریتانیاــــ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیچمی گرت. بەڵام زاراوەی لیبراڵیزمی کلاسیک تەنیا بۆ لیبراڵیزمی بەریتانی بەکار دەبرێت.
لیبراڵیزمی بەریتانی لەپێشدا ڕووکاری ئازادیخوازی و چاوپۆشی ئایینی و چەسپاندنی یاسا و مافە سیاسییەکانی لەخۆ گرتبوو. شۆڕشی 1688 کە یەکەم شۆڕشی لیبراڵی مێژووە، ئەو ئازادییانەی کە لەماوەی یەک سەدە بە دەست هاتبوون، مسۆگەری کرد و ڕواڵەتێکی قانوونی پێ بەخشی. ئەو لیبراڵیزمەی کە لە 1689 بانگەشەی بۆ ئەکرا، لە بنەڕەتدا لایەنێکی ڕەخنەگرانە و نەرێیانەی هەبووە و لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەنبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و بە تایبەت پاشا، پشتیوانی دەکرد. زۆرترین ئامانجیشی سیاسی بووە وەکوو لەوەی ئابووری بێت. لەم میانەدا گرینگترین ئامانجە سیاسییەکانی بریتی بوو لە: ئازادی بیروبڕوا و مافی نەیاریی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا و جیاکردنەوەی هێزەکان*. هەر لەم ساڵانەدا هەندێ ئازادی مەدەنی وەکوو تەبایی ئایینی و ئازادی ڕۆژنامەکان دەستەبەر کراوە. کتێبی دووهەمی «جۆن لاک» بە ناوی" دەربارەی حکوومەت" و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، گەورەترین یادگارییەکانی ئەم قۆناخەی لیبراڵیزمن.
لیبراڵیزمی ئابووری: پاش قۆناخی یەکەم کە قۆناخی بە سەمەر گەیشتنی ئازادییە سیاسییەکان بوو، قۆناخێکی نوێ دەست پێئەکا کە تێیدا تیۆری لیبراڵیزمی ئابووری وەکوو تەواوکەری لیبراڵیزمی سیاسی ناوبردە ئەکرێ. ئابووریناسانی لیبراڵیزمی بەریتانی، بە ڕێبەرایەتی «ئادام سمیت»، بە تواناترین گرووپێک بوون کە تیۆری (لیبراڵیزمی ئابووری)یان هێنایە ئاراوە. بە باوەڕی ئەمانە، میکانیزمی خۆبەخۆی بازاڕی ئابووری، کە پەیڕەوی قانوونیخوازە و ڕووخستنە (عرچه و تقاچا)، باشترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتنی کاری ئابووری و هیچ لایەنێک، چ پاوانخوازانی ئازاد و چ دەوڵەت، نابێ دەستێوەردانی تێدا بکا. بەڕای ئەوان، هاوبەشێتی دڵخوازانەی کەسەکان و هاوکاریی نێوانیان بەپێی میکانیزمی بازاڕی ئازاد، کارێک دەکات کە سوود بە هەموان بگات. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوە کە لیبڕاڵیزمی سیاسی بەهێز ببێ و وەکوو تیۆرییەکی هەمەلایەن و بەڕێوجێی ئابووری بڕازێتەوە. تیۆری «ئادام سمیت»، سیستەمێکی ئازاد و غەیرە شەخسی نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە مرۆڤی هان ئەدا، هێز و داراییەکانی بە قازانجی خۆی و کەسانی دیکە بخاتەگەڕ.
لیبراڵیزمی نوێ: بەڵام بازاڕی ئازادی ئابووری و سوودپەرەستی لەڕادەبەدەری خەڵک نەوەکوو ئاواتەکانی ڕێبەڕانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی بەدی نەهێنا، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە باری بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە شوێنەواڕێکی دزێوی لەدوا خۆی بەجێهێشت کە گرینگترینیان لە دایکبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی هەژار لە کارخانەکان بوو (بڕوانە سۆشیالیزم) .
ئینجا تەوژمی هێزە کۆمەڵایەتییە تازە پێگەیشتووەکان وایکرد لە لیبڕاڵەکان کە بە لیبڕاڵیزمی توندرەودا بچنەوە و سنووڕێکیش بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە مەڕ دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان، دیاری بکەن. چڵەپۆپەی جووڵانەوەی لیبراڵیزمی ئابووری، ناوەڕاستی سەدەی 19 بوو کاتێک کە تەنانەت لیبراڵەکان لەگەڵ داڕشتنی یاسای ئیش و کاریشدا دژایەتییان دەکرد. بەڵام لەمەودوا زۆربەی ڕێسا کۆنتڕۆڵکەرەکانی دەوڵەت، وەکوو قەرارە تەندروستییەکان و بیمە و یەکیەتی کرێکارانیان بۆ قازانجی گشتی پەسند کرد. لیبراڵیزم سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕاپەڕینێک بوو بە دژی کلێسە و ئیستبداد بەڵام ئیستا بەشێک لە ترادیسیۆنی فیکری کۆنەپارێزیی* ڕۆژاوایی لە ئەژمار دێت و دوو حیزبی گەورەی ئەمریکای خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. لە هەمانکاتدا لەسەر جووڵانەوەی سۆسیال دیموکراتیش کاریگەریی داناوە.
لەبەرئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حیزبێکی بەهێزی چەپی لە مەیداندا نییە، لیبڕاڵ بە سیاسەتمەدارێک دەگوترێ کە خاوەنی فیکرەیەکی نزیک بە چەپییەکان و لایەنگری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئابووری بێت.
تاڵیبان
گرووپێکی سیاسی ـــ چەکداری کۆنەپەرست و توندڕەوی ئەفغانییە کە لە میانەی ساڵی 1994 بە یارمەتی ڕاستەوخۆی وەڵاتانی ناوچەکە بۆ وێنە پاکستان، بوونی خۆی ڕاگەیاند. زۆرینەی ئەندامەکانی لە قوتابخانە ئایینیەکانی پاکستان لە بواری ئایینی و چەکدارییەوە ڕاهاتوون. پاش ئەو ئاخۆران باخۆرانە سیاسییەی کە لەدوای پاشەکشێی هێزەکانی ئەرتەشی سوور (یەکیەتی سۆڤیەت) لە ئەفغانستان هاتەکایەوە، تالیبان بە پاڵپشتی عەرەبستانی سەعودی و پشتیوانی چەکداریی پاکستان، توانی لە سیپتەمبەری 1996 دەست بەسەر کابول (پێتەختی ئەفغانستان) دا بگرآ و نەجیبوڵلا، سەرکۆماری پێشووی ئەم وەڵاتە لە سێدارە بدات. تالیبان لە دەوامەی هێرشەکانی خۆیدا توانی لە ئاگۆستی 1998 شاری مەزار شەریف بگرێتەوە و هەزاران شیعە و ئەندامانی کۆنسولگەری ئێران لەو شارە، بە کۆمەڵ بکوژێت.
تاڵیبان پاش گرتنەوەی نزیکەی 90% خاکی ئەفغانستان ناوی وەڵاتەکەی بە «میرنشینە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان» گۆڕی و «مەلا محەمەد عومەر»ی وەک «امیر المومنین» بە دەسەڵات گەیاند. سیاسەتی توندڕەوانەی ناوخۆ و دەرەوەی ئەم ڕژێمە، بووە هۆی بەرپابوونی ترس و خۆفێکی گەورە لەناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان و دوای چەندەها کوشتاری بەکۆمەڵ لە لایەن دەستوپێوەنەکەی، ڕق و کینێکی جیهانی بەدژی هەڵگیرسا.
دوابەدوای ڕووداوە تیرۆریستییەکەی یازدەی سێپتەمبەری* 2001 لە ئەمریکا، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەنجەی گومانی بەرە و ئۆسامە بین لادەن، بەرهەڵستکاری سەعودی درێژ کرد کە لە لایەن تالیبانەوە پشتیوانی لێ دەکرێ و ئەفغانستانی کردبووە مۆڵگە و فێرگەی هێزە تیرۆریستییەکانی خۆی بەدژی ئەو شتەی کە پێی دەگوت، بەرژەوەندی ئیمپریالیزمی جیهانی.
تاڵیبان کە نەیدەویست بین لادەن ڕادەستی ئەمریکا بکات و بنکەکانی«ئەلقاعیدە» * کۆ بکاتەوە، کەوتە بەر هەڕەشە و غەزەبی چەکداریی ئەمریکا و لە 7/11/2001، هێزەکانی ئەمریکا، هێرشیان بردە سەر خاکی ئەفغانستان و بە ساڕووخ و فڕۆکەی جەنگی ئەم وەڵاتەیان دابێژا. بەم بۆنەوە ڕێگە بۆ نەیاران و بەرهەڵستکارانی تاڵیبان خۆش بوو. لەم سەروبەندەدا کە یەکیەتی باکوور بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد شامەسعوود، شیرازەی لێکپچڕا بوو، توانی هێزەکانی خۆی تەیار بکاتەوە و بە پشتگیریی نێودەوڵەتی دەست بەسەر کابولدا بگرێت. تاڵیبان، کە تەنیا ڕێگەی هەڵاتنی بۆ مابۆوە سەنگەرەکانی خۆی چۆڵکرد و پەڕەوازەی کوێستانەکان بوو. پاش دامەزرانی«لۆیە جەرگە» (ژووەنی 2002) حامید کارزای بە سەرۆککۆماری ئەفغانستان هەڵبێژدرا.
لەو کاتەوە تاکوو بەرایی ساڵی 2010 هێزەکانی ناتۆ خاکی ئەم وەڵاتەیان چوڵ نەکردووە و جارجارێک لە لایەن چەکداری تاڵیبان دەکەونە بەر هێرش و ئێستەش ئاسایش بۆ ئەم وەڵاتە نەگەراوەتەوە.
جیهانیگەری + جیهانیبوون
ئەگەرچی وشەی جیهانی global) - گلۆڤەر (مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە بەڵام زاراوەی (globalization) لە ساڵی 1960 بەدواوە بڕەوی پەیداکردووە. فەرهەنگی وێبستێر، یەکەم فەرهەنگێکی موحتەبەر بوو کە لە ساڵی 1961 ئەم زاراوەی پێناسە کرد. بەم حاڵە بەرفراوانی «جیهانگەری» وەهایە کە گەیشتن بە پێناسەیەکی پڕ پێست و گونجاو دژوار ئەنوێنێ. ئەم پێناسەی ژێرەوە، کۆی پێناسە و بۆچوونی چەن کەسێکی پسپۆڕە لەم بارەوە:
جیهانگەری، بریتییە لە پڕۆسەی پەستاوتنی کات و شوێن کە بەو پێیە خەڵکانی جیهان کەمتاکورتێک بە وشیارییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تێوەگلێن. بە واتایەکی دیکە ڕەوتێکە کە بەو پێیە تاکەکەس و کۆمەڵگە لە پانتایەکی جیهانیدا یەک دەگرنەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا جیهانگەری، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان زیاتر لە جاران پێکەوە گرێ دەدا و تیۆری دیموکراسی تووشی کێشە و قەیرانێکی نوێ دەکات. کاریگەریی جیهانگەری بە سەر دیموکراسی و حاکمییەتی نەتەوەیی لەم پرسیارانەدا خۆی دەردەخات:
ئایا حکوومەتە دیموکراتییەکان، وەک جاران دەسەڵاتیان بە سەر کاروباری ناوخۆی وەڵاتەکەیان ئەشکێ یا ئەوەی شارۆمەندان بە حکوومەتێک دەنگ ئەدەن کە نەتوانێ بڕیارەکان جێبەجێ بکات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست بازاڕی دۆلار و کۆمپانییە فرەنەتەوەییەکان و بانکە نێونەتەوەییەکانەوەیە!
ئایا لەنێوان هاووەڵاتیانی وەڵاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتی نەتەوەیی، وێکچوویی و هاوشێوەیییەک لە ئارادایە؟ (بۆ وێنە سیاسەتی یارمەتیدان یا پاوەجێکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان) .
ئایا دەکرێ دەزگە نێونەتەوەییەکان، بۆ وێنە «سندووقی دراوی نێونەتەوەیی» و«بانکی جیهانی» بە شێوازێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببرێن؟
بەگشتی دوو ڕوانگەی جیاواز لە بابەت جیهانگەری لە ئارادایە: ڕوانگەی یەکەم، نەیارانی ئەم پڕۆسە لە ئەژمار دێن و ڕوانگەی دووهەم لەگەڵیا هاودەنگن. نەیاران پێیان وایە کە جیهانگیری و یەکپارچەبوونی جیهان زیاتر لە ئەفسانە دەچێ و ئەم زاراوە بە پاڵنەری سیاسییەوە داهاتووە. لەم ڕوانگەوە شتێکی ئەوتۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە و جیهانگەری دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم هەلومەرجەی ئێستە زیاتر لە بارودۆخی سەدەی نۆزدە دەچێ بە واتایەکی دیکە ئەم ڕەوتە دەوامەی مێژووە.
لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەدا هەندێکی دیکە دەڵێن جیهانگەری هەموو شتێکی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێکهاتەی دەوڵەت و ماهییەتی سیستەمی ئابووریی وەڵاتانی تووشی وەرچەرخان کردووە. تیۆری دانەری بەناوبانگی ئەم بۆچوونە، کینچی ئۆمایی لە ژاپۆنـە کە پێی وایە: دەوڵەت ــ نەتەوەکان بەرەو تیاچوون دەڕۆن و پێشبینی دەکات لە 30 ساڵی داهاتوودا 100 تا 300 دەوڵەت ــ شار، بەدی بێت. بە باوەڕی ئانتۆنی گیدێنز، تیۆری دووهەم نزیکترە لە واقیع. ئەو دەڵێ جیهانگەری بە تایبەت لە بەستێنی ئابووردا بە گوتەی ئابووری ناسی بەناوبانگ، دانی کواخ، هێدی هێدی بەرەو ئابوورییەکی بێبارست دەڕوا. ئابووریی سووک لە ئاستی جیهانیدا پەیوەستە بە دانوستان و بازرگانیکردن بە زانیاری نەک بازرگانیکردنی کاڵا و شمەک.
گیدێنز، پڕۆسەی جیهانگەری بە بەرهەمی بەیەکادرانی نەزمی هەمیشەیی و شوێن و کات لە قەڵەم دەدا و پێی وایە ئەم ڕەوتە بە مانای ئاڵوگۆڕکردنی هەموو دەزگەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم وەرچەرخانە هەر لە بەستێنی ئابووری ڕوو نادات بەڵکوو لە ئاستی پێوەندییەکاندا دەقەومێ بە چەشنێک کە دەوڵەت و نەتەوە و ژیانی کەسەکی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
د.حسەین عەزیمی، تیۆری داڕێژی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێران دەڵێ: جیهانگەری بە واتای هاوسانبوونەوەیەکی سادەی کەلتوورەکان نییە بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە پێوەندی کەلتوورەکان خێراتر دەبێ و لێکحاڵیبوون و فاماندنی فەرهەنگی نەتەوەکان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەندی مێژوو نیشانی داوە، وادیارە وێکچوویی هەمە لایەنەی فەرهەنگی ڕوو نادات و جیهان کەلتوورێکی تاقانە بە خۆیەوە نابینێت.
خۆیبوون
دوای تێکشکانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و توندوتیژی کاربەدەستانی تورک بەدژی گەلی کورد، هەندێ لە نیشتمانپەروەرانی کورد، خۆکەوتن و لە ساڵی 1927 لەناوچەی ئارارات کۆبوونەوە و بە ئامادەبوونی هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی ئەو سەردەمە، کۆنگرەیەکیان بەرپا کرد. ئەم کۆنگرەیە سەرەنجام لە 5 ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ بە کۆمەڵەی خۆیبوون ناوی دەرکرد و هەموو ڕێکخراوەکانی پێشوو هەڵوەشێندرایەوە و ئێحسان نووری پاشا بە سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا و کۆماری ئارارات دامەزرا.
گرنگترین ئامانجەکانی خۆیبوون بریتییە لە:
ــ درێژەپێدان بە خەبات بە دژی تورکان تاکوو دوا سەربازی تورک خاکی کوردستان بە جێ دەهێڵێ.
ــ ڕێکخستنی هێزی سەربازی بە ئامرازی جەنگی نوێوە.
ــ دروستکردنی پێوەندی برایانە لەگەڵ حکوومەتی ئێران، عێراق و سووریا.
سەرەنجام کۆماری ئارارات لە ساڵی 1931 بە هێرشی دوولایەنەی ئێران و تورکیا تێکشکا و مەیدانی چالاکیی خۆیبوون بەرتەسک کرایەوە.
دیموکراسی لیبرال
دیموکراسی لیبرال شێوازێکە لە دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یان دیموکراسی نوێنەرایەتی. دیموکراسی لیبرال ڕێز دادەنێ بۆ مافەسروشتی و مەدەنییەکان و هەروا قاییل بە یەکسانی مافەکانە بۆ هەموو هاووەڵاتیان لە بواری سیاسی و دادوەریدا. لەم جۆرە لە دیموکراسییەدا دەسەڵاتی زۆرینە* بە شێوەیەکی سنوورداری یاسایی جێبەجێ دەکرێت. ئەم سنوورەش، بۆ زامنکردنی بەهرەمەندی کەمینە*یە لە هەندێ لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ئازادی بیروڕا و ئایین.
بە باوەڕی نەیارانی ئەم شێوازە حکوومییە دیموکراسی لیبرال، بێڕەچاوکردنی مافی هاووەڵاتیان لە بەستێنی ئابووریدا چەواشەکردنی خەڵکە بۆ پەردەکێشان بەسەر جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگە. مارکس، دیموکراسی لیبرالی بە دیکتاتۆری بۆرژوایی لە قەڵەم داوە. ئێستە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لیبرالیزمی ئابووری، هاوڕێ لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی، لە گۆڕەپانی خەبات لەگەڵ ئایدیۆلۆجیەکانی دیکەدا سەربەرز و سەرکەوتوو هاتۆتە دەرەوە. چونکە پێکهاتەی سیاسی دیموکراسی لیبرال، دەسپێکێکی بەهێزە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات. ئەم سیستەمە لەگەڵ تاقمی بوروکراتی سیاسی هاودەنگە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەپارێزێت.
بەڕای هەندێ کەس لیبرالیزم بەهۆی سەروساختی لەگەڵ سەرمایەداریدا ناتوانێ بەو بەڵێنەی کە لەمەڕ ئازادی تاکەکەس بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داویەتی وەفادار بێت. چونکە لیبرالیزم پارێزەری بەرژەوەندی چینی بەهرەدار لە خاوەندارێتی تایبەتە کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێ و شەڕی چینایەتی و بەرزبوونەوەی هەڵپەی شەڕ و پێکدادانی جیهانی.
سایبر دیموکراسی
ئەم زاراوە لەم دواییانەدا بۆ ئاماژەکردن بە پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تەکنولۆجیای نوێی کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێت بۆ نموونە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەرجی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری سیاسی.
لیبرالیزمی نوێ
لایەنگرییەکی نوێ لە ئەندێشەی سیاسی و ئابووری ڕۆژئاوایە کە لە دەیەی 1960 بە ئاوێتەکردنی ڕێبازی سیاسی لیبرالی و گەشەی ئابووری هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ لە ڕاستیدا بەرتەکێک بوو لە بەرانبەر سەرهەڵدانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کە لە پاش قەیرانی نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانی، بە تایبەت لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ زەمینەی فیکری سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەندێ لە وەڵاتانی ڕۆژاوایی بە دژی پێکهاتەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووری و سۆشیالیزمی حیزبە کرێکارییەکان لە سیستەمی سەرمایەداری پێکهێنا. ئەم قوتابخانە ئەگەرچی لە بابەت ژێرخانی فیکرییەوە لە ناواخنی بزاوتی فیکری لیبرالیزمی کۆندا جێگیردەبێت بەڵام لە هەندێ لایەنەوە بیرۆکەیەکی نوێ لە ئەژمار دێت.
لیبرالیزمی نوێ، لە بەستێنی ئەندێشەی سیاسیدا لە بەرانبەر پەرەپێدان بە دامودەزگەی دەوڵەت ڕاوەستاوە و هەندێ لە ئاواتەکانی لیبرالیزمی کلاسیکی لەمەڕ سنووردارکردنی ڕەخنەکردنی دەوڵەت هێناوەتەدی. ئەم ڕێبازە خوازیاری کەمکردنەوەی خەرج وبەرجی دەوڵەتە بۆ دابەزینی ڕێژەی هەڵامسان چونکە لەم ڕوانگەوە هەڵامسان دوژمنی سەرەکی لە ئەژمار دێت. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بەرانبەر دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابوور و کاروباری کۆمەڵگەدا بەتوندی ڕەخنە ئەگرن و هەندێ بیرۆکەی نوێباویان لەمەڕ ئازادی تاکەکەس و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت تا نزمترین ئاستی گونجاو و پێداچوونەوە بە ئەرکە سوننەتییەکانی حکوومەتدا ئاڕاستە کردووە.
ودم/ مافی تایبەتی/ زێدەماف
بە گشتی بە مانای بەهرەمەندی کەسێک یان گرووپێکی تایبەت لە ماف یان بەهرەیەک کە جەماوەر بەعام لێی بێ بەهرە بن یان دەستیان پێی نەگات. لە زاراوەی سیاسیدا هەڵگری مانایەکی سووکایەتی ئامێزە چونکە وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە مافی تایبەتی، سەمەرەی میرات و جێماوە و داراییە و خاوەن ماف، شیاوی ئەو ودمە نییە. بەڵام کاتی واش هەیە کە بەواتای ماف و ئازادی لێکدراوەتەوە چونکە کەسەکە بە هەوڵی خۆی بەدەستی هێناوە. لێرەدا واتایەکی بلیمەتانەی لێ دەبێتەوە.