تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئازادیخوازی+ لیبرالیزم
بە کۆمەڵێک مێتۆد و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەگوترێ کە ئامانجیان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری ئازادییە بۆ تاکەکەس. بە لایەنگرانی وەها مەرامێک دەڵێن ئازادیخواز (لیبڕاڵ). ئازادیخوازی لەسەرەتادا لەگەڵ ناوی هەندێ حیزبی ئەورووپایی ئاوێتە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئەم زاراوە مانایەکی بەربڵاوتری لەخۆگرتووە و زیاتر نیشاندەری لایەنێک یا سۆنگەیەکی فیکرییە کە خاوەنی ئەم چەن پرەنسیپانەیە:
١) بەهەند گرتنی دەربڕینی ئازادانەی فیکری تاک، ٢) بڕواهێنان بەوەیکە دەربڕینی ئازادنەی فیکر بۆ تاک و کۆمەڵ بەسوودە. ٣) پشتیوانی کردن لەو دامودەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ڕێگە بۆ دەربڕینی ئازادانەی فیکر خۆش دەکەن.
ئازادیخوازی وەکوو سیستەمێکی تێکچنراو کە پڕ بووە لە ئامانج و ئایدیالی کردەیی، لە سەدەکانی 17و18 لە بەریتانیا سەری هەڵدا. پاشان لە وەڵاتانی دیکەش، حیزب و تیۆریگەلی ئازادیخواز هاتنەکایەوە کە ئەمانیش یان بۆ خۆیان گەشەیان کرد یا لاساییکەرەوەی نموونەکەی بەریتانیا بوون.
ئەندێشە و ئاکاری ئازادیخوازانە لەپێشدا لەسەر دوو زەمینە جەخت دەکات: یەکەم، وەڕەزبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازی دیکەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دووهەم، دەربڕینی ئازادانەی ئەندێشەی تاک.
هەوڵی تیۆری و سیاسەتی ئازادیخوازەکان ئەمە بووە کە ئەم دوو بنەڕەتە پێکەوە سازگار بکەن. هەوڵی لیبرالیزم لەپێشدا ئەوە بوو کە لە گەمارۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕزگار بین و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی، ئازادی و چاوپۆشی ئایینی بووە. ئازایخوازە ئەورووپییەکان لە باری ئایینییەوە یا بێباوەر بوون یا گوماندار یان دژ بە ئایین. هەموو ڕێبەرانی گەورەی جووڵانەوەی ڕۆشنبیری نوێ لەم تاقمە بوون و لە بەرانبەر دەسەڵاتی ملهوڕانەی قەشەکان ڕاوەستاون و لایەنگرییان لە "حکوومەتی عەقڵ " کردووە.
لیبراڵەکان، لایەنگری چاودێری کردنی دەسەڵاتی گشتین بە سەر کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە لە بەستێنی سیاسەت و کاروباری مەدەنی خوازیاری حکوومەتی قانوون و لە بەستێنی ئابووریشدا لە بازاڕی ئازادی ئابووری لایەنگری دەکەن. ئازادیخوازان، خوازیاری زامنکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتن و پشتیوانی خۆیان لە ئازادییە ناوچەیی و گرووپییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی لیبرالیزم، لایەنگری کردن لە ئازادی چالاکانەیە واتە ئەوەیکە تاک، دەرفەتی پەروەردەکردنی توانێیی و دەربڕینی ئازادانەی بیروبڕواکانی خۆی بۆ بڕەخسێ و لەم ڕێگەوە قازانج بگەێنێ بە کۆمەڵگە. بۆیە لیبراڵەکان لەسەر یەکسانی ماف و ئازادییەکان و نەمانی پاوانخوازی و ئیمتیازاتی سەرمایەداران ئەدوێن و لایەنگری لە چەسپاندنی یاسا بە سەر هەموو بنەمایەکی عەقڵیدا دەکەن. بەم پێیە ئازادیخوازان، بەگشتی پێشکەوتنخواز لە ئەژمار دێن چونکە لایەنگری پێشکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و پیشەسازییەکان بوون.
لیبراڵیزم، چ لە باری تیۆری و چ وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی، لە بەرایی" شۆڕشی مەزن"ی بەریتانیا لە ساڵی 1688 بە دژی جەیمزی دووهەم، تا ساڵی 1867 کە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە قانوون، بە تەواوەتی گەشەی کرد. ئەم ڕێبازە، لەسەرەتادا لە گوێن جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیستبداد، تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی یاسا و ئازادییەکانی تاک خەباتی ئەکرد. پاش ئەم قۆناخە، کەمتاکورتێک، ئەبێتە تیۆرییەکی ڕێکوپێکی ئابووری و سیاسی. ئازادیخوازی، هاوکات لە ئەورووپا ـــ بێجگە لە بەریتانیاــــ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیچمی گرت. بەڵام زاراوەی لیبراڵیزمی کلاسیک تەنیا بۆ لیبراڵیزمی بەریتانی بەکار دەبرێت.
لیبراڵیزمی بەریتانی لەپێشدا ڕووکاری ئازادیخوازی و چاوپۆشی ئایینی و چەسپاندنی یاسا و مافە سیاسییەکانی لەخۆ گرتبوو. شۆڕشی 1688 کە یەکەم شۆڕشی لیبراڵی مێژووە، ئەو ئازادییانەی کە لەماوەی یەک سەدە بە دەست هاتبوون، مسۆگەری کرد و ڕواڵەتێکی قانوونی پێ بەخشی. ئەو لیبراڵیزمەی کە لە 1689 بانگەشەی بۆ ئەکرا، لە بنەڕەتدا لایەنێکی ڕەخنەگرانە و نەرێیانەی هەبووە و لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەنبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و بە تایبەت پاشا، پشتیوانی دەکرد. زۆرترین ئامانجیشی سیاسی بووە وەکوو لەوەی ئابووری بێت. لەم میانەدا گرینگترین ئامانجە سیاسییەکانی بریتی بوو لە: ئازادی بیروبڕوا و مافی نەیاریی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا و جیاکردنەوەی هێزەکان*. هەر لەم ساڵانەدا هەندێ ئازادی مەدەنی وەکوو تەبایی ئایینی و ئازادی ڕۆژنامەکان دەستەبەر کراوە. کتێبی دووهەمی «جۆن لاک» بە ناوی" دەربارەی حکوومەت" و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، گەورەترین یادگارییەکانی ئەم قۆناخەی لیبراڵیزمن.
لیبراڵیزمی ئابووری: پاش قۆناخی یەکەم کە قۆناخی بە سەمەر گەیشتنی ئازادییە سیاسییەکان بوو، قۆناخێکی نوێ دەست پێئەکا کە تێیدا تیۆری لیبراڵیزمی ئابووری وەکوو تەواوکەری لیبراڵیزمی سیاسی ناوبردە ئەکرێ. ئابووریناسانی لیبراڵیزمی بەریتانی، بە ڕێبەرایەتی «ئادام سمیت»، بە تواناترین گرووپێک بوون کە تیۆری (لیبراڵیزمی ئابووری)یان هێنایە ئاراوە. بە باوەڕی ئەمانە، میکانیزمی خۆبەخۆی بازاڕی ئابووری، کە پەیڕەوی قانوونیخوازە و ڕووخستنە (عرچه و تقاچا)، باشترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتنی کاری ئابووری و هیچ لایەنێک، چ پاوانخوازانی ئازاد و چ دەوڵەت، نابێ دەستێوەردانی تێدا بکا. بەڕای ئەوان، هاوبەشێتی دڵخوازانەی کەسەکان و هاوکاریی نێوانیان بەپێی میکانیزمی بازاڕی ئازاد، کارێک دەکات کە سوود بە هەموان بگات. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوە کە لیبڕاڵیزمی سیاسی بەهێز ببێ و وەکوو تیۆرییەکی هەمەلایەن و بەڕێوجێی ئابووری بڕازێتەوە. تیۆری «ئادام سمیت»، سیستەمێکی ئازاد و غەیرە شەخسی نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە مرۆڤی هان ئەدا، هێز و داراییەکانی بە قازانجی خۆی و کەسانی دیکە بخاتەگەڕ.
لیبراڵیزمی نوێ: بەڵام بازاڕی ئازادی ئابووری و سوودپەرەستی لەڕادەبەدەری خەڵک نەوەکوو ئاواتەکانی ڕێبەڕانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی بەدی نەهێنا، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە باری بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە شوێنەواڕێکی دزێوی لەدوا خۆی بەجێهێشت کە گرینگترینیان لە دایکبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی هەژار لە کارخانەکان بوو (بڕوانە سۆشیالیزم) .
ئینجا تەوژمی هێزە کۆمەڵایەتییە تازە پێگەیشتووەکان وایکرد لە لیبڕاڵەکان کە بە لیبڕاڵیزمی توندرەودا بچنەوە و سنووڕێکیش بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە مەڕ دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان، دیاری بکەن. چڵەپۆپەی جووڵانەوەی لیبراڵیزمی ئابووری، ناوەڕاستی سەدەی 19 بوو کاتێک کە تەنانەت لیبراڵەکان لەگەڵ داڕشتنی یاسای ئیش و کاریشدا دژایەتییان دەکرد. بەڵام لەمەودوا زۆربەی ڕێسا کۆنتڕۆڵکەرەکانی دەوڵەت، وەکوو قەرارە تەندروستییەکان و بیمە و یەکیەتی کرێکارانیان بۆ قازانجی گشتی پەسند کرد. لیبراڵیزم سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕاپەڕینێک بوو بە دژی کلێسە و ئیستبداد بەڵام ئیستا بەشێک لە ترادیسیۆنی فیکری کۆنەپارێزیی* ڕۆژاوایی لە ئەژمار دێت و دوو حیزبی گەورەی ئەمریکای خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. لە هەمانکاتدا لەسەر جووڵانەوەی سۆسیال دیموکراتیش کاریگەریی داناوە.
لەبەرئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حیزبێکی بەهێزی چەپی لە مەیداندا نییە، لیبڕاڵ بە سیاسەتمەدارێک دەگوترێ کە خاوەنی فیکرەیەکی نزیک بە چەپییەکان و لایەنگری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئابووری بێت.
ئینتەرناسیۆنالیزم
ئەم زاراوە مانایەکی مژاوی هەیە و لە زۆر شوێندا بەکار هاتووە. بەڵام مانا گشتییەکەی ئەو بڕوا و سیاسەتانە لەخۆئەگرێ کە جەخت ئەکا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەکان و لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شەڕەنگێزدا دژایەتی دەکات. ئینتەرناسیۆناڵیستەکان دەخوازن ئەگەر نێوان دەوڵەتەکان هاوکاری ئاشتیخوازانە لە ئارادا نەبێت، لانیکەم لەنێوان نەتەوەکاندا ببێت.
بەم پێیە ئینتەرناسیۆنالیزم، بریتییە لەوەیکە هەر تاکێک گرێدراوی کۆمەڵگەیەکی جیهانییە و ئەو نەتەوەش کە ئاخێزگەی لە ئەژمار دێت، دەبێ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەیوەست بێت… ئەم ڕێبازە لەگەڵ «جیهان نیشتمانی»دا یەک ناگرێتەوە چونکە ئینتەرناسیۆنالیزم ناخوازێ تاک لە نەتەوە یان دەوڵەتەکەی خۆی دابڕێ بەڵکوو دەخوازێ پێوەندییەکی زۆرتر لەنێوان تاک و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا بکرێتەوە.
ناسیۆنالیزمی نەرمڕەو لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالیزمدا وانییە هەڵنەکەن بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەو دژییەتی. بۆ وێنە نازیسم و فاشیزم بە ڕێبازی نەژادپەرستی و خۆبەزلزانی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا بوونە دوژمنانی سەرسەختی ئینتەرناسیۆنالیزم.
مارکسیزم بۆچوونێکی تایبەتی لە ئینتەرناسیۆنالیزم بڵاو کردۆتەوە. بەڕای «مارکس»، بۆرژوازی بە یارمەتی مەکینە و دانوستانی جیهانی ئازاد، سنوورە نەتەوەییەکانی بەزاندووە و سیستەمێکی ئابووری جیهانی پێکهێناوە کە لەنێو چینی هەژاران بە تایبەت پرۆلتاریای وەڵاتان، یەکگرتووییەکی جیهانی ساز کردووە کە لە زاراوەدا پێی دەگوترێ «ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتاری». ئەم ڕەوتە شۆڕشێکی سەرانسەری لە جیهاندا بەدژی بورژوازی پێک دێنێت کە سەرەنجام کۆمەڵگەیەکی سوسیاڵیستی جیهانی دائەمەزرێنێ. بۆیە مارکسییەکان بڕوایان هەیە بە یەکگرتنی هەژارانی جیهان و دروشمە بەناوبانگەکەشیان ئەمەیە: «زەحمەتکێشانی جیهان، یەک بگرن! یەک بگرن!»
دوای پێکهاتنی یەکیەتی سۆڤییەت، بە تایبەت لەسەردەمی «ستالین»دا ئەم وەڵاتە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ناوەندی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییە. «ستالین»، لە شرۆڤەیەکی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییدا ئەم ڕێبازە بە هەڵقوڵاوی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانی (بڕوانە ستالینخوازی) .
ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلتاریی: بڕوانە ئینتەرناسیۆنالیزم.
سۆسیال ئیمپریالیزم
یەکەم جار، لێنین، ئەم زاراوەی لە ساڵی 1916 بۆ بەرپەرچدانەوەی کائۆتسکی و ڕێبەرانی دیکەی سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا بەکار هێناوە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە زمان لایەنگری سۆشیالیزمە و بە کردەوەش، سیاسەتی ئیمپریالیستی پیادە دەکات.
دوابەدوای دەرکەوتنی ناکۆکی و کێشەی ئایدیۆلۆجیکی لە نێوان چین و سۆڤیەت، چینییەکان ئەم زاراوەیان وەک ناتۆرە، بە سۆڤیەتیەکانەوە لکاند. ئەوان پێیان وابوو کە سۆڤیەتیش زلهێزێکی ئیمپریالیستیە کە دەخوازێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم، وێڕای دەسەڵاتدارییەتی بە سەر وەڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەریان داسەپێنێ و لە سەرچاوە سرووشتی و مرۆڤییەکانی ئەم وەڵاتانە کەڵک وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، چینییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە سۆڤیەتیش وەڵاتێکی ئیمپریالیستیە بەس تەنیا جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئابوورییەکەی کە لەبری ئەوەی سەرمایەداری تایبەتی بێت، سەرمایەداری دەوڵەتییە. لایەنگرانی سۆسیال ئیمپریالیزم، ئیمپریالیزمی تازەپێگەیشتووی سۆڤیەتیان، لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژاوا بە مەترسیدارتر دەزانی.
سۆشیالیزم
سۆشیالیزم لە ڕیشەی لاتینی sociare بە واتای یەکگرتن و پەیوەست بوون پێکەوە، وەرگیراوە. سۆشیالیزم مانای زۆری هەیە بەڵام واتای گشتی زاراوەکە بریتیە لە: «تیۆری یان سیاسەتێک کە ئامانجەکەی خاوەندارەتی کردن یا چاودێری کۆمەڵگەیە بە سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (سەرمایە، خاک، دارایی، تەکنۆلۆجی) و وەگەڕخستنی ئەم شتانە بە قازانجی هەموان». بەم حاڵەش مانایەکی یەکلاکراو بۆ ئەم زاراوە لە ئارادا نییە چونکە چەمکی «خاوەنداریەتی و چاودێری گشتی» وەک هەویرێکن کە ئاو زۆر ئەکێشن. گرنگترین ڕەگەزی هاوبەشی تیۆرییە سۆشیالیستیەکان جەخت کردنە لە سەر باڵادەستیی کۆمەڵگە و قازانجی گشتی بە سەر تاک و قازانجی تاکدا. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سۆشیالیزم هەڵبڕینی دەنگە بە دژی تاک باوەڕی و لیبرالیزمی ئابووری هاوچەرخ.
ئەگەرچی وشەی سۆشیالیزم وشەیەکی نوێیە و بەرهەمی ڕووداوەکانی سەدەی هەژدەیە بەڵام هەندێک پێیانوایە کە پێشینەی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی ئەشکەوتنشینی مرۆڤ کە ئەودەم مرۆڤ ناچار بوو بە شێوەی کۆمەڵەکی بژی. بەم جۆرە سۆشیالیزمە دەگوترێ «سۆشیالیزمی سرووشتی».
بەکارهێنانی وشەی سۆشیالیزم دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازییەک کە لە نێوان شۆڕشی سیاسی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرچاو دەکەوێت کە مێژووی ئەم جیاوازییەش لە سەرەتاکانی 1800 بەملاوە دەست پێدەکات. زاراوەی سۆشیالیزم یەکەم جار لە فێوریەی 1832 لە ڕۆژنامەی سەن سیمۆن بڵاو کراوەتەوە. هەندێ لە نووسەران لە سەر ئەم باوەڕەن کە شکستهێنانی شۆڕشی مەزنی فرەنسی و ڕۆچوون بە هەناوی دیکتاتۆری ناپیلیۆندا دەرەنجامی ئەم ڕاستیە بوو کە شۆڕشەکە تەنیا شۆڕشێکی سیاسی بووە و لە ڕووکاری دامودەزگەی دەوڵەتییدا قەتیس ماوە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی (بە مانا سۆشیالیستیەکەی) لە ئەندێشە و شێوە ژیانی جەماوەر لە ئارادا نەبووە. ئەم شرۆڤە دەگەڕێتەوە بۆ مارکس کە پێی وابوو شۆڕشی فرەنسی کردەیەکی سیاسی بۆرژوازانە بووە.
خاڵێکی گرنگ کە دەبێ ڕوون بکرێتەوە ئەمەیە کە شتێکی تۆکمە و یەکدەست بە ناوی سۆشیالیزم لە ئارادا نییە، بەڵکوو دەبێ باس لە سۆسیالیزمی جۆراوجۆر بکرێت کە زۆربەیان لەگەڵ ئایدیۆلۆجیاکانی دیکە تێهەڵکێش بوون. لەم بابەتەوە دوکترینێکی سەربەخۆ لە ئارادا نییە و دەبێ بە شێنەیی لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکرێت چونکە هەڵوێستی زاڵی مارکسیزم لە مێژووی بزاوتی سوسیالیستیدا بۆتە هۆی ئەوە کە زۆرجار سۆشیالیزم بە چاوی مارکسیزم سەیر بکرێت. مارکسیزم، سۆشیالیزمی حەقیقی نییە بەڵکوو یەکێکە لە ڕەگەزەکانی سۆشیالیزم.
زۆربەی لێکۆڵەرانی سۆشیالیزم، یەکسانی، بە بایەخی سەرەکی سۆشیالیزم ناوبردە دەکەن و گوتراوە کە هەر سۆشیالیستیک دەبێ زیاد لە هەموو شتێک یەکسانخواز بێت کەچی بە پێچەوانەوە هیچ باسێک لە ئازادی نەکراوە. لەم ڕووەوە داکۆکیکردنی لەڕادەبەدەر لە یەکسانی، بە واتای ڕەتکردنەوەی ئیمکانی ئازادی لێک دراوەتەوە. بۆیە دەڵێن سۆسیالیستەکان ناتوانن لایەنگری لە ئازادی بکەن.
هەندێ جار گومان دەکرێت کە هەموو سۆسیالیستەکان دەوڵەتخواز بن و بە جۆرێکی جیاواز لە چەمکی دەوڵەت تێگەیشتبن کەچی ئەمانە هەڵەیە. وێناکردنی سۆشیالیزمی لایەنگری دەوڵەت، هاوواتای کۆمەڵخوازی دێتەوە. کۆمەڵخوازی تەنیا مێتودێک نییە بۆ هەڵکشانی سۆشیالیزم بەڵکوو خاوەنی ستراتیجی بەهێزە کە زۆربەی سۆسیالیستەکان ڕەتیان کردۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی مارکسیزم لەگوێن ڕێبازێکی دەوڵەتخواز سەیر کراوە و وەک نموونەیەکی ئایدیالی دەوڵەتی سۆشیالیستی ناوەندخواز سەیر دەکرێت کەچی لە نووسراوەکانی مارکس و ئینگڵس، ڕوانگەیەکی پۆزەتیڤ دەربارەی دەوڵەت بەدی ناکرێت و ئەوەی کە دیارە شرۆڤەیەکی یەکجار نیگەتیڤە.
سەرهەڵدانی مارکسیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە ئەندێشەی سۆشیالیستیدا چونکە لەم قۆناغە بەدواوە، کەمتاکورتێک هەموو بزاوتە سۆشیالیستیەکان کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم ئایدیۆلوجیاوە. مارکسیزم، خۆی بە «سۆشیالیزمی زانستی» پێناسە کرد چونکە بناغەی ڕێبازەکەی لە سەر شیکاریی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و دۆزینەوەی «یاسا جەبرییەکانی» مێژوو دانابوو.
سەرهەڵدانی بولشویزم لە سۆڤیەت و سەرکەوتنی لە 1917 قۆناغێکی دیکەی مێژووی وەرچەرخانی سۆشیالیزمە چونکە لە دوای ئەم قۆناغە بوو (لە 1920) بزاڤی سۆشیالیستی بە دوو لقی سەرەکی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دابەش کرا. تایبەتمەندی کۆمۆنیزم، جەخت کردن بوو لە سەر ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم و بەدیهاتنی سۆشیالیزم کەچی سۆسیالیستەکان هێدی هێدی لە خەسڵەتی شۆڕشگێڕانە و زانستیانەی مارکسیزمەوە بایانداوە بەرەو خەسڵەتی ئەخلاقی سۆشیالیزم و نەریتەکانی دیموکراسی ڕۆژاوایی. بەم جۆرە، بزاوتی سۆشیالیستی دوو باڵی شۆڕشگێڕانە و ڕیفۆرمخوازی لێ جیابۆوە و ڕیفۆرمخوازەکانیش، دواتر بە «سۆسیال دیموکرات» ناویان دەرکرد. هەنووکە، پێناسەی «سۆسیالیست» بە دەگمەن بۆ کۆمۆنیستەکان بەکار دەبرێت.
سۆشیالیزم لەگەڵ هەر چەشنە پێناسەیەکی بنبڕکراودا نەیارە، چونکە بەپێی بۆچوونی مارکس شێوازی سۆشیالیزم پێوەندی هەیە بە هەلوومەرجی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە. کەواتە ڕەنگە سۆشیالیزم دەوڵەتی بێت یان لایەنگری ئازادی تاکەکەس، مارکسی بێت یان لیبرال، شۆڕشگێڕ بێت یا لایەنگری ئینتەرناسیۆنال. بەڵام لەسەر ئامانجەکانی سۆشیالیزم ڕێککەوتنێک هەیە ئەویش بریتیە لە کۆمەڵگەیەکی بەدەر لە چینایەتی لە سەر بناغەی خۆماڵیکردنی دارایی و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان. خەونی جیهانگیربوونی برایەتی، مرۆڤایەتی و ئازادی لە نێوان هەموو قوتابخانە فیکرییەکانی سۆشیالیزمدا هاوبەشە.
خاڵێکی جیاواز کە دەکرێ ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە سۆسیال دیموکراسی، تێدەکۆشێ بە شێوازێکی دیموکراتیانە دەست بە سەر دەوڵەتدا بگرێت بەڵام سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە لە شوێن سڕینەوەی دەوڵەتی هەنووکە و دامەزرانی دەوڵەتێکی نوێیە لە ڕێی دیکتاتۆری پرۆلتاریا (مارکسیزم، لینینیزم، کۆمۆنیزم).
بێگومان تیۆری و ئاریشە گرنگەکان، بەپێی زەمەن و لە وەڵاتێکەوە بۆ وەڵاتێکی دیکە جیاوازییان هەیە. سۆشیالیزم لە ڕاستیدا بزاڤێکە بۆ بڕەوپێدانی خۆشبەختی و خۆشبژیوی هەموو کەسێک. ئەم بزاوتە بە شوێن «گەورەترین شادی و خۆشحاڵی بۆ زۆرترین ڕادەی خەڵک»ـە، نەک بۆ بوونەوەرێکی میتافیزیکی وەک دەوڵەت کە تەنیا بۆ بەدیهاتنی خواستی هەندێ کەس هاتبێتە کایەوە.
دوای هەندێ گۆڕان بە سەر بنەماکانی سۆشیالیزم، واتاکانی سۆشیالیزمیش گۆڕانی بە سەردا هاتووە و چەندەها لقی جۆراوجۆری لێ بۆتەوە. بە گوتەی گریفیس نووسەری بریتانیایی، نزیکەی 261 جۆری سۆشیالیزم هاتۆتە ئاراوە کە هەرکامیان پێناسەی خۆی هەیە بەڵام وەک ئاماژەی پێدرا ڕەگەزی هاوبەشی تیۆرییە سۆشیالیستیەکان داکۆکی کردنە لە سەر باڵادەستیی کۆمەڵگە و قازانجی گشتی بە سەر تاک و قازانجی تاکەکەسدا. نموونەکانی ئەم سۆشیالیزمانە بریتین لە: سۆشیالیزمی پەرەسەندووانە، سۆشیالیزمی زانستی، سۆشیالیزمی فابیان، سۆشیالیزمی پیشەیی، سۆشیالیزمی مارکسی، سۆشیالیزمی لیبرال، سۆشیالیزمی پەرلەمانی و...
سۆشیالیزمی خزۆک
دەستێوەردانی بەکاوەخۆی دەوڵەت لە کاروباری کەرتی تایبەتی ئابوور، بە سۆشیالیزمی خزۆک پێناسە کراوە. ئەم شتە لەو وەڵاتانە ڕوودەدات کە دەوڵەت وردەوردە دەزگە ئابووریەکان، خۆماڵی دەکات و دەست و باڵی کەرتی تایبەتی لە ئابووردا ببەستێتەوە و خۆی زیاتر بە کاروباری ئابووری سەرقاڵ بکات.
سۆشیالیزمی خەیاڵی
ئەم زاراوە کە لە ڕوانگەی مارکسیەکانەوە بەرتەکێک بوو لە بەرانبەر سیابەختی و بێعەدالەتیەکانی کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدە، هەڵگری بیرۆکە و تیۆریگەلێکن کە لە لایەن ناودارانێکی وەک سەن سیمۆن، فۆریە، بوشە، کابە و لۆیی بلان ئاڕاستە کرابوون. سۆشیالیزمی خەیاڵی، ناوێک بوو کە کارۆڵ مارکس، بۆ پێناسەکردنی هەموو ئەو بزاوت و ڕێبازە مژاوییانەی کە پێشتر لە ئارادا بوون بەکاری هێنابوو.
سۆشیالیزمی زانستی
بە باوەڕی کاڕۆڵ مارکس (1818ـــ1883) سۆشیالیزم، لێکۆڵینەوەی زانستیانەی کۆمەڵگە و هەلومەرجی ئابووری و تەکنیکی بە پێویست دەزانێ تاکوو بەم بۆنەوە واقیعەکانی کۆمەڵگە و یاساکانی داسەپاو بەسەریا بناسرێن و بەسەر ئاریشەکانی سەرمایەدارییدا زاڵ بین. سۆشیالیزمی زانستی لە لایەن هەر دوو ڕێبازی مارکسیزم و کۆمۆنیزم پەسند کراوە بەڵام دەرەنجامی توێژینەوەکانی هەندێ لە سۆسیالیستەکان ئەم ڕاستییە دەردەخات کە سۆشیالیزم یا تەنانەت مارکسیزمیش، دیاردەیەکی زانستی نییە چونکە پێیان وایە کە هێشتا کۆمەڵناسی نەیتوانیوە بە پلە و پێگەی زانستی بگات و وەک زانست ناوبردە بکرێت. جگە لەمەش هەندێ لە ڕووداوەکان و واقیعەکانی هاوچەرخ، پێشبینییە ـــ بە ڕواڵەت زانستی ـــ ـیەکانی مارکسیان بەدرۆ کردۆتەوە. کەواتە بە واتایەک، باسکردن لە سۆشیالیزمی زانستی بانگەشەیەکی نازانستیانەیە.
سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە
ئەم جۆرە سۆشیالیزمە کەمتاکورتێک مارکسیزم پەسند دەکات بەڵام هەموو جۆرە مێژوویەکی ڕژێمی کۆمۆنیستی ڕەتدەکاتەوە و قاییل نابێت بە ڕێبەرایەتی کردنی جیهانی لە لایەن سۆڤیەت یان هەر وەڵاتێکی هاوشێوە کە لە سەرووی حیزبە کۆمۆنیستیەکانەوە بێت. دەکرێ بڵێین ئەو مارکسیانەش کە دژی لێنین و ستالین بوون، سەر بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە بوون. لە ترۆتسکی و تیتۆ و ڕۆزا لۆکزامبۆرگ و جیلاس ــە وە بگرە تا ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی کە لەم دواییانە لە کۆمۆنیزم جودا بوونەوە، هەموو بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ پێناسە دەکرێن.
سۆشیالیزمی مارکسی
بەپێی بۆچوونەکانی مارکس، سۆشیالیزمی مارکسی بریتییە لە سۆشیالیزمی زانستی یان کۆمۆنیزم کە بەو پێیە پڕۆژەی ڕزگاریبەخش و شۆڕشگێڕانە و ڕووخێنەری سەرمایەداری بە ئەنجام ئەگەیەنێت. ئەم جۆرە سۆشیالیزمە لە ڕەوتی بەدیهاتنی مێژوویی خۆیدا چەند لقێکی وەک سۆشیالیزمی ڕووسی و سۆشیالیزمی چینی لێکەوتەوە کە ئەوانیش بەپێی مەرام و ڕێبازی ڕێبەرەکانی بە چەند لقێکی دیکە دابەش بوون. تیۆری مارکسیستی سۆشیالیزم، لە سەدەی بیستەمدا زاڵترین ڕێبازی سۆشیالیستی بووە کە بە خەمڵاندنی ئەم تیۆرییە لە لایەن لێنین و مائۆ تسەتۆنگ لە ئەزموونی شۆڕشی چین، لە زۆربەی ناوچەکان و وەڵاتانی جیهان گرنگایەتی پێدراوە.
مارکس و لایەنگرانی، سۆسیالیستەکانی بەر لە خۆیان بە سۆشیالیستی خەیاڵی لە ناو سیستەمێکی سەرمایەداری ناوبردە دەکەن کە تێیدا ئابووری وەڵات لە سەر بناغەی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بنیادنراوە بەڵام لە سۆشیالیزمی مارکسیدا خاوەندارێتی کارگە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەدرێ بە ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان.
سۆشیالیزمی مەسیحی
ئەم بزاوتە لە ئاوێتە کردنی چەمکی ئەخلاقی مەسیحیەت و چەمکی کۆمەڵایەتی سۆشیالیزم پێکهاتووە و وەڵامدانەوەیەک بوو بەو ناکۆکیە زانستیانەی کە لە هەناوی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پیشەسازیی و ئامانجەکانی سەری هەڵدا. سۆشیالیزمی مەسیحی پێیوایە کە ئامۆژگاریەکانی ئینجیل دەتوانێ لەم بارودۆخە دژوارەدا کێشەکانی مرۆڤ چارەسەر بکات و بۆ گرفتە ئابووریەکانی کۆمەڵگە وەک بێکاریی و هەژاریی خەڵک، ڕێگەچارە بدۆزێتەوە.
ئەم بزاوتە لە دەوروبەری ساڵی 1800 لە بەریتانیا دەستی پێکرد و لایەنگرەکانی، بە دژی دەستەنگی و نەداری چینی کرێکار دەنگیان هەڵبڕی و دەیانویست ژیانی ئەم چینە هەژارە بەپێی ئایینی مەسیحیەت ببووژێتەوە. سۆشیالیزمی مەسیحی بە پێچەوانەی سۆشیالیزمی خەیاڵی بەرنامەکانی خۆی لە سەر ڕێبازێکی ڕوون و ئاشکرای ئایینی دامەزراندبوو. لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم، چەندەها حیزبی سیاسی لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا دامەزران کە سەر بە ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیستی بوون و بە شێوازی جۆراوجۆریش لایەنگری مەسیحیەت بوون. بەهاکانی سۆشیالیزمی مەسیحی بریتین لە: یەکسانی، هاوبەشێتی، ئاشتی، برایەتی، لابردنی ناتەبایی و دژایەتی لەگەڵ هایراکی کۆمەڵایەتی.
سۆشیالیزمی پیشەیی
لقێکی بزاوتی ڕادیکالیزمی ئەورووپییە کە لە ساڵی 1906 دامەزراوە. ئەم بزاوتە خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی پیشەیی سەدەکانی ناوەڕاست. لایەنگرانی ئەم بزاڤە چالاکییەکانی خۆیان لە ناو یەکیەتی و ئەنجومەنەکاندا کۆ دەکەنەوە و قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران تەنیا لە ڕێگەی کارگە و دامودەزگەکاندا دەبینن و بڕوایان بە دروستکردنی یەکیەتی پیشەیی هەیە. بەم بۆنەوە یەکیەتی کرێکاری ڕێکدەخەن و بە شێوەیەکی پیشەیی و ئەنجومەنی، پیشەسازییەکان بەڕێوە دەبەن. ئەم بزاوتە ڕادیکاڵیستیە لە 1925، دوابەدوای هەڵوەشانەوەی «کۆمەڵەی یەکیەتییە نەتەوەییەکان» لەناو چووە و زۆربەی ئەندامەکانی چوونە ناو ڕیزی ئەندامانی حیزبی نوێباوی کۆمۆنیستی بریتانیا و ئێستاش نەریتەکانی لە حیزبی کرێکاری بریتانیادا پیادە دەکرێت.
سەنترالیزمی دیموکراتی
وشەکە بە مانای ناوەندێتی دیموکراسیە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ڕێبازی لینینیزم و وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستن لە هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بەکاردێت. لە داکەوتدا بریتیە لەوەی تەواوی ئۆرگانە حیزبیەکان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بێنە مەیدانی سیاسەت. بەپێی ئەم بنەمایە ئازادی بیروڕا لە ناو حیزب و هەڵبژاردنی ئازادانەی ڕێبەرانی حیزبی، دەبێ لەگەڵ پێگەی حیزبی و ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ئەو بڕیارانەی کە بە شێوازێکی دیموکراسی دەردەکرێن ئاوێتە بێت.
لە ڕوانگەی مارکسیەکانەوە، ناوەندێتی و دیموکراسی دوو ڕەهەندی یەک دیاردە لە ئەژمار دێن. دوابەدوای جێگیر بوونی سۆشیالیزم لە هەندێ لە وەڵاتان، سەنترالیزمی دیموکراتیک بووە هۆی فراژووتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی نوێ و لایەنگرانی مائۆ باوەڕیان وایە کە دیکتاتۆری پرۆلتاریا بە پیادەکردنی ئەم ڕێبازە بە هێزتر دەکات. لە ڕوانگەی سەنترالیزمی دیموکراتیەوە دەبێت بیر و بڕوای ڕاست و دروست کۆ بکرێتەوە و سیاسەتی کایەکردن یەکلایەن بکرێتەوە. زۆرینەی سەنترالیزمە دیموکراتیەکان، بۆتە هۆی زاڵبوونی یەک یا چەند کەس بە سەر حیزبەکەدا.
سەنترالیزم لە لایەن حیزبە مارکسیەکان بەم جۆرە پێناسە دەکرێت:
1ــ حیزب خاوەنی بەرنامەیەکی ناوازەیە.
2ــ خاوەنی یەک ڕێبەرایەتییە.
3ــ هەموو بنکە و ئۆرگانەکان ملکەچی ناوەندی حیزبەکەن.
دیموکراسیش بریتیە لە:
1ــ هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان بە هەڵبژاردن دێنە مەیدانەوە.
2ــ ئۆرگانەکان ڕاپۆرت دەنێرن بۆ مەقاماتی سەرتر لە خۆیان.
3ــ مەسەلە گەورەکانی حیزب لە ناو حیزبدا باسیان لێدەکرێت.
سەندیکالیزم
سەندیکالیزم لە وشەی لاتینی syndicus بە واتای یەکێتی وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بزاڤێکی کرێکاری بوو کە لە 1890 لە فرەنسی سەری هەڵدا بە مەبەستی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵ و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتەوە بۆ یەکێتیە پیشەییەکان. سەندیکالیزم، سیاسەت وەلادەنێت و بۆ خەباتی چینایەتیش وەک «کردەوەیەکی پیشەسازییانە» دەڕوانێ و بە شتێکی کارامەی دەزانێ. سەندیکالیستەکان بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و یەکگرتنی کرێکارانیان بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن لە هەر چالاکییەکی پیشەیی دەزانی.
سەندیکالیزم لە 1907 لە بەریتانیا بڕەوی پەیدا کرد. بزاڤی کرێکاری توندڕەوی بەریتانیا، بەم دروشمە دەیهەویست خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە چنگی خاوەنداران دەرکێشێ و ڕادەستی یەکێتییەکانی بکات.
سەندیکالیزم بزاڤێکە بە دژی سەرمایەداری کە داواکاری خودموختارییە بۆ گروپە کرێکارییەکان و لە هەر چالاکییەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری پشتگیری دەکات. کەواتە سەندیکالیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان کە دەیانهەوێت لە ڕێی پەرلەمان یا شۆڕش دەست بگرن بە سەر حکوومەتدا جیاوازییان هەیە. سەندیکالیستەکان وەک ئانارشیستەکان، دەوڵەت بە ستەمکار دەزانن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کاری تێکدەرانە و مانگرتنی گشتی و ئاژاوە ئەنجام دەدەن. بە گشتی ئەم ڕێبازە، کرێکاران بە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگە دەزانێ و دەبێ کرێکارانی هەر پیشەیەک سەندیکای تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە دەستەوە بگرن و دەست وەردەنە هەموو کاروبارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نییە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشی 1917 لە سۆڤیەت، سەندیکالیزم بڕەوی نەما و لایەنگرەکانی، یان ڕوویانکردە کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانەی سۆڤیەت یان کەوتنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دیموکراسی ڕۆژاوا بۆ بڕەو پێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێی بڵاوبوونەوە لە یەکیەتی پیشەسازی و چالاکی پەرلەمانی.
فۆرمالیزم/ڕووکەش پەرستی
ئەم زاراوە کە بە باوەڕی مارکسیەکان لە بەرانبەر ڕیالیستی سۆشیالیستیدا بەکار براوە، ئاماژەیە بۆ سەرنجی لەڕادەبەدەر بە شکڵ و شێواز یا بڕوایەکی قووڵ بە پاراستنی ڕواڵەتی شتەکان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. فۆرمالیزم یا ڕووکەش پەرستی، شێوازی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە ڕواڵەتی ڕووداوەکان و لایەنی تەشریفاتی کارەکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تا کێشە و بابەتەکان لە ڕووی ڕواڵەت و نەریتەوە بە شێوازێکی لەبار و گونجاو بخەنە بەرچاو.
لە بواری سیاسییەوە فۆرماڵیست بەو کەسانە دەگوترێ کە بایەخ بە ناوەرۆکی بابەتەکان نادەن و ڕواڵەتپارێزی و تەشریفاتی کارگێڕیی و یاسایی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. زاراوەی فۆرمالیزم، هەنووکە پتر لە کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت و بە تایبەت زاراوەیەکی ئەدەبی لە ئەژماردێت.
فیۆدالیزم/دەرەبەگایەتی
ئەم زاراوەیە لە ڕاستیدا قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی وەڵاتانی ئەورووپییە (سەدەی 9 تا 13 زایینی). فیۆدالیزم، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیێدا دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان موڵکدارە گەورەکان دابەش بووە و بنەماکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئابووری گوندیی و پێوەندی ئاغا و ڕەعیەت دامەزراوە. ئەرباب یا فیۆدال بە تەواوەتی بەسەر موڵک و زەویوزار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ڕەعیەتەکاندا زاڵ بوو. ئەم زەویوزارانەش بەزۆری لە لایەن پادشای ئەو سەردەمەوە بە فیۆدالەکان دەدرا ئەمانیش لە بەرانبەر سوود وەرگرتن لەم زەوییانە ناچاربوون لە کاتی پێویست بۆ پاراستنی وەڵات و کاروباری سەربازی لەناو ڕەعیەتەکانی خۆیاندا کۆمەڵێک جەنگاوەر بۆ پادشا دابین بکەن. فیۆداڵەکان لە چوارچێوەی کاری خۆیاندا دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیان بووە و لە کاروباری ئابووری و ڕامیاریدا سەربەخۆیی تەواویان هەبووە. جگە لەوەش لایەنگرییان لە ڕەعیەتەکانی خۆیان دەکرد.
سەرهەڵدانی فیۆدالیزم لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بو پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری شارلمانی لە 811 تا 742. پاشان هێزە ناوچەییەکان بە دەسەڵات گەیشتن، خەڵکی شار و دێهاتەکان کە لە بەرانبەر هێرشی بێگانە دۆژ دامابوون، تەنیا ڕێگەچارەیان ئەوە بوو کە پەنا ببەنە بەردەم زۆرداران و فەرمانڕەوای ناوچەیی و خۆماڵی. بەم پێیە ئەربابی ئەو ناوچانە، بوونە تەنیا پارێزەری ئەوان و ئەمەش بووە هۆی پاوەجێبوونی سیستەمی فیۆدالی لە ئەورووپای ڕۆژاوا بۆ ماوەی پتر لە 3 سەدە.
زۆربەی توێژەران پێیانوایە کە ئەم سیستەمە تەنیا تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییەی ئەورووپا و نابێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە بەهۆی وێکچوویی و هاوشێوەیی هەندێ لە هۆکارەکان (بۆ وێنە پەرشوبڵاوبوونی دەسەڵات و هاتنەکایەی دەرەبەگ و ئەربابی ناوچەیی)، دەکرێ زاراوەی فیۆدالیزم بۆ ئەم وەڵاتانەش بەکار ببرێ.
مێژووی فیۆدالیزم نیشانی داوە هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم مەرجانەی خوارەوە ئامادە بن، فیۆدالیزم بە ئاسانی لەو وەڵاتەدا گەشە دەکات:
1ـــ شێوازی سەرەکی بەرهەمهێنان، کشتوکاڵی بێت.
2ـــ کۆمەڵگە لە نێوان هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش بووبێت، بە چەشنێک کە پێوەندی ئابووری و کەلتووری و مێژوویی نێوانیان سست بێت.
3ـــ پێوەندی نێوان هەرێمە جۆراوجۆرەکانی وەڵات بە هۆی جوگرافی یاسەخت و دژوار بێت.
4ـــ یەکیەتی ئابووری وەڵات تووشی ترازان بێت یا بە هۆی نەبوونی یەکیەتی ئابووری، یەکیەتی سیاسی وەڵات لێک بترازێت.
5ـــ حکوومەتی ناوەندی نەتوانێ هاووەڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزێت. ئابوور و کەلتوور و سیاسەت و مێژووی نێوانیان سست بێت و لێک بترازێت.
قەیرانی سۆشیالیزم
ئەم زاراوە داتاشراوی لایەنگرانی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە: یەکەم، پێشبینی مارکسییەکان لەهەمبەر ڕووخانی سەرمایەداری لە هەناوی خۆیدا نەهاتە دی و لە ڕاستیدا وەڵاتانی سەرمایەداری ڕەوتی پێشکەوتنی گەشاوەی ئابووری و پیشەسازی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە و بوونەتە مەکۆی شارستانەتیی پێشکەوتن خواز. دووهەم، وەڵاتانی سۆشیالیستی نەک هەر نەیانتوانیوە گەشە بدەن بە ئابووری خۆیان بەڵکوو پێویستییان، بە مادەی خۆراکی و تەکنۆلۆژی وەڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژاوا هەر بەردەوامە. هەندێکیش دوابەدوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ساڵی 1989 ئەورووپای ڕوژهەڵات و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت (لە ساڵی 1991)، مەرگی ناوەختی کۆمۆنیزمیان هێنایە ئاراوە.
لیبرالیزمی نوێ
لایەنگرییەکی نوێ لە ئەندێشەی سیاسی و ئابووری ڕۆژئاوایە کە لە دەیەی 1960 بە ئاوێتەکردنی ڕێبازی سیاسی لیبرالی و گەشەی ئابووری هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ لە ڕاستیدا بەرتەکێک بوو لە بەرانبەر سەرهەڵدانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کە لە پاش قەیرانی نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانی، بە تایبەت لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ زەمینەی فیکری سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەندێ لە وەڵاتانی ڕۆژاوایی بە دژی پێکهاتەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووری و سۆشیالیزمی حیزبە کرێکارییەکان لە سیستەمی سەرمایەداری پێکهێنا. ئەم قوتابخانە ئەگەرچی لە بابەت ژێرخانی فیکرییەوە لە ناواخنی بزاوتی فیکری لیبرالیزمی کۆندا جێگیردەبێت بەڵام لە هەندێ لایەنەوە بیرۆکەیەکی نوێ لە ئەژمار دێت.
لیبرالیزمی نوێ، لە بەستێنی ئەندێشەی سیاسیدا لە بەرانبەر پەرەپێدان بە دامودەزگەی دەوڵەت ڕاوەستاوە و هەندێ لە ئاواتەکانی لیبرالیزمی کلاسیکی لەمەڕ سنووردارکردنی ڕەخنەکردنی دەوڵەت هێناوەتەدی. ئەم ڕێبازە خوازیاری کەمکردنەوەی خەرج وبەرجی دەوڵەتە بۆ دابەزینی ڕێژەی هەڵامسان چونکە لەم ڕوانگەوە هەڵامسان دوژمنی سەرەکی لە ئەژمار دێت. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بەرانبەر دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابوور و کاروباری کۆمەڵگەدا بەتوندی ڕەخنە ئەگرن و هەندێ بیرۆکەی نوێباویان لەمەڕ ئازادی تاکەکەس و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت تا نزمترین ئاستی گونجاو و پێداچوونەوە بە ئەرکە سوننەتییەکانی حکوومەتدا ئاڕاستە کردووە.
ماکیاڤیلیزم
تیۆرییەکی سیاسییە کە لە لایەن سیاسەتمەداری ئیتالیایی، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی (1527ـــ 1469) داڕێژراوە. ماکیاڤیلی، نووسەر و مێژونووسێکی بەناوبانگ و سکرتێری حکومەتی کۆماری فلۆرانس بووە کە لە ماوەی ژیانیدا گەلێک ئەرکی سیاسی ئەنجامداوە بەڵام پاش ماوەیەک لێی کەوتنە گومان و لەسەر کار لایانبرد. ئەویش هەموو کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ نووسینی کتێبێک بە ناوی میر (prince). ئەو لەم کتێبەدا گەیشتن بە دەسەڵات بە ئامانجی کردەوەی سیاسی دەزانێ و بە هێچ بەربەستێکی ئەخلاقی نایبەستێتەوە. بۆیە پێیوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، دەکرێ لە هەر شتێک کەڵک وەربگیردرێت و نابێ بە هیچ کلۆجێک ئەخلاق لەگەڵ سیاسەتدا تێکەڵ بکرێت. لە ڕوانگەی ماکیاڤیلیستیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەکرێ پشت بە هەر ئامرازێک ببەسترێ تەنانەت ئەگەر ناپەسند و دزێو بێت و لەم بارەوە پابەندی بە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بایەخی نییە.
ئەم بیرۆکەی ماکیاڤیلی، پاشان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکاردەهات کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە هیچ تاوانێک سڵیان نەدەکرد و هەندێ جاریش زاراوەکە بۆ دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ستەمگەر بەکار دێت. ماکیاڤیلی پێی وایە کە ئەگەر دەسەڵاتدار حەز بە مانەوە دەکات نابێ لە هەر شێوازێکی خۆپەرستانە و تاکڕەوانە و نامرۆڤانە خۆی بپارێزێت چوونکا ئەگەر وا نەبێت، ناتوانێ دەوڵەتەکەی ڕابگرێ.
ماکیاڤیلی کە لە سیاسەتدا ڕیالیزمی گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی، لە نێوان مەسەلە سیاسییەکان و گرفتە ئایینیەکان جیاوازی قایل بووە. مەبەستی سەرەکی ئەو مانەوەی دەوڵەت بووە و حکومەتی کۆماریی بە مەرجێک پەسند دەکات کە جەماوەر بە گشتی بگەنە ئاستێکی باڵای عەقڵانی. ئەگەرچی ماکیاڤیلی کەسێکی دیموکرات نەبووە بەڵام پێی وابوو کە جەماوەر دەبێ لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەورێکی باڵا بگێڕێت تاکوو دەوڵەت بتوانێ لەباری سیاسییەوە سەقامگیر بێت. ئەو پێی وابوو کە بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆریش، لەناوبردنی حکوومەتێکی دیموکراتی لێوەشاوە، کارێکی دژوار دەبێت.
خۆلاسە، جیهانبینی ماکیاڤیلی بۆ ماوەی چوار سەدە لە مێشکی خەڵکدا هاوواتا بووە لەگەڵ زۆرداری و نەگریسی و خەیانەت. بیرداڕێژی ئەم قوتابخانە، بە نموونەی سیاسەتمەدارێکی مووقەڵاش بەڵام مەکراوی و فێڵباز ناسراوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک
تیۆرییەکی فەلسەفی دەربارەی مێتافیزیک کە لە لایەن فردریک ئەنگڵس ـــ بۆ جەخت کردن لەسەر بۆچوونەکانی مارکس لەم بارەوە ـــ لە کتێبی ئانتی دورینگ (1878) و دایەلیکتیکی سرووشت (1925) ئاڕاستە کراوە. (هەڵبەت ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن پولخانۆف بەکار براوە). ئەم فەلسەفە، پاش ئەوەی کلک و گوێی کرا، بوو بە فەلسەفەی ڕەسمی حیزبە کۆمۆنیستەکان و «مەتریالیزمی مێژوویی» کامڵ کرد. مەتریالیزمی دایەلیکتیکی، تەنها مادە بە ڕاست و گرنگ دەزانێ و بە بناغەی گەردوون دایدەنێت. ئەم فەلسەفە، سەرچاوەی هەموو نیشانە و بەرهەمەکانی ژیان بە مادی لەقەڵەم دەدا و هەموو گۆڕانکارییەکان بە مادە پەیوەست دەکات کە ئەم گۆڕانکاریانەش بەپێی کۆمەڵێک یاسای تایبەت کە پێی دەگوترێ «دایەلیکتیک»، ڕوو دەدەن. دایەلیکتیک هەم شێوازی گۆڕینی واقیعەکانە و هەمیش شێوەی دۆزینەوەی «یاساکانی جووڵە»ی ئەو واقیعانەیە. ئەم قوتابخانە پێیوایە کە پرەنسیپەکانی مەتریالیزمی دایەلیکتیک لەگەڵ هەموو لقە زانستییەکاندا دەخوێنێتەوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک، مادە لە ئاوەزی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ و ئاوەز بە ڕەنگدانەوەی جیهانی مادە لە مێشکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات و هەموو شتێک یان دیاردەیەک بە دەرەنجامی جووڵەی جەوهەری مادە شرۆڤە دەکات.
مارکس، دایەلیکتیکی تەنها لە هەمبەر دیاردەکان و کۆمەڵگە دەبەستەوە بەڵام ئەنگڵس، ڕووبەری ئەم فەلسەفەی بەرەو سرووشت بەرفرەوان کرد و لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هێگل، پێی وابوو کە جیهان (سروشت و ئەندیشە ومێژوو) دەکەونە ژێر باری سێ یاسا: 1) یاسای هەڵگەڕانەوەی چەندایەتی (کمیت) بە چۆنایەتی (کیفیت). 2) یاسای ئاڵۆزی دژەکان (اضداد)، بەپێی ئەم یاسایە جووڵە، دەرەنجامی دژایەتی نێوان ڕەگەزە هاودژەکانی ناو سروشت و کۆمەڵگە و مێژووە. لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەبەر ئەوەی چینەکان دژی یەکترن، ململانێی چینایەتی دەبێتە مەرجێک بۆ فراژووتنی کۆمەڵگە. 3) یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراو.
زۆربەی زانایانی مارکسی کە تەنها مارکس بە سەرچاوە دەزانن و بۆ ئەنگڵس و لینین بایەخێکی ئەوتۆ قایل نین، بە مەتریالیزمی دایەلیکتیکیش ـــ وەک میتۆدێکی فەلسەفی ـــ بەهایەکی ئەوتۆ نادەن، بە چەشنێک لەم دواییانەدا حیزبە کۆمۆنیستیەکانی فەرەنسی و ئیتالیا، ئەم ڕێبازەیان لەگوێن فەلسەفەی ڕەسمی حیزبەکەی خۆیان خستەلاوە.
مەتریالیزمی مێژوویی
مەتریالیزمی مێژوویی پاژێکی گرنگی فەلسەفەی «مەتریالیزمی دایەلیکتیک» لە ئەژماردێت کە لە سەر بنەمای تیۆری مارکس دەربارەی مێژوو بنیاد نراوە. مارکس ئەم تیۆرییەی بە کورتی لە پێشەکی کتێبە ناودارەکەی خۆی بە ناوی «توێژینەوەی ئابووریی سیاسی» (1859) هێنایە ئاراوە. ئەو دەنووسێ: «لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا، لە نێوان مرۆڤەکان پێوەندییەکی دیاریکراو دێتە کایەوە کە لە ویست و ئیرادەی ئەوان بەدەرە، ئەمەش هەمان پێوەندیی بەرهەمهێنانە کە گرێدراوی گەشە و فراژووتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە. سەرجەمی ئەم پێوەندییانە ژێرخانی کۆمەڵگە پێکدێنن کە سەرخانی سیاسی و دادوەری و فیکری (ئایدیۆلۆجیکی) لەسەر ئەو ژێرخانە دادەمەزرێت. شێوازی بەرهەمهێنان لە ژیانی ماددیدا چارەنووسی تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ڕەوتی مەعنەوی ژیان دیاری دەکات. لێرەدا هوشیاریی مرۆڤ، چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی دیاری ناکات بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شێوازی گوزەرانی کۆمەڵایەتی، ئاستی هوشیاریی ئەو دیاری دەکات … کە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، سیمای جیاوازییە کۆمەڵایەتی و دابەشکارییە چینایەتییەکانیش، بە هەوای ئەم گۆڕانە تووشی وەرچەرخان دەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازێکی دایەلیکتیکی و بە دەرکەوتنی دژایەتییەکانی هەناوی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدەن کە ئاکامەکەشی ململانێی چینایەتییە …»
بەپێی تیۆری مەتریالیزمی مێژوویی، سەرچاوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی کۆمەڵگەی مرۆڤی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵە و گۆڕانی دژبەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە. دژایەتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە، وزەیەکی پاڵنەرە بۆ ڕەوتی فراژووتنی ئەو کۆمەڵگەیە. لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەوە جڤاک و ڕەشەگەل مێژوو دەخوڵقێنن نەک پاڵەوانان. ئەگەرچی دەوری ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ لە مێژوودا ڕەت ناکاتەوە.