تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆیلەداری
کۆیلەداری دیاردەێیکە کە پێوەندی دەسەڵاتدارێتی و ژێردەستەیی نیشان دەدات. سنووری ئەم پێوەندییە لە دەسەڵاتی کۆیلەدار بە سەر مەرگ و ژیانی کۆیلەوە بگرە تاکوو ڕێسای وشکی چاودێری بە سەر مافەکانی دوولایەن، جیاوازە. ڕەگەزی سەرەکی ئەم دیاردە مافێکە کە کۆیلەدار بەو پێیە دەتوانێ کۆیلە مەجبوور بکات هەندێ کار بە قازانجی ئەو ئەنجام بات. بازرگانی کۆیلە لە پێوەند لەگەڵ کشتوکاڵ لەو شوێنێنە کە کرێکار کەم بن، ئاسایی بووە. کۆیلەداری لە ناوماڵ، لەگەڵ کاروباری خێزان و خزمەتگوزاری شەخسی پێوەندی هەبووە. پاساوی ئەم کەشە بۆ کۆیلەدار ئەوە بووە کە سوود و بەهرەی ئابووری و ئایینی کۆیلەکان دەستەبەر دەکات.
کۆیلەداری دیاردەیەکی زۆر کۆنە و لە چوار هەزار ساڵ پێش زایین، لە شارستانەتیی سۆمەرەوە دەستی پێکرد. تەنانەت لە یۆنانی کۆنیش بووە. ئەرەستۆ، کۆیلەداری بە دەرەنجامی سروشتیی پێوەندی نێوان سوڵتە ــ فەرمانبردن و کۆیلە بە «دارایی زیندوو» ناوبردە دەکات. یاسای ڕوومی، کۆیلە نەک بە مرۆڤ نازانێ بەڵکوو لەگوێن کەرەستەیەک لە خزمەت ئامانجەکانی کۆیلەدار ناوبردەی دەکات. یەکەمین شۆڕش و ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕێبەرایەتی سپارتاکووس بەڕێوەچوو کە لە ساڵی 73ی پێش زایین بەدژی ڕژێمی کۆماری ڕۆم خەباتیان کرد.
کۆیلەداری لە هەندێ شوێنی ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست بەردەوام بووە. بەڵام پاش دەستێوەردانی مەسێحییەکان، حاڵ و وەزعیان باشتر بووە. لە قۆناغی نوێدا کۆیلەداری بەسرایەوە بە کارکردن لە ناو مەزرای گەورە لە وەڵاتانی ڕۆژاوا و وەڵاتانی موسوڵمان (وەک کەنیز) و سەپان. لە سەدەی بیستەمدا سەرلەنوێ کۆیلەداری لە وەڵاتانێکی پیشەسازی وەک ئەڵمانیای سەردەمی نازیسم، ژیایەوە. کۆیلەداری لە دوو سەرەوە پێوەندی بووە لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا: لە لایەکەوە بەرهەمی هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی حکوومەتێک بووە. لە لایەکی دیکەوە، کۆیلەکان بە خۆڕاگری و ڕاپەڕین، یارمەتییان داوە بە بەهێزکردنی ناسیۆنالیزم.
مۆرکردنی پەیماننامەی 1956 لە لایەن 33 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی کۆیلەداری، نیشانەی دەوامەی سەرسەختانەی دیاردەی کۆیلەدارییە.
یەکیەتی عەرەب/کۆمکاری عەرەب
ئەم یەکیەتییە لە پاش هەوڵودەوڵی بێ بڕانەوەی وەڵاتانی عەرەبی بۆ دامەزرانی کۆمەڵەیەک پێکهات. لەم سەروبەندەدا ڕێککەوتنێک لە لایەن میسر و عێراق و لوبنان و سوریا و... مۆر کرا. کۆمیتەی ئاسانکاری یەکیەتی پان عەرەب، لە کۆنگرەی ئەسکەندەریە (14ی فێوریەی 1945) بە مەبەستی واژۆ کردنی ڕێسانامەیەک بۆ ئەم یەکیەتییە، پێشنیاری دانیشتنێکی کرد. بڕیارنامەی وەڵاتانی عەرەب لە 22ی مارسی 1945 لە لایەن نوێنەرانی میسر و عێراق و لوبنان و سەعودی و سوریا و ئەردەن و نوێنەرێک لە فەلەستین و یەمەن ئیمزا کرا.
ئامانجی دروسبوونی ئەم ڕێکخراوە، پێکهاتنی یەکیەتییەک لە دەوڵەتانی سەربەخۆی عەرەب بوو بە مەبەستی بەهێز کردنی پێوەندی عەرەبان و گەیشتن بە ئاواتەکانیان لەپێناو یەکگرتووییەکی بەپێز. لیبی لە ساڵی 1953، مەراکیش و تونێس لە 1958، سودان و کوەیت لە 1961، جەزاییر لە 1962، یەمەنی باشووری لە 1967چوونە ناو ئەم یەکیەتییەوە. یەکیەتی عەرەب بریتییە لە 9 کۆمیتەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سەربازی و یاسایی و… نووسینگەی یەکیەتی لە قاهیرەیە و سکرتێر بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت. دەوڵەتی لیبی لە مانگی مەی 2003 لەم ڕێکخراوە جیابۆوە.
سکۆلاریزم
سکولار لە ڕیشەی لاتینی saeculum بە مانای کاروباری ئەم دنیا وەرگیراوە واتە جیهانپەرستی، ئەو شتەی کە پێوەندی بەم جیهانە خاکییەوە هەبێت. لە زاراوەی سیاسی و فەلسەفیدا بریتییە لە بڕواهێنان بە ڕاگواستنی سەرچاوە لە دەزگە ئایینیەکانەوە بۆ کەسان یا ڕێکخراوەی نائایینی. واتە گوێ بە ئایین نەدان و لە ئایین دابڕان، جیاکردنەوەی ئایین لە کاروباری حکوومەت و جیهان بە تایبەتی پەروەردە و فێرکردنی قوتابیان. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەو شتەی کە لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا ڕەسەن لە ئەژمار دێت، سیاسەتە نەک ئایین، چونکە ئایین شتێکی تاکەکەسی و شەخسییە. سکۆلاریزم بە واتای دنیاپەرستی و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک جگە لە دنیا و بە ئەسڵ دانانی دنیا ڕاڤە دەکرێت کەوابوو ڕەتکردنەوەی ئایینیش دەگرێتەوە.
بیرۆکەی پێویستی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشمەکێش و ناکۆکییانەی کە لە تێکەڵکردنی شتە ڕۆحی و دەروونییەکان لەگەڵ شتە دنیایی و مادییەکان هاتبووە ئاراوە. ئەمیش سەرەتا لە کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و ڕۆما خۆی نیشان دا. ئەمان بۆ پاساوی بیر و بۆچوونەکەیان پشتیان بەم گوتەیەی عیسێ پێغەمبەر بەستبوو کە دەڵێ: «ماڵی قەیسەر بۆ قەیسەر و ماڵی مەسیح بۆ مەسیح» واتە عیسێ بە دینی خۆی و مووسێ بە دینی خۆی!
لە سەدەکانی پاش چاخی ڕۆشنگەری و پاش سەرهەڵدانی فەلسەفەکانی لیبرالیزم و دیموکراسی، ئەندێشەی جیاوازی ئایین لە سیاسەت بە کردەوە پیادە کرا تا ڕادەیەک کە ئەمێستا ئەم بیرۆکە وەک بەشێکی سەرەکی دەستووری بنچینەیی وەڵاتانی ڕۆژاوایی لێ دەرهاتووە.
هۆڵۆکۆست
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا لە لایەن مێژوونووسە جوولەکەکان، لەجیاتی دەستەواژەی final solution بە واتای «دوایین ڕێگەچارە» بەکار براوە. دوایین ڕێگەچارە، دەستەواژەیەکی دڵڕفێن بووە لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیسم کە لە جیاتی تیابردنی جەستەیی جوولەکەکانی ئەورووپا بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەمیشەیی «کێشەی جوولەکان» بەکار براوە. پیادەکردنی ئەم سیاسەتە یەکەم جار لە کۆنفرانسێکی نوێنەرانی ئیداری ئەڵمانی نازی لە ژانڤییەی 1942 باسی لێکرا.
زاراوەی هۆڵۆکۆست، بەمانای سووتاندنی هەموو شتێکە و ئاماژە دەدات بە کۆمەڵکوژی جوولەکان لە لایەن دەستەی مەرگی ئس ئس ss ی ئەڵمانیا بە سەرکردایەتی هیملێر و جێگرەکەی، ئایشمێن لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا. بەپێی ڕاپۆرتە مێژووییەکان لەم ڕەشەکوژییانەدا 5/4 تا 6 ملیۆن جوولەکە کوژران و سووتێندران. هۆڵۆکۆست لەم دواییانەدا لە لایەن هەندێک ڕەخنەی لێ گیراوە و پێیانوایە کە ژمارەی سووتێندراوەکان هێندە نەبووە و بەڵکوو ئەو ڕادەیە کەمتر لەوە بووە کە مێژوونووسەکان ڕایانگەیاندووە وئەم ژمارە لە فڕوفیشاڵ دەچێ.
پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی کەشوهەوای کیۆتۆ
ئەم پرۆتۆکۆڵە لە ساڵی 1997 لەنێوان سەرۆکی وەڵاتانی جیهان لە کیۆتۆی ژاپۆن مۆرکرا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی. واتە چونکە ئەو گازانەی کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد) بڵاو دەبێتەوە دەبتێە هۆی گەرمبوون و گۆڕینی کەشوهەوای سەرزەوی، دەبێ وەڵاتان هەوڵ بدەن لە بەکارهێنانی ئەم سووتەمەنییانە کەم بکەنەوە و ڕووبکەنە وزەی هەتاوی و … بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە دەبوایە لە لایەن ئەو وەڵاتانەی کە 55% ئەم گازانە بڵاو دەکەنەوە، پەسند بکرێیە. مانگی ژووەنی 2002 لە لایەن پانزە وەڵاتی یەکیەتی ئەورووپا پەسند کرا. هەر لەو ساڵەدا پتر لە 70 وەڵاتی جیهان ئەم پرۆتۆکۆڵەیان پەسند کرد. ڕەشنووسی کیۆتۆ داوا لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە قەدەر بڵاوکردنەوەی 36% ئەو گازانە لە ساڵی 1990، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازانە هەنگاو بنێت. کەچی بەم حاڵەش، لەنێوان ساڵەکانی 2002ـــ1997 بڵاوکردنەوەی ئەم گازانە لە ئەمریکا، نزیکەی 8% زیاتر بووە. ئەمریکا تەنها وەڵاتێکە کە لەگەڵ ئەم ڕەشنووسەدا نەیارە.
ژاکۆبنیزم
بزاوتی توندڕەوانەی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسە (1789) کە پێوەندی هەیە بە ڕوبسپیر و ئەندامانی «یانەی ژاکۆبن». مەبەستی سەرەکی ئەم بزاوتە پەیجۆری کردنی ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانە بە هەر جۆرێک بێت و خۆپاراستن لە هەر چەشنە سازشکارییەک.
هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ژاکۆبنیزم بریتییە لە: سووکایەتی کردن بە خواستی زۆرینە، لایەنگری لە دیکتاتۆری گرووپێکی نەبەزی شۆڕشگێڕ و دامەزرانی کۆمیتەی ئاسایشی گشتی وەک بنکەیەک بۆ تیرۆر.
لێنین، ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەت، لایەنگرەکانی خۆی بە ژاکۆبنەکانی پەیوەست بە چینی کرێکار ناوبردە ئەکرد.
گوتار/دیسکۆرس
پێشینەی ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14 زایینی کە لە ڕیشەی discurrere یۆنانی بە واتای بزووتن بە دەوروبەردا وەرگیراوە. مانای گشتی گوتار بریتییە لە گفتوگۆ و ئاخاوتن وەک لقێکی زانستی. بەڵام لە زاراوەدا بریتییە لە پێوەندی نێوان زمان و واقیعە کۆمەڵایەتیەکان یا پێوەندی پەیڤ و کارلێکە فیکری و کۆمەڵایەتیەکان کە ئەویش کۆی چالاکییەکانی مرۆڤ لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و هونەری لەخۆ دەگرێت. گوتار، دیاردە یان پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خاوەنی بنیچە و زەمینەیەکی کۆمەڵەکییە. دەربڕینی بیروبۆچوون و پەیڤ و ڕستە و گوزارە و ماناکانیان، پێوەندی بەوە هەیە کە ئەم دەربڕینە، چۆن و لە لایەن چ کەسێک و لە چ ساتەوەختێکدا و بەدژ یان بە قازانجی چ کەسێک دەبێت.
ئەم زاراوە لە لایەن ئانتۆنی گرامشی (1937ـــ 1891)، بە تەرزێکی لاوەکی و میشل فۆکۆ (1984-1926)، بە شێوازێکی ئاشکرا بەکار براوە. هەڵبەت فۆکۆ یەکەم کەس نییە کە بەستێنی گوتار ڕاکێش دەکاتە هەناوی کۆمەڵگەوە بەڵکوو ئەو هەنگاو دەنێتە جێپێی کەسانێکی وەک مارتین هەیدگێر و ئیمیل بنونیست.
بە بۆچوونی فۆکۆ، گوتار بریتییە لە جیاوازی نێوان ئەو شتەی کە دەکرێ لە سەردەمێکی دیاریکراو (بەپێی ڕێسا و لۆژیک) بە هەقیقەت بگوترێ و ئەو شتەی کە لە واقیعدا دەگوترێ. فۆکۆ گوتارەکان بەپێی ڕێژەی پێوەندییان بە دەسەڵاتەوە پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەوە گوتار، دەربڕینی ئایدیالیستی وەهم و گومانەکان نییە بەڵکوو لە بەستێنێکی ماتریالیستیدا بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئەژمار دێت. گرینگی گوتار لە دەرخستنی گەمەی دەسەڵاتدایە لە پێگە دیاریکراوەکانیدا. کەواتە بۆ دەرک پێکردن بە مێژووی گوتارەکان دەبێ خودی گوتارەکان موتاڵا بکرێت تاکوو بەم بۆنەوە پەردە لەسەریان هەڵماڵدرێت. فۆکۆ پێیوایە کە گوتار پێکهاتێکە لە چەند هێمایەک بەڵام کاریگەرییەکەی لەم هێمایانە زیاترە. ئەم تایبەتمەندییە ناهێڵێت گوتار دابەزێنێتە ئاستێکی ساکاری زمان و پەیڤ و ئاخاوتن. گوتار ڕۆشنکەرەوەی تایبەتمەندیی مێژوویی ئەو شتانەیە کە گوتراوە و ئەو شتانەش کە هێشتا نەگوتراوە. گوتار کۆمەڵێک گوزارەیە کە لە قۆناغێکی مێژوویی تایبەتدا بەرجەستە دەبێت و لە سەر زۆربەی بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکرییەکان لەنگەر دەگرێت. بە باوەڕی فۆکۆ گوتار، کۆمەڵێک کردەوەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بابەتگەلێک دەوروژێنێ کە خۆبەخۆ باس و لێوەکۆڵین بەرهەم دێنێت. بە تێپەڕبوونی زەمەن، گوتارەکانیش تووشی گۆڕان دەبن. وەک چۆن شێوازی بیرکردنەوە و باسکردن لە بابەت چەمک گەلێکی وەک ئازادی و ئاسایش و مۆدێرنیتە تووشی گۆڕان هاتوون.
پاشکۆ - لکاندن
لکاندنی وەڵاتێکی بێخاوەن یان دەمدانی خاکی وەڵاتێک بە خاکی وەڵاتێکی دیکەوە. ئەم ڕەوتە بە تەرزێکی یەکلایەنە دیتە ئەنجام یان لانیکەم ئەو دەوڵەتەی کە بەشێک لە خاکەکەی لە دەست دەدات، بەم کارە خۆشحاڵ نییە. لکاندن، مافی فەرمانڕەوایی دەبەخشێ بە دەوڵەتی لکێنەر و خەڵکی خاکە دەمدراوەکەش دەبنە شارۆمەندی ئەو دەوڵەتە. کڕین یا بە کرێگرتنی وەڵاتێکی دیکە، لەگوێن مامەڵەیەکی دوولایەنە، پاشکۆ لە ئەژمار نایەت. لکاندنی نەمسا و ناوچەی سودەت بە ئەڵمانیای پێش شەڕی جیهانی دووهەم، دوو نموونەی گرینگی پاشکۆ ناونووس دەکرێن.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێککەوتننامەی سایکس ــ پیکۆ (1916)
ڕێککەوتنێکی نهێنییە کە لە 16/5/1916 لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسە و لە لایەن «سێرمارک سایکس»ی بەریتانی و «جۆرج پیکۆ»ی فەڕەنسی بەمەبەستی دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمزا کرا. سەرلەبەری ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە بە پێچەوانەی ئەو وەعدە و بەڵێنانە بوو کە لۆرێنس لە عەرەبستان بە ناوی ڕێزگرتن لە مافی خەڵکانی عەرەبی ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابووی. بەپێی ئەم ڕێککەوتننامە بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسە دابەش کرا. ناوچەی ژێردەسەڵاتی بەریتانیا بریتی بوو لە: شاری خانەقین لە کوردستانی خواروو، باشووری سووریا، بەغدا، بەسرە، باکووری فەلەستین و بەشێکی کوێت. بەشی فەڕەنسەش بریتی بوو لە: بەشی زۆری سووریا، لوبنان، ئەنەدۆڵ (باکووری کوردستان) و موسڵ. پاشان ڕووسیاش تێیدا بەشدار بووە و بە بالێۆزی ڕووسیا ڕاگەیاندرا کە ئەگەر بڕیار لەسەر ئەم پەیمانە بدات، ئەوا ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە خاکی ڕووسیاوە دەلکێندرێ. لایەنێکی گرنگی ئەم پەیمانە بۆ گەلی کورد ئەوەیە کە جاڕێکی دیکەش کوردستان لە لایەن وەڵاتانی داگیرکەرەوە پارچە پارچە کرا.
کۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ
ئەم کۆنفرانسە لە 25/4/1945 بە بەشداری پەنجا وەڵات لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێکهات بە مەبەستی ئیمزاکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەویش لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی یاڵتا پێکهاتبوو. وەڵاتانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا ئەندامانی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەژمار دەهاتن. لەسەر داوای یەکیەتی سۆڤیەت، وەڵاتی پۆڵەندا کە لەم کۆنفرانسەدا بەشدار نەبوو، وەک ئەندامی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسێندرا. کەواتە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم دانیشتنی خۆی بە بەشداری 51 ئەندام دەست پێکرد. لەم کۆنفرانسەدا پێنج زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، چینی و سپانیایی بە زمانە ڕەسمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کران و لە 26/6/1945 بە ئیمزاکردنی هەموو وەڵاتانی بەشداربوو، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندرا و لە 24/10/1945 جێبەجێ کردنی جاڕنامەکە دەستی پێکرد.