تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دەنگۆ+ قسەڵۆک
دەنگۆ، بە هەواڵێک دەگوترێ کە سەرچاوەیەکی ڕوون و ئاشکرای نییە و بەڵگەی پێویست لەسەر ڕاست و ڕەوابوونی بەدەستەوە نەبێت. لە ڕوانگەی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتییەوە، کاتێک کۆمەڵگە لەمەڕ بابەتێک بێ هەواڵ دەمێنێت، ڕێگە بۆ قاوداخستن و سازبوونی دەنگۆ خۆش و لەبار دەبێت. بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک جەماوەر لە ئاستی شتێکدا هەستی ببزوێ و لەسەر ئەو بابەتە هیچ هەواڵێک بڵاو نەکرایەوە، ئینجا قاوداخستن و دەنگۆ بازاڕی گەرم دەبێت. وێدەچێ دەنگۆ پتر لەو کۆمەڵگەیانە ڕوو بدات کە میدیاکان دەورێکی چالاک نەبینن لە ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا. دەنگۆ، دەماودەم بڵاو دەبێتەوە و لە هەر گوتنەوەیەکدا کورت دیکە دەبێت و ئاسانتر لێی تێدەگەن.
دەوڵەتی جەنگی
بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لە کاتی قەیران و بە تایبەت لە کاتی شەڕدا بەخێرایی و یەکگرتووییەکی پتەو بتوانێ ئیش بکات بە ناچار، دەوڵەتەکەی بە حاڵەتی جەنگی ڕادەگەیەنێ تاکوو بە دەسەڵاتێکی بەرفرەوانەوە بە دامودەزگە حوکوومییەکان ڕابگات. بەم بۆنەوە لە چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی تایبەتی دەست وەردەدا و ئازادی تاکەکەس، سنووردار دەکات.
فرەدەنگی سیاسی
1- هەبوونی دەنگی جۆراوجۆر و بە ڕەسمییەت ناسینی گروپی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری جۆربەجۆر لە کۆمەڵگە یان کەشوهەوایەک کە تێیدا هیچ گروپێکی سیاسی، کەلتووری، ئایینی و ئەتنیکی تایبەت، دەسەڵات پاوان نەکات.
2ــ بڕوا هێنان بەوەی تاک، خاوەنی حەز و عیلاقاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی جۆربەجۆرە و دەبێ لە لایەن حکوومەتەوە بەهەند بگیردرێ و دەسەڵات لە نێوان بۆچوون و لایەنە سیاسییەکان دابەش بکرێت. ئەم قوتابخانە لە سەربەخۆیی دەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەسەڵاتی حکوومەت پشتگیری دەکات تاکوو حکوومەت نەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها و دوور لە بەرپرسایەتی.
3ــ فەلسەفەیەکی سیاسی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە لایەن لیبراڵ و سۆسیالیستە ئینگلیزییەکان ئاڕاستەکرا کە پێیوایە دەبێ دەسەڵات لە نێوان لایەن و دەزگە کۆمەڵایەتییەکان دابەش بکرێت و کۆمەڵگە بە تەواوەتی نەچێتە ژێر ڕکێفی چین یان یەکەیەکی سیاسی تایبەتەوە.
فۆرماسیۆن: بڕوانە پێکهاتن.
مانگرتن
ئەم وشە لە ناوی لێواری دەریایەکی فەرەنسی بە ناوی (پلاژدو گروــ (Plage de greve گیراوە کە کرێکارە بێکارەکان تێیدا ئاپۆرەیان دەبەست.
لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای دەست لەکارکێشانەوەی کرێکاران یا کارمەندانی دەزگەێیکی ئابووری یا ئیداری یا خزمەتگوزارییە بۆ وەرگرتنی مووچە یان داوای زیادکردنی. مانگرتن لە دوای شوڕشی پیشەسازییەوە سەری هەڵدا و چینی کرێکار کە لەو شۆڕشەدا لەدایک بوو، بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی لە بەرانبەر کاربەدەستاندا ئەم بزووتنەوەی ڕێکخست و لەم ڕێگەوە مافەکانی خۆی دەستەبەر دەکرد.
لە سەرەتا دا دەوڵەت و خاوەن کارەکان، بە شێوازی جۆراوجۆر و تەنانەت بە یارمەتی هێزی پۆلیسەوە مانگرتنەکانیان تێکدەشکاند و سەردەستەی مانگرەکانیش غەڵتانی خوێن دەکران بەڵام لە میانەی سەدەی 19 بەملاوە بەپێی خەباتی لەپسان نەهاتووی کرێکاران، هێدی هێدی مانگرتن ڕواڵەتێکی یاسایی بەخۆوە گرت و کارمەندان و خوێندکاران و… تاد گرتەوە. ئینجا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان لە مانگرتن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی کەڵکیان وەرگرت. لایەنگرانی سەندیکالیزم و ئانارشیزم، مانگرتنیان وەک داردەستێک بۆ ڕوخاندنی دەوڵەت بەکار هێنا. لە مانگرتنی گشتیدا کرێکاران وفەرمانبەرانی تەواوی دەزگە ئابووری و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی وەڵاتێک، بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی یان پیشەیی خۆیان، دەستلەکار دەکێشنەوە. لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان بەپێی قانوون مانگرتن پاوان و قەدەغەیە.
لەم دەور و چاخەدا چونکە زۆر سەرنج دەدرێتە کۆمەڵ و کێشە ئابوورییەکانیش ڕەهەندێکی سیاسی لەخۆ دەگرن، جیا کردنەوەی مانگرتنی پیشەیی لەگەڵ مانگرتنێک کە ئاکامی سیاسی بە دواوە بێت، زۆر دژوار بۆتەوە.
هاوسەنگی سیاسی
هاوسەنگی سیاسی بریتییە لە بەرگری کردن لە دەستبەسەراگرتن و تەراتێنی زلهێزەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
هاوسەنگی هێزەکان
تیۆری هاوسەنگی هێزەکان لە سەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە کە دەسەڵاتی هەر گرووپێک لە وەڵاتانی ئەورووپا دەبێ لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی گرووپەکانی دیکە هاوسەنگ بێت تاکوو هیچکامیان نەتوانن بەسەر ئەویدی دا زاڵ بن و بەمجۆرە ئاشتی و ئاسایش مسۆگەر بکرێت. پاراستنی ئەم سیاسەتە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بوو لە میانەی ئاشتی درێژخایەن لە 1871 تا 1914 لە نێوان گرووپی وەڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و ئیتالیا و وەڵاتانی بریتانیا، فرەنسی و سۆڤیەت. پاش جەنگی جیهانی یەکەم تیۆری هاوسەنگی هێزەکان هاتە ناو مێژووی دیپلۆماسی و بریتانیا تا ساڵی 1939 لە بەرانبەر بەهێزترین وەڵاتی ئەورووپا واتە ئەڵمانیا، سیاسەتێکی نەرمڕەوانەی گرتەبەر. لە ساڵی 1945 بەملاوە هیچ هەوڵێک لە لایەن ئەم وەڵاتە بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێزەکان بە ئەنجام نەگەیشتووە بەڵام دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێستا زاراوەی هاوسەنگی هێزەکان لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا پتر بۆ دەسەڵاتی چەکداری و ئابووری زلهێزەکان لە ئاستی جیهانی یا ناوچەییدا دێتە ئاراوە. بۆ نموونە وەڵاتی هێندستان لە نیمچەکیشوەر و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە مەبەستی لایەنگرانی چەکداماڵین گشتاندنی ئەم سیاسەتەیە لە هەموو جیهاندا بە چەشنێک کە هیچ دەوڵەتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ وەڵاتێکی دیکە.
پلۆرالیزم - فرەدەنگی
ئەم زاراوە، ئەو تیۆریانە لەخۆ دەگرێ کە باوەڕیان هەیە بە فرەدەنگی لە کۆمەڵگەدا. فرەدەنگی لە سیاسەتدا بە مانای زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی حیزب، ئەنجومەن، ڕێکخراوە و گرووپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە یەک سیستەمدا. پلۆرالیستەکان پێیان وایە کە دەبێ مافی هەندێ دەزگە وەکوو خێزان و ئایین و ئەنجومەن و حکوومەتە خۆجێییەکان بە ڕێژەی دەوڵەت، زیاتر ڕەچاو بکرێ و دووپاتی دەکەنەوە کە دەوڵەت نابێ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات بەڵکوو ئەبێ چاودێرییەکی گشتی هەبێ و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
فرەدەنگی کارێکی وا دەکات خەڵک بەرەو حیزبایەتی و دامەزرانی ڕێکخراوەی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی و کەلتووری بچن تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هاوبەشیەوە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دابین بکرێ و ئیدارەی کۆمەڵگەش باشتر بەڕێوە بچێت. لە زاراوەی سیاسیدا بە زۆری بە واتای هەلومەرجێک پێناسە دەکرێت کە تێیدا هیچ گرووپێکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکی و کەلتووری تایبەت، حکوومەت نەکات. ئەم پانتایە ئەبێتە هۆی کێبەڕکێ و ململانێی نوخبەکان یا گرووپی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. لە وەها دۆخێکدایە کە کۆمەڵگەی فرەدەنگ یان پلۆرال لە دایک دەبێت.
مۆنتسکیو (1755-1689) پێی وایە پلۆرالیزم کاتێک سەمەربەخشە کە لەنێوان ئەندامانی حیزب و ئەنجومەن و یەکیەتی و تەنانەت کەمینە ئایینییەکان، کە بە لێبووردن و عەداڵەت ڕەفتار بکرێ و بۆ بیر و بۆچوون و دەنگی جیاواز ڕێز دابندرێ. ئەو لەگەڵ چەقبەستن و کۆجێبوونی دەسەڵات نەیار بووە و داوای لە دامودەزگە ناحکوومییەکان دەکرد کە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری بکەن.
پلۆرالیستەکان بە پێچەوانەی ئانارشییەکان، خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکوو پێیان وایە کە کارکردەکانی دەوڵەت، بە قازانجی کۆمەڵگەیە بۆ وێنە، ڕێکخستنی ئابووری و پاڕاستنی ئازادییە مەدەنییەکان و پاڕاستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئیدارەی سیاسەتی دەرەکی.
پڕوپاگەندە- بانگەشە
لە وشەی لاتینی propagare وەرگیراوە و بە واتای «بڵاوکردنەوە»یە. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای ڕاگەیاندنی ئەو واقیع و ڕووداوانەیە کە زێدەتر سیاسی بن یان بە دەمهەڵبەستنی ڕاپۆرتێک بەمەبەستی کارتێکردن لەسەر زەینی بیسەر بۆ هاندان بەرەو ئەنجامی کردارێکی تایبەت. لە پڕوپاگەندەدا زیاتر گرنگایەتی بە ئامانج دەدرێ، تاکوو ناوەڕۆک. پڕوپاگەندە، هەمیشە بووە بەڵام لە سەدەی بیست بەملاوە بەهۆی پەرەسەندنی میدیا و کەرەستەی ڕاگەیاندن وەکوو (ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە، سینەما و ئینتەرنێت) کارلێکی زیاتری پەیدا کردووە و دەوڵەتان و حیزب و گرووپی سیاسی، زیاتر لەسەر ئەم دیاردە لەنگەریان گرتووە و تەنانەت لە کۆمەڵناسیدا لقی ئەکادیمیشی لێ کەوتۆتەوە. حیزب و دەوڵەتانی فاشیستی و نازیستی و کۆمۆنیستی، بۆ بەدەسهێنانی دڵی ڕەشەگەل و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکانی جیهان بەرەو لای خۆیان توانایی زۆریان لەخۆ نیشان داوە.
کێشمەکێشی تەبلیغاتی لەنێوان دەوڵەت و حیزبە ڕاست و چەپیەکان، زاراوەی «شەڕی پڕوپاگەندەیی» و «شەڕی سایکۆیی» هێنایە ئاراوە. شەڕی پڕوپاگەندەیی لە قۆناخی شەڕی جیهانی دووهەم و سەردەمی شەڕی سارد*دا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی.
پڕوپاگەندە، لەم سەردەمەدا لەسەر دوو دیاردە بە باشی کاریگەری بووە:
1) بەدەسهێنانی زۆرترین ڕای گشتی* بە قازانجی دەوڵەتەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی.
2) بەکارهێنانی کەرەستە و ئامرازی تەکنیکی بۆ بە قەناعەتگەیاندنی کۆمەڵ.
کەواتە پڕوپاگەندە لایەنی تایبەتی شارستانییەتی هاوچەرخ لە ئەژمار دێ چونکە وەیلانی خڕکردنەوەی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بە دەوری فیکر و ڕێباز یا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەتەوە.
دریان کوور، لەنێوان پڕوپاگەندەکان چەند جیاوازی قاییل دەبێت:
1ــ هەڵگر: هەرشتێک کە بڵاو بکرێتەوە (واتە هەر شتێک کە هەڵگری باری تەبلیغاتی بێت) .
2ــ ئامرازی تەکنیکی: ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە و…
3ــ ناوەڕۆک و ناواخن: ئایدیۆلۆجیا، ئەندێشە، دروشم، زانیاری درۆ و…
4ــ ئامانج و مەبەست: فەرمانبردنی کوێرکوێرانە، سەرسپوردەگی، دژەپڕوپاگەندە، وەتەنپەرستی، وەفاداری بە حکوومەت.
کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا
ئەم زاراوە بە بزاوتێکی سیاسی ئەفریقای باشووری دەگوترێت کە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی ژیانی ڕەشپێستەکان لە ساڵی 1912 بنیاد نراوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1926 لەگەڵ کۆمەڵەی هێندییەکان یەکییان گرت تاکوو ببنە نەتەوەیەکی یەکگرتوو. کۆنگرەکە بە ڕێبەرایەتی سەرۆک لیتۆلی (67ـــ 1952) و بە سوود وەرگرتن لە شێوازی نەرم و بەدەر لە شەڕەنگێزی، خەباتی خۆیان بە دژی ڕەگەزپەرستی شێلگیرانەتر کرد بەڵام لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرەوڕووی توندوتیژی بوون و سەرکوت کران و لە ساڵی 1961 هەڵوەشێندرا. باڵی چەکداریی کۆنگرە ناسراو بە «شمشێری گەل» لە لایەن نیلسۆن ماندیلا (1918ـــ ) دامەزرا بۆ ئەوەی بەرپەرچی شەڕەنگێزییەکانی حکوومەت بداتەوە. ئەم بزاوتە لە وەڵاتانی دیکەی جیهان، نوێنەرایەتی سازکردبوو تاکوو ئەم وەڵاتانە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لەگەڵ خۆیدا هاودەنگ بکات و بتوانێ دەسەڵات بگەڕێنێتەوە بۆ ڕەشپێستەکان.
لە ساڵی 1990، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕوویاندا دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، چەند هەنگاوێکی بۆ لابردنی یاساکانی ڕەگەزپەرستی هەڵێنا. گرنگترینی ئەم هەنگاوانە کە لە لایەن دۆ کلۆرک، سەرکۆماری ئەم وەڵاتە (1990) ڕاگەیاندرا بریتی بوون لە:
ـــ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، بە شتێکی قانوونی ڕاگەیاندرا.
ـــ ڕزگار کردنی خێرای نێلسۆن ماندیلا ڕێبەری کۆنگرە لە بەندیخانە. (ماندیلا، لە ساڵی 1962 پاش گەڕانەوەی لە کۆنفرانسی«بزاڤی ڕزگاری و یەکیەتی ئەفریقا» کە لە ئادیسابابا بەڕێوە چوو، بە تاوانی بەزاندنی سنوور، دەکەوێتە بەندیخانە و ماوەی 28 ساڵ لە زیندان دەبێت).
لە ساڵی 1994، یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراتیک لە ئەفریقای باشووری بەڕێوە چوو. کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشووری زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەبێتەوە و نێلسۆن ماندێلا وەک سەرکۆمار دیاری دەکات. بەڵام پاش ماوەیەک، ماندێلا کورسی دەسەڵات بۆ کەسانی دیکە جێدەهێڵێت و لە سیاسەت دوور دەکەوێتەوە، هەر بۆیە وەک کەسایەتییەکی ناوداری ئەفریقا و جیهان دەمێنێتەوە.
گانگستر
ئەم زاراوە لە دوو وشەی Gang بە واتای دەستە و گرووپ و Ster بە واتای ڕێنوێن و بەشداربوون هاتووە. سەرجەم، واتای گرووپی خراپکار و ئاژاوەگێڕ و تێکدەر دەبەخشێ. گانگستریزم بە واتای لایەنگری کردنە لەو شێوازە.
شەڕ/جەنگ
بە هەموو جۆرە کردەوەیەکی قەهری و جەبری دەگوترێ کە دەوڵەتێک بەرانبەر دەوڵەتێکی دیکە بە ئەنجامی ئەگەێینێ تاکوو ئیرادە و ویستی خۆی بەسەرا داسەپێنێ. بەڕای کلاوزویتز، تیۆری داڕێژی بەناوبانگ،«شەڕ دەوامەی سیاسەتە بە ئامرازێکی دیکە».
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە، شەڕ بەرەنگارییەکی بێڕەحمی ڕێکوپێکە کە لە بەینی دوو یان چەند کۆمەڵی سەربەخۆ ڕوو دەدات. شەڕ لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بە هۆکارگەلێکی وەک غەنیمەت و تاڵانی و ترس لە بێگانە و خۆنوێندن و تۆڵەسەندنەوە هەڵگیرساوە بەڵام لە ئێستادا شەڕ دەرەنجامی هۆکاری تیۆری و پراکتیکی ئاڵۆزە. چۆنیەتی شەڕ پێوەندیەکی زۆری هەیە بە ئاستی تەکنۆلۆجییەوە. لەم چاخەدا شەڕ مەترسییەکی گەورەی بۆ مرۆڤ بەدی هێناوە چونکە چەک و تەقەمەنییەکان، هێزێکی خاپوورکەری سەرسوڕهێنەریان هەیە و لەوانەیە شەڕێکی بچووک ببێتە هۆی تێوەگلانی چەند وەڵاتێکی دیکەیش.
شەڕ بە چەند شێوە دێتە کایەوە کە بریتین لە: شەڕی ئاسایی (کە تێیدا لە چەکی ئەتۆمی کەڵک وەرناگیرێت). شەڕی ئەتۆمی (ئەم جۆرە شەڕە تاکوو ئێستا بێجگە لە هێرشی ئەتۆمی ئەمریکا بۆ سەر ژاپۆن لە کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، زیاتر وەک مەترسیەک ناوبردە کراوە). شەڕی کیمیاوی (لەم شەڕەدا دوو لایەن، بە مادەی جۆراوجۆری کیمیاوی هێرش ئەکەنە سەر یەکتر. شەڕی بایۆلۆجیکی (ژینگەیی)، لەم شەڕەدا بە بڵاو کردنەوەی ڤایرۆس و میکرۆب هێرش دەکرێتە سەر دوژمن. شەڕی گەریلایی یان چریکی (لەم شەڕەدا ڕێوشوێنێکی ڕێکوپێک لە ئارادا نییە و لە ناوخۆی دەوڵەتێک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم هەڵدەگیرسێ). شەڕی سایکۆلۆجی (دەروونی) لەم شەڕەدا بۆ شکاندنی ورەی دوژمن لە پڕۆپاگەندە کەڵک وەردەگیرێ. شەڕی ڕێکخراو (منڤم) لەم شەڕەدا سوپای دوو لایەنی شەڕ بە شێوەیەکی ڕەسمی و ڕاستەوخۆ چەکی قورس بەدژی یەکتر بەکار دەهێنن. شەڕی سارد (ئەم شەڕە دوژمنایەتیەکی نێو نەتەوەییە کە تێیدا لە هەموو شتێک بێجگە لە توند و تیژی و پێکدادان کەڵک وەردەگیرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی).
تایبەتمەندییەکانی شەڕ
1ــ شەڕ دەبێتە هۆی «خەباتی چەکدارانە لە نێوان وەڵاتەکان» دا. بە پێچەوانەی شەڕی ناوخۆ و شەڕ بەدژی ئاژاوەگێڕ و دز و جەردە، لە شەڕدا دەبێ ململانێی گشتی و بگرەوبەردە بێتەکایەوە. ئەندێشەی جەنگ، لە مێشکی بیرمەندانێکی وەک ڕۆسۆ لە کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی (1762) شرۆڤە و پێناسە کراوە. ئەو دەنووسێ: شەڕ بە هیچ جۆرێک پێوەندی مرۆڤێک نییە لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەدا بەڵکوو ئەمە پێوەندی وەڵاتێکە لەگەڵ مەملەکەتێکی دیکە. لە شەڕا مرۆڤەکان تەنیا بە ڕێکەوت وەک هاووەڵاتییەک بەرەورووی یەکتر دەبنەوە و کەس وەک پارێزەر و هاونیشتمانییەک لەگەڵ کەسی دیکەدا نابێتە دوژمن.
2ــ جاری وا هەیە شەڕ بەپێی مافە نێونەتەوەییەکان هەڵدەگیرسا. لەم ڕووەوە شەڕ شتێکی مەرجدارە واتە بە هەڵگیرسانی شەڕ کۆمەڵێک ڕێسا و مافی دیاریکراو لە هەمبەر دوو لایەنی تێوەگلاوی شەڕەکە دێتە کایەوە کە دەبێ هەر دوو لایەن بەئەستۆی ببن. شەڕ لە وەها کەشێکدا دەبێتە کردەوەیەکی مافپەروەرانە.
3ــ شەڕ بە مەبەستی سەلماندنی ئامانجێکی سیاسی یان «مەبەستێکی نەتەوەیی».
کۆمین تانگ
کۆمین تانگ، ناوی پارتی نیشتمانی گەلی چین بوو کە لە ساڵی 1911 لە لایەن سون یات سون، دامەزرا تا بە دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی تاکڕەو و کۆڵۆنیالیستی وەڵاتی چین خەبات بکات. پاش ماوەیەک بە هۆی چالاکییەکانی ئەم حیزبە، ڕژێمی پادشایی منچۆ ڕووخا و حکوومەتی کۆماری چین لەو وەڵاتەدا بنیاد نرا. پاش مردنی سون یات سون، لە ساڵی 1925، چیانگ کای شک، ڕێبەرایەتی حیزبەکەی بەدەستەوە گرت و لە ڕواڵەتدا حکوومەتێکی نوێی بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی چین پێکهێنا و پاشان زەمینەی بۆ سەرۆک کۆماریی خۆی خۆش کرد و کەوتە دژایەتی کردن لەگەڵ کۆمۆنیستەکان. چیانگ کای شک، حیزبەکەی کردە باڵێکی ڕاستڕەو و لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزی کرد و لە ساڵانی 1937 تا 1945، بە دژی ژاپۆنییەکان کەوتە جەنگەوە و لە گەرمەی جەنگی دووهەمی جیهانیدا ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمین تانگ و حکوومەتی چینی لە ئەستۆدا بوو. بەڵام لە ساڵی 1948 لە بەرانبەر حیزبی کۆمۆنیستدا شکا و بە ناچار لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی بەرەو دوورگەی تایوان (فورموز) پاشەکشەی کرد و لەوێ حکوومەتی نیشتمانی چین (تایوان)ی دامەزراند. چیانگ کای شک، هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڕۆژێک دێت هێرش بکاتەوە سەر چین. کێشەی نێوان تایوان و چین هەتا نووکەش هەر بەردەوامە و دەوڵەتی چین هەمیشە تایوان بە بەشێک لە خاکی وەڵاتەکەی دەزانێ و هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی ڕەسمی دانی پێدا نەناوە. ئەم مەسەلە بۆتە هۆی کێشە لە نێوان پێوەندییەکانی وەڵاتی چین لەگەڵ وەڵاتێکی بەهێزی وەک ئەمریکا. بۆیە لە ساڵی 2009 کاتێک ئەمریکا چەک و تفاقی جەنگی فرۆشت بە تایوان، چین ڕووی لەم وەڵاتە گرژ کرد و کەوتە هەڕەشە لەمەڕ دەوامەی پێوەندییەکانیان.