تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شەڕی گەریلایی
ئەم وشە لە زمانی سپانیاییەوە هاتووە و بە مانای شەڕێکی بەربڵاوە کە لە لایەن خودی هێز و لقەکان فەرماندەیی دەکرێت. لە زاراوەی سەربازیدا بریتییە لە : «سوپایەک کە فێری ڕێوشوێنی شەڕکردن نەکرابێت، لە خێڵ و عەشیرەتی شار و دێهاتەوە دێنە مەیدانی شەڕ و بە کۆتایی هاتنی شەڕ دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان». ئەم جۆرە شەڕە لە مێژینەیە بەڵام لە سەدەی بیستەمەوە یارمەتیدەر و ڕێخۆشکەری سەرکەوتنی شۆڕش بووە.
شەڕی گەریلایی هاوشێوەیە لەگەڵ شەڕی پێشمەرگە لە کوردستان، بەم جیاوازییە کە پێشمەرگە بە تەواو بوونی شەڕ دەست لە چەک هەڵناگرێ بەڵکوو دوای سەرکەوتن، دەبێتە هێزی سەربازی و پاراستن و بەرگری هەرێم.
ئاژاوەگەرێتی
فەرمانڕەوایی ڕووتە و پووتە و بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار. ئاژاوەگەرێتی (مۆبۆکراسی) بریتییە لە حکوومەتی کەسانێکی نەزان و نەفام کە لە کاتی قەیران و شۆڕش و کۆدەتا*و گۆڕانکارییەکاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی وەڵاتێک بەدەستەوە بگرن. لەم حکوومەتەدا دەسەڵات دەکەوێتە دەست خەڵکانێکی بێ پرەنسیپ و ئاژاوەگێڕ، خەڵکێک کە بە ڕێگەی عەقڵیاندا ناڕۆن بەڵکوو ملکەچی هەستیان بن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست ئەکەن بە شەڕنانەوە و ئاژاوەگێڕی. ئاژاوەگەرێتی ڕووکارە گەندەڵەکەی دیموکراسی لەئەژمار دێت. لەم بارەوە «هێرۆدۆت»، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ: هەرچەندە دیموکراسی هەموو کەس لە بەرانبەر یاسادا بە یەکسان دەزانێ بەڵام عەیبەکەشی ئەوەیە کە بە ئاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی یا حکومەتی کەسانی نەفام و نەزان.
ئیستبداد- ڕەهاگەرایی
سیستەمێکی سیاسییە کە ئەم تایبەتمەندییانەی لەخۆ گرتبێت:
١) دەسەڵاتێکی دەوڵەتی کە هیچ سنووڕێکی یاسایی یان نەریتی بۆ حکوومەتکردن نەبێت.
٢) فرەوانبوونی بەستێنی حاکمییەتی ملهوڕانە (هەڵبەت ئەم دۆخە پێویستی بە دامودەزگەیەکی ناوەندگەرا هەیە.)
ئیستبداد، ئۆتۆکراسی و دێسپۆتیزم* سێ چەمکی هاوواتان بەڵام بە تەواوەتی یەک ناگرنەوە، وەکو چۆن توتالیتاریزم جۆڕێکە لە ئیستبداد بەڵام هەموو ئیستبدادێک تۆتالیتار نییە.
حکوومەتی شارستانییەتە کۆنەکانی ئاشوور و بابل و میسر و ئێران و… سەرجەم ئیستبدادی بوون. تەنیا یۆنان و ڕۆم نەبێت کە دیکتاتۆری کاتییان هەبووە. (بڕوانە دیکتاتۆری)
لە سەدەی 16 بەدواوە ئیستبداد لە ئەورووپا ڕووکارێکی تازەی لەخۆگرت. ئەویش لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان و پادشاکان لە بەرانبەر دەسەڵاتی پاپا قوت بوونەوە و ئیستبدادی پاتشایی (لەسەر بنیاتێکی ڕەهای دەسەڵات بۆ پاشا) وەکوو ئاواتێکی سیاسی لێهات و ئەم دەوڵەتانەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێکخست. بۆ وێنە ئەم گوزارەی «لۆیی چواردەهەم» کە گوتی: «من دەوڵەتم» نموونەیەکە لە ئیستبدادی پاشایی کلاسیک.
ئیستبداد لە سەدەکانی 17و18 لە باری تیۆرییەوە، لەسەر بنیاتی دەسەڵاتی بێسنووری پاشا، گەشەی کردووە و هیچ شتێک تەنانەت «مافی سروشتی» * خەڵکیش ئەم سنوورەی نەبەزاندووە. لە سەدەی هەژدەیەم، شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەڕەنسە بە دژی ئیستبداد ڕاپەڕین و ئەم خەباتە لە ماوەی سەدەکانی 19و20 بوو بەهۆی سەرهەڵدانی چەن دەوڵەتێکی یاسایی لەسەرانسەری جیهاندا. هەمان کات (سەدەی بیستەم) جۆرە ئیستبدادێکی تازە سەری هەڵدا کە پێی دەگوترێ، توتالیتاریزم. سیستەمە ئیستبدادییەکان لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، لە چەشنی حکوومەتێکی لاسار بووە. (بڕوانە دێسپۆتیزم)
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
جیهانیگەری + جیهانیبوون
ئەگەرچی وشەی جیهانی global) - گلۆڤەر (مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە بەڵام زاراوەی (globalization) لە ساڵی 1960 بەدواوە بڕەوی پەیداکردووە. فەرهەنگی وێبستێر، یەکەم فەرهەنگێکی موحتەبەر بوو کە لە ساڵی 1961 ئەم زاراوەی پێناسە کرد. بەم حاڵە بەرفراوانی «جیهانگەری» وەهایە کە گەیشتن بە پێناسەیەکی پڕ پێست و گونجاو دژوار ئەنوێنێ. ئەم پێناسەی ژێرەوە، کۆی پێناسە و بۆچوونی چەن کەسێکی پسپۆڕە لەم بارەوە:
جیهانگەری، بریتییە لە پڕۆسەی پەستاوتنی کات و شوێن کە بەو پێیە خەڵکانی جیهان کەمتاکورتێک بە وشیارییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تێوەگلێن. بە واتایەکی دیکە ڕەوتێکە کە بەو پێیە تاکەکەس و کۆمەڵگە لە پانتایەکی جیهانیدا یەک دەگرنەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا جیهانگەری، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان زیاتر لە جاران پێکەوە گرێ دەدا و تیۆری دیموکراسی تووشی کێشە و قەیرانێکی نوێ دەکات. کاریگەریی جیهانگەری بە سەر دیموکراسی و حاکمییەتی نەتەوەیی لەم پرسیارانەدا خۆی دەردەخات:
ئایا حکوومەتە دیموکراتییەکان، وەک جاران دەسەڵاتیان بە سەر کاروباری ناوخۆی وەڵاتەکەیان ئەشکێ یا ئەوەی شارۆمەندان بە حکوومەتێک دەنگ ئەدەن کە نەتوانێ بڕیارەکان جێبەجێ بکات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست بازاڕی دۆلار و کۆمپانییە فرەنەتەوەییەکان و بانکە نێونەتەوەییەکانەوەیە!
ئایا لەنێوان هاووەڵاتیانی وەڵاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتی نەتەوەیی، وێکچوویی و هاوشێوەیییەک لە ئارادایە؟ (بۆ وێنە سیاسەتی یارمەتیدان یا پاوەجێکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان) .
ئایا دەکرێ دەزگە نێونەتەوەییەکان، بۆ وێنە «سندووقی دراوی نێونەتەوەیی» و«بانکی جیهانی» بە شێوازێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببرێن؟
بەگشتی دوو ڕوانگەی جیاواز لە بابەت جیهانگەری لە ئارادایە: ڕوانگەی یەکەم، نەیارانی ئەم پڕۆسە لە ئەژمار دێن و ڕوانگەی دووهەم لەگەڵیا هاودەنگن. نەیاران پێیان وایە کە جیهانگیری و یەکپارچەبوونی جیهان زیاتر لە ئەفسانە دەچێ و ئەم زاراوە بە پاڵنەری سیاسییەوە داهاتووە. لەم ڕوانگەوە شتێکی ئەوتۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە و جیهانگەری دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم هەلومەرجەی ئێستە زیاتر لە بارودۆخی سەدەی نۆزدە دەچێ بە واتایەکی دیکە ئەم ڕەوتە دەوامەی مێژووە.
لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەدا هەندێکی دیکە دەڵێن جیهانگەری هەموو شتێکی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێکهاتەی دەوڵەت و ماهییەتی سیستەمی ئابووریی وەڵاتانی تووشی وەرچەرخان کردووە. تیۆری دانەری بەناوبانگی ئەم بۆچوونە، کینچی ئۆمایی لە ژاپۆنـە کە پێی وایە: دەوڵەت ــ نەتەوەکان بەرەو تیاچوون دەڕۆن و پێشبینی دەکات لە 30 ساڵی داهاتوودا 100 تا 300 دەوڵەت ــ شار، بەدی بێت. بە باوەڕی ئانتۆنی گیدێنز، تیۆری دووهەم نزیکترە لە واقیع. ئەو دەڵێ جیهانگەری بە تایبەت لە بەستێنی ئابووردا بە گوتەی ئابووری ناسی بەناوبانگ، دانی کواخ، هێدی هێدی بەرەو ئابوورییەکی بێبارست دەڕوا. ئابووریی سووک لە ئاستی جیهانیدا پەیوەستە بە دانوستان و بازرگانیکردن بە زانیاری نەک بازرگانیکردنی کاڵا و شمەک.
گیدێنز، پڕۆسەی جیهانگەری بە بەرهەمی بەیەکادرانی نەزمی هەمیشەیی و شوێن و کات لە قەڵەم دەدا و پێی وایە ئەم ڕەوتە بە مانای ئاڵوگۆڕکردنی هەموو دەزگەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم وەرچەرخانە هەر لە بەستێنی ئابووری ڕوو نادات بەڵکوو لە ئاستی پێوەندییەکاندا دەقەومێ بە چەشنێک کە دەوڵەت و نەتەوە و ژیانی کەسەکی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
د.حسەین عەزیمی، تیۆری داڕێژی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێران دەڵێ: جیهانگەری بە واتای هاوسانبوونەوەیەکی سادەی کەلتوورەکان نییە بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە پێوەندی کەلتوورەکان خێراتر دەبێ و لێکحاڵیبوون و فاماندنی فەرهەنگی نەتەوەکان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەندی مێژوو نیشانی داوە، وادیارە وێکچوویی هەمە لایەنەی فەرهەنگی ڕوو نادات و جیهان کەلتوورێکی تاقانە بە خۆیەوە نابینێت.
دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.
سێکتاریزم/تیرەگەری
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی secta بە مانای تیرە و گرووپی بچووک وەرگیراوە. لە کەلتووری کۆمۆنیستەکان بە واتای دابڕان لە جەماوەر و گۆشەگیرییە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بە حەز و ئارەزوویەکی تایبەتەوە بیر لە بابەتە ئایینی و فەلسەفیەکانی خۆیان دەکەنەوە و گرنگی بە بابەتە گرنگەکانی کۆمەڵگە نادەن.
بە گشتی سێکتاریزم بۆ تیرەگەری و عەشیرەگەری لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەکاندا بەکاردێت کە پتر لە ناو حیزب و گرووپە چەپیەکاندا باوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم گرووپانە لق و پۆپی جۆراوجۆریان لێ ببێتەوە. تیرەگەری لە ناو حیزبە سیاسیەکان هەمیشە ناگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروڕا بەڵکوو هەندێ جار لە ناکۆکی و ململانێی تایبەتی و زێدەخوازی ڕامیارییەوە سەرچاوە دەگرێ.
لۆبیگەریی
لۆبی زاراوەیەکی باوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە واتای «هۆڵ» دەدات بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای کاریگەربوونە لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان بە مەبەستی چەسپاندنی بیروبۆچوونێک کە ئەویش لە ڕێگەی پێوەندی کردن بە ئەندامانی کۆنگرێسەوە دێتە بەرهەم. ئەم پێوەندییانە لە ناو هۆڵ و چەند ژوورێکی عەمارەتی کۆنگرێس سازدەبن. دەستە و گروپی فشار لە ناو هۆڵەکانی کۆنگرێس بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆیان بە مەبەستی ڕەتکردنەوە یا پەسندکردنی بڕیارێک پێوەندی بە ئەندامانی کۆنگرێس دەکەن.
لۆبی جووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین گرووپەکانی گوشار لەو وەڵاتەدا کە بە دزەکردن بۆ ناو ڕێکخراوە دەوڵەتی و ئابوورییەکان و دامودەزگەکانی ڕاگەیاندنی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی دەوڵەت و کۆنگرێس دادەنێت لەمەڕ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێش بە هەر بڕیارێک دەگرێت کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسراییل بێت. لەم وەڵاتەدا لۆبی دیکەش بەکارن کە دەکرێ ئاماژە بدەین بە لۆبی ژاپۆنییەکان کە ساڵانە پتر لە 300 ملیۆن دۆلار بوودجەی هەیە و تاکوو ئێستا توانیویەتی پێش بەو بڕیارانەی کۆنگرێس و کۆشکی سپی بگرێت کە هەناردەکانی ژاپۆن سنووردار دەکەنەوە.
مرۆڤدۆستی/مرۆڤگەرایی
مرۆڤ دۆستی یا هیۆمانیزم لە وشەی Human بە واتای مرۆڤ وەرگیراوە. ئەم زاراوە لە زانستە مرۆییەکاندا مانای جۆراوجۆری هەیە بەڵام بە گشتی بریتییە لە کۆمەڵێ تیۆری کە ڕێز بۆ مرۆڤ و خەسڵەتە مرۆڤییەکانی دادەنێ و حەز بە گووران و بەختەوەری مرۆڤ دەکات. هەروەها بریتییە لە فەلسەفە و ڕێبازی مرۆڤایەتی کە ژیانی ئادەمیزاد لەم جیهانەدا بە گرنگتر دەزانێ لە لێکۆڵینەوەی ئاین و شتی مانایی و نەبینراو. بەپێی ئەم ڕێبازە پەروەردە شتێکی زور گرنگە بۆ گەشەسەندن و پێگەیشتنی توانستەکانی مرۆڤ.
لە مێژووی شارستانەتیی ڕۆژئاوادا مرۆڤپەروەری، ناوی بزووتنەوەیەک دەخاتەوە بیر کە بوو بە بنەمایەک بۆ ڕینسانس و بووژانەوەی زانست و کولتوور و هونەر و چێکردنی گیروگرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دوور لە پەروەردە و دەسەڵاتی پاپا ئایینییەکان. ئەم بزاوتە کولتوورییەی ئەورووپا بەهۆی ئاشنابوون لەگەڵ کولتووری کەونارای یۆنان و ڕۆما هاتە ئاراوە تاکوو لە بەرانبەر تاریکستانی فەرهەنگی سەدەکانی ناوەڕاست، کولتوورێکی نوێ بەرهەم بێنێت.
دروشمی مرۆڤ دۆستی لەسەر ئەم قسەی پرۆتاگۆراس بەندە کە دەیگوت مرۆڤ پێودانگی هەموو شتێکە. بەم پێیە مرۆڤی خستە جێی خواوەند و کڵێسە و مەسیح و تاک گەرێتی و بڕەوی دا بە خۆپەرستی ئاوەزمەندی و لەبری باوەڕ بە مانەوەی ڕۆح و بەڵێنی بەهەشت، خۆشبینی بەم جیهانەی بەرجەستە کردەوە. ئایدیولۆژیای مرۆڤ دۆستی دوو قوتابخانەی لێ کەوتۆتەوە: یەکەم، لیبرالیزم کە باڵانوێنی عەقڵێکی شارستانی بە تایبەت چینی ڕۆشنبیر بوو کە لەگەڵ کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد و دواتر وەک ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەژمۆنی پەیدا کرد. دووهەم، سۆشیالیزم کە خەونی بە چاکسازی و باشتر کردنی باری گوزەرانی چینی هەژارەوە دەبینی. نوێنەرانی مرۆڤدۆستی لە ئەورووپا بریتین لە: دانتە، داڤینچی، مەیکڵ ئانژ، گالیلە، دکارت، لۆتر، شکسپیر، نیۆتۆن، سێرڤانتس، کۆپرنیک، ئەرێسمۆس و بۆکاچیڤ.
ناوەندگەرێتی
ناوەندگەرێتی (سەنترالیزم) لە وشەی لاتینی centrum بە واتای ناوەند وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بە سیستەمێکی دەسەڵاتداری دەگوترێ کە هەموو کاروبارە ئابووری و سیاسی و ئیدارییەکان لە ناوەندی وەڵاتدا کۆدەبێتەوە و هەموو دامودەزگە ناوچەیی و پارێزگاکان دەبێ ملکەچی دەسەڵات و بڕیارەکانی ناوەند بن. ڕژێمی هیتلەر نموونەیەکی تۆخی ئەم سیستەمەیە بە چەشنێک کە لەم حکوومەتەدا پلە و پایە ناوچەییەکان تاکوو ئاستی دەزگە نزمەکانی حکوومەتی ناوەندی داکشابوون.
لە بەرانبەر ناوەندگەرێتیدا سیستەمی نامەرکەزی (دیسەنترالیزم) لە ئارادایە. لەم جۆرە حکوومەتانەدا بە پێچەوانەوە، هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەند چەق نابەستێ بەڵکوو دەڤەرە ئۆتۆنۆمی یا فیدراڵیەکان لە سەرانسەری وەڵاتدا ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و لە چوارچێوەی هەندێک یاسای دیاریکراو لە کاروباری ناوخۆییدا سەربەخۆییان پێ دەدرێت. نموونەی بەرچاوی ئەم جۆرە حکوومەتە، سیستەمی فیدراڵیزمە. (بڕوانە چەقبەستن و فیدراڵیزم)
نوخبە سرآمد/ نخبه elite کەسێک کە لە کۆمەڵگەدا بە هۆی چەند تایبەتمەندیەک (واقیعی یان خەیاڵی) خاوەنی پێگەیەکی بەرجەستە و شیاو بێت. کەواتە هەرکەسێک لێهاتووتر و شایستەتر بێت، نوخبە لە قەڵەم دەدرێت.
ئەم زاراوە لە لایەن ویلفیرد پارتۆ کۆمەڵناسی ئیتاڵی، بۆ شرۆڤەی کۆمەڵایەتی لەسەر دوو توێژی کۆمەڵگە هاتە ئاراوە: 1) توێژی بن دەست یان ڕەشەگەل. 2) توێژی باڵا یان نوخبە. توێژی باڵا دوو جۆرە: یەکەم، نوخبەی فەرمانڕەوا، دووهەم، نوخبەی سەرکەش.
نوخبەگەرێتی
بەپێی ئەم ڕێبازە ماهییەتی هەر کۆمەڵگەیەک چ زیندوو بێت چ مەنگ و مردوو، ڕەوا یا ناڕەوا بەپێی ماهییەتی نوخبەکانی خۆی دیاری دەکرێت. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لەو باوەڕە کە لە هەر کۆمەڵگەیەک یان گروپی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و… کەسێک یا کەسانێک بەهۆی لێهاتوویی تایبەتەوە، باڵاترن لە ئەوانیدی و ئەم باڵادەستیە مافی پێشەوایی و ڕێبەرایەتیان بۆ دەستەبەر دەکات. نوخبەگەرێتی لەگەڵ دیموکراسیدا نەیارە و ئەم سیستەمە بە پێشێلکەری مافی خەڵکانی نوخبە و لێهاتوو دەزانێ و پێی وایە خەڵکانی ڕەشۆکی و کەم بەهرە تا ئاستێکی نابەجێ بەرز دەکاتەوە. نوخبەگەرێتی لە سیستەمی پەروەردەدا بریتیە لە هەڵبژاردنی هۆشمەندترین قوتابیان و پەروەردەکردنیان بە شێوازی ناوازەی پەروەردەیی بۆ بەرهەمهێنانی باشترین و بەتوانترین مرۆڤەکان. ئەم شێوازە پەروەردەییە لە وەڵاتانێکی وەک بەریتانیا، فرەنسا، ئەڵمانیا، سۆڤیەت و ئەمریکا بە کار براوە. بەگشتی باسی چوارجۆر نوخبە دەکرێت کە بریتین لە:
1) نوخبەی دەسەڵاتی سیاسی
2) نوخبەی ئابووری
3) نوخبەی سەربازی
4) نوخبەی فیکری
نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.