تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئایدیۆلۆجی
لە زمانی فەرەنسەدا بریتییە لە idee بە مانای وێنە (تێور) و ئەندێشە logie بە مانای ناسین. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا کردە و بیر بە یەک ئەندازە گرنگییان هەیە. ئایدیۆلۆجی سیستەمێکی ئەندێشەیە کە هەم دەخوازێ جیهان شرۆڤە بکات و هەم ئاڵوگۆڕی تیا بەدی بێنێت. بە واتایەکی دیکە هەر ئایدیۆلۆجیایەک شێوازێکی خەیاڵی لە کۆمەڵگە ئەدا بەدەستەوە و لە لایەنگرانی خۆی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەو شێوازە تۆمار بکەن.
ئەم زاراوە یەکەم جار لەسەردەمی شۆڕشی فەڕەنسە و لە لایەن «دێستۆت دۆتراسی» (1754-1836) بیرمەندی فەرەنسی، لە ساڵەکانی 1796 و 98 بەکار برا. بۆ ئەم زاراوە چوار مەبەست ناوبردە کراوە: یەکەم، مەبەستی تراسی بوو کە بە مانای«ئەندێشەناسی» یان «زانستی ئەندێشەکان» شرۆڤەی کردبوو. دووهەم، شێوازێکی پابەندی بە کۆماریخوازی لیبڕاڵ. سێهەم، مانایەکی سووکایەتی ئامێز بە مانای ئیفلیجیی فیکری و ڕەفتاری و هەروەها جۆڕێک لە ڕادیکاڵیزمی ترسناک و سەرەنجام، مەبەستێکی کەم بایەخ یا ڕەنگە ڕازاوە، ئەویش بە مانای «دوکتۆرینی سیاسی» .
«تراسی»، وەکوو زۆربەی فەیلەسوفانی فەرەنسی چاخی ڕۆشنگەری پێی وابوو کە ئەبێ لەگەڵ هەموو ئەزموونە مرۆییەکان ــ کە زۆربەیان پێشتر لە بەستێنی زانستی خواناسی و یەزدانپەرستیدا شرۆڤە دەکران ــ بە شێوەیەکی عەقڵانی هەڵسوکەوت بکرێت. بیرۆکە گەردونییەکان ڕەت بکرێنەوە و هەموویان بکرێن بە «هەست». بەڕای «تراسی»، ئایدیۆلۆجی، تیۆری تیۆرییەکان بوو.
هەندێ مێژوونووسی فەلسەفە، سەدەی نۆزدەیان بە «سەردەمی ئایدیۆلۆجی» ناوبردە کردووە. هۆی ئەم ناولێنانەش پەرێشانی ئەندێشەگەلێکن کە دەکرێ بە «ئایدیۆلۆجیک» پێناسە بکرێن چونکە لەناویاندا جەختکردن لەسەر کردە بەهێزتر بووە لە یاریکردن بە تیۆری فەلسەفی.
ئایدیۆلۆجی، جاری وا هەیە مانایەکی پوختە لەخۆ دەگرێ و هەندێ جاریش مانایەکی ناپوختی هەیە. بە واتا ناپوختەکەی، بریتییە لە هەر جۆرە تیۆرییەک کە لەسەر کردە چەق ئەبەستێ یان هەر تەقەڵایەک بۆ نزیککەوتنەوە لە کێشە سیاسییە کان لەژێر تیشکی دەزگەیەکی ئایدیۆلۆجیدا. بەڵام مانا پوختەکەی هەمان شرۆڤەی «تراسی »یە کە پێنج تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێ: (١) ئایدیۆلۆجی، تیۆرییەکی تۆخە لە بارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە. (٢) بۆ ڕێکخراوەی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی، تیۆری و پڕۆگرامێکی گشتی ئاڕاستە دەکات. (٣) گەیشتن بەم پڕۆگرامە هەڵگری خەباتێکی تایبەتە. (٤) بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، نەوەک خەڵک دنە بدات، بەڵکوو بە شوێن خڕکردنەوەی لایەنگری وەفادارە و حەزیش بە «سەرسپوردە» دەکات. (٥) زیاتر بە شوێن ڕەشەگەلەوەیە بەڵام لە ڕێبەرایەتی کردنی ڕۆشنبیرانیشدا ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێت.
بەپێی ئەم پێودانگانە ئەکرێ سیستەمگەلی جۆراوجۆری فیکری بە ئایدیۆلۆجی لە قەڵەم بدرێ. لە «زانستی ئەندێشەکان»ی «تراسی» یەوە بگرە تا پۆزیتۆڤیزمی فەیلەسوفی فەرەنسی، «ئۆگۆست کۆنت»، «کۆمۆنیزم»، جۆرەکانی «سۆشیالیزم»، «فاشیزم»، «نازیسم» و هەندێ لە ڕێبازەکانی «ناسیۆنالیزم». ئەوەیکە تەواوی ئەم سیستەمە فیکرییانە، ئەگەڕێنەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بیست، مانای وایە کە هیچکامیان کۆنتر لە خودی وشەی ئایدیۆلۆجی نین و هی سەردەمانێکن کە ئیمانی سەرزەمینی، چۆتە جێی ئیمانی ئایینی و ئاسمانی و کرداری کۆمەڵایەتی و سیاسیش چۆتە جێی بیرۆکەی فەلسەفی.
«مارکس» لە هەندێ لە وتارەکانی تافی لاوییدا بە تایبەت لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی، ئایدیۆلۆجی بە واتایەکی دزێو و جنێوئامێز بە کار دەبات. «مارکس» لەم کتێبەدا ئایدیۆلۆجی بە مانای "زڕە وشیاری" یان «وشیاری درۆ» لێک دەداتەوە. بەم پێیە ئایدیۆلۆجی، کۆپلە مەرامێکە کە خەڵک خۆیانی پێ فریو دەدەن و وێنایەکی ناڕاستی جیهان دەئاخنێتە مێشکیانەوە. بە باوەڕی مارکس ئایدیۆلۆجی، ڕوانگەیەکە کە خەڵک بەو پێیە جیهان مانا دەکەنەوە ئەگەرچی پێوەندییەکیشی بە واقیعەکانەوە نەبێت. هەر ئایدیۆلۆجیایەک، جیهانبینیەک ناونووس دەکرێت کە تەنیا بەرژەوەندی و خواستەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات، لەبەر ئەوە، پێوەندی لەگەڵ واقیعی جیهان و ڕەوتی هەقیقی مێژوو ڕێژەیییە و پابەندە بەو قۆناخە کۆمەڵایەتی ــ مێژوویییەی کە ئایدیۆلۆجی تیا لە دایک دەبێت. کەواتە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی لە هەر قۆناخێکی مێژووییدا هەڵگری ئایدیۆلۆجی یان«جیهانبینی» * تایبەتی خۆیەتی. هەڵبەت «مارکس» وا نەبووە کە هەمیشە ئایدیۆلۆجی بە مانا دزێوەکەی لێک بداتەوە جاری واش بووە جۆڕێک شرۆڤەی کردووە کە بتوانێ هەڵگری هەقیقەتیش بێت.
مارکسییەکانی سەدەی بیستەم کە مانا دزێوەکەی ئایدیۆلۆجیان پشتگوێ خستووە، بۆ مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجی ئەڕوانن و بە «ئایدیۆلۆژی چینی کرێکار» ناوبردەی دەکەن کە بە باوەڕی ئەوان هەڵگری هەقیقەتە ئەزەلی و ئەبەدییەکانی مرۆڤ و جیهان و مێژوون.
لە هەندێ لە وەڵاتانی کۆمۆنیستی دا «ئەنستیتۆی ئایدیۆلۆجییایی» بەرپاکراون و بە فەیلەسوفە حیزبییەکانیش ئەڵێن«ئایدیۆلۆگ» *. مارکسیزم ــ لێنینیزم نموونەیەکی تۆخی ئایدیۆلۆجییە.
کاتێک هەنگاو دەنێینە سەدەی بیستەوە جەمسەری ئایدیۆلۆجی لە قوتابخانەی مارکسیزم ئاڵۆزتر ئەبێت. بە هاتنە مەیدانی بیرمەندانێکی وەکوو «لۆکاچ»، مەتریاڵیزمی دایەلیکتیک لە گوێن ئایدیۆلۆجییایەک پەسند دەکرێ. «لۆکاچ» پێی وایە، ئایدیۆلۆجی زۆر زیاتر و قووڵتر لەو شتەی کە «لینین» بیری لێ دەکردەوە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ڕیشەی داکوتاوە. «گرامشی» ، وردبینانەتر لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆجی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە باوەڕی ئەو هەژمۆنی* سەرمایەداری تەنیا لەسەر زۆر و ستەم ڕانەوەستاوە بەڵکوو بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لەسەر ڕێبەرایەتی کردنی ئەندێشەکان لەنگەری گرتووە. ئایدیۆلۆجیای چینی دەسەڵاتدار، لە مێشکی شارۆمەندی مامناوەندیدا دەبێتە شتێکی ڕەشۆکییانە و پەسند دەکرێت. دەسەڵات تەنیا یاسایەکی وشک و تۆسن یان ستەمکاریی نییە بەڵکوو حاکمییەتی زمان و ئەخلاق و کەلتوور و عەقڵی گشتی و عەقڵی سەلیمە. ڕەشەگەل بە دەروونی کردنی هەژمۆنی* ئایدیاڵەکان، سەرکوت دەکرێن.
«مانهایم»، یەکێکی دیکە لەو بیرمەندانەیە کە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم (1945)، لەسەر ئایدیۆلۆجی تێفکرینی بووە و لە ڕاستیدا ڕێگەی بۆ قۆناخێکی دیکەی ئەم چەمکە خۆش کرد کە دواتر بە ناوی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» لە قەڵەم درا. کۆتایی پێهاتنی ئایدیۆلۆجی بریتی بوو لە تێکەڵبوونی بە کاوەخۆی ئایدیۆلۆجی و چالاکی سیاسی لە لقە ئەکادمییەکانی کۆمەڵناسی. قوتابخانەی «کۆتایی ئایدیۆلۆجی» بەرهەمی "شەڕی سارد"* بوو کە لە هەشتاکانەوە وەکوو زریانێک هەڵوەشانەوەی کۆمۆنیزم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و گەڕانەوە بۆ ئابووری بازاڕی ئازادی بە دوا خۆیدا هێنابوو. کۆتایی ئایدیۆلۆجی هاوکات بوو لەگەڵ بە قارەمانبوونی «کۆمەڵناسی» بە تایبەت کۆمەڵناسی ئەمەریکی چوونکە جیهانی بەوە دڵخۆش کردبوو کە سەردەمی خورافە بەسەرچووە و دەبێ زانست بایەخدار بێت. ئەم نمایەندە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەندێشەکانی «تراسی». چونکە ئەویش پێی وابوو کە ئایدیۆلۆجی زانستی سڕینەوەی خۆرافاتە. کەچی لە کۆمەڵناسی 1950 بەملاوە ئایدیۆلۆجی خۆرافەیەک بوو کە پێویستی بە سڕینەوە نەبوو.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی تیۆری کۆتایی ئایدیۆلۆجی، نەیانتوانیبوو بە جێی ئایدیۆلۆجی، ئەڵتەرناتیڤێک پێشنیاز بکەن. بەم بۆنەوە «مەک ئینتایەر»، بە هۆشمەندییەوە گوتی: لە ڕاستیدا کۆتایی ئایدیۆلۆجی، بێئەوەی کە بە هەقیقەت کۆتایی هاتن بە ئایدیۆلۆجی بێت، خۆی ئایدیۆلۆجییا و تەشکێک لە لیبڕاڵیزمی پراگماتیکی لە ئەژمار دەهات.
ئەمێستەگوڵۆڵەی ئایدیۆلۆجی زۆر ئاڵۆزە و کەوتۆتە لێژییەوە. یەکێک لەو جەمسەرانەی کە ئێستەش نەکراوەیە، دژایەتی نێوان هەقیقەت و ئایدیۆلۆجییە. کاری ئایدیۆلۆجیا بە بەڵگاندن سەر ناگرێ بەڵکوو زیاتر کاری داکۆکیکردن و جەختکردن و ئەرەمانی (تجویز)یە.
شەڕی ئایدیۆلۆجیکی
تەکتیکێک کە لە سەردەمی شەڕی سارد لە لایەن دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە مەبەستی بانگەشەی شێوەی ژیان و گوزەرانی سەرمایەداری یان سۆشیالیستی لە ناوخۆ و دەرەوە بەکار برا.
2ــ جۆرە ململانەیەکە لەگەڵ سیستەمی بەهاکانی ڕەقیب کە هەوڵدەدات بۆ گۆڕینی بیروڕای جەماوەر. شەڕی ئایدیۆلۆجیکی بە پڕوپاگەندە و بەرنامەی کەلتووری و پەروەردە و هونەری و دانوستانی زانستی و یارمەتی وەڵاتانی بێگانە و… بە ئەنجام دەگات. گرینگترین شەڕی ئایدیۆلۆژیکی سەدەی بیستەم لە نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری ڕووی دا.