تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی
بیرۆکەی دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەها بۆ سوودوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی، ئەگەڕێتەوە بۆ 1950 بە دواوە. لە ساڵی 1953 لەسەر پێشنیازی «ئایزێنهاوەر» سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا سەرچاوەیەک بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت. لە ساڵی 1954، کۆمەڵی گشتی بڕیارنامەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی" مۆر کرد و سەرەنجام لە 29ی ژووەنی 1956 ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاژانس لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند کرا. ئاژانس وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی سەربەخۆ، بەرپرسیارییەتی سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ خزمەت بە ئاسایشی زیاتر بەرعۆدە گرتووە.
بەگشتی ئامانجەکانی ئاژانس لە دوو تەوەردا کورت دەکرێتەوە: یەکەم، کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی و ڕەونەقبەخشین و پەرەپێدانی بۆ خزمەت بە ئاشتی و تەندروستی و پێشکەوتن و بەهرەداری لە تەواوی جیهان. دووهەم، بێخەم بوون لەوەیکە ئەو هاریکاری و زانیارییانەی کە لە لایەن ئاژانسەوە ئاڕاستە دەکرێ، بۆ ئامانجی سەربازی و جەنگی بەکار نابرێت.
ئەرکێکی دیکە کە بە ئاژانس سپێردراوە، ئەوەیە کە ڕێ خۆش بکات بۆ پاراستن و پیادەکردنی پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ناوەکی Non Proliferation Treaty (NPT) . تا ئێستە بنکەی ناوەکی زۆربەی وەڵاتان کەوتونەتە ژێر چاودێری ئاژانسەوە، ئەم چاودێرییە، 95% پێگە ناوەکییەکانی جیهان بێجگە لەو پێنج وەڵاتەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین ئەگرێتەوە. ئاژانس پێکهاتووە لە 35 ئەندام و ناوەندەکەشی لە شاری «ڤیەنا»ی لە وەڵاتی «نەمسا»یە.
ئەخلاقی نێونەتەوەیی
بریتییە لەو بەڵێن و پەیمانە ئەخلاقییانەی کە وەڵاتانی جیهان لە پێوەندی ناوخۆیان جێبەجێی دەکەن. قانوونی ئەخلاقی، وەڵاتەکان پێمل دەکات کە لە بەرانبەر یەکتردا بە دەروونپاکی و ڕاستگۆیانە هەڵسوکەوت بکەن و لە کاتی شەڕدا دڵڕەشی و ڕق و کینە بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزێنن و لە کاتی ئاشتی، پتر دڵپاک و خێرخواز بن و لە قەدەر توانای خۆیان یارمەتی یەکتر بدەن.
ئەشکەنجە
بەپێی بەندی یەکەمی کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، ڕێکەوتی 10ی دێسەمبەری 1984 ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەشکەنجە بریتییە لە: هەر چەشنە کردەوەیەک کە بەو پێیە کەسێک ئازار و جەزرەبەیەکی توند (جەستەیی یان دەروونی) بدرێت. ئەم ئازارە بەو مەبەستەیە کە لەو کەسە یان کەسێکی سێهەم، زانیاری دەربکێشرێت یان بە زۆر پێملی بکەن کە دان بە شتێکدا بنێت، تاکوو بەو پێیە ئەو کەسانە سزا بدرێن یان بیانتۆقێنن و بیانخەنە ژێر فشارەوە.
بەپێی مادەی دووهەمی کۆنڤانسیۆنەکە: (بەندی ١) پێویست دەکات دەوڵەتانی ئەندام، ئاسانکاری یاسایی، ئیداری و دادوەری بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجە لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن. (بەندی ٢) هیچ هەڵومەرجێکی نائاسایی، بۆ وێنە شەڕ یا نائارامی سیاسی ناوخۆیی نابێ پاساودەری ئەشکەنجە بێت. (بەندی ٣) هیچ مەقامێکی باڵا یان هێزێکی دەوڵەتی، ناتوانێ بڕیاری ئەشکەنجە دەربکات.
ئەلقاعیدە
تۆڕی ئەلقاعیدە بریتییە لە کۆمەڵە گرووپێکی سیاسی ئیسلامخواز کە لە ساڵی 1988 دامەزراوە. ئەم تۆڕە بە ڕێبەرایەتی«ئوسامە بین لادەن»، سەر بە موسوڵمانانی سوننە پێکهاتووە کە خوێندنەوەیەکی وشک و دەمارگرژانەیان لە ئیسلام هەیە و تێکڕا، ئەمریکا و ئیسڕاییل بە دوژمنی هاوبەشی هەموو موسوڵمانان دەزانن. ئەلقاعیدە، خوازیاری ڕاونانی ئەمریکایە لە وەڵاتانی ئیسلامی و مەحف کردنەوەی ئیسڕاییل لە جیهاندا. ئەم تۆڕە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەگشتی ڕووی کردۆتە خەباتی چەکداری و تیرۆر (بڕوانە تیرۆریزم) .
ئەلقاعیدە، تۆڕێکی بان ــ نەتەوەیییە کە تێیدا لە هەموو ڕەگەز و نەتەوەیەک بەر چاو ئەکەوێت. لە ڕوانگەی ئەم ڕێکخراوەوە تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە بە سەر وەڵاتە ئیسلامییەکاندا حکوومەت دەکەن، ناڕەوا و گەندەڵن کە دەبێ هەموویان وەلانرێن. مۆدێلی ئەلقاعیدە بۆ حکوومەتکردن هەمان مۆدێلی «خەلافەت» ی قۆناخی سەرەتای ئیسلامە.
«بن لادەن» سەرۆکی ئەلقاعیدە، لە ماوەی 10 ساڵدا ڕۆڵێکی باڵای بووە لە ڕێکخستنی ئەو گرووپە پەرشوبلاوانەی کە لە وەڵاتە ئیسلامییەکاندا ئامادە بوون بۆ ئەم جۆرە خەباتە. بۆیە لە ساڵ 1998 ڕێکخستنی بەرەیەکی نێونەتەوەیی دژ بە ئەمریکا ڕادەگەیەنێ و بە ئاشکرا کردارە تیرۆریستییەکان لە ئەستۆ دەگرێ. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بەم چەند کردارەی خوارەوە: هێرش بۆ پاپۆڕێکی ئەمریکایی لە مۆگادیشۆ (1993 کوشتنی 18 سەربازی ئەمریکی)، تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبیلێکی مینڕێژکراو لە ڕیاز (1995 کوشتنی 5 سەربازی ئەمریکایی)، تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە نایروبیا و داروسەلام (1998 کوشتنی 224 کەسهێرش بۆ پاپۆڕێکی دیکە لە یەمەن (2000 کوشتنی 17 کەس)، تەقاندنەوەی تاوەرە ئەفسانەییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی و چەن بنکەی سیاسی و ئەمنی ئەمریکا (2001 کوشتنی زیاتر لە 3هەزار کەس)، تەقاندنەوەکەی جێژنی قوربانی هەولێر، (2004 کوشتن و برینداربوونی250 کەس) .
ئەنجومەنی ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێکە لە شەش ڕوکنی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەرکی سەرەکی ئەنجومەن پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە. ئەم ئەنجومەنە 15 ئەندامی هەیە کە پێنج لەم ئەندامانە (ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فرەنسێ و چین) وەکوو ئەندامی هەمیشەیی لە ئەژمار دێن. 10 ئەندامی کاتی ئەنجومەن، لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوە بۆ ماوەی 2 ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاودەنگن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام، دەنگی پێ بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن، ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
ئەنجومەنی باکووری (نۆردیک)
ئەنجومەنی باکووری یان ئەنجومەنی سکاندیناڤی، کۆمەڵێکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەڵاتانی دانیمارک، سوید، ئیسلەند، فەنلاند و نەرویج کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە هاوکاری لە بواری جۆراوجۆر لەنێوان وەڵاتانی سکاندیناڤی دامەزرێوە. ئەم ئەنجومەنە ئەندامانی خۆی دنە دەدا کە بۆ ڕێکخستنی بازاڕێکی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی خۆیان، چالاکییەکانیان ڕێک بخەن تاکوو بەرەو یەکیەتییەکی گومرگی هەنگاو بنێن. بەڵام ئەم جووڵانەوە، لەدوای دامەزرێنی« یەکیەتی بازرگانی ئازادی ئەورووپا» لە ساڵی 1959 و بە ئەندامبوونی دانیمارک و نەرویج و سوید لەو یەکیەتییەدا کۆتایی پێ هات.
ئەنجومەنی جیهانی کلێسەکان
ئەم ئەنجومەنە پێکهاتووە لە کلێسەکانی پرۆتیستان و ئۆرتۆدۆکس کە لە ساڵی 1948 دامەزراوە و دوایی دامەزرانی ئەنجومەنی ڤاتیکانی2 (1969)، ئەندامانی کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆماش هاتنە ناو ڕیزی ئەم ئەنجومەنەوە. ئەنجومەن لە بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان دەکۆڵێتەوە و سەرنجێکی تایبەتیش دەداتە کێشەی وەڵاتانی جیهانی سێهەم. ئەم پێکهاتە بە دژی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ئاپارتایدە.
ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس
ئەم ئەنجومەنە لە 25/5/1981 بە ئەندامەتی وەڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ویلایەتی میرنشینی عەرەبی، عەممان و عەرەبستان لە ئەبوزەبی دامەزرا. ئامانجی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە، پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەندامەکانیەتی. نووسینگەی ئەنجومەن لە ڕیاز، پێتەختی عەرەبستانە. ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ساڵی 1994 بڕیاری دەرکرد کە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئیسراییل لا بچێت. ئەم گەمارۆیە کە ئیجازەی مامەڵە و دانوستانی لەگەڵ کۆمپانییەکانی سەربەم وەڵاتە، نەدەدا لە ساڵی 1947 لە لایەن یەکیەتی عەرەب دەرکرابوو.
ئەنجومەنی پیران
وشەی senate کە بە لاتینی دەبێتە senatus بە واتای پیر و بەساڵاچوو هاتووە. مەبەست لەم زاراوە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایە کە لە کۆنگرێسی ئەو وەڵاتەدایە و لە ئەنجومەنی نوێنەران بچووکترە. بۆ هەڵبژاردنی سیناتۆرە ئەمریکییەکان، ڕێژەی دانیشتووانی ویلایەتەکان لە بەرچاو ناگیردرێ و هەر ویلایەتێک 2 سیناتۆری هەیە و ئەنجومەنی پیران، سەرجەم 100 ئەندامی هەیە و نابێ تەمەنی هیچ سیناتۆڕێک لە 30 ساڵ کەمتر بێت و ماوەی نیشتەجێ بوونی هەر سیناتۆڕێک لەو ویلایەتەی کە خۆی بۆ دەپاڵێوێت، نابێ لە 9 ساڵ کەمتر بێت. هەر خولێکی ئەنجومەنی پیران، چوار ساڵە و هەر دوو ساڵ جارێک 3/1 ئەندامەکان دەمێننەوە و لە جیاتی ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی کاتی کەسانێک لە لایەن فەرمانداری ویلایەتەکان دادەنرێت. ئەندامانی سینات، لە لایەن خەڵکی ویلایەتەکانەوە هەڵدەبژێردرێن. هەر پەیمانێک کە دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ وەڵاتانی دیکەدا دەیبەستێ، دەبێ لانیکەم لە لایەن 3/2 سیناتۆرەکانەوە پەسند بکرێت. دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیران بە هەندێک جیاوازی هەروەک ئەنجومەنی نوێنەرانە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دانانی یاساکاندا هەیە. ئەنجومەنی پیران چونکە هاوکارییەکی زۆری لەگەڵ سەرۆککۆماردا هەیە، لەچاو ئەنجومەنی نوێنەران لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە.
ئەنفال
ئەنفال، لە زمانی عەرەبی (قورئان)دا بە واتای تاڵانیی دوژمنان و دەسکەوتی جەنگییە. ئەم زاراوە لە لایەن سەدام حوسێن (1937-2007) دیکتاتۆری ڕژێمی پێشووی عێراق و دەستوپێوەندەکەی بۆ لەناوبردن و جینۆساید*ی گەلی کورد بەکار هێنراوە. ئەنفال، کۆمەڵێ عەمەلیاتی ئەو ڕژێمە بوو بۆ سەر دێهاتەکانی کوردستانی باشوور کە لە ساڵی 1988 بەمەبەستی ڕەشەکوژی و کوشتن و بڕینی گەلی کورد بە ئەنجام گەیشت. لە ئەنفالەکاندا زیاتر لە 182 هەزار کەس خەڵکی ئەم ناوچە لە کوردستان، بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ کران و دێهات و گوندەکانیش لەگەڵ خاکدا یەکسان کران.
ڕەنگە سەدام بە ناولێنانی ئەم کاولکاری و ڕەشەکوژییانە بە ناوی ئەنفالەوە، ویستبێتی وەکوو عەرەبێکی موسوڵمانی سوننە، خۆی لەگوێن پەیڕەوێکی بەرفەرمانی قورئان بناسێنێت کە بە ئەمری ئەو، لەناوبردنی کورد وەکوو دەسکەوت و تاڵانییەکی جەنگی سەیر بکات. لەم سۆنگەوە سەدام، کوردی بە پلەی یەکەم بە دوژمنی خودا و بە پلەی دووهەمیش بە دوژمنی خۆی لە قەڵەم داوە بۆیە بۆ لەناوبردنی مرۆڤی کورد وەکوو تاڵانییەک سەیر دەکات کە لە شەڕێکدا بەدەستی هێنابێت.
«ناسینی ئەنفال، ڕەنگە ئەرکێکی ئەخلاقی بێت، ئەمە نەک بە تەنها لەبەرئەوەیە ئەنفال دیاردەیەکی کارەساتئامێزی سەر بە ساتەوەختێکی تایبەتی مێژووی میلەتێکە و دەبێت باس بکرێت بەڵکوو ئەمە بەو مانایەشە کە باسکردن و وەبیر هێنانەوەی ئەم دیاردە دەشێت ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی، نە تەنها لە کوردستان بەڵکوو لە زۆر شوێنی دیکەی دنیادا کە هاوکێشەی زۆرینە* و کەمینە*، هاوکێشەی دەوڵەتی تۆتالیتار و گرووپی ئەتنی جیاواز، هاوکێشەی کولتووری جیاجیا و ناسیۆنالیزمێکی ڕاستڕەوی تێدا بەرقەرارە. لەم ڕووەوە، خوێندنەوەی ئەنفال و شیکردنەوەی ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی، دەشێت هەڵگری چەندان دەلالەت بێت کە سنووری مێژووی کوردی تێپەڕێنێ و وەکوو کێشەیەکی ئینسانی گەورە و بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی کۆمەڵگە مۆدێڕنەکان تەماشا بکرێت. ڕاستە کوردبوون، سیفەتێکی تایبەتی بە ئەنفال داوە بەوەی لە پشتییەوە، هاوکێشەیەکی نایەکسانی هێز و تەنیایییەکی سیاسی کوشندە ئامادەیە، بەڵام ئەنفال و ئەزموونی ئەنفالیانە ڕووداوێکە سنووری مێژووی کورد و مێژووی عێراق و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت. ئەنفال ڕووداوێکە، بێ گەورەکردن دەشێت لە سیاقی مێژووی هۆڵۆکۆست*و هەموو ڕەشەکوژییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێڕندا تەماشای بکەین» .
ئەویدی
ئاخێزگەی چەمکی «ئەویدی»، لە ئەندێشەکانی «هێگل»دا سۆراغ دەکرێت. کاتێک کە «ئەلێکساندر کۆژۆ» (1947) خوێندنەوەیەکی بەپێزی لە دیاردەناسی ڕۆح بە ئەنجام گەیاند. بەڵام زاراوەکە لە کەشێکی مژاوی لە دەروونشیکاری «ژاک لاکاندا» (1960) بوو بە جەمسەڕێکی دایەلیکتیکی لەنێوان سوژە و ئۆبژەدا. بابەتی ئەویدی یا ئەوانیدی، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی ماهییەتی«شوناس» *ی بەرهەم هێناوە. پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئینسانەکان، خۆیان بە«خۆمانە» لە قەڵەم ئەدەن و غەواڕەش بە «ئەوانیدی»؟ یان جیاوازی نێوان کەسێک لەگەڵ ئەویدی، بۆ چ شتێک ئەگەڕێتەوە؟ هەندێ کەس هۆکەی دەگەڕێننەوە بۆ جیاوازی کەلتووری، زمان، ئایین، شارستانییەت، هەڵومەرجی فراژوتن و پەرەستاندن و هەروەها جیاوازی ڕەگەزی، ئەتنیکی، نەتەوەیی، چینایەتی، ئایدیۆلۆجی و زایەند (سێکس) .
ئەکتیویزم -چالاکیی سیاسی
ئەم زاراوە بە دوو مانا لێکدراوەتەوە، یەکەم بە مانایەکی ئەڵمانی کە زیاتر لە بەستێنی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا گونجاوە. دووهەم بە واتایەکی بەربڵاو کە بە مانای تێهەڵچوونێکی گەرموگوڕە لە کردەوە و چالاکیی سیاسی. ئەم واتایە دەلالەت دەکات لەسەر ڕۆڵی گرینگی چالاکوانان وەکوو کاکڵی ئازای حیزبە سیاسییەکان. هەروەها لە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان بە تایبەت لە سیاسەتی حیزبی بونیادگەرادا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ. لە شێوازە توندڕەوەکەیدا بۆ پاساودانی تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ یان بۆ لە دۆخدانی زەبر و زەنگ بو گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بە کار هاتووە. لە سیاسەتی باڵی چەپدا جاری وا هەیە کە خەباتکار بە مانای چالاک بە کار دەبرێت بەڵام مەبەست، ڕادەی بونیادگەرێتی ئەوکەسەیە لە سیاسەتدا. ئەم خاڵە بە تایبەت لە بارەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان پێش گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بەرچاوە.
تەکلیفی سیاسی+ ئەرکی سیاسی
تەکلیف (ئەرکی سەرشان) بە کردەوە یان خۆپاڕاستن لە بە ئەنجام گەیاندنی کردارێک دەگوترێ کە بەپێی یاسا فەرمان درابێت یان نەهی لێکرابێت. بەڵام تەکلیفی سیاسی، بە «ئەرکی هاووەڵاتی بۆ گوێڕایەڵ بوون بە یاسا» ئاماژە دەکات. ئەم ئەرکە لە بنەڕەتدا هێمایەکە بۆ گوێڕایەڵی و سەرسپوردەگی بە «دەسەڵاتێکی سیاسی» تایبەتەوە.
باسە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی ئەورووپا بریتی بوون لە: 1ــ چۆنیەتی و هەڵومەرجی پەیدابوونی ئەم ئەرکە. 2ــ سنوورەکانی ئەم ئەرکە. بۆ وێنە لەسەر ئەم بۆچوونە کۆنە کە پێی وابووە ئەم ئەرک و تەوزیمە لە لایەن خوا یان سروشتەوە بە ئینسان ڕاسپێردراوە، گریمانەی جیاواز لەسەر تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی ئاڕاستە کراوە. بیرمەندانێکی وەک هیووم، ئوستوارت میل هێگل و گرین، پێیان وابوو کە ناکرێ مرۆڤ کوتومت بەرعۆدەی وەها ئەرکێک ببێت بەڵکوو ئەو ئەرکانە بەپێی بەهاگەلێک کە لە کۆمەڵگەکان سەرهەڵدەدەن، ئەخوێندرێنەوە.
زستانی ئەتۆمی
ئەم زاراوە ئاماژە دەکات بە کارەساتێکی ژینگەیی کە لە دوای شەڕی ئەتۆمی ڕوو دەدات. بەو پێیە، دوابەدوای تەقینەوە ئەتۆمییەکان، بۆ ماوەی پتر لە ساڵێک، گەرما و تیشکی هەتاو ناگاتە گۆی زەوی و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرما و سۆڵێکی سەخت و زەوی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخەکانی بەر لە مێژوو (چاخی سەهۆڵبەندان).
پاراستنی نێودەوڵەتی مادەی ئەتۆمی
بریتییە لەو هەنگاوانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی* بەمەبەستی دۆزینەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هەوڵ و دەوڵەی کە بەکارهێنانی مادەی ئەتۆمی ڕێدراو (مجاز) بە لاڕێدا ئەکێشێ و دەستبەجێ لەڕێگەی پەیماننامە و یاسای پێویست بە لاڕێچوونی وەڵاتان لە دامودەزگە ئەتۆمییەکان ڕادەگەیەنێ.
پاڵاوتنی ئەتنیکی
تەعبیڕێکی مودێرنە لە دابێژان یا لابردنی پلانمەند یا بەئەنقەستی ئەندامانی گرووپێکی ئەتنیکی لە وەڵاتەکەی خۆیان کە بەشێوەی نامرۆڤانە و زۆرەملی، ڕوودەدات. لە باری تیۆرییەوە، ئەکرێ بڵێین لەگەڵ جینۆساید*یان کوشتاری بە کۆمەڵ کە بە ئامانجی فەوتاندنی بەئەنقەستی نەتەوەیەک ڕوودەدات جیاوازە بەڵام لە واقیعدا ناکرێ ئەم دوانە لێک جیا بکرێنەوە. بۆ وێنە پاکسازی و دابێژانی ئەتنیکی لە لایەن سیربەکان و کرۆواتەکان لەنێوان ساڵەکانی (1992 تا 1996). یان دەرکردنی زۆرەملێی کوردی کەرکووک لە لایەن ڕژێمی سەدام حوسێن بۆ شارە عەرەب نشینەکان و هاوردنی عەرەبان بۆ ئەم شارە بەمەبەستی تێکدانی دیمۆگرافی شارەکە. پاڵاوتنی ئەتنیکی، یەکێکە لە شێوازەکانی شەڕی پاش مودێرن کە تێیدا ناتەبایی نێوان دەوڵەتەکان، جێی خۆی دەدا بە دژبەریی نێوان هێزی میلیشیایی و گرووپی ئەتنیکی. بە گوتەی «ڕابێرت کاپلان»، شەڕی پاش مودێرن و پاڵاوتنی ئەتنیکی و جینۆساید، بەرهەمی دیاردەی دەوڵەت ــ نەتەوە دۆڕاوەکانی دوای شەڕی ساردە. ئەو دەوڵەت ـــ نەتەوانەی کە بە چاوی خۆیان لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی و بە هەرێمکردنی عەشیرەیی ناوچەکان و پەیابوونی لە ڕادەبەدەری نەخۆشی و پەرەسەندنی شەڕیان دیوە.
پەرلەمانی ئەورووپا
ئەنجومەنی پەرلەمانی«کۆمەڵگەی ئەورووپا» کە بە سەر«لیژنەی وزەی ئۆتۆمی ئەورووپا» و«لیژنەی خەڵووزی بەرد و پۆڵای ئەورووپا» و کۆمەڵی ئابووری ئەورووپا، یان «بازاری هاوبەش» چاودێری دەکات. ئەم پەرلەمانە لە ساڵی 1958 لە شاری ستراسبورگی فەرەنسە دامەزرا و نووسینگەی هەمیشەییەکەشی لوکزامبۆرکە. ناوی پەرلەمانەکە تاساڵی 1962، کۆنگرەی ئەورووپا بووە. 198 ئەندامی هەیە کە لە لایەن پەرلەمانی وەڵاتانی ئەندام، ناوزەد دەکرێن. فەرەنسە، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، هەرکامیان، 36 نوێنەریان هەیە. بەلجیکا و نەمسا، هەرکام 14 نوێنەر و دانیمارک و ئیرلەندا، 10 نوێنەر و لوکزامبۆرک 6 نوێنەر. پەرلەمان بۆ هەموو بابەتێکی گرینگ، ڕاوێژی پێدەکرێ و ئەتوانێ کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی و ئەنجومەنی وەزیران، بخاتە ژێر پرسیارەوە.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
پەیمانی بەرگرتن لە تاقیکاری ئەتۆمی
پەیمانێک کە لەنێوان بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ژووئییەی 1963 لە مۆسکۆ واژۆ کرا. بەپێی بەندی 1ی پەیمانەکە:
1) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە ئیمزا دەکات، دەبێ خۆ بپارێزێت لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر چەشنە تەقاندنەوەیەکی ناوەکی لە هەر شوێنێکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا لە ئاسمان و زەوی.
2) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە واژۆ دەکات، بۆی نییە ئاسانکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی یان لەم کارەدا بەشداری بکات یا ببێتە هاندەر بۆ ئەم مەبەستە.
بەپێی بەندی 3، ئیمزاکردنی ئەم پەیمانە بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئازادە. تا ساڵی 1965 نزیکەی 100 وەڵات پەیمانەکەیان مۆرکرد بەڵام وەڵاتانی چین و فەرەنسە لە مۆرکردنی ئەم پەیمانە خۆیان پاراست. لە 24/9/1996 لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، پێنج زلهێزی ئەتۆمی جیهان واتە ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، چین و فەرەنسە پەیمانەکەیان مۆر کرد. بەڵام ئەم پەیمانە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن 44 وەڵات کە توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەیە بە ئیمزا نەگات، بە شێوەیەکی جددی پیادە ناکرێت.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە ساڵی 1995، ناوی خۆی بە ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا گۆڕی. بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە: بەرزڕاگرتنی بایەخە هاوبەشەکان، یەکدەنگی و هاوئاهەنگکردنی باس و گفتوگۆکان لەمەڕ ئاسایشی ئەورووپا، چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵی چەک، هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ناوچەیی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.