تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دژە شۆڕش
بەو عەمەلیاتە دەڵێن کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بۆ پووچەڵکردنەی شۆڕش بە ئەنجام دەگات. بە واتایەکی دیکە، هەوڵ و دەوڵی حکوومەتی پێشوو بە دژی هەوڵی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی نوێ، بە دژی شۆڕش لە قەڵەم دراوە. ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن کوندرسە، لە ساڵی 1793 لەسەروبەندی شۆڕشی فرەنسێ بەکار براوە. هەندێ جاریش لە لایەن دەسەڵاتدارانێک کە لە ئاکامی شۆڕشێک گەیشتوونە حکوومەت، ئەم زاراوە بە کەسانێک گوتراوە کە لەگەڵ ئەواندا نەیار بوون و بەم بۆنەوە خراونەتە پەراوێزەوە.
شۆڕش
وشەکە بە مانای گۆڕان لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی دیکە. ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن کۆپرنیک بە مانای جموجۆڵی ئەستێرەکان و هەتاو لە زانستی ئەستێرەناسیدا بەکار براوە (شۆڕشی زستانی و شۆڕشی هاوینی). دواتر لە سەدەی 17 لە ئەورووپا، واتایەکی تازەی بە خۆوەگرت و بە مانای ڕابوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی مانا کراوەتەوە. ئینجا بە واتای سووڕانێکی بنەڕەتی لە: شێوازی بەرهەمهێنان (وەک شۆڕشی پیشەسازیی و شۆڕشی تەکنۆلۆجی) یان وەرچەرخانێکی بنیادنەری کۆمەڵایەتی و سیاسی (وەک شۆڕشەکانی فەرەنسە و سۆڤیەت و ئێران) وە یان لایەنێک لە ژیانی کەلتووری و فیکری (وەک شۆڕشی زانستی و شۆڕشی کەلتووری) لێک دراوەتەوە.
بەڵام ئەوەی کە بۆتە بابەتی ڕێبازە شۆڕشگێرییەکان و دەرکی مانای کۆمەڵایەتی شۆڕشەکان، ئەو وەرچەرخانە گورج و کوتوپڕانەن کە لە ئەنجامی شۆڕش لە ستراکتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگەدا ڕوویداوە. باس و بابەتی ئەم تیۆرییانە نەک هەر مەسەلەی گۆڕینی دەسەڵاتداران بە هۆی شۆڕشەوەیە بەڵکوو گۆڕینی چینی فەرمانرەوایان و چۆنیەتی فەرمانکردن و گۆڕینی دەزگە کۆمەڵایەتییەکان و جەوهەری شەڕ و ئاژاوە و کردەوەی شۆڕشگێرانەیە کە وەها گۆڕانکاریگەلێکی بە دواوەیە.
لە سەدەی نۆزدەوە فەیلەسوفان و لێکۆڵەرانی کۆمەڵایەتی ئەورووپا لە بارەی دەوری کۆمەڵایەتی و مێژوویی شۆڕش و هەلومەرجی ئەم دیاردەیە بیروڕای جۆراوجۆریان گۆڕیوەتەوە. بە گشتی ئەو تیۆرییانەی کە لە ڕوانگەی سیاسییەوە ــ نەک کۆمەڵناسی ــ سەیری مەسەلەکە دەکەن، دوو جۆرن: یەکەم، بۆچوونی چەپی و گەشبینانەیە لە شۆڕش کە ئێستاش هەر لەسەر بنەمای مارکسی و دیموکراسییەتی توندڕەوی دەسەڵاتدار ڕاوەستاوە. بەپێی ئەم تیۆرییانە، شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گەورەکان، کەرستەیەکی «جەبری» بوون بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ئازادی و ئۆتۆنۆمی و هاوتەرازیی کۆمەڵایەتی و یەکسانی پیادە بکرێت. لەم زەمینەدا قوتابخانە «پێشڕەو»ەکان، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن: 1ــ ئەوانەی کە پێشخستنی «یەکسانی» بە گرنگترین نیشانەی پێشکەوتن دەزانن و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تەنانەت نەرێتی دیکتاتۆریش بە کار دەبەن (وەک لێنینزم). 2ــ ئەو بیرمەندە ئازادیخوازانەی کە یاخیبوون و زەنازەنای جەماوەر لە شۆڕشە ڕەسەنەکاندا بەدژی ئیستبداد و بە ئامانجی پەرەدان بە دیموکراسییەت دەزانن و بە ڕەوای نابینن کە دیموکراسی سیاسی، فیدای عەدالەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بێت.
لە بەرانبەر چەپییە گەشبینەکاندا، ڕاستڕەوە ڕەشبینەکان خۆ دەنوێنن. نوێنەرانی ئەم قوتابخانە کە هەم لە پاش و هەم لە پێش شۆڕشی فەرەنسەوە هەبوون، بریتی بوون لە: لایەنگرانی ئاریستۆکراسی، کۆنەپارێزیی، شاپەرستەکان و لایەنگرانی کڵێسە. بە درێژایی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە، کەسانێک وەک نیتچە (فەیلەسوفی ئەڵمانی) و گۆستاو لۆبۆن (دەروون ــ کۆمەڵناسی فەرەنسی)، شۆڕشیان بە تەقینەوەی سۆزی وەحشییانە و بەرەڵڵا و ڕووخێنەری جەماوەر زانیوە. دەروونناسە هاوچەرخەکان کە لەسەر داینەمۆی دەروونی موتاڵا دەکەن، هەندێ جار شۆڕش بە نومایشێکی «دەروون جڤاتی» لە قەڵەم دەدەن و ئەمە لەگەڵ «گەڕانەوە» بۆ زەینییەتی سەرەتایی بەراورد دەکەن کە لە حاڵاتی پەرێشانی دەروونی لە تاکدا خۆی دەنوێنێ.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە تیۆرییەکانی شۆڕش، بە پێنج ڕێباز دابەش دەکرێن کە هەر کامیان لەمەڕ چۆنەتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکان، هەڵگری شێوازی بەڵگاندن و خوێندنەوەیەکی جیاوازن. مارکس، وەک پێشەنگی تیوری مارکسی لە جوملەی گرینگترین شرۆڤەکارانی شۆڕش ناونووس دەکرێ. مارکس لەسەر «ناعیلاجی» یان پێویستیی شۆڕش، بە تەئکید پێ داگری دەکرد. ئەو پێیوابوو کە هۆکاری شۆڕش دەگەڕێتەوە بۆ فراژبوونی هێزە بەرهەمهێنەکانی کۆمەڵگە. ئینجا لە ناکۆکی ئەم هێزانە لەگەڵ پێوەندی و سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستادایە کە شۆڕش دێتە کایەوە. کاتێ ئەم سیستەم و پێوەندییانە بەر بە گەشەی بەرهەمهێنان دەگرن، مەسەلەکە قووڵ دەبێتەوە و سەردەمی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان دەسپێدەکات. چینە سەردەستەکان حەز ناکەن پێگەی خۆیان لە دەست بدەن و چینە ژێردەستەکانیش ناخوازن لەو دۆخەی کە تێیدان بمێننەوە. ئەم پێکدادانە، شۆڕشی خوێناوی بەدوا خۆیدا دەهێنێت. مارکس شۆڕش بە هۆکاری ناعیلاجانەی «پێشکەوتن» و «شەمەندەفەری مێژوو» ناوبردە دەکات. (بڕوانە مارکسیزم).
تیۆرییەکی دیکە کە لەسەر شۆڕش ئاڕاستە کراوە تیوری دەروونناسانەیە کە لە لایەن دۆتۆکویلی فەرەنسیەوە شی کراوەتەوە. بەپێی ئەم بیرۆکە دیاردەی ناڕەزایەتی دەبێ لە دەروونی تاکەوە سۆراغی بگیردرێ. بە واتایەکی دیکە ناڕەزایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتکردنی نیازەکانی تاک یان باشتربوونی ژیان یا دژواربوونێکی کورتخایەن لە دوای ماوەیەکی درێژی خۆشگوزەرانی و کاردانەوەی ئەم ڕووداوانە بەسەر زەینی تاکدا.
تیۆری سێهەم، دەگەڕێتەوە بۆ دۆرکهایم کە ڕێبازەکەی خۆی بە ناوی فانکشنالیزم و کۆمەڵگەی جڤاتی لێک دەداتەوە. دۆرکهایم بە پێچەوانەی مارکس پێیوایە کە ئەندامانی کۆمەڵگە بەهۆی فاماندن یا ویژدانی کۆمەڵەکی و هاوبەش پێکەوە یەکگرتووییان هەیە. ئاڵۆزبوونی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی کار ئەم یەکگرتوویی و ویژدانە کۆمەڵەکییە دەخاتە مەترسییەوە. ئینجا ئەم دۆخە لە کۆنترۆڵ دەرئەچێ و کێشمەکێشی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات.
دوو کەسی دیکە کە ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان لە ئاڕاستە کردنی تیۆرییەکانی شۆڕش دەوریان بووە، بریتی بوون لە ماکس ڤیبەری ئەڵمانی و ویلبێرتۆ پارێتۆی ئیتاڵی. لە ڕاونگەی ڤێبەرەوە، ڕەفتاری جڤاتی و هەرەوەزیی جەماوەر دەگەڕێتەوە بۆ وەفاداری بە سیستەمێکی فیکری کە پێناسەیەکی نوێ لە واقیع و جیهان دەدات بە لایەنگرانی خۆی. ئەم پێناسە هەمان چەمکی کاریزمایە لە مێژوودا. بەڕای ڤێبەر کاتێک دەسەڵات بە دەست هێزە کۆنباوەکانەوە بێت هاوکێشە بەرقەرارە بەڵام دوو هێز ئەم هاوکێشەیە تووشی مەترسی دەکەن: یەکەم هێزی عەقڵانی و دووهەم، هێزی کاریزمایی.
بە باوەڕی پارێتۆ کە ڕوانگەیەکی ڕیالیستی لە ئەژمار دێت، سەرهەڵدانی شۆڕش و هەرەوەزیی سیاسی دوایین قۆناغی لاوازبوونی دەزگە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتە. ئەم لاوازییە دەبێتە دەسپێچکێک بۆ ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکان و ئەوانیش لە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بۆ هێنانە سەرشەقامی جەماوەر کەڵک وەردەگرن.
سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە
ئەم جۆرە سۆشیالیزمە کەمتاکورتێک مارکسیزم پەسند دەکات بەڵام هەموو جۆرە مێژوویەکی ڕژێمی کۆمۆنیستی ڕەتدەکاتەوە و قاییل نابێت بە ڕێبەرایەتی کردنی جیهانی لە لایەن سۆڤیەت یان هەر وەڵاتێکی هاوشێوە کە لە سەرووی حیزبە کۆمۆنیستیەکانەوە بێت. دەکرێ بڵێین ئەو مارکسیانەش کە دژی لێنین و ستالین بوون، سەر بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە بوون. لە ترۆتسکی و تیتۆ و ڕۆزا لۆکزامبۆرگ و جیلاس ــە وە بگرە تا ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی کە لەم دواییانە لە کۆمۆنیزم جودا بوونەوە، هەموو بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ پێناسە دەکرێن.
شۆڕشگێڕی
هەر جۆرە کردار، شێواز یان تیۆرییەک کە خوازیاری پشتگیری لە گۆڕینی بنەڕەتی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری یان کەلتووری بێت، شۆڕشگێڕی لە قەڵەم دەدرێت. شۆڕشگێڕان، بەدژی کۆنەپەرستین و تەنانەت ڕیفۆرمخوازەکانیش بە سازشکاری لەگەڵ ڕژێم و سستی لە کردەوە دا تاوانبار دەکەن.
شۆڕشی ئیداری
جێبەجێکردنی چاودێریی لە سەرمایەدارانەوە بۆ بەڕێوەبەرانی دەزگە حکومەتی و ناحکومەتییەکان. هەنووکە، زۆربەی کۆمەڵناسان و زانایانی سیاسەت لەسەر ئەم بڕوایەن کە لە سیستەمە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا (سەرمایەداری و سۆشیالیستی) دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە دەست بەڕێوەبەرانی دەزگە ئابووری و ئیداری و سەربازی و بورۆکراتییەکانە بە تایبەت، ئەو توێژە باڵایەی کە چەرخی هەموو دەزگەکان هەڵدەسووڕێنێ. ئەمانە لە ڕاستیدا چینێکی دەسەڵاتداری تازە پێداکەوتوون کە دەبنە خاوەنی بەشی زۆریی داهات و بەرهەمهێنانی وەڵاتەکەیان. ئەم بیرۆکە لە لایەن جەیمز بێرنام کۆمەڵناسی ئەمەریکی، لە کتێبی شۆڕشی ئیداری (1941) لە ئەمریکادا هاتە ئاراوە.
شۆڕشی کەلتووری
راپەڕینی سیاسی و کۆمەڵایەتی چین لە ساڵەکانی 1966 تا 1969 بە ڕێبەرایەتی مائۆتسەدۆن بەدژی بۆروکراسی حیزبی کە ڕێبەرەکەی لیۆشائۆچی بوو. ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە، وەرچەرخانی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەی چین و بەرجەستە کردنەوەی ڕێبەرایەتی مائۆ بوو. بۆ ئەم مەبەستە مائۆ، لاوانی«گاردی سوور» ی بەدژی کادێرانی حیزبی و سەربازی هەڵخڕاند تاکوو هەردووکیان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئامانجی شۆڕشی کەلتووری لە چین، نەک هەر گۆڕینی ستراکتووری دەسەڵات، بەڵکوو گۆڕینی هاندەر و پاڵنەری کردەوەکانی خەڵکی چین لەمەڕ عەدالەت خوازیش بوو. ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن گاردی سوورەوە بەرەورووی شەڕەنگێزی و پەرەستشی مائۆ بۆوە و سەرەنجام بووە هۆی هاتنە مەیدانی تۆڕێک لە ئەرتەش و گاردی سوور. بەڵام خەونەکانی شۆڕشی کەلتووری وەک پڕۆژەی «بازدانی گەورە بۆ پێشەوە» بەتاڵ بۆوە و گاردی سووریش کۆنتڕۆل کرا و ڕاپەڕینەکە لە ساڵی 9-1968 خاو بۆوە و هێمنی کەوتەوە وەڵات. دوایین قۆناغی شۆڕشی کەلتووری لە ساڵی 1971 پاش ڕوخانی لین پیائۆــ وەزیری بەرگری و جێنشینی مائۆ ــ کۆتایی پێ هات.