تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا
ئەم زاراوە بە بزاوتێکی سیاسی ئەفریقای باشووری دەگوترێت کە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی ژیانی ڕەشپێستەکان لە ساڵی 1912 بنیاد نراوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1926 لەگەڵ کۆمەڵەی هێندییەکان یەکییان گرت تاکوو ببنە نەتەوەیەکی یەکگرتوو. کۆنگرەکە بە ڕێبەرایەتی سەرۆک لیتۆلی (67ـــ 1952) و بە سوود وەرگرتن لە شێوازی نەرم و بەدەر لە شەڕەنگێزی، خەباتی خۆیان بە دژی ڕەگەزپەرستی شێلگیرانەتر کرد بەڵام لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرەوڕووی توندوتیژی بوون و سەرکوت کران و لە ساڵی 1961 هەڵوەشێندرا. باڵی چەکداریی کۆنگرە ناسراو بە «شمشێری گەل» لە لایەن نیلسۆن ماندیلا (1918ـــ ) دامەزرا بۆ ئەوەی بەرپەرچی شەڕەنگێزییەکانی حکوومەت بداتەوە. ئەم بزاوتە لە وەڵاتانی دیکەی جیهان، نوێنەرایەتی سازکردبوو تاکوو ئەم وەڵاتانە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لەگەڵ خۆیدا هاودەنگ بکات و بتوانێ دەسەڵات بگەڕێنێتەوە بۆ ڕەشپێستەکان.
لە ساڵی 1990، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕوویاندا دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، چەند هەنگاوێکی بۆ لابردنی یاساکانی ڕەگەزپەرستی هەڵێنا. گرنگترینی ئەم هەنگاوانە کە لە لایەن دۆ کلۆرک، سەرکۆماری ئەم وەڵاتە (1990) ڕاگەیاندرا بریتی بوون لە:
ـــ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، بە شتێکی قانوونی ڕاگەیاندرا.
ـــ ڕزگار کردنی خێرای نێلسۆن ماندیلا ڕێبەری کۆنگرە لە بەندیخانە. (ماندیلا، لە ساڵی 1962 پاش گەڕانەوەی لە کۆنفرانسی«بزاڤی ڕزگاری و یەکیەتی ئەفریقا» کە لە ئادیسابابا بەڕێوە چوو، بە تاوانی بەزاندنی سنوور، دەکەوێتە بەندیخانە و ماوەی 28 ساڵ لە زیندان دەبێت).
لە ساڵی 1994، یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراتیک لە ئەفریقای باشووری بەڕێوە چوو. کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشووری زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەبێتەوە و نێلسۆن ماندێلا وەک سەرکۆمار دیاری دەکات. بەڵام پاش ماوەیەک، ماندێلا کورسی دەسەڵات بۆ کەسانی دیکە جێدەهێڵێت و لە سیاسەت دوور دەکەوێتەوە، هەر بۆیە وەک کەسایەتییەکی ناوداری ئەفریقا و جیهان دەمێنێتەوە.
یاساپەروەری
ئەم زاراوە بە واتای باوەڕ بە سەروەری و ڕەسەنایەتی یاسا و شەرعییەتی دادوەری و مافەکانە. ئەم جۆرە لە دنیابینی و بیرکردنەوە لە پێوەندی نێوان دەوڵەت و خەڵک و پێوەندی جەماوەر لەگەڵ یەکتر کە دەبێ بەپێی یاسا و قانوون بێت، هەر لە سەردەمی دەوڵەتی ڕۆمای کۆنەوە باو بووە و بەشێک بووە لە فەلسەفەی سیاسی. یاسا پەروەری هەموو جۆرە پێوەندییەکی مرۆڤ دەخاتە تەرازووی یاسا و دادوەری و دەوڵەت بە بەرهەمی قانوون دەزانێت. ئەم ڕێبازە پێی وایە کە لە بابەت دەوڵەتەوە ناکرێ بە پێوانەی ئەخلاق و کۆمەڵناسی سەیر بکرێت بەڵکوو دەبێ لە شەرعییەت و ڕەسەنایەتی یاسایی بکۆڵدرێتەوە و ڕوون بکرێتەوە کە ئایا دەوڵەت، ڕەوایە یا ناڕەوا؟
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێسانامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەم جاڕنامە بریتیەلە ئامانج و پرەنسیپ و یاسا و ڕێساکانی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە یەک پێشەکی، 111 بەند و یەک پاشەکی حەفتا بەندی کە پەیوەستە بە دادگەی نێونەتەوەیی داد. جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 24/10/1945 لەپاش پەسندکردنی دەوڵەتانی چین، فرەنسا، بریتانیا، سۆڤیەتی پێشوو، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆرینەی وەڵاتانی ئەندام، گەیشتە قۆناخی جێبەجێکردن.
سیاسەتی دەرگەی کراوە
ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن جۆن های، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سێپتەمبەری 1899 بە مەبەستی پەرەسەندنی ئابووری وەڵاتی چین و پاراستنی سەربەخۆیی ئەم وەڵاتە بەکار براوە. بەڵام ئێستا مەبەست لەم زاراوە ئازادبوونی چالاکی بازرگانی و سەرمایەدانانی وەڵاتانی دەرەکییە لە وەڵاتێکدا لە سەر بنەمای یەکسانی مافەکان. سەرچاوەی ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی لیبرالیزمی ئابووری.
سیاسەتی دەرەوە
بریتییە لە ستراتیجی یان زنجیرە کردارێکی داڕێژراو لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتێک بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی. ئەم سیاسەتە بریتییە لە دیاریکردن، ڕاپەڕاندن و دابینکردنی بەرژەوەندی و ئامانجە نەتەوەییەکان کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لە لایەن دەوڵەتەکان بەڕێوە دەچێت. سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتان لە هەمان کاتدا کە هەندێ پرەنسیپی نەگۆڕ لەخۆ دەگرێ، دەبێ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانیش لەبەرچاو بگرێت. هونەری داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی لەوەدایە کە ئەم دوو خاڵە پێکەوە گرێ بدات چونکە هەر چەندە پێوەندی دەرەکی وەڵاتان بەربڵاوتر بێت، گرنگی ئەم سیاسەتە زیاتر هەست پێدەکرێت.
سیاسەتی دەرەوەی هەر وەڵاتێک، دەوامەی سیاسەتی ناوخۆیی هەمان وەڵات لە ئەژمار دێت، بە واتایەکی دیکە پێکهاتەکانی سیستەمێکی سیاسی لە ناوخۆ، دەتوانێ دەوری کاریگەر بگێڕن لە دیاریکردنی ستراتیجی و بەرژەوەندییەکانی ئەو وەڵاتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. سیاسەتی دەرەکی هەر وەڵاتێک لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی پێوەندی نەپساوە و ڕاستەوخۆی هەیە. ئەم دوو سیاسەتە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا جیاوازن بەڵام ماهییەتێکی هاوبەش و یەکسانیان هەیە و لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین سیاسەتی دەرەوە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیە.
سیاسەتی دەرەوە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیش لە ئەژمار دێت و هەر لە یەکەمین پێوەندییەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە هەبووە. بەڵام بە شێوازی نوێ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە سەدەی حەڤدە. ئیمڕۆکە سیاسەتی دەرەوە ئاوێتەیە لەگەڵ «دەوڵەتی نەتەوەیی» دا. لە سەردەمی شۆڕشی فرەنسی بەدواوە کە نەتەوەپەرستی، هێدی هێدی هەموو ڕەگەزەکانی دەوڵەتمەداری و دەوڵەتە نەتەوەییەکانی پێکەوە بەستەوە، سیاسەتی دەرەوەش لەگەڵ هەست و خواستی نەتەوەیی زیاتر ئاوێتە بووە.
پاش سەدەی نۆزدە جەماوەرێکی زۆرتر لە خەڵک خۆیان بە سیاسەتی دەرەوە سەرقاڵ کرد. ئەم ڕەوتە پێ بە پێی پڕۆسەی فراژووتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم* گەشە دەکات. توێژینەوەکان ڕوونی دەکەنەوە کە سیاسەتی دەرەکی لە سەدەی بیستەمدا زیاتر بەرەو دیموکراسییەت هەنگاوی ناوە. ئەم گۆڕانکارییەش بە هۆی گرینگی پێدان بە ڕای گشتییەوە بووە. لە سەروبەندی جیهانی دوو جەمسەریی و ململانێی جیهانی سەرمایەداری لە بەرانبەر جیهانی کۆمۆنیستی و هەروەها جیهانی سێهەم، «سیاسەتی دەرەوە» بە تایبەت لە وەڵاتانی پێشکەوتوودا بەرەو ئاڵۆزی دەڕوا و لە نەریتەکانی پێشووی دوور دەکەوێتەوە.
سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم سەندوقە لە ساڵی 1976 بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ژنان دامەزرا بەڵام دواتر لە ساڵی 1985 ناوی گۆڕا بە سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سەندوقە بە ژنانی دەستەنگ و کەمداهاتی وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن یارمەتی دەگەیەنێت و ناوەندەکەشی لە شاری نیۆیۆرکی سەر بە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
نەتەوە
زاراوەی نەتەوە، دیاردەیەکی مێژوویی ـــ سیاسی لە ئەژمار دێت کە لەگەڵ زاراوەی دەوڵەتی نەتەوەدا نزیکایەتیان هەیە. دەرکەوتنی ئەم زاراوە بە واتا نوێکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە. پێش ئەو سەردەمە ئایین و ئایینزا، هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەکان لەیەکتر بووە.
نەتەوە یەکینەیەکی گەورەی مرۆڤییە کە لە نێوان کولتوور و هۆشیارییەکی هاوبەشدا گرێبەستێک سازدەکات. پێناسەیەکی دیکەی ئەم زاراوە بریتییە لە کۆمەڵگەیەکی هاوڕەگەز کە خاوەنی پێشینەیەکی مێژوویی یەکسان و بەرژەوەندیەکی هاوبەش و زمانێکی یەکگرتووبێت. لە ڕابردووی ئیمپراتۆریەتەکاندا خێڵ و عەشیرەت و دەوڵەت ـــ شار ەکان، گرنگترین یەکینەی ژیانی سیاسی پێک دەهێنا بەڵام ئیمرۆکە چەمکی نەتەوە، لە بەراورد لەگەڵ زاراوەگەلێکی وەک هۆز و عەشیرەت و شاردا چەمکێکی ئاڵۆز لە ئەژماردێت و لەبارەی ڕەگەزەکانی ئەم پێکهاتە بیروبۆچوونی جوداجودا لە ئارادایە. بیرمەندانی سیاسی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی نەتەوە دەگەڕێننەوە بۆ بەدیهاتنی ڕێکخراوەیەکی سیاسی یەکگرتوو، کولتوور و زمانێکی هاوبەش و پێشینەیەکی مێژوویی هاوبەش.
شۆڕشی فرەنسا، ژێرخانێکی فیکری و سەرچاوەیەکی گرینگ لە ئەژماردێت بۆ سەرهەڵدانی یەکەمین بیرۆکەی چەمکی نەتەوە بە مانا نوێکەی. لەم بارەوە نەریتی شۆڕشی فەرەنسی بەپلەی یەکەم هۆکاری بەڕێکخراوەیی کردنی سیاسی بە گرینگ دەزانێ و ڕەگەزەکانی دیکە بە پلەی دوایی ناوبردە دەکات. کەواتە لەم ڕوانگەوە بەدیهاتنی نەتەوە، پێشوەخت پێویستی بە دامەزرانی دەوڵەت هەیە و چەمکی دەوڵەت و بەڕێکخراوەیی کردنی سیاسی بە شێوەیەکی لۆژیکی و گونجاوی مێژووییەوە، دەبێ لە پێشتر بێت.
لە ڕوانگەی کولتوورییەوە، سەرهەڵدانی نەتەوە پەیوەستە بە هۆکاری فەرهەنگی و زمان. لەم بابەتەوە فیختە و نوفالیس، نووسەرانی ئەڵمانی پێیانوایە کە مرۆ بەپێی سروشت لە نێوان نەتەوەکان دابەش کراوە نەک بەهۆی دەوڵەتەکان. زمان، تایبەتمەندی سەرەکی شوناسی نەتەوەیی لە ئەژماردێت کە هەڵگری نەریت و هێما و ئەفسانە و کولتوور و مێژووی هاوبەشی ئەتنیکییە. ئەزموونی مێژوویی گەلان پیشانی داوە کە پێوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان پێکهاتنی زمانی ئەدەبی و دەرکەوتنی هۆشیاری نەتەوەیی و ناسیونالیزم هەیە. بێندیکت ئەندەرسۆن پێیوایە کە زمانی ئەدەبی لە هەندێ وەڵاتی ئەورووپادا ڕێگەی بۆ دەرکەوتنی هۆشیاریی نەتەوەیی و ناسیونالیزم و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆش کرد.
ئێرنێست ڕێنان، مێژوونووسی گەورەی فەرەنسی لە وتارێکدا کە لە ساڵی 1882 لە زانکۆی سۆربۆن پێشکەشی دەکات بە تێروتەسەلی پێناسەی نەتەوە دەکات کە لێرەدا چەند دێڕێکی دەهێنمەوە. «نەتەوە ڕۆحێکە. پرەنسیپێکی ڕۆحییە. دوو شت ـــ کە لە ڕاستیدا هەر یەکن ـــ ئەو ڕۆحە یان ئەو پرەنسیپە ڕۆحیانەت پێکدەهێنن: یەکیان ڕیشەی لە ڕابردوودایە، یەکیان لە ئێستادا. یەکیان خاوەنداریەتێکی هاوبەشە، خاوەنداریەتی میراتێکی دەوڵەمەندی بیرەوەرییەکان. ئەوی دیکەشیان ڕەزامەندی ئێستا و ئەمڕۆیە، ئاواتی پێکەوە ژیان، ویست و ئیرادەی بەزیندووڕاگرتنی بایەخی ئەو میراتەی بە شێوەیەکی دابەش نەکراو بۆ مرۆ ماوەتەوە. نەتەوە، وەک تاکەکەس ترۆپکی ڕابردوویەکی دوور و درێژی کۆشش و هەوڵدانە، بەختکردن و لەخۆ بووردنە… نەتەوە نیشانەی ڕابردوویەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا پوختە کراوە بە هۆی ڕاستییەکی ئاشکرا و هەستپێکراوەوە واتە پێملبوون بە ئاواتێکی ڕاشکاوانە بۆ درێژەپێدان بە ژیانێکی هاوبەش». هەندێ لە بیرمەندان، ڕەگەزی ئایینیش بە پێکهاتەی نەتەوە زیاد دەکەن بەڵام هەندێکی دیکە ئەمە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن پەیڕەوانی ئایینێک دەتوانن لە چەندین نەتەوەی جۆراوجۆر پێک بێن. هاوسۆزی بۆ وەڵات یا قەڵەمڕەوێکی جوگرافیاییش، بە فاکتەرێکی بەهێزی دروستبوونی نەتەوە و یەکگرتنی گەلانی جۆراوجۆری وەڵاتێک دادەنرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
پارە سپی کردنەوە
پرۆسەی گۆڕینی پارەیەک کە سەرچاوەی بەدەسهێنانەکەی نایاسایی بێت بۆ دارایی و داهاتێکی یاسایی. بۆ وێنە پارەیەک کە لەڕێگەی قاچاخیکردن بە مادەسڕکەرەکان، خواردنەوەی ئەلکحول، تیرۆریزم، بەرتیلدان و کاری ناڕەوای دیکە بەدەست هاتووە. ئاریشەی شووشتنەوەی پارە، کاتێک سەر هەڵدەدا کە ئەم جۆرە پارانە لە سیستەمی ئابووری و دامودەزگە ماڵییەکانی وەڵاتێکدا بکەونەگەڕ. سەرچاوەی بەکارهێنانی ئەم زاراوە یەکەم جار، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مافیا بەسەر تۆڕێکی جلشۆریی مەکینەیی ئەمریکی لە دەیەی 1930. لەو ساڵانەدا گانگەسترێک بە ناوی «ئال کاپۆن»، پارەیەکی زۆری کە لەڕێگەی دەستبڕی و چەتەیی، قومار، تاوان، قەحبەگەری و قاچاخکردن بە مادەسڕکەرەکان بەدەستی هێنابوو، لە جلشۆرخانەکان خستییەگەڕ تاکوو سەرچاوەی بەدەستهێنانەکەی ون بکات و کەس نەزانێ چۆن ئەو پارەی بەدەست هێناوە.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
کۆمپانیای فرەنەتەوە
کۆمپانیا فرە نەتەوەکان، لە ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێن کە بەهۆی پەرەپێدان و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئابووری جیهان دەگێڕن. ئەم کۆمپانیانە پەرە دەدەن بە چالاکی بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت لە وەڵاتانی ڕووەوپەرەسەندن و لقێکی لاوەکی کۆمپانیاکە لەم وەڵاتانە دادەمەزرێنن، بۆ نموونە کۆکاکۆلا. ئەم کۆمپانیانە ئەمێستا، بوونەتە دێوەزمەیەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و لەم وەڵاتانەدا وەها ڕیشەیان داکوتاوە کە دیاریکردنی ڕەگەز و نەتەوایەتیان کارێکی دژوارە. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سەرمایەدانان لەم وەڵاتانە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی سروشتی و وزەی کاری هەرزان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن و لەم ڕێگەدا بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتەکان دەخەنە مەترسییەوە. گەورەترین ناوەندەکانی ئەم کۆمپانیانە لە وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسی و ژاپۆن جێگیر بوون.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
یەکێک لە لقەکانی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1946 بەپێی بەندی 68 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لە یەکەمین هەنگاوی خۆیدا بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤی دەرکرد. بە هۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە لە ئاست مەسەلەکانی هاوپێوەند لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زەمانەتی جێبەجێ کردنیان نەبوو، لە ساڵی 2006 هاوکات لەگەڵ پیادەکردنی هەندێ ڕیفۆرم لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کۆمیسیۆنە پەرەی پێدرا و بە «ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان» ناوی گۆڕا کە تێیدا وەڵاتانێکی زیاتر بوونە ئەندام.
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لێ پرسینەوە
ئەم کۆمیسیۆنە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان. هەر کاتێک کێشە یان قەیرانێک بێتە ئاراوە، چەند کەسێک (بە ناوی کۆمیسێر) ڕادەسپێرێت لە کێشەکە بکۆڵنەوە. کاری ئەم ڕاسپاردانە «دەرخستنی ماهییەت و چۆنییەتی مەسەلەکەیە» و مافی ئەوەیان نییە لەمەڕ بەرپرساریەتی کەسەکان هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکەن. تەنیا وەڵاتانی هاوپێوەند لەگەڵ کێشەکەدا بۆیان هەیە لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە تێبگەن و مەسەلەکە لە نێوان خۆیاندا کۆتایی پێ بهێنن یا بیسپێرنە بەردەم دادوەرێک.
ئەم شێوازی چارەسەرییە، دەرەنجامی کۆنفرانسەکانی ئاشتی لاهای بووە کە لە بەندی 9 تا 36 ڕێککەوتننامەی ژمارە یەک، ڕێکەوتی 18 ئۆکتۆبەری 1907 باسی لێکراوە. بەپێی ڕێساکانی لاهای، بۆ وەگەڕخستنی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە، دەبێ ئەم ڕێسایانەی خوارەوە لەبەر چاو بگیرێت:
1) بابەتی کاری ئەم کۆمیسیۆنە ڕووخستنی چۆنییەتی کێشەکەیە.
2) بەکارهێنانی ئەم شێوازە دڵخواز و ئازادانەیە.
3) ئەم کۆمیسیۆنە بەپێی بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی تایبەت دادەمەزرێت.
4) ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بە سەر وەڵاتانی پەیوەندیدار داناسەپێ و لایەنەکانی کێشەکە لە چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلەکەدا سەرپشکن.
کۆمەڵگەی کراوە
ئەم زاراوە لە لایەن کارۆل پۆپێر فەیلەسووفی نەمسایی لە کتێبی «کۆمەڵگەی کراوەودوژمنەکانی» (1945) بۆ پێناسە کردنی کۆمەڵگەیەکی ئاواڵە هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا هەموو کەس بتوانێ بە شێوەیەکی سەمەربەخش لە دەسەڵاتداران ڕەخنە بگرێ. پۆپێر بە نەقڵکردنی ئەم گوزارەی پریکلێس لەگەڵیا هاودەنگە کە دەڵێ: «ئەگەرچی تەنیا دەستەیەکی کەم، سیاسەت بەرهەم دێنن بەڵام هەموومان دەتوانین لە بارەیەوە دادوەری بکەین». ئەمەش بە مەرجێک بە ئەنجام دەگات کە هێرش بکرێت بۆ سەر ئیستبداد و هایراکی «داخراو»ی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ئیجازە بە کەس نادات بەپێی لێوەشاوەیی و کارامەیی بەرەو پێشەوە بڕوات.