تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئابووریی سیاسی
زاراوەی ئابووری سیاسی چەمکێکی نوێباوە کە کێشە و ئاریشەی زانستەکانی سیاسەت و ئابووری لێک دەداتەوە. بە واتایەکی دیکە ئابووری سیاسی لە شوێن دۆزینەوەی پێوەندی دوولایەنەی وزە سیاسی و ئابوورییەکان و کاردانەوەی ئەم هێزانەیە بەسەر پێکهاتەکانی سیاسەتی ئابووریدا. هەروەها کاردانەوەی بارودۆخی ئابووری بەسەر حکوومەتە هەڵبژاردە خەڵکیەکانیش لێک دەداتەوە. سەرکەوتنی حکوومەت لە بواری سیاسەتە ئابوورییەکان، شەرعییەت و ئەگەریی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەو حکوومەتە زیاد دەکات. لە گوتاری پۆزیتۆڤیزمدا شەرعییەت و خۆشویستنی حکوومەتە هەڵبژێردراوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پێودانگە ئابوورییەکانی هەڵامسان، ڕادەی بێکاری و هاوتەرازنەبوونی خەرج و بەرج و…هتد
یەکێکی دیکە لەو مەسەلە گرنگانە، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک بارودۆخی ئابووری وەڵاتەکان دەرەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتە و تا چ ڕادەیەکیش بەرهەمی هۆکارگەلێکی بێ کۆنتڕۆڵ وەک بازاڕی جیهانییە؟
سەنگی هۆکارگەلی سیاسی لە پێکهاتنی سیاسەتە ئابوورییەکان گرانە و ئەم هۆکارانە ئەکەونە ناوەندی سەرنجی ئەم زانستەوە. بۆ نموونە دەگوترێ کە دەوڵەتان لە پێش هەڵبژاردنەکان و بەمەبەستی خۆشیرینکردن لە بەر چاوی ڕەشەگەلدا دەست دەدەنە بووژاندنەوەی ئابووری و تەنانەت تاکوو چەند مانگێکیش ئەو شتانەی کە بەرعۆدەی بوون بە ئەنجامی دەگەێنن، بەڵام دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لەم ڕێبازە دوور دەکەونەوە.
پێوەندی ئایدیۆلۆجی حیزبی لەگەڵ مەسەلە ئابوورییەکانیش، بۆتە بابەتێک لە توێژینەوەکانی ئابووری سیاسی. ئەغڵەب حیزبە چەپییەکان هەوڵ دەدەن گرفتی بێکاری چارەسەر بکەن، کەچی حیزبە ڕاستییەکان هەوڵ دەدەن پلەی هەڵامسان دابەزێنن. کەواتە پێوەندی ئایدیۆلۆژی سیاسی و ئابووری سیاسی مەسەلەیەکی گرنگ لە ئەژمار دێت. ئابووری سیاسی بەم واتایە، لەگەڵ ئابووری سیاسی بە واتا کۆنەکەی کە بە ڕوانگەیەکی مارکسیەوە دەیڕوانییە سیاسەت، خۆبەخۆ جیاوازی هەیە.
ئازادی سیاسی
بریتییە لە مافی هاتنە مەیدان و هاوبەشێتی تاکی کۆمەڵگە بۆ ئیدارەی وەڵات، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی هەڵبژاردنی نوێنەران. ئازادی سیاسی یەکێک لە مەرجەکانی سیستەمی دیموکراسی* لە ئەژمار دێت. بە باوەڕی «مۆنتسکیو»، ئازادی سیاسی بریتییە لە ئەرخەیانی فیکری هەر کەسێک بەگوێرەی سەلامەتی دەروونی خۆی. بۆ گەیشتن بەم ئازادییەش پێویست دەکات بە جۆڕێک حکوومەت دابمەزرێت کە هیچ کەس لە کەسێکی دیکە ترسی نەبێت.
ئەکتیویزم -چالاکیی سیاسی
ئەم زاراوە بە دوو مانا لێکدراوەتەوە، یەکەم بە مانایەکی ئەڵمانی کە زیاتر لە بەستێنی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا گونجاوە. دووهەم بە واتایەکی بەربڵاو کە بە مانای تێهەڵچوونێکی گەرموگوڕە لە کردەوە و چالاکیی سیاسی. ئەم واتایە دەلالەت دەکات لەسەر ڕۆڵی گرینگی چالاکوانان وەکوو کاکڵی ئازای حیزبە سیاسییەکان. هەروەها لە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان بە تایبەت لە سیاسەتی حیزبی بونیادگەرادا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ. لە شێوازە توندڕەوەکەیدا بۆ پاساودانی تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ یان بۆ لە دۆخدانی زەبر و زەنگ بو گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بە کار هاتووە. لە سیاسەتی باڵی چەپدا جاری وا هەیە کە خەباتکار بە مانای چالاک بە کار دەبرێت بەڵام مەبەست، ڕادەی بونیادگەرێتی ئەوکەسەیە لە سیاسەتدا. ئەم خاڵە بە تایبەت لە بارەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان پێش گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بەرچاوە.
بەشداریی سیاسی
هاوکاری شارۆمەندان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەرانی سیاسی و بەشداری چالاکانە لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارکردن لەسەر فۆڕم و ڕێنمونی کردنی سیاسەتی دەوڵەت.
لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان نەک هەر بەشداریکردنی جڤاک لە سیاسەت پەسند ناکرێت بەڵکوو مۆڵەت نادەن جەماوەر خۆی لە سیاسەت هەڵقورتێنێ. هۆی ئەم ڕێگرتنەی دەسەڵاتدارانیش ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: یەکەم، حکوومەت توانای سنووردارکردنی دەستێوەردان لە سیاسەتی هەیە تا ئەوکاتەی نەخوێندەواری و بێئاگایی گشتی، لاوازی و نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمتەرخەمی جەماوەر بۆ تێگەیشتن لە ئاریشە سیاسییەکان لە گۆڕێدا بێت، سنووردارکردنی هاوبەشیی سیاسی و دەستێوەردان لە سیاسەت لە لایەن حکوومەتەکان وەکوو ئاوخواردنەوە دەبێت. دووهەم، دەسەڵاتداران بەزۆری دەترسن لەوەی بەرژەوەندی و قازانج و حەز و تاسەیان لەناو بچێت. بۆیە بەگشتی ڕژێمە سەرکوتکارەکان تێدەکوشن بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێگر بن لە بەشداریی سیاسی جەماوەر و دەستێوەردان لە سیاسەتدا.
بیرمەندانی زانستی سیاسی 3 هۆکار بۆ بەشداریی سیاسی بە گرنگ دەزانن: یەکەم، پاڵنەر و هاندەری بەشداریکردن، واتە بۆ هەر چەشنە هاوبەشییەک دەبێ ناڕەزایەتییەک بۆ تاک لەئارادا بێت تاکوو بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییە ببێتە ئەندامی ئەنجومەن یا ڕێکخراوەیەک کە هەوڵ دەدات لە بواری جۆراوجۆر هاوبەشێتی بکات. هەوڵدان بۆ ڕازی هێشتنەوەی تاک دەبێتە پاڵنەڕێک بۆ هاوبەشیکردن. دووهەم، ڕێکخستن چ بە شێوەی کۆن و چ بە شێوەی مودێڕن، وزە و فیکر دەبەخشێ بە بەشداربوان و یارمەتی ئەوان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. سێهەم، نەرمونیانی حکوومەتەکان، واتە حکوومەتەکان تا چ ڕادەیەک لە واقیعدا دەرفەتی ڕاستەوخۆی هاوبەشی کردنی جەماوەر ساز دەکەن و تا چ ڕادەیەک لە بەرانبەر ئەم پڕۆسە بە نەرمونیانی ڕەفتار دەکەن.
تاوانی سیاسی
کردارێکی تاوانبارانە کە بەمەبەستی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێواندنی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بە ئەنجام بگات، یان هەر کرداڕێکی تاوانبارانە کە دەرەنجامەکەی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە ڕێبەرانی سیاسی بێت. ڕوودانی تاوانی سیاسی وەک هەر تاوانێکی دیکە، گرێدراوی سێ ڕوکنی ماددی و مەعنەوی و قانوونیە و مادامێکی یەکێک لەم کۆڵەکانە بلەنگێت، ئەوا تاوانێک ڕووی نەداوە.
بۆ سەلماندنی تاوانێکی سیاسی دوو ڕێسێ گرنگە: یەکەم، ڕێسای زەینی. دووهەم ڕێسای عەینی (بەرچاو) . بەپێی ڕێسای زەینی، کەسە تاوانبارەکە و ئامانجەکەی گرینگە نەک تاوانەکە و شوێنەوارە بەجێماوەکەی. بەم پێیە تاوانی سیاسی بریتییە لەوە کە تاوانبار بە پاڵنەری سیاسی و بەمەبەستی نسکۆ لێدان بە حکوومەت دەسبەکار بووبێت. بەپێی ڕێسای عەینی، پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی تاوانێکی سیاسی، شوێنەواڕێکە کە لە تاوانەکە بەجێ دەمێنێت. ئەگەر تاوانەکە زیان بگەیەنێ بە حکوومەت و ئازادییە گشتییەکان، ئەوا لە جوملەی تاوانی سیاسی لە ئەژمار دێت.
تیۆری سیاسی
تیۆری سیاسی لە سۆنگەی بابەت و باسەوە، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێ کە دوو تەوەری 1و2 بە فەلسەفەی سیاسی ناوبردە کراوە:
1) تیۆری ئەخلاقییانەی زانستی سیاسەت.
2) خوێندنەوەی مێژوویی ئەندێشە سیاسییەکان.
3) شیکاری زمانەوانیی ئەندێشە سیاسییەکان.
4) دۆزینەوە و بەربڵاوکردنی سیستەماتیکی بنەما گشتییەکانی ڕەفتاری سیاسی.
لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، کۆنترین پێناسەی ئەم زاراوە بۆ ناوبردەکردنی لقێک لە زانستە سیاسییەکان بەکار هاتووە کە لایەنی تیۆری بووە، دیمانەیەک بە مانای تێفکرین لە باڵاترین ئاستی ماهییەتی ژیانی باش و ئەو دەزگە سیاسییانەی کە وەها ژیانێک بەدی دەهێنن.
تەکلیفی سیاسی+ ئەرکی سیاسی
تەکلیف (ئەرکی سەرشان) بە کردەوە یان خۆپاڕاستن لە بە ئەنجام گەیاندنی کردارێک دەگوترێ کە بەپێی یاسا فەرمان درابێت یان نەهی لێکرابێت. بەڵام تەکلیفی سیاسی، بە «ئەرکی هاووەڵاتی بۆ گوێڕایەڵ بوون بە یاسا» ئاماژە دەکات. ئەم ئەرکە لە بنەڕەتدا هێمایەکە بۆ گوێڕایەڵی و سەرسپوردەگی بە «دەسەڵاتێکی سیاسی» تایبەتەوە.
باسە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی ئەورووپا بریتی بوون لە: 1ــ چۆنیەتی و هەڵومەرجی پەیدابوونی ئەم ئەرکە. 2ــ سنوورەکانی ئەم ئەرکە. بۆ وێنە لەسەر ئەم بۆچوونە کۆنە کە پێی وابووە ئەم ئەرک و تەوزیمە لە لایەن خوا یان سروشتەوە بە ئینسان ڕاسپێردراوە، گریمانەی جیاواز لەسەر تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی ئاڕاستە کراوە. بیرمەندانێکی وەک هیووم، ئوستوارت میل هێگل و گرین، پێیان وابوو کە ناکرێ مرۆڤ کوتومت بەرعۆدەی وەها ئەرکێک ببێت بەڵکوو ئەو ئەرکانە بەپێی بەهاگەلێک کە لە کۆمەڵگەکان سەرهەڵدەدەن، ئەخوێندرێنەوە.
جوگرافیای سیاسی (جێئۆپۆلیتیک)
پلاندانان بۆ سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتێک بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە جوگرافییەکان. بابەتی جوگرافیای سیاسی، خوێندنەوەی بنەما جوگرافییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە واتە لێکدانەوەی دەوری کەشوهەوا، سەرچاوە سرووشتییەکان، شۆێنکاتی جوگرافیایی، حەشیمەت و تایبەتمەندیە کەلتووریەکان بە سەر سیستەمی سیاسی وەڵاتێک. ئەرەستۆ دەڵێ: بە بێ ڕەچاوکردنی جوگرافیا، ئەقڵی سیاسی بڕ ناکات. «جان بۆدن»، یەکەم بیرمەندی هاوچەرخ بوو کە پێوەندی نێوان زانستی سیاسەت و جوگرافیای بەرجەستە کرد. «مۆنتسکیڤ» و «ڕۆسۆ»، هەرکامیان بە نۆبەی خۆیان لەسەر پێوەندیی هۆکارە جوگرافییەکان و کەشوهەوا بە سەر شێوازی حکوومەتکردن و کاریگەری ئەم هۆکارانە بە سەر سیاسەت و ئازادی خەڵک، توێژینەوەیان کردووە.
یەکێک لە پێشەنگەکانی جوگرافیای سیاسی، «هاڵفۆرد مەکیندر» ( 1947-1861) نووسەری بەریتانی بووە کە پێی وابوو چارەنووسی مێژووی جیهان، ئاکامی شەڕ و ململانێی هێزی وشکایی بووە لە بەرانبەر هێزی دەریاییدا.
بابەتی نوێی جوگرافیای سیاسی، لێکدانەوەی مەسەلە جیهانییەکانە لە ڕوانگەی جوگرافیاییەوە. سەرهەڵدانی ناوەندە جیهانییەکانی دەسەڵاتی نوێ، گرنگایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەباری دەسەڵاتی سیاسی و پێوەندیی باکوور و باشوور لە جوملەی سەرباسەکانی جوگرافیای سیاسی مودێرنەیە. لێکدانەوەی سنوورە سیاسییەکان و ناوچە سەرسنوورییەکان، هێزی دەریایی و وشکایی و ناوەندە سیاسییە بەهێزەکانی دەسەڵات لە باری جوگرافییەوە بابەتی توێژینەوەی جوگرافیای سیاسییە.
دەروونناسی سیاسی
لە ساڵەکانی 1910 بەملاوە، واڵتێر لیپمەن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (1889-1974) گوتی: گەورەترین هەڵەی ئەندێشەی سیاسی ئێمە ئەوەیە کە بێ ڕەچاوکردنی«مرۆڤ»، دەم لە سیاسەتەوە بەین.
بابەتی دەروونناسی سیاسی، لێکدانەوەی کاریگەریی کەسایەتی جەماوەرە بەسەر سیاسەتدا بە تایبەت گرنگایەتی سایکۆلۆژی لە بڕیارە سیاسییەکاندا سەرنجی پێدراوە. بەم حاڵەش جۆراوجۆری قوتابخانە دەروونناسییەکان بۆتە هۆی فرەچەشنی دەروونناسی سیاسی. بۆ وێنە جەختکردن لەسەر سایکۆلۆجی فرۆید، سایکۆلۆجییەکی سیاسی جیاوازیش دێنێتە ئاراوە.
دەروونناسی سیاسی، خۆی بە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان سەرقاڵ دەکات. متمانەکردن بە خۆ، هەستکردن بە گوناهباری، هەست بە ئاسایش یا نائەمنی، خودشەیدایی، ئیگۆی لاواز یان بەهێز و… لە جوملەی بابەتەکانی توێژینەوەی دەروونناسی سیاسی لە ئەژمار دێن. بەڕای هەندێ لە پسپۆڕانی ئەم زانستە، سیاسەت بۆ ئەو کەسایەتییانە دڵڕفێنە کە لە قۆناخی منداڵی یا هەرزەکارییان تووشی شکست و سووکایەتی و نامورادی بوبێتن. وەها کەسانێک ئەیانهەوێت بە وەدەسهێنانی دەسەڵات، ئەم کەموکووڕییانەی ژیان قەرەبوو بکەنەوە.
بەم پێیە دەروونناسی ڕێبەرە سیاسییەکان، بەم سێ شتەوە پەیوەستە: یەکەم ناسینی پاڵنەرەکانی کەسایەتی، دووهەم چۆنییەتی بە سیاسیکردنی ئەم پاڵنەرانە و سێهەم پاساودانیان بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. لەم ڕوانگەوە ڕەفتاری سیاسی ڕێبەران بریتییە لە دیتنەوە و ئاشکراکردنی پاڵنەرە دەروونییەکان و گرفتە شەخسییەکانی تافی منداڵی ئەوان.
زیندانیی سیاسی
لە سیستەمە یاساییەکاندا زیندانی سیاسی بە کەسێک دەگوترێ کە بە هۆی بەزاندنی سنوورە یاساییەکانی دیاریکراو بۆ ئازادییە سیاسیەکان ــ کە لە دەستووری بنچینەییدا دیاری کراوە ــ هەروا خستنە ژێر پێی سنووری دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەت، بڕیاری زیندانی کردنی بۆ دەرئەچێ. گەورەترین تاوانی سیاسی کە لە یاساکانی سزاداندا بە «تاوانی باڵا» ناوبردە کراوە، پیلان گێڕان بە دژی یەکپارچەیی خاکی وەڵات و شەڕی چەکداری بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێمی سیاسی وەڵاتێکە.
لە لایەکی دیکەوە، دیلکردنی هەر تاکێک بە هۆی ئەو تاوانانەی سەرەوە، بە پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دادەنرێ چونکە ئەم جاڕنامە لە بەندی نۆزدەهەمدا دەڵێ: هەموو کەسێک مافی ئازادی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و ئەم مافەش بریتییە لەوەی کە بە هۆی بیر و باوەڕیەوە تووشی ترس و خۆف نەبێت و لە پێناو وەرگرتنی زانیاری و ئەندێشە و بڵاوکردنەوەیان، بە ئامرازی گونجاو بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەربەستێک، ئازاد بێت (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ).
ئەو کەسانەی کە لە ڕوانگەی ڕێکخراوە مرۆڤپارێزەکانەوە بە زیندانی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن، زۆربەی دەوڵەتان بە تێکدەر و تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و ناحەز ناونووسیان دەکەن و ئەندامبوونیان لە گرووپە نایاساییەکان دژ بەو پێناسەیە دەزانن کە بۆ زیندانی سیاسی کراوە.
لە یاساکانی سزادان، زۆرینە تاوانی سیاسی لە تاوانە ئاساییەکان جیا دەکەنەوە و بۆ تاوانبارانی سیاسی هەندێ مەرج و ئاسانکاری تایبەت لە بەرچاو دەگرن. بۆ وێنە ئامادەبوونی «ئەنجومەنی چاودێران» و مافی جیاکردنەوەی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئاسایی لە ناو بەندیخانەکاندا.
سیستەمی سیاسی
سیستەم لە وشەی یۆنانی sustema بە واتای «بە کۆمەڵ» وەرگیراوە. ئەم وشە لە زۆربەی زانستە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، بە واتای جیاواز بەکار براوە. لە زاراوەی سیاسیدا سیستەمی سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێ دامودەزگە و پاڵنەری ئاشکرا کە پێکهاتەکانی دەسەڵات بەدی ئەهێنن. لە پێناسەیەکی دیکەدا سیستەمی سیاسی بۆ دەرخستنی تایبەتمەندییە لۆژیکییەکانی هاوپێوەند لەگەڵ هەر چەشنە ژیانێکی سیاسی ئاڕاستە کراوە. کەواتە سیستەم، بە ناچاری لە قەبارەی هەر تیۆرییەک بیچم بگرێت، ئاشکرا و ئاڕاستەی دەکات.
سیستەمی سیاسی لەگەڵ ڕژێمی سیاسی کە شێوازی حکوومەت کردنە، جیاوازییان هەیە. بۆ وێنە سیستەمی «کۆماریی» سیستەمێکی دیاریکراوە بەڵام هەر وەڵاتێک، بەپێی ڕادەی دەسەڵاتی سەرکۆمار ڕژێمێکی تایبەت بەو قەوارە دادەمەزرێنێت. بە گشتی دەوڵەت وەک پێکهاتەی سەرەکی سیستەمی سیاسی لە قەڵەم دراوە و لەبەر ئەوەش کە هێزی سزادانی بە دەستەوەیە، هەندێ جار هاوواتای سیستەمی سیاسی مانا کراوەتەوە. نموونەی سیستەمە سیاسیەکان وەک، سیستەمی فیۆدالی، سەرمایەداری، پەرلەمانی، تۆتالیتەری و …
مێتۆدی لێکدانەوەی سیستەمە سیاسییەکان، لە 1950 بەملاوە لە ڕۆژاوا ڕەواجی پەیدا کرد و ئامانجەکەشی، بەدەستەوەدانی تیۆرییەکی گشتی بوو بۆ شرۆڤەی هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی لە سەرجەم سیستەمە سیاسییەکاندا. مەسەلەی سەرەکی بۆ لێکدانەوەی سیستەمە سیاسییەکان، چۆنییەتی سەرهەڵدان و دەوام و وەرچەرخان و لەناوچوونی ئەم سیستەمانەیە. لەم ڕوانگەوە سیاسەت لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێی خۆی کردۆتەوە و بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی، دەبێ پێچەڵپووچی و ئاڵۆزییەکانی ناخی پێوەندییە سیاسییەکان لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا سادە بکرێتەوە و لێک بدرێتەوە. سیستەمی سیاسی، وەک مەداری سیاسەت و حکوومەت، سیستەمێکە کە داتاکانی لە دەوروبەری خۆی وەردەگرێ و لە پڕۆسەی پێکهاتە سیاسییەکاندا دەیخەمڵێنێ و ئینجا لە قەوارەی سیاسەتەکان دەیداتەوە بە کۆمەڵگە.
سەربەخۆیی سیاسی
بریتییە لە: دەسەڵاتی دەوڵەتێک لە مەڕ بەڕێوەبەرایەتی و ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی وەڵاتەکەی خۆی، بەبێ ڕاگرتنی دڵی دەوڵەتێکی دیکە یان گرینگی نەدان بە ڕازی بوونی دەوڵەتێکی بێگانە.
فرەدەنگی سیاسی
1- هەبوونی دەنگی جۆراوجۆر و بە ڕەسمییەت ناسینی گروپی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری جۆربەجۆر لە کۆمەڵگە یان کەشوهەوایەک کە تێیدا هیچ گروپێکی سیاسی، کەلتووری، ئایینی و ئەتنیکی تایبەت، دەسەڵات پاوان نەکات.
2ــ بڕوا هێنان بەوەی تاک، خاوەنی حەز و عیلاقاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی جۆربەجۆرە و دەبێ لە لایەن حکوومەتەوە بەهەند بگیردرێ و دەسەڵات لە نێوان بۆچوون و لایەنە سیاسییەکان دابەش بکرێت. ئەم قوتابخانە لە سەربەخۆیی دەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەسەڵاتی حکوومەت پشتگیری دەکات تاکوو حکوومەت نەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها و دوور لە بەرپرسایەتی.
3ــ فەلسەفەیەکی سیاسی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە لایەن لیبراڵ و سۆسیالیستە ئینگلیزییەکان ئاڕاستەکرا کە پێیوایە دەبێ دەسەڵات لە نێوان لایەن و دەزگە کۆمەڵایەتییەکان دابەش بکرێت و کۆمەڵگە بە تەواوەتی نەچێتە ژێر ڕکێفی چین یان یەکەیەکی سیاسی تایبەتەوە.
فۆرماسیۆن: بڕوانە پێکهاتن.
فەلسەفەی سیاسی
فەلسەفەی سیاسی، نەک بە واتای مێژووی ئەندێشە سیاسییەکان بەڵکوو بە مانای بیرکردنەوە لە سیاسەت بە شێوەیەکی فەلسەفی بریتییە لە تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ماهییەت و سروشتی حوکم کردن و فەرمانکردن، پەیڕەوبوون و ملکەچکردن، پێویستیی و غایەتی دەوڵەت و کۆمەڵگە، هۆی وجوودیی دەوڵەت و باشترین شێوازی ڕێخستنی ژیانی سیاسی مرۆڤ بە مەبەستی دابینکردنی ئامانجە سەرەکییەکان واتە عەدالەت و ئازادی. هەر کام لە قوتابخانە سیاسییەکان، بە ڕێبازی تایبەتی خۆیانەوە خەریکی ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلانە بوون. بۆ وێنە لەنگەرگرتن لەسەر بەڵگاندنیی ئەقڵی لە فەلسەفەی سیاسی ئەرەستۆ، بەڵگاندنی لۆژیکی و ئینتزاعی لە فەلسەفەی سیاسی تۆماس هۆبز، ئەقڵی سەلیم و مافە سروشتییەکان لە فەلسەفەی سیاسی جۆن لاک و جەخت کردن لە سەر ئەقڵی گشتی لە فەلسەفەی سیاسی هێگل لە جوملەی مێتۆدە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی لە ئەژمار دێن.
فەلسەفەی سیاسی، سەرقاڵی وەڵامدانەوە بە پرسیارگەلێکە لە بارەی حکوومەت، هاووەڵاتی (شارۆمەند) و دەوڵەت و زۆر ناچێتە ناو ناخی حکوومەتێکی تایبەت و خۆی لە شێوازەکانی فەرمانڕەوایەتی نادات. ئەو پرسیارانەی کە فەلسەفەی سیاسی وەڵامیان دەداتەوە، بریتین لە: بۆچی مرۆڤ دەبێ پەیڕەوی حاکمییەتی وەڵاتەکەی خۆی بێت؟ ئایا جگە لە ترس، هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ ئەم پەیڕەوکردنە؟ ئایا ئێمە پێویستمان بە دەوڵەتەکان هەیە، یان بە بێ ئەوان دۆخێکی باشترمان دەبێت؟ ئازادی چییە؟ هاووەڵاتیان، دەبێ تا چ ڕادەیەک لە ئازادی بەهرەوەر بن؟ یەکسانی و عەدالەت چییە و ئایا شتێکی پەسند کراوە؟
فەلسەفەی سیاسی، لە سەر بنەمای ئەم گریمانە سروشتییانەی مرۆڤ داڕیژراوە کە چوار تەوەر لە خۆ دەگرێ: یەکەم، ئایا مرۆ خۆبەخۆ، بوونەوەڕێکی تاکباوەڕە یان باوەڕی بە کۆمەڵە؟ دووهەم، ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسی (مەدەنی) یە یا ناسیاسی و غەیرە مەدەنی؟ سێهەم، ئایا مرۆڤ خۆبەخۆ بوونەوەرێکی ئەقڵانی و سەربەستە یان بێئاوەز و مەجبوورە؟ چوارەم، ئایا لە ڕاستیدا مرۆڤ ڕووەو فراژوتنە یان بەرەو پووکانەوە و تیاچوون دەڕوات؟
فەلسەفەی سیاسی، باسەکانی ماهییەت و سەرچاوەی دەوڵەت گرێ دەداتەوە بە بایەخ و غایەتەکانی ژیانی سیاسی مرۆڤ و باشترین شێوازی حکوومەت. لەم ڕوانگەوە تێڕامان لە بارەی باشترین شێوازی حکوومەتکردن دەبێتە گرینگترین مەسەلەی فەلسەفەی سیاسی.
لەبارەی بەنرخترین بەرهەمەکانی بواری فەلسەفەی سیاسی، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی کە لە لایەن کاڕۆڵ پۆپێر لە کاتی شەڕی جیهانی دووهەم، (1945) نووسراوە. لەم کتێبەدا نەندێشەکانی چوار فەیلەسوفی گەورەی سیاسی واتە پلاتۆ، ئەرەستۆ، هێگل و مارکس کەوتوونە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کتێبێکی دیکە لەم بابەتە، کتێبی تیۆرییەک دەربارەی عەدالەت، نووسینی جۆن ڕاڵزە کە لە ساڵی 1972، بڵاو کرایەوە. ڕاڵز، تیۆرییە سیاسییەکەی خۆی لە سەر دوو بنەما ئاڕاستە دەکات: یەکەم، ئەوەی کە دەبێ هەموان بە باشترین شێوە لە ئازادییە سەرەکییەکان بەهرەوەر بن. دووهەم، جیاوازی سەروەت و دارایی تا شوێنێک چاوپۆشی لێدەکرێ کە بە قازانجی هەژارترین توێژی کۆمەڵگە تەواو بێت.
بەگشتی دەکرێ بڵێین، گرێکوێرەی فەیلەسووفانی سیاسی، پەیجۆری و بنگیری بنەمایەک بووە بۆ عەدالەت یان قانوونێکی یەکسان بۆ کۆمەڵگە. کێشەی فیلسووفانی سیاسی لە سەر چەمکی عەدالەت دەگەڕێتەوە بۆ سێ مانای جیاواز کە لێی بۆتەوە. هەندێک عەدالەتیان بە یەکسانی لە قەڵەم داوە و هەندێ لەبەرچاوگرتن و ڕەچاوکردنی لێهاتوویی و شایستەبوون بە مەرجی عەدالەت ناوبردە ئەکەن، هەندێکیش دابینکردنی پێداویستییەکان بە پێودانگی عەدالەت ئەژمێرن.
قوتابخانەی سیاسی
قوتابخانەی سیاسی بەو تیۆرییانە دەگوترێ کە دەربارەی دەوڵەت، حکوومەت و شێوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لێکۆڵینەوە دەکات. قوتابخانە سیاسیەکان بەو مانایەی کە ئیمڕۆکە مەبەستمانە مێژوویەکی دوور و درێژیان نییە بەڵکوو بەرهەمی گۆڕانکارییە فیکرییەکەی سەردەمی ڕێنسانسی ئەورووپایە بە تایبەت سەروبەندی شۆڕشی مەزنی فرەنسی کە بزاوتە سیاسیەکان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە هاتنە مەیدانەوە. لە باری مێژووییەوە، ڕەوتی پەیابوونی قوتابخانە سیاسیەکان وابووە کە سەرەتا ئەندێشەی ئازادیخوازانە (لیبرالیزم) و تاک باوەڕانە (تاک پەروەری) سەری هەڵداوە. دواتر، پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و هاتنە ئارای مەسەلەی نوێی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕێبازی کۆمەڵخوازی و سۆشیالیستی بەدیهاتوون.
ئەم قوتابخانانە هەندێ جار وەک لیبرالیزم (بڕوانە ئازادیخوازی) یا فاشیزم ژێرخانێکی فەلسەفییان نییە بەڵام هەندێکی دیکە لەم قوتابخانانە وێڕای خستنەرووی تیۆری دەربارەی حکوومەت، بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بە ئامرازێک دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەمانە لە ڕاستیدا بە ئایدیۆلۆژیا لە قەڵەم دەدرێن. بۆ وێنە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم کە ڕیشەی هەردووکیان دەگەڕێتەوە بۆ مارکسیزم.
قوتابخانەی فرانکفۆرت: بڕوانە مارکسیزمی نوێ.
قەیرانی سیاسی
حاڵەتێک کە تێیدا هاوسەنگی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی شێوابێت. قەیرانە سیاسییەکان بەپێی ئاستی بەربڵاوی و پانتای جوگرافی، بە دوو جۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابەش دەکرێن. قەیرانی ناوخۆیی وەک، ململانێی کرژی سیاسی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی دەسەڵات، سەرهەڵدانی ناکۆکی جیددی لە نێوان باڵەکانی حکوومەت، کۆدەتای سەربازی، مانگرتنی درێژخایەن، شۆڕش و پێکدادانی ئەتنیکی و شەڕی چریکی. ڕیشەی قەیرانی سیاسی ناوخۆ تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەی کاربەدەستانی ناوخۆی وەڵاتەکە بەڵکوو لەم چاخەدا زۆربەیان لە ژێر کاریگەری دیاردە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و هێزە بان ــ ناوچەییەکان سەرهەڵئەدەن.
قەیرانی سیاسی نێودەوڵەتی، بریتیە لە هەلوومەرجێکی چاوەڕواننەکراو کە لە ئەنجامی پێوەندی دوو یا چەند وەڵات سەرهەڵدەدات، بۆ وێنە، ناکۆکی نێوان دوو وەڵاتی دراوسێ کە لە ساردبوونەوەی پێوەندی سیاسییەوە بگرە تاکوو شەڕ تەشەنە ئەسەنێت.
مافی سیاسی
مافی سیاسی بریتییە لەو مافانەی کە لە یاسای گشتی ناوخۆیی، تەنیا بە هاووەڵاتیانی خۆجێیی وەڵاتێک دەدرێ و بۆ بەهرەمەند بوون لێی دەبێ ببیتە شارۆمەندی ئەو وەڵاتە. کەواتە ئەم مافە بۆ خەڵکانی بێگانە و هەندەرانی لە ئارادا نییە تاکوو نەتوانن لە کاروباری ناوخۆیی وەڵاتێکی دیکە دەستێوەردان بکەن. هەندێک پێیان وایە کە بەخشینی ئەم مافە بە کەسێکی لاوەکی، دژایەتی هەیە لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکاندا، کەواتە بۆ ڕێزگرتن لەم یاسایەش بێت دەوڵەتان، ئەم مافە نابەخشن.
مرۆڤناسی سیاسی
ئەم لقە زانستییە ئاوێتەیەکە لە زانستی مرۆناسی کەلتووری و زانستی سیاسەت کە سەروکاری لەگەڵ هەندێ لە قووڵترین کێشە سیاسیەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا بووە. لە ڕوانگەی زۆربەی مرۆڤناسانی سیاسییەوە، هەموو بەستێنەکانی ژیان کەمتاکورتێک خەسڵەتێکی سیاسییان هەیە و ژیانی کۆمەڵایەتی تێکڕا پێکهاتێکە لە سێکوچکەی ململانێ، دەسەڵات و سوڵتە. یەکەمین ئاسەواری مرۆناسی سیاسی کتێبی فریدریش ئێنگڵس بوو لە ژێر سەردێڕی سەرچاوەی خێزان، خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت (1844).
لەم سەردەمەدا موتاڵاکردنی پێوەندییەکانی دەسەڵات لە ناخی ستراکتووری خێزان، عەشیرە، نەتەوە و زایەند (جێندەر) بە تایبەت لە وەڵاتانی بەرەو پێشکەوتن، بۆتە بابەتێک بۆ مرۆناسانی سیاسی. ململانێ و مشتومڕی سیاسی لەم وەڵاتانەدا زۆرتر لەسەر ئەم مەسەلانەیە و بە تایبەت باسکردن لە دواهاتی سیاسی ئەتنیکی و کێشمەکێشی نەتەوەیی کەوتۆتە بەر سەرنجی مرۆناسی سیاسی. جیاواز لەم باسە تازانە، بابەتی کلاسیکی مرۆناسی سیاسی ئێستاش هەر شێوازە سیاسییەکانی پێش دروسبوونی دەوڵەتە. یەکەمین شێوازی ڕێکخراوەیی ژیانی سیاسی لە قەوارەی هۆزەکان سەری هەڵدا کە ستراکتووری دەسەڵات لە ناویاندا لە سەر پێوەندی خزمایەتی سازدرابوو. چەند هۆکارێک بوونە هۆی گۆڕینی ئەم شێوازە سیاسییانە بەرەو دەوڵەتی ڕێکخراوەیی کە بریتین لە: بەرفرەوان کردنی جوگرافیای دەسەڵاتی هۆزەکان و سەرکەوتنیان، زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵ، زۆربونی حەشیمەت، پەرەسەندنی بێعەدالەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی بازرگانی و گەورەبوونی شارەکان.
مرۆڤناسی سیاسی، بۆ مرۆڤ وەک مرۆڤێکی سیاسی دەڕوانێ و تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکان لەباری مێژوویی و جوگرافییەوە پێناسە دەکات. ئەم واتایە لە کتێبی سیاسەتی ئەرەستۆ کە لە بنەڕەتدا مرۆڤ بە بوونەوەرێکی سیاسی دەزانێت، بەرچاو ئەکەوێت.
هاوسەنگی سیاسی
هاوسەنگی سیاسی بریتییە لە بەرگری کردن لە دەستبەسەراگرتن و تەراتێنی زلهێزەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
وەچەی سیاسی
خەڵکانێک کە ئەزموون و ڕووداوە سیاسییەکانی زەمەنێکی دیاریکراویان بە چاوی خۆیان دیبێت، بە وەچەی سیاسی پێناسە دەکرێن.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لەباری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن (بڕوانە مافی مرۆڤ). پەیماننامەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و سیاسی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پیادەکردن و بەرزڕاگرتنیان. ئەم پەیماننامە 53 مادە لەخۆ دەگرێ و گرنگترین مافەکانی بریتین لە: مافی ژیان و ئاسایش، ئازادی بزووتنەوە، ئازادی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ئازادی بیروڕا و ئایین و ئەندێشە و سڕینەوەی کۆیلایەتی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و قەدەخەکردنی ئەشکەنجە. ڕەشنووسی ئەم پەیماننامە، سەرەتا لە ساڵی 1954 لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کرا و لە ساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتی پەسند کرا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1976 بە کۆی 35 دەنگ تەوزیم کرا و وەک یاسایەک بڕاوەتەوە.
کۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیەکانی ژنان
ئەم کۆنڤانسیۆنە لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 20ی سێپتەمبەری 1952 پەسند کرا. ئەم بڕیارنامە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە و بەم پێیە هەموو وەڵاتانی ئەندام، بەڵێنیان داوە کە مافەسیاسیەکانی ژنان تا ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بپارێزرێ. بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە دەبێ ژنانیش، هاوشانی پیاوان لە مافەکانی هەڵبژاردن و پاڵاوتن و گەیشتن بە پلەوپایە ئیداریەکان بەهرەوەر بن.