تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دیموکراسی پیشەسازانە
بەپێی ئەم بیرۆکە، ئەبێ کرێکاران لە بڕیارەکانی هاوپێوەند لەگەڵ کارخانە پیشەسازییەکاندا بەشدار بن. لەم بارەوە تیۆری جۆراوجۆر هاتۆتە ئاراوە کە سەرەنجامی ئەم تیۆرییانە خوازیاری ڕووخانی سەرمایەداری و چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکارانە. تیورییەکی نوێ لە بارەی دیموکراسی پیشەسازانەوە ئاڕاستە کراوە کە پێی وایە ئەم سیستەمە، سەرمایەداری و شانوشکۆی بەڕێوەبەرانی قبووڵ کردووە و ئەم ڕاستییەی درکاندووە کە کرێکاران ناتوانن لە بەڕێوەبردنی کارخانە پیشەسازییەکان سەرکەوتوو بن.
دەوڵەتی تاراوگە
دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە. دەوڵەتی تاراوگە یا دەوڵەتی بزر، بە دەوڵەتی قانوونی وەڵاتێک دەگوترێ کە ئەمێستە داگیر کرابێت و تا ئەوکاتەی کە دوورەپەرێزی خۆی بە کاتی بزانێت، لە دیدی ئەو وەڵاتانەی کە وەکوو دەوڵەتێکی قانوونی بە ڕەسمییەت ناسیویانە، دەوڵەتی قانوونی دەمێنێتەوە. دەوڵەتێک کە لە دەرەوەی خاکی وەڵاتەکەی خۆی دامەزراوە، هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتی پێشوودا نییە. دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی پێویست بۆ نوێنەرایەتیکردنی وەڵاتەکەی دەبێ لە لایەن وەڵاتانی دیکەوە بە ڕەسمی بناسرێت. لە وەها دۆخێکدا دەوڵەتی تاراوگەی نوێ، پێشبینی دەکات کە سەرەنجام ببێتە دەوڵەتی قانوونی ئەو وەڵاتە. نموونەی دامەزراندنی دەوڵەتی تاراوگە، بریتی بوون لە: دەوڵەتانی چێک، ئیتیۆپیا، یۆنان، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا و یۆگۆسلاڤیا لە شەڕی دووهەمی جیهانی.
دەوڵەتی خۆشگوزەران
سیستەمێکی سیاسی کە دەوڵەت خۆی بە بەرپرسی پشتگیری و پێشکەوتنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی شارۆمەندانی وەڵاتەکەی دەزانێ. ئەم دەوڵەتە ئەبێ پێداویستی خزمەتگوزاریی دەرمانی و بیمەی نەخۆشی و بێکاری و خانەنشینی و یارمەتی ماڵ و خێزان، هەر لە منداڵییەوە تا سەری پیری بۆ هەمووان دابین بکات. بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی1880 لە ئەڵمانیا و 1914 لە بەریتانیا ڕەواجی پەیدا کرد بەڵام وەک بەرنامەیەکی گونجاو، هەروەها زاراوەی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» ، یەکەم جار لەلایەن حیزبی کرێکاری بەریتانیا لە 50-1945، هاتە ئاراوە.
ڕەخنەگرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، لەسەر ئەم خاڵە پێدادەگرن کە خەڵکانی بەهرەدار لەم جۆرە دەوڵەتەدا لەش قورس دەبن و هەوڵی ئیشوکار نادەن. بەگشتی بزاڤی سۆسیال دیموکراسی* لە ئەورووپا دەوڕێکی کاریگەری بووە لە پێشخستنی بیرۆکەی ئەم جۆرە دەوڵەتانەدا. سەرکەوتوترین نموونەی ئەم سیستەمە لە لایەن حیزبی سۆشیالیستی سوید دامەزراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی جیهانی دووهەم.
ساتیاگراها
ساتیاگراها وشەیەکی سانسکریتیە و بە مانای «هێزی ڕۆح و حەقیقەت» یان پێداگرتن لەسەر ڕاستییە. ئەم گوزارە بەشێکە لە ئەندێشەی فەلسەفی و تیۆرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گاندی ڕێبەری بزاڤی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازانەی خەڵکی نیمچە کیشوەری هیندستان. لەم فەلسەفەدا بۆ ئەنجامی چالاکی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی هێزی دەروونی زیاترە لە هۆکارە ماددییەکان. شێوازی گاندی بۆ بەکارهێنانی هێزی ڕۆحی و پارێزکردن لە بەکارهێنانی هێزی ماددی، «نەرمکێشی» و هێوریی بوو. گاندی بە پشت بەستن بەم تیۆرییە، توانی ڕاستی و خۆشەویستی بکاتە بناغەی کارەکانی خۆی و بە هاوبەندی و یەکپارچەیی هەموو چین و توێژەکان، لە خەباتی خۆی دژ بە کۆلۆنیالیستەکان بەردەوام بێت.
سایبر دیموکراسی
ئەم زاراوە لەم دواییانەدا بۆ ئاماژەکردن بە پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تەکنولۆجیای نوێی کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێت بۆ نموونە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەرجی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری سیاسی.
ستراتیجی
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی سەربازییە و بە مانای هەڵسەنگاندنی وەزعی خۆت و دوژمنەکەت یان دانانی پیلانی جەنگ و فەرماندەیی هێزی سەربازی لێکدراوەتەوە. لە سیاسەتدا بە مانای خستنەگەڕی سەرجەم تواناییەکان و گۆڕینی باشتری هەلومەرجەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی. کەواتە دەتوانین خستنەگەڕی تەواوی وزەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دوورمەودای نەتەوەیی وەک، بە پیشەسازیکردنی وەڵات یان گەیاندنی ئاستی بەهرەداری و دەسەڵاتی نەتەوەیی بە سنوورێکی دیاریکراو، بە ستراتیجی ناوبردە بکەین. بەم پێیە ستراتیجی، هاوسەنگە لەگەڵ مێتۆدێکی گشتی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گشتی.
رەنگە ستراتیجی، هەمیشە بە ئامانجە سەرەکییەکەی نەگات یان لە مەیداندا (چ سەربازی چ سیاسی) سەرکەوتوو نەبێت بەڵام هەوڵی ستراتیجی زانەکان ئەوەیە کە تووشی کەمترین شکست ببن.
بەڵام بۆ گەیشتن بە هەر ئامانجێکی گشتی دەبێ لە چەند قۆناغ تێپەڕین. بە چۆنەتی تێپەڕبوون لەم قۆناغانە و هەموارکردنی ڕێگە، تەکتیک دەگوترێ. چۆن لە جەنگێکدا گرتنەوەی گردێکی دیاریکراو بایەخێکی تەکتیکی هەیە، لە سیاسەتیشدا بە دەسهێنانی دڵی چینی مامناوەندی بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردندا بە حیزبێکی چەپی دەنگ بدات، تەکتیک لە ئەژمار دێت.
دەوڵەتەکان، لە پڕۆسەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ناچارن لە ئاست سیاسەتی دەرەکی، دیدێکی ستراتیژەکی بە کار بێنن. لەم بۆچوونەدا ڕەنگە سیاسەتێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت کە پەسندی هەموان نەبێت.
ستراتیجی نەتەوەیی
1ــ پەرەپێدانی هاوسان و هاوئاهەنگ بە هێزە سیاسی و کەلتووری و ئەخلاقی و ئابووری و سەربازییەکانی نەتەوە و وەگەڕخستنی ئەم هێزانە.
2ــ زانست و تەکنۆلۆجیای بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سەربازی وەڵاتێک لە کاتی ئاشتی و شەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان.
سۆسیال دیموکراسی
لقێکی سۆشیالیزم و بزاوتی کرێکاری لە ئەژمار دێت کە جەخت دەکات لە سەر بنەمای دیموکراسی بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بڕوای بە ڕیفۆرم (چاکسازی) هەیە نەک شۆڕش. لە باری مێژووییەوە، سۆسیال دیموکراسی لە پاش ئینتەرناسیۆنالی یەکەم بەدیهات. لەو کاتەدا زۆربەی حیزبە سۆسیالیستەکان کە دواتر لە «ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست» کۆمەڵیان بەست، کەمتاکورتێک لەگەڵ ژیانی سیاسی وەڵاتانی خۆیان یەکپارچە بوون و یەکیان گرتەوە.
لە باری تیۆرییەوە لە ئەورووپا بزاڤی سۆسیال دیموکراسی تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجامی پیاچوونەوە بە مارکسیزم و دەست بەردان لە دۆگماتیزمی تیۆری بوو. دوابەدوای سەرکەوتنی بولشویزم لە سۆڤیەت، ڕیفۆرمخوازە سۆسیال دیموکراتیەکان بە یەکجاری لێک جیابوونەوە و تەنانەت بەدژی یەکتر ڕاوەستان. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، سۆسیال دیموکراتەکان هەیمەنەی خۆیان لە ئەورووپای ڕۆژاوا بەدەستهێنایەوە بەڵام لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات سەرکوت کران. سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سۆسیال دیموکراتی ئەورووپای ڕۆژاوا لە ڕوانگەی هەندێ لە ئەندامانی ئەم حیزبانەوە سازشکارانە بوو، بەم بۆنەوە لە نێوان باڵی ڕاست و چەپی ئەوان، کێشە دروست بوو.
ئینتەر ناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951، گرنگترین ئامانجەکانی بزاوتی سۆسیال دیموکراسی بەم جۆرە پێناسە دەکات:
سۆشیالیزم، خوازیاری جێگیربوونی سیستەمێکە لە بری سەرمایەداری کە تێیدا قازانجی گشتی بە سەر قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسی زاڵ بێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش دەبێ بەرنامەیەکی وا بۆ بەرهەمهێنان دابڕێژرێت کە قازانجی هەموان لە بەرچاو بگرێت. ئەم بەرنامەش بە کۆجێکردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەستی کەمینەیەک سەرناگرێت بەڵکوو پێویستیەکەی چاودێرییەکی دیموکراتیانە و کاریگەرە بە سەر ئابووردا. کەواتە سۆسیال دیموکراسی، لەگەڵ پلاندانانی سەرمایەداری و هەر چەشنە بەرنامەیەکی تۆتالیتەری بە توندی دژایەتی دەکات چونکە هەردوکیان لە بەردەم چاودێریی گشتی بە سەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی یەکسانی بەرهەمەکان تەگەرە سازدەکەن. جاڕنامەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سۆشیالیزم بەدەر لە دیموکراسی بەدی نایە و بە «سۆسیالیست» ناوبردە کردنی هەندێ لەو وەڵاتانەی کە بە سیستەمی تۆتالیتەری ئیدارە دەکرێن، بە هەڵە دەزانێ. سۆسیالیستەکان بۆ پێشڤەبردنی دیموکراسیەت لە پیشەسازیی و ئاستەنگ کردنی بیرۆکراسی، بەهێز کردنی یەکیەتییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکان بە پێویست دەزانن.
بە درێژایی سەدەی بیستەم، چ لە لایەن بیردۆزان و چ جەماوەرەوە، سۆشیالیزم بە واتای بەربڵاوی حکوومەتکردن بەسەرخۆدا هاوپێوەند لەگەڵ دیموکراسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام لە میانەی ئەم سەدەوە تا هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمۆنیستی کە لە 1989 دەستی پێکرد، سۆشیالیزم و دیموکراسی بە گشتی وەک هاودژی یەکتر ناوبردە کراون. هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانە فیکریەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی دیکتاتۆریانەی دەوڵەتانی سۆشیالیستی و تێکەڵبوونی کۆنەپەرستانەی دەزگە سیاسیەکانی لیبراڵ ـــ دیموکراسی لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە وەڵاتانی سەرمایەدار.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی یان سۆسیال دیموکراسی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە لایەن ئیدوارد برێنختاین، یەکێک لە مارکسیە ئەڵمانیەکان هاتە ئاراوە. برێنختاین، ڕایگەیاند کە پێشبینییەکانی مارکس دەربارەی مەرگی سەرمایەداری و دواتر بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار ـــ کە ئەودەم نوقڵانەیەکی زانستی لە قەڵەم درابوو ـــ هەڵە و نادروستن. دەرکەوتنی ئەم ناڕاستییە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاوتێک کە بە ناخی سۆشیالیزمدا بچێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە پەرلەمان و شێوازی ڕیفۆرمخوازانە، وەرچەرخانێک بە ڕێبازەکە بێنێت کە لەم ناوەدا دیموکراسی کۆمەڵایەتی، وەک ئاستێکی ناوەنجی سۆشیالیزم و لیبرالیزم پەسند بکات.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی، سیاسەتێکی یەکسانخوازانەیە کە بڕوایەکی بەهێزی بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نوێ هەیە و بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت دەزانێ کە سەرلەنوێ داراییەکان دابەش بکاتەوە. سۆسیال دیموکراسی، بنەما ئازادیخوازییەکان لە بابەت دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئابووری تایبەتی و دەوڵەتی پەسند دەکات و سەرنج دەداتە ڕیفۆرمی سیاسی و وەفاداری خۆیان بە ئارمانجی ئەخلاقی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنن.
بە باوەڕی مارکسییەکان، دیموکراسی ڕۆژاوا دیموکراسی بۆرژوازییە کە لە خزمەت چینی سەرمایەداردایە. ئەوان پێیان وایە کە باشترین شێوازی دیموکراسی، دیموکراسی سۆشیالیستییە چونکە لە خزمەت زۆرینەی هەرەزۆری ڕەنجدەرانە و بەرژەوەندییەکانیان بە باشی دەپارێزێ و ژێرخانە ئابوورییەکەشی، موڵکداریەتی گشتییە لە پێناو کەرەستەی بەرهەمهێناندا.
بەپێی ئەم مەرامە، لە سیستەمی سۆشیالیستیدا، عەدالەتی ڕاستەقینەی تاکەکان بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و زایەند لە هەموو بوارەکان دابین دەکرێت.
سیاسەتی دەرگەی کراوە
ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن جۆن های، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سێپتەمبەری 1899 بە مەبەستی پەرەسەندنی ئابووری وەڵاتی چین و پاراستنی سەربەخۆیی ئەم وەڵاتە بەکار براوە. بەڵام ئێستا مەبەست لەم زاراوە ئازادبوونی چالاکی بازرگانی و سەرمایەدانانی وەڵاتانی دەرەکییە لە وەڵاتێکدا لە سەر بنەمای یەکسانی مافەکان. سەرچاوەی ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی لیبرالیزمی ئابووری.
سەربازی نەناسراو (سەربازی ون)
لە زۆربەی وەڵاتان بووەتە باو کە تەرمی سەربازێکی نەناسراو وەک نوێنەر و سیمبۆلی هەموو کوژراوانی شەڕ لە شوێنێکی تایبەت بنێژن و لە گۆڕەکەی ڕێز بگرن. دیاردەی سەربازی نەناسراو یا سەربازی ون، یەکەم جار لە بریتانیا داهات تاکوو هەرکەس لە شەڕدا کەسێکی لە دەست دابێت، تەرمی گۆڕی سەربازی نەناسراو بە شەهیدی خۆی بزانێت.
سەنترالیزمی دیموکراتی
وشەکە بە مانای ناوەندێتی دیموکراسیە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ڕێبازی لینینیزم و وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستن لە هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بەکاردێت. لە داکەوتدا بریتیە لەوەی تەواوی ئۆرگانە حیزبیەکان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بێنە مەیدانی سیاسەت. بەپێی ئەم بنەمایە ئازادی بیروڕا لە ناو حیزب و هەڵبژاردنی ئازادانەی ڕێبەرانی حیزبی، دەبێ لەگەڵ پێگەی حیزبی و ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ئەو بڕیارانەی کە بە شێوازێکی دیموکراسی دەردەکرێن ئاوێتە بێت.
لە ڕوانگەی مارکسیەکانەوە، ناوەندێتی و دیموکراسی دوو ڕەهەندی یەک دیاردە لە ئەژمار دێن. دوابەدوای جێگیر بوونی سۆشیالیزم لە هەندێ لە وەڵاتان، سەنترالیزمی دیموکراتیک بووە هۆی فراژووتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی نوێ و لایەنگرانی مائۆ باوەڕیان وایە کە دیکتاتۆری پرۆلتاریا بە پیادەکردنی ئەم ڕێبازە بە هێزتر دەکات. لە ڕوانگەی سەنترالیزمی دیموکراتیەوە دەبێت بیر و بڕوای ڕاست و دروست کۆ بکرێتەوە و سیاسەتی کایەکردن یەکلایەن بکرێتەوە. زۆرینەی سەنترالیزمە دیموکراتیەکان، بۆتە هۆی زاڵبوونی یەک یا چەند کەس بە سەر حیزبەکەدا.
سەنترالیزم لە لایەن حیزبە مارکسیەکان بەم جۆرە پێناسە دەکرێت:
1ــ حیزب خاوەنی بەرنامەیەکی ناوازەیە.
2ــ خاوەنی یەک ڕێبەرایەتییە.
3ــ هەموو بنکە و ئۆرگانەکان ملکەچی ناوەندی حیزبەکەن.
دیموکراسیش بریتیە لە:
1ــ هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان بە هەڵبژاردن دێنە مەیدانەوە.
2ــ ئۆرگانەکان ڕاپۆرت دەنێرن بۆ مەقاماتی سەرتر لە خۆیان.
3ــ مەسەلە گەورەکانی حیزب لە ناو حیزبدا باسیان لێدەکرێت.
سەندوقی نێونەتەوەیی دراو
سەندوقی نێودەوڵەتی دراو، بەشێک لە سیستەمی برێتۆن ڤودز بوو کە لە ساڵی 1944 لە ئەمریکا دامەزرا و دواتر بوو بە ڕێکخراوەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و بە شێوەیەکی ڕەسمی لە ساڵی 1945 دەست بەکار بوو. ئەم سەندوقە لەگەڵ بانکی جیهانی گرنگترین دامودەزگەی پێوەندی ئابووری قۆناغی دوا شەڕی جیهانی لە ئەژماردێن. ئامانجەکانی ئەم سەندوقە بریتین لە: پەرەپێدانی هاوکاری پێویست لەناو وەڵاتان، دروستکردنی سیستەمێکی دراویی، پەرەپێدانی بازرگانی نێودەوڵەتی، سپاردنی سەرمایە بە سەندوق، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و...
هەر ئەندامێک دەبێ ساڵانە ئابوونەی ئەندامێتی بدات کە بەشێکی زێڕ یا دۆلارە و پاشماوەکەی دراوی ناوخۆیی ئەو وەڵاتەیە. هەر وەڵاتێکی ئەندام پاش پەسندبوونی لە لایەن دەستەی کارگێڕی سەندوق، دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی خۆی قەرزی کورتخایەن لە سەندوقەکە وەربگرێ بە مەرجێک کە بڕی قەرزەکە لە 25% مافی ئەندامێتی زیاتر نەبێت. دەستەی کارگێڕی کە لە دوازدە ئەندام پێکهاتووە کاروباری گشتی سەندوق بەڕێوە دەبەن. پێنج کەس لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە لایەن ئەو پێنج وەڵاتەوە دەبێ کە زۆرترین پشکیان لە سەندوقدا هەیە و حەوت کەسەکەی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن. بەرێوەبەرایەتی و کۆنترۆڵی سەندوق لە لایەن وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا و وەڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپاوەیە کە زیاترین دارایی و ئابوونەی ئەندامەتیان هەیە. ئەنجومەنی گشتی کۆبوونەوەی ساڵانەی هەیە و دەسەڵاتی خۆی بە دەستەی کارگێڕی دەسپێرێ. ناوەندی سەندوق لە شاری واشنتۆن پێتەختی ئەمریکایە.
شەڕی ئێران و عێراق
ئەم شەڕە بە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق دەگوترێ کە تێیدا عێراق 637 جار دەسدرێژی بە خاکی ئێران کرد. ئەم شەڕە دوای شکاندنی ڕێکەوتنامەی 1975ی جەزایر لە لایەن سەدام حسەینەوە بە شێوەیەکی یەکلایەنە دەستی پێکرد. لە کاتژمێر 14ی ڕۆژی 31ی خەرمانانی 1359ی هەتاوی ( 22ی سێپتەمبەری 1980) هێزی ئاسمانی عێراق بە دەیان فڕۆکەی جەنگییەوە هەڵیان کوتایە سەر ئاسمانی شارەکانی ئێران و دەستیان کرد بە بۆمباران کردنی ئەم شارانە. هاوکات هێزی لەشکری ئەم وەڵاتە چەندەها شاری تریشی دایە بەر ئاگری تۆپخانە.
هێزەکانی سوپای عێراق پاش بەزاندنی سنووری هاوبەش بە پەلە هاتنە ناو خاکی ئێران و زۆربەی شارەکانی لێواری ڕۆژاوای ئێرانی گرت و بە وادەی 2 مانگ نزیکەی 14هەزار ک.م چوارگۆشەی لە خاکی ئێران داگیر کرد. ئەم خاکە داگیرکراوانە تاکوو 21 مانگ لە ژێر دەسەڵاتی عێراق مایەوە بەڵام لەوە بەدوا هێزەکانی سپای ئێران کەوتنە سەرەوە و دەستیان کرد بە ڕاونانی سوپای عێراق.
ئەم شەڕە هەر دەوامەی بوو تاکوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 29ی پووشپەڕی 1366ه (1987)، بڕیارنامەی 598 ی دەرکرد. لەم بڕیارنامەدا لە دوو لایەنی شەڕ داوا کراوە ئاگربەس بکەن و دەسپێکەری شەڕ دیاری بکرێت. بڕیارنامەکە تاکوو ساڵی دواتر (26ی پووشپەڕی 1367) لە لایەن ئێرانەوە پەسند نەکرا. سەرەنجام لە 29ی گەلاوێژی 1367 بە شێوەیەکی ڕەسمی ئاگربەس پەسند کرا.
لە ساڵی 1991 سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەی خۆی بە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە عێراق بەرپرسی دەسپێکردنی شەڕ بەدژی ئێران بووە. لەم شەرەدا کە 8 ساڵی خایاند زیانێکی گیانی و ماڵی زۆر بە هەر دوو وەڵاتەکە گەیشت. بەپێی ڕاگەیاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕادەی زیان و خەسارەتەکانی شەڕەکە بەم چەشنەی خوارەوە بووە.
ــــ ڕادەی زیانی ڕاستەوخۆ 2/97 ملیارد دۆلار.
ـــ ڕادەی زیانی ناڕاستەوخۆ 535/34 ملیارد دۆلار.
ـــ ئێران ئەم ڕادەیە بە 1000 ملیارد دۆلار بەراورد دەکات.
شەڕی عێراق
هێرشی سەربازی و لەشکری لە زەوی و دەریا و ئاسمان لە لایەن ئەمریکا و بریتانیا و هاوپەیمانەکانیان (ئوسترالیا، ئیسپانیا، ئیتالیا، پورتوغال و … ) بۆ سەر خاکی عێراق کە لە ڕێکەوتی 20/3/2003 دەستی پێکرد و لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسەین کۆتایی پێهات. ئەم شەڕە کە لە ڕاستیدا بێ ئیجازەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵگیرسا، لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە شەڕی ئازادیی عێراق پێناسە کراوە و نەیارانیش بە شەڕی نەوت ناوبردەی دەکەن (عێراق زیاتر لە 112 ملیارد بەرمیل نەوتی هەیە). هۆی سەرەکی و پاڵنەری بەهێز بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان، بریتی بوو لە بەرگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ (ئەتۆمی، کیمیایی، بایۆلۆجی و …) لە لایەن ڕژێمی سەدام و شەڕ لەگەڵ تیرۆریزمی بونیادگەرای ئیسلامی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی عێراق.
پاش تێپەربوونی 3 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسەین، ڕۆژێک نەبووە عێراق، بە تایبەت ناوەڕاست و باشووری ئەم وەڵاتە ئارامی بە خۆیەوە ببینێت. لەم ماوەدا هەزاران هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژییانە کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بە تایبەت ئەمریکییەکان و بە هەزاران خەڵکی مەدەنی و سەربازیش کوژران و بریندار بوون. دەستووری هەمیشەیی عێراق لە لایەن جەماوەری ئەم وەڵاتە پەسند کرا و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کوردێک (جەلال تاڵەبانی) بووە سەرکۆمار و ئەنجومەنی نیشتمانی دامەزرا و دەوڵەتی نوێ پێکهات. سەدام حسەین و حەوت کەس لە دەستوپێوەنەکانی لە دادگەیەک بە سەرۆکایەتی قازییەکی کورد، دادگەیی کران. حوکمی سێدارە بۆ سەدام و چەند کەس لە دەستوپێوەنەکانی بێ ئەوەی دادگەییەکەیان بە ئەنجام بگات، بڕایەوە و لەبارەیانەوە بەڕێوە چوو.
پاش هەڵبژاردنی باراک ئۆباما بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی 2009، ئۆباما پاش پیاچوونەوە بە سیاسەتەکانی ئەم وەڵاتە بەرانبەر بە عێراق و ئەفغانستان، بڕیاری دا کە لە ماوەی 16 مانگدا هێزەکانی خۆی لە عێراق بکێشێتەوە و باری ئەمنی و ئاسایشی ئەم وەڵاتە بداتەوە دەست هێزەکانی عێراق.
فراماسۆنری/ماسۆنی
ئەم زاراوە لە وشەی فرانماسۆن وەرگیراوە کە لە زمانی فەرەنسیدا بە واتای وەستای خانوو مانا کراوەتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست کە لە ئەورووپا بیناکردنی کڵێسە شتێکی باو بووە، وەستای خانووەکان لە شارەوانی و دەسەڵاتدارانی ئەوکات داوایان دەکرد زۆردارانی کۆمەڵگەی فیۆدالی بێ شەرت و بەرات کاریان پێ نەکەن و بۆ ئەوەی داواکارییەکەیان بچەسپێنن، ڕێکخراوەیەکیان بە ناوی فراماسۆن (وەستای ئازاد، واتە بەننایەک کە بێ حەقدەست و مووچە کار ناکات) پێکهێنا. لەم ڕێکخراوەدا جگە لە ڕاهێنانی وەستای خانووەکان، هەوڵیان دەدا نهێنییە پیشەییەکانی خۆیان بشارنەوە و کەس تێیان نەگات. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس دروستکردنی کڵێسە کۆتایی پێ هات و فراماسۆنری لەباو کەوت.
ئینجا لە سەدەی 18، کەسانێک کە هیچ پێوەندییەکیان بە وەستای خانوو نەبوو، دەزگەی فراماسۆنیان سەرلەنوێ زیندوو کردەوە کە پێیان وابوو ئەم ڕێکخراوە بۆ پتەوکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و تەبایی و برایەتی دامەزراوە. یەکەم ژووری فراماسۆنری لە ساڵی 1717 لە بریتانیا بە مەبەستی گوێڕایەڵی موتڵەقی فەرمانڕەواکان و پاراستنی نهێنییەکان پێکهات. ئینجا داگیرکەرانی بەریتانی، ڕێکخراوەی فراماسۆنرییان هێنایە خزمەت سیاسەتی داگیرکارانە و پەرەپێدان بە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی خۆیان لە خاکی وەڵاتانی ژێردەست و لە هەرکام لەم وەڵاتانە لقێکی ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند. ڕێبازی سەرەکی فراماسۆنرەکان لە وەڵاتانی ژێردەست و دواکەوتوو بریتی بوو لە دواخستنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هێورکردنەوەی ڕەوتی فراژووتن و بە لاڕێ بردن و لەباربردنی بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
فراماسۆنری دەوڕێکی کاریگەری هەبووە لە هێنانە سەرکاری حکوومەتگەلی دیکتاتۆری لە ژێر لەفافەی دیموکراسی و سەقامگیری ئابووری لە وەڵاتانی دواکەوتوودا. ڕێکخراوەی فراماسۆنری، نزیکەی 6 ملیۆن کەس ئەندامی هەیە کە لەم ڕادە چوار ملیۆن کەس لە وەڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە و یەک ملیۆن لە دوورگەکانی بریتانیا و پاشماوەکەشی لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.
فرانشیز/ مافی دەنگدان فرانشیز/حق رای&Franchise
فرانشیز لە وشەیfranc بە واتای قسەلەڕوو (لەڕوو دانەماو)، کەسێک کە بیروڕای خۆی نەشارێتەوە وەرگیراوە. زاراوەی فرانشیز بە واتای زێدەماف (امتیاز)، مافی ئازادکردن و مافی دەنگدان بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەکار براوە. فرانشیز لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەو یاسایە دەگوترێ کە بەو پێیە کۆیلەی بەردەستی میران، دەیانتوانی بە ئازادی و بێ هیچ گرفتێک لە ژێر ڕکیفیان دەربچن و بۆ هەر جێگەیەک کە دەیانویست بڕۆن. نامەی فرانشیز، لەمەڕ ئازادی کۆیلەکان لە سەدەی یازدە لە ئیتالیای باکوور، ئەڵمانیا و باکووری فرەنسی نەریتێکی باو بووە. دەرەنجامی ئەم ڕەوتە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەگەڵ پێشکەوتنی ئابووری شارەکان لە سەدەی 11و12 ی زایینی. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زاراوەی فرانشیز لە یاساکانی بریتانیا بەکاردەهات کە بریتی بوو لەو زێدەمافە کە پادشا بە یەکێک لە هاووەڵاتیانی خۆی دەبەخشی. ئەم زاراوە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە واتای پارێزراویی بەکاردێت بە تایبەت پاراستنی دیپلۆمات و نوێنەرانی سیاسی وەڵاتەکان و باج و گومرگ: بۆ نموونە فرانشیزی نیشتەجێ بوون (واتە پاراستنی شوێنی ژیانی دیپلۆمات) یا فرانشیزی باج (واتە لێخۆشبوون لە باج) یا فرانشیزی دەنگدان (واتە ئازادی مافی دەنگدان).
فراکسیۆن/کوتلە
فراکسیۆن لە وشەی لاتینی fracito و fractum بە واتای وردکراو وەرگیراوە و لە ڕووی زمانزانییەوە بە واتای پاژێک یا کەرتێکی بچووک لە گشتێک هاتووە. لە زاراوەی سیاسیدا بە گرووپێک یا باڵێک دەڵێن کە لەناو ڕێکخراوە یا حیزبێکی سیاسی یا پەرلەمان، چالاکی دەکات و ئەندامەکانی پێکەوە لە بابەت چۆنییەتی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانیان ڕاوێژ و گفتوگۆ دەکەن. فراکسیۆنر fractionnaire بە کەسێک دەگوترێ کە لە بەرانبەر ڕێبازی گشتی ڕێکخراوەیەک، تیۆری و بیروڕای جیاواز ئاڕاستە دەکات.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
فیزیۆکراسی
زاراوەکە بە واتای لایەنگری کردن لە دەسەڵاتی سروشتییە. بەڵام وەک قوتابخانەیەک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە کە لە لایەن هەندێ زانا و نووسەری فەرەنسی بنیاد نراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە لەگەڵ دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروباری ئابووری و سروشتیدا دژایەتی دەکەن و ئەم کارە بە زیانبەخش دەزانن. هەروا لەو باوەڕەدان کە هەندێ ڕێسای شایستە لە ناو سروشتی ئابووریدا هەیە کە دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسادانان نابێ پێشێلی بکەن و پێش بە پەرەسەندنی بگرن چونکە دەوڵەمەندی و سامان، زادەی سروشت و بنەما کشتوکاڵییەکانە و سەپاندنی هەر جۆرە یاسایەک لەم بارەوە نابەجێ و زیانبەخشە.
فێدراڵیزم
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی foedus بە واتای «یەکگرتن» وەرگیراوە و لە زاراوەی سیاسیدا پێناسەی جۆراوجۆری لەسەر کراوە بەڵام بەکورتی دەتوانین بەم چەشنە پێناسەی بکەین:
ڕێکخستنێکی سیاسی و دەستووریی ناوخۆییە کە بەو پێیە دەوڵەتانی ئەندام یا هەرێمەکان، بەشێک لە حاکمییەت (سەروەریی) خۆیان بە مەبەستی دامەزرانی وەڵاتێکی بەهێز دەسپێرنە یەکەیەکی ناوەندی و بەمجۆرە دەبنە پەیڕەوی دەوڵەتی فێدرال. ئەم ڕێکخستنەش دوو ڕەهەند لەخۆ دەگرێ: ڕەهەندی دەرەکی کە دەوڵەتی فێدراڵی وەک یەک دەوڵەت لە بواری سەروەری دەرەکیدا بە دیاردەکەوێت و ڕەهەندی ناوخۆیی کە بریتییە لە چەند کیانێکی دەستووری و حکوومەتی فیدراڵیش لە پراکتیزەکردنی سەروەری ناوخۆییدا بەشداری دەکات.
لە پێناسەیەکی دیکەدا فێدراڵیزم، بریتییە لە یەکگرتن و ڕێکخستنێکی سیاسی کە بەو پێیە کۆمەڵێک یەکەی سیاسی لێک جودای ناو سیستەمێکی گردوکۆ، پێکەوە گرێ دەدا و بە هەرکامێک لەو یەکە سیاسییانە مەجال دەدات، یەکپارچەیی و هەمەگییەتی خۆیان بپارێزن. هەروەها دەکرێ فێدراڵیزم بە دابەش کردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای یاسا لە ڕێگەی سیستەمێک کە ئۆتۆنۆمی و سەروەریی هاوبەش گرێبەست دەکات، پێناسە بکرێت.
لە سیستەمی فێدراڵیدا ڕێبازە سەرەکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ دائەڕێژرێن پاشان جێبەجێ دەکرێن تاکوو هەموو ئەندامانی گۆمەڵگا لە دەرکردنی بڕیارەکان و پیادەکردنیان، بەشدار بن. «دامەزرانەرانی وەڵاتە یەکگرتووەکان» کە دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتەیان لە ساڵی 1787 پێشنیاز کرد، ئەم شێوازەیان لە فیدراسیۆن داهێنا. تا ئەو کاتە پێناسەی پەسندکراوی فێدراڵیزم، هەمان پێناسەیەک بوو کە ئیمڕۆکە پێی دەگوترێ کۆنفدراسیۆن. دواتر چوارچێوەی ئەم سیستەمە هەموو بەشەکانی دیکەی ئەم وەڵاتە پان و بەرینەی گرتەوە و بەپێی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە دواتر هاتەدی، ئەو سیستەمە فێدرالییە پێکهات کە ئێستا پەنجا ئەیالەتی لەخۆ گرتووە. سیستەمی فیدراڵی، وەک فۆرمێکی سیاسی گونجاو بەرەبەرە لە هەندێ لە وەڵاتانی دیکەش هاتە ئاراوە. ئەم سیستەمە لە ساڵی 1848 لە سویسرا و لە ساڵی 1867 لە کەنەدا و دواتریش لە 1897 لە ئوسترالیا پیادە کراوە.
ئیمڕۆکە فێدرالیزم شێوازێکی باوە بۆ ڕێکخستنی سیاسی. لە ساڵی 1993 بەملاوە، لانیکەم 19 وەڵات بە شێوەی فێدرالی ئیدارە دەکرێ و 21 وەڵاتی دیکەش لە بنەماکانی فێدراڵی کەڵکیان وەرگرتووە و بەرەو سڕینەوەی چەقی سیاسی و لابردنی ناوەندێتی ئیداری هەنگاویان ناوە. لەم ڕووەوە فێدراڵیزم وەک «دایکی دیموکراسی» لە قەڵەم دراوە. بەپێی ئەو ئەزموونانەی کە لە ئارادایە سیستەمی فێدراڵی بە دوو جۆر دروست دەبێ کە بریتین لە:
1ـــ فێدراڵی بەکۆمبوون یا پێکەوە لکان. لەم شێوازەدا چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ یەک دەگرن یا پێکەوە دەلکێن و یەک دەوڵەت لە سەرووی دەوڵەتانی ئەندامەوە درووست دەکەن. نموونەی ئەم شێوازە فێدراڵییە، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سویسرا، کەنەدا و ئەفریقای باشوورییە.
2ـــ فێدراڵی بە دابەشبوون. لەم شێوازەدا دەوڵەتی ئاسایی یا یەکبوو، بەسەر چەند دەوڵەت یا هەرێمێک دابەش دەکرێت و دەبێتە دەوڵەتێکی لێکدراو. بۆ نموونە وەڵاتانی یەکیەتی سۆڤیەتی (پێشوو)، بەرازیل، ئەرجەنتین، مەکزیک، هێندستان و مالیزیا.
دەوڵەتی فێدراڵی، جگە لەو شێوازە گشتییانەی کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی دەوڵەت، بەم دوو شێوازەی خوارەوەش کۆتایی پێ دێت:
1ـــ جیابوونەوەی هەر یەک لە هەرێمەکان و بوونیان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
2ـــ گۆڕینی دەوڵەتی فێدراڵی بە دەوڵەتێکی یەکبووی سادە.
بنەماکانی سیستەمی فێدراڵی، لەم شەش خاڵەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبێت:
1ـــ دەسەڵات لە نێوان هەرێمەکان و حکوومەتی یەکگرتوو دابەش دەبێت.
2ـــ بەرەو دیموکراسی دەڕۆن.
3ـــ لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشکراوە ڕەفتار دەکەن.
4ـــ دەستووری نووسراویان هەیە.
5ـــ سەقامگیریی یەکەکانی دەسەڵات بەپێی دەستوور لە حکوومەتدا پاوەجێ دەبێت.
6ـــ دەستوور، باڵادەستە و دادگەی دەستووریش پێویستە.
لە سیستەمی فێدراڵیدا دادگەیەکی باڵا بۆ شرۆڤە و لیکدانەوەی یاساکان و چارەسەرکردنی کێشەی هەرێمەکان لە دەوڵەتی ناوەندیدا دابین کراوە. لەم دەوڵەت - وەڵاتەدا گۆڕینی دەستووری بنچینەیی، دەبێ بە ڕەزامەندی زۆرینەی هەرێمەکان بە ئەنجام بگات. ئەم سیستەمە لەو وەڵاتانەی کە خاوەنی نەتەوە و زمان و ئایینی جیاوازن، لەگوێن باشترین سیستەمی فەرمانڕەوایی و حکوومەتداری لە ئەژمار دێت. پانتایی و ڕووبەری خاکی وەڵاتەکانیش لە ڕێکخستنی دەوڵەت - وەڵاتی فێدراڵیدا دەور دەبینێت. بۆ وێنە وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، بەرازیل و هیندستان خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بەڵام ئەم هۆکارە بۆ گشتاندن نابێت، چونکوو وەڵاتانێکی بچووکی وەک نەمسا و سویسرا کە بە شێوەی فێدراڵی ئیدارە دەکرێت، ناگرێتەوە.
فێڤرالیستەکان
ئەم زاراوە لە وەڵاتانی کۆمۆنیستیدا بەو گرووپە دەگوترێ کە لایەنگری ڕۆژاوا بووە و خۆی بە لایەنگری «شۆڕشی فێورییە» دەزانی و «شۆڕشی سۆشیالیستی» و دەسکەوتەکانی ڕەت دەکردەوە. لە ساڵی 1917 دوو گۆڕانکاری لە سۆڤیەت، ڕووی دا: یەکەمیان، «شۆڕشی فێورییە» بووە و دووهەم، «شۆڕشی ئۆکتۆبەر». کۆمۆنیستەکان شۆڕشی فێورییە بە «شۆڕشی بورژوا دیموکراتیک» دەزانن و شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بە «شۆڕشی سۆشیالیستی» لە قەڵەم دەدەن.