تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئابووریی سیاسی
زاراوەی ئابووری سیاسی چەمکێکی نوێباوە کە کێشە و ئاریشەی زانستەکانی سیاسەت و ئابووری لێک دەداتەوە. بە واتایەکی دیکە ئابووری سیاسی لە شوێن دۆزینەوەی پێوەندی دوولایەنەی وزە سیاسی و ئابوورییەکان و کاردانەوەی ئەم هێزانەیە بەسەر پێکهاتەکانی سیاسەتی ئابووریدا. هەروەها کاردانەوەی بارودۆخی ئابووری بەسەر حکوومەتە هەڵبژاردە خەڵکیەکانیش لێک دەداتەوە. سەرکەوتنی حکوومەت لە بواری سیاسەتە ئابوورییەکان، شەرعییەت و ئەگەریی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەو حکوومەتە زیاد دەکات. لە گوتاری پۆزیتۆڤیزمدا شەرعییەت و خۆشویستنی حکوومەتە هەڵبژێردراوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پێودانگە ئابوورییەکانی هەڵامسان، ڕادەی بێکاری و هاوتەرازنەبوونی خەرج و بەرج و…هتد
یەکێکی دیکە لەو مەسەلە گرنگانە، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک بارودۆخی ئابووری وەڵاتەکان دەرەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتە و تا چ ڕادەیەکیش بەرهەمی هۆکارگەلێکی بێ کۆنتڕۆڵ وەک بازاڕی جیهانییە؟
سەنگی هۆکارگەلی سیاسی لە پێکهاتنی سیاسەتە ئابوورییەکان گرانە و ئەم هۆکارانە ئەکەونە ناوەندی سەرنجی ئەم زانستەوە. بۆ نموونە دەگوترێ کە دەوڵەتان لە پێش هەڵبژاردنەکان و بەمەبەستی خۆشیرینکردن لە بەر چاوی ڕەشەگەلدا دەست دەدەنە بووژاندنەوەی ئابووری و تەنانەت تاکوو چەند مانگێکیش ئەو شتانەی کە بەرعۆدەی بوون بە ئەنجامی دەگەێنن، بەڵام دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لەم ڕێبازە دوور دەکەونەوە.
پێوەندی ئایدیۆلۆجی حیزبی لەگەڵ مەسەلە ئابوورییەکانیش، بۆتە بابەتێک لە توێژینەوەکانی ئابووری سیاسی. ئەغڵەب حیزبە چەپییەکان هەوڵ دەدەن گرفتی بێکاری چارەسەر بکەن، کەچی حیزبە ڕاستییەکان هەوڵ دەدەن پلەی هەڵامسان دابەزێنن. کەواتە پێوەندی ئایدیۆلۆژی سیاسی و ئابووری سیاسی مەسەلەیەکی گرنگ لە ئەژمار دێت. ئابووری سیاسی بەم واتایە، لەگەڵ ئابووری سیاسی بە واتا کۆنەکەی کە بە ڕوانگەیەکی مارکسیەوە دەیڕوانییە سیاسەت، خۆبەخۆ جیاوازی هەیە.
ئاریستۆکراسی+ ئاغەواتی
بە زمانی یۆنانی بە مانای باشترین حکوومەت یان حکوومەتی پیاوماقووڵانە. بەڵام لە زاراوەدا جگە لەوەی کە هەڵگری پاساوێکی ئەخلاقییە، حکوومەتی کەسانی لێهاتووە کە بەپێی میرات و شەرەف و خوێن بە سەروەری گەیشتوون. کەواتە دەکرێ بە حکوومەتی ڕەگەز مەزنایەتی ناوبردە بکرێ.
لە فەلسەفەی سیاسی یۆناندا ئاریستۆکراسی بەو دەسەڵاتدارانە دەگوترێ کە لە باری ئینسانییەوە بە تەواوی هەڵیان دابێ و گەشەیان کردبێ. «ئەرەستۆ» (لە کتێبی سیاسەت) و «پلاتۆ» (لە کتێبی کۆمار)دا هەوڵێکی زۆریان داوە لەمەڕ دیاریکردنی پێودانگێک بۆ دۆزینەوەی ئەم جورە کەسانە. ئەرەستۆ، باشترین جۆری حکوومەتەکان بە پادشایی و ئاریستۆکراسی و حکوومەتی قانوون ناوبردە ئەکا و لەنێوان ئاریستۆکراسی و ئۆلیگارکی*دا ئەم جیاوازییە قاییلە: " ئۆلیگارکی گەیشتن بە دەسەڵاتە بەپێی دارایی و ئاریستۆکراسی بەپێی بلیمەتی". بەڵام هەر لە زووەوە ئەم دوو زاراوە بە یەک مانا بەکار براون. بۆ وێنە «کارتاژ» و «وینیز» ئاریستۆکراتی گەورەی دارایی بوون.
ئاریستۆکراتیک بە عام، بە حکوومەتێک دەوگوترێ کە تێیدا دەسەڵاتی دەوڵەت ڕەها بێ و حکوومەت بە دەست تاقمێکی مومتازەوە بێت. ئەم تاقمەش لە ڕێی میرات و پلەی چینایەتییەوە بەم شوێنە گەیشتبێ و ڕێگەی چینەکانی دیکە بۆ ئەم شوێنە یاساغ بێت. نموونەی ئەم سیستەمە سیاسییە لە ئێرانی پێش ئیسلام و ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست ئەبیندرێت. ئەمڕۆ نموونەی ئەم جۆرە حکوومەتە لە کەم شوێنی جیهاندا پەیدا ئەبێت و جێی خۆی داوە بە دیکتاتۆری ئولیگاریشی نوێ.
ئازادی سیاسی
بریتییە لە مافی هاتنە مەیدان و هاوبەشێتی تاکی کۆمەڵگە بۆ ئیدارەی وەڵات، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی هەڵبژاردنی نوێنەران. ئازادی سیاسی یەکێک لە مەرجەکانی سیستەمی دیموکراسی* لە ئەژمار دێت. بە باوەڕی «مۆنتسکیو»، ئازادی سیاسی بریتییە لە ئەرخەیانی فیکری هەر کەسێک بەگوێرەی سەلامەتی دەروونی خۆی. بۆ گەیشتن بەم ئازادییەش پێویست دەکات بە جۆڕێک حکوومەت دابمەزرێت کە هیچ کەس لە کەسێکی دیکە ترسی نەبێت.
ئاسایش
١ـ زامنکردنی هێمنایەتی و ئۆقرەیی لەڕێگەی بەڵێنە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ. ٢ـ خۆپاراستن لە مەترسی دەستدرێژی کردن بۆ ئازادی و مافە ڕەواکان. ٣ـ ئەرخەیانی و هەبوونی متمانە لە مەڕ ئاسایشی جەستە و گیان و ماڵ و شەرەف و نامووس. لە زاراوەی سیاسی و مافەکاندا بەم شێوازانەی خوارەوە بە کار براوە:
ئاسایشی تاک، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
ئاسایشی تاک
حاڵەتێکە تاک تێیدا لەوە ناترسێ گیان و ماڵ و ئابڕووی لەدەست بدات، بە جۆڕێک کە نەتوانێ بژی.
ئاسایشی نێونەتەوەیی
حاڵەتێکە کە تێیدا هاوکێشە لەنێوان دەسەڵاتەکان بەرقەرارە و کەس دەستدرێژی ناکا بۆ هەرێمی ئەویتر. هەرکاتێک یەکێک لە دەوڵەتەکان ئەم کارەی کرد، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی نەیارەوە «ئاسایشی نێونەتەوەیی کەوتۆتە مەترسییەوە» هەرکاتێکیش ئەم شتە ڕووی دا، مانای وایە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە.
ئاسایشی نەتەوەیی
حاڵەتێکە کە نەتەوەیەک، لەوە ناترسێ بەشێک لە حەشیمەت یان دارایی یان خاکی وەڵاتەکەی لە دەست بچێت. یاسا نێونەتەوەییەکان ئەمڕۆکە کارێکی وایان کردووە کە سنووری ماف و ئازادی دەوڵەتەکان دیاری بکرێ و نەهێڵێ وەڵاتەکان دەستدرێژی بکەن بۆ سەر یەکتر. بەڵام دەزگەیەک کە بتوانێ وەکوو یاسای ناوخۆیی زامنکەری بە حەقدار گەیشتنی مافەکان بێت، لە ئارادا نییە. ئێستە، کەم و زۆر لە هەموو وەڵاتەکان جۆرێک پۆلیسی سیاسی یان ئاسایش لە کاردایە کە ئامانجیان بەرگری کردنە لە دزەکردنی سیخوڕ و کەسانی مەترسیدار بۆ ناو وەڵات.
جا هەرچی ڕژێمەکە زیاتر توتالیتار بێت، ئەوا دەسەڵاتی پۆلیسی سیاسی و ڕادەی زەبر و زەنگ زیاتر دەبێت. ئەم جۆرە ڕژێمانە چونکە دەرفەتی نەیاریکردنی ئاشکرا و یاسایی بە کەس نادەن، نەیاران یا دوژمنانی خۆیان بە بیانووی «دوژمنانی ئاسایشی نەتەوەیی» سەرکوت ئەکەن.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی
کاتێک کۆمەڵ ئەرخەیان بێت لە هەڕەشەیەک کە دەرەنجامی کردەوەیەکی نایاسایی دەوڵەت یان دەزگە یان تاکێک دەرحەق بە تەواوی کۆمەڵگە بێت. لە سیستەمی مافەکانی نوێدا، پێویستە کە یاسا، بە پەسندکردنی قانوون و بە ڕەسمییەت ناسینی مافەکانی تاک و سزادانی تاوانباران، ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێ (بڕوانە ئازادییەمەدەنییەکان) . دادگە و پۆلیسیش بەڕێوەبەری یاسایە و تاک و کۆمەڵگە لە بەرانبەر شکستهێنان بە یاسا و بێ قانوونی دەپارێزن.
ئاسایشی گشتی
بنەڕەتی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەیییە کە هەوڵ و دەوڵی هاوتەریبی وەڵاتان بە تایبەت هەوڵی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، زامنیەتی.
ئۆتۆکراسی
دەسەڵاتێک بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە:
١) فەرمانکردنی ڕاستەوخۆی کەسێک بەسەر باڵاترین پلەی ئیداری وەڵاتێک. ٢) نەبونی یاسا و نەریتێک بۆ چاودێری کردن بەسەر کردارەکانی فەرمانڕەوادا.
٣) دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە هەرکارێکدا بێسنوور و بێ جڵەوە.
ئۆتۆکراسی ڕەنگە بەپێی وەفاداری دەرونی فەرمانبەر بە فەرمانڕەوا بێت یان لە ڕووی ترس و خۆفەوە بێت. ئۆتۆکرات، ڕەنگە دەسەڵاتی خۆی لەڕێی دابونەریتی کۆمەڵایەتی (میرات و جێماوە)یان بە زۆرەملی بە دەستی هێنابێ. کە لە شێوازی یەکەمدا ئۆتۆکراسی ڕەوایە و لە شێوازی دوهەمدا دیکتاتورییەتە. حکوومەتە ئیستبدادییەکان (بڕوانە ئیستبداد) لە چەشنی ئۆتۆکرات لە ئەژمار دێن.
ئینتەرناسیۆنال
ئەم زاراوە لە ڕەوتێکی میژووییدا بە چوار هاوپەیمانییەتی دەگوترێ کە لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سوسیالیستییە کرێکارییەکاندا بەمەبەستی گەیشتن بە یەکدەنگییەکی جیهانی و پێشخستنی بزاڤی کرێکاری بەستراوە. ئەم چوار هاوپەیمانییە بریتیە لە:
ئینتەرناسیۆنالی یەکەم، یان یەکیەتی نێونەتەوەیی کرێکاران کە لە ساڵی 1864 بە هەوڵ و تێکۆشانی «کاڕۆل مارکس» لە لەندەن دامەزرا. لە 1872 دوو لقی لێ جیا بۆوە کە بە لایەنگرانی«مارکس» و گرووپی سەر بە ئانارشیزمی «میکاییل باکۆنین»، ناویان دەرکرد کەچی لە ساڵی 1876، لە بەر ململانێی ئایدیۆلۆژیک کۆتاییی پێ هات.
ئینتەرناسیۆنالی دووهەم: لە ساڵی 1889 لە پاریس دامەزرا، بەڵام نەیتوانی خۆی لە قەیرانی حیزبی سۆسیالیست و نەتەوەخواز بۆ بەرگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی، دەرباز بکات. ئەم هاوپەیمانییەتییە لە 1923 لە نەبوونی کۆمۆنیستەکان (کە ئەودەم ئینتەرناسیۆناڵی سێهەمیان دامەزراندبوو) دیسانەوە پێکهاتەوە و دواتر ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست*یان پێکهانی.
ئینتەرناسیۆنالی سێهەم: لە ساڵی 1919 لە مۆسکۆ دامەزرا، بەڵام هەر خێرا ئاشکرابوو کە دەرگەکانی تەنیا بەرەو ڕووی حیزبە کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت ئاوەڵایە. ئینجا ناوی کۆمینتێرن* و پاشان کۆمینفۆرم*ی بەخۆوە گرت.
ئینتەرناسیۆنالی چوارەم: لە ساڵی 1938 لە لایەن دارودەستەی ترۆتسکی دامەزرا کە ئێستەش چالاکی هەیە.
ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست
لە ساڵی 1923 لە پاشماوەی حیزبە سوسیال دیموکراتەکانی ئەندامی ئینتەرناسیۆنالی دووهەم، سەر لە نوێ دامەزرایەوە کەچی پاش گەیشتن بە دەسەڵات لە ئەورووپادا ئەمانیش دەستیان لە کار کێشایەوە. ئینجا ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951 لە فرانکفۆرت دامەزرا، بەڵام ناوەندەکەی لەندەن بوو کە نزیکەی پەنجا حیزبی سۆشیالیستی نەرمڕەو و لایەنگری پەرلەمان و ڕیفۆرمخواز و دیموکراسیخواز تێیدا بوون بە ئەندام.
ئینتەرناسیۆنالیزم
ئەم زاراوە مانایەکی مژاوی هەیە و لە زۆر شوێندا بەکار هاتووە. بەڵام مانا گشتییەکەی ئەو بڕوا و سیاسەتانە لەخۆئەگرێ کە جەخت ئەکا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەکان و لەگەڵ ناسیۆنالیزمی شەڕەنگێزدا دژایەتی دەکات. ئینتەرناسیۆناڵیستەکان دەخوازن ئەگەر نێوان دەوڵەتەکان هاوکاری ئاشتیخوازانە لە ئارادا نەبێت، لانیکەم لەنێوان نەتەوەکاندا ببێت.
بەم پێیە ئینتەرناسیۆنالیزم، بریتییە لەوەیکە هەر تاکێک گرێدراوی کۆمەڵگەیەکی جیهانییە و ئەو نەتەوەش کە ئاخێزگەی لە ئەژمار دێت، دەبێ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەیوەست بێت… ئەم ڕێبازە لەگەڵ «جیهان نیشتمانی»دا یەک ناگرێتەوە چونکە ئینتەرناسیۆنالیزم ناخوازێ تاک لە نەتەوە یان دەوڵەتەکەی خۆی دابڕێ بەڵکوو دەخوازێ پێوەندییەکی زۆرتر لەنێوان تاک و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا بکرێتەوە.
ناسیۆنالیزمی نەرمڕەو لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالیزمدا وانییە هەڵنەکەن بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەو دژییەتی. بۆ وێنە نازیسم و فاشیزم بە ڕێبازی نەژادپەرستی و خۆبەزلزانی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا بوونە دوژمنانی سەرسەختی ئینتەرناسیۆنالیزم.
مارکسیزم بۆچوونێکی تایبەتی لە ئینتەرناسیۆنالیزم بڵاو کردۆتەوە. بەڕای «مارکس»، بۆرژوازی بە یارمەتی مەکینە و دانوستانی جیهانی ئازاد، سنوورە نەتەوەییەکانی بەزاندووە و سیستەمێکی ئابووری جیهانی پێکهێناوە کە لەنێو چینی هەژاران بە تایبەت پرۆلتاریای وەڵاتان، یەکگرتووییەکی جیهانی ساز کردووە کە لە زاراوەدا پێی دەگوترێ «ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتاری». ئەم ڕەوتە شۆڕشێکی سەرانسەری لە جیهاندا بەدژی بورژوازی پێک دێنێت کە سەرەنجام کۆمەڵگەیەکی سوسیاڵیستی جیهانی دائەمەزرێنێ. بۆیە مارکسییەکان بڕوایان هەیە بە یەکگرتنی هەژارانی جیهان و دروشمە بەناوبانگەکەشیان ئەمەیە: «زەحمەتکێشانی جیهان، یەک بگرن! یەک بگرن!»
دوای پێکهاتنی یەکیەتی سۆڤییەت، بە تایبەت لەسەردەمی «ستالین»دا ئەم وەڵاتە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ناوەندی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییە. «ستالین»، لە شرۆڤەیەکی ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلتارییدا ئەم ڕێبازە بە هەڵقوڵاوی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانی (بڕوانە ستالینخوازی) .
ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلتاریی: بڕوانە ئینتەرناسیۆنالیزم.
ئەنجومەنی ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێکە لە شەش ڕوکنی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەرکی سەرەکی ئەنجومەن پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە. ئەم ئەنجومەنە 15 ئەندامی هەیە کە پێنج لەم ئەندامانە (ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فرەنسێ و چین) وەکوو ئەندامی هەمیشەیی لە ئەژمار دێن. 10 ئەندامی کاتی ئەنجومەن، لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوە بۆ ماوەی 2 ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاودەنگن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام، دەنگی پێ بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن، ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
ئەکتیویزم -چالاکیی سیاسی
ئەم زاراوە بە دوو مانا لێکدراوەتەوە، یەکەم بە مانایەکی ئەڵمانی کە زیاتر لە بەستێنی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا گونجاوە. دووهەم بە واتایەکی بەربڵاو کە بە مانای تێهەڵچوونێکی گەرموگوڕە لە کردەوە و چالاکیی سیاسی. ئەم واتایە دەلالەت دەکات لەسەر ڕۆڵی گرینگی چالاکوانان وەکوو کاکڵی ئازای حیزبە سیاسییەکان. هەروەها لە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان بە تایبەت لە سیاسەتی حیزبی بونیادگەرادا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ. لە شێوازە توندڕەوەکەیدا بۆ پاساودانی تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ یان بۆ لە دۆخدانی زەبر و زەنگ بو گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بە کار هاتووە. لە سیاسەتی باڵی چەپدا جاری وا هەیە کە خەباتکار بە مانای چالاک بە کار دەبرێت بەڵام مەبەست، ڕادەی بونیادگەرێتی ئەوکەسەیە لە سیاسەتدا. ئەم خاڵە بە تایبەت لە بارەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان پێش گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بەرچاوە.
بۆرۆکراسی
لە زاراوەدا بە مانای دەزگەی ئیدارییە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەپێی ڕێسێ و بڕیاری دیاریکراو کاروباری ڕۆژانەی دەزگەیەک (وەزارەت، کۆمپانی، ئەنستیتۆ، دەوڵەت، زانستگە و…) بەڕێوە ئەبێ ت.
دانەری تیۆری نوێ دەربارەی بۆرۆکراسی ماکس ڤێبەر کۆمەڵناسی ئەڵمانی بوو کە ئەم سیستەمە بە سەرنموونەی ڕەسمی ئەندێشەی ڕێکخستنی لۆژیکی دەزانێ. لە جوملەی تایبەتمەندییە زیندووەکانی بۆرۆکراسی بریتییە لە: هەبوونی ڕێسای قانوونی بۆ کاروبار، هەبوونی دامودەزگەیەکی ئیداری مووچەخۆر، دیاریکردنی ڕۆڵێکی تایبەت بۆ هەر کارمەندێک، گرنگایەتی دەسەڵات و مەقام بەجێی دەسەڵاتی تاک و پاڕاستنی ڕێکوپێکی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان. بە بڕوای «ڤێبەر» بۆرۆکراسی لۆژیکی، هۆکاری سەرەکی بە لۆژیکیکردنی سیستەمی دەوڵەت لە جیهاندایە.
«میل»، (1859) بۆرۆکراسی، دژی دیموکراسی و حکوومەتی پەرلەمانی و ئازادی لە قەڵەم دەدا. «گاتانۆمۆسکا»، کۆمەڵناسی ئیتاڵی (1939) دەوڵەتی مودێرن لە بنەڕەتدا بە دەوڵەتێکی بۆرۆکراتیک ناوبردە دەکا کە کەمینەیەک بە سەریا دەسەڵاتداری دەکات.
ئەمێستە ئەوشتەی داهێنەرانی تیۆری سیاسی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، مەسەلەی بۆرۆکراسی لەگوێن یەک «چینی نوێ» یە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوەیە. ئەم بیرۆکە لە کتێبی چینی نوێ، بەرهەمی «میلوان جیلاس» بیرمەندی یۆگوسلاڤی بڵاو کرایەوە.
بەشداریی سیاسی
هاوکاری شارۆمەندان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەرانی سیاسی و بەشداری چالاکانە لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارکردن لەسەر فۆڕم و ڕێنمونی کردنی سیاسەتی دەوڵەت.
لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان نەک هەر بەشداریکردنی جڤاک لە سیاسەت پەسند ناکرێت بەڵکوو مۆڵەت نادەن جەماوەر خۆی لە سیاسەت هەڵقورتێنێ. هۆی ئەم ڕێگرتنەی دەسەڵاتدارانیش ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: یەکەم، حکوومەت توانای سنووردارکردنی دەستێوەردان لە سیاسەتی هەیە تا ئەوکاتەی نەخوێندەواری و بێئاگایی گشتی، لاوازی و نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمتەرخەمی جەماوەر بۆ تێگەیشتن لە ئاریشە سیاسییەکان لە گۆڕێدا بێت، سنووردارکردنی هاوبەشیی سیاسی و دەستێوەردان لە سیاسەت لە لایەن حکوومەتەکان وەکوو ئاوخواردنەوە دەبێت. دووهەم، دەسەڵاتداران بەزۆری دەترسن لەوەی بەرژەوەندی و قازانج و حەز و تاسەیان لەناو بچێت. بۆیە بەگشتی ڕژێمە سەرکوتکارەکان تێدەکوشن بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێگر بن لە بەشداریی سیاسی جەماوەر و دەستێوەردان لە سیاسەتدا.
بیرمەندانی زانستی سیاسی 3 هۆکار بۆ بەشداریی سیاسی بە گرنگ دەزانن: یەکەم، پاڵنەر و هاندەری بەشداریکردن، واتە بۆ هەر چەشنە هاوبەشییەک دەبێ ناڕەزایەتییەک بۆ تاک لەئارادا بێت تاکوو بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییە ببێتە ئەندامی ئەنجومەن یا ڕێکخراوەیەک کە هەوڵ دەدات لە بواری جۆراوجۆر هاوبەشێتی بکات. هەوڵدان بۆ ڕازی هێشتنەوەی تاک دەبێتە پاڵنەڕێک بۆ هاوبەشیکردن. دووهەم، ڕێکخستن چ بە شێوەی کۆن و چ بە شێوەی مودێڕن، وزە و فیکر دەبەخشێ بە بەشداربوان و یارمەتی ئەوان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. سێهەم، نەرمونیانی حکوومەتەکان، واتە حکوومەتەکان تا چ ڕادەیەک لە واقیعدا دەرفەتی ڕاستەوخۆی هاوبەشی کردنی جەماوەر ساز دەکەن و تا چ ڕادەیەک لە بەرانبەر ئەم پڕۆسە بە نەرمونیانی ڕەفتار دەکەن.
تاوانی سیاسی
کردارێکی تاوانبارانە کە بەمەبەستی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێواندنی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بە ئەنجام بگات، یان هەر کرداڕێکی تاوانبارانە کە دەرەنجامەکەی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە ڕێبەرانی سیاسی بێت. ڕوودانی تاوانی سیاسی وەک هەر تاوانێکی دیکە، گرێدراوی سێ ڕوکنی ماددی و مەعنەوی و قانوونیە و مادامێکی یەکێک لەم کۆڵەکانە بلەنگێت، ئەوا تاوانێک ڕووی نەداوە.
بۆ سەلماندنی تاوانێکی سیاسی دوو ڕێسێ گرنگە: یەکەم، ڕێسای زەینی. دووهەم ڕێسای عەینی (بەرچاو) . بەپێی ڕێسای زەینی، کەسە تاوانبارەکە و ئامانجەکەی گرینگە نەک تاوانەکە و شوێنەوارە بەجێماوەکەی. بەم پێیە تاوانی سیاسی بریتییە لەوە کە تاوانبار بە پاڵنەری سیاسی و بەمەبەستی نسکۆ لێدان بە حکوومەت دەسبەکار بووبێت. بەپێی ڕێسای عەینی، پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی تاوانێکی سیاسی، شوێنەواڕێکە کە لە تاوانەکە بەجێ دەمێنێت. ئەگەر تاوانەکە زیان بگەیەنێ بە حکوومەت و ئازادییە گشتییەکان، ئەوا لە جوملەی تاوانی سیاسی لە ئەژمار دێت.
تیۆری سیاسی
تیۆری سیاسی لە سۆنگەی بابەت و باسەوە، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێ کە دوو تەوەری 1و2 بە فەلسەفەی سیاسی ناوبردە کراوە:
1) تیۆری ئەخلاقییانەی زانستی سیاسەت.
2) خوێندنەوەی مێژوویی ئەندێشە سیاسییەکان.
3) شیکاری زمانەوانیی ئەندێشە سیاسییەکان.
4) دۆزینەوە و بەربڵاوکردنی سیستەماتیکی بنەما گشتییەکانی ڕەفتاری سیاسی.
لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، کۆنترین پێناسەی ئەم زاراوە بۆ ناوبردەکردنی لقێک لە زانستە سیاسییەکان بەکار هاتووە کە لایەنی تیۆری بووە، دیمانەیەک بە مانای تێفکرین لە باڵاترین ئاستی ماهییەتی ژیانی باش و ئەو دەزگە سیاسییانەی کە وەها ژیانێک بەدی دەهێنن.
تێئۆکراسی + یەزدانپەرستی
تیۆرییەکی سیاسی و ئایینیە کە تەنیا حکوومەتی ئایینی بە ڕەوا دەزانێ و یاسایەک بە دروست ئەزانێ کە لە لایەن خواوە دانراوە و بە پێغەمبەرەکانا بە خەڵکی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئایین و سیاسەت (مەلا و دەوڵەت) لێک جیا نین و ئەبێ یاسا و دەستوورەکانی خوا لە پێوەند لەگەڵ خەڵک پیادە بکرێت.