تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
ستالینخوازی
بە سەرجەم سیاسەت و شێوازی حکوومەتی ژۆزێف ستالین (1879-1953)، سەرەک وەزیر و فەرماندەی گشتیی هێزەکان و سکرتێری حیزبی کۆمۆنیست و دیکتاتۆری یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو دەگوترێ. ئەم زاراوە، ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو شێوازی پیادەکردنی «مارکسیزم ـــــ لێنینیزم» ـــە لە سەردەمی حکوومەتی ستالین و هەندێ شرۆڤەی ئەم تیۆرییانە و ڕادەی سازدانیان لەگەڵ واقیعدا. ئەم شێوازانە بریتی بوون لە تیرۆریزم و بوروکراتیزم و ملدانی زۆرەکی بە دەستوورە ڕەهاکانی ستالین لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا جا چ لە سۆڤیەت بێ و چ لە نێوان حیزبەکان یان وەڵاتە کۆمۆنیستەکانی جیهان.
ستالینخوازی، لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە ستالین ڕەقیبەکانی خۆی بەتایبەت ترۆتسکی (بڕوانە ترۆتسکیزم) لە مەیدان بەدەر کرد و بوو بە جێنشینیی لێنین (1924). سیاسەتی ستالین ناسراو بە (سۆشیالیزم لە یەک وەڵاتدا) بریتی بوو لە هاوبەشێتی زۆرەملەیی کشت وکاڵ و پیشەسازی کردنی خێرای یەکییەتی سۆڤیەت. ستالین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، خەڵکی خستەژێر کۆنترۆڵێکی پۆلیسی و لەم ڕێگەوە شێوازێکی بێڕەحمانەی زۆری بەکارهێنا و پۆلیسی نهێنی (کاگا با) و نەریتی ڕژێمە تۆتالیتەرەکانی لەگەڵ تاکپەرستی تێکەڵ کرد.
فڕوفیشاڵی ستالینپەرستانە وایکرد، ئەو وەک فەرمانڕەوایەکی خێرخواز بناسرێت کە بە بلیمەتی و ئاوەزمەندییەوە توانیویەتی گەلانی خۆشبەخت و ئاسوودەی وەڵاتەکەی لە فیتنەی «کاپیتالیزم» (بڕوانە سەرمایەداری)، ڕزگار بکات. تەواوی دەزگە تەبلیغاتییەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت و سەرچاوەکانی هەواڵ و ئەمنیی و «ڕیالیزمی سۆشیالیستی» * لە ئەدەب و تەنانەت دەسکاریکردنی مێژووشی خستبووە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فیکرە لە ناوخۆ و دەرەوەدا. سەرکەوتنی سۆڤیەت لە شەڕی جیهانی دووهەم و بەربڵاوکردنی دەسەڵاتی خۆی لە پاش ئەم شەڕە، بە مانای سەرکەوتنی مێژوویی و بە مورادگەیشتنی ستالینیزم لە جیهاندا لە ئەژمار دەهات.
کۆمۆنیستەکان تا ئەو کاتەی ستالین مابوو، ئەویان بە گەورەترین شرۆڤەگەری مارکسیزم و باڵاترین سەرچاوەی تیۆری بزووتنەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم لە قەڵەم دەدا بەڵام پاش مەرگی لە کۆنگرەی بیستەمدا خرۆشچۆف، سکرتێری گشتی حیزبی کۆمۆنیست بیلانێکی لە تاوانەکانی ستالین بڵاوکردەوە و لە کۆنگرەی بیستودوهەم ئەم تاوانانە زیاتر لێکدرانەوە. ئینجا ستالینیزم بە سەرپێچی کردن لە فەرمانەکانی لینین زانرا و بە تاوانبار دەرچوو. لەمەودوا ناوهێنانی ستالین و بیروڕاکانی لە باو کەوت و ستالینیزم، بە زوڵم و زۆر و تاکپەرستی و دیکتاتۆرییەت و ڕژێمی پۆلیسی لێک درایەوە.
لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی بە دژی کۆمۆنیزم، حیزبی کۆمۆنیستی یۆگۆسلاڤیا یەکەم حیزبێک بوو کە بە دژی ستالینیزم و پێدرێژیی ستەمکارانەی سۆڤیەت بۆ سەر حیزب و وەڵاتە کۆمۆنیستەکان، ڕاپەڕی و ئەم کارەی بە لادان لە مارکسیزم - لێنینیزم لە قەڵەم دا.
یەکێک لە بەناوبانگترین شرۆڤەکانی ستالین کە لە تیۆرییەکانی مارکسیست ــ لێنینیست کردبووی، تیۆری «دەوڵەتی سەرەمەرگ» و «ئینتەرناسیۆنالیزم» بوو. ئەو لە وەڵامی ئەو کەسانەی بە ڕەخنە گرتن لە مارکسیزم پاش نەهێشتنەوەی چینی چەوساوە، (بە بڕوای ستالین ئەم چینە لە سۆڤیەت نەمابوو) مەسەلەی لەناوچوونی دەوڵەتیان باس دەکرد دەڵێ: دەوڵەت بە لاوازکردن، تووشی مەرگی کاوەخۆ نابێت بەڵکوو زیاتر، بە بەهێزبوونی دەفەوتێ. لە بابەت ئینتەرناسیۆنالیزمیش دەڵێ: «ئینتەرناسیۆنال، کەسێکە بە گیان و بەدڵ بۆ پاراستنی یەکییەتی سۆڤیەت لە خۆی ببورێ … چونکە هەرکەس گومان بکات کە بێ یەکییەتی سۆڤیەت دەتوانێ لە خەبات و شۆڕشی جیهانی داکۆکی بکات، لە ڕاستیدا بە دژی شۆڕش وەستاوە و دەکەوێتە ناو بازنەی دوژمنانی شۆڕشەوە». بەم پێیە ستالین، ستراتیجی و تەکتیکی حیزبە کۆمۆنیستەکانی بە شێوازێکی ڕەها دەبەستەوە بە سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەت. بەڵام ئەم تیۆرییە لە پاش مەرگی ستالین تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتکراوە و بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی پڕۆسەی ستالینسڕینەوە، کە بە گوزارشە پەنامەکیەکەی خرۆشچۆف (1965) دەستی پێکرد و تێیدا پەرستشی تاک مەحکووم کرابوو، باڵادەستی و مەرجەعییەتی سۆڤیەت لە جووڵانەوەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم، تووشی نسکۆ هات. ئینجا، شەڕی ئایدیۆلۆجیکی چین و سۆڤیەت و لە پاشان، لادانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا - کە لەگەڵ حیزبە کۆمۆنیستەکانی فەرەنسە و ئیتالیا و ئیسپانیا، بەرەیەکی نوێیان بە ناوی «کۆمۆنیزمی ئەورووپی» پێکهێنابوو - لانیکەم، سێ بەرەی تری لێ جیا بۆوە. هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ستالینیزم لە مارکسیزم ـــ لینینیزم و سڕینەوەی شێوازی ستالینی پاش بێدەس مانەوەی خرۆشچۆف لە دەسەڵات لە سۆڤیەتدا هەرەسی هێنا کەچی فەرمانڕەوایانی دواتر، بێئەوەی ناوێک لە ستالین بێنن، هەندێ دەزگە و دۆگمای ستالینییان لەو وەڵاتەدا زیندوو هێشتەوە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن هەندێ دەزگەی ناحکومەتییەوە، سەرلەنوێ لایەنگری لە ستالین ـــ وەک ڕێبەڕێکی بەتوانا بۆ ئیدارەی حکوومەتی سۆڤیەت ـــ سەری هەڵداوە، تا ئەو ڕادەی کە چەندەها پەیکەری ستالین، نوێ کراوەتەوە و لە مۆزەخانەی تایبەت ڕێزی لێدەگیرێت.