تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاریستۆکراسی+ ئاغەواتی
بە زمانی یۆنانی بە مانای باشترین حکوومەت یان حکوومەتی پیاوماقووڵانە. بەڵام لە زاراوەدا جگە لەوەی کە هەڵگری پاساوێکی ئەخلاقییە، حکوومەتی کەسانی لێهاتووە کە بەپێی میرات و شەرەف و خوێن بە سەروەری گەیشتوون. کەواتە دەکرێ بە حکوومەتی ڕەگەز مەزنایەتی ناوبردە بکرێ.
لە فەلسەفەی سیاسی یۆناندا ئاریستۆکراسی بەو دەسەڵاتدارانە دەگوترێ کە لە باری ئینسانییەوە بە تەواوی هەڵیان دابێ و گەشەیان کردبێ. «ئەرەستۆ» (لە کتێبی سیاسەت) و «پلاتۆ» (لە کتێبی کۆمار)دا هەوڵێکی زۆریان داوە لەمەڕ دیاریکردنی پێودانگێک بۆ دۆزینەوەی ئەم جورە کەسانە. ئەرەستۆ، باشترین جۆری حکوومەتەکان بە پادشایی و ئاریستۆکراسی و حکوومەتی قانوون ناوبردە ئەکا و لەنێوان ئاریستۆکراسی و ئۆلیگارکی*دا ئەم جیاوازییە قاییلە: " ئۆلیگارکی گەیشتن بە دەسەڵاتە بەپێی دارایی و ئاریستۆکراسی بەپێی بلیمەتی". بەڵام هەر لە زووەوە ئەم دوو زاراوە بە یەک مانا بەکار براون. بۆ وێنە «کارتاژ» و «وینیز» ئاریستۆکراتی گەورەی دارایی بوون.
ئاریستۆکراتیک بە عام، بە حکوومەتێک دەوگوترێ کە تێیدا دەسەڵاتی دەوڵەت ڕەها بێ و حکوومەت بە دەست تاقمێکی مومتازەوە بێت. ئەم تاقمەش لە ڕێی میرات و پلەی چینایەتییەوە بەم شوێنە گەیشتبێ و ڕێگەی چینەکانی دیکە بۆ ئەم شوێنە یاساغ بێت. نموونەی ئەم سیستەمە سیاسییە لە ئێرانی پێش ئیسلام و ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست ئەبیندرێت. ئەمڕۆ نموونەی ئەم جۆرە حکوومەتە لە کەم شوێنی جیهاندا پەیدا ئەبێت و جێی خۆی داوە بە دیکتاتۆری ئولیگاریشی نوێ.
ئۆتۆکراسی
دەسەڵاتێک بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە:
١) فەرمانکردنی ڕاستەوخۆی کەسێک بەسەر باڵاترین پلەی ئیداری وەڵاتێک. ٢) نەبونی یاسا و نەریتێک بۆ چاودێری کردن بەسەر کردارەکانی فەرمانڕەوادا.
٣) دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە هەرکارێکدا بێسنوور و بێ جڵەوە.
ئۆتۆکراسی ڕەنگە بەپێی وەفاداری دەرونی فەرمانبەر بە فەرمانڕەوا بێت یان لە ڕووی ترس و خۆفەوە بێت. ئۆتۆکرات، ڕەنگە دەسەڵاتی خۆی لەڕێی دابونەریتی کۆمەڵایەتی (میرات و جێماوە)یان بە زۆرەملی بە دەستی هێنابێ. کە لە شێوازی یەکەمدا ئۆتۆکراسی ڕەوایە و لە شێوازی دوهەمدا دیکتاتورییەتە. حکوومەتە ئیستبدادییەکان (بڕوانە ئیستبداد) لە چەشنی ئۆتۆکرات لە ئەژمار دێن.
بۆرۆکراسی
لە زاراوەدا بە مانای دەزگەی ئیدارییە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەپێی ڕێسێ و بڕیاری دیاریکراو کاروباری ڕۆژانەی دەزگەیەک (وەزارەت، کۆمپانی، ئەنستیتۆ، دەوڵەت، زانستگە و…) بەڕێوە ئەبێ ت.
دانەری تیۆری نوێ دەربارەی بۆرۆکراسی ماکس ڤێبەر کۆمەڵناسی ئەڵمانی بوو کە ئەم سیستەمە بە سەرنموونەی ڕەسمی ئەندێشەی ڕێکخستنی لۆژیکی دەزانێ. لە جوملەی تایبەتمەندییە زیندووەکانی بۆرۆکراسی بریتییە لە: هەبوونی ڕێسای قانوونی بۆ کاروبار، هەبوونی دامودەزگەیەکی ئیداری مووچەخۆر، دیاریکردنی ڕۆڵێکی تایبەت بۆ هەر کارمەندێک، گرنگایەتی دەسەڵات و مەقام بەجێی دەسەڵاتی تاک و پاڕاستنی ڕێکوپێکی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان. بە بڕوای «ڤێبەر» بۆرۆکراسی لۆژیکی، هۆکاری سەرەکی بە لۆژیکیکردنی سیستەمی دەوڵەت لە جیهاندایە.
«میل»، (1859) بۆرۆکراسی، دژی دیموکراسی و حکوومەتی پەرلەمانی و ئازادی لە قەڵەم دەدا. «گاتانۆمۆسکا»، کۆمەڵناسی ئیتاڵی (1939) دەوڵەتی مودێرن لە بنەڕەتدا بە دەوڵەتێکی بۆرۆکراتیک ناوبردە دەکا کە کەمینەیەک بە سەریا دەسەڵاتداری دەکات.
ئەمێستە ئەوشتەی داهێنەرانی تیۆری سیاسی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، مەسەلەی بۆرۆکراسی لەگوێن یەک «چینی نوێ» یە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوەیە. ئەم بیرۆکە لە کتێبی چینی نوێ، بەرهەمی «میلوان جیلاس» بیرمەندی یۆگوسلاڤی بڵاو کرایەوە.
تێئۆکراسی + یەزدانپەرستی
تیۆرییەکی سیاسی و ئایینیە کە تەنیا حکوومەتی ئایینی بە ڕەوا دەزانێ و یاسایەک بە دروست ئەزانێ کە لە لایەن خواوە دانراوە و بە پێغەمبەرەکانا بە خەڵکی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئایین و سیاسەت (مەلا و دەوڵەت) لێک جیا نین و ئەبێ یاسا و دەستوورەکانی خوا لە پێوەند لەگەڵ خەڵک پیادە بکرێت.
تێکنۆکراسی
ئەم زاراوە لە لایەن ویلیام هێنری سمیت، نووسەری ئەمریکایی لە ساڵی 1919 داهێنراوە و بەم جۆرە پێشنیازی کردووە کە حکوومەت بکەوێتە دەست خاوەن پیشە و تەکنیکەکان. جۆرە حکوومەتێک کە لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتنی هونەری و زانستی هەنگاو بنێت. لەم جۆرە حکوومەتەدا پێویستە هەموو سەرچاوە ئابوورییەکان و کاروباری کۆمەڵ لە لایەن تەکنیکسازان و زانایانەوە بەڕێوە بچێت. تێکنۆکراتەکان، کۆمەڵێک بوون کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دەستیان کرد بە توێژینەوەی بارودۆخی ئابووری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم جۆرە حکوومەتە دەرەنجامی پێشکەوتنی خێرای زانست و تەکنۆلۆجییە لە جیهاندا و ئەم پێشکەوتنەش لەسەر بیروبڕوای سیاسی حاکم و ئاکاری سیاسەتمەداران کاریگەریی دانا. زۆربەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم شتەیان بەلاوە پەسندە کە لە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی پیشەسازیدا هەر دێت و دەوری تەکنیککاران و زانایان گرینگتر دەبێت بەڵام لەوە بەگومانن کە ڕژێمی تەکنیکسازان بتوانێ جێی نەزم و تەکوزیی سیاسی بگرێتەوە.
دیموکراسی
دیموکراسی لە دوو وشەی یۆنانی دێمۆس، بە مانای «خەڵک» و کراتووس، بە مانای «حکوومەت» پێکهاتووە. مانای ئەم زاراوە لە پوختەی قسەکانی ئابراهام لینکۆلن (1809-1865، شانزەهەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا) بریتی بوو لە: «حکوومەتی خەڵکی، لە لایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک». ئەم بیرۆکە بە ڕواڵەت زۆر سادەیە، کەچی لە واقیعدا زۆر ئاڵۆز و تێکتەنراوە. ئەگەرچی مانای دیموکراسی تاڕادەیەک ڕوونە بەڵام ئەم مەسەلە کە «خەڵک» چۆن بە سەر خۆیاندا حکوومەت بکەن هێشتا هەر مژاوییە و ڕوون نەکراوەتەوە. بەم بۆنەوە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم چەمکە هاتۆتە ئاراوە.
ئەمڕۆکە مەبەست لە دیموکراسی شێوازێکە لە ژیان کە تێیدا دەسەڵات جیا بکرێتەوە و بە هەموو کەس وەڵام بداتەوە. لەم سیستەمەدا جیاوازییەکان بەهەند دەگیرێن و لە پێگە و جێگەی جەماوەر ڕێز دەگیرێ و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێ. بە کورتی دیموکراسی بە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتە بەبێ توندوتیژی و شەڕنانەوە. لە سیستەمێکی دیموکراتیدا هیچ کەس فەرمانڕەوای هەمیشەیی نییە و هیچ کەس لەسەر تەختی دەسەڵات کڕ ناکەوێ. سەرۆککۆمار دەکەوێتە بەر ڕەخنە و لێپرسینەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا دەبێ لە دەسەڵات دەست بکێشێتەوە. کەواتە لەم جۆرە ڕژێمەدا هیچ کەس بۆی نییە دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات، بگرە دەسەڵات هەمیشە لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی هەموواندایە.
دیموکراسی سەدەی بیستەم، بەرهەمی لیبرالیزمی سەدەی نۆزدەهەمە. هەڵبەت لیبرالیزمی ئەم سەدەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەندێشەکانی هیۆم، میل و ڕۆسۆ. هەندێ کەس دیموکراسی بە ئایدیۆلۆجی سیاسی چینی مامناوەندی لە قەڵەم دەدەن. جیاوازی سەرەکی دیموکراسی لە سەدەی نۆزدە و بیست لەوەدایە کە ئەمڕۆ بنەماکان و ئایدیۆلۆجیای سیاسی چینە مامناوەندییەکان بە ناو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا بڵاو بۆتەوە.
لە پێناسەیەکی دیکەدا دیموکراسی شێوازێکی حکوومەتکردنە بەسەر نەتەوەیەکی باڵغ و هەراش کە ئەندامانی ئەو نەتەوە خاوەنی بەهرەی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن بن و لە ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن. لەم سیستەمەدا جەماوەر بە مافەکانی خۆیان شارەزان.
یەکێک لەو گرفتانەی کە لەسەر چەمکی دیموکراسی پێش هاتووە، جیاوازی نێوان دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دیموکراسی نوێنەرایەتی یا ناڕاستەوخۆیە. دیموکراسی ڕاستەوخۆ، هەڵگری ئەو زەمانەتەیە کە خەڵک ڕاستەوخۆ بێنە ناو مەیدانەوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پێوەندی بە ژیانی خۆیانەوە هەیە. بۆ وێنە خەڵکی ئاسینا لە ساڵانی 507 تاکوو 322ی پێش زایین، ئەم شێوازە حکوومەتەیان پیادە کرد. گەورەترین ڕەخنەگری دیموکراسی ڕاستەوخۆ، پلاتۆ، فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی بوو. ئەو پێی وابوو کە لە جیاتی ئەوەی بڕیارەکان لە لایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە دەرکرێن، سپێردراوە بە کەسانی خاوەن پیشە کە سەریان لە سیاسەت دەرناچێ کەواتە دیموکراسی ڕاستەوخۆ حاکمیەتی جڤاتییە.
دیموکراسی نوێەنەرایەتی بە واتای سیستەمێکی حوکوومییە کە تێیدا نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵک، یاساکانی کۆمەڵگە دادەنێن. تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە دیموکراسییە بریتین لە: یەکەم، هەڵبژاردنی ئازاد ناوبەناو بێتە کایەوە و هەر شارۆمەندێکی هەراش مافی ئەوەی ببێ کە دەنگ بدا و دەنگی پێ بدەن. دەنگدان دەبێ دوور بێت لە هەر جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک. دووهەم، ئەم جۆرە هەڵبژاردنەش نابێ تەنیا ببەسرێتەوە بە پاڵێوراوانی حیزب یان لایەنێکی دیاریکراو، ئەگەریش زۆرینەی خەڵک دەنگیان نەدا بە مانەوەی حکوومەتی دەسەڵاتدار، ئەبێ دەسەڵات بدرێتە دەست کەسانی دیکە. سێهەم، نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵک (پەرلەمان)، ئەبێ مافی یاسادانانیان لە هەموو بواڕێک هەبێ و بتوانن بە ڕاشکاوی بڕیارەکانی دەوڵەت بخەنە ژێر پرسیار یان لەگەڵیا نەیار بن بێ ئەوەی هیچ ترس و خۆفێک یان ئازار و مەترسییەک بێتە سەر ڕێگەیان.
لەم چاخەدا دیموکراسی پەرلەمانی، باوترین شێوازی دیموکراسییە. بنەمای دیموکراسی بڕواهێنانە بە بایەخەکانی تاکی مرۆڤ و دەرفەتی بڕیار دەرکردن لە کاروباری گشتی و تایبەتی. ئەگەرچی ئەم شێوازە، لەسەر بنەمای تاکەکەس دامەزراوە بەڵام کاتێک ماهییەتی فرەنەتەوەیی و فرەکەلتووری زۆربەی کۆمەڵگەکان شرۆڤە دەکرێت، گرفتی جۆراوجۆر دێتە بەرچاو. ئەگەر لە وەڵاتێک زۆرینەیەکی کەلتووری یەکدەنگ هەبێت، ئەغڵەب جار بەرژەوەندییەکانی ئەو زۆرینە دەستەبەر دەکرێت. کەواتە ڕەنگە ئەم شێوازەی دیموکراسی ڕێگە خۆش بکات بۆ «دیکتاتۆری زۆرینەی کەلتووری» . چما نوێنەرانی کەلتووری کەمینەکان یان هیچکات هەڵنەبژێردرێن یان ڕادەیان هێندە کەم بێت کە لە ئەنجومەنی یاساداناندا کاریگەر نەبن.
دیموکراسی سیاسی لە واقیعدا بە مانای حکوومەتی زۆرینە یان یەک لەسەر نیوەی دەنگەکانە. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە دیموکراسی، خەڵک لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی کۆمەڵگە و چاودێریی بە سەر حکوومەت بە حەقدار دەزانێ و دەوڵەت* بە بەرەنجامی ئیرادەی گشتی لە قەڵەم ئەدرێت.
هێرۆدۆت، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەنووسێ: «ئەگەرچی دیموکراسی بۆ هەموو خەڵک لە بەردەم یاسا بە یەک چاو دەڕوانێ بەڵام گرفتێکی هەیە ئەویش بە هاسانی دەبێتە مۆبۆکراسی، واتە سەروەری کەسانی نەزان و بازاڕی و دەسەڵاتی بۆرەپیاوانی سەرکێش و لاسار» (بڕوانە ئاژاوەخوازی) .
ڕەوتی گەشەکردنی دیموکراسی لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن بەڵام دواتر لە ساڵی 1215ی زایینی بۆ یەکەم جار، کینگ جۆن پادشای بەریتانیا پاش ڕاپەڕینێکی جەماوەری فەرمانێکی دەرکرد کە بە «جاڕنامەی گەورە» ناوبانگی دەرکردووە و تێیدا ئەنجومەنێک بۆ نوێنەران پێشبینی کراوە. لە فەرەنسەش لە دوای شۆڕشێکی خوێناوی لە سەدەی هەژدە، ئەزموونی دیموکراسی تاقی کراوەتەوە. لە ساڵی 1831، لە بەلجیکا بۆ یەکەمجار دەستووری دیموکراتی دانراوە کە تێیدا ئازادی نووسین و ڕادەربڕین و کۆبوونەوەکان زەمانەت کراوە.
لەسەرەتای سەدەی بیستەوە، لە وەڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دوای دزەکردنی ئەندێشە ئەوروپییەکان، بزاوتی دیموکراسیخوازی لەم دوو کیشوەرەدا گەشەی کرد. بەڵام لە بەر نەبوونی هەلومەرجی پێویست و داکوتانی ڕەگی ئیستیبدادی لەم ناوچانە، زۆربەی ئەم بزاڤانە شکستیان هێنا و دوای ماوەیەک تەنیا بە هێشتنەوەی ڕووکەشێکی دیموکراسی سەرلەنوێ بە چەشنی دیکتاتۆری نوێ سەریان هەڵدایەوە. هەڵبەت لەم ناوەدا چەن نموونەی سەرکەوتووی دیموکراسی هاتەدی کە دەکرێ ئاماژە بدەین بە ژاپۆن و هێندستان.
دیموکراسی جڤاکی
ئەم زاراوە لە لایەن وەڵاتانی کۆمۆنیستییەوە بەکار دەبرێت بۆ جیاکردنەوەی سیستەمی سیاسی تاک حیزبی خۆیان لەگەڵ سیستەمی سیاسی فرەحیزبی کە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا باو بووە و بە دیموکراسی بۆرژوایی ناوی دەبەن. لەم سیستەمەدا حیزبی کۆمۆنیست خۆی بە نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگە یا ڕەنجدەران دەزانێ و مافی چالاکیی سیاسی بە چینە چەوسێنەرەکان نادات. لەم سیستەمەدا بنەماکانی دیموکراسی لیبراڵی ڕۆژاوایی بەرچاو ناکەوێ. پێناسەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە، «دیکتاتۆری پڕولتاریا» *یە.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی: بڕوانە سۆسیال دیموکراسی.
دیموکراسی لیبرال
دیموکراسی لیبرال شێوازێکە لە دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یان دیموکراسی نوێنەرایەتی. دیموکراسی لیبرال ڕێز دادەنێ بۆ مافەسروشتی و مەدەنییەکان و هەروا قاییل بە یەکسانی مافەکانە بۆ هەموو هاووەڵاتیان لە بواری سیاسی و دادوەریدا. لەم جۆرە لە دیموکراسییەدا دەسەڵاتی زۆرینە* بە شێوەیەکی سنوورداری یاسایی جێبەجێ دەکرێت. ئەم سنوورەش، بۆ زامنکردنی بەهرەمەندی کەمینە*یە لە هەندێ لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ئازادی بیروڕا و ئایین.
بە باوەڕی نەیارانی ئەم شێوازە حکوومییە دیموکراسی لیبرال، بێڕەچاوکردنی مافی هاووەڵاتیان لە بەستێنی ئابووریدا چەواشەکردنی خەڵکە بۆ پەردەکێشان بەسەر جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگە. مارکس، دیموکراسی لیبرالی بە دیکتاتۆری بۆرژوایی لە قەڵەم داوە. ئێستە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لیبرالیزمی ئابووری، هاوڕێ لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی، لە گۆڕەپانی خەبات لەگەڵ ئایدیۆلۆجیەکانی دیکەدا سەربەرز و سەرکەوتوو هاتۆتە دەرەوە. چونکە پێکهاتەی سیاسی دیموکراسی لیبرال، دەسپێکێکی بەهێزە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات. ئەم سیستەمە لەگەڵ تاقمی بوروکراتی سیاسی هاودەنگە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەپارێزێت.
بەڕای هەندێ کەس لیبرالیزم بەهۆی سەروساختی لەگەڵ سەرمایەداریدا ناتوانێ بەو بەڵێنەی کە لەمەڕ ئازادی تاکەکەس بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داویەتی وەفادار بێت. چونکە لیبرالیزم پارێزەری بەرژەوەندی چینی بەهرەدار لە خاوەندارێتی تایبەتە کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێ و شەڕی چینایەتی و بەرزبوونەوەی هەڵپەی شەڕ و پێکدادانی جیهانی.
دیموکراسی مەسیحی
ئەم زاراوە بۆ ئەو حیزبە سیاسییانەی ئەورووپا بەکار دێت کە لەگەڵ کلێسەی مەسیحی ــ زۆرتر کاتۆلیکەکان ــ هاوپەیمانن و بە حیزبی دیموکرات مەسیحی ناویان دەرکردووە و ئەندامەکانیشی بە «دیموکرات مەسیحی» دەناسرێن. ئەم حیزبانە لە سەدەی نۆزدە، بەدژی سەرمایەداری و سۆشیالیزم و جوولەکان بوون. لە 1945 بەدواوە، لە شێوازی پێشووی خۆیان وەکوو حیزبێکی سەرەکی لایاندا و بوون بە کۆنەپارێز و لە وەڵاتانی فرەنسێ و نەمسا و ئیتاڵیا و بەلیکا و ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.
دیموکراسی پیشەسازانە
بەپێی ئەم بیرۆکە، ئەبێ کرێکاران لە بڕیارەکانی هاوپێوەند لەگەڵ کارخانە پیشەسازییەکاندا بەشدار بن. لەم بارەوە تیۆری جۆراوجۆر هاتۆتە ئاراوە کە سەرەنجامی ئەم تیۆرییانە خوازیاری ڕووخانی سەرمایەداری و چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکارانە. تیورییەکی نوێ لە بارەی دیموکراسی پیشەسازانەوە ئاڕاستە کراوە کە پێی وایە ئەم سیستەمە، سەرمایەداری و شانوشکۆی بەڕێوەبەرانی قبووڵ کردووە و ئەم ڕاستییەی درکاندووە کە کرێکاران ناتوانن لە بەڕێوەبردنی کارخانە پیشەسازییەکان سەرکەوتوو بن.
سایبر دیموکراسی
ئەم زاراوە لەم دواییانەدا بۆ ئاماژەکردن بە پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تەکنولۆجیای نوێی کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێت بۆ نموونە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەرجی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری سیاسی.
سۆسیال دیموکراسی
لقێکی سۆشیالیزم و بزاوتی کرێکاری لە ئەژمار دێت کە جەخت دەکات لە سەر بنەمای دیموکراسی بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بڕوای بە ڕیفۆرم (چاکسازی) هەیە نەک شۆڕش. لە باری مێژووییەوە، سۆسیال دیموکراسی لە پاش ئینتەرناسیۆنالی یەکەم بەدیهات. لەو کاتەدا زۆربەی حیزبە سۆسیالیستەکان کە دواتر لە «ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست» کۆمەڵیان بەست، کەمتاکورتێک لەگەڵ ژیانی سیاسی وەڵاتانی خۆیان یەکپارچە بوون و یەکیان گرتەوە.
لە باری تیۆرییەوە لە ئەورووپا بزاڤی سۆسیال دیموکراسی تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجامی پیاچوونەوە بە مارکسیزم و دەست بەردان لە دۆگماتیزمی تیۆری بوو. دوابەدوای سەرکەوتنی بولشویزم لە سۆڤیەت، ڕیفۆرمخوازە سۆسیال دیموکراتیەکان بە یەکجاری لێک جیابوونەوە و تەنانەت بەدژی یەکتر ڕاوەستان. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، سۆسیال دیموکراتەکان هەیمەنەی خۆیان لە ئەورووپای ڕۆژاوا بەدەستهێنایەوە بەڵام لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات سەرکوت کران. سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سۆسیال دیموکراتی ئەورووپای ڕۆژاوا لە ڕوانگەی هەندێ لە ئەندامانی ئەم حیزبانەوە سازشکارانە بوو، بەم بۆنەوە لە نێوان باڵی ڕاست و چەپی ئەوان، کێشە دروست بوو.
ئینتەر ناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951، گرنگترین ئامانجەکانی بزاوتی سۆسیال دیموکراسی بەم جۆرە پێناسە دەکات:
سۆشیالیزم، خوازیاری جێگیربوونی سیستەمێکە لە بری سەرمایەداری کە تێیدا قازانجی گشتی بە سەر قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسی زاڵ بێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش دەبێ بەرنامەیەکی وا بۆ بەرهەمهێنان دابڕێژرێت کە قازانجی هەموان لە بەرچاو بگرێت. ئەم بەرنامەش بە کۆجێکردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەستی کەمینەیەک سەرناگرێت بەڵکوو پێویستیەکەی چاودێرییەکی دیموکراتیانە و کاریگەرە بە سەر ئابووردا. کەواتە سۆسیال دیموکراسی، لەگەڵ پلاندانانی سەرمایەداری و هەر چەشنە بەرنامەیەکی تۆتالیتەری بە توندی دژایەتی دەکات چونکە هەردوکیان لە بەردەم چاودێریی گشتی بە سەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی یەکسانی بەرهەمەکان تەگەرە سازدەکەن. جاڕنامەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سۆشیالیزم بەدەر لە دیموکراسی بەدی نایە و بە «سۆسیالیست» ناوبردە کردنی هەندێ لەو وەڵاتانەی کە بە سیستەمی تۆتالیتەری ئیدارە دەکرێن، بە هەڵە دەزانێ. سۆسیالیستەکان بۆ پێشڤەبردنی دیموکراسیەت لە پیشەسازیی و ئاستەنگ کردنی بیرۆکراسی، بەهێز کردنی یەکیەتییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکان بە پێویست دەزانن.
بە درێژایی سەدەی بیستەم، چ لە لایەن بیردۆزان و چ جەماوەرەوە، سۆشیالیزم بە واتای بەربڵاوی حکوومەتکردن بەسەرخۆدا هاوپێوەند لەگەڵ دیموکراسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام لە میانەی ئەم سەدەوە تا هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمۆنیستی کە لە 1989 دەستی پێکرد، سۆشیالیزم و دیموکراسی بە گشتی وەک هاودژی یەکتر ناوبردە کراون. هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانە فیکریەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی دیکتاتۆریانەی دەوڵەتانی سۆشیالیستی و تێکەڵبوونی کۆنەپەرستانەی دەزگە سیاسیەکانی لیبراڵ ـــ دیموکراسی لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە وەڵاتانی سەرمایەدار.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی یان سۆسیال دیموکراسی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە لایەن ئیدوارد برێنختاین، یەکێک لە مارکسیە ئەڵمانیەکان هاتە ئاراوە. برێنختاین، ڕایگەیاند کە پێشبینییەکانی مارکس دەربارەی مەرگی سەرمایەداری و دواتر بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار ـــ کە ئەودەم نوقڵانەیەکی زانستی لە قەڵەم درابوو ـــ هەڵە و نادروستن. دەرکەوتنی ئەم ناڕاستییە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاوتێک کە بە ناخی سۆشیالیزمدا بچێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە پەرلەمان و شێوازی ڕیفۆرمخوازانە، وەرچەرخانێک بە ڕێبازەکە بێنێت کە لەم ناوەدا دیموکراسی کۆمەڵایەتی، وەک ئاستێکی ناوەنجی سۆشیالیزم و لیبرالیزم پەسند بکات.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی، سیاسەتێکی یەکسانخوازانەیە کە بڕوایەکی بەهێزی بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نوێ هەیە و بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت دەزانێ کە سەرلەنوێ داراییەکان دابەش بکاتەوە. سۆسیال دیموکراسی، بنەما ئازادیخوازییەکان لە بابەت دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئابووری تایبەتی و دەوڵەتی پەسند دەکات و سەرنج دەداتە ڕیفۆرمی سیاسی و وەفاداری خۆیان بە ئارمانجی ئەخلاقی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنن.
بە باوەڕی مارکسییەکان، دیموکراسی ڕۆژاوا دیموکراسی بۆرژوازییە کە لە خزمەت چینی سەرمایەداردایە. ئەوان پێیان وایە کە باشترین شێوازی دیموکراسی، دیموکراسی سۆشیالیستییە چونکە لە خزمەت زۆرینەی هەرەزۆری ڕەنجدەرانە و بەرژەوەندییەکانیان بە باشی دەپارێزێ و ژێرخانە ئابوورییەکەشی، موڵکداریەتی گشتییە لە پێناو کەرەستەی بەرهەمهێناندا.
بەپێی ئەم مەرامە، لە سیستەمی سۆشیالیستیدا، عەدالەتی ڕاستەقینەی تاکەکان بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و زایەند لە هەموو بوارەکان دابین دەکرێت.
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
فیزیۆکراسی
زاراوەکە بە واتای لایەنگری کردن لە دەسەڵاتی سروشتییە. بەڵام وەک قوتابخانەیەک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە کە لە لایەن هەندێ زانا و نووسەری فەرەنسی بنیاد نراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە لەگەڵ دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروباری ئابووری و سروشتیدا دژایەتی دەکەن و ئەم کارە بە زیانبەخش دەزانن. هەروا لەو باوەڕەدان کە هەندێ ڕێسای شایستە لە ناو سروشتی ئابووریدا هەیە کە دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسادانان نابێ پێشێلی بکەن و پێش بە پەرەسەندنی بگرن چونکە دەوڵەمەندی و سامان، زادەی سروشت و بنەما کشتوکاڵییەکانە و سەپاندنی هەر جۆرە یاسایەک لەم بارەوە نابەجێ و زیانبەخشە.
قەیرانی دیموکراسی
هەندێ زاراوە کە لە گوتار (discourse) ی سیاسیدا بەکار دەبرێن، زۆرجار بە دوو مانا شرۆڤە کراون: یەکەم، واتای فەرهەنگی. دووهەم، مانایەک کە لە جەنگێکی ئایدیۆلۆژیکی بەکار دەبرێت. زاراوەی دیموکراسی یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە فەرهەنگی زاراوەدا بە مانای کۆمەڵگەیەکی خەڵکییە کە ئەندامانی دەتوانن لە کاروباری کۆمەڵگە هاوبەش بن و لە دانانی بڕیارەکاندا دەوریان هەبێت. مانایەکی دیکەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ناوەرۆکێکی ئایدیۆلۆژیکی هەیە، واتە کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر دەسەڵاتی توێژێکی نوخبە و بازرگان و کاسبکاردایە و کۆمەڵی خەڵک تەنیا دەوری بینەر ببینن. هەربۆیە بە باوەڕی هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی ڕۆژاوا ئەگەر جەماوەری خەڵک، بەڕاستی بخوازن لە کاروباری کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن، کەشێکی وا دێتە کایەوە کە بە قەیرانی دیموکراسی ناوبردە کراوە. قەیرانی دیموکراسی کاتێک کۆنترۆڵ دەکرێت کە جەماوەر لەمەڕ بەشداری و هاوبەشی لە کاروباری کۆمەڵگە بێمەیل بکرێت و هان بدرێت کە بگەڕێتەوە بۆ پێگە و شوێنی خۆی.
نیمچەدیموکراسی
ئەم زاراوە بۆ پێناسە کردنی ئەو وەڵاتانە بەکار براوە کە ڕووەو گەشەسەندنن. لە نیمچە دیموکراسیدا ژیانی سیاسی، نە بە تەواوی دیموکراتیە نە تۆتالیتەری. ئەم وەڵاتانە هێشتا هەر لە گێژاوی پرۆسەی مۆدێرنە و هەنگاونان لە سوننەتەوە بۆ مۆدێرنیتەدا مۆنج دەخۆن و کێشمەکێشی ئەم هەلومەرجە، لە جێگیربوونی هەردوو سیستەمەی دیموکراسی و تۆتالیتاریزم بەرگری دەکات. هەروەها پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆنباو و کەلتووری سوننەتی لێک ترازاو بواری دامەزرانی سیستەمی سیاسی مۆدێرن ناڕەخسێنێت. سەرمەشقی ڕێکخستن لەم وەڵاتانەدا بریتییە لە سێ شۆڕشی مێژوویی فرەنسی و شۆڕشی پیشەسازیی و شۆڕشی سۆڤیەت. هەرکامێک لەم شۆڕشانە بە جۆرێک بوونەتە سەرمەشق بۆ پێکهاتەی سیاسی ئەم وەڵاتانە. بۆ وێنە لە شۆڕشی فرەنسا، بیرۆکەی یاسا و حاکمییەتی نەتەوەیی و دیموکراسی وەرگیراوە، لە شۆڕشی پیشەسازیی بیرۆکەی گەشەسەندنی ئابووری و مۆدێرنە و لە شۆڕشی سۆڤیەتیش، دەوڵەتێکی بەزەبر و زاکوون و دەسەڵاتدار بۆتە سەرمەشق و ئایدیالی حکوومەت. هەموو ئەم بیرۆکە و سەرمەشقانە ئاوێتە بووە لەگەڵ پێکهاتەیەکی خۆماڵی بە قەبارەیەکی ئیستبدادی و یەزدانگەرا و باوکسالارەوە.
بە گشتی بۆ پیادەکردنی دیموکراسی لە وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن، چەندین کۆسپ و تەگەرە لە بەردەمدایە کە بریتین لە:
- دەسەڵات و شەوتی پیاوماقووڵان و گەورەپیاوان کە دیموکراسی بەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن.
- هەژمۆنی بەها و بایەخە موتڵەقەکان و بەهێزبوونی نەریتەکان.
- مانەوەی هێزە دەسەڵاتدارە کۆنەکان، بۆ وێنە دەرباری شا و سوڵتان.
- دەزگە بەهێزە ئایینیەکان و هێزی سەربازی.
- نەبوونی چینی مامناوەندی بازرگان و پیشەسازی.
- قووڵبوونی ئاریشە و لەمپەرە ئەتنیکی و ئایینی و کەلتوورییەکان.
سەرەنجامی کۆبوونەوەی ئەم هۆکارە گرنگانە لە وەڵاتانی ڕووەو گەشەسەندن، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی نیمچە دیموکراسییەکی سەقام نەگرتوو کە هەمیشە دەوڵەتەکانیان لە بەینی ئۆتۆکراسی و ئۆلیگارشی و پۆپۆلیزم و تۆتالیتاریزم و دیموکراسیدا لە هەلاجان دەهێڵێتەوە.
نێتۆکراسی
ئەم دۆخە پێناسەی سەردەمێکی تازە و کەشێکی نوێباوە لە مێژووی مرۆڤدا کە لەسەر بنەمای تۆڕی ئەنتەرنێت و بەرنامەی کۆمپیتەری و تەکنۆلۆژی زانیاری دامەزراوە. لەم قۆناغەدا لە سەرووی قوچەکی دەسەڵاتی کۆمەڵگەدا کەسانێک دادەنیشن کە بەسەر ئەم تۆڕە کۆمپیتەریانەدا زاڵ بن و زانیاریی، ڕەگەزی سەرەکی دەسەڵات و جووڵەی کۆمەڵایەتی لە ئەژمار دێت.
پاراستنی نێودەوڵەتی مادەی ئەتۆمی
بریتییە لەو هەنگاوانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی* بەمەبەستی دۆزینەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هەوڵ و دەوڵەی کە بەکارهێنانی مادەی ئەتۆمی ڕێدراو (مجاز) بە لاڕێدا ئەکێشێ و دەستبەجێ لەڕێگەی پەیماننامە و یاسای پێویست بە لاڕێچوونی وەڵاتان لە دامودەزگە ئەتۆمییەکان ڕادەگەیەنێ.
کۆنفیدراسیۆن
یەکگرتنی چەند دەوڵەت بۆ هاریکاری و یارمەتیدان بە یەکتر بە کۆنفیدراسیۆن پێناسە کراوە. کۆنفیدراسیۆن، خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندی نییە تاکوو بە سەر شارۆمەندانی هەموو دەوڵەتانی یەکگرتوودا سەروەری بکات. دەوڵەتانی ئەندامی کۆنفیدراسیۆن لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا سەربەخۆن و مافی جیابوونەوە لە کۆنفیدراسیۆن پارێزراوە. وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەر لەوەی ببێتە فیدراسیۆن (بڕوانە فێدراڵیزم)، لە ساڵی 1778 تا 1787 بە شێوەی کۆنفیدراسیۆن ئیدارە دەکرێ کە بریتی بوو لە: هیندوراس، نیکاراگووە و سەن سالوادۆر.
ئەڵمانیا لە (1815 تا 1866) و هۆڵەندا لە (1580 تا 1795) دوو نموونەی سیستەمی کۆنفیدراسیۆن لە ئەژمار دێن. ئەگەرچی سویسرا، بە «کۆنفیدراسیۆنی سویسرا» خۆی ناساندووە بەڵام لە ڕاستیدا بە شێوازی فێدراڵی ئیدارە دەکرێت. وەڵاتانی ئەندامی کۆنفیدراسیۆن، بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەمێننەوە، بەڵام لە ناو خۆیاندا شەڕ بە شتێکی ناڕەوا دەزانن.
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.