تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
قەیرانی سۆشیالیزم
ئەم زاراوە داتاشراوی لایەنگرانی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە: یەکەم، پێشبینی مارکسییەکان لەهەمبەر ڕووخانی سەرمایەداری لە هەناوی خۆیدا نەهاتە دی و لە ڕاستیدا وەڵاتانی سەرمایەداری ڕەوتی پێشکەوتنی گەشاوەی ئابووری و پیشەسازی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە و بوونەتە مەکۆی شارستانەتیی پێشکەوتن خواز. دووهەم، وەڵاتانی سۆشیالیستی نەک هەر نەیانتوانیوە گەشە بدەن بە ئابووری خۆیان بەڵکوو پێویستییان، بە مادەی خۆراکی و تەکنۆلۆژی وەڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژاوا هەر بەردەوامە. هەندێکیش دوابەدوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ساڵی 1989 ئەورووپای ڕوژهەڵات و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت (لە ساڵی 1991)، مەرگی ناوەختی کۆمۆنیزمیان هێنایە ئاراوە.
ماکیاڤیلیزم
تیۆرییەکی سیاسییە کە لە لایەن سیاسەتمەداری ئیتالیایی، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی (1527ـــ 1469) داڕێژراوە. ماکیاڤیلی، نووسەر و مێژونووسێکی بەناوبانگ و سکرتێری حکومەتی کۆماری فلۆرانس بووە کە لە ماوەی ژیانیدا گەلێک ئەرکی سیاسی ئەنجامداوە بەڵام پاش ماوەیەک لێی کەوتنە گومان و لەسەر کار لایانبرد. ئەویش هەموو کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ نووسینی کتێبێک بە ناوی میر (prince). ئەو لەم کتێبەدا گەیشتن بە دەسەڵات بە ئامانجی کردەوەی سیاسی دەزانێ و بە هێچ بەربەستێکی ئەخلاقی نایبەستێتەوە. بۆیە پێیوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، دەکرێ لە هەر شتێک کەڵک وەربگیردرێت و نابێ بە هیچ کلۆجێک ئەخلاق لەگەڵ سیاسەتدا تێکەڵ بکرێت. لە ڕوانگەی ماکیاڤیلیستیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەکرێ پشت بە هەر ئامرازێک ببەسترێ تەنانەت ئەگەر ناپەسند و دزێو بێت و لەم بارەوە پابەندی بە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بایەخی نییە.
ئەم بیرۆکەی ماکیاڤیلی، پاشان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکاردەهات کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە هیچ تاوانێک سڵیان نەدەکرد و هەندێ جاریش زاراوەکە بۆ دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ستەمگەر بەکار دێت. ماکیاڤیلی پێی وایە کە ئەگەر دەسەڵاتدار حەز بە مانەوە دەکات نابێ لە هەر شێوازێکی خۆپەرستانە و تاکڕەوانە و نامرۆڤانە خۆی بپارێزێت چوونکا ئەگەر وا نەبێت، ناتوانێ دەوڵەتەکەی ڕابگرێ.
ماکیاڤیلی کە لە سیاسەتدا ڕیالیزمی گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی، لە نێوان مەسەلە سیاسییەکان و گرفتە ئایینیەکان جیاوازی قایل بووە. مەبەستی سەرەکی ئەو مانەوەی دەوڵەت بووە و حکومەتی کۆماریی بە مەرجێک پەسند دەکات کە جەماوەر بە گشتی بگەنە ئاستێکی باڵای عەقڵانی. ئەگەرچی ماکیاڤیلی کەسێکی دیموکرات نەبووە بەڵام پێی وابوو کە جەماوەر دەبێ لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەورێکی باڵا بگێڕێت تاکوو دەوڵەت بتوانێ لەباری سیاسییەوە سەقامگیر بێت. ئەو پێی وابوو کە بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆریش، لەناوبردنی حکوومەتێکی دیموکراتی لێوەشاوە، کارێکی دژوار دەبێت.
خۆلاسە، جیهانبینی ماکیاڤیلی بۆ ماوەی چوار سەدە لە مێشکی خەڵکدا هاوواتا بووە لەگەڵ زۆرداری و نەگریسی و خەیانەت. بیرداڕێژی ئەم قوتابخانە، بە نموونەی سیاسەتمەدارێکی مووقەڵاش بەڵام مەکراوی و فێڵباز ناسراوە.
ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم لە وشەی nation بە واتای نەتەوە وەرگیراوە کە ئەویش لە ڕیشەی لاتینی nasci بە مانای لەدایک بوون سەرچاوەی گرتووە. بە گشتی بە لایەنگرانی بیروباوەڕێک دەگوترێ کە پشتگیری لە دابونەریتە نەتەوەییەکانی خۆیان دەکەن تاکوو خاوەنی یەک زمان و فەرهەنگ و ئایین بن و لە قەڵەمڕەوی یەک وەڵاتدا بژین. ناسیۆنالیزم لە قامووسی یاسای نێودەوڵەتیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی کە پێیوایە دەبێ نەتەوە، یەکەم هۆکار بێت بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی دامودەزگە سیاسییەکان بە تایبەت وەڵاتەکان. لەم ڕوانگەوە ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی دامەزرانی وەڵاتێک یا بە ڕەسمییەت ناسینی مافە نەتەوەییەکانی گرووپێکی تایبەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا.
ئەم زاراوە کە ڕاستەوخۆ دەلالەتێکی سیاسی لەخۆ دەگرێ، لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، جێی خۆی لە زمانە ئەورووپییەکاندا کردەوە. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو هەوڵ و دەوڵێکی زۆر دراوە بۆ پێناسە کردنی ئەم زاراوە کەچی هێشتاکە مانایەکی هەمەلایەن و شیاو بۆ ئەم زاراوە بەدەستەوە نەدراوە.
هەندێ لە زانایانی سیاسی پێیان وایە کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی کۆن و مێژووییە کە لە سپێدەی دروستبوونی کۆمەڵگە و بەرەبەیانی مێژووەوە سەری هەڵداوە. بۆ کۆڵینەوە لە ڕیشەکانی ناسیۆنالیزم، زۆربەی نووسەران ئاماژە دەدەن بە چەشنێک هۆشیاری و هەستێکی نەتەوەیی کە لە نێوان گەلانی یۆنانی و کەلیمی لە ئارادا بووە. ناسیۆنالیزمی یۆنانی بە دابەشکردنی مرۆڤ بە «یۆنانی و بەربەر» ، بەرجەستەتر بوو لە ناسیۆنالیزمی کەلیمی کە مرۆڤی بە «جوولەکە و بتپەرست» دابەش ئەکرد. نەتەوەی بەرجەستە لای یۆنانییەکان ڕەنگی ئایینیی لێ نەنیشتبوو بەڵام لای جوولەکەکان، نەتەوەی باڵا ڕواڵەتێکی تەواو ئایینی هەبوو. یەکەم جار لە سەدەی پێنجەمی پ.ز، سۆفیستەکان لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی توندڕەودا دەنگیان هەڵبڕی. دواتر «رواقیون» لە ڕێبازە فەلسەفییەکەی خۆیاندا لەسەر جیهانی بوونی مرۆڤ و نەبەستنەوەی بە کیانێک یان نەتەوەیەکی تایبەتەوە جەختیان دەکرد.
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی نوێ وەک بزاوتێکی جڤاکی دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی «پیوریتەنەکان»ی بریتانیا لە نیوەی یەکەمی سەدەی 17. لەمەوپێش، نووسەرانێکی وەک «ماکیاڤللی» و «جان بودن» بەرهەمە ناسیۆنالیستیەکانی خۆیان تەنها بۆ پاشایان و میران دەنووسی. پیوریتەنەکان ئامانجی خۆیان لە سەر بنەمای ناسیۆنالیزمی کەلیمی و ئامۆژگارییەکانی «عهد عتیق» دارشتبوو. خۆشیان بە «خەڵکانێکی ناوازە» دەزانی کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێبازەیان پێ سپێردراوە. ئەوان لە یەکەم هەنگاودا دەستیان دایە نووسینی یاسایەکی بنەڕەتی بۆ بریتانیا و داوایان لە جەماوەر کرد کە گوێی بۆ ڕادێرن تاکوو هەست بە یەکیەتی بکەن و یەک بگرن. ئەم بزاوتە بووە هۆی لەناوچوونی پێوەندییە بنەماڵەیی و ناوچەییەکان و نەهێشتنەوەی ملکەچی بە پاتشا و پاپاکان کە ببوە لەمپەرێک لە نێوان تاک و نەتەوەدا.
پەیمانی وێستفاڵی و شۆڕشی مەزنی فرەنسی دوو هۆکاری سەرەکی بوون کە لە سەر ناوەرۆک و قەبارەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخ کاریگەرییان دانا. یەکەمیان لەسەر دەرکەوتنی سیستەمی نوێی بەرێوەبردنی وەڵات و ئەوی دیکەش، بەخشینی ناواخنی جڤاکی بە ڕواڵەتی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتەکانی چاخی نوێی بۆ دەوڵەتی نەتەوە گواستەوە. شۆڕشی فرەنسی لە دوو لاوە لە سەر ناوەرۆکی ناسیۆنالیزمی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە کاریگەری دانا: یەکەم، بە ئاڕاستەکردنی تێزی دەسەڵاتی خەڵکی لە لایەن «ڕۆسۆ» وە چەمکی نەتەوە لە شەخسی پاتشاوە گواسترایەوە بۆ خەڵکی ئاسایی و ناسیۆنالیزمی نوخبەپەروەر و حکوومەتی ڕەهای سەدەی حەڤدە، بوو بە ناسیۆنالیزمی دیموکراتی و دابەشکراوی سەدەی هەژدە. دووهەم، بیروبڕوا سکۆلاریستیەکانی سەرەتای ڕێنسانس کە ماوەیەکی درێژ لە ژێر کاریگەریی بزاوتی ڕیفۆرماسیۆندا بوو، بۆ جارێکی دیکەش لە لایەن شۆڕشگێڕان زیندوو کرایەوە و سەرەنجام نەریت و هێما ئایینی و گەردوونییەکان جێی خۆیان دا بە نەریت و کەلەپووری نەتەوەیی. بە هۆی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم و بەهێز بوونی لە ئەورووپادا سەدەی نۆزدە بە «سەدەی ناسیۆنالیزم» ناوبردە کراوە.
ناسیۆنالیزمی سەدەی نۆزدە، ئایدیۆلۆژیای سیاسییە ڕاستڕەوەکان و چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵگە ئەورووپییەکان بووە و چەمکی نەتەوەش لەم چاخەدا تەنها بۆ ئەم تاقمە مومتازە بەکار دەبرا. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە لە یەک شوێندا لە بەرانبەر سۆشیالیزم، شیر و تیری نیشان داوە ئەویش لە بزووتنەوەیەکی جیهانی کە هەموو کرێکارانی پیشەسازیی و جووتیارانی هەژاری لەخۆ دەگرت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی ئەم چاخە، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کولتووری بووە کە ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بزاوتی «رۆمانتیزم» و بزووتنەوەی مێژووگەرێتی ئەڵمانیا و بیرمەندانێکی وەک «هێردێر» و «فیختە».
بڕەوپێدان بە بیرگەلێکی دەسکردی وەک باڵادەستی ڕەگەز و زمان و یەکپارچەکردنی زمان و «پەروەردە» و بەهێزکردنی سنوورەکان و تۆقاندنی خەڵک بە دوژمنێکی دەرەکی و هەروەها ئافراندنی پاڵەوانان و داهێنانی نیشانە و هێماگەلێکی وەک سروودی نەتەوەیی و ئاڵای نەتەوەیی بووە هۆی سەرڕێژبوونی هەستوسۆزی «ڕۆمانسییانە»ی جەماوەر.
لە سەدەی بیستەمدا ناسیۆنالیزمی ئەورووپی یەکێک لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی فاشیزم و جووڵانەوە تۆتالیتارییەکان بووە و هەروا پاڵنەرێکی بەهێزیش بووە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی وەڵاتانی داگیرکراو بەدژی داگیرکەران و بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش لە بەرانبەر فشار و زۆری دەوڵەتە ملهوڕەکان هاندەر بووە. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە بە «ناسیۆنالیزمی پۆزەتیڤ» لە قەڵەم دراوە کە پتر لە نێوان ئەو وەڵاتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیایی و ئیمپریالیستیدا ژیاون دەبیندرێ.
پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم، بۆ یەکەمین جار مێژوو کەوتە ناو قۆناغێکەوە کە تێیدا ڕێبازە ناسیۆنالیستیەکان بوونە فاکتەرێکی گەورە و بەرچاو. ناسیۆنالیزم، بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا بە خێرایی پەرەی سەند. لە ماوەی کەمتر لە 25 ساڵ پاش دامەزرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی ئەندامەکانی لە 51 نەتەوە گەیشتە 117 نەتەوە.
ناسیۆنالیزم، جۆرە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتییە بە مانای دڵبەندی بە نەتەوەیەک. ئەم هۆشیارییە پێی دەگوترێ «هۆشیاری نەتەوەیی». هۆشیاری نەتەوەیی، هەستی هاوخەمی و یەکگرتوویی بەدی دەهێنێت کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشی زمان و بایەخی ئەخلاقی، ئایین، ڕەگەز، ئەدەب، نەریتی کۆن، مێژوو، هێما و ئەزموونی هاوبەش. ناسیۆنالیزم هەروەها بەرپرسیارییەک لە بەردەم چارەنووسی نەتەوەیی و ئەمەگداری بە نیشتمان سازدەکات کە بەهێزترە لە وەفاداری بە خێزان. کەواتە خیانەت کردن بە وەڵات و«دەوڵەتی نەتەوەیی» لەگوێن خیانەت بە نەتەوە دێتە ئەژمار. ناسیۆنالیزم، تاکەکەس لە بەرانبەر داواکارییە نەتەوەییەکان (وەک پاراستنی سەربەخۆیی یان خەبات بۆ وەدەستهێنانی) یان هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانی و سەربەرزی نەتەوەکەی گاڵ دەدات و ئەو بە لێپرسراو دەزانێت.
بە گشتی ناسیۆنالیزم، ئایدیۆلۆژیایەکە کە «دەوڵەتی نەتەوەیی» وەک باڵاترین شێوازی پێکهاتەی سیاسی لە قەڵەم دەدات. گەشەکردنی ناسیۆنالیزم پەیوەستە بەو ساتەوەختە مێژووییەی کە تێیدا نەتەوەکان بوون بە یەکینەیەکی سیاسی سەربەخۆ و بنەمای «حاکمییەتی نەتەوەیی» پەسند کرا. لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەک خاوەنی کیانێکی تایبەتە، وەفاداری و گیانبەختکردن لە پێناوی ئەو خاکەدا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم لە ئەژمار دێت.
لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمدا زاراوەی ئینتەرناسیۆنالیزم، هاتۆتە ئاراوە کە ئەویش لە سەر بەرژەوەندی نەتەوە و ئەتنیکی جیاواز بە تێکڕایی جەخت دەکات. ئەگەرچی بیرۆکەی ئەنتەرناسیۆنال و تیۆری خەباتی چینایەتیش بڕەوی پەیدا کردووە بەڵام ئێستاش ناسیۆنالیزم وەک بەهێزترین وزەی سیاسی جیهانی هاوچەرخ لە ئەژمار دێت.
ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەک بە چەند شێوازێک دابەش دەکرێت کە بریتین لە:
1ــ ناسیۆنالیزمی لیبرال: هەندێ لە سۆشیالیستە ڕیفۆرمخوازە نوێباوەکان یا لایەنگرانی بازاڕ، ناسیۆنالیزم وەک زمانێک پەسند دەکەن. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە پتر لە بەها و بایەخە سەرەکییەکانی لیبرالی داکۆکی دەکات. لە زۆر بابەتەوە، «چواردە مادەی ویلسۆن» کە پاش شەڕی جیهانی دووهەم بڵاو کرایەوە، پێناسەی ناسیۆنالیزمی لیبرالی دەکات. ناسیۆنالیزمی لیبرالی ڕێز لە ماف و ئازادی گەلانی دیکە دەگرێ و گرنگی پێ دەدات. هەر بۆیە ئەو وەڵاتانەی کە پەیڕەویی لەم ڕێبازە دەکەن، وێڕای بەهەند گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاوکاری وەڵاتانی دیکەش دەکەن و ڕێز لە بەها و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەگرن.
2ــ ناسیۆنالیزمی کۆنەپارێز و سەربە نەریتی کۆن: ئەم قوتابخانە ناسیۆنالیستییە لە داڕشتنی بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کولتووریدا کاریگەری زۆرری هەبووە. بە باوەڕی کۆهن پلامناتز، ئەم ناسیۆنالیزمە لەگەڵ چەمکە کولتووریی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا پێوەندی و نزیکایەتی هەیە. بەم پێیە دابونەریتە کۆنەکان سەرلەنوێ پیادە دەکرێنەوە. پاڵنەری سەرەکی ئەم ئەندێشە، دژایەتی کردن بوو لەگەڵ چاخی ڕۆشنگەری.
3ــ ناسیۆنالیزمی توندڕەو: ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە بە باڵاتر دەزانێ، هەر بۆیە بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوە لە سەرووی نەتەوەکانی دیکە دادەنێ و لە ڕاستیدا پەڕگیرییەکی نالۆژیکی ڕەگەزی و نەتەوەییە کە دەستدرێژی کردن بۆ سەر نەتەوەکانی دیکەش بە ڕەوا دەزانێ. نموونەی ئەم ناسیۆنالیزمە، ڕژێمەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیا بوون بەر لە جەنگی دووهەمی جیهانی.
4ـــ ناسیۆنالیزمی سیاسی: مەبەست ئەوەیە کە هەر وەڵاتێک لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا ئازاد و سەربەخۆ بێت و هەر ڕژێم و حکوومەت و یاسایەکی پێویست بێ بۆ خۆی دەستنیشانی بکات. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە لە چاو سەدەی نۆزدەهەم لاوازتر بووە و ئەمڕۆ گەلان و وەڵاتانی بچووک هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی یەکێتییە ناوچەییەکاندا یەکبگرن، وەک یەکێتی ئەورووپا و کۆمکاری عەرەب.
نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.
پلۆرالیزم - فرەدەنگی
ئەم زاراوە، ئەو تیۆریانە لەخۆ دەگرێ کە باوەڕیان هەیە بە فرەدەنگی لە کۆمەڵگەدا. فرەدەنگی لە سیاسەتدا بە مانای زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی حیزب، ئەنجومەن، ڕێکخراوە و گرووپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە یەک سیستەمدا. پلۆرالیستەکان پێیان وایە کە دەبێ مافی هەندێ دەزگە وەکوو خێزان و ئایین و ئەنجومەن و حکوومەتە خۆجێییەکان بە ڕێژەی دەوڵەت، زیاتر ڕەچاو بکرێ و دووپاتی دەکەنەوە کە دەوڵەت نابێ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات بەڵکوو ئەبێ چاودێرییەکی گشتی هەبێ و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
فرەدەنگی کارێکی وا دەکات خەڵک بەرەو حیزبایەتی و دامەزرانی ڕێکخراوەی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی و کەلتووری بچن تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هاوبەشیەوە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دابین بکرێ و ئیدارەی کۆمەڵگەش باشتر بەڕێوە بچێت. لە زاراوەی سیاسیدا بە زۆری بە واتای هەلومەرجێک پێناسە دەکرێت کە تێیدا هیچ گرووپێکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکی و کەلتووری تایبەت، حکوومەت نەکات. ئەم پانتایە ئەبێتە هۆی کێبەڕکێ و ململانێی نوخبەکان یا گرووپی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. لە وەها دۆخێکدایە کە کۆمەڵگەی فرەدەنگ یان پلۆرال لە دایک دەبێت.
مۆنتسکیو (1755-1689) پێی وایە پلۆرالیزم کاتێک سەمەربەخشە کە لەنێوان ئەندامانی حیزب و ئەنجومەن و یەکیەتی و تەنانەت کەمینە ئایینییەکان، کە بە لێبووردن و عەداڵەت ڕەفتار بکرێ و بۆ بیر و بۆچوون و دەنگی جیاواز ڕێز دابندرێ. ئەو لەگەڵ چەقبەستن و کۆجێبوونی دەسەڵات نەیار بووە و داوای لە دامودەزگە ناحکوومییەکان دەکرد کە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری بکەن.
پلۆرالیستەکان بە پێچەوانەی ئانارشییەکان، خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکوو پێیان وایە کە کارکردەکانی دەوڵەت، بە قازانجی کۆمەڵگەیە بۆ وێنە، ڕێکخستنی ئابووری و پاڕاستنی ئازادییە مەدەنییەکان و پاڕاستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئیدارەی سیاسەتی دەرەکی.
پۆپۆلیزم - گەلپەروەری
بە مانای ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی مەفهوومی گەل یان خەڵک تا ئاستی چەمکێکی پیرۆز و باوەڕ بەوەیکە ئامانجە سیاسییەکان ئەبێ بەپێی خواست و ئیرادە و هێزی گەل ــ بە جیا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ــ دەستەبەر بکرێن.
پۆپۆلیزم، ئایدیۆلجیای ئەو کۆمەڵگە سیاسیە جڤاتی و داخراوەیە کە تێیدا کۆمەڵگەی مەدەنی پەرەی ستاندووە و بوونەتە مەترسییەک بۆ دۆخی سەقامگرتووی سیاسی. پەرچەکرداری دەوڵەت لە بەرانبەر ئەم مەترسییەدا ئەوەیە کە بێئەوەی بتوانێ کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەواوی سەرکوت بکات دەست دەکا بە هێنانە مەیدانی ڕەشەگەل بۆ لاوازکردن و گۆشەگیرکردنی ئەم کۆمەڵگە مەدەنییە. ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لە ڕاستیدا کۆمەڵگەیەکی قەیراناوی سیاسی داخراو و ناجڤاتییە کە لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بە ئایدیۆلۆژیای پۆپۆلیزم پێناسە دەکرێ.
لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دەوڵەت بە هەموو کەرەستە و هێما شەرعییەکانیەوە لە بەرانبەر بەهێزبوونی گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕادەوەستێ، بەڵام ئەم گرووپانە لەبەر هۆی جۆراوجۆر، بەهێزترن لەوەیکە دەوڵەت بتوانێ بە ئاسانی سەرکوتیان بکات. لە وەها کەشێکدا تیابردنی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەستەمە، بۆیە دەوڵەت بە هەرەوەز، ڕەشەگەل لە خۆی کۆدەکاتەوە.
قەیرانی شەرعیەت و هاوبەشی سیاسی لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا بە تەواوی خۆی دەردەخات. بە هەرەوەزکردنی کۆمەڵ تەنیا دەتوانێ ڕێگەچارەیەکی کاتی بێت بۆ ئەم قەیرانە. لە بواری شەرعییەتی سیاسیەوە ئەگەر حکوومەت بتوانێ هەستی ڕەشەگەل بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ، ڕەنگە تاڕادەیەک ناڕەوابوونی خۆی قەرەبوو بکاتەوە. ڕەشبگیری و هەڵخڕاندنی خەڵکی ساکار، نیشانەی لاوازبوونی حکوومەتە لە بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا. پۆپۆلیزم، ئایدیۆلجیایەکی دیاریکراو و گونجاوی نییە و لە هەر وەڵاتێکدا بە شێوازێک خۆی دەردەخات. ئەم ڕێبازە هەڵگری ئەم تایبەتمەندیانەن:
چەواشەکاری، پیرۆزکردنی کەسایەتی ڕێبەر (کاریزما)، دەمارگرژی، پشبەستن بە ڕەشەگەلی لەخۆبێگانە، نەبوونی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو، ڕیفۆرمخوازی، ناسیۆنالیزم و ئازادی سەندیکا و بزربوونی دیموکراسییەت. پۆپۆلیزم ڕەنگە چەپڕەو بێت یان ڕاستڕەو یا هیچکام بەڵام هەرچی بێت، خەسڵەتی کۆنەپەرستانە و گەڕانەوە بۆ بەهاکانی ڕابردووی هەیە.
ئەندێشەی پۆپۆلیستی، یەکەم جار لە 1860 بەملاوە لەنێوان ڕوناکبیرانی توندڕەوی سۆڤیەت بە سەرهەڵدانی ناردۆنیەکان (گەلپەرستان) هاتە ئاراوە. ئەمانە پێیان وابوو کە سۆڤیەت دەتوانێ بێئەوەیکە قۆناخی سەرمایەداری تێپەڕێنێ، بچێتە قۆناخی سۆشیالیزمەوە.
ڕەنگە گرنگترین نموونەی پۆپۆلیستی لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم، پێرۆن، دیکتاتۆری ئەرجەنتین بێت (بڕوانە پێرۆنیزم) . نزیکترین نموونەی پۆپۆلیزم بە سەردەمی ئێستە، بارودۆخی سیاسی هەشتاکانی سەدەی بیست (1980) ی بەرەی نەتەوەیی فەرەنسەیە بە ڕێبەرایەتی «جان ماری لۆپێن». بەگشتی ئەم شێوازە سیاسییە زیاتر لە وەڵاتانی ئەمریکای لاتین باوە.
هەندێ لە بیرمەندان بۆ وێنە، کۆرن هازێر، وەڵاتەکان بە نیسبەت پۆپۆلیسم وشیار دەکەنەوە و ئەم ڕێبازە بە مەترسییەک بۆ کۆمەڵگە دیموکراتیەکان لە قەڵەم دەدەن.
کەمالیزم
بریتییە لە ئایدیۆلۆجیا و ڕێبازەکانی مستەفا کەمال پاشا ناسراو بە ئاتاتورک (1938ــ1881)، یەکەم سەرۆک کۆمار و دامەزرانەری تورکیای نوێ. ڕێبازەکانی کەمالیزم کە بەردی بنچینەی حیزبی خەڵکیی تورکیا پێک دێنێت، بریتین لە: کۆماری خوازی، ناسیۆنالیزم، ڕیفۆرم خوازی، جیاوازی ئایین لە سیاسەت، سپاردنی کاروبار بە جەماوەر و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەسەڵاتدار و بەهێز. گرینگترین هەنگاوەکانی ئاتاتورک بۆ ڕۆژاوایی کردنی تورکیا، لابردنی چارشێوی ژنان، دانانی ناوی بنەماڵە بۆ خێزان، پەسندکردنی ڕۆژژمێری گریگۆری و گۆڕینی خەت بە لاتین بوو. کەمالیزم، پاش 75 ساڵ ئێستاش لەناو ڕێکخراوە کۆنەپارێزەکانی ئەم وەڵاتە وەک هێزەکانی ئەرتەش پشتیوانی زۆری لێدەکرێت. بەڵام ئەم ڕێبازە لەمەڕ سیاسەتی هاوچەرخی جیهانی و ئازادی ئابووری و زیندووبوونەوەی ئیسلامی سیاسی و کێشەی کورد لەم وەڵاتەدا بەرەورووی پرسیار بۆتەوە.