تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
بزاڤی ئاشتی
بزاڤێکە کە حەز بە چەسپاندنی ئاشتی نێونەتەوەیی (یا نەتەوەیی) بکات و بەرگری دەکات لە بەرپابوونی شەڕ لە داهاتوودا. ئەم بزاڤە پێی وایە کە بە هەرەوەزی ئینسانی لە هەموو جیهان، دەکرێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر فشار و بە سازدانی پێوەندی نێونەتەوەیی، کێشەکان کەم بکرێنەوە و کۆمەڵگەکان لە یەکدی نزیک ببنەوە.
بونیادگەرێتی - بنەڕەتخوازی
بڕوابوونی کوێرانە بە هەموو ناوەڕۆکی ئینجیل و ئەوەیکە ئەم کتێبە پاک و بێغەشە و وشە بە وشەی «فەرمایشتی خودایە» وەک چۆنییەتی درووستبوونی جیهان و ئادەم و حەوا و بەهەشت و دۆزەخ. ئەم زاراوە لە زنجیرە وتاڕێک لەژێر سەردێڕی بناغەکان وەرگیراوە کە لە ساڵی 1909 لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. هەندێ لە پرۆتستانە ئەمریکییەکان تا سەر ئێسقان بونیاتگەران و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما و هەر ئەندێشەیەکی تازە و نوێباو، بە کوفر دەزانن.
بونیاتگەرێتی بە مانای گەڕانەوەیە بۆ بناغەکان. وەکوو دەرئەکەوێ ئەم زاراوە لە دنیای مەسیحیدا سەری هەڵداوە بەڵام لە دنیای ئیسلام زێدەتر پەرەی سەندووە. لە دنیای مەسیحی سڕینەوەی پیرۆزیی لە ئایین و شکاندنی تابۆ ئایینییەکان هاوکات دەستی پێکرد.
ئارێشەی بونیاتگەراکان لەسەر هەقیقەتە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەقیقەت، وەکوو چەمکێکی ڕەها بە تەواوەتی لای ئەوان دەست ئەکەوێت. هەندێ خەسڵەت بۆ بونیاتگەرێتی دیاریکراوە کە هەندێ بنەڕەتی مەعریفی تایبەتی هەیە. بۆ وێنە خوایەکی «قەهار» و «سزادەر» وێنێ دەکەن و بڕوایان بە هەقیقەتێکی تاقانە هەیە کە تەنیا لە لای خۆیان دەست ئەکەوێ. لە باری مرۆڤناسییەوە، مرۆڤ بە کەسێکی تاوانبار دەزانن و ئەم دنیاش وەکوو شوێنێک بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەبینن.
بەڕای هەندێ، بونیاتگەرێتی جیاواز لە ئۆرتۆدۆکس، دیاردەیەکی نوێیە و لەسەردەمی جیهانگیریدا بواری باشتری بۆ دەڕەخسێ (گیدێنز). بە وتەی هەندێکی دیکەش بونیاتگەرێتی، سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی شوناس کە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەروەها گوڵبژێرکردنی چەن ڕەهەندێکی ئەو ڕابردووە، دەخوازێ بە شوێن هاوسانکردنەوە بێت (کاستێڵز). ئەم کەسانە پێیان وایە کە بونیاتگەرێتی بە درێژایی مێژوو بووە بەڵام لەم سەردەمەدا دەرەتان و ئیمکانی زیاتری بۆ ڕەخساوە.
«سکاتلی»، پێی وایە ئەبێ لەنێوان دوو جۆر بونیاتگەرێتی جیاوازی قاییل بین: یەکەم، بونیاتگەرێتی ئایینی و نامودێرنە. دووهەم، بونیاتگەرێتی مودێرنە.
دیارە بونیاتگەرێتی ئیسلامی لەڕووی مەعریفییەوە، لە چەشنی یەکەم ناونووس دەکرێ. لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی 21 بە تایبەت کارەساتەکەی 11ی سیپتەمبەری 2001 لە ئەمەریکا، بونیاتگەرێتی لە ڕواڵەتە ئیسلامییەکەیدا بە جۆڕێک لەگەڵ چەمکی تیرۆریزم*هاوواتا دەبێتەوە لەبەرئەوە تۆڕێکی شەڕەنگێز بە ناوی ئەلقائیدە*، بە دەسپێکی ئیسلامخوازی و ڕزگارکردنی موسوڵمانان لە چنگی کافرەکان، چەندەها هێرشی تۆقێنەر و کوشندە لە جیهان ئەنجام ئەدەن کە هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و نێونەتەوەییەکان بەرەو پێناسەیەکی دیکە دەگوازێتەوە.
تاوانی نێودەوڵەتی
لادان لە پرەنسیپەکانی دەوڵەت و نەتەوەکان و سستکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش کە بریتین لە: دەستدرێژی، داگیرکاری*، جێنۆساید*، ئاپارتاید*، ڕەگەزپەرستی و نەپاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە.
تێئۆکراسی + یەزدانپەرستی
تیۆرییەکی سیاسی و ئایینیە کە تەنیا حکوومەتی ئایینی بە ڕەوا دەزانێ و یاسایەک بە دروست ئەزانێ کە لە لایەن خواوە دانراوە و بە پێغەمبەرەکانا بە خەڵکی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئایین و سیاسەت (مەلا و دەوڵەت) لێک جیا نین و ئەبێ یاسا و دەستوورەکانی خوا لە پێوەند لەگەڵ خەڵک پیادە بکرێت.
جیاوازی ڕەگەزایەتی
جیاکردنەوەی هاووەڵاتیان لە یەکتر بە پێودانگی ئەتنیکی و بەربەستکردنی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە بابەت شوێنی ژیان و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزی«باڵادەست» و هەروەها بێبەشکردنیان لە مافی مەدەنی و سیاسی و بێعەداڵەتی و نابەرانبەری لە وەرگرتنی مووچە و پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی. نموونەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، سیاسەتی ئەڵمانیای نازی بوو دەرحەق بە «خەڵکانی نائاریایی» (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
بە ناوبانگترین ڕژێمێک کە بەرێوەبەری ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانە بووە، ڕژێمی ئەفریقای باشووری بووە کە بە ناوی «ئاپارتاید» * لە ساڵی 1948 سیمایەکی یاسایی و ڕەسمی بە خۆوە گرتووە. لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە کە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەر ئەم وەڵاتەدا گرت، ئەم سیاسەتە بەڕێوەچووە. حیزبی«نەتەوەیی» کە لە ساڵی 1948 بە دەسەڵات گەیشت، ڕێساگەلێکی بۆ ئەو خەڵکانەی کە سپی پێست نەبوون پەسند کرد کە هەموو بواڕێکی ژیانی ئەوانی ئەگرتەوە. (بۆ وێنە، بەرگری کردن لە زەماوەندی سپی پێستەکان لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بەربەستکردنی مافی سیاسی و هاتووچۆ و هەڵبژاردنی ماڵ و ئیش و کار و …)
لە ساڵی 1952 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەستی بە پەیجووری کرد و ئەم سیاسەتەی وەک مەترسییەک بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بەڵام دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، ڕێگەی بە کۆمیتەی لێپرسراوی ئەم مەسەلە نەدا. سەرەنجام ئەم ڕژێمە لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە خەباتی بێوچانی خەڵکانی ئەم وەڵاتە بە ڕێبەرایەتی «نیلسۆن مەندێلا» ڕووخێندرا و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزیی کەوتەوە دەست خەڵک.
جیهاد + خەباتی ئایینی
بۆ وشەی جیهاد ئەم پێناسانەی خوارەوە کراوە:
ــ شەڕ لەگەڵ کافرەکان لە پێناوی ئایین. لە قورئاندا زیاتر لەگەڵ وشەی قتال (کوشتار) بەکار براوە.
ــ قتال بۆ پشتیوانیکردن لە ئایین، کارێکی ڕەوایە.
ــ خەباتی موسوڵمانان لەگەڵ ئەجنەبی بەمەبەستی بانگهێشتنیان بۆ ئایینی ئیسلام یان بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی حکوومەتی ئیسلامی.
ــ لەخۆبووردن و کۆشش لەڕێی خوا.
لە ئایینی ئیسلامدا لەم وشە زاراوەگەلێکی دیکە دروست بووە:
جیهادی سەرەتایی: شەڕێک کە بەمەبەستی داکۆکیکردن نەبێت و لە شەڕێکی ئاسایی بچێت.
جیهادی بچووک: بە مانای شەڕ لەگەڵ کافرەکان.
جیهادی مەزن: بە واتای شەڕی گەورە کە شەڕی ئینسانە لەگەڵ نەفس (دەروون)ی خۆی بۆ چاکسازی و پاراستنی خۆی.
جیهادی بانگهێشتن: ئەم جیهادە جۆرە شەڕێکە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە دیانەتی ئیسلام.
حکوومەتی دەستووری
بە ڕژێمێکی سیاسی دەگوترێ کە بەستێنی دەسەڵاتەکەی بەپێی بەربەستی قانوونی بەرتەسک کرابێتەوە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆریدا حکوومەتی دەستووری دێتە ئاراوە. بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی دەستووری لەگەڵ حکوومەتی قانوونی بە یەک مانا لێکدراونەتەوە. قانوون بریتییە لە کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ کە لە لایەکەوە سنووری کردەوەی تاک و کۆمەڵ دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاستی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار دەکات. هێنانەکایەی پێوەندییەکی قانوونی لەنێوان حکوومەت و هاووەڵاتیان و پابەندیی هەردوولا بە قانوون، لە مەرجە سەرەکییەکانی حکوومەتی دەستووری لە ئەژمار دێت. زاراوەی «ئازادییەکانی تاک» و «جیاکردنەوەی هێزەکان» * یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە حکوومەتەیە.
لە بەرئەوەی ئەم حکوومەتە سیستەمێکی قانوونییە و بنەماکانی بەپێی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاری هاوشێوە دەنوێنن. حکوومەتی دەستووری، بە دوو شێوازی جودا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، کۆماریی. دووهەم، پاشایەتی. بیرۆکەی حکوومەتی دەستووری لە بنەڕەتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی (لیبرالیزم) *.
حکوومەتی سەربازیی
بریتییە لە پیادەکردنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەربازی و سوپایی دەوڵەتێک بەرانبەر بە کەسانی مەدەنی لە وەڵاتێک لە کاتی شەڕ یان تەنگەتاوی. لە کاتی جێگیربوونی ئەم حکوومەتە لەبری فەرمان و دەستووری مەدەنی، فەرمانەکانی هێزی سەربازیی پیادە دەکرێ و دادگە مەدەنیەکانیش جێی خۆی دەدا بە دادگەی سەربازی.
حکوومەتی هەرێم
حکوومەتی هەرێم یان حکوومەتی هەرێمی، پێکهاتەیەکە لە یەکەیەکی تایبەت بۆ وێنە شارۆچکە، شار یان هەرێمێک کە تاڕادەیەکی زۆر بۆ خۆی سەرپشک بێت و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوچەکە سەربەخۆییەکی کەمتازۆری هەبێت. خەڵکی ئەم ناوچە خۆیان بە دانانی یاسا ـــ بەو مەرجەی لەگەڵ یاساکانی وەڵات تەبا بێت ـــ کاروباری هەرێمەکە بەڕێوە دەبەن. نموونەی ئەم جۆرە حکومەتە، هەرێمی کوردستانی عێراقە کە لە ساڵی 1991 بەملاوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.
حکوومەتی پیران+ پیر مەزنایەتی
حکوومەتێک کە تێیدا کاروباری وەڵات بسپێردرێتە دەست بەساڵاچوانی دنیادیدەی زانا و بەئەزموون. ئەم تیۆرییە لە پێنجسەد ساڵ پێش زایینەوە کەمتاکورتێک لایەنگری خۆی هەبووە چونکە لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، لاوان، بە کاڵفام و شەڕهەڵایسێن دەزانن هەربۆیە پیرانی زانا بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە بە شایستەتر دەزانن.
حیزبایەتی
فاکسیۆن بە مانای حیزبە و ئەم زاراوە لە لایەن جۆرج واشینتۆن لەسەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکا، لەبری حیزب بەکار براوە. فاکسیۆنالیزم بە واتای حیزبخوازییە و بڕوا بەوەی کە بوونی حیزبی سیاسی پێویستە و دەبێ بنەمای حکوومەت و دەوڵەت لەسەر حیزبایەتی دامەزرێت. ئەمڕۆکە حیزبایەتی، بەشێکی جیانەکراوەیە لەناوەڕۆکی حکوومەتە دیموکراسی و پەرلەمانییەکان کەچی فاشیزم و کۆمۆنیزم، حیزبایەتی و فرەحیزبی ڕەت دەکەنەوە چونکە بڕوایان بە سیستەمی تاک حیزبی هەیە.
خ
خەباتی چینایەتی
بە باوەڕی مارکسییەکان خەباتێکە کە بەشێوازی جۆراوجۆر و لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجیک، لەنێوان دوو چینی زۆردار و زۆرلێکراو لە گۆڕێ دایە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو چینە خەسڵەتێکی شەڕەنگێزانەیان هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە هەر شۆڕشێک کە هەڵگری خەباتی چینایەتی نەبێت، پووچەڵە. مارکس و ئنگڵس لە بەیاننامەکەی حیزبی کۆمۆنیست دەڵێن: «مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵگە ئینسانییانەی کە تا ئیستا سەریان هەڵداوە، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە. مرۆڤی سەربەست و کۆیلە، پیاوماقووڵ و ڕەشۆکی، ئاغا و ڕەعیەت، کرێکار و خاوەنکار، خۆلاسە، ستەمکار و ستەملێکراو هەمیشەی خوایی لە بەرانبەر یەکتردا وەستاون و تووشی شەڕ هاتوون» . خەباتی چینایەتی دەکرێ شێوازی قانوونی یا ناقانوونی، ئاشتیئامێز یان شەڕەنگێزانە بە خۆیەوە بگرێت. بەپێی ڕێبازی مەتریالیزمی مێژوویی، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی ئینسانی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی بەدی نەهاتووە، لەنێوان هەموو چینەکان کێشمەکێش و مشتومڕ بەردەوام دەبێت.
خەڵاتی ئاشتی نۆبل
خەڵاتی نۆبل دەگەڕێتەوە بۆ کیمیازان و داهێنەری سویدی بەناوی ئالفرێد نۆبل، کە لەنێوان ساڵانی (1833ـــ 1896) لە ستۆکهۆڵم ژیاوە و لەڕێی دروستکردنی دینامیت، سەروەت و سامانێکی زۆری پێکەوەناوە. بەڵام کاتێک زانی ئەم داهێنانەی ئەو بووەتە مایەی نیگەرانی و نائارامی لە جیهان، زۆری لە دڵ گران بووە و هەر بۆیە پارە و سامانەکەی کە پتر لە 31 ملیۆن کرۆنی سویدی بووە، بۆ شەش خەڵات تەرخان کرد. پێنج خەڵات بەو زانایانە دەدرێ کە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، دەروونناسی، پزیشکی و ئەدەبی خزمەتی بەرچاویان کردبێت و خەڵاتی شەشەم بە کەسێک دەدرێ کە خۆی یا وەڵاتەکەی لە بواری ئاشتی جیهاندا هەنگاوی گرنگ و بەنرخی هەڵگرتبێ. لەو کاتە بەدواوە، لیژنەیەک وەک بەرپرسی دابەشکردن، خەڵاتەکە بە کەسانی بەرجەستەی زانستی و ئەدەبی و سیاسی پێشکەش دەکات. لیژنەی نۆبل، خەڵاتی ئاشتی نۆبل لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویژ پێشکەش دەکات.
یەکەمین خەڵات لە ساڵی 1902 بە هانری دونان، بنیاتنەری خاچی سووری جیهانی پێشکەش کرا. لەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆفی ئەننان لە غانا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان (2001)، جیمی کارتەر، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا (2002)، خاتوو شیرین عیبادی پارێزەر و چالاک وانی مافی مرۆڤ لە ئێران (2003) و باراک ئۆباما سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (2009) . بەڕای نەیاران و ڕەخنەگران، خەڵاتی نۆبل لەم دواییانەدا ڕەنگ و ڕوویەکی سیاسی لێ نیشتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زلهێزەکان بە تایبەت وەڵاتانی ئەوروپی دابەش دەکرێت.
داروینیزمی کۆمەڵایەتی
تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییە کە لە لایەن چارلز داروین (1809ــ1882) ئاڕاستە کرا و باس لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سروشتی«جۆرەکان» دەکات. ناوبراو لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەرچاوەی ڕەگەزەکان، بۆ سەلماندنی بونیادی گەشەی بوونەوەرە زیندووەکان، بەپێی هەندێ بەڵگە پێی وابوو کە بوونەوەرەکان لەژێر کاریگەریی هەلوومەرجێکی دیاریکراودا گۆڕانیان بەسەرا دێت. بۆ نموونە مرۆڤی بە بەرهەمی فراژووتن و گەشەکردنی ڕەگەزێکی مەیموون دادەنا.
بنیاتی ئەم تیۆرییە لە باری مێژوویییەوە، پابەندی بنەمای «خەبات لە پێناو ژیان» دایە. ئەم ڕەوتە لە سروشتەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو ڕەگەز و نەتەوەکان. لەم جەنگەدا «شیاوترینەکان»، واتە «بەهێزەکان» دەمێننەوە. ئەم تیۆرییە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیست، بووە بنەمایەکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ململانێی زلهێزەکان و دەسپێکێک بۆ شەڕی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزم. ئەم تیۆرییە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی* ئاوێتە بووە بۆ نموونە لەسەر کەسایەتی هیتلەر، پێش ساڵی 1914 کاریگەریی دانا و دواتر بەشێک لە فەلسەفەی نازیسمی پێک هێنا.
دیکتاتۆریەتی
بریتییە لە پشتیوانیکردن لە حکوومەتێکی سەرکوتکار کە فرمانەکانی تەنیا لە ترسی سزادان جێبەجێ دەکرێت. لایەنگرانی ئەم جۆرە حکوومەتانە لەسەر ئەم باوەڕەن کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بە شێوەیەکی خوڕسک، شەرعی و ڕەوایە و پێویستە خێرا بەڕێوە بچێت چونکە ئەم دەسەڵاتە لە لایەن خواوەند یان ڕەوتی مێژوو بە دەسەڵاتدار سپێردراوە. لایەنگرانی نوێی ئەم ڕژێمانە، سیستەمە دیموکراسییەکان لەمەڕ ئیدارەی کۆمەڵگە بەر ڕەخنە دەدەن و بۆ ئیدارەی کۆمەڵگە سیستەمێکی دەسەڵاتدار و بەهێز داوا دەکەن کە بێسەرنجدان بە خواستەکانی فەرمانبەران کاروباری وەڵات جێبەجێ بکات.
ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان، لەم سۆنگەوە لەگەڵ ڕژێمە دیموکراسییەکان جیاوازییان هەیە کە ئەمان نەیاریی فیکرییان پێ قبوڵ ناکرێ و دەست دەگرن بەسەر میدیاکاندا و لە بەردەم ئازادییەکانی تاک تەگەرە ساز دەکەن و دەسەڵاتیش ئەسپێرنە دەست تاقمێکی ناوازە. لە کۆمەڵگەی دەسەڵات خوازدا بە شێوازی کۆن، تاقمی دەسەڵاتخواز بۆ ڕاگرتنی دڵی جەماوەر هیچ هەوڵێک نادات و خۆی بۆ لێپرسینەوە ئامادە ناکات بەڵکوو هەوڵ دەدات جەماوەر تەنیا ملکەچی خۆی بکات. نموونەی ئەم جۆرە حکوومەتانە، ڕژێمە دیکتاتۆرییە فاشیستییەکانن.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
دەسەڵاتی نەتەوەیی
کۆمەڵێ وزە و توانێیی مادی و مەعنەوی کە لە قەڵەمڕەوی «یەکە»یەکی جوگرافی و سیاسی بە ناوی وەڵات* ئامادەیە کە بریتین لە:
1ـــ بەروبووم، شوێنکات، کەشوهەوا و تۆپۆگرافی قەڵەمڕەوی نەتەوەیی.
2ـــ سەرچاوە سروشتییەکان، وزە و مادەی خۆراکی بەرهەم هێنراو.
دەسەڵاتی نەتەوەیی، گرێدراوە بە گەشەسەندنی ئابووری و سیاسەتی سەربەخۆ، هێزی خەباتکار، ئارمانج و ئارمانی بەررز، دیموکراسی و هەست وخوستی نەتەوەیی.
دەوڵەتی ئازاد
بریتییەلە دەوڵەتێک کە نیشتمانپەروەرانی وەڵاتێکی داگیرکراو لە دەرەوەی وەڵاتەکەی خۆیان وەکوو دەوڵەتی کاتی دایدەمزرێنن و ڕزگارکردنی وەڵات بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن. ئەم دەوڵەتە کاتێک دروست ئەبێ کە ژمارەیەک لە دەوڵەتەکان، دانی پێدا بنێن و بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئەو وەڵاتەی بزانن.