تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شارستانەتی / ژیار
مەبەست لەم زاراوە، شێوە ژیانی شارستانییانەیە لە کۆمەڵگەیەکی شاری کە سێ واتای لێدەبێتەوە:
ـــ بەرەوپیری ئەقڵ و مرۆڤایەتی چوون.
ـــ ئەنجامدانی بەڕێوجێی کاروباری ژیان.
ـــ هەنگاونان بەرەو ئاکار و ئەخلاقی شاری.
شارستانەتی لە زاراوەی سیاسیدا «بە کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی، پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئایینی، هونەری و ئەدەبی و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو» دەگوترێ. بە واتایەکی دیکە، شارستانەتی بە کۆمەڵێک پاشکەوتی مادی و مەعنەوی مرۆ لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو دەگوترێ. شارستانەتی لە زانستی مرۆناسیدا وەک پاژێک لە کەلتوور لە قەڵەم دراوە.
فۆرمالیزم/ڕووکەش پەرستی
ئەم زاراوە کە بە باوەڕی مارکسیەکان لە بەرانبەر ڕیالیستی سۆشیالیستیدا بەکار براوە، ئاماژەیە بۆ سەرنجی لەڕادەبەدەر بە شکڵ و شێواز یا بڕوایەکی قووڵ بە پاراستنی ڕواڵەتی شتەکان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. فۆرمالیزم یا ڕووکەش پەرستی، شێوازی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە ڕواڵەتی ڕووداوەکان و لایەنی تەشریفاتی کارەکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تا کێشە و بابەتەکان لە ڕووی ڕواڵەت و نەریتەوە بە شێوازێکی لەبار و گونجاو بخەنە بەرچاو.
لە بواری سیاسییەوە فۆرماڵیست بەو کەسانە دەگوترێ کە بایەخ بە ناوەرۆکی بابەتەکان نادەن و ڕواڵەتپارێزی و تەشریفاتی کارگێڕیی و یاسایی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. زاراوەی فۆرمالیزم، هەنووکە پتر لە کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت و بە تایبەت زاراوەیەکی ئەدەبی لە ئەژماردێت.
فێڤرالیستەکان
ئەم زاراوە لە وەڵاتانی کۆمۆنیستیدا بەو گرووپە دەگوترێ کە لایەنگری ڕۆژاوا بووە و خۆی بە لایەنگری «شۆڕشی فێورییە» دەزانی و «شۆڕشی سۆشیالیستی» و دەسکەوتەکانی ڕەت دەکردەوە. لە ساڵی 1917 دوو گۆڕانکاری لە سۆڤیەت، ڕووی دا: یەکەمیان، «شۆڕشی فێورییە» بووە و دووهەم، «شۆڕشی ئۆکتۆبەر». کۆمۆنیستەکان شۆڕشی فێورییە بە «شۆڕشی بورژوا دیموکراتیک» دەزانن و شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بە «شۆڕشی سۆشیالیستی» لە قەڵەم دەدەن.
مرۆڤدۆستی/مرۆڤگەرایی
مرۆڤ دۆستی یا هیۆمانیزم لە وشەی Human بە واتای مرۆڤ وەرگیراوە. ئەم زاراوە لە زانستە مرۆییەکاندا مانای جۆراوجۆری هەیە بەڵام بە گشتی بریتییە لە کۆمەڵێ تیۆری کە ڕێز بۆ مرۆڤ و خەسڵەتە مرۆڤییەکانی دادەنێ و حەز بە گووران و بەختەوەری مرۆڤ دەکات. هەروەها بریتییە لە فەلسەفە و ڕێبازی مرۆڤایەتی کە ژیانی ئادەمیزاد لەم جیهانەدا بە گرنگتر دەزانێ لە لێکۆڵینەوەی ئاین و شتی مانایی و نەبینراو. بەپێی ئەم ڕێبازە پەروەردە شتێکی زور گرنگە بۆ گەشەسەندن و پێگەیشتنی توانستەکانی مرۆڤ.
لە مێژووی شارستانەتیی ڕۆژئاوادا مرۆڤپەروەری، ناوی بزووتنەوەیەک دەخاتەوە بیر کە بوو بە بنەمایەک بۆ ڕینسانس و بووژانەوەی زانست و کولتوور و هونەر و چێکردنی گیروگرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دوور لە پەروەردە و دەسەڵاتی پاپا ئایینییەکان. ئەم بزاوتە کولتوورییەی ئەورووپا بەهۆی ئاشنابوون لەگەڵ کولتووری کەونارای یۆنان و ڕۆما هاتە ئاراوە تاکوو لە بەرانبەر تاریکستانی فەرهەنگی سەدەکانی ناوەڕاست، کولتوورێکی نوێ بەرهەم بێنێت.
دروشمی مرۆڤ دۆستی لەسەر ئەم قسەی پرۆتاگۆراس بەندە کە دەیگوت مرۆڤ پێودانگی هەموو شتێکە. بەم پێیە مرۆڤی خستە جێی خواوەند و کڵێسە و مەسیح و تاک گەرێتی و بڕەوی دا بە خۆپەرستی ئاوەزمەندی و لەبری باوەڕ بە مانەوەی ڕۆح و بەڵێنی بەهەشت، خۆشبینی بەم جیهانەی بەرجەستە کردەوە. ئایدیولۆژیای مرۆڤ دۆستی دوو قوتابخانەی لێ کەوتۆتەوە: یەکەم، لیبرالیزم کە باڵانوێنی عەقڵێکی شارستانی بە تایبەت چینی ڕۆشنبیر بوو کە لەگەڵ کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد و دواتر وەک ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەژمۆنی پەیدا کرد. دووهەم، سۆشیالیزم کە خەونی بە چاکسازی و باشتر کردنی باری گوزەرانی چینی هەژارەوە دەبینی. نوێنەرانی مرۆڤدۆستی لە ئەورووپا بریتین لە: دانتە، داڤینچی، مەیکڵ ئانژ، گالیلە، دکارت، لۆتر، شکسپیر، نیۆتۆن، سێرڤانتس، کۆپرنیک، ئەرێسمۆس و بۆکاچیڤ.
میلیتاریزم/سوپا پەرستی
میلیتاریزم، چوار شێواز لەخۆ دەگرێ: شەڕەنگێزی، زاڵبوونی هێزەچەکدارەکان بە سەر دەوڵەت، ستایشی سوپا و بە هەرەوەز کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداری. کاتێک ئەم چوار شێوازە بە تێکڕا بێتە کایەوە (وەک ژاپۆن لە سەردەمی هیدکی تۆجۆ 44-1940) میلیتاریزم بە تەواوی پاوەجێ دەبێت. کاتێکیش دوو یا سێ شێواز بێتە کایەوە، حاڵەتێکی ڕێژەییە.
میلیتاریزم، مانای زۆری لێبۆتەوە. هەندێ جار بە واتای شەڕەنگێزی یان سیاسەتی پاوانخوازانە لە ئاست دەرەوە و ئامادەبوون بۆ بەرپاکردنی شەڕ بە کار هاتووە. لە شوێنی دیکەدا بە واتای سەروەری سوپا بەسەر دامودەزگەی دەوڵەتە. لە کەشێکی وەهادا بۆ ئەوەی دامودەزگەیەکی دەوڵەتی بە میلیتاریزم ناو دەربکا، دەبێ بەستێنی دەسەڵاتی چەکداری و مەدەنی بە وردی لێک جودا بکرێتەوە و دەسەڵاتی چەکداری بە سەر دەزگە ئیداری و سیاسیەکاندا زاڵ بێت. یەکەمین نیشانەکانی جیاوازی ئەم دوو بەستێنە لە ڕژێمی پادشایی ئێران لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بەدیهات.
پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لە دەوڵەتدا ڕادەی بەهرەداری سەربازەکانە لە دەزگەی سیاسی ئەو وەڵاتەدا. نمونەیەکی دیکە لەم جۆرە حکوومەتە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنیدا.
دەسەڵاتی هێزی چەکدار بە سەر دامودەزگەی حکوومەتدا هەمیشە بە واتای بە کارهێنانی سیاسەتی شەڕخوازانە نییە لە ئاست وەڵاتانی دیکەدا. بۆ وێنە ژاپۆنی سەردەمی توکوگاوا و دیکتاتۆرییەکانی ئەمریکای لاتین. مانایەکی تری میلیتاریزم کۆنترۆڵ کردنی ژیان و کومەڵگەیە لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە. بەم هەژمۆنییە کە بە حەزی چەکدارەکان کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێ، دەگوترێ کۆمەڵگەی «میلیتاریزە». جاری واش هەیە لە دۆخێکی جەنگیدا تەواوی دامودەزگە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە خزمەت هێزە چەکدارەکانەوە، بۆ وێنە وەڵاتی بەریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا.
هەلپەرستی
ئەم زاراوە لە وشەی (opportunus) بە واتای لەبار و شیاو وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە: خۆلێگۆڕان بەپێی گۆڕینی هەلومەرج و ڕەوشی سیاسی بۆ بەدەست هێنانی قازانجێکی شەخسی، کورد گۆتەنی، بە هەموولایەک شەن کردن. هەلپەرست بە کەسێک دەگوترێ کە هەمیشە بەرەو ڕژێمی دەسەڵاتدار لایەنگری هەیە و پابەندی هیچ پرەنسیپێک نییە و پرەنسیپەکانی خۆشی لەو ڕێگە دادەنێت.
هەلپەرستی لە سیاسەتدا بە ڕەفتارێکی سازشکارانە لە قەڵەم دەدرێت چونکە مرۆڤی هەلپەرست بۆ گەیشتن بە قازانجەکانی خۆی، لە ئاست کەموکووڕییەکانی کۆمەڵگە بێدەنگ دەبێ و چاوپۆشی لێ دەکات. تەنانەت ئەگەر ئەم هەڵوێستەشی لەگەڵ باوەڕ و پرەنسیپەکانی خۆی ناتەبا بێت.
پاراستنی نێودەوڵەتی مادەی ئەتۆمی
بریتییە لەو هەنگاوانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی* بەمەبەستی دۆزینەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هەوڵ و دەوڵەی کە بەکارهێنانی مادەی ئەتۆمی ڕێدراو (مجاز) بە لاڕێدا ئەکێشێ و دەستبەجێ لەڕێگەی پەیماننامە و یاسای پێویست بە لاڕێچوونی وەڵاتان لە دامودەزگە ئەتۆمییەکان ڕادەگەیەنێ.
پرێستۆریکا
لە زمانی ڕووسیدا بە مانای سەرلەنوێ بینا دروسکردنەوەیە. بەڵام مەبەستی داهێنەرانی ئەم زاراوە، «گۆڕینی کۆمەڵگەی سۆڤیەت» بوو. بە باوەڕی گۆرباچۆف پرێستۆریکا، شۆڕشێکی کاریگەر بوو بۆ فراژووتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کۆمەڵگەی سۆڤیەت.
ئەگەر لینین منداڵی نیهیلیزمی ڕووسیە و میراتگری پڕۆسەی ڕۆشنبیری هەشتاکانی سەدەی نۆزدە بووە، ئەوا پرێستۆریکا، منداڵی شۆڕشەکەی لێنین بووە بەڵام منداڵێکی جیاواز لەسەردەمی باوکەکەی خۆی کە هەوڵ دەدات ئەو شتەی کە بۆی بەجێماوە بە کەمترین زیان و بە شێوازێکی ئیمڕۆیی پێشکەش بە جیهانی نوێی بکات.
پرێستۆریکا سێ پێشنیازیان بۆ باشترکردنی ئابووری یەکیەتی سۆڤیەت ئاڕاستە کرد:
1ــ زیاکردنی تەقەلا بۆ بەسەمەر گەیاندنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئابووریدا (ماڵ، نان و تەندروستی)
2ــ لادان لە گەشەی ڕووکاری و گەیشتن بە گەشەی جەوهەری.
3ــ باشترکردنی بەڕێوەبەرایەتی.
پەرستشی کەسایەتی
ڕێزگرتن لە پلە و پێگە و تایبەتمەندییەکانی ڕێبەڕێک یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی تا ڕادەی پەرستشکردن یان هەڵکێشانی لە ڕادەبەدەر و زیادەڕۆیی دەربارەی دەوری کەسایەتی و پاڵەوانەکان لە مێژوودا. زاراوەی پەرستشی کەسایەتی، لە لایەن خرۆشچۆف لە پێوەند لەگەڵ خەبات بە دژی ستالینیزم لە وتاڕێکی پەنهانی لە کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت (1956)، بەکار هێنرا. ئەم زاراوە زیاتر وەک ناتۆرەیەک بۆ پرۆتستۆکردنی پەرەستشی ستالین و هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی کە یادەوەری ستالینیان لەپاش مەرگی زیندوو ئەهێشتەوە. دوای خۆکێشانەوەی خروشچۆف (1964)، ئەم تۆمەتەش بە دژی خۆی بەکار برا. دژبەرانی پەرستشی کەسایەتی، لایەنگری«رێبەرایەتی جڤاتن» .
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
پەیمانی ماستریخت
ئەم پەیمانە لە لایەن سەرۆکی 12 وەڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا کە بریتی بوون لە: ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بریتانیا، ئیتالیا، ئیرلەندا، بەلجیکا، پورتوگال، دانیمارک، فرەنسا، لۆکزامبۆرگ، هۆڵەندا و یۆنان لە دیسەمبەری 1991 لە شاری ماستریختی هۆڵەندا مۆر کرا. مەبەست لەم پەیمانە یەکگرتنی سیاسی و ئابووری ئەورووپا بوو. هەروەها پیادەکردنی سیستەمێکی دراڤی یەکگرتوو، بەڕەسمییەت ناسینی «شارۆمەندیی ئەورووپایی»، هاوکاری گەرمی وەڵاتانی ئەوروپی لە بواری سیاسەتی دەرەکی، ئاسایش، دادوەری و هەموو کاروبارێکی ناوخۆیی هاتە ڕیزی داواکارییەکانی ئەم پەیمانەوە.
ساڵی 1993 خەڵکی دانیمارک ئەم پەیمانەیان پەسند نەکرد. پاش ئەوەی هەندێ زێدەماف و بەڵێنیان بەم وەڵاتە بەخشی، ئینجا خەڵکی ئەم وەڵاتە دەنگی «ئەرێ» یان پێدا. ساڵی 2001 هەر هەمان شت لە بارەی خەڵکی وەڵاتی ئیرلەندای باشووری هاتەگۆڕێ. نەیاریی خەڵکی فەرەنسە و پاشان هۆڵەندا لە ساڵی 2005 لەگەڵ ئەم پەیمانە کە بە دەستووری بنچینەیی ئەورووپا ناوبراوە، نیگەرانییەکی گەورەی لەمەڕ چەسپاندنی ئەم دەستوورە هێناوەتە گۆڕێ و یەکیەتی ئەورووپا تووشی ئاریشە دەکات. پەسند نەکردنی دەستووری یەکیەتی ئەورووپا لە وەڵاتێکی وەک فرەنسێ کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم یەکیەتیەدا بووە هۆی دواخستنی پڕۆسەی ڕاپرسی ئەم قانوونە. بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی یەکیەتی ئەورووپا، بڕیار بوو تا مانگی حەوتی 2006 دەستوورەکە لە هەر 25 ئەندامی یەکیەتی بکەوێتە بەر ڕاپرسییەوە و لەسەرەتای ساڵی 2007 لە تەواوی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت بەڵام بەم بۆنەوە دواکەوتووە.
پەیمانی وێستفاڵیا
پەیمانێک کە لە پاش شەڕی 30 ساڵەی ئایین لە ئەورووپا ( 1648-1618) لەنێوان هەموو وەڵاتانی ئەوروپی جگە لە بەریتانیا و پۆڵەندا واژۆ کرا. گرینگی ئەم پەیمانە لە ئاست پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەیە:
1ــ ئەم پەیمانە بوو بە دەستپێک و ڕێنموونێک بۆ کۆنفڕانس و پەیمانەکانی دواتر لە پێوەندی نێونەتەوەییدا.
2ـــ بەپێی ئەم پەیمانە، کۆنفدراسیۆنی سویسڕا و هۆڵەندا بە سەربەخۆ ناسرا.
3ـــ نزیکەی 350 یەکینەی سیاسی ئەڵمانیا، بەپێی ئەم پەیماننامە سەربەخۆییان وەرگرت.
4ــ سەربەخۆیی فرەنسێ و پورتوگال بە ڕەسمییەت ناسرا و دەستێوەردانی پاپا لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی ئەم وەڵاتانە قەدەغە کرا.
5ــ بنەمای سەربەخۆیی وەڵاتەکان (سیاسی و ئایینی) هەروەها یەکسانییان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و پێوەندی دەرەکی، بۆ یەکەمین جار بەڕەسمییەت ناسرا و لەسەری ڕێککەوتن.
6ـــ وەڵاتەکان لە هەڵبژاردنی ئایین سەرپشک دەبن و لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە گرووپە ئایینیەکانی کاتۆلیک و لۆتری و کالۆنیست ئازادی تەواویان هەبێت.
8ــ سیستەمی هاوسەنگی هێزەکان لە ئیمپراتۆری ڕۆما و ئەورووپا بەمەبەستی بەرگریکردن لەسەرهەڵدانی دەوڵەتێکی «سەردەست» لەنێوان یەکە سیاسیەکانی ئەورووپا بەدی هات.
9ــ ئەندامانی پەیمانەکە، بەڵێنیان دا کە لە بەرانبەر هەر چەشنە دەستدرێژی و داگیرکارییەک، بێڕەچاوکردنی ئایین، یارمەتی یەکتر بدەن.
چەقبەستن
مەبەست لە چەقبەستن، کۆبوونەوەی لە ڕادەبەدەری دەسەڵات و هێز لە دەستی چەندکەسێکی سەر بە گرووپێکی کۆمەڵایەتیدایە. زاراوەی چەقبەستن لەسەرەتای سەدەی 19 بە تایبەت لە فەرەنسە بۆ ناوبردەکردنی پڕۆسەی زیادبوونی هێزە حوکومییەکان (حکوومەتە سیاسییە ناوچەییەکان) بەکار براوە. ئەم زاراوە زیاتر، لە لایەن دۆتۆکویل، بڵاو بۆتەوە.
لە هەمبەر چەقبەستندا زاراوەی چەقسڕینەوە (decentralization) هاتۆتە ئاراوە کە بە مانای دابەزاندنی ئاستی کۆجێیی دەسەڵات بە نزمترین پلە پێناسە کراوە. چەقبەستن، پتر واتایەکی سووکایەتی ئامێزی لەخۆ گرتووە بەڵام چەقسڕینەوە وەک چەمکێکی پۆزەتیڤ پێناسە کراوە.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
ڕاستی نوێ
دیاردەی ڕاستی نوێ پێکهاتووە لە بنەڕەگ و ڕیشەکانی نیئۆلیبرالیزم و کۆنەپارێزیی نوێ. لە 1980 بەملاوە زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بۆ هەڵوێست نیشاندان لە بەرانبەر قەیرانی ئابووری حەفتاکان، بە دەستکێشانەوە لە سیاسەتەکانی کێنزی، بەرەو بەرەی «ڕاست» هەنگاویان نا. ڕاستی نوێ ڕادیکالیزمێکە سەر بە باڵی لیبرالیزم و هێرشێکە کە هێزە بنچینەییەکانی خۆی لەم دوو ڕێبازە وەردەگرێ. ئەم زاراوە بە تایبەتی دەربارەی سیاسەتەکانی حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا لەسەردەمی تاچێر و حیزبی کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەردەمی ڕیگان دا بەکار براوە و بەگشتی لە بواری ئابووری و سیاسی، لیبراڵ لە ئەژمار دێت. واتە لەسەر ئازادی ئابووری و کەمکردنەوەی باج و بازاڕی ئازاد و دەوڵەتی سنووردار جەخت دەکات بەڵام لە باری ئەخلاقی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپارێزە. ڕاستی نوێ، حکوومەت لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکات بەڵام لە بواری سیاسی واتە دابینکردنی ئاسایش، بەهێز دەبێت.
ڕامیاری: بڕوانە سیاسەت
ڕیالیزمی سۆشیالیستی
ستاتیکای (جوا نیناسی) یەکیەتی کۆمارییەکانی سۆڤییەت کە لەنێوان ساڵەکانی 1930 تا 1956 ڕەواجی پێدرا. ناوی سیاسەت و تیۆری ڕەسمی حکوومەتی سۆڤییەتە لەمەڕ داهێنانی هونەری. ئەم ڕێبازە لە لایەن ماکسیم گورکی و سیاسەتمەدارانێکی وەکوو بوخارین و ژادنۆف لە ساڵی 1934 لە کۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت هاتە ئاراوە بەڵام هیچ کاتێک پێناسەیەکی ڕێکوپێکی لێنەکراوە. مەبەست لە داهێنانی ئەم سیاسەتە ڕاکێشکردنی شێوازی ڕیالیستی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بوو بۆ هونەر و ئەدەب و شانۆ بەرەو لایەنێکی پۆزەتیڤ.
ڕیالیزمی سۆشیالیستی، شەرعییەتی خۆی لە بیرۆکەکەی لینین لەمەڕ partinost (لایەنگری) و ئەدەب، لەگوێن ڕەنگدانەوەی واقیع لای مارکس و ئینگڵس وەردەگرێ. ئەم دوو بیرمەندە وێڕای ئەوەی بۆ ئەدەب ڕۆڵێکی ئایدیۆلۆجیک قاییل دەبن، لەسەر پێوەندی نێوان ئەدەب و ئابوور جەخت دەکەن. ئەم ڕێبازە لەسەردەمی ستالین (بڕوانە ستالین خوازی) بە شێوەیەکی بەربڵاو پیادەکرێ و هونەری سۆڤییەتی بەرەو داڕمان و تێکشکان برد. بە تێکشکان و ڕۆچوونی ستالینیزم، ڕیالیزمی سۆشیالیستیش کەوتە بەر ڕەخنە و لەناوچوو.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی (W.H.O) یەکێکە لە دەزگە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ڕێکەوتی 7/4/ 1948 لەسەر پێشنیازی کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ (1945) و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی تەندروستی لە نیۆیۆرک (1946) دامەزرا. پێگەی یاسادانەری ڕێکخراوەکە «کۆمەڵی تەندروستی جیهانی»یە کە ساڵی جارێک بە ئامادەبوونی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەبەسترێ و پلان و بوودجەی ڕێکخراوەکە دەستنیشان دەکات. بۆ«دەستەی کارگێڕیی»، نوێنەرانی 24 دەوڵەت ئامادەن تا بڕیارەکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکەن.
ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی لەڕووی بەهێزکردنی باری تەندروستی و داوودەرمان یارمەتی هەموو وەڵاتانی ئەندام دەدات تا پەتا و نەخۆشییەکان لەسەرانسەری جیهان ڕیشەکێش بکات. بارەگەی ئەم ڕێکخراوە لە شاری جێنێڤ دایە و کاروبارەکەشی لەژێر چاوەدێری «بەڕێوەبەری گشتی» بەڕێوە دەچێت.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)
دامەزرێنی ڕێکخراوەیەکی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووری لە کۆنفرانسی وەزیرانی پەروەردەی هاوپەیمانان لە شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاز کرا. ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لەناوەندە پسپۆڕییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 بەمەبەستی هەنگاونان لە پێناو ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەڕێگەی هاریکاری نێونەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لە پەروەردە و زانست و کەلتوور دامەزراوە، بە چەشنێک کە لە هەموو شوێنێک ستایشی عەداڵەت و سەروەریی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان مسۆگەر بکات. ناوەندی یۆنسکۆ لە پاریسە.
چالاکییەکانی یونسکۆ لە 8 تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
1) پەروەردە، (مەحفکردنەوەی نەخوێندەواری، بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردە، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و دابینکردنی زانیاری بۆ گەشەپێدان بەشێوازەکانی پەروەردە) .
2)) زانستی سرووشتی، (هاوکاریکردنی زانایان و هاندان بۆ ئاسانکاری لەمەڕ فێربوونی زانست) .
3) زانستە کۆمەڵایەتییەکان، (هاندان بۆ ناساندنی کۆسپ و تەگەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پەرەسەندن، بۆ وێنە جیاوازی ئایینی و نەژادپەرستی) .
4) چالاکییە فەرهەنگییەکان، (پەرەپێدان بە دانوستانی کەلتووری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوە و ڕووخستنی ئاسەوارە هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان) .
5) سازدانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان، (کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری دەرفەتی ئیشوکار و خوێندن لە دەرەوە و سەفەری دۆستانە) .
6) پێوەندی گشتی، (ئاگەدارکردنەوەی هەمووان لە چالاکییەکانی یونسکۆ و ڕووداوە گرنگەکانی بواری پەروەردە و زانست و کەلتوور و یارمەتیدان بە جەماوەر بۆ فێربوونی زانست) .
7) تازەگەریی، (دابینکردنی پارە و کەلوپەل بۆ کتێبخانە و فێرگەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وەڵاتانەی لە شەڕدا وێران بوون یان دواکەوتوون) .
8) یارمەتی تەکنۆلۆجی، (دابینکردنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە گرنگەکانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان، پەروەردەی تەکنۆلۆجیکی و لێکۆڵینەوە و هاوڕایی زانستی لەگەڵ ئەندامانی یونسکۆ بو نەهێشتنەوەی نەخوێندەواریی و دروستکردنی خوێندنگە و …)
ڕێکخستن
دیاریکردنی پێکهاتەی پێوەندی دوولایەنە لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و بەرپرساریەتی گرووپە ئینسانییەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو. ڕێکخستن پاڵنەڕێکە بۆ هاوبەشی سیاسی چونکە بەم کارە جەماوەر بە ئامانجەوە بەرەو مەبەستێک ڕێنموونی دەکات و ڕێژەی هاوبەشی سیاسی دەباتە سەرەوە. بۆ دەسەڵاتدارانی هەڵبژێردراو، ڕێکخستن بریتییە لە خۆڕێکخستن بەڵام بۆ ڕێبەرە شۆڕشگێڕەکان، ڕێکخستن بە واتای خۆڕێکخستنە لەگەڵ جەماوەردا.
ڕەگەزپەرستی
ڕەگەزپەرستی (ڕاسیزم)، بە زمانی فەڕەنسی لە وشەی (race) بە مانای ڕەگەز وەرگیراوە. ڕەگەزپەرستی تیۆرییەکی نازانستی و کۆنەپەرستانەیە کە لەنێوان ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان لە باری توانست و توانایی عەقڵی، فەرق دادەنێت. ئەم تیۆرییە پێی وایە کە لەنێوان ڕەگەزە جۆربەجۆرەکان لە باری جینێتیکی و ڕەگەزییەوە فەرق و جیاوازی هەیە و ئەم جیاوازییەش دەبێتە هۆی سازبوونی گرفت و کێشەی کەلتووری و مێژوویی کۆمەڵگە و نایەکسانی شارستانییەتەکان. ئەم بیرۆکە وەکوو ئایدیۆلۆجییەکی سیاسی ـــ کۆمەڵایەتی لە سەدەی نۆزدە و بیست سەری هەڵدا و کاردانەوەیەکی زۆری لەنێوان وەڵاتانی جیهاندا بەجێهێشتووە.
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕەگەزپەرستی، پێویست دەکات ئەم چەمکە لە پانتایەکی ئابووری، ئایدیۆلۆجیکی، مێژوویی وجوگرافیدا لێک بدرێتەوە. چونکە ڕەگەزپەرستی لە قۆناخە مێژووییە جیاوازەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە و بەپێی هەلومەرجێکی زاڵ هاتۆتە ئاراوە.
سەدەی 16 لە بەریتانیا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بازرگانی بە کۆیلە، چەمکی ڕەگەز مانایەکی ئابووری بە خۆوە گرت. لە لایەکی دیکەەوە ئەم چەمکە زیاتر بە مانای چین یا توێژێکی تایبەتی مرۆڤ یا شتەکان لێکدراوەتەوە و بە هیچ جۆڕێک لە باری تایبەتمەندی بایۆلۆجییەوە بەرجەستە نەکراوەتەوە.
بە درێژایی سەدەی 17 ئەم چەمکە ڕەهەندێکی مێژوویی لەخۆ گرتووە و هەندێ لە ئینگلیزییەکان کە لە بنەچەی ڕەگەزی جێرمەن ناوبردە کراون، ئەم بیرۆکەیان ڕەواج پێداوە کە دەستدرێژی نۆرماندەکان لە سەدەی 11 بۆ سەر ئەوان، بۆتە هۆی زاڵبوونی ڕەگەزێکی بێگانە بە سەر ساکسۆنەکاندا.
لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، لە ئەورووپا و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەنجام زاراوەی ڕەگەز دەلالەتێکی فیزیکی لەخۆ دەگرێ و بەمجۆرە ڕەشپێستەکان بە ڕەگەزی سووک و نانەجیب سەیریان دەکرێت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، ئایدیۆلۆجی «سووک و نانەجیب» بە سەر خەڵکی خۆماڵی داگیرکراوەکانی بەریتانیا سەپێندرا و ڕەگەزی بەریتانیاییش وەکوو ڕەگەزی باڵادەست پێناسە کرا. ئینجا وردەوردە بە داکشانی ئەم فیکرە، ڕەگەزپەرستی لە بەریتانیا ڕواڵەتێکی دژ بە جوولەکەی پەیدا کرد. لە ساڵی 1905 دەوڵەتی ئەم وەڵاتە بە دانانی یاسای چۆنییەتی وەرگرتنی پەنابەران تەگەرەی خستە بەردەم پەنابەرە جوولەکەکان. ڕەگەزپەرستی لە ساڵانی 1933 تا 1945 لە حیزبی نازی ئەڵمانیا بۆتە بنەمای سەرەکی و ئایدیولۆجیای ڕەسمی ئەو وەڵاتە و هیتلەر، بەو پێیە سیاسەتی لەناوبردنی جوولەکەی گرتەبەر. (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
لەم چاخەدا و بەگشتی لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم، بەهۆی پەرەسەندنی کۆچی خەڵکانی ئاسیایی و ڕەشپێست بەرەو وەڵاتانی ڕۆژاوایی، باس و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانەی زۆر هاتۆتە ئاراوە. بەهۆی دابەزینی ڕێژەی ئیشوکاری کرێکاران و لەباو کەوتنی بیرۆکەی فرەدەنگی کەلتووری و پێویستی ناردنەوەی ئەم پەنابەرانە بۆ وەڵاتەکانی خۆیان، جارێکی دیکە مەسەلەی جیاوازی ڕەگەزایەتی*و وەدەرنانی ئەم کۆچبەرانە هاتۆتەوە ئاراوە.